بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 گرنگى شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ
13/08/2019
بینین: 18

چوارەم : لەڕووی کارو چالاکى ئیسلامییەوە :
شتێکى ڕوون و ئاشکرایە لە هەموو ژیانماندا پێویستمان بە سەر مەشق و کەسێک هەیە کە مامۆستاو چاوساغمان بێ ، لەهەموو لایەنەکانى ژیانماندا، بە تایبەت کەسانێک کە بیانەوێت کۆمەڵگاو خەڵکى خۆیان بگۆڕن بە شێوەیەک کە خوا پێی خۆشە ، ئەوانە لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە کە سەرمەشقێکى باشیان هەبێت، چونکە ئەگەر تۆ بە تەنیا لە دیندارى تاکیدا تووشى هەڵیەک بیت بە تەنیاش باجەکەى دەدەیت ، بەڵام ئەگەر لە ڕیزى کۆمەڵێکدا بیت، هەموو کۆمەڵەکە باجەکەى دەدەن ، جا ئێمە بە ئەندازەى ئەوەى کە لە ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ شارەزاو سەرڕاست دەبین و سوودى لێ دەبینین ، بەو ئەندازەیەش خواى گەورە یارمەتیمان دەدات کەلە تەرازووى شەرعدا لاى خواى پەروەردگار مەقبول و پەسەند بین، ئینجا شتێکى بەڵگە نەویستە  – وەک دوایی بەدرێژى باسى دەکەین – کە پێغەمبەر ﷺ لەهەموو قۆناغەکانى ژیانیدا بەپێی وەحى بەڕێوە چووەو هەنگاوێکى نەناوە تاوەکو بەرپێی خۆى نەبینێ و ، لەبەر ڕۆشنایی وەحیدا هەنگاوى ناوەو هەڵوێستى دەربڕیوە ، جارى وا بووە پرسیارى لێکراوە فەرمویەتى نازانم ، ویستویەتى بزانێ خواى پەروەردگار لەو بارەیەوە چى دەفەرموێ، جارى واش هەیە لەبەر ڕۆشنایی وەحیدا ئیجتیهادێکى کردووە، بەڵام ئەگەر هەڵەى کردبێ خواى پەروەردگار بۆی ڕاست کردۆتەوە ، ئەوە لە کاتێکدا پێی وابووە کە ئەو ئایەتە دەلالەت لەسەر ئەو شتە دەکات، بەڵام ئەگەر دەق (نص) ێکى لەبەردەستدا نەبوبێ کە ئیجتیهادى لەبەر ڕۆشناییدا بکات ، ئیجتیهادیشى نەکردوەو ڕاوەستاوە تا خواى کاربەجێ ئایەتى بۆ ناردۆتە خوار .
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە با سەرنجى ئەم ئایەتە بدەین ، خواى پەروەردگار دەفەرموێ :{ اِتَّبِعْ مَا أُوحِيَ إِلَيْك مِنْ رَبِّك لَا إِلَه إِلَّا هُوَ وَأَعْرِضْ عَنْ الْمُشْرِكِينَ (١٠٦) } الأنعام ، واتە : شوێن ئەوە بکەوە کە لەپەروەردگارتەوە بۆت هاتووە ، بێجگە لەو پەرستراوێکى دیکە نیە ، وە پشت لە هاوبەشدانەران بکە .
هەروەها دەفەرموێ : { وَاتَّبِعْ مَا يُوحَىٰ إِلَيْكَ وَاصْبِرْ حَتَّىٰ يَحْكُمَ اللَّهُ ۚ وَهُوَ خَيْرُ الْحَاكِمِينَ (١٠٩)}  یونس ، واتە: شوێن ئەوە بکەوە کە لەمەودوا بۆت ڕەوانە دەکرێت ، وە خۆڕاگربە تاکو خوا حوکم دەکات ، بێگومان خوا چاکترین فەرمانڕەوایە – وچاکترین دادوەرە - .
هەروەها دەفەرموێ : { قُلْ مَا كُنتُ بِدْعًا مِّنَ الرُّسُلِ وَمَا أَدْرِي مَا يُفْعَلُ بِي وَلَا بِكُمْ ۖ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَىٰ إِلَيَّ وَمَا أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ مُّبِينٌ (٩)}  الأحقاف، واتە : ئەى (محمد) ﷺ بە موشریکەکان بڵێ : من لە نێو پێغەمبەرانى خوا – علیهم الصلاة والسلام -  شتێکى داهێنراو نیم ، وە من ناشزانم کە من وئێوە چیمان پێ دەکرێت ، دیارە بۆیە خواى پەروەردگار بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ وا بفەرموو، بۆ ئەوەى کە موشریکەکانیش بزانن کە پێغەمبەر ﷺ قورئان لە خۆیەوە ناڵێ ، بەڵکو ناشزانێت کە خواى پەروەردگار ئەمڕۆ ، یان سبەى چى پێ دەفەرموێ و چ شتێکى بۆ حەڵاڵ و چیشى لێ حەڕام دەکات !
ئینجا دەفەرموێ : { وَمَا أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ مُّبِينٌ } ، واتە : من جگە لە ئاگادار کەرەوەو ترسێنەرێکى ئاشکرا ، هیچى دیکە نیم .
کەواتە : ئێمە ئەگەر بمانەوێت چاک بەدواى ئەو وەحییە بکەوین کە بۆ پێغەمبەر ﷺ هاتووە ، دەبێ شوێن پێی ئەو هەڵگرین ، کە قۆناغ بەقۆناغ جێ بەجێ ی کردووە ، چونکە وەحی بەیەکجار نەهاتۆتە خوار ، ئەوەتا موشریکەکان لەو بارەوە ڕەخنەیان گرتوە : { وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا نُزِّلَ عَلَيْهِ الْقُرْآنُ جُمْلَةً وَاحِدَةً ۚ ...(٣٢) } الفرقان ، واتە : ئەوانەى بێ بڕوان گوتیان بۆچى قورئان بەیەک جار بۆی نایەتە خوار ؟!
خواى پەروەردگاریش بەم جۆرە وەڵام دەداتەوەو ، دەفەرموێ : { ... كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ ۖ وَرَتَّلْنَاهُ تَرْتِيلًا (٣٢)  } الفرقان ، واتە : ئاوا بۆئەوەى لە دڵ و عەقڵتدا بیچەسپێنین و ، پێ بە پێ بۆت دەخوێنینەوە ، چونکە قورئان بەرنامەى ژیانە ، بۆیە پێویستە جێ بەجێ بکرێ و بۆ ئەوە نەهاتووە ، کە هەر بخوێندرێتەوەو بەس ، بۆیە دەبێت قۆناغ بەقۆناغ بێت ، جا ئێمە لە کارو چالاکى ئیسلامییدا بە ئەندازەى ئەوەى ، کە شارەزاى ژیانى پێغەمبەر ﷺ دەبین ، بە ئەندازەى ئەوە سەر ڕاست دەبین و دەزانین ئەو قۆناغەى ، کە هاتۆتە پێشمان چ قۆناغێکە ، بەبەراورد کردن لەگەڵ قۆناغەکانى ژیانى پێغەمبەردا ﷺ و ، ئەو چ هەڵوێستێکى تێدا وەرگرتوە، ئێمەش ئەو هەڵوێستەى تێدا وەربگرین ، ئەو چۆن و کەى ئایەتەکانى بەچ شێوەیەک جێ بەجێ کردوەو لێکداوەتەوە ، ئێمەش بە هەمان شێوە ، کە بێگومان ئەوەش بەبێ شارەزایی لەبەسەرهات و هەڵوێستەکان و قۆناغەکانى ژیانى پێغەمبەر ﷺ مەیسەر نابێ .
جا داواکارم لە خواى پەروەردگار لەو کەسانەمان بگێڕێ ، کە زیاتر شارەزاى ژیانى پێغەمبەر ﷺ دەبن و ، چاکتر شوێن پێیەکانى هەڵدەگرن ، بەو جۆرەش بژین ، کە پێغەمبەر ﷺ پێی ژیاوە ، بەوشێوەیە بەڕێوە بچین ، کە ڕووسوورى دنیاو دواڕۆژ بین .
_____________________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  /  (٤٠ - ٤٣)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه