ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 07/08/2019
  • 455

بۆچى ووردەکارییەکانى ژیانى پێغەمبەرﷺ باسکراون ؟


لە نێوان ژیانى پێغەمبەر ﷺ و ژیانى پێغەمبەرانى دیکەدا – علیهم الصلاة والسلام-  جیاوازییەکى سەرەکى و بنەڕەتى هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە ژیانى پێغەمبەرمان (محمد) کوڕى (عبدالله) ﷺ زۆر بەووردى و بە ڕوونى بۆ ئێمە تۆمارکراوە لە هەموو لایەنەکاندا . چ پێش  پێغەمبەرایەتى چ دواى پێغەمبەرایەتى ، ئەو کاتەى کەلە مەککە بووە ، یان ئەو کاتەى کە لە مەدینە بووە ، تەنانەت حاڵەتى کاتى سەرەمەرگیشى ، زۆر بەووردى و بە ڕوونى هەموو شتێک دەربارەى پێغەمبەرﷺ بۆ ئێمە تۆمار کراوە ، لە قورئان و لە دەقەکانى سوننەتدا، وەلەو کتێبانەدا کە لەبارەى ژیانى پێغەمبەرەوە ﷺ  نوسراون , کە سوودیان لەو بارەوە لە قورئان و سوننەت بینیوە ، بەڵام هی پێغەمبەرانى پێشوو بەو شێوەیە نیە، بەڵکو ئەوەى خواى پەروەردگار لە قورئاندا دەربارەیان فەرموویەتى زیاتر ئەو ڕووداوو هەڵوێستانەیە کە پەندو عیبرەتیان لێ وەردەگیرێ , بەڵام ووردەکارییەکانى ترى ژیانى پێغەمبەران – علیهم الصلاة والسلام- لە قورئاندا تۆمار نەکراوە ، کە بێگومان ئێمە جگە لە قورئان ، لە کتێبە ئاسمانیەکان ، کتێبێکى دیکەمان لەبەر دەستدا نیە کە بە متمانەو باوەڕەوە بیخوێنینەوەو دڵنیابین کە خواى پەروەردگار فەرموویەتى، چونکە کتێبەکانى دى کە خواى پەروەردگار بۆ پێغەمبەرانى ناردوون هەموویان گۆڕدراون ،وەک خواى پەروەردگار لە قورئاندا دەربارەى جولەکەو نەصڕانییەکان فەرموویەتى : {...يُحَرِّفُونَ الْكَلِمَ مِن بَعْدِ مَوَاضِعِهِ ...(١٣) } المائدة، واتە (ووشەکان لە شوێنەکانیان لادەدەن) ، وە فەرموویەتى { ... وَنَسُوا حَظًّا مِّمَّا ذُكِّرُوا بِهِ ... (١٣) } المائدة ، واتە (بەشێک لەوەى پێ ی ئامۆژگارى کرابوون لەبیریان چوو )، هەرکەسێکیش بە ویژدانەوە تەماشاى ئەو کتێبانە بکات کە دەربارەى ژیانى پێغەمبەران نوسراون چ تەوڕات ، چ ئینجیل و زەبوور وە باقى ئەو کتێبانەى دیکە کە (پەیمانى کۆن ) و (پەیمانى نوێ)دا بە ناوى وەحى خواى پەروەردگار تۆمار کراون , زۆر بە ڕوونى و ڕاشکاوىى دەتوانێ بڵێ ، ئەوانە گۆڕاون و دەستکارىى کراون ، هەم (پەیمانى کۆن ) کەنزیکەى (٢٠٠٠) لاپەڕەیە کە تەوڕات بەشێکیەتى و زۆر کتێبى دیکەشى تێدان ، وەک زەبوورو حیکمەتى سولەیمان و کۆمەڵێک کتێبی دیکە کە پاڵدراونە لاى کۆمەڵێک لە پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام)، ئێمە نازانین ئایا ئەوانە پێغەمبەرى خوا بوون ، یا لە ئەسڵدا ئەو کتێبانەیان بۆ هاتوون یان نا ؟ وە هەم (پەیمانى نوێ) کە جگە لە چوار ئینجیلەکان ، زۆر شتى دیکەشیان تێدایەو ، من هەموویانم خوێندۆتەوە ، کە دەربارەى ژیانى عیسا (علیه السلام) پێش وەحى بۆ هاتنى هەر هیچ شتێک باس نەکراوەو دواى وەحى بۆ هاتنیشى کۆمەڵێک سەفەرو گەشتى عیساى (علیه السلام) تێدایە , وە بێگومان خواى پەروەردگار یەک ئینجیلى بۆ (عیسى) علیه السلام ناردوە , بەڵام ئەوان دواى عیسا (علیه السلام) چوار جۆرە ئینجیلیان نووسیوە !!
حیکمەتى ئەوەش کە ژیانى پێغەمبەرمان (محمد) ﷺ زۆر بە ڕوونى و زۆر بە ووردى بۆ ئێمە تۆمار کراوە ،بەڵام ژیانى پێغەمبەرانى پێش ئەو – علیهم الصلاة والسلام-  بەو شێوەیە نیە ،ئەوەیە کە (محمد) ﷺ پێغەمبەرى خوا بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتى ، وەک خواى پەروەردگار بە پێغەمبەر دەفەرموێ { قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا .. (158) } الأعراف ، واتە : بڵێ ئەى خەڵکینە! من پێغەمبەرى خوام بۆ هەمووتان, بەڵام دیارە پێغەمبەرانى پێش (محمد) ﷺ بۆ گەلێکى تایبەت ، یان عەشیرەتێکى تایبەت، یان چەند کەس وکۆمەڵێکى تایبەت بوون، بۆ وێنە بەنى ئیسرائیل کە (موسى) (علیه السلام )یان بۆ ڕەوانە کراوە کۆمەڵێک بوون ، وە بۆ کات و قۆناغێکى دیاریکراو هاتوون ، بەڵام (محمد) ﷺ بۆ هەموو بەرەى ئادەمیزاد هاتووە بەدرێژایی زەمان و بە پانایی زەمین، وە لەدواى (محمد) ﷺ کە خاتەم و دوایینى پێغەمبەرانە ، پێغەمبەرێکى دیکە نایەت ،تاوەکو ئەگەر تەحریف و دەستکارییەک لە ژیانیدا کرا، ئەو پێغەمبەرەى دواى ئەو ڕاستى بکاتەوە ,هەروەک چۆن (محمد) ﷺ ئە دەستکاریی کران و تەحریف و گۆڕانەى کەبەسەر کتێبەکانى پێش قورئان و بەسەر ژیانى پێغفەمبەرانى پێش خۆیدا هاتووە , هەموویانى ڕاست کردۆتەوە ، واتا ئێستا ئێمە تەنها بەهۆى قورئانەوە دەزانین کە موسى (علیه السلام) چۆن بووە ، ئەگەر (تەورات) بخوێنینەوە کۆمەڵێک شتى وا پاڵ دراوەتە لاى موسى (علیه السلام) کە تەنانەت کەسێکى ئاسایی نایمات ، یان کۆمەڵێک شتى وا پاڵ دراوەتە لاى ابراهیم (علیه السلام) کە موسوڵمانێکى عادەتیش نایکات، هەروەها یەعقوب و یوسف و باقى پێغەمبەرانى دیکە (علیهم الصلاة والسلام)،بۆ نمونە : لەعەهدى قەدیمدا هاتووە کە سولەیمان (علیه السلام) هەر پێغەمبەر نەبووە ، بەڵکو جادووگەر بووە ، ئینجا (داود)یان علیه السلام بە مەلیکێکى زاڵم زانیوە ، بەڵام قورئان بۆ ئێمەى ڕوون کردۆتەوە کە ئەوانە پێغەمبەرى خواى پەروەردگارن ، وە پیاوانى پایە بەرزن ، وە ئەو درۆو دەلەسەیەى بۆیان هەڵبەستراوە هەمووى لەلایەن ئەهلى کیتابەوە بۆیان هەڵبەستراوەو وانیە .
هەروەها بۆیە ژیانى (محمد) ﷺ زۆر بە ووردى بۆ ئێمە تۆمار کراوە لە قورئان و لە سوننەتدا، بۆئەوەى ئێمە سەرمەشقێکى زۆر چاکمان لەبەردەستدا بێت و بتوانین شوێنى بکەوین لە هەموو لایەنەکانى ژیانماندا ، وەک خواى پەروەردگار لە سوورەتى الأحزاب لە ئایەتى (٢١) لەو بارەوە دەفەرمووێ : { لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ ...  } واتە : بێگومان لە پێغەمبەرى خوادا بۆ ئێوە سەرمەشقێکى باش هەیە ، وە لەهەموو ڕوویەکەوە (محمد المصطفى) ﷺ باشترین سەرمەشقە بۆ ئێمە ، لە ڕووى عەقیدەیی و ئیمانیی و فیکریى و ئەخلاقیی و عیبادەتیی و هەڵسوکەوتى تاکى و خێزانى ، وە لە ڕووى مەعنەوى و ماددیی و سیاسی و کۆمەڵایەتى و جەنگ و ئاشتى....هتد، وەلەهیچ ڕوویەکەوە هیچ شتێک نیە کە (محمد) ﷺ  بۆئێمەى دەست نیشان نەکردبێ، جا چ خواى پەروەردگار لەقورئاندا پێی فەرموو بێ، یان بۆخۆى وەک شەرع و ڕوونکردنەوەى قورئان فەرمووبێتى ، کەواتە ئەگەر کەسێک بیەوێ بە شێوەیەک بژى کە خوا لێی ڕازى بێ لەهەموو لایەکانى ژیانیدا، تاکە چارەى ئەوەیە کەبەدواى (محمد) ﷺ بکەوێ وە بیکاتە مامۆستاو سەرمەشق و چاوساغى خۆى . 
هەربۆیە خواى پەروەردگار ژیان و بەسەرهات و گوزەرانى ئەوى وا لێکردووە کە هەم لە قورئاندا تۆمار بکرێت و هەم لە دەقەکانى سوننەتدا ، بۆئەوەى ئێمە سەرمەشقێکى ئاشکرامان لەبەر دەست بێت تا بزانین چۆن بژین، ژیانێک کەخواى پەروەردگار بەهۆیەوە لێمان ڕازى بێت ، ئینجا وەکو گوتمان (محمد) ﷺ لەبەر ئەوەى کە دوایین پێغەمبەرى خوایە ، ئەگەر هاتباو ژیان و (سیرة) ەکەى شێوێندرابا ، یاخود کۆمەڵێک لایەنى تاریکى تێدابان ، کە بووبایە هۆى ئەوەى خەڵک سەرى لێ بشێوێنرێ ، وەک کۆمەڵێک لایەنى نەزانراو هەیە لە ژیانى پێغەمبەرانى دیکەدا – علیهم الصلاة والسلام- ئەو کاتە کەس نەدەبوو ڕاستى بکاتەوە ، چونکە لە دواى (محمد) ﷺ وەحى نەهاتووەو ناشیەت ، وەک خوا – عز وجل- دەفەرمووێ : { مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِّن رِّجَالِكُمْ وَلَٰكِن رَّسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ ۗ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا (٤٠)} الأحزاب، واتە : (محمد) ﷺ بابى هیچ کام لەم پیاوانەتان نیە ، بەڵکو ڕەوانەکراوى خودایەو کۆتایی پێغەمبەرانە – علیهم الصلاة والسلام- وەخوا بەهەموو شتێک زانایە .
وەلەبەر ئەوەى بەهەموو شتێک زانایە خواى پەروەردگار وایکردووە ژیانى ئەو (محمد)ە  ﷺ بۆ ئێمە زۆر بە ووردى تۆمار بکرێ ، بۆئەوەى هیچ کەس مەجالى نەبێ بەرنامەو پەیامەکانى بگۆڕێ و دەستکارى بکات ، وە بۆ ئەوەى ئۆمەتەکەى بەتەواوى ژیانى ئاشنا بن و پابەند بن بە قسەو هەڵوێستەکانیەوە .
________________________
سەرچاوە:
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / عەلى باپیر