مانــــــــــــــــاى وەحـــــــــــــــى :
ووشەى (وحي) لە بەکارهێنانى قورئان دا سێ ماناى هەن :
١)واتایەکى گشتى : کە بریتیە ل ئاراستە کردن و مشوور لێخواردن و ئاماژە کردن و قسەى پەنهان ، ئەگەر تەماشاى ئەو ئایەتانەى خوارەوە بکەین ، ئەو مانا گشتییەى (وحي) زۆر چاک دەدرەوشێتەوە : خواى پەروەردگار دەفەرموێ { وَأَوْحَى رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ أَنِ اتَّخِذِي مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا وَمِنَ الشَّجَرِ وَمِمَّا يَعْرِشُونَ (68) ثُمَّ كُلِي مِنْ كُلِّ الثَّمَرَاتِ فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلًا ...(69)} النحل ، واتە : وە پەروەردگارت (وحي)بۆ هەنگ نارد، کە لە شاخ ماڵ دروست بکەو ، لە دارو درەخت و ، لەو کەپرو ساباتەى خەڵک دروستى دەکەن ، پاشان لە هەموو بەرو میوەکان بخۆو ڕێگایەکانى پەروەردگارت بگرە ، زۆر بە گەردن کەچیى، دەبینین خواى پەروەردگار ووشەى (وحي) بۆ هەنگ بەکار هێناوە ، ، کەبە تەئکید لێرەدا مەبەست پێی ڕێنمایی کردنى (غەریزیی) هەنگە لە لایەن خواى پەروەردگارەوە .
هەروەها لە سووڕەتى (مریم)دا دەربارەەى پێغەمبەر (زەکەرییا) ، لە کاتێکدا کە خواى پەروەردگار موژدەى (یحی)ى کوڕى پێ دەدەات – سەلامى خوایان لێ بێ – کە هەم زەکەرییا بۆ خۆى کەوتبوە تەمەنەوەو ، هەم خێزانەکەشى بەتەمەن و نەزۆک بوو، ئاوا دەفەرموێ : { فَخَرَجَ عَلَىٰ قَوْمِهِ مِنَ الْمِحْرَابِ فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ أَنْ سَبِّحُوا بُكْرَةً وَعَشِيًّا ﴿١١﴾ } مریم ، واتە : زەکەرییا لە (محراب)(١)ەکەى چووە دەرێ بۆ لاى عەشیرەت و هۆزەکەى وە ئاماژەى بۆ کرد کە خوا بەپاک بگرن بەیانیان و ئێواران ، لێرەدا هەموو زانایان لەسەر ئەوە یەک دەنگن کە : { فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ } ، واتە : (فأشار إلیهم) ، کەواتە : لێرەدا (وحي) بەماناى ئیشارەتە ، جا لەکاتێکدا خواى پەروەردگار لەو تەمەنەى زەکەرییادا منداڵێکى پێ بەخشى زۆرى پێ سەیر بوو، بۆیە داواى بەڵگەى نیشانەیەکى لە خواى پەروەردگار کرد ، خواى پەروەردگاریش پێی فەرموو : {... قَالَ آيَتُكَ أَلَّا تُكَلِّمَ النَّاسَ ثَلَاثَ لَيَالٍ سَوِيًّا } مریم ، واتە : نیشانەت ئەوەیە کە سێ شەوو ڕۆژان قسەت بۆ ناکرێ ، بۆیەش بە ئیشارەت پییان دەڵێ: پەروەردگارتان بە پاک بگرن بەیانیان و ئێواران ، چونکە پەروەردگار موعجیزەیەکى ئاوا گەورە دەخوڵقێنێ، کە لە پیاوێکى پیرەمێردو پیرێژنێکى نەزۆک کوڕێک پەیدا دەبێت !!
هەروەها لە سووڕەتى (الأنعام) ئایەتى (١١٢)دا خواى پەروەردگار دەربارەى (شیاطین)(٢) دەفەرموێ :{... شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَىٰ بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا ... } ، واتە : شەیتانەکانى ئادەمیزاد و جنۆکە هەندێکیان (وحي)بۆ هەندێکیان دەکەن ، بە قسەى زریق و بریق و فریودەرانە ، لێرەدا (وحي) یانى : (یوسوسُ) بەو مانایە کە وەسوەسە دەکەن بۆ یەکتر و دنەى یەکتر دەدەن ، وەسوەسەش لە ئەسڵدا بە دەنگى خشڵ دەگوترێ (صوت الحُلِيِّ) ، چونکە خشڵ ، کە دەنگى لێ دێ دەنگەکەى کپە، وەسوەسەش دەنگێکى کپى شەیتانە دەیخاتە دڵی ئەو کەسەوە ، کە بیەوێت فریوى بدات ، ئەوە ماناى یەکەمى ووشەى (وحي) بوو .
٢) واتایــــــــــــەکى تایبــــــــــەتى : کە بریتیە لە ئاڕاستە کردنى خواو ڕێنمایی کردنى بۆ فریشتەکانى و بەندە چاکەکانى غەیرى پێغەمبەران –علیهم الصلاة و السلام-، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { إِذْ يُوحِي رَبُّكَ إِلَى الْمَلَائِكَةِ أَنِّي مَعَكُمْ فَثَبِّتُوا الَّذِينَ آمَنُوا... (12)} الأنفال ، واتە : کاتێک پەروەردگارت (وحي) دەکرد بۆ فریشتەکانى کە من لەگەڵتانم ئێوەش دڵی ئیمانداران دامەزراو بکەن .
هەروەها خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ أُمِّ مُوسَىٰ أَنْ أَرْضِعِيهِ ۖ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِوَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿٧﴾ } القصص ، واتە : ئێمە وەحییمان کرد بۆ دایکى مووسا کە شیر بدە بە کۆرپەکەت ، وە کاتێک کە لێی ترساى بیکوژن بیخە تابوتێکەوە و بیخە نێو ڕووبار، وە هیچ مەترسێ و دڵ تەنگ مەبە ، ئێمە بۆ لاى تۆى دەگێڕینەوە و دەیکەین بە یەکێک لە ڕەوانەکراوانمان .
لێرەدا مەبەست لە (وحي) خواى پەروەردگار بۆ دایکى مووسا – علیهما السلام- خورپە (إلهام)ە ، کە ڕێنمایی کردنێکى پەنهانە و لە زاراوەى شەرعدا پێی دەگوترێ : (إلهام) کەمەبەست خستنە نێو دڵە .
٣) واتایــــــەکى تایبەتى تایبەت : ماناى سێیەمى (وحي) بریتیە لە فەرمایشت کردن و ڕێڕوونى کردن و ئاراستە کردنى خواى پەروەردگار بۆ پێغەمبەرانى –علیهم الصلاة و السلام- چ بە شێوەى ڕاستەوخۆ لە پشتى پەردەوە ، چ بە شێوەى ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەى فریشتەوە ، ئەو ئایەتانەش ماناى سێیەمى وەحییمان بۆ ڕوون دەکەنەوە ، خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { كَذَٰلِكَ يُوحِي إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ اللَّهُ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ ﴿٣﴾} الشورى ، واتە : ئاوا بەو شێوەیە ئەى (محمد) ﷺ خواى باڵا دەستى کاربەجێ وەحى بۆ تۆ دەنێرێ ، وە بۆ ئەوانەى پێش تۆش وەحى ناردوە (کە پێغەمبەرانن –علیهم الصلاة و السلام-) کەواتە : لێرەدا ماناى سێیەمى وەحیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ، ئەویش بریتیە لە قسە کردن و فەرمایشت کردنى خواى پەروەردگار لەگەڵ پێغەمبەرانیدا –علیهم الصلاة و السلام- چ لە پشتى پەردەوە ، وەک لەگەڵ مووسا کردى ، وە لەگەڵ پێغەمبەرى خۆشمان لە شەوى ئیسڕاو میعراجدا ، وە چ لە ڕێی فریشتەوە ، کە ئەوە ڕێگەى گشتى وەحییە بۆ پێغەمبەران –علیهم الصلاة و السلام- ، هەروەها خواى پەروەردگار هەر لەو بارەوە دەفەرموێ : { إِنَّا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ كَمَا أَوْحَيْنَا إِلَىٰ نُوحٍ وَالنَّبِيِّينَ مِنْ بَعْدِهِ ۚ ...(163)} النساء ، واتە: ئەى (محمد) ﷺ ئێمە وەحییمان بۆ لاى تۆ کردووە ، هەر وەک وەحیمان بۆ لاى نوح و پێغەمبەرانى دواى ئەویش ناردوە –علیهم الصلاة و السلام-، هەروەها فەرموویەتى { يُنَزِّلُ الْمَلَائِكَةَ بِالرُّوحِ مِنْ أَمْرِهِ عَلَىٰ مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ ... (2) } النحل ، واتە : فریشتەکان بە ڕووحێک لە ئایینى خۆى لەلایەن خۆیەوە دەنێرێتە خوارەوە بۆ سەر هەرکام لە بەندەکانى کە بیەوێ ، لێرەدا ووشەى (الروح) بە ماناى (وحي)یە ، چونکە وەک چۆن ئینسان بە ڕوح دەژێ و زیندووە ، ژیانى بەشەریەتیش ئاوا بەهۆى (وحي)یەوە ژیانى لەبەر دەبێ و زیندوو دەبێ .
دیارە لە کاتێکدا کە خەڵک ووشەى (وحي) بەکار دەهێنێ زیاتر مەبەستیان پێ ماناى سێیەمیەتى ، وە هێندێکیان وادەزانن ، کە (وحي) تەنیا ئەو ماناى سێیەمەى هەیە ، کە ئەویش بریتیە لە فەرمایشت کردنى خوا لەگەڵ پێغەمبەراندا –علیهم الصلاة و السلام- ، وە ڕاسپاردنى بەرنامەو پەیامى خۆى بۆ لایان بەهۆى فریشتەکانەوە ، لە کاتێکدا کە ئەوە یەکێکە لە ماناکانى (وحي)و ئەو دوو مانایەى دیکەش هەن ، کەواتە : دەتوانین بڵێین (وحي)سێ ماناى هەیە : گشتى و تایبەتى و تایبەتى تایبەت .
دابەزینى وەحى لە چ ڕۆژ و مانگێک دا بووە ؟
لێرەدا مەبەستمان لەیەکەم جارى هاتنى (وحي)یە کە بۆ پێغەمبەرى خوا ﷺ دابەزیوە ، ئایا بۆ یەکەم جار لە چ ساڵ و مانگ و شەوێکدا بووە ؟
بۆ دەستکەوتنى وەڵامى ئەو پرسیارە با سەرنجى ئەم خاڵانە بدەین :
یەک : سەرەتاى هاتنى وەحی و دابەزینى قورئان لە مانگى ڕەمەزان و شەوى قەدردا بووە ، وەک خواى زانان لەم ئایەتانەدا بە ڕاشکاویی ئاماژەى پێ دەکات ، کە دەفەرموێ : { شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ ... (185)} البقرة، واتە : مانگى ڕەمەزانێک کە قورئانى تێدا هاتۆتە خوار ، کەواتە : بە تەئکید سەرتاى هاتن و دابەزینى قورئان لە مانگى ڕەمەزاندا بووە ، هەروەها دەفەرموێ : { إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُبَارَكَةٍ إِنَّا كُنَّا مُنْذِرِينَ (3)} الدخان ، واتە : (ئێمە قورئانمان بۆ یەکەم جار ناردۆتە خوار لە شەوێکى پڕ پیت و پێزدا ، ئێمە ووریا کەرەوەو ئێمە ووریا کەرەوەو ترسێنەرین ) ، کە مەبەست لەو شەوە شەوى (قدر) ە ، وەک دەفەرموێ : { إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ (1) } القدر ، واتە واتە : ئێمە لەشەوى (قدر)(٣) دا قورئانمان ناردۆتە خوار .
دوو : شەوى (قدر) یە کێکە لە (دە) شەوەکانى کۆتایی مانگى ڕەمەزان ، کە فەرمایشتى پێغەمبەر ﷺ لەو بارەوە زۆرن و یەکێکیان ئەم فەرموودەیەیە : {عن عائيشة رضي الله عنها أن رسول الله ﷺ قال: تحرّوا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان } رواه البخاري(٤)، واتە لە شەوە تاکەکانى کۆتایی مانگى ڕەمەزاندا لە شەوى (لیلة القدر) بگەڕێن ، کەواتە : بە تەئکید (شەوى قەدر ) لە شەوە تاکەکانى دە شەوى کۆتایی مانگى ڕەمەزاندایە .
سێ : پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى : کە لە ڕۆژى دوو شەممەدا لە دایک بووەو هەر لە ڕۆژى دوو شەممەشدا بۆ یەکەم جار وەحى بۆ هاتووە ، وەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە : { عن أبي قتادة رضي الله عنه : أن رسول الله ﷺ سئل عن صوم يوم الإثنين ، فقال : يوم ولدت فيه و يوم بعثت و فيه ، أو أُنزل عليَّ فيه} (5) رواه مسلم ، واتە : پرسیار لە پێغەمبەر ﷺ کرا دەربارەى بەڕۆژوو بوونى ڕۆژى دوو شەممە ، ئەویش فەرمووی : ئەوە ڕۆژێکە تێیدا لە دایک بووم و وە تێیدا ڕەوانە کرام یان وەحییم بۆ هاتۆتە خوار ، (بۆ یەکەم جار ، ئەگەر نا وەحی لە هەموو ڕۆژەکانى دیکەى ساڵیشدا هاتۆتە خوار ) .
چوار : بە پێی حسیاباتى فەلەکیی ، دووشەممەکانى مانگى ڕەمەزانى (٤١)ەمین ساڵەى تەمەنى پێغەمبەر ﷺ بریتین لە ڕۆژانى : (٧ ، ١٤ ، ٢١ ، ٢٨ )(6). جا بەلەبەر چاو گرتنى ئەو چوار خاڵەى ، کە ڕابردن ، ناچاریین بڵێین :
شەوى (٢١)ى مانگى ڕەمەزانى (٤١)مین ساڵەى تەمەنى پێغەمبەر ﷺ ، کە شەوى دوو شەممە بووە ، یەکەمین شەوى دابەزینى سەرەتاى وەحى خوا (عزّ و جلّ) بووە بۆ سەر (محمد) ﷺ ، چونکە :
١)وەک گوتمان مسۆگەر سەرەتاى دابەزینى وەحى لە یەکێک لە شەوە بە پێزەکانى مانگى ڕەمەزانى ساڵى یەکەمى پێغەمبەرایەتى (محمد)دا بووە، وەک هەر کام لە ئایەتى (١٨٥) ى (البقرة)و ئایەتى (٣)ى (الدخان) و سوڕەتى (القدر) بە ڕاشکاوى ڕایگەیاندووە .
٢) وە ئەو شەوەش بە تەئکید یەکێکە لە شەوە تاکەکانى (١٠) شەوى کۆتایی مانگى ڕەمەزان ، وەک فەرموودەى پێغەمبەر ﷺ : { تحرّوا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان } دەیگەیەنێ .
٣) وە ئەو شەوە تاکەش بریتیە لە شەوى دوو شەممەى (٢١)ى مانگى ڕەمەزان ، چونکە بەپێی ئەو فەرموودەیەى (أبو قتادة) گێڕاویەتیەوە پێغەمبەر ﷺ لەشەوى دوو شەممەدا وەحى بۆ دابەزێنراوەو دووشەممەکانى (٧ ، ١٤)ى ئەو ڕەمەزانەش ، چونکە ناکەونە دە شەوى کۆتایی و دوو شەممەى (٢٨)یش ، چونکە لە شەوە تاکەکان نیە ، هیچ کامیان ناگونجآ ئەو شەوە دیاریکراوە بن ، کەواتە : ئەو شەوە موبارەکە بە تەئکید شەوى دوو شەممەى (٢١)ى مانگى ڕەمەزانە .
__________________________
1)المحراب:واتە پەرستگاو ئەو شوێنەى کە خوا پەرستى تێدا دەکرێت .
٢) شیاطین : کۆى (شیطان)ە ، وە لەبەکار هێنانى قورئاندا بۆ هەر کەسێک بەکاردێ ، کە لەخوا دوور بێ .
٣) القدر : دوو ماناى هەن ، یان بە مانى پیت و فەڕ دێت ، یان بە ماناى ئەندازە گیرى دێت ، کە دیارە ئەو شەوە هەم شەوێکى بە پیت و فەڕەو هەم شەوێکیشە کە ئەندازە گیرى هەموو کارەکانى ئەو ساڵەى تێدا دەکرێت .
٤) صحيح البخاري : (2017) .
٥) صحیح مسلم : (٢٧٣٩) .
٦) بڕوانە : (الرحیق المختوم) ، لاپەڕە : (١٥) ، صفي الرحمن مبار كفوري .
______________________
سەرچاوە:
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (89-96)