بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 مانــــــــــــــــاى وەحـــــــــــــــى :
22/08/2019
بینین: 54

ووشەى (وحي) لە بەکارهێنانى قورئان دا سێ ماناى هەن : 
١)واتایەکى گشتى :  کە بریتیە ل ئاراستە کردن و مشوور لێخواردن و ئاماژە کردن و قسەى پەنهان ، ئەگەر تەماشاى ئەو ئایەتانەى خوارەوە بکەین ، ئەو مانا گشتییەى (وحي) زۆر چاک دەدرەوشێتەوە : خواى پەروەردگار دەفەرموێ { وَأَوْحَى رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ أَنِ اتَّخِذِي مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا وَمِنَ الشَّجَرِ وَمِمَّا يَعْرِشُونَ (68) ثُمَّ كُلِي مِنْ كُلِّ الثَّمَرَاتِ فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلًا ...(69)} النحل ، واتە : وە پەروەردگارت (وحي)بۆ هەنگ نارد، کە لە شاخ ماڵ دروست بکەو ، لە دارو درەخت و ، لەو کەپرو ساباتەى خەڵک دروستى دەکەن ، پاشان لە هەموو بەرو میوەکان بخۆو ڕێگایەکانى پەروەردگارت بگرە ، زۆر بە گەردن کەچیى، دەبینین خواى پەروەردگار ووشەى (وحي) بۆ هەنگ بەکار هێناوە ، ، کەبە تەئکید لێرەدا مەبەست پێی ڕێنمایی کردنى (غەریزیی) هەنگە لە لایەن خواى پەروەردگارەوە .
هەروەها لە سووڕەتى (مریم)دا دەربارەەى پێغەمبەر (زەکەرییا) ، لە کاتێکدا کە خواى پەروەردگار موژدەى (یحی)ى کوڕى پێ دەدەات – سەلامى خوایان لێ بێ – کە هەم زەکەرییا بۆ خۆى کەوتبوە تەمەنەوەو ، هەم خێزانەکەشى بەتەمەن و نەزۆک بوو، ئاوا دەفەرموێ : { فَخَرَجَ عَلَىٰ قَوْمِهِ مِنَ الْمِحْرَابِ فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ أَنْ سَبِّحُوا بُكْرَةً وَعَشِيًّا ﴿١١﴾ } مریم ، واتە : زەکەرییا لە (محراب)(١)ەکەى چووە دەرێ بۆ لاى عەشیرەت و هۆزەکەى وە ئاماژەى بۆ کرد کە خوا بەپاک بگرن بەیانیان و ئێواران ، لێرەدا هەموو زانایان لەسەر ئەوە یەک دەنگن کە : { فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ } ، واتە : (فأشار إلیهم) ، کەواتە : لێرەدا (وحي) بەماناى ئیشارەتە ، جا لەکاتێکدا خواى پەروەردگار لەو تەمەنەى زەکەرییادا منداڵێکى پێ بەخشى زۆرى پێ سەیر بوو، بۆیە داواى بەڵگەى نیشانەیەکى لە خواى پەروەردگار کرد ، خواى پەروەردگاریش پێی فەرموو : {... قَالَ آيَتُكَ أَلَّا تُكَلِّمَ النَّاسَ ثَلَاثَ لَيَالٍ سَوِيًّا } مریم ، واتە : نیشانەت ئەوەیە کە سێ شەوو ڕۆژان قسەت بۆ ناکرێ ، بۆیەش بە ئیشارەت پییان دەڵێ: پەروەردگارتان بە پاک بگرن بەیانیان و ئێواران ، چونکە پەروەردگار موعجیزەیەکى ئاوا گەورە دەخوڵقێنێ، کە لە پیاوێکى پیرەمێردو پیرێژنێکى نەزۆک کوڕێک پەیدا دەبێت !!
هەروەها لە سووڕەتى (الأنعام) ئایەتى (١١٢)دا خواى پەروەردگار دەربارەى (شیاطین)(٢) دەفەرموێ :{...  شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَىٰ بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا ... } ، واتە : شەیتانەکانى ئادەمیزاد و جنۆکە هەندێکیان (وحي)بۆ هەندێکیان دەکەن ، بە قسەى زریق و بریق و فریودەرانە ، لێرەدا (وحي) یانى : (یوسوسُ) بەو مانایە کە وەسوەسە دەکەن بۆ یەکتر و دنەى یەکتر دەدەن ، وەسوەسەش لە ئەسڵدا بە دەنگى خشڵ دەگوترێ (صوت الحُلِيِّ) ، چونکە خشڵ ، کە دەنگى لێ دێ دەنگەکەى کپە، وەسوەسەش دەنگێکى کپى شەیتانە دەیخاتە دڵی ئەو کەسەوە ، کە بیەوێت فریوى بدات ، ئەوە ماناى یەکەمى ووشەى (وحي) بوو .
٢)  واتایــــــــــــەکى تایبــــــــــەتى : کە بریتیە لە ئاڕاستە کردنى خواو ڕێنمایی کردنى بۆ فریشتەکانى و بەندە چاکەکانى غەیرى پێغەمبەران –علیهم الصلاة و السلام-، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { إِذْ يُوحِي رَبُّكَ إِلَى الْمَلَائِكَةِ أَنِّي مَعَكُمْ فَثَبِّتُوا الَّذِينَ آمَنُوا... (12)} الأنفال ، واتە : کاتێک پەروەردگارت (وحي) دەکرد بۆ فریشتەکانى کە من لەگەڵتانم ئێوەش دڵی ئیمانداران دامەزراو بکەن .  
هەروەها خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ أُمِّ مُوسَىٰ أَنْ أَرْضِعِيهِ ۖ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِوَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿٧﴾ } القصص ، واتە : ئێمە وەحییمان کرد بۆ دایکى مووسا کە شیر بدە بە کۆرپەکەت ، وە کاتێک کە لێی ترساى بیکوژن بیخە تابوتێکەوە و بیخە نێو ڕووبار، وە هیچ مەترسێ و دڵ تەنگ مەبە ، ئێمە بۆ لاى تۆى دەگێڕینەوە و دەیکەین بە یەکێک لە ڕەوانەکراوانمان .
لێرەدا مەبەست لە (وحي) خواى پەروەردگار بۆ دایکى مووسا – علیهما السلام- خورپە (إلهام)ە ، کە ڕێنمایی کردنێکى پەنهانە و لە زاراوەى شەرعدا پێی دەگوترێ : (إلهام) کەمەبەست خستنە نێو دڵە .
٣) واتایــــــەکى تایبەتى تایبەت : ماناى سێیەمى (وحي) بریتیە لە فەرمایشت کردن و ڕێڕوونى کردن و ئاراستە کردنى خواى پەروەردگار بۆ پێغەمبەرانى –علیهم الصلاة و السلام-  چ بە شێوەى ڕاستەوخۆ لە پشتى پەردەوە ، چ بە شێوەى ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەى فریشتەوە ، ئەو ئایەتانەش ماناى سێیەمى وەحییمان بۆ ڕوون دەکەنەوە ، خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { كَذَٰلِكَ يُوحِي إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ اللَّهُ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ ﴿٣﴾} الشورى ، واتە : ئاوا بەو شێوەیە ئەى (محمد) ﷺ خواى باڵا دەستى کاربەجێ وەحى بۆ تۆ دەنێرێ ، وە بۆ ئەوانەى پێش تۆش وەحى ناردوە (کە پێغەمبەرانن –علیهم الصلاة و السلام-) کەواتە : لێرەدا ماناى سێیەمى وەحیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ، ئەویش بریتیە لە قسە کردن و فەرمایشت کردنى خواى پەروەردگار لەگەڵ پێغەمبەرانیدا –علیهم الصلاة و السلام- چ لە پشتى پەردەوە ، وەک لەگەڵ مووسا کردى ، وە لەگەڵ پێغەمبەرى خۆشمان لە شەوى ئیسڕاو میعراجدا ، وە چ لە ڕێی فریشتەوە ، کە ئەوە ڕێگەى گشتى وەحییە بۆ پێغەمبەران –علیهم الصلاة و السلام- ، هەروەها خواى پەروەردگار هەر لەو بارەوە دەفەرموێ : { إِنَّا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ كَمَا أَوْحَيْنَا إِلَىٰ نُوحٍ وَالنَّبِيِّينَ مِنْ بَعْدِهِ ۚ ...(163)} النساء ، واتە: ئەى (محمد) ﷺ ئێمە وەحییمان بۆ لاى تۆ کردووە ، هەر وەک وەحیمان بۆ لاى نوح و پێغەمبەرانى دواى ئەویش ناردوە –علیهم الصلاة و السلام-، هەروەها فەرموویەتى  { يُنَزِّلُ الْمَلَائِكَةَ بِالرُّوحِ مِنْ أَمْرِهِ عَلَىٰ مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ ... (2) } النحل ، واتە : فریشتەکان بە ڕووحێک لە ئایینى خۆى لەلایەن خۆیەوە دەنێرێتە خوارەوە بۆ سەر هەرکام لە بەندەکانى کە بیەوێ ، لێرەدا ووشەى (الروح) بە ماناى (وحي)یە ، چونکە وەک چۆن ئینسان بە ڕوح دەژێ و زیندووە ، ژیانى بەشەریەتیش ئاوا بەهۆى (وحي)یەوە ژیانى لەبەر دەبێ و زیندوو دەبێ .
دیارە لە کاتێکدا کە خەڵک ووشەى (وحي) بەکار دەهێنێ زیاتر مەبەستیان پێ ماناى سێیەمیەتى ، وە هێندێکیان وادەزانن ، کە (وحي) تەنیا ئەو ماناى سێیەمەى هەیە ، کە ئەویش بریتیە لە فەرمایشت کردنى خوا لەگەڵ پێغەمبەراندا –علیهم الصلاة و السلام- ، وە ڕاسپاردنى بەرنامەو پەیامى خۆى بۆ لایان بەهۆى فریشتەکانەوە ، لە کاتێکدا کە ئەوە یەکێکە لە ماناکانى (وحي)و ئەو دوو مانایەى دیکەش هەن ، کەواتە : دەتوانین بڵێین (وحي)سێ ماناى هەیە : گشتى و تایبەتى و تایبەتى تایبەت . 
دابەزینى وەحى لە چ ڕۆژ و مانگێک دا بووە ؟ 
لێرەدا مەبەستمان لەیەکەم جارى هاتنى (وحي)یە کە بۆ پێغەمبەرى خوا ﷺ دابەزیوە ، ئایا بۆ یەکەم جار لە چ ساڵ و مانگ و شەوێکدا بووە ؟
بۆ دەستکەوتنى وەڵامى ئەو پرسیارە با سەرنجى ئەم خاڵانە بدەین :
یەک :   سەرەتاى هاتنى وەحی و دابەزینى قورئان لە مانگى ڕەمەزان و شەوى قەدردا بووە ، وەک خواى زانان لەم ئایەتانەدا بە ڕاشکاویی ئاماژەى پێ دەکات ، کە دەفەرموێ : { شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ ... (185)} البقرة، واتە : مانگى ڕەمەزانێک کە قورئانى تێدا هاتۆتە خوار ، کەواتە : بە تەئکید سەرتاى هاتن و دابەزینى قورئان لە مانگى ڕەمەزاندا بووە ، هەروەها دەفەرموێ : { إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُبَارَكَةٍ إِنَّا كُنَّا مُنْذِرِينَ (3)} الدخان ، واتە : (ئێمە قورئانمان بۆ یەکەم جار ناردۆتە خوار لە شەوێکى پڕ پیت و پێزدا ، ئێمە ووریا کەرەوەو ئێمە ووریا کەرەوەو ترسێنەرین ) ، کە مەبەست  لەو شەوە شەوى (قدر) ە ، وەک دەفەرموێ : { إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ (1) } القدر ، واتە واتە : ئێمە لەشەوى (قدر)(٣) دا قورئانمان ناردۆتە خوار .
دوو :  شەوى (قدر) یە کێکە لە (دە) شەوەکانى کۆتایی مانگى ڕەمەزان ، کە فەرمایشتى پێغەمبەر ﷺ  لەو بارەوە زۆرن و یەکێکیان ئەم فەرموودەیەیە : {عن عائيشة رضي الله عنها أن رسول الله ﷺ قال: تحرّوا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان } رواه البخاري(٤)، واتە لە شەوە تاکەکانى کۆتایی مانگى ڕەمەزاندا لە شەوى (لیلة القدر) بگەڕێن ، کەواتە : بە تەئکید (شەوى قەدر ) لە شەوە تاکەکانى دە شەوى کۆتایی مانگى ڕەمەزاندایە . 
سێ : پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى : کە لە ڕۆژى دوو شەممەدا لە دایک بووەو هەر لە ڕۆژى دوو شەممەشدا بۆ یەکەم جار وەحى بۆ هاتووە ، وەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە : { عن أبي قتادة رضي الله عنه : أن رسول الله ﷺ سئل عن صوم يوم الإثنين ، فقال : يوم ولدت فيه و يوم بعثت و فيه ، أو أُنزل عليَّ فيه} (5) رواه مسلم ، واتە : پرسیار لە پێغەمبەر ﷺ کرا دەربارەى بەڕۆژوو بوونى ڕۆژى دوو شەممە ، ئەویش فەرمووی : ئەوە ڕۆژێکە تێیدا لە دایک بووم و وە تێیدا ڕەوانە کرام یان وەحییم بۆ هاتۆتە خوار ، (بۆ یەکەم جار ، ئەگەر نا وەحی لە هەموو ڕۆژەکانى دیکەى ساڵیشدا هاتۆتە خوار ) .
چوار : بە پێی حسیاباتى فەلەکیی ، دووشەممەکانى مانگى ڕەمەزانى (٤١)ەمین ساڵەى تەمەنى پێغەمبەر ﷺ بریتین لە ڕۆژانى : (٧ ، ١٤ ، ٢١ ، ٢٨ )(6). جا بەلەبەر چاو گرتنى ئەو چوار خاڵەى ، کە ڕابردن ، ناچاریین بڵێین : 
شەوى (٢١)ى مانگى ڕەمەزانى (٤١)مین ساڵەى تەمەنى پێغەمبەر ﷺ ، کە شەوى دوو شەممە بووە ، یەکەمین شەوى دابەزینى سەرەتاى وەحى خوا (عزّ و جلّ) بووە بۆ سەر (محمد) ﷺ ، چونکە :
١)وەک گوتمان مسۆگەر سەرەتاى دابەزینى وەحى لە یەکێک لە شەوە بە پێزەکانى مانگى ڕەمەزانى ساڵى یەکەمى پێغەمبەرایەتى (محمد)دا بووە، وەک هەر کام لە ئایەتى (١٨٥) ى (البقرة)و ئایەتى (٣)ى (الدخان) و سوڕەتى (القدر) بە ڕاشکاوى ڕایگەیاندووە .
٢) وە ئەو شەوەش بە تەئکید یەکێکە لە شەوە تاکەکانى (١٠) شەوى کۆتایی مانگى ڕەمەزان ، وەک فەرموودەى پێغەمبەر ﷺ : { تحرّوا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان } دەیگەیەنێ .
٣) وە ئەو شەوە تاکەش بریتیە لە شەوى دوو شەممەى (٢١)ى مانگى ڕەمەزان ، چونکە بەپێی ئەو فەرموودەیەى (أبو قتادة) گێڕاویەتیەوە پێغەمبەر ﷺ لەشەوى دوو شەممەدا وەحى بۆ دابەزێنراوەو دووشەممەکانى (٧ ، ١٤)ى ئەو ڕەمەزانەش ، چونکە ناکەونە دە شەوى کۆتایی و دوو شەممەى (٢٨)یش ، چونکە لە شەوە تاکەکان نیە ، هیچ کامیان ناگونجآ ئەو شەوە دیاریکراوە بن ، کەواتە : ئەو شەوە موبارەکە بە تەئکید شەوى دوو شەممەى (٢١)ى مانگى ڕەمەزانە .
__________________________
1)المحراب:واتە  پەرستگاو ئەو شوێنەى کە خوا پەرستى تێدا دەکرێت .
٢) شیاطین : کۆى (شیطان)ە ، وە لەبەکار هێنانى قورئاندا بۆ هەر کەسێک بەکاردێ ، کە لەخوا دوور بێ .
٣) القدر : دوو ماناى هەن ، یان بە مانى پیت و فەڕ دێت ، یان بە ماناى ئەندازە گیرى دێت ، کە دیارە ئەو شەوە هەم شەوێکى بە پیت و فەڕەو هەم شەوێکیشە کە ئەندازە گیرى هەموو کارەکانى ئەو ساڵەى تێدا دەکرێت .
٤) صحيح البخاري : (2017) .
٥) صحیح مسلم : (٢٧٣٩) .
٦) بڕوانە : (الرحیق المختوم) ، لاپەڕە : (١٥) ، صفي  الرحمن مبار كفوري .
______________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (89-96)

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه