گرنگى شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ
سێیەم : لەڕووى خواپەرستى و دیندارییەوە :
شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ هۆکارێکى زۆر گرنگە بۆ ئەوەى بزانین چۆن خواپەرستى و دیندارى بکەین ، چونکە بە بێ ئاشنا بوون و تێگەیشتن لە ژیان و گوزەرانى پێغەمبەر ﷺ ناتوانین بەو شێوەیە کە خوا دەیەوێ دیندارى و خواپەرستى بکەین ، چونکە پێغەمبەر ﷺ چاکترین بەندەى خوایەو سەروەرو کۆتایی پێغەمبەرانیشەو یەکەمینى موسوڵمانانە ، لەڕووى زەمەنییەوە بە نیسبەت ئۆممەتى، وە لە ڕووى پلەو پایەو (رُتبِي) یەوە بە نیسبەت هەموو مرۆڤایەتى، چونکە ئەو لەهەموو کەس بۆ خوا گەردن کەچتر بووە ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { قُلْ إِنَّنِي هَدَانِي رَبِّي إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ دِينًا قِيَمًا مِّلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا ۚ وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ (161) قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (162) لَا شَرِيكَ لَهُ ۖ وَبِذَٰلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ (163) } الأنعام .
سەرنج بدەن لێرەدا خواى پەروەردگار بە (محمد) ﷺ دەفەرموێ وا بڵێ دیارە (محمد) ﷺ وایە ، چونکە لە کاتێکدا کە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : ئاوا خۆت پێناسە بکە ، دیارە لەڕاستیدا وایە ، { قُلْ إِنَّنِي هَدَانِي رَبِّي إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ } واتە : ئەى (محمد) ﷺ ئەتۆ بڵێ : من پەروەردگارم ڕێنمایی کردوم بەرەو ڕاستە شەقام { دِيناً قِيَماً } ، واتە : بەرنامەیەکى ڕاست و دروست و بێ گرێ و گۆڵە {مّـِلَّةَ إِبْراهـِيمَ حَنِيفاً }، واتە : ئەو بەرنامە ڕاست و دروستەیە کە ئیبڕاهیم لەخۆیدا بەرجەستەى کردووە ، چونکە (دین) کە پاڵ دەدرێتە لاى ئینسان پێی دەگوترێ (میللەت ) ، وە کە پاڵ دەدرێتە لاى خوا پێی دەگوترێ (دین) ، ناگوترێ : (دینى ئیبڕاهیم ) ، بەڵکو دەگوترێ (میللەتى ئیبڕاهیم ) ، کەواتە (میللەت)، واتە : ئەو کەسەى کە دینى لەخۆیدا بەرجەستە کردوە (حَنِيفًا ۚ )، واتە : ئیبڕاهیم وازى هێنابوو لەهەرچى (باطل)ە و ڕێی حەقى گرتبوو لە هەموو ڕووەکانەوە ، { وَماكَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ} ، واتە : لەهاوبەرش پەیداکەران نەبوو .
کەواتە : لەڕووى بەرنامەوە ئەوە بەرنامەى (محمد)ە ﷺ ، وە دیندارییەکەشى لەسەر ئەو خەتە ڕاستەیە ، جابا بزانین لە ڕووی پراکتیزە کردنى ئەو بەرنامەیەوە چۆنە ، لەو بارەیەوە خوا دەفەرموێ : {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} واتە: ئەى (محمد) ﷺ بڵێ : بە تەئکید نوێژم و قوربانى سەربڕینم و ژیان و مردنم هەمووى بۆ پەروەردگارى جیهانیانە .
کەواتە : ئەوە (محمد)ە ﷺ نوێژو قوربانى سەربڕینیشى تەنیا بۆ خوا بووە کە دوو عیبادەتى ڕووحین، وە ژیان و مردنیشى هەمووى هەر بۆ خواى پەروەردگار بووە. پاشان دەفەرموێ : {لَا شَرِيكَ لَهُ ۖ وَبِذَٰلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ } ، واتە : خوا هیچ هاوبەشى نین ، وە من بەوە فەرمانم پێکراوە کەوابم ، وە من یەکەمینى موسوڵمانانم ، واتە : من هیچ هاوبەش بۆ پەروەردگارم دانانێم نەلە نوێژمدا نەلە قوربانى سەربڕینمدا ،وەک خواى گەورە دەفەرموێ {فَصَلّ ِ لِرَبّـِكَ وَانْحَرْ (٢)} الکوثر ، واتە : نوێژ هەر بۆ پەروەردگارت بەرپا بکەو قوربانیش بەس بۆ وى سەرببڕە ، هەروەها لە هەڵسوکەوتەکانى ژیانمدا هاوبەشى بۆ دانانێم و ئەمرو نەهی و حەڵالڵ و حەڕامیش بەتەنها لە خوا وەردەگرم ، وە ژیانم لە هەموو ڕووەکانیەوە : سیاسی و ئابوورى ، کۆمەڵایەتى و خێزانى ، بەجۆرێک ڕێکدەخەم کە خوا دەیەوێ ، جا دیارە ئا ئەوە خوا بەیەکگرتنى ڕاستەقینەیە .
بەڵێ پێغەمبەرمان (محمد) ﷺ یەکەمینى موسوڵمانانە لە ئوممەتەکەیدا لە ڕووى زەمەنییەوە ، وەیەکەمینى هەموو بەشەریەتە بۆ موسوڵمانەتیى لە ڕووى پلەو پایەوە ، واتە لەهەموو پێغەمبەران زیاتر بۆ خوا ملکەچ و موسوڵمان بووە ، هەرچەندە پێغەمبەران – علیهم الصلاة و السلام- هەموویان لە لوتکەدا بوون ، بەڵام (محمد) ﷺ لە لوتکەى هەرە بەرزى لوتکەکاندا بووە .
کەواتە ئێمە کاتێک دەتوانین خواپەرستیی و دیندارییەکى ڕاستەقینە بکەین کە بەتەواوى بە دواى ئەو پێغەمبەرە ﷺ بکەوین ، وە کاتێک دەتوانین چاکى بەدوا بکەوین ، کە چاکى شارەزابین و بزانین چۆن ژیاوەو چى کردووە ، ئینجا خواى پەروەردگار بە (محمد) ﷺ دەفەرموێ :{ قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۖ لَا إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ ۖ فَآمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ (158)} الأعراف ، واتە : ئەى (محمد) ﷺ ئەتؤ بڵێ: ئەى خەڵکینە من پێغەمبەرى خوام بۆ هەمووتان ، ئەو خوایەى کە موڵکى ئاسمانەکان و زەوى بە تەنیا هى ئەوە ، جگە لەو پەرستراوى دیکە نین ، دەژیێنێ و دەمرێنێ، وە ئیمان بێنن بە خواو بەو پێغەمبەرە نەخوێندەوارەى کە ئیمانى هێناوە بەخواو بە ووشەکانى خوا (کە قورئانە) ، وە شوێنى بکەون بۆ ئەوەى ببنە ڕێنمایی کراو .
لێرەدا خواى پەروەردگار بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : کەتۆ ئاوا خۆت پێناسە بکە کە تۆ ئیمانت هەیە بەخواى پەروەردگارو بە ووشەکانى ، جا دیارە پێغەمبەر ﷺ ئەو ئیمانەى لە ژیانى ڕۆژانەیدا بەرجەستە کردوەو ژیانەکەشى موجەسسەمەى ئیمان و تەقواو بۆخوا سوڵحان بووە .
کەواتە تا زیاتر شارەزا بین بە ژیان و هەڵسوکەوتى پێغەمبەر ﷺ ، زیاتر دەزانین خواپەرستى چۆن دەبێ بەرجەستە بکرێ و ، موسوڵمانەتى و دینداریی دەبێ چۆن بکرێ .
(قتادة) لە عائیشە (خوا لێی ڕازى بێ ) دایکى موسوڵمانان و هاوسەرى بەڕێزى پێغەمبەرى ﷺ پرسى : ئەخلاق و ڕەوشتى پێغەمبەر ﷺ چۆن بووە؟
عائیشە دەفەرموێ : ئایا قورئان ناخوێنى ؟!
ئەویش دەڵێ : با.
عائیشە دەفەرموێ : ڕەوشتى پێغەمبەر ﷺ قورئان بوو ، واتە : قورئان چۆن دەفەرموێ ئاوا بوو .
دیارە ڕستەى : { فأنَ خلقَ الله نبِي الله كان القرآن(١)} واتاو چەمکێکى فراوانترى هەیە لەوەى کە ئێمە دەچێتە زەینمانەوە ، چونکە ووشەى (خُلُق) لێرەدا واتە هەڵسوکەوت بە گشتى ، ئەخلاقى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ خوا ، لەگەڵ خەڵکى خوا ، لەگەڵ ماڵ و خێزان ، لە کاتى جەنگ و ئاشتى ، لەمەیدانى سیاسەت و عیبادەت و چالاکییە کۆمەڵایەتیەکاندا بەشێوەیەک بووە کە قورئان دەفەرموێ ، کەواتە ئێمە کاتێک کەلە ژیانى پێغەمبەر ﷺ باش شارەزا دەبین ، دەکەوینە سەر ڕاستە شەقامێک کە چۆن دیندارى بکەین بۆ خواو ، چۆن کتێبى خوا لە خۆماندا بەرجەستە بکەین و ، چۆن موسوڵمانەتى و خوا پەرستى بکەین ؟!
______________________
1)رواە مسلم : ١٧٣٦.
سەرچاوە:
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / عەلى باپیر
لاپەڕە / (٣٦-٤٠)