بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 شەشەم: کارکردنی پێغەمبەرﷺ لە شوانی
27/08/2019
بینین: 456


ئەبو تالیب دەست کورت بوو، بۆیە وەکو یارمەتییەك پێغەمبەرﷺ هەڵدەسا بە کاری شوانی، هەر خۆیشی باسی خۆی و برا پێغەمبەرەکانی کردووە، کە ئەوانیش شوانییان کردووە، بەڵام خۆی مەڕی دەلەوەڕان بۆ خەڵکی مەککە، کە هێشتا لاوبوو، کرێشی وەردەگرت بەرامبەر کارەکەی، لە فەرموودەیەکی صه حیح دا هاتووەکە پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی:(( ما بعث الله نبیاً ٳلا رعی الغنم)) واتە: خوای گەورە هیچ پێغەمبەرێکی ڕەوانە نەکردووە شوانی نەکردبێت، هاوەڵەکانی فەرموویان تۆیش، فەرمووی:((نعم كنت ٲرعاها علی قراریط لٲهل مكة)) واتە: بەڵێ من شوانیم دەکرد بەرامبەر چەند درهەمێك بۆ خەڵکی مەککە.
لەوەڕاندنی مەڕو ماڵات سوکنایەکی بۆ پێغەمبەرﷺ دەستەبەر دەکرد، کە دەروونە بێگەردەکەی پێویستی پێبوو، هەروەها بوواری بو دەڕەخساند، کە ڕابوێرێت بە جوانی بیابان و نواڕین بۆ دیاردەکانی مەزنی لە دروستکراوەکانی خوای مەزن، هەروەها ڕێگای بۆ هەموار دەکرد لە کپی شەوو، سێبەرەکانی مانگ و شنەی دەمەو بەیان، کە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چەندین جۆر لە پەروەردەی دەروونی، وەکو ئارام گرتن و لە سەر خۆیی و بەزەیی و چاودێرکردنی لاواز تاکو بەهێز دەبێت و، بەسەرکردنەوەی ڕێگاکانی چاکەو خۆپاراستن لە خۆتیابردن و جێگاکانی مەترسی و جۆرەکانی بەڕێوەبردنی ئەو ئاژەڵە لاوازە.
چاودێری کردنی پێغەمبەرﷺ بۆ ئەو مەڕانە، ئەو فەرموودانەمان بە یاد دەهێنێتەوە، کە ئاڕاستەی موسڵمانان دەکات چاکە بکەن لەگەڵ ئاژەڵ، بۆیە شوانیکردن بۆ پێغەمبەرﷺ ڕاهێنانێکی چاك بوو لەسەر بەڕێوەبردنی ئوممەتێك.

هەروەها شوانی چەند خەسڵەتێکی پەروەردەیی بۆ خاوەنەکەی هەمواردەکات:
۱- ئارامگرتن لە سەر شوانی هەر لە هەڵاتنی خۆر تاکو ئاوابوونی، بە بۆنەی خاوی مەڕ لەوەڕێنیدا، بۆیە شوانەکە پێویستە خۆی بڕازێنێتەوە بە ئارم و خۆڕاگرتن، بە هەمان شێوە پەروەردەکردنی مرۆڤیش.
لە ڕاستیدا شوان لە تەلارێکدا ناژیت، یان لە نازو نیعەمەتێکدا، بەڵکو لە کەش و هەوایەکی گەرم و سەخت، بە تایبەتی لە دوورگەی عەرەب، پێویستی بە ئاوی زۆر هەیە بۆ ئەوەی تینوێتی خۆی پێ بشکێنێ، ئینجا لە خواردنی زبرو ژیانی وشك زیاتر نابینێت، بۆیە پێویستە لە سەری خۆی ڕابهێنێ لەگەڵ ئەو بارو دۆخە سەختەداو ئارامیش بگرێت لە سەری.

۲-بێ فیزی: سروشتی کاری شوان خزمەتکردنی مەڕەکانیەتی، لە سەر پەرشتی زاوزێیان و پاسەوانیکردنیان و خەوتن بە تەنیشتیانەوە، جاری واش هەیە پرشی میزەکەیان دەیگرێتەوە، یان پشقلەکەیان، ئەوەش قەڵسی ناکات، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، لەو کارەدا، دەروونی بەتەواوی دووردەکەوێتەوە لەخۆ بەزلزانین و فیز، ئینجا ڕەوشتی بێ فیزی تیا دەچەسپێ.
لە صەحیحی موسلیمدا هاتووە، کە پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی: ((لا یدخل الجنة من كان في قلبه مثقال ذرة من كبر)) واتە: کەسێك ئەوەندەی گەردیلە خۆڵێك فیزی هەبێت ناچێتە بەهەشتەوە، پیاوێك وتی: باشە کەسی وا هەیە حەزدەکات جلەکەی جوان بێت، نەعلەکەی جوان بێت، فەرمووی: ((ٳن الله جمیل یحب الجمال، الكبر بطر الحق و غمط الناس)) واتە: خوای گەورە جوانە جوانیشی خۆش دەوێت، فیز ئەوەیە لە هەق لادەیت و چاکەی کەس لە بەر چاوت نەبێت.

۳- ئازایی: سروشتی کاری شوان پێکدادانە لەگەڵ دڕندەی پەلاماردەردا، بۆیە پێویستە ئازاییەکی زۆری تیادا بێت، تاکو بتوانێت ئەو دڕندانە لە ناو ببات، کە دەیانەوێت مەڕەکانی بخۆن.

٤- بەزەیی و سۆز: شوان بە پێی کارەکەی هەڵدەستێت بە یارمەتی مەڕەکان، کە نەخۆش دەکەوتن، یان جێگایەکیان دەشکێت، حاڵەتی نەخۆشی و ئازاریش وا لەو شوانە دەکات بەزەیی بجوڵێت بۆ ئەو ئاژەڵەو، چارەسەری بکات و لە ئازارەکانی کەم بکاتەوە، ئەو کەسەش، کە بەزەی بە ئاژەڵ بێتەوە، بەزەی بە مرۆڤدا زیاتر دێتەوە، بە تایبەت ئەگەر پێغەمبەرێك بێت خوای گەورە ڕەوانەی کردبێت بۆ فێرکردنی مرۆڤ و ڕێگە پیشاندانی و قوتارکردنی لە ئاگرو بەختەوەرکردنی لە دونیاو دواڕۆژ.

٥- دەستکەوتن لە ئارەقی نێوچاوان: خوای گەورە دەیتوانی پێغەمبەرەکەی ﷺ بەدوور بگرێت لە شوانی، بەڵام ئەوە پەروەردەبوونیك بوو بۆ خۆی و نەتەوەکەی، کە لە دەستکەوتی خۆیان و ئارەقی نێو چاوانیان بژین، شوانیش جۆرێکە لە جۆرەکانی دەستکەوت.
پێشەوا بوخاری لە میقدادەوە دەگێڕێتەوە، کە پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی: ((ما ٲكل ٲحدُ طعاماً خیراً من ٲنه یٲكل من عمل یده، وٲن نبي الله داود كان یٲكل من عمل یده)) واتە: کەس خواردنێکی نەخواردووە، چاکتر لەوەی بەدەستی خۆی دەریدەهێنێ پێغەمبەری خوا داودیش لە داهاتی دەستی خۆی دەیخوارد.
بێگومان پشت بەستن بە داهاتی حەڵاڵ ئازادییەکی تەواو دەبەخشێت بە مرۆڤ، هەروەها توانایشی دەبێت، کە قسەی ڕاست و ڕەوا لە جێگای خۆی بکات.
چەندین کەسیش سەری خۆیان شۆڕ دەکەن بۆ زۆرداران و بێدەنگ دەبن لە ئاستی ناڕەواییان، لە ترسی کارو پلەو پایەیان لای ئەوان.
لە ڕاستیدا  هەڵسانی پێغەمبەرﷺ بەکاری شوانی بەمەبەستی بەدەستهێنانی ڕۆزی و بژێوی، ئاماژە دەکات بۆ هەندێ هێمای گرنگ لە کەسایەتی پیرۆزی ئەو، لە وانە چەشتنی بەرزو هەستی ورد، کە خوای گەورە پێغەمبەرەکەی پێ ڕازاندەوە.
خۆ ئەبو تالیبی مامی زۆر بەباشی بایەخی پێدەدا، هەروەکو باوکیش سۆزی بۆی هەبوو و خۆشی دەویست، بەڵام هەرکە هەستی کرد توانای ئەوەی هەیە کاسبی بکات دەستی دایە کارکردن، خۆی ماندوو دەکرد بۆ یارمەتی دانی مامەی بۆ دابین کردنی ئازووقەو خەرجی، ئەمەش بێگومان ئاماژە دەکات بۆ جوامێری لە کەسایەتی و ، چاکە لە مامەڵەو، هەوڵدان و نەوەستان، ئاماژەیەکی تریش پەیوەندی هەیە بە بەڕووخستنی جۆری ئەو ژیانەی خوای گەورە بە باشی دەزانێت بۆ پیاوچاکان لە دونیادا، ئاسان بوو لە لای خوای گەورە هەموو هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی بڕەخسێنێ بۆ پێغەمبەرەکەی، بە شێوەیەك ئیتر پێویستی بەکارکردن هەر نەبێت، نە خوازەڵا شوانی بکات.
بەڵام دانایی خوای گەورە ویستی ئەوە بزانین، کە باشترین ماڵ ئەوەیە، ئادەمیزاد بەدەستی خۆی دەریبهێنێ، بەرامبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی دەکات بۆ کۆمەڵ و هاوڕەگەزەکانی.
حەوتەم: پاراستنی خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەکەی پێش ئەوەی بیکات بە پێغەمبەر.

خوای گەورە پارێزگاری کرد لە پێغەمبەرەکەی، کە بکەوێتە نێو هاوتا بۆ خوا بڕیاردانی نەفامی و بتپەرستی، پێشەوا ئەحمەد لە موسنەدەکەی دەگێڕێتەوە لە هیشامی کوڕی عوروە لە باوکی یەوە دەگێڕێتەوە وتوویەتی: دراوسێیەکی خەدیجە بۆی گێڕامەوە، کە گوێی لێبووە پێغەمبەر
ﷺ بە خەدیجەی فەرموو: ((ٲي خدیجه والله لا ٲعبد اللات والله لا ٲعبد العزی)) واتە: ئەی خەدیجە سوێند بە خوا لات ناپەرستم، سوێند بە خوا عوززا ناپەرستم، ئینجا پێغەمبەرﷺ لەو سەر بڕاوانەی نەدەخوارد کە بتپەرستان لە سەر بتەکانیان سەریان دەبڕی، هەروەها عەمری کوڕی نوفەیلیش لەم مەسەلە هاو هەڵوێست بوو لەگەڵ پێغەمبەرﷺ خوای گەورەش لەسەردەمی لاویدا پاراستی تەنانەت لەو حەزو ئارەزوانەی کە هەر گەنجێك بە سروشت حەزی لێدەکات، بەڵام ناگونجێت لەگەڵ مەزنی و شکۆداری ئەوانەی ڕێنوێنی خەڵکی دەکەن.
عەلی کوڕی ئەبو تالیب دەگێڕێتەوە رضی الله عنه گوێم لێبو پێغەمبەرﷺ دەیفەرموو: (( ما هممت بقبیح مما كان ٲهل الجاهلیة یهمون به، ٳلامرتین من الدهر كلتاهما یعصمني الله منهما، قلت لیلة لفتی كان معي من قریش بٲعلی مكة في ٲغنام لٲهله یرعاها ٲبصر لي غنمي حتی ٲسمر هذه اللیلة بمكة، كما یسهر الفتیان، قال: نعم، فخرجت، فجئت ٲدنی دار من دور مكة، سمعت غناء، وضرب دفوف، ومزامیر، فقلت:  ما هذا؟ قالوا: فلان تزوج فلانة، لرجل من قریش تزوج ٳمرٲة من قریش، فلهوت بذلك الغناء و بذلك الصوت حتی غلبتني عینی، فما ٲیقظني ٳلا حر الشمس، فرجعت، فقال: ما فعلت؟ فٲخبرته ثم قلت له لیلة ٲخری مثل ذلك، ففعل، فخرجت فسمعت مثل ذلك، فقیل مثل ما قیل لي، فلهوت بما سمعت حتی غلبتني عیني، فما ٲیقظني ٳلا مس الشمس، ثم رجعت ٳلی صاحبي فقال: ما قعلت؟ ما فعلت شيئاً قال رسول اللهﷺ : فوالله ما هممت بعدها بسوء مما یعمل ٲهل الجاهلیة حتی ٲكرمني الله بنبوته)) واتە: توخنی ئەو خراپانە نەدەکەوتمەوە لە سەردەمی نەفامیدا دووجار نەبێت، جارێك بە هاوڕێ شوانەکەم وت: چاوت بە ڕانەکەمەوە بێت تاکو ئەمشەو لەگەڵ گەنجەکانی ناو مەککە بەسەر دەبەم، ئیتر لە ناو مەککەوە هەندێ گوێم گرت و خەو دایگرتمەوە و سبەینێ بە گەرمی خۆر ئاگام بوویەوە ...  شەوێکی تریش بە هەمان شێوە هاتمە خوارەوە بۆ ناو مەککە و هەمان بەزم و شایی تیا بوو، بەڵام دووبارە خەوم لێکەوت و خۆری سبەینان هەلیساندم ... دەفەرموێت:
دوای ئەوە من هەرگیز توخنی هیچ خراپەیەك نەکەوتمەوە تاکو ئەو کاتەی خوای گەورە پێغەمبەرایەتی پێبەخشیم.
ئەم فەرموودەیە دووڕاستیمان بۆ ڕووندەکاتەوە، هەردووکیان یەکجار گرنگن:
پێغەمبەری خواﷺ هەموو تایبەتمەندییەکانی ئادەمیزادی هەبوو، وەکو هەرلاوێك هەستی بە ئەوحەزو ئارەزووانە دەکرد، کە ویستی خوا وایە هەموان هەستی پێبکەن، بۆیە هەستی دەکرد بەواتای شەو بە خۆشی بەسەر بردن و گاڵتەو گەپ و دڵیشی داوای لێدەکرد، ئەویش وەکو ئەوانی تر ڕابوێرێت.

۲- خوای گەورە پێغەمبەرەکەی پاراستووە لەهەموو دیاردەکانی لەڕێگەی لادان،هەروەها لە هەموو شتێکیش،کە لە گەڵ پێویستیەکانی بانگەواز ناگونجێت،کە خوای گەورە پێغەمبەرەکەی بۆ ئامادە دەکات.


هەشتەم: چاوپێکەوتنی بەحیرای قەشە بە پێغەمبەرﷺ لە تافی لاویدا.
ئەبو تالیب دەرچوو بەرەو شام، پێغەمبەری خواشﷺ لەگەڵ هەندێ لە ڕیش سپیانی قوڕەیش بوو، کاتێك گەیشتنە لای بەحیرا، دابەزین بارەکانیان کردەوە، ئیتر قەشەکە دەرچوو بۆ لایان، پێشتر بەوێدا ڕێیان بکردایە دەرنەدەچوو بۆ لایان و ئاوڕی لێنەئەدانەوە.
دەڵێت: لە کاتێکدا بارەکانیان دەکردەوە بەحیرا لە نێوانیاندا ڕەتدەبوو، تاکو گەیشتنە پێغەمبەرﷺ و دەستی گرت، وتی: ئەمە سەرگەورەی هەموو دونیایە، ئەمە پێغەمبەری خوایە، خوای گەورە وەکو ڕەحمەتێك دەینێرێ بۆ هەمووان، ڕیش سپیانی قوڕەیش پێیان وت: تۆ چوزانی؟ وتی: ئێوە کاتێك نزیك بونەوە هیچ درەخت و بەردێك نەما کڕنوش نەبات، ئەوانەش بۆ پێغەمبەر نەبێت بۆ کەس ناچنە کڕنوش، ئینجا منیش ئەو دەناسم بە مۆری پێغەمبەرایەتی لە سەر شانی دەلێی سێوە.
ئینجا گەڕایەوە خواردنێکی بۆیان دروست کرد، کاتێك ئامادەی کردو هێنایە لایان، لەو کاتە پێغەمبەرﷺ سەرقاڵی بایەخدان بوو بە وشترەکان، وتی: بنێرن بە دوایدا، ئیتر پێغەمبەرﷺ هات و پەڵە هەورێك سێبەری بۆ دەکرد، کاتێك نزیکبوویەوە لە خەڵکەکە، بینی ئەوان پێشی کەوتن بە ڕۆیشتن بۆ سێبەری دارەکە، بەڵام کاتێك دانیشت سێبەری دارەکە لار بویەوە بە لایدا، وتی: بڕوانن چۆن سێبەری دارەکە لار بوویەوە بە لایدا.
دەڵێت: هێشتا بەحیرا ڕاوەستابوو، سوێندی دەدان، کە موحەممەدﷺ نەبەنە لای ڕۆمەکان، چونکە ڕۆمەکان ئەگەر بیناسن دەیکوژن، ڕووی وەردەگێڕا بینی حەوت کەس لەو ڕۆمیانە بەرەو لای هاتن و ئەویش پێشوازی لێکردن، وتی: چۆن هاتن؟ وتیان: زانیومانە ئەو پێغەمبەرە لەم مانگەدا سەر هەڵدەدا، ئیتر ڕێگە نەماوە چەند کەسێکی بۆ ڕەوانە نەکرابێت، ئێمەش لە هەواڵی ئاگادار بوینەتەوە، نێردراوین بۆ ئەم ڕێگەیە، وتی : ئایا کەس لە دواتانەوە هەیە، لە ئێوە باشتر بێت؟ وتیان: بەڵکو ئێمە چاکەکەمان هەڵبژارد بۆ ئەم ڕێگایەی تۆ، وتی: ئایا ئەگەر خوای گەورە بیەوێت کارێك ئەنجام بدات، کەس دەتوانێت ڕێگای لێبگرێت؟ وتیان نەخێر، وتی سوێندتان دەدەم بە خوا کامتان خاوەنی ئەو کوڕەیە؟ وتیان ئەبو تالیب، ئیتر هەر سوێندی دەداو قسەی لەگەڵ دەکرد تاکو ئەبو تالیب گەڕاندیەوە.

لەبەسەرهاتی بەحیرا ئەم سودانە وەردەگرین:

۱- ڕاستگۆیانی خواناسان لە ئەهلی کتاب دەزانن، کە موحەممەدﷺ ڕەوانەکراوە بۆ مرۆڤایەتی، ئەوەیان زانیوە بەو بەڵگانەی لە کتێبەکانیاندا بووە.
۲- جێگیربوونی ئەوەی، کە داروبەرد کرنوشیان بردووە بۆ پێغەمبەرﷺ، هەوریش سێبەری کردووە، سێبەری درەختیش بە لایدا کشاوەتەوە.
۳- پێغەمبەری خواﷺ سوودی لە گەشت و گوزارەکەی کردوە لەگەڵ مامی بە تایبەتی و لەگەڵ ڕیش سپیانی قوڕەیشدا، چونکە چاوی کەوتووە بە تاقیکردنەوەو زانیاری کەسانی ترو سودی لە بۆ چونەکانیان وەرگرتووە،
چونکە ئەوان شارەزایی زانستێك بوون پێغەمبەرﷺ نەیبینیبوو لە تەمەنی خۆیدا.
٤- مەترسی بەحیرا لە گاورەکانی ڕۆم، داواشی کردووە لە ئەبو تالیب و ئەوانی تر، کە نەیبەن بۆ ئەوێ، ئەگەر ڕۆمەکان بیناسنەوە دەیکوژن، دیارە ڕۆمەکان دەیانزانی بە هاتنی پێغەمبەرێك، کە دەسەڵاتی داگیرکاریانەیان لە ناو دەبات لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەوە ئەو دوژمنەیان بووە، کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕۆمان ناهێلێت و دەیگێڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، ئەمەش جێگای مەترسی ئەوان بوو.

نۆیەم: جەنگی فیجار.
ئەم جەنگە هەڵگیرسا لە نێوان قوڕەیش و هاوپەیمانان لە کینانەو، هۆزی هەوازین، هۆکاریشی ئەوەبوو، کە عوروەی ڕەححالی کوڕی عوتبەی هەوازین پەنای ئەو وشترانەی نوعمانی کوڕی مونزیری دابوو بۆ بازاڕی عوکاز، کەبارکرابوو لە گوڵاو ئاوریشم و کاڵای بازرگانی، ئیتر بەڕازی کوڕی قەیسی کوڕی کینانە وتی: ئایا داڵدەی دەدەیتە سەر هۆزی کینانە؟ وتی: بەڵێ لەسەر هەموو خەڵکیش، ئیتر عوروە پێی دەرچووە، بەڕازیش بە دوایدا دەرچووە، ئیتر کۆچیان کرد بێ ئەوەی هەوازین هەستیان پێبکەن، دوای ئەوە ئاگاداری بوونەوەو بەدوایان کەوتن و فریایان کەوتن پێش ئەوەی بگەنە حەرەم، لەوێ بە شەڕ کەوتن تاکو شەو، ئینجا چوونە نێو حەرەمەوە، ئیتر هەوازین وازیان لێیان هێنا، بەڵام لە پاش ئەم شەڕە چەندین جار یەکیان گرتەوە لە شەڕی تردا، قوڕەیشیش لەم شەڕانەدا پشتیوانی هۆزی کینانەیان کرد، پێغەمبەری خواش ﷺ ئامادەی  هەندێ لەو جەنگانە بوو، چونکە مامەکانی لە گەڵ خۆیان دەیانبرد.
بەناو فیجاریش ناوبرا بەهۆی ئەوەی شەڕیان بەڕەوا بینی لە نێو حەرەمی مەککە کە پیرۆز بوو بەلای هەموو عەرەبەوە.
لەو سەردەمە پێغەمبەرﷺ تەمەنی چواردەساڵ بوو، یان پانزەساڵ، دەشڵێن: بیست ساڵان بووە، بەڵام پەسەند ئەوەیە، کە چواردەساڵان بووەو،تیری تیایدا کۆکردەوەو دەیدایە دەستی مامەکانی، ئەوەش بەڵگەیە لە سەر ئەوەی هێشتا مناڵ بووە.
پێغەمبەرﷺ دەفەرموێت: (( كنت ٲنبل علی ٲعمامي))  واتە: تیری دوژمنەکانم کۆدەکردەوە،کە تێیان دەهاوێشتین.
بەم شێوەیەش پێغەمبەرﷺ بوێری و ئازای و چاو نەترسی پەیدا کردو، خۆیشی ڕاهێنا لەگەڵ شەڕکردن هەر لە سەرەتای گەنجیەوە، ئەم شەڕە دواتر کۆتایی پێهات، کە زۆر لە شەڕەکانی تری عەرەب دەچوو، تا خوای گەورە دڵەکانیانی یەکخست و قوتاری کردن لە ئەو گومڕایانە بە هاتنی ئیسلام.

دەیەم: ( حلف الفضول) لە پاش گەڕانەوەی قوڕەیش بوو، لە شەڕی فیجار، هۆکەشی ئەوە بوو، پیاوێك لە بەنی زەید لە یەمەن، هاتە مەککە بە هەندێ شتومەك، کە فرۆشتنی بە عاصی کوڕی وائیل، بەڵام ئەو پارەکەی پێنەدا و کابرای یەمەنیش داوای مافی خۆی دەکرد لە سەرانی قورەیش، ئەوانیش یارمەتیان نەدا بە هۆی پلەو پایەی عاصەوە لە نێوانیاندا، ئەویش چووە لای کەعبەو هاواری کرد لە ئالی فیهرو خاوەن غیرەتان بە دەنگێکی بەرز وتی:
یاآل فهر لمظلوم بضاعته
ببطن مكة نائي الدار والنفر
ومحرم ٲشعت لم یقض عمرته
یا للرجال وبین الحجر والحجر
ان الحرام لمن تمّت كرامته
ولا حرام لثوب الفاجر الغدر

ئیتر زوبەیری کوڕی عەبدولموتتەلیب هەڵساو وتی: نابێت واز لەم کابرایە بهێنن، بۆیە بەنو هاشم کۆبوونەوە لەگەڵ زوهرەو نەعیمی کوڕی موڕڕە لە ماڵی عەبدوڵڵای کوڕی جودعان، ئەویش خواردنێکی بۆ دروست کردن، هەموویان هاوپەیمانێتی یان کرد لە(شهر الحرام)دا، لە (ذوالعقدة) بوو، لە نێو خۆیاندا سوێندیان خوارد بەخوا، کە یەك دەست بن لە گەڵ ستەم لێکراودا دژ بە ستەمکار، تا مافەکەی بۆ دەگێڕنەوە، هەتا هەتایە هەر واش بن.
ئینجا پێکەوە چوون بۆ لای عاصی کوڕی وائیل و ماڵی کابرایان لێوەرگرتەوە و بۆیان گەڕاندەوە.
قورەیش ئەمەی ناونا بە هاوپەیمانێتی (الفضول) چونکە وتیان ئەمە کارێکی فەزڵ و چاکەیە، لەم بارەشەوە زوبەیری کوڕی عەبدولموتتەلیب دەڵێت:

ٲن الفضول تعاقدوا وتحالفوا
الا یقیم ببطن مكة ظالم
ٲمر علیه تعاقدوا و تواثقوا
فالجار والمعتر فیهم سالم.

پێغەمبەری خواﷺ ئامادەی ئەو هاوپەیمانێتی یە بوو، کە تەلاری ستەمیان پێ ڕوخاند، منارەی هەقیانیش پێ بەرزکردەوە، لە ڕاستیدا ئەوە یەکێك بوو لە شانازییەکانی عەرەب و دان نانیان بە مافی مرۆڤ، پێغەمبەرﷺ دەفەرموێت:((شهدت حلف المطیبین مع عمومتي وٲنا غلام، فما ٲحب ٲن لي حمر النعم، وٲنی ٲنكثه )) واتە: ئامادەی هاوپەیمانێتی موتەیبین بووم، کە هێشتا منداڵ بووم، حەزم نەدەکرد ببم بە خاوەنی ڕەشە وڵاخی زۆر بەرانبەر ئەوەی ئەو پەیمانەم بەسەر نەبردبا هەروەها پێغەمبەری خواﷺ فەرموویەتی: (( لقد شهدت في دار عبدالله بن جدعان حلفاً ما ٲحب ٲن لي به حمر النعم، ولو دعیت به الٳسلام لٲجبت )).

پەندو وانەکان:
۱-دادگەری بەهایەکی ڕەهایە نەك ڕێژەیی، پێغەمبەری خواشﷺ شانازی خۆی دەردەبڕێت بە بەشداری کردن لە بەهێزکردنی بنەمای دادگەری، پێش پێغەمبەرایەتیەکەی بە بیست ساڵ، چونکە بەها چاکەکان شایستەی پیاهەڵدانن با لەسەردەمی نەفامیشدا ڕوویان دابێت.

۲-هاوپەیمانێتی (حلف الفضول) مێرگێك بوو لە بیابانی نەفامیدا، ئاماژەیەکی ئاشکرایشی تیایە، کە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپە لە کۆمەڵگایەکدا ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەو کۆمەڵگایە چاکەی تیادا نەماوە، مەککە کۆمەڵگایەکی جاهیلی بوو بتپەرستی تیادا باڵا دەست بوو، هەروەها ستەم و ڕەوشتی ناشیرین، وەکو داوێن پیسی و سوو، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کەسانێك هەبوون خاوەن جوامێری و پیاوەتی، کە ڕقیان لە ستەم بوو، پێی ڕازی نەدەبوون، ئەمەش وانەیەکی مەزنە بۆ بانگخوازەکان لە کۆمەڵگاکانیان، کە کار بە ئیسلام ناکەن، یان دژایەتیشی دەکەن.

۳- ستەم قەدەغەیە بە هەرشێوازێك بێت وە لەسەر هەر کەسێك بێت، ئیسلام دژایەتی ستەم دەکات، لەگەڵ ستەم لێکراویشدا دەوەستێ، بەبێ هیچ بایەخدانێك بەڕەنگ و ئایین و نیشتیمان و ڕەگەز.

٤- بوارکردنەوە بۆ هاوپەیمانێتی و ڕێکەوتن لە سەرکرداری چاکە، وەکو چۆن خوای گەورە لە قوڕئان دەفەرموێ: {وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَـَٔانُ قَوْمٍ أَن صَدُّوكُمْ عَنِ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ أَن تَعْتَدُواْ ۘ وَتَعَاوَنُواْ عَلَى ٱلْبِرِّ وَٱلتَّقْوَىٰ ۖ وَلَا تَعَاوَنُواْ عَلَى ٱلْإِثْمِ وَٱلْعُدْوَٰنِ ۚ وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ ۖ إِنَّ ٱللَّهَ شَدِيدُ ٱلْعِقَابِ (المائدة: ٢) لە ئەم حاڵەتەدا بوار دراوە هاوپەیمانێتی بکرێت، چونکە دوپاتکردنەوەیە بۆ کارێکی شەرعی، بە مەرجێك ئەوە کارێك نەبێت لە مزگەوتی زیرار بچێت، بە شێوەیەك، کە ببێتە جۆرێك لە ڕێککەوتن و حیزبایەتی ئاراستەکراو دژ بە هەندێ موسڵمانی تر بە ستەم و زیادە ڕەوی، سەبارەت بە ڕێککەوتنی موسڵمان لەگەڵ ئەوانەی موسڵمان نین بە مەبەستی لابردنی ستەم، یان ڕوو بەڕووبونەوەی ستەمکار، ئەوە ڕەوایە، بەڵام لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی ئیسلام و موسڵمانان، لە ئەمڕۆوداهاتوودا، ئەم فەرمودەیەش بەڵگەیە لە سەر ئەوە، کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: ((ما ٲحب ٲن لي به حمر النعم)) ((لو دعیت في الٳسلام لٲجبت)).
مادام دەبێتە مایەی بەرپەرچدانەوەی ستەمکارو ستەمەکەی، پێغەمبەری خواشﷺ ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ بەشداری کردن لە ئاوها هاوپەیمانییەتیەکدا، پاش هاتنی ئیسلامیش.

٥- پێویستە موسڵمان لە کۆمەڵگای خۆیدا کەسێکی گورج و لێهاتو بێت، نەوەك ژمارەیەك بێت لە ژمارەکان، لە پەراوێزی ڕووداوەکانەوەو لە دەوروبەری خۆیدا،  پێغەمبەری خوا مایەی ڕوانینی هەموو لایەك بوو، نموونەشیان پێدەهێنایەوە، کە ناونرا بە دەستپاك، دڵەکان بەرەو لای دەچوون بە گشتی، بە بۆنەی ئەو کارە جوانەی، کە خوای گەورە پێی بەخشیبوو، هەر لەسەر ئەو کارانەش بەردەوام بوو، تاکو دڵەکان هەموویان پێوەی بەسترانەوە، ئەوەش وێنەیەکی ڕاستەقینەمان بۆ دروست دەکات دەربارەی بەهای ڕەوشت لە کۆمەڵگاداو، هەروەها دەربارەی ڕێزی مرۆڤی خاوەن ڕەوشت، ئەگەر چی لە کۆمەڵگایەکی لادەریشدا بێت.
____________________________________________________

السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص:٨۷-۱۰۱

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه