گرنگى شارەزابوون لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ
چوارەم : لەڕووی کارو چالاکى ئیسلامییەوە :
شتێکى ڕوون و ئاشکرایە لە هەموو ژیانماندا پێویستمان بە سەر مەشق و کەسێک هەیە کە مامۆستاو چاوساغمان بێ ، لەهەموو لایەنەکانى ژیانماندا، بە تایبەت کەسانێک کە بیانەوێت کۆمەڵگاو خەڵکى خۆیان بگۆڕن بە شێوەیەک کە خوا پێی خۆشە ، ئەوانە لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە کە سەرمەشقێکى باشیان هەبێت، چونکە ئەگەر تۆ بە تەنیا لە دیندارى تاکیدا تووشى هەڵیەک بیت بە تەنیاش باجەکەى دەدەیت ، بەڵام ئەگەر لە ڕیزى کۆمەڵێکدا بیت، هەموو کۆمەڵەکە باجەکەى دەدەن ، جا ئێمە بە ئەندازەى ئەوەى کە لە ژیاننامەى پێغەمبەر ﷺ شارەزاو سەرڕاست دەبین و سوودى لێ دەبینین ، بەو ئەندازەیەش خواى گەورە یارمەتیمان دەدات کەلە تەرازووى شەرعدا لاى خواى پەروەردگار مەقبول و پەسەند بین، ئینجا شتێکى بەڵگە نەویستە – وەک دوایی بەدرێژى باسى دەکەین – کە پێغەمبەر ﷺ لەهەموو قۆناغەکانى ژیانیدا بەپێی وەحى بەڕێوە چووەو هەنگاوێکى نەناوە تاوەکو بەرپێی خۆى نەبینێ و ، لەبەر ڕۆشنایی وەحیدا هەنگاوى ناوەو هەڵوێستى دەربڕیوە ، جارى وا بووە پرسیارى لێکراوە فەرمویەتى نازانم ، ویستویەتى بزانێ خواى پەروەردگار لەو بارەیەوە چى دەفەرموێ، جارى واش هەیە لەبەر ڕۆشنایی وەحیدا ئیجتیهادێکى کردووە، بەڵام ئەگەر هەڵەى کردبێ خواى پەروەردگار بۆی ڕاست کردۆتەوە ، ئەوە لە کاتێکدا پێی وابووە کە ئەو ئایەتە دەلالەت لەسەر ئەو شتە دەکات، بەڵام ئەگەر دەق (نص) ێکى لەبەردەستدا نەبوبێ کە ئیجتیهادى لەبەر ڕۆشناییدا بکات ، ئیجتیهادیشى نەکردوەو ڕاوەستاوە تا خواى کاربەجێ ئایەتى بۆ ناردۆتە خوار .
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە با سەرنجى ئەم ئایەتە بدەین ، خواى پەروەردگار دەفەرموێ :{ اِتَّبِعْ مَا أُوحِيَ إِلَيْك مِنْ رَبِّك لَا إِلَه إِلَّا هُوَ وَأَعْرِضْ عَنْ الْمُشْرِكِينَ (١٠٦) } الأنعام ، واتە : شوێن ئەوە بکەوە کە لەپەروەردگارتەوە بۆت هاتووە ، بێجگە لەو پەرستراوێکى دیکە نیە ، وە پشت لە هاوبەشدانەران بکە .
هەروەها دەفەرموێ : { وَاتَّبِعْ مَا يُوحَىٰ إِلَيْكَ وَاصْبِرْ حَتَّىٰ يَحْكُمَ اللَّهُ ۚ وَهُوَ خَيْرُ الْحَاكِمِينَ (١٠٩)} یونس ، واتە: شوێن ئەوە بکەوە کە لەمەودوا بۆت ڕەوانە دەکرێت ، وە خۆڕاگربە تاکو خوا حوکم دەکات ، بێگومان خوا چاکترین فەرمانڕەوایە – وچاکترین دادوەرە - .
هەروەها دەفەرموێ : { قُلْ مَا كُنتُ بِدْعًا مِّنَ الرُّسُلِ وَمَا أَدْرِي مَا يُفْعَلُ بِي وَلَا بِكُمْ ۖ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَىٰ إِلَيَّ وَمَا أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ مُّبِينٌ (٩)} الأحقاف، واتە : ئەى (محمد) ﷺ بە موشریکەکان بڵێ : من لە نێو پێغەمبەرانى خوا – علیهم الصلاة والسلام - شتێکى داهێنراو نیم ، وە من ناشزانم کە من وئێوە چیمان پێ دەکرێت ، دیارە بۆیە خواى پەروەردگار بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ وا بفەرموو، بۆ ئەوەى کە موشریکەکانیش بزانن کە پێغەمبەر ﷺ قورئان لە خۆیەوە ناڵێ ، بەڵکو ناشزانێت کە خواى پەروەردگار ئەمڕۆ ، یان سبەى چى پێ دەفەرموێ و چ شتێکى بۆ حەڵاڵ و چیشى لێ حەڕام دەکات !
ئینجا دەفەرموێ : { وَمَا أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ مُّبِينٌ } ، واتە : من جگە لە ئاگادار کەرەوەو ترسێنەرێکى ئاشکرا ، هیچى دیکە نیم .
کەواتە : ئێمە ئەگەر بمانەوێت چاک بەدواى ئەو وەحییە بکەوین کە بۆ پێغەمبەر ﷺ هاتووە ، دەبێ شوێن پێی ئەو هەڵگرین ، کە قۆناغ بەقۆناغ جێ بەجێ ی کردووە ، چونکە وەحی بەیەکجار نەهاتۆتە خوار ، ئەوەتا موشریکەکان لەو بارەوە ڕەخنەیان گرتوە : { وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا نُزِّلَ عَلَيْهِ الْقُرْآنُ جُمْلَةً وَاحِدَةً ۚ ...(٣٢) } الفرقان ، واتە : ئەوانەى بێ بڕوان گوتیان بۆچى قورئان بەیەک جار بۆی نایەتە خوار ؟!
خواى پەروەردگاریش بەم جۆرە وەڵام دەداتەوەو ، دەفەرموێ : { ... كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ ۖ وَرَتَّلْنَاهُ تَرْتِيلًا (٣٢) } الفرقان ، واتە : ئاوا بۆئەوەى لە دڵ و عەقڵتدا بیچەسپێنین و ، پێ بە پێ بۆت دەخوێنینەوە ، چونکە قورئان بەرنامەى ژیانە ، بۆیە پێویستە جێ بەجێ بکرێ و بۆ ئەوە نەهاتووە ، کە هەر بخوێندرێتەوەو بەس ، بۆیە دەبێت قۆناغ بەقۆناغ بێت ، جا ئێمە لە کارو چالاکى ئیسلامییدا بە ئەندازەى ئەوەى ، کە شارەزاى ژیانى پێغەمبەر ﷺ دەبین ، بە ئەندازەى ئەوە سەر ڕاست دەبین و دەزانین ئەو قۆناغەى ، کە هاتۆتە پێشمان چ قۆناغێکە ، بەبەراورد کردن لەگەڵ قۆناغەکانى ژیانى پێغەمبەردا ﷺ و ، ئەو چ هەڵوێستێکى تێدا وەرگرتوە، ئێمەش ئەو هەڵوێستەى تێدا وەربگرین ، ئەو چۆن و کەى ئایەتەکانى بەچ شێوەیەک جێ بەجێ کردوەو لێکداوەتەوە ، ئێمەش بە هەمان شێوە ، کە بێگومان ئەوەش بەبێ شارەزایی لەبەسەرهات و هەڵوێستەکان و قۆناغەکانى ژیانى پێغەمبەر ﷺ مەیسەر نابێ .
جا داواکارم لە خواى پەروەردگار لەو کەسانەمان بگێڕێ ، کە زیاتر شارەزاى ژیانى پێغەمبەر ﷺ دەبن و ، چاکتر شوێن پێیەکانى هەڵدەگرن ، بەو جۆرەش بژین ، کە پێغەمبەر ﷺ پێی ژیاوە ، بەوشێوەیە بەڕێوە بچین ، کە ڕووسوورى دنیاو دواڕۆژ بین .
_____________________________
سەرچاوە:
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٤٠ - ٤٣)