ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 19/08/2019
  • 922

لە دایک بونی پێغەمبەری خودا (صلی اللە علیە وسلم )

ئیبنو ئیسحاق (رحمە اللە) دەفەرموێت:(عبدالمطلب چوو بۆ لای وەهەبی کوڕی عەبدل مەنافی کوڕی زوهرە لە ناو قوڕەیش دا، ئەو پیاوە ئەو ڕۆژە گەورە و سەرکردەی بەنی زوهرە بوو، لە هەموویان گەورەتر و بەتەمەن تر بوو چووە لای و داوای ئامینەی کچی وەهەبی لێکرد بۆ عەبدوڵڵای کوڕە خۆشەویستی خۆی، ئامینە ئەو ڕۆژە ئافرەتێکی پایە بەرزی ناو هەموو قوڕەیش بوو نەک کوڕانی بەنو زوهرە بەتەنها ،بەوشێوەیە پێغەمبەری خوا صلی اللە و علیە وسلم )لە ڕێگەی دایک و باوکیەوە بووە خاوەنی بەرزترین نەسەب و نەژاد . 
ئیبنو ایسحاق (رحمە اللە) دەفەرموێت :(عبداللە ئامینەی خواست و پاش ماوەیەک عبدوڵڵا مرد و هێشتا پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) لە سکی دایکی دا بوو )
وە ئیمامی زوهری دەفەرموێت عبدالمطلب عبداڵڵای باوکی پێغەمبەری بۆ شاری مەدینە نارد بۆ ئەوەی هەندێ لەخورما و چەکەکانی شاری مەدینەی بۆبکڕێت و بۆی بهێنێت بۆ مەککە ئەوە بوو عەبدوڵڵا ڕۆیشت و لەشاری مەدینە مرد و نێژرا لەو کاتەدا پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم ) لەسکی دایکیدا بوو وە ئامینە کاتێ پێغەمبەری صلی اللە علیە وسلم بوو لەماڵی عبدالمطلبدا بوو . وەخوای گەورە ئاماژە دەدات بەوەی باوکی هەر لە مناڵیەوە مردووە و خوای گەورە داڵدەی داوە بەهۆی باپیری یەوە وەک دەفەرموێت :أَلَمْ يَجِدْكَ يَتِيمًا فَآوَى ) (الضحی)
ئیبنو هیشام رحمە اللە دەفەرموێت (پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم) لە دووشەممەی ۱۲ ی ربیع الاول (عام الفیل) دا لەدایک بووە ،
قەیسی کوڕی مەفرەمە دەفەرموێت :(من و پێغەمبەری خوا لەساڵی فیل لەدایک بوین ) ئەم وتەیەش چەند پاڵپشتێکی بەهێزی هەیە بەفەرمودەی صحیح لەوانە:
٭فەرمودەکەی ئەبو قەتادە کە دەفەرموێت : پرسیارم کرد لە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بۆچی تەنها لەهەفتەیەکدا بەس دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژو دەبێت؟ پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم) فەرموی ( ذاك يوم ولدت فيه ويوم بُعِثتُ أو أُنزِلَ علي فيه )واتە :چونکە دوو شەممە ڕۆژێکە کە من تیایدا لەدایک بوم و وە ڕۆژێکە تیایدا بوم بە پێغەمبەر (صلی اللە و علیە وسلم) و سروشم (وحي)م بۆ دابەزی.
ئیبنو عەباس(رضی اللە عنە)دەفەرموێت :(پێغەمبەری خوا (صلی اللە و علیە وسلم) لە ڕۆژی دوو شەممەدا لە دایک بووە وە هەر لەو ڕۆژەشدا وەفاتی کردووە )
وە ئەو ڕیوایەتانەی کە هاتووە سەبارەت بەوەی چەند نیشانەیەکی سەرەتای ڕوی داوە پێش هاتنی پێغەمبەر (صلی اللە و علیە وسلم) لەو نیشانانە(وەک لەرزینی هەیوانی کیسرا وە کەوتنە خواڕەوەی چواردە تاقی وە کوژاندنەوەی ئاگری فارس وەڕۆچونی دەریاچەی ساوا )هەمووی تێکڕا (ضعیف)ە،وە ئەو فەرمودەیە کە ڕیوایەت کراوە : (من کرامتی ٲنی ولدتُ مختونا ولم یر ٲحد سٶتی ) واتە:(مایەی ڕێز لێگرتنم ئەوەیە کە بەخەتەنە کراوی لە دایک بووم ) ئەمەش بەهەمان شێوە (ضعیف)ە بە بەڵگە ناژمێرێت .
پێغەمبەری خوا (صلی اللە و علیە وسلم) نەسەبی نەک لە قوڕەیشدا پاک بووە بەڵکو لە ئادەمەوە نەسەبی پاک و بەرز بووە و هیچ زینا کارێکی تیا نەبووە تا لە ڕێگەی ئەو زینا کارەوە پێغەمبەری خوا صلی اللە و علیە وسلم پێ لەکەدار بکرێت ... پێغەمبەر( صلی اللە و علیە وسلم ) فەرمویەتی:((خرجت منضعیف نکاح ولم اخرج من سفاخ من لدن آدم ٳلی ٲن ولدنی ٲبی و ٲمی و لم یصبنی من سفاخ الجاهلیة شٸ))واتە:هاتومەتە دەر لەنیکاحێکی شەرعیەوە نەک لە زیناکاری یەوە لە ئادەمەوە تاوەکو دایک و باوکم منیان بووە و هیچ زیناکاریەکی زەمانی نەفامی توشم نەبووە .
پێغەمبەری خوا (صلی اللە و علیە وسلم ) لەدایک بوو یەکەم کەس کە شیری پێداوە ثویبەی خزمەتکاری ئەبو لەهەب بوو کە پێشتر شیری دابوو بە حەمزەی کوڕی عبدالمطلب وە ئەبو سەلەمەی کوڕی ئەبو ئەسەدی مەخزومی . بەڵگەش :
٭فەرمودەکەی ئوم حەبیبەیە کە دەفەرموێت :بە پێغەمبەری خوام (صلی اللە و علیە وسلم) وت :دەڵێن دەتەوێت کچی ئەبو سەلەمە مارە بکەیت . فەرموی کچی ئوم سەلەمە ؟ وتم بەڵی .فەرموی ئەو کچی برای شیریمە و پێم ناشێت ، چونکە ثویبە شیری داوە بەمن و ئەبو سەلەمە )

٭ڕیوایەتەکەی ئیبنو عەباس( رضی اللە عنە)کە دەفەرموێت :پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمویەتی:((حمزة بن عبدالمطلب ٲخي من الرضاعة)) واته :حەمزەی کوڕی عبدالمطلب برای شیریمە 

______________________ 
سەرچاوە (ژیانی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم )لە قورئان و فەرمودەکاندا 
لاپەڕە ۱۷ تا ۲۰
نوسینی:مامۆستا محمد ملا فایەق شارەزوری