ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 08/08/2019
  • 615

گرنگى شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ


دووەم : لەڕووى تێگەیشتنى قورئانەوە :
بێگومان شارەزابوون و ئاشنا بوون بە ژیان و هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانى پێغەمبەرى خوا  ﷺ ، یارمەتى زۆرمان دەدات بۆ چاک تێگەیشتنى قورئان , چونکە خواى پەروەردگار پێغەمبەرى خۆى ﷺ بە ڕوونکەرەوەى قورئان پێناسە کردووە ، وەک دەفەرموێ : {... وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ (44) } النحل ، واتە : ئێمە (ذکر)مان بۆ تۆ ڕەوانە کردۆتە خوار – (ذکر)  یەکێکە لە ناوەکانى قورئان ، چونکە ئەو ڕاستییانە دەخاتەوە بیر خەڵک کە عەقڵ و فیطڕەتى ساغییان پێیان ئاشنایە – تاکو ئەوەى کە بۆ خەڵکى نێردراوەتە خوار بۆیان ڕوون بکەیەوە ، وە بۆ ئەوەى خۆشیان بیر بکەنەوە .
کەواتە : پێغەمبەرى خوا ﷺ بەقسەو کردەوە هەڵوێستەکانى قورئانى ڕوون کردۆتەوە ، واتە : شتە بنەڕەتییەکانى قورئانى ڕوون کردوونەوە ، نەک جوزئیاتەکانى ، چونکە جوزئیاتەکانى قورئان دەبێ زەمان ڕوونى بکاتەوەو زانایان بەپێی بارودۆخ وژینگەى خۆیان قورئان تەفسیر بکەن و بەدرێژى ووردەکارییەکانى قورئان ڕوون بکەنەوە ، چونکە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ قورئاندا دوو شێوە بیرکردنەوەى هەبووە : یەکێکیان ئەوەیە کە قورئان هەندێک شتى تێدایە کورت (مجمل)ە بۆ وێنە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {... أَقِيمُوا الصَّلَاةَ ...(72)} الأنعام ، ( نوێژ بەرپا بکەن )، نوێژ چۆن بەرپا دەکرێ ...؟ پێغەمبەر ﷺ ئەوەى بۆ ڕوون کردوینەوە لە سوننەتى خۆیدا ، هەروەها چۆنیەتى ڕۆژوو گرتن و حەج کردن و گەلێ شتى دیکە .
ئەوەى دیکەیان ئەوەیە قورئان هەندێ شتى تێدا ڕوونە ، بەڵام نازانرێ کامەى لە کوێدایەو لە چ کاتێکدا وە لە چ شوێنێکدا جێ بەجێ دەکرێ ، پێغەمبەر ﷺ ئەوەشى بۆ ڕوون کردووینەوە ، بۆ وێنە : خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {  أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ قِيلَ لَهُمْ كُفُّوا أَيْدِيَكُمْ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ  (77) } النساء ، واتە : سەرنجى ئەوانە نادەى کە پێیان گوترا خۆتان بپارێزن و شەڕ مەکەن (لەگەڵ موشریک و کافرەکان هەرچەندە ئەشکەنجەتان دەدەن) ، وە نوێژ بەرپا بکەن و زەکات بدەن و ماڵى خۆتان ببەخشن ، ئەم ئایەتە لەگەڵ ئایەتێکى دى دەفەموێ : {... وَقَاتِلُوا الْمُشْرِكِينَ كَافَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَافَّةً ۚ ...(36) } التوبة ، واتە : تێکڕاتان لەگەڵ هاوبەشدانەراندا بجەنگن ، وەک چۆن ئەوان بە تێکڕایی لەگەڵتاندا دەجەنگن ، ئێمە چۆن بزانین ئەوانەى پیشێیان لە کوێدا جێ بەجێ بکەین و ئەوەى دوایشیان لە چ حاڵێکدا ؟ بێگومان بەهۆى ژیانى پێغەمبەرەوە دەزانى ئەو ئایەتەى پێشیان لە چ حاڵێکدا جێبەجێ دەکەى و ئەوى دیکەیان لە چ حاڵێکدا ، وە تووشى سەر لێشێواوى نابى . 
وە بەڵگەیەکى دى لەسەر ئەوە کە ئێمە تا لە ژیانى پێغەمبەر ﷺ شارەزاتربین چاکتر لە قورئان تێدەگەین ، ئەو ئایەتەیە کە خواى پەروەردگار ئەرکى سەرەکى سەر شانى پێغەمبەر ﷺ لە چوار شتدا دەخاتە ڕوو ، وەک دەفەرموێ : { هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِّنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِن كَانُوا مِن قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (2)  } الجمعة ، واتە: (خوا) ئەو زاتەیە کەلە نێو – نەشارەزایان بە وەحى- دا پێغەمبەرێکى لە خۆیان ڕەوانە کردووە ، ئایەتەکانى خوایان بەسەردا دەخوێنێتەوە ، وە تەزکیەیان دەکات – پاکیان دەکات و چاکیان دەکات پاکیان دەکاتەوە لە هەرچى خوا پێی ناخۆشە ، دەشیان ڕازێنێتەوە بەهەر شتێک کە خوا پێی خۆشە لەهەموو ڕوویەکەوە – وە شەریعەت و بەرنامەى ژیانیان فێر دەکات ، وە حیکمەتیشیان فێر دەکات ، ( حیکمەت بەماناى ئاداب و ڕەوشتى بەرزو قسەى بەجێ و کردارى بەجێ دێت) هەرچەندە ئەو خەڵکە پێش ئەوەى (محمد)یان ﷺ بۆ بێ ، بە تەئکید لە گومڕاییەکى ئاشکرادا بوون .
جا لێرە با تەماشا بکەین : خواى پەروەردگار چوار ئیشى بۆ پێغەمبەرەکەى دەست نیشان کردوون ، کە وەک ئەرک پێیان هەڵدەستێ :
١.خوێندنەوەى ئایەتەکانى خوا .
٢. تەزکیە کردنى ئەو خەڵکە .
٣. کتێب فێرکردنیان.
٤. حیکمەت فێر کردنیان .
جا هەندێک لە زانایان و توێژەرەوانى قورئان ، کتێب و حیکمەتیان بە قورئان و سوننەت تەفسیر کردوون ، بەڵام وانیە ، چونکە ئەگەر (کتاب) قورئان بێت ، خۆ ئایەتەکانیش کە پێغەمبەر  ﷺ  دەیانخوێنێتەوە هەر قورئانن ، جا چۆن پێشى ئایەتەکان دەخوێنێتەوە ، پاشان قورئانیان فێر دەکات ؟!! بەڵکو بە بۆچونى بەندە (کتاب) لێرەدا بەماناى بەرنامەى ژیانەو (کحمة)یش واتە چۆنیەتى پیادە کردنى ئەو شەریعەتەیە بەشێوەیەکى ڕاست و دروست، بە تەئکید سوننەتى پێغەمبەریش ﷺ دەبێتە هۆى ئەوەى کە تۆ بەڕاست و دروستى شەریعەتى خواى پەروەردگار جێبەجێ بکەى ، بەڵام ووشەى حیکمەت بە ماناى سوننەت نیە ، چونکە خواى پەروەردگار دەربارەى (لقمان) دەفەرموێ :{ وَلَقَدْ آتَيْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ...(١٢) } لقمان ، واتە: ئێمە حیکمەتمان بە لوقمان بەخشى ، دیارە کە (لقمان)یش پێغەمبەر نەبووە ، کەواتە حیکمەت بەماناى قسەى بەجێ و کردارى بەجێ یە ، یاخود لە (نیشانە)دان لە قسەو کرداردا ، ( الأصابة في القول والفعل). 
ئینجا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە تەزکیە کردن و، فێرکردنى کتێب و فێرکردنى حیکمەت ، هەرسێکیان دەچنەوە نێو ئەو ئایەتانەى کە (محمد) ﷺ دەیانخوێنێتەوە بەسەر ئەو خەڵکەدا کە بۆیان ڕەوانە کراوە ، کەواتە قورئان هەڵدەستآ بە تەزکیە کردنى خەڵک، وە فێرکردنیان لە شەریعەت و پاشان فێر کردنیان لە حیکمەت ، جا ئایا ئێمە چۆن دەتوانین ئەم سێ ئەرکە بە قورئان لە نێو کۆمەڵگاى خۆماندا جێبەجێ بکەین ، وە ئەو سێ ئامانجە بێنینە دى و چۆن دەتوانین کۆمەڵگایەک بنیات بنێین ، کە تەزکیە کراوبن وکیتاب فێرکراو بن ، وە حیکمەت فێرکراویش بن ؟!
لەڕاستیدا تەنها بەهۆى شوێنکەوتنى پێغەمبەرەوە ﷺ ئەوە دەتوانین ، چونکە پێغەمبەرى خاتەم ﷺ چۆن قورئانى خوێندۆتەوە بە لەفظ بەسەر خەڵکدا ، وە بۆ خۆشی بە کردەوە لە خۆیدا جێبەجێی کردووە ، تۆش ئاوا بکە خەڵک بە هۆى ئەو قورئانەوە تەزکیە دەکەى ، وە دەشیانخەیە سەر بەرنامەى خواى پەروەردگار ، وە حیکمەت و ئاداب و ڕەوشتى بەرزیشیان فێر دەکەى ، کەواتە : دیسان بۆ لێتێگەیشتنى قورئان ، وە بۆ لەخۆدا جێبەجێ کردنى ، وەلەکۆمەڵگەدا بەرپا کردنى ، دەبێ لە ژیانى پێغەمبەر ﷺ شارەزا بین .  
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  عەلى باپیر
لاپەڕە  / (33-36)