گرنگترین ڕوداوە مێژووییەکانی پێش ناردنی پێغەمبەر (ﷺ )و دابەزینی وەحیی خوا.
باسی یەکەم : ژیارو ئاینەکانی پێش هاتنی پێغەمبەر (ﷺ):
یەکەم: ئیمپڕاتۆڕیەتی ڕۆمانی .
ڕۆژهەڵات بە ئیمپڕاتۆڕیەتی بێزەنتە دەناسرا، فەرمانڕەوایی هەبوو بەسەر دەوڵەتەکانی یۆنان و بەڵقان ئاسیاو سوریاو فەلەستین و حەوزی دەریایی ناوەڕاست هەمووی و، میصرو هەموو ئەفریقای باکور، پایتەختی ئەو ئیمپڕاتۆریەتە قوستەنتینیە بوو، دەوڵەتێکی ستەمکار بوو، هەڵدەستا بەئەنجامدانی زەبرو زەنگ و ستەم لەگەڵ ئەو گەلانەی، کە فەرمانڕەوایی دەکردن و باجەکانی لەسەریان زیاد دەکرد، بۆیە پشێویی و شۆڕش بەرپاکردن هەمیشە هەرهەبوو، ئەوان ژیانیان بەگشتی پڕبوو لە جۆرەها یاری و ڕابواردن و خۆشگوزەرانی.
سەبارەت بە میصریش، ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی ئاینی و ستەمی سیاسی دەبوونەوە ، بێزەنتەکان مامەڵەی مەڕێکی شیرداریان لەگەڵ دەکرد، کە بەباشی دەیاندۆشی و بەخراپی خۆراکیان دەدایە.
سوریاش بەهەمان شێوە چەوساندنەوەو کۆیلەی تیادا زۆر بوو، لە سەرکردایەتی گەلدا تەنها پشت بە هێزو دامرکاندن دەبەسترا، ئەوانەش کە حوکمیان دەکرد خەڵکی بێگانە بوون و بەزەییان بە خەڵکدا نەدەهاتەوە، تەنانەت زۆر جار سورییەکان مناڵەکانی خۆیان دەفرۆشت لە پێناو گێڕانەوەی قەرزەکانیان .
کۆمەڵگایی ڕۆمانی پڕبوو لە جیاوازی و پشێوی، لە کتێبی (الحضارة ماضیها و حاضرها ) بەم شێوەیە باسکراوە:
جیاوازییەکی یەکجار زۆر هەبوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی بێزەنتەکان، ڕەوت و بیروباوەڕی ئاینی چەسپابوو لە بیرو هۆشیاندا، قەشەییش بە شێوەیەکی فراوان بەر بڵاوبویەوە، تا گەیشتبووە ئەوەی، کە هەرکەسێک هەڵدەستاو خۆی هەڵدەقورتان لە باسەکانی ئاین و مشتومڕی بێزەنتی و خۆی پێ سەرقاڵ دەکرد، هەروەها ژیانی ڕۆژانە بە مۆرکی ڕێڕەوی(باطني)، مۆر کرابوو بەڵام لەلایەکی تریشەوە دەبینین ئەوان بە پەرۆش بوون بۆ ئەنجامدانی جۆرەکانی ڕابواردن و کەیف و خۆشی، هەندێ گۆڕەپان هەبوو جێگای هەشتا هەزار کەسی تیا دەبوویەوە بۆ سەیرکردنی زۆرانبازێی پیاوان و جاروبار لەنێوان پیاوان و دڕندەکان ، جاماوەریانیش لەسەر دوو ڕەنگ دابەش دەکرد: ڕەنگی شین و ڕەنگی سەوز، ئەوان جوانییان خۆشدەویست و عیشقیانیش هەبوو بۆ توندوتیژی دڕندەیی ، یارییەکانیشیان زۆر جار توندوو خوێناوی بوو، سزاکانیشیان بەهەمان شێوە موچڕکەی بە لەشدا دەهێنا، ژیانی سەرگەورەو سەرکردەکانیان بریتی بوو لە خراپەکاری و خۆش گوزەرانی و پیلانگێڕان و خۆشدویی ناگونجاوو خەسڵەتی ناشرین و نابەجێ.
دووەم: ئیمپڕاتۆریەتی فارسی
ئیمپڕاتۆریەتی فارسی بە ئیمپڕاتۆریەتی کیسڕایی دەناسرا، زۆریش زەبەلاحتر بوو لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات، ئاینی شێواو لاری زۆر تیادابوو، وەکو زەردەشتی ومانی، کە لە سەرەتای سەدەی سێیەمی زاینی دامەزرا لە سەردەستی مانی، دواتر موزدەگی سەری هەڵدا لە سەرەتاکانی سەدەی پێنجەمی زایینی، کە بانگەشەی دەکرد بۆ بەڕەڵایی لە هەموو شتێکدا، ئەویش بوو بە مایەیی بڵاوبونەوەی شۆڕشی جوتیارەکان زۆر بوونی دزو چەتەی تەلارەکان، ئیتر هەڵدەستان بە دیل گرتنی ئافرەتان و دەستگرتنە سەر خانوبەرەو موڵکەکاندا، تەنانەت زەوی و زارو و کێڵگەو ماڵەکان، وەکو چۆن پێشتر کەسی تیادا نیشتەجێ نەبووبێ.
پاشاکانیش لە ڕێگەی میراتەوە حوکمیان دەکرد و خۆیان لەسەروی ئادەمیزادەوە دەژمارد، چونکە خۆیان بەنەوەی خوداکان دەزانی، داهاتی وڵات هەمووی بریتی بوو لە موڵکی ئەوان، دەستکارییان دەکرد بە لوت بەرزییەکی بێ ئەندازەوە، هەروەکو ئاژەڵیش دەژیان ، تەنانەت زۆرێک لە جوتیارەکان دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت و ڕویان کردە کڵێساو پەرستگاکان لە ترسی ئەو باجانەی دەسەپێنرا بەسەریاندا، هەروەها لە ترسی خزمەتی سەربازی، چونکە ئەوان سوتەمەنییەکەی بێبەهابوون بۆ ئەو شەڕە وێرانکەرانەی لەو سەردەمانەدا هەڵدەگیرساو ساڵانێکی خایاند لە نێوان فارس و ڕۆمەکاندا، هیچ پەیوەندییەکی ئەو گەلانەی تیادا نەبوو، ئەوە نەبێت، کە جێبەجێکردنی ئارەزووی پادشاکانی تیادابوو.
سێ یەم : هیندستان
مێژوونووسان لەسەر ئەوە یەکدەنگن، کە نالەبارترین کاتەکانی لە ڕووی ئاینی و ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەو سەردەمە بوو کە لە سەرەتای سەدەی شەشەمی زاینیەوە دەست پێدەکات، بێئابڕویی لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبویەوە ، ئافرەتیش هیچ بەهاو ڕێزێکی نەبوو، سوتاندنی ئەو ئافرەتەی پیاوەکەی دەمرد باوبوو، هیندستان لە هەموو وڵاتەکانی جیهان جیادەبوویەوە بە جیاوازییەکی یەکجار زۆر لە نێوان چینەکانی خەڵکدا، ئەوەش سەرچاوەی دەگرت لە یاسایەکی سیاسی ئایین، یاسا دانەره هیندییەکان دایاننابوو، کە سیفەتێکی ئایینییان هەبوو، ئیتر ئەوە بووە یاسایەکی گشتی لە کۆمەڵگاو دەستورێك بۆ ژیانیان، ئەو وڵاتە لە حاڵەتێکی پشێوی و شڕدابوو، چونکە میرنشینەکانیش لە نێوان خۆیاندا لە جەنگێکی نالە باردابوون ئەو وڵاتە دۆورە پەرێزە بوو لە ڕووداوەکانی جیهان، هەروەها شێوازی بە توندگرتن و زیادەڕەوی لە داب و نەریت چینایەتی و دەمارگیری بۆ ڕەگەزو نەژاد بە ئاشکرا زاڵبوو بوو بەسەریاندا.
مێژوونوسێکی هیندۆکی– کە ئێستا مامۆستایە لە یەکێك لە زانکۆکانی هیند — باسی ئەو سەردەمەی پێش گەیشتنی ئیسلام دەکات بۆ ئەو وڵاتەو دەڵێت: خەڵکی هیندستان لە جیهان دابڕابوون، نوشتابوونە سەرخۆیان و هیچ شارەزاییەکیا نەبوو دەربارەی بارودۆخی جیهان، ئەم بێئاگابوونەیان هەڵوێستیانی لاواز کردبوو، بۆیە بێ جۆڵەیی سەری هەڵدا لە ناویاندا نیشانەکانی ڕووخان و ئاڵۆزبوونیان تیادا دەرکەوت، وێژە لەوسەردەمەدا بێ گیان بوو، بە هەمان شێوە هونەری بیناسازی و هونەرە جوانەکانی تر.
کۆمەڵگای هیندی کۆمەڵگایەکی وەستاوو نەبزێو بوو، جیاوازییەکی ناشرین هەبوو لە نێوان چینەکاندا، بەڵکو لەنێوان خێزانەکانیشدا جیاوازییەکی ناشرین هەبوو، ڕێگە نەدەدرا بێوەژن شوبکات، سەبارەت بە خواردن و خواردنەوەش لە دژی خۆیاندا زۆر توندبوون، بەڵام دەرکراوەکان ناچاربوون لە دەرەوەی شارەکانیان بژین.
دانیشتوانی هیندستان دابەشدەکرانە چوار بەشەوە:
۱–چینی قەشەو پیاوانی ئاینی (بەراهمە)
۲‒ پیاوانی جەنگ و سەربازان (شەترا)
۳– جوتیاران و بازرگانان(ویش)
٤‒ خزمەتکاران، کە (شودەر) یان پێدەوترا، ئەوانە نزم ترین چین بوون، چونکە دروستکەری گەردوون — لەباوەڕی نەفامانەیاندا — لە قاچی خۆی دروستیانی کردووە، ئەوانەش هیچ مافێکیان نییە، جگە لە خزمەتکاری سێ چینەکەی تر نەبێت.
ئەم یاسایە پلەو پایەیەکی باشی بەخشی بە ڕاهیمەکان، کە کەسی تر بەشدار نەبوو لە گەڵیاندا، بەرهەمیی پیاوێکی لێخۆشبوبوو ئەگەر سێ جیهانەکەشی بە گوناهەکانی لە ناو ببردایە، هیچ باجێکیشی لە سەر نەدەسەپێنرا، سزای کوشتنیشی بەسەردا نەدەدرا لە هیچ حاڵەتێکدا، بەڵام چینی شۆدەر بۆیان نەبوو ببنە خاوەنی هیچ ماڵێك، یان پاشەکەوت بکەن، یان لەگەڵ بەهەرمییەك دانیشن، یان دەستی پێوە بدەن، یا فێری کتێبە پیرۆزەکان بن.
چوارەم: بارودۆخی ئایینی جیهان پێش ناردنی پێغەمبەر ﷺ :
مرۆڤایەتی لە پێش هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، لە یەکێك لە نزمترین قۆناغەکانی مێژوودا دەژیان، سەبارەت بە کارو باری ئایینی و ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیانناڵاند بە دەست ئاژاوەیەکی گشتی یەوە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، ڕێبازی نەفامیش زاڵبوو بەسەر هەموو بیروباوەڕەکاندا، بەڵکو نەفامی و ئارەزوو بەدڕەوشتی و ستەم و زۆر، دیارترین ڕوخساری ئەو ڕێڕەوە نەفامانە بوو، کە زاڵبوو بەسەر دونیا.
ئاینە ئاسمانی یەکانیش کەریگەری ئەو تۆیان نەبوو لەسەر ژیان بە هۆی ئەو گۆڕین و لارییەی تووشیان بوو، بەو شێوەیەش بەهای خۆی لە دەستدا بوو، وەکو ئاینێکی ئاسمانی، خەڵکیش سەرقاڵبوون بە ململانێی بیروباوەڕی تیۆری، کە بە هۆی کاریگەری بیرۆکەی مرۆڤەکان و تێڕوانینەکانیان بۆ ئەو ئایینانە دروست بوو، تا لە سەر ئەنجامدا بوو بە مایەی دروستبوونی چەندین شەڕی سەخت لە نێوانیاندا، کەسانێکیش لەوانە مابوون لە سەر ئاینەکەیان بێ لادان و گۆڕانکاریکردن زۆر کەم بوون و خۆیشیان دوورگرتبوو لە خەڵکی، چووبوونە نێو خەڵوەتگاوە بە ئومێدی قوتاربوونیان لە ئەو بارودۆخە، چونکە ئەوانە بێ ئومێد بووبوون لە چاکسازی.
خراپی گەیشتبووە هەموو چین و توێژو ڕەگەزەکان، هەموو بوارێکیشی گرتبوویەوە بێ جیاوازی، لە بواری ئاینیدا خەڵکیان هەڵگەڕابوونەوە لە ئایین، یان لێی دەرچوو بوون، یان هەر لە بنچینەوە نەچوبوونە هیچ ئایینێکەوە، یان کەوتبوونە نێو شێواندنی ئایینە ئاسمانییەکان و گۆڕیینیان.
سەبارەت بەلایەنی شەریعەتیش خەڵکی شەریعەتی خوایان فڕێدابوویە پشتی خۆیان، لە لای خۆشیانەوە هەندێك یاسایان دروستکردبوو، دوور لە ڕەزامەندی خواونەگونجان لەگەڵ بیرو هۆش و فیتڕەتدا.
ئەم خراپەکارییە ڕابەرایەتی دەکرا لەلایەن سەرکردەی گەل و نەتەوەکانەوە، لە لایەن سەرکردەو قەشەو بازرگان و پادشاکانەوە، جیهان هەمووی لە تاریکییەکی ڕەش و شەوێکی تاریکدا دەژیا، هەروەها لە لادانێکی ئاشکرا لە پەیڕەوو پڕۆگرامی خوای گەورە.
یەهودییەت: بوو بوویە کۆمەڵێك ڕێ و ڕەسم و داب و نەریتی بێ گیان، کاریگەری بیروباوەڕی نەتەوەکانی تریشی لە سەربوو، کە بەرکەوتن هەبوو لە نێوانیاندا، یان ئەوانەی کە لە ژێر دەسەڵاتیاندا بوون، بۆیە هەڵسا بە وەرگرتنی زۆرێك لە ئەو ڕێ و ڕەسمە بتپەرستیە نەفامانە، مێژوونووسانی جولەکەش دانیان بەو ڕاستیە داناوە.
لە(دائرة المعارف الیهودیة) دا هاتووە:
خەشم و توڕەیی پێغەمبەران لە بتپەرستی بەڵگەیە لە سەر ئەوەی، کە پەرستنی بت و ئەو خودایانە تەشەنەی کردبوو بۆ دەروونی ئیسڕائیلییەکان، بنەبڕیش نەکرا لە دەرونیاندا تا کو ڕۆژگاری گەڕانەوەیان لە دورخستنەوەکەیان لە بابل، ئەوان باوەڕیان هەبوو بە هەندێ بیروباوەڕی ئەفسانەیی و هاوتا بۆ خوا بڕیاردان، تەلمودیش شایەتی ئەوە دەدات، کە ئارەزووی جولەکەکان بە زۆری لەگەڵ بتپەرستیدا بوو.
کۆمەڵگای جولەکەش پێش ناردنی پێغەمبەرﷺ گەیشتبووە ئاستێکی یەکجار نزم لە بواری بیرو هۆشی ئایینی، ئەگەر بڕوانیتە تەلمودی بابل، کە جولەکەکان زیادەڕەوی تێدا دەکەن لە پیرۆز سەیرکردنیدا، کە دەستاو دەستی پێدەکرا لە نێو جولەکەکاندا لە سەدەی شەشەمی مەسیحی، هەندێ نمونەی سەیرو سەمەرەی تیادا دەبینیت لە سوکی ئەقڵ و قسەی پوچەڵ و بێ شەرمی بەرانبەر خوای گەورەو گاڵتەو گەپ بەڕاستیەکان و یاری کردن بە ئایین و هۆش.
سەبارەت بەمەسیحیەتیش : تووشی تاقیکردنەوە بوو لە ڕێگەی تێکدانی توندڕەوەکان و گۆڕاندنی نەفامەکانەوە، هەورە ڕەشەکانی نەفامی ڕۆشنایی یەکتاپەرستی و دڵسۆزی بۆ خوای گەورەی شاردبوویەوە شەڕیش هەڵگیرسا لە نێوان گاورەکانی شام و عیراق و گاورەکانی میصردا، سەبارەت بەڕاستی مەسیح و سروشتەکەی، ماڵ و قوتابخانەو کڵێساکان بوونە سەرباز گەڵێك بۆ ململانێ.
بتپەرستیش لە چەندین ڕواڵەت خۆی پیشان دەدا، لە کتێبی (تٲریخ المسیحیة في ضوء العلم المعاصر) هاتووە:
ڕاستە بتپەرستی نەما، بەڵام لە هەمان کاتدا بە تەواوی لەناو نەچو، بەڵکو ڕۆچوونی کرد لە ناو دەرونەکاندا هەموو شتێکیش هەر بەردەوام بوو، بەڵام بەناوی مەسیحیەتەوەو لە ژێر پەردەی ئەوەوە بۆ نمونە ئەوانەی، کە وازیان لە خوداکان و پاڵەوانەکانیان هێنا، هەڵسا بەناونانی شەهیدێك لە شەهیدەکانیان و هەمان سیفەتی خوداکانیان پێدا، ئینجا پەیکەریان بۆ دروست کرد، بەم شێوازەش شیرك و بتپەرستی گوێزرایەوە بۆ شەهیدە ناوخۆیانە، ئەم سەدەیە تێنەپەڕی تاکو پەرستنی شەهیدان و پیاوچاکان بڵاوەی نەکرد، ئینجا بیروباوەڕێك دروست بوو، ئەوەش ئەوەیە، کە ئەولیاکان خەسڵەتی خوداکانیان هەیە، ئیتر بوونە هۆکار لە نێوان خواو مرۆڤەکاندا، لە هەمان کاتدا خەسڵەتی خوداکانیان هەیە، ئیتر بوونە هۆکار لە نێوان خواو مرۆڤەکاندا، لە هەمان کاتدا خەسڵەتەکانی خوایان تیادایە بەپێ ی بیروباوەڕی ئەریسەکان، بوونە سمبولی پیرۆزی سەدەکانی ناوەڕاست، لەڕووی پاك و بێگەردیەوە، ناوی جەژنە بتپەرسیتیەکانیش گۆڕدران بە چەند ناوێکی نوێ، تەنانەت لە ساڵی(٤۰۰)ی زایینی جەژنی خۆری کۆن کرا بە جەژنی لە دایك بوونی مەسیح لە کتێبی (دائرة المعارف الكاثولوكیه الجدیدة) دا هاتووە:
پەلهاوێشتنی ئەو بیروباوەڕەی، کە دەڵێت: خوای تاك و تەنها پێکهاتووە لە سێ کەس لە هزری مەسیحیدا، هەر لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆتاییەوەو بەردەوامیش بوو وەکو بیروباوەڕێکی باوەڕپێکراو لە هەموو جیهانی مەسیحی، پەردەش لە سەر ئەم بیروباوەڕەو نهێنی پەرستنی سێ خوا لا نەبرا تاکو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمی زایینی.
جەنگ هەڵگیرسا لە نێوان خودی نەصرانییەکانداو یەکتریشیان بە بێباوەڕ دەزانی و سەرقاڵی یەکتربوون لە نێوخۆیانداو دژایەتی خراپەو چاکسازییان لە بیرکرد.
مەجوسەکانیش هەر لە دێر زەمانەوە بە پەرستنی ڕەگە سروشتی یەکان دەناسران، کە لە هەموویان مەزنتر ئاگربوو، پەرستگاکانی ئاگر لە هەموو لایەکی وڵاتدا بڵاوەی کردبوو، خەڵکەکەش خەریکی پەرستنی ئاگربوون و هەمیشە پەرستگاو ڕێ و شوێنی تایبەتیان بۆ دروست دەکرد لە نێو ئەو پەرستگایانەشدا داب و نەریتی وردیان هەبوو، بەڵام لە دەرەوە ئازادبوون چی بکەن، هیچ جیاوازییەکیش نەبوو لە نێوان ئەوان و هەرکەسێکی بێ ئایین.
مێژوونوسێکی دەنیمارکی باسی چینی سەرۆکە ئایینیەکان و ئەرکەکانیان دەکات لە لای ئاگر پەرستەکان لە کتێبی (ٳیران فی عهد الساسانیین)و دەڵێت:
ئەرکی ئەو فەرمانبەرانە ئەوەبوو چوار جار لە ڕۆژێکدا خۆر بپەرستن، جگە لەوەش پێویست بوو مانگ و ئاگرو ئاویش بپەرستن، هەندێ پاڕانەوەی تایبەتیشیان لێ داوا دەکرا لەکاتی خەوتن و هەڵساندا، یان لە کاتی خۆشۆردن و پشتوێن لەپشت کردن و نان خوارن و پژمین و تەراشکردن و نینۆکردن و چوونە سەر ئاوو چرا هەڵکردن، فەرمانیشیان پێکرابوو، کە ڕێگە نەدەن ئاگر خامۆش ببێت و ، ئاگرو ئاویش لە یەك نەدەن و، نەهێلن ئاسن ژەنگ بگرێت، چونکە هەموو کانزاکان پیرۆزن بەلایانەوە.
خەلکی ئێران لە نوێژەکانیاندا ڕوویان دەکردە ئاگر، جارێکیش(یەزدەجەرد) کە دواترین پادشای ساسانییەکان بوو سوێندی بە خۆر خواردو وتی: سوێند بە خۆر، کە ئەو خوای گەورەیە، ئاگر پەرستەکان باوەڕیان بە سەنەویەت بوو لە هەموو سەردەمێکدا، ئەوەش بووە دروشمێك بۆیان و باوەڕیان بە دوو خوا بوو، یەکێکیان ڕۆشناییە، یان خوای چاکە، ئەوی تریشیان تاریکییە، یان خوای خراپە.
سەبارەت بە بەرهەمیەت: ئاینی ڕەسەنی هندیەکان، تایبەتمەندی لە زۆری پەرستراو و خوداکانیان بووە لە سەدەی شەشەمی زایینیشدا گەیشتە چڵەپۆپە، بێ گومان ئایینی هیندۆکی و بوزی وەکو یەك بتپەرستن،
جیهانی ئاوەدان لە دەریایی ئەتڵەسی یەوە بۆ زەریایی ئارام نگرۆ بوون لە بتپەرستیدا، وەکو چۆن گاورو جولەکەو بوزی و بەرهەمی لە کێبڕکێدا بوون بۆ مەزن ڕاگرتنی بتپەرستی و بە پیرۆز زانینی، هەمووشیان وەکو ئەسپی پێشبڕکێ لەیەك گۆڕەپاندا غاریان دەدا.
پێغەمبەری خواشﷺ ئاماژەی کردووە بە گشتی بۆ ئەم گەندەڵیە لە هەموو ڕەگەزو هەموو بوارەکان بەبێ جیاوازی، جارێکیان لە وتارێکدا فەرمووی: ((ٲلا ٳن ربی ٲمرنی ٲن ٲعلمكم ما جهلتم مما علمنی یومی هذا، كل ما نحلته عبداً حلال، وٳني خلقت عبادي حنفاء كلهم، وٳنهم ٲتتهم الشیاطین فا جتالهم عن دینهم، وحرمت علیهم ما حللت لهم، و ٲمرتهم ٲن یشركو بي ما لم ٲنزل به سلطاناً، وٲن الله نظر ٳلی ٲهل الٲرض فمقتهم: عربهم، و عجمهم، ٳلا بقایا من ٲهل الكتاب)).
واتە: خوای گەورە فەرمانی پێکردووم ئەوەی، کە نایزانن فێرتانی بکەم لەو شتانەی لەم ڕۆژەدا فێرکراوم، هەرچی شتێکم داوەتە بەندەیەکم حەڵاڵە، ئینجا من بەندەکانم بە پاکی دروست کردوون، بەڵام شەیتان هات و لە ئایینەکەیانی دوورخستنەوە، ئەوەی من بۆم حەڵاڵکردبوون قەدەغەیانکرد لەسەریان و ئەوەش کە من حەرامم کردبوو لەسەریان حەڵاڵیانکرد بۆیان، فەرمانیشی پێکردن، کە هاوتا بۆمن بڕیار بدەن بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکم لەسەری دابەزاندبێت، خوای گەورەش تەماشایەکی سەرتاپای خەڵکی سەرزەوی کردوڕقی لە هەموویان هەڵگرت بە عەرەب و عەجەمەوە، تەنها هەندێ پاشماوەی ئەهلی کتاب نەبێت.
ئەم فەرموودەیە ئاماژە دەکات بۆ لادانی مرۆڤایەتی لە چەند بوارێکی جیاجیا، وەکو هاوتا بۆ خوا بڕیاردان و فڕێدانی شەریعەتەکەی و گەندەڵ بوونی چاکسازەکان لەوانەی سەر بە ئاینێکی ئاسمانی بوون و شلییان دەنواند بەرامبەر گومڕایی خەڵکەکە.
سەرچاوە:
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي