ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 23/08/2019
  • 743

دابڕانى وەحى و چۆنیەتى حیکمەت و ماوەکەى :


أ‌) چۆنیەتى بچڕانى وەحى : 
بوخاری دەربارەى بچڕانى وەحى ، گوتوویەتى : (وَفَتَرَ الْوَحْيُ فَتْرَةً حَتَّى حَزِنَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِيمَا بَلَغَنَا حُزْنًا غَدَا مِنْهُ مِرَارًا كَيْ يَتَرَدَّى مِنْ رُءُوسِ شَوَاهِقِ الْجِبَالِ ، فَكُلَّمَا أَوْفَى بِذِرْوَةِ جَبَلٍ لِكَيْ يُلْقِيَ مِنْهُ نَفْسَهُ تَبَدَّى لَهُ جِبْرِيلُ فَقَالَ يَا مُحَمَّدُ إِنَّكَ رَسُولُ اللَّهِ حَقًّا ، فَيَسْكُنُ لِذَلِكَ جَأْشُهُ ، وَتَقِرُّ نَفْسُهُ ، فَيَرْجِعُ ؛ فَإِذَا طَالَتْ عَلَيْهِ فَتْرَةُ الْوَحْيِ غَدَا لِمِثْلِ ذَلِكَ ، فَإِذَا أَوْفَى بِذِرْوَةِ جَبَلٍ تَبَدَّى لَهُ جِبْرِيلُ فَقَالَ لَهُ مِثْلَ ذَلِكَ)(١) ، بوخاریی دەڵێ : پێم گەیشتووە ، کە (وحي) بۆ ماوەیەک بچڕا پێغەمبەر ﷺ زۆر دڵتەنگ بوو ، دڵ تەنگ بونەکەى بەڕادەیەک بوو کە چەند جارێک دەچوو بۆ سەر لوتکەى چیا بەرزەکان بۆ ئەوەى خۆى هەڵداتە خوارێ ، وە هەر جارێک کە دەچوو بۆسەر لووتکەى شاخەکان (جبریل) خۆى پیشان دەداو دەیگوت : ئەى موحەممەد بێگومان تۆ پێغەمبەرى خواى ، پێغەمبەریش دڵی ئاسوودە دەبوو و ، دەروونى ئارامى دەگرت و دەگەڕایەوە ، کە وەحى بچڕانەکەى درێژەى دەبوو دیسان دەچوو بۆ سەر لوتکەى چیا بەرزەکان بۆ ئەوەى خۆى هەڵبداتە خوارێ ، بەڵام دیسان (جبریل) لێی دەردەکەوت و پێی دەگوت ، کە بە تەئکید تۆ پێغەمبەرى خواى ، ئەویش دەگەڕایەوە ، (مەبەست لە بچڕانى وەحی دواکەوتنى وەحى بووە ، بۆ ماوەیەکى کەم )(٢).
ب‌) حیکمەتى بچــــــــــــڕانى وەحـــــــــی : 
(ابن الحجر العسقلاني) گوتوویەتى (وفتور الوحي عبارة عن تأخره مدة من الزمان وكان ذلك ليذهب ماكان  ﷺ وجده من الروع وليحصل له التشوق إلى العودِ)(٣)، (ابن الحجر العسقلاني) ى کە زانایەکى گەورەیە لە زانا فەرموودە ناسەکان دەڵێ: (بچڕانى وەحى بریتیە لە دواکەوتنى بۆ ماوەیەک ، ئەوەش بۆ ئەوە بوو ،کە ئەو ترسەى بۆ پێغەمبەر ﷺ دروست بووە لێی لابچێ ، وە لەلایەکى دیکەشەوە بۆ ئەوەى تامەزرۆیی زیاترى هەبێ بۆ وەرگرتنى وەحى ) ، چونکە لە کاتێکدا کە وەحى بۆ پێغەمبەر ﷺ دەهاتەخوارێ زۆر قورس بوو لەسەرى ، لەو بارەوە دایکمان (عائیشە) – خوا لێی ڕازى بێ- وەک بوخاریی بۆمان دەگێڕێتەوە گوتوویەتى : (لە ڕۆژى زۆر ساردە زستاندا کە پێغەمبەروەحى بۆ هاتبا دڵۆپى عارەقى دەردەکرد و بە دەم وچاوى موبارەکیدا دەهاتە خوارێ )(٤) ، هەروەها (زید بن ثابت) لەو بارەوە گوتوویەتى : (جارێکیان ڕانى موبارەکى پێغەمبەر ﷺ لەسەر ڕانم بوو کە وەحى بۆ هات ئەوەندە قورسایی خستە سەر ڕانم خەریک بوو ڕانم وورد بێ )(٥) ، هەروەها دەگێڕنەوە جارى وا هەبووە پێغەمبەر ﷺ لەسەر حوشتى بووە کە وەحى بۆ هاتووە ، حوشترەکەى پێی بە عەرزیدا چۆتە خوارێ  ، چونکە پێغەمبەر ﷺ  کەوتۆتە حاڵتێکى سەختەوە تاکو وەحیەکەى وەرگرتووە .
ج‌) ماوەى بچــڕانى وەحــــــــــــــــــی : 
پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : {   جاورت بحراء  فلما قضيت جواري هبطت ، فنوديت فنظرت عن يميني فلم أر شيئا ، ونظرت عن شمالي فلم أر شيئا ، ونظرت أمامي فلم أرَ شيئاً ، ونظرت عن خلفي فلم أر شيئا ، فرفعت رأسي فرأيت شيئا ، فأتيت خديجة ، فقلت : دثروني ، وصبوا علي ماء باردا ،قال فدثروني وصبوا عليّ ماءً بارداً ،  فنزلت : يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ (١) قُمْ فَأَنْذِرْ (٢) وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ (٣) وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ (٤) وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ (٥) وَلَا تَمْنُنْ تَسْتَكْثِرُ (٦) وَلِرَبِّكَ فَاصْبِرْ (٧)  المدثر ،  ثم تتابع الوحی }  رواه البخاري(٦)، واتە : ماوەیەک لە خەڵوەدا بووم – کە مەبەستى لە مانگى ڕەمەزانە – کاتێک خەڵوەکەم تەواو کرد لە شاخ چوومە خوار ، بانگ کرام ، تەماشاى لاى ڕاستم کرد هیچم نەبینى تەماشاى لاى چەپم کرد هیچم نەبینى تەماشاى پێش خۆم کرد هیچم نەبینى ، تەماشاى پشت خۆم کرد هیچم نەبینى ، سەرم بەرز کردەوە شتێکم بینى ، {لە ڕیوایەتێکى دیکەى بوخاریدا هاتوە بە ژمارە (٤٩٢٤) ، ئەو فریشتەیەم بینى ، کەلە غارى (حراء) بۆ یەکەم جار هاتبوو بۆ لام ( فإذا الملك جاءني بحراء)، کەلەسەر کورسیەک دانیشتبوو لە نێوان ئاسمان و زەوى ، زۆر لێی ترسام تاکو کەوتم } دوایی چومەوە بۆ ماڵێ و بە خەدیجەم گوت : دامپۆشن و ئاوى ساردم پێدا بکەن و ،ئاوى ساردیان پێدا کردم و پاشان دایان پۆشیم ، پاشان ئەو ئایەتانە هاتنە خوار : ( ئەى ئەو کەسەى خۆت لە نوێنى وەرپێچاوە ، هەڵسەو خەڵکى ئاگادار بکەوە ، وە پەر وەردگارت بە گەورە بگرەو ، بەرگ و پۆشاکت پاک بکەوەو ، واز لە گوناهـ  بێنەو- وەک ، کە هەر وازت لێهێناوە - ، وە شت مەبەخشەو بەزۆرى بزانی ، وە بۆ پەروەردگارى خۆت ئارام بگرە ) پاشان وەحى بەردەوام بوو .

چۆنیەتى دەلالەتى ئەم فەرمایشتەش لەسەر دیارى کردنى ماوەى ئەو بچڕانەى وەحى بەم جۆرەیە : 
١) ڕستەى (جاورت بحراء) ماوەیەک لە ئەشکەوتى حیڕادا لە خەڵوەدا بووم ، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات ، کە ئەو ماوەیەى پێغەمبەر ﷺ تێیدا چۆتە خەڵوەوە لە کاتى هاتنى وەحى دا ماوەى مانگێک بووەو مانگى ڕەمەزانیش بووە ، چونکە بۆ یەکەم جار لە شەوى قەدردا وەحى بۆ هات ، وەک پێشتریش ڕوونمان کردەوە .
٢) ڕستەى (فلما قضیت جواري) ، واتە : کاتێک کە خەڵوەکەم تەواو کرد ، دەریدەخات کە پێغەمبەر ﷺ ئەو مانگە کە مانگى ڕەمەزانە هەمووى لە خەڵوەدا بووە ، وە دواى ئەوەى ، کە تەواوى کردووە لە شاخ هاتۆتە خوار .
٣) ڕستەى (فإذا الملک الذي جاءني بحراء) ، واتە : ئەو فریشتەیەم بینى ، کەیەکەم جار لە ئەشکەوتى (حراء) هات بۆ لام ، کەواتە ئەو ڕستەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوە کە ئەو جارە جارى دووەمى بووە (جبریل ) ببینێ .
٤) ئینجا وەک سەلماندمان پێغەمبەرى خوا ﷺ لە شەوەى (٢١)ى ڕەمەزاندا بۆ یەکەم جار وەحى بۆ هاتووە ، وە لەم فەرموودەیەشدا دەریخستووە جارى دووەم ، کە (جبریل)ى بینیوە کاتێک بووە کە خەڵوە یەک مانگیەکەى تەواو کردووە ، کەواتە : ئەم جارى دووەمە کە (جبریل) ى بینیوەو سەرەتاى سوورەتى (المدثر) ى بۆ دابەزیوە ، پاش کۆتایی مانگى ڕەمەزان بووە ، واتە (١)ى شوال ئینجا دیارە کە ماوەى نێوان (٢١)ى (رمضان) هەتا (١)ى (شوال)یش (٩) یان (١٠) ڕۆژە .
کەواتە : بچڕانى وەحى بۆ ماوەى نێوان دابەزینى سوورەتى (العلق) و سەرەتاى سوورەتى (المدثر) ، یانى : (٩) یان (١٠) ڕۆژ بووە ، نەک وەک هەندێک لە زانایان گوتوویانە : سێ مانگ یان سێ ساڵ !! بەڵکو چەند ڕۆژێک بووەو هیچى دیکە .
بۆیە دەتوانین زۆر بە دڵنیاییەوە بڵێین : (محمد)ى کوڕى (عبدالله)ى کوڕی (عبدالمطلب) ﷺ بە دابەزینى (إقرأ) پلەى پێغەمبەرایەتى (النبوَّة)ى پێ بەخشراوە و بە هاتنى (المدثر) یش پلەى ڕەوانە کراوێتى (الرسالة)ى پێ دراوە و ماوەى نێوانى ئەو دوو ئەرکەش (٩) یان (١٠) ڕۆژ بووە .
بەڵام ئەوەى هەندێک لە مێژوو نووسان و زانایان گوتویانە کە پێغەمبەرى خوا ﷺ سێ مانگ ، یان سێ ساڵان وەحى لێ بچڕاوە ، وە هەندێکیان دەڵێن سوورەتى (الضحى) کە خواى بەرز تێیدا دەفەرموێ : { مَا وَدَّعَكَ رَبُّكَ وَمَا قَلَىٰ ﴿٣﴾} الضحى، واتە : پەروەردگارت وازى لێ نەهێناوى و لێت تووڕە نەبووە ، هەر بەو بۆنەیەوەو بۆ دڵدانەوەى پێغەمبەر ﷺ هاتۆتە خوار ، ئەوانە هیچیان وانین، بەڵکو پێغەمبەر ﷺ لە (٩) یان (١٠) ڕۆژ زیاتر وەحى لێ نەبڕاوە .
پێش کۆتایی هێنان بەم باسەش بە کورتى ئاماژە بە جۆرەکانى هاتنى وەحى بۆ پێغەمبەر ﷺ دەکەین ، کە وەک (ابن القیم)(٧) دەڵێ : ئەم شەشەن :
١/ خەونى ڕاست (الرؤیا الصادقة) .
٢/ (جبریل) شتێک بخاتە دڵی پێغەمبەرەوە بێ ئەوەى ببینرێ ، وەک فەرموویەتى : ( ان روح القدس نفث في روعي : أن نفساً لن تموت حتى تستكمل رزقها وأجلها ، فاتقوا الله وأجملوا في الطلب) ، رواه ابن حبّان في صحيحه.
٣/ (جبریل) لە شێوەى پیاوێک دێتە لاى و شتى پێ ڕادەگەیەنێ ، ئەم شێوەیە هێندێک جار هاوەڵانى بەڕێزیشى بینیویانە .
٤/ هێندێک جار وەحى بۆ هاتووە لە شێوەى دەنگى جەڕەسدا ، کاتى وابووە کە بەم شێوەیە وەحى بۆ هاتووە لە کاتێکى زۆر سەرمادا ئارەقەى پێدا هاتۆتە خوارێ .
٥/ (جبریل ) لە شێوەى ڕاستەقینەى خۆیدا هاتووەو پێغەمبەر ﷺ بینیویەتى و وەحى لێ وەرگرتوە ، کە ئەمە دوو جار ڕووى داوە ، وەک لە سووڕەتى (النجم) دا هاتووە .
٦/ ئەو شێوازەى کە خواى مەزن لە شەوى (معراج) دا وەحى بۆ پێغەمبەر ﷺ کردووە لە کاتێکدا کەلە سەرووى ئاسمانەکان بووەو نوێژى لەسەر واجب کردووە ، کە ئەمیان وەک قسە کردنى ڕاستەوخۆى خوا بووە لەگەڵ مووسادا : {... وَكَلَّمَ اللَّهُ مُوسَىٰ تَكْلِيمًا ﴿١٦٤﴾} النساء .
شایانى باسیشە ، کە ئێمە لێکۆڵینەوەیەکى خەست و خۆڵمان لە بارەى وەحییەوە لە کتێبى (الإسلام كما يتجلّى في كتاب الله) کردووە (٨).  
_______________________________
١/ صحيح البخاري ، رقم  الحديث (٦٩٨٢) .
٢/ بەڵام هەندێک لە زانایانى فەرموودە تێبینیان لەسەر ئەم ڕووداوە هەیە بۆ وێنە : خاوەنى کتێبی (السیرة النبویة عرض وقائع و تحلیل الأحداث) د. على محمد الصلابي کە لە لاپەڕە (٨٤)دا گوتوویەتى : (أما ما جاء بلاغًا أنه ﷺ حزن حزنًا جعله يغدو ليتردى من شواهق الجبال، وأن جبريل - عليه السلام - كان يظهر له في كل مرة ويبشره بأنه رسول الله فمرسل ضعيف، كما أنه يتنافى مع عصمة النبي ﷺ)
٣/ كتاب فتح الباري ، ج١ ، ص ٣٦ .
٤/  صحيح البخاري :  (٢) .
٥/ بڕوانە :  (فتح الباري ) ، ج٨ ، ص (٧١٠) .
٦/ صحيح البخاري ، برقم :  (٤٩٢٢) .
٧/ (ابن القيم) گوتوویەتى : حەوتن ، بەڵام من پێم وایە شەش و حەوت هەر یەکن و حەوت دووبارەى  شەشە .
٨/  (المفصل الخامس) ى (الباب الثاني) دا .
_____________________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٩٦ - ١٠١)