ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 08/08/2019
  • 484

گرنگى شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ


یەکەم : لەڕووی ئیمانییەوە :
بێگومان بەو ئەندازەیە ئیمانت بە (محمد) ﷺ بۆ دروست دەبێ کە پێغەمبەرى خوایە ، کە دەیناسى و پێی ئاشنای و دەزانى کێ بووەو چی کردووەو ، چۆن ژیاوە ؟ چونکە ئیمان بە نەزانراو (مجهول) قەت پەیدا نابێت، بەڵکو بەشتى زانراو (معلوم) پەیدا دەبێ، چونکە ئەگەر ئینسان (محمد) ﷺ نەناسێ و نەزانێ چۆن ژیاوەو قۆناغەکانى ژیانى چى بوون و چی کردووەو چۆنى کردوە، چۆن ئیمانى پێ دێنێ؟ وە خواى پەروەردگار نەهى کردووە لەوەى ئێمە بەدواى شتێک بکەوین کە زانیاریمان پێی نیە ،وەک دەفەرموێ : { وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ ۚ ... (36)} الإسراء ، واتە : بەدواى شتێک مەکەوە کە زانیاریت پێی نیە، واتە ئیمانیشى پێ مەهێنە، چونکە تۆ عیلمت بە شتێک نەبێ و ئیمانیشى پێ بێنى، ماناى وایە تۆ ئیمانت بەشتێک هێناوە کە شارەزاى نیت و نازانى نەچاکە نەخراپە ، کەواتە لە بنەڕەتدا ئیمان هێنان بە (محمد) ﷺ وەک پێغەمبەرى خوا لەسەر ئەوە بەندە کە دەبێ ئێمە شارەزاى ژیان و گوزەران و بەسەرهاتى بین، ئینجا بێگومان ئیمان هێنان بە پێغەمبەریش لەلایەن خواى پەروەردگارەوە فەڕز کراوە ، وەک دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي نَزَّلَ عَلَىٰ رَسُولِهِ ... (136) } النساء ، واتە : ئەى ئەوانەى کە ئیمانتان هێناوە ! ئیمان بێنن بەخواو پێغەمبەرى خوا وە بەو کتێبەى کە ناردوویەتە سەر پێغەمبەرەکەى ، واتە : بەردەوام بن لەسەر ئیمانەکەتان و بە ووردى وتێفکرینەوە ، هەروەها دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَآمِنُوا بِرَسُولِهِ ... (28) } الحدید ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ! پارێز لە خوا بکەن و ئیمان بە پێغەمبەرەکەشى بێنن .
ڕنگە یەکێک بڵێ : ئینسانى ئیماندار چۆن ئیمان دێنێ ؟ 
لە ڕاستیدا ئیمان چەندان پلەیە , زانایان لەو بارەیەوە دەڵێن، ئیمان سێ پلەى هەیە ،کە ئەمانە (مطلق ، واجب ، مستحب)
أ‌- ئیمانى (مطلق) ئەوەیە، کەئەگەر ئەو ئیمانەت نەبێ ، بە موسوڵمان لەقەڵەم نادرێی .
ب‌- ئیمانى (واجب) یش ئەوەیە, کە ئەگەر ئەو ئیمانەت نەبێ ، لەدۆزەخ ڕزگارت نابێ.
ج- ئیمانى (مستحب) یش ئەوەیە ، کەئەگەر ئەو ئیمانەت نەبێ بە دۆستى خوا دانانرێی.
وە زانایان باسى ئیمانى( مُجْمَلٌ و مُفَصل)یان کردووە ، واتە: ئیمان بە کوورتى و بە درێژى، کەواتە ئێمە هەر بۆ دامەزراندنى ئیمانمان بەوە کە (محمد) ﷺ پێغەمبەرى خوایە   پێویستمان بەوە هەیە کە (محمد) ﷺ بناسین بەهۆى لێتێگەیشتنى ژیاننامەکەی و شارەزابوون بەهەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانى و قۆناغەکانى ژیانییەوەى .
ئینجا شارەزا بوون لەژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ پێویستە، بۆئەوەى ئیمانمان دامەزراوترو کامڵتر و ڕۆژووتر بێ ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {  لَّوْ شَاءَ اللَّهُ مَا تَلَوْتُهُ عَلَيْكُمْ وَلَا أَدْرَاكُم بِهِ ۖ فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا مِّن قَبْلِهِ ۚ أَفَلَا تَعْقِلُونَ  (16) } یونس ، واتە: ئەى (محمد) ﷺ بەکافرەکان بڵێ: ئەگەر خوا حەزى کردبا قورئانم بەسەردا نەدەخوێندنەوەو ، ئێوەم پێ شارەزاو پێ ئاشنا نەدەکرد، من پێش ئەوەى قورئانتان بەسەردا بخوێنمەوەو باسى پێغەمبەرایەتى خۆم بکەم ، تەمەنێکم لەناو ئێوەدا گوزەراندوە بۆچى ئاقڵتان نیە؟ 
بەڵێ(محمد) ﷺ پێش ئەوەى وەحى بۆ بێ (٤٠)ساڵ تەمەنى بەڕێکرد ، کەواتە خواى پەروەردگار سەرنجمان ڕادەکێشێ ، بۆ ئەوەى خەڵک تەماشا بکات کە چل ساڵ تەمەنى (محمد) لەپێش پێغەمبەرایەتیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە پێغەمبەرى خوایە ، ئەگەر نا، وەک کافرەکان دەیانگوت ئەگەر پێغەمبەر ﷺ لەخۆوە ئەو قورئانەى هەڵبەستبایە ، لەو تەمەنە درێژەى پێش (٤٠) ساڵیدا لەو بارەوە شتێکى هەر دەگوت ، بەڵام تا (٤٠) ساڵى تەواو نەکردوە، هیچى نەفەرموەو دوایی لەناکاو فەرموویەتى : من پێغەمبەرى خوام ﷺ !!
دیارە ئەو ئەنجامەش بەوە دەست مرۆڤ دەکەوێ کەشارەزاى ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ بێ ، هەروەها خواى پەروەردگار دەفەرموێ: { وَمَا كُنتَ تَتْلُو مِن قَبْلِهِ مِن كِتَابٍ وَلَا تَخُطُّهُ بِيَمِينِكَ ۖ إِذًا لَّارْتَابَ الْمُبْطِلُونَ (48)  } العنکبوت، واتە : ئەى (محمد) تۆ لەپێش قورئاندا هیچ کتێبێکت نەخوێندۆتەوە ، وە هیچ شتێکیشت بەدەستى ڕاستت نەنوسیوە ، پێغەمبەر ﷺ لەپێش قورئاندا خوێندن و نوسینى نەبووە ، وە دواى ئەوەى کە قورئانیشى بۆ هاتووە نوسینى هەر نەبووە ، بەڵام خوێندنەوەى هەبووە ، ئەویش ئەوە بووە قورئانى خوێندۆتەوە ، {  إِذًا لَّارْتَابَ الْمُبْطِلُونَ  } ئەتۆ ئەگەر پێش ئەوەى قورئانت بۆبێ ، خوێندن و نوسینت زانیبایە ئەوە ئەوانەى ئەهلى (باطل)ن بۆیان هەبوو بکەونە گومانەوە ، بەڵام تۆ لەناکاو فێرى هەموو شتێک بووى ، کەواتە: دیارە خواى پەروەردگار فێرى کردوە , ئەوەش کاتێ دەیزانین کە شارەزاى ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ بین .
مەسەلەیەکى دیکە لەو بارەوە ئەوەیە کە ئەبو سوفیان بەسەرهاتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە وەک لە (صحیح مسلم)(١) دا هاتووە : ئەبو سوفیان دەڵێ: ئێمە چووین بۆ شام لەکاتێکدا کە صوڵحى حودەیبیە کرا (هیڕەقل) بانگى کردین گوتى : بیستومە ئێوە خەڵکى ئەو شوێنەن کە ئەو کابرایەى لێیەو تازە پەیدا بووەو بانگەشەى پێغەمبەرایەتى دەکات .
دەڵێ: گوتمان بەڵێ.
گوتى: کامەتان زۆر لیی نزیکن بابێ کۆمەڵێ پرسیارى لێ دەکەم دەربارەى ئەو کابرایە ، داخۆ بزانین پێغەمبەرە یان نا ؟
دەڵێ: من چووم وە ئەوانەى لەگەڵیشم بوون لەلاى منەوە داینان و گوتى : هەرچى لێی دەپرسم ئەگەر درۆى کرد ئێوە بڵێن درۆ دەکات ، (هیڕەقل) کۆمەڵێک پرسیار لە ئەبو سوفیان دەکات دەربارەى پێغەمبەر ﷺ کە ئەو کابرایە کێ یە؟ نەسەبى چۆن بووە ؟ لەچ جۆرە عائیلەیەکە؟ ئایا هیچ کام لە باب و باپیرانى مەلیک و پادشا بوون ؟ئایا دەسەڵاتدارەکان شوێنى ئەکەون، یان بێ دەسەڵاتەکان ؟ شەڕو جەنگ لە نێواندا ڕووى داوە ؟ ئەنجامى چۆن بووە ، ئایا ئەوانەى ئیمانى پێ دەهێنن لێی هەڵدەگەڕێنەوە ؟ ئایا قەت درۆتان لێ بیستوە؟ 
ئەبو سوفیان دەڵێ: منیش ئەوەى ڕاست بوو دەربارەى موحەمەدو بانگەوازەکەى و ئەوانەى شوێنى کەوتون هەموویم پێ گوت .
چونکە پێغەمبەر ﷺ پەرێزى ئەوەندە پاک بووە دوژمنانیشى نەیانتوانیوە قسەى خراپى لەسەر بکەن ،(هیڕەقل) کۆمەڵێک شت دەربارەى (محمد) ﷺ دەپرسێ کە لەدواییدا ئەیانکاتە بەڵگە کە ئەو پێغەمبەرى خوایە ، چونکە لە کۆتاییدا (هیڕەقل) دەڵێ: ئەو کابرایەى کە تۆ دەڵێی ناوى (محمد)ە ئەو پرسیارانەى کە لێم کردى ئەگەر وەڵامەکەت هەموو ڕاست بن ، ئەوە پێغەمبەرى کۆتاییەو ئێمە چاوەڕێ بووین پێغەمبەرێکى وا بێ ، بەڵام نەمانزانى لەنێو عەرەباندا دێ ، واماندەزانى لو نێو ئێمەدا دێ، دەڵێ: ئەگەر تۆ ڕاست بکەى ئەو (محمد)ە شوێن پێی منیش دەگرێ {   } ، واتە (شام) ، بێگومان قسەکەشى ڕاست دەرچوو .
کەواتە ئێمە بەهۆى ناسینى پێغەمبەرەوە ﷺ و شارەزاییمان دەربارەى سیرەو ژیانییەوە زیاتر ئیمانمان دادەمەزرێ .
_________________________
١)صحیح مسلم : ٤٥٨٣، کەلەبەرگى چوارەمى (ئیمان و عەقیدەى ئیسلامیدا ) داو لە باسى ئیمان بە پێغەمبەراندا هێناومانەو ماناشمان کردوە .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٢٩-٣٣)