دایەنگاکردنی پێغەمبەر ﷺ لەبەنی سەعد
بەسەرهاتی دایەنگاکردنی پێغەمبەر ﷺ وە پەروەردەکردن و پێ گەیاندنی لە بەنی سەعددا بەم شێوەیە هاتووە:
ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێ:(دایەنگاکردنی پێغەمبەر ﷺ لە لایەن ئافرەتێکەوە بوو لە بەنی سەعدی بەنی بەکر بەناوی حەلیمەی کچی زوئەیبی...)
(حەلیمەی کچی زوئەیبی سەعدی خۆی و مێردەکەی لەگەڵ کوڕێکی بچوکی خۆیاندا کە بە باوەشیەوە بووە و شیری پێ داوە لەگەڵ کۆمەڵە ئافرەتانێکی بەنی سەعد، هاتوون بەرەو شاری مەککە بۆ ئەوەی منداڵیان دەست کەوێت و دایەنگایی بکەن، ئەوەش لە ساڵێکدا بووە کە قات و قڕی و گرانی بووە، حەلیمە دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: من بەسواری کوێ درێژەکەمانەوە بووم وشترێکمان پێ بوو زۆر لەڕ بوو، قەترە شیری تێدا نەبوو سەرتاسەری شەو نەدەخەوتین لەبەر گریانی مناڵەکەم ، ئەوەندەم شیر تێدا نەبوو بیدەمێ و وشترەکەش شیری تێدا نەبوو هیوامان وابوو کە فەڕو بەرەکەت ڕوومان تێ بکات و دەرگای خێرمان لە ڕوودا بکرێتەوە، سواری گوێ درێژەکەمان بووم ئەو کوێ درێژە نەی دەتوانی بڕوات، هاوەڵانم بەجێیان دەهێشتم و زۆر جار پێم دەوتن:لەسەرم بوەستن، ڕۆشتین تا هەموومان گەشتینە مەککە کوڕێکمان بینی و نیشانمان درا.
بەڵام هەموومان پێمان خۆش بوو وەری بگرین کاتێ دەیان گوت ئەمە باوکی نەماوە لە خەیاڵی خۆماندا دەمان وت جاچی بکەین لە دایکی ئێمە دەمانەوێت باوکی لە ژیاندا بێت پاداشتی بەخێوکردنەکەمان بەباشی بداتەوە، منیش پێم ناخۆش بوو بە دەستی خاڵی بگەڕێمەوە و هیچم پێ نەبێت بە مێردەکەم وت: دەچم ئەو منداڵە بێ باوکە دەهێنم ئەویش وتی: قەینا بچۆ بیهێنە بەڵکو خوای گەورە بیکاتە بەرەکەت بۆمان. هەر ئەوەندە بوو چووم و هێنام بەلای شت ومەکەکانم و هەر گرتم بە باوەشمەوە هەردوو مەمکەکانم پڕبوون لە شیرو تێر شیری خوارد و هەردوو منداڵەکەشم تێر شیریان خواردو تێر خەوتن وە مێردەکەشم هەستاو چوو بۆ لای وشترە بە ساڵاچووە لەڕەکە هەر ئەوەندە نزیک بووە وە لێی سەیری کرد گوانەکانی سەرتاسەر پڕبووە لە شیر ئەوە بوو شیرێکی یەکجار زۆری دۆشی و ئەو شەوە بەتێرو تەسەلی خەوتین و شەوێکی خۆشمان بردە سەر ، کاتێ ڕۆژ بووەوە پێی وتم:واللە ئەی حەلیمە منداڵێکی موبارەکە،پێم وت:واللە منیش بەهیوای ئەوەم ، پاشان سواری کوێ درێژەکەمان بووین و بەرەو جێ و ماڵی خزمانی خۆمان لە بەنی سەعد بەڕێ کەوتین.
ئەوە بوو مەسەلەکەم بۆ ئافرەتانی هاوڕێم گێرایەوە و ئەوانیش وتیان:وادیارە منداڵێکی زۆر بە بەرەکەتت گرتۆتە خۆ ئەی حەلیمە، حەلیمەش دەڵێت: وەڵاهی هەمان گوێ درێژ پێشی هەموویانی دەدایەوە ئەوان هیلاک بووبوون و دەیان وت: دە ڕاوەستە لەسەرمان ئەرێ ئەوە کوێ درێژەکە نەبوو کە یەکەم جار هێنابووت، دەڕەحمێکمان پێ بکە وە لەسەرمان بوەستەو پەلەمەکە! هەر ئەوەندەی پێ نەچوو تا گەشتینەوە جێی خۆمان وەڵاهی جێگەیەک بوو کە هیچ زەوی یەک لە زەوییەکانی خوای گەورە بەوشێوەیە وشک و بیابان نەبوو، مەڕەکانم هەر ئەوەندەی کە پێغەمبەری خوا هاتە ئەوێ ئێوارە دەهاتنەوە و هەر هەموویان تێر دەبوون، تێر لەوەڕیان دەخوارد وە گوانەکانیان پڕ لە شیر دەبوون،واللە هەموو مەڕەکانی خێڵەکەی خۆمان بە برسێتی دەگەڕانەوە و چۆڕەچۆڕ شیریان تێدا بوو، تا وایان لێ هاتبوو سەرسام بوون لەو باسە و توڕه دەبوون لە شوانەکانی خۆیان وە دەیان وت:ماڵتان وێران بێ بچن لەو شوێنە بیلەوەڕێنن کە مەڕەکانی حەلیمەی تێدا دەلەوەڕێت با وەک ئەوان تێربن و گوانیان پڕ شیر بێت، دەفەرموێت:پێغەمبەر ﷺ گەورە بوو وەک منداڵێکی ئاسایی نەبوو بەڵکو زۆر زوو خۆی گرت وە زۆر وریابوو ئێمەش زۆر سوور بووین لەسەر ئەوەی کە لە ناوماندا بمێنێتەوە، چونکە دەمانزانی بە هاتنی ئەو چ بەرەکەتێک ڕووی تێکردبووین کەشتی وامان بە خۆمانەوە نەبینیبوو.
پاش ماوەیەک هاتینەوە بۆلای دایکی و پێمان وت:با کوڕەکەت هەر لەلای ئێمە بمێنێتەوە ئێمە دەترسین گەرمای شاری مەککە کاری تێ بکات و نەخۆش بکەوێت ڕێگەمان بدە(تا دوو ساڵی تریش بووە) بگەڕێتەوە ناومان وەلامان بێت ئەویش ڕێگەی داین و هێنامانەوە بۆ لای خۆمان، وە لەدوای هاتنەوەمان بەچەند مانگێک ڕوداوێک ڕوویدا ئەویش ئەوە بوو کە پێغەمبەرﷺ لە ناو مەڕەکانمان دابوو ئەی لەوەڕاندن لەپشت ماڵەکەمانەوە تەنها خۆی و کوڕەکەم بەیەکەوە بوون ئەوەندەمان زانی کوڕەکەم گەڕایەوە بۆ ماڵەوە وتی:دوو پیاو پۆشاک و بەرگی سپی یان لەبەر دابوو(محمد) ی برامیان گرت و بەپشتدا خستیان و سنگیان لەت کرد وا پارچە پارچەی دەکەن (دەفەرموێت) من و باوکی بە پەلە ڕامان کرد بینیمان پێغەمبەری خواﷺ دانیشتبوو ڕەنگی تێک چوو بوو وە پێمان وت:چیت بینیوە؟ پێغەمبەریشﷺ بە هەمان شێوە گێڕایەوە و وتی: دوو پیاوی بەرگ سپی هاتن بۆ لام و منیان خست بەپشت داو سنگیان لەت کردم و شتێکیان لێ دەرهێنام نازانم چی بوو.حەلیمە دەڵێت:ئێمەش گێرامانەوە بۆلای خێوەتگاکەی خۆمان ومێردەکەم وتی:حەلیمە دەترسم ئەو کوڕە تێک چووبێت، تکایە زۆر زوو بیبەنەوە بۆلای دایکی و خزمانی لە مەککە.
حەلیمە دەڵێت:ئێمەش زوو هێنامانەوە بۆ لای دایکی و ئەویش سەری سوڕما چونکە ماوەیەکی کەم لەمەو پێش ئێمە داوامان لێ کردبوو تا ڕێگەمان بدات بیبەینەوە بۆ لای خۆمان،دایکی وتی: بۆچی وەها زوو هێناتانەوە، ئێوە زۆر پێداگریتان دەکرد لەسەر مانەوەی لای ئێوە؟
حەلیمەش وتی:کوڕەکەمان بەخێوکردووە و خۆی گرتووە و ڕاسپاردەی خۆمان وەک پێویست جێ بەجێ کردووە و ئێمە ترساین نەوەک تووشی شتێک بێت بۆیە وا باشە هەرلای خۆت بێت وتی:قەت کاری تۆ بەم جۆرە نەبووە ڕاستم پێ بڵێ چیت بینیوە لەم کوڕە؟ حەلیمە دەڵێت:ئەوەندەی وت ناچاری کردم کە بۆی بگێڕمەوە، منیش بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە بەڵام هەر بە خەیاڵیشیدا نەهات و بایەخی پێ نەدا و وتی:ترسایت کە شەیتان دەستی لێ بوەشێنێت؟ منیش وتم بەڵێ، ئەویش وتی:نەخێر وەڵاهی شەیتان دەستی ناگاتە ئەم کوڕەم، و لە پاشەڕۆژیشدا دەبێت بە کەسێکی بایەخدار، چونکە من کاتێک لە سکم دابوو بینیم لە خەوم دا نورێک لێمەوە دەرچوو کۆشکە بەرزەکانی کیسرا و هەرقلی شامی ڕووناک کردەوە.
_________________________________________
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
لەنووسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
ص:۲۱-۲۲