ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 27/08/2019
  • 622

بانگەوازى پێغەمبەر خوا ﷺ بە شێوەى تاکیى و پەنهانیى

 
وەک پێشتر باسمان کرد خوا – عزّ وجلّ – (محمد بن عبدالله) ﷺ ى كرد بە کۆتایی پێغەمبەران – علیهم الصلاة والسلام- وە یەکەمین شت کە بۆى هاتۆتە خوارێ بریتى بوو لەو پێنج ئایەتەى سەرەتاى سووڕەتى (العلق) کە بە بناغەى تێڕوانینى ئیسلامیی دادەنرێن  کە ئەمانەن : {بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ  : اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (١) خَلَقَ الْإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ (٢) اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ (٣) الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ (٤) عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ (٥)} العلق .
ئەم پێنج ئایەتە بەسەر یەکەوە هاتوون و ئایەتەکانى دیکەى ئەم سووڕەتە لە دواى ئاشکرا کردنى بانگەواز بۆ پێغەمبەر ﷺ هاتوونە خوار ، چونکە باسى هەڵوێستى (ابو جهل) دەکەن کەلەبەرامبەر پێغەمبەردا ﷺ کە بێگومان (أبو جهل) و باقى سەرانى دیکەى کوفر کاتێک ئەزیەت وئازارى پێغەمبەریان دەست پێکردووە ، کە پێغەمبەر ﷺ بانگەوازى خواى ئاشکرا کردووە ، کەواتە پێنج ئایەتى یەکەم لەگەڵ ئایەتەکانى دواتریان لە سووڕەتى (العلق) قۆناغى هاتنە خوارەوەیان جیایە ، ماناى ئەو پێنج ئایەتەش بەم شێوەیەیە : بخوێنە بەناوى ئەو پەروەردگارەتەوە کە دروستى کردووە ، ئینسانى لە خوێن پارە دروست کردووە ، بخوێنەو پەروەردگاریشت زۆر بەخشندەیە ، ئەو زاتەیە ، کەبەهۆى قەڵەمەوە – ئینسانى – فێر کردووە ، ئینسانى فێرى هەر شتێک کردووە کە نەیدەزانى .
ئەم پێنج ئایەتە ئەو حەوت حەقیقەتەیان لێ وەردەگیرێن ، کە حەقیقەت و ڕاستى زۆر گەورەن ، وە بناغەو بنەماى تێڕوانین و بونناسیی ئیسلامیی دەربارەى ژیان و بوون پێکدەهێنن :
یەکەم / لە ووشەى (اقرأ) وەردەگیرێ ، ئەویش ئەوەیە ، کە پێغەمبەرو ﷺ شوێنگەوتووانى دەبێ وەحى خوا بخوێننەوە ، دیارە دەقێکیش ، کە دەیخوێنینەوە ، بۆ ئەوەیە ، کە لێی تێبگەین و شارەزاى بین ، دوایش کارى پێ بکەین ، کەواتە بەرنامەى ژین دەبێ لە خواوە بێ (جل شأنه) ، کە پێویستە ئینسان بیخوێنێتەوەو لیی تێبگاو کارى پێ بکات ، وە بەپێی ئەوە ژیانى تاکیی و کۆمەڵیی خۆى ڕێک بخات ، وە زۆر جیی سەرنجە یەکەمین وشە ، کە خواى پەروەردگار ئاراستەى پێغەمبەرى دەکا ﷺ دەفەرموێ : (بخوێنە) ، واتە ئەو بەرنامەو وەحییە بخوێنەوەکە خوا بۆت ئەنێرێ .
دووەم / حەقیقەتى دووەم { بِاسْمِ رَبِّكَ } بەناوى پەروەردگارت ، چونکە بەرنامەى ژین دەبێ لە پەروەردگارەوە بێت و بەناوى ئەویشەوە بێت ، کە دروستکەرى هەموو شتێکەو دەزانێ چ شتێک دەگونجێ لەگەڵ سرووشتى ئینساندا و زانیارییەکەى بێ سنوورە .
سێ یەم / لێرەدا ووشەى (رب) بەکارهاتووە کە یەکێکە لە سیفەتەکانى خواو بەماناى پەروەردەکەرو بەخێوکەرو مشوورخۆرو گەورەو سەروەر دێت ، وە بەماناى بەرنامە ڕێژو پەرستراویش دێت ، چونکە ئەو کەسە شایستەى ئەوەیە ، کە بەرنامەى ژیان بۆ ئینسان دابنێ ، کە پەروەردەکەرو مشوورخۆر و سەیید و بەدیهێنەرى ئینسانە ، ئەویش خواى پەروەردگارە  - جل شأنه- بۆیە خواى پەروەردگار ووشەى { رَبِّكَ }  بە : { الَّذِي خَلَقَ } پێناسە دەکات ، واتە ئەو پەروەردگارەى کە دروستى کردوە ، کە لێرەدا (مفعول) ى (خَلَق) (محذوف)ە ، واتە : نەیوتوە چى دروست کردووە ، بۆ ئەوەى زەینى ئینسان بەرەو هەموو شتێک بچێ ، چونە هەرچى بە زەینى تۆدا دێ خوڵقاندوویەتى ، کەواتە تەنیا بەدیهێنەرو دروستکەرى هەموو دروست کراوەکان ، شایستەى ئەوەیە کە پەروەردگارى ئینسان بێت و بەرنامەى بۆ دابنێ .
چوارەم / خواى پەروەردگار لەنێو هەموو دروستکراوەکانیدا باسى ئینسان دەکات چونکە ئینسان دروستکراوێکى زۆر ناوازەى خواى پەروەردگارە ، { خَلَقَ الْإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ } ، واتە : ئینسانى لەخوێنپارە دروست کردووە ، ئینسان لەماوەى دروست بوونیدا بەچەند قۆناغێکدا دەڕوات ، کەخواى پەروەردگار لە چەند شوێنێکدا باسى کردوون ، وەک {نُطْفَةٍ} ، { عَلَقَةً } ، { مُضْغَةً} ، دوایی ئێسقان، دوایی ئێسقانەکە بە گۆشت دادەپۆرێ ، دوایی ڕووحى بەبەردا دەکرێ ، وە {عَلَقَةً} بریتیە لەو { نُطْفَةٍ } یەى کە گەشە دەکات دوایی خۆى بە منداڵدانى ئافرەتەوە هەڵدەواسێ، وەک ژیاندارێکى زۆر بچون بە چاویش نابینرێ ، لێرەدا خواى زانا سەرنجمان ڕادەکێشێ بۆ ئەو سەرەتاى سەرەتایە کە ئێمە زیندەوەرێک بووین و نەبینراوین و پەروەردگار ئێمەى لەوێوە هێناوەو کردوینى بە ئینسانێکى تەواو ، کەواتە : ئەو خوایەى ئاوا ئێمەى پەروەردە کردووە ، هەر ئەویش ئەتوانێ لە قۆناغەکانى دیکەى ژیانماندا ژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتى و خێزانى و ...هتد ، بەبەرنامەى خۆى پەروەردەمان بکات ، وەک دەفەرموێ : { مَا لَكُمْ لَا تَرْجُونَ لِلَّهِ وَقَارًا (١٣) وَقَدْ خَلَقَكُمْ أَطْوَارًا } نوح، واتە : ئەوە چیتانە ڕێزى خوا ناگرن، لە حاڵێکدا بەچەند قۆناغێک درووستى کردوون ؟! وە فەروویەتى : {... خَلْقًا مِّن بَعْدِ خَلْقٍ فِي ظُلُمَاتٍ ثَلَاثٍ ...} الزمر، واتە : دروستکران دواى دروستکران ، یان قۆناغ دواى قۆناغ لەنێو سێ تاریکییاندا ، کەواتە ئەو پەروەردگارە حەکیم و زانایەى کە ئێمەى لەنێو سێ تاریکیداو لەنێو منداڵدانى دایکماندا ڕێنمایی کردوە ، هەرئەویش دەتوانێ لە هەموو قۆناغەکانى دیکەى ژیانماندا ڕێنماییمان بکات و بەرنامەى ژیانمان بۆ دابنێ و هیدایەتمان بکات .
پێنجەم / کە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ } واتە : بخوێنەو پەروەردگارى تۆش زۆر بەخشەرە ، (کریم) واتە : بەخشەر ، (الأکرم)یش پلەى هەرە بەرزو باڵاى (کریم)ە ، ئەویش بۆ ئەوەیە کە ئینسان هەمیشە ئومێدەوار بێ و بەهیواى بەخشش و چاکەى خواى پەروەردگار بێ .
شەشەم / کە خواى پەروەردگار ئەفەرموێ : { الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ } ، واتە : خوا ئینسانى فێر کردووە بەهۆى قەڵەمەوە ، کە لێرەدا خواى پەروەردگار ئاماژە بە ڕۆڵى قەڵم و پێنووس دەکات لە فێر کردنى ئینسان دا ، ئاماژەیە بە گرنگى دان بە هۆکارەکانى فێرکردن . 
حەوتەم / کە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ} ، واتە : فێرى ئینسانى کرد ئەوەى کە نەیدەزانى فێرى ببێ ، لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات ، کە ئەوەى خواى پەروەردگار لە ڕێی پەیامێکدا كە بە پێغەمبەرراندا – علیهم الصلاة والسلام- ناردوویەتى بۆ بەشەرییەت ، ئینسانى فێرى شت کردووەو ، کە ئینسان بەبێ ئەوە نەیدەتوانى بۆ خۆى فێر ببێ ، واتە : وەحى  ئەو حەقیقەت و ڕاستیانە فێرى ئینسان دەکات ، کە ئینسان ناتوانێ بۆ خۆی پەییان پێ بەرێ ، خەڵکى وا هەیە دەڵێ : باشە بۆ خواى پەروەردگار باسى چۆنیەتى دروست بوونى تەلەفزیۆن و بەرهەمەکانى دیکەى تەکنەلۆژیاى نەکردووە ...؟
وەڵامەکەى ئەوەیە  ، کە ئەو شتانە لەژێر تواناو قەڵمڕەوى ئینساندان و ، ئینسان بۆ خۆى دەتوانێ ئەو شتانە دروست بکات ، بێ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ وەحى ،بەڵام خواى کاربەجێ ئەو شتانەى خستۆتە نێو وەحی خۆیەوە ، کە ئینسان لەڕێی عەقڵەوە پەییان پێ نابات ، نەک ئەو شتانە کە ئینسان بەهۆى عەقڵی خۆیەوە پەییان پێ دەباو لەژێر قەڵەمڕەوى عەقڵیدان ، کە خواى زانان بە پێویستى نەزانیوە لە ڕێی پێغەمبەرانەوە – علیهم الصلاة والسلام-  ئینسانیان لێ ئاگادار بکاتەوە .
لێرەدا بۆمان هەیە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین : بۆچى یەکەمین ووشە، کە خوا ئاراستەى پێغەمبەرى ﷺ دەکا (اقرأ)ە بخوێنەیە ؟ بۆچى پێی نەفەرمووە ، کە خوا بناسەو باسى ئیسپاتى بوونى خواى نەکردووە ؟! بۆچى باسى بەدیهێنەرایەتى خواى نەکردووە ؟! 
   بە بۆچونى بەندە هۆیەکەى ئەوەیە ، کە قەناعەت هەبوون بە پەروەردگارێتى و بەدیهێنەرایەتى خوا ، شتێکى خواڕسکەو لە سروشت (فطرة)ى ئینسانەکاندا ، وە پێویستى بە فێر کردن ناکات ، وەک خواى پەروەردگار دەربارەى موشریکەکان دەفەرموێ : {وَلَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ خَلَقَهُنَّ الْعَزِيزُ الْعَلِيمُ (٩) } الزخرف ، یان دەفەرموێ : {وَلَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ خَلَقَهُمْ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ فَأَنَّى يُؤْفَكُونَ (٨٧)} الزخرف ، واتە : ئەگەر لێیان بپرسى کێ ئاسمانەکان و زەوى و خۆشیانى دروست کردوە ؟ دەڵێن : (خوا) ، کەواتە : خواى پەروەردگار نە لێرەو نە لە هیچ شوێنێکى دیکەشدا بەپێویستى نەزانیوە کە بۆ پێغەمبەرى خۆى ﷺ لەو نوختەوە دەست پێ بکات ، کەلە سروشت (فطرة) ى ئینسانەکاندا هەیە ، کە بریتیە لە خوا ناسین بەڵکو هەمیشە خواى پەروەردگار لەگەڵ پێغەمبەراندا – علیهم الصلاة والسلام- لەو خاڵەوە دەستى پێکردووە ، کەبە ئوممەت و میللەتەکانیان ڕابگەیەنن : چۆن خوا بپەرستن و بەندایەتى بۆ بکەن و چۆن خواى بەرزو مەزن لە خۆیان ڕازى بکەن ؟! چونکە خەڵک زانیویانە کە خوا هەیە ، بەڵام نەیانزانیوە چۆن ڕەفتارى لەگەڵدا بکەن وچۆنی بیپەرستن ، وە ئایا ئەو خوایە چى پێ چاکەو چی پێ خراپە ؟ یان چى حەڵاڵ کردووەو چى حەڕام کردووە ؟ بەڵام کە خواى پەروەردگار لە قورئاندا لەزۆر شوێنان باسى بەدیهێنەرایەتى و ناوو سیفەتە بەرزەکانى خۆی دەکات ، ئەوە بۆ ئەوەیە کە خەڵکى زیاتر خوا بناسن و بەسیفەتەکانى باشتر ئاشنا بن .
ئینجا دواى ئەو (٥) ئایەەتى سەرەتاى سووڕەتى (العلق ) خواى پەروەردگار (٧) ئایەتى سەرەتاى سووڕەتى (المدثر)ى بۆ پێغەمبەر ﷺ ناردن ، کە پێی فەرمووە : { يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ(١) قُمْ فَأَنذِرْ (٢) وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ(٣) وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ (٤) وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ(٥) وَلَا تَمْنُنْ تَسْتَكْثِرُ(٦) وَلِرَبِّكَ فَاصْبِرْ}، واتە :  ئەى ئەو کەسەى کە خۆت لە نوێنى وەرپێچاوە ! هەڵسە پی و ئاگادار بکەوە ، وە پەروەردگارت بە گەورە بگرە ، وە بەرگ و پۆشاکت –یاخود پەرێزت- پاک بکەوە ، واز لە گوناح بێنە ، وە ببەخشەو بەخشینەکەشت بە زیاد مەزانە ، وە بۆ پەروەردگارى خۆت ئارامگربە. 
ئەم حەوت ئایەتەش کۆمەڵێک بەهاو حەقیقەتى زۆر گەورە دەگرنە نێو خۆیان ، کە پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمانى پێکراوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو حەقیقەتانەى لەم حەوت ئایەتەدا هەن دەست بەکار ببێ و ، بێگومان بۆ ئێمەو بۆ هەر کەسێکیش کە بیەوێ لە ڕێى پێغەمبەرەوە ﷺ بڕوات و بەشوێن پێی ئەودا هەنگاو هەڵبێنێ ، جێی خۆیەتى زۆر باش سەرنجى ئەم (٧) ئایەتانە بدا ، جا من (٩) حەقیقەتم لێ هەڵێنجاون، کە بریتین لەمانەى خوارەوە :

یەکەم / لە ئایەتى یەکەمدا کە دەفەرموێ { يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ } ئەى ئەو کەسەى ، کە خۆت لە نوێنى وەرپێچاوە !، وشەى (مدثر) لە ئەسڵدا ( مُتَدَثِّر) ە ، وە (دثار)یش بریتییە لەو شتەى کە ئینسان لە کاتى نووستندا خۆى پێ دادەپۆشێت ، وە (شعار)یش ئەوەیە کەلەسەر پێستەوەیە ، واتە بەرگ و پۆشاک ، دیارە ئەم تەعبیرە لێرەدا جۆرێکە لە قەسەى خۆش لەگەڵ کردن (ملاطفە)ى پێغەمبەر، وەک جارێکیان پێغەمبەر ﷺ بە (عەلى) ئامۆزاى دەفەرموێ : ( قم یا أبا تراب) ، لە کاتێکدا ، کە عەلى – خوا لێی ڕازى بێت – لە مزگەوتێکدا نوستبوو تۆز و خۆڵى بە جەستەوە نووسابوو، ئەم ئایەتە ئەوەى لێ وەردەگیرێت ، کە ئەگەر کەسێک بیەوێ پەیامى خوا هەڵبگرێ و خەمى دینى خواى لەبەر بێ ، چونکە ئینسانێکى ئاسایی نیە ، نابێ وەک خەڵکى ئاسایی بژى و وەک چۆن خەڵکى ئاسایی دەخەون و دەخۆن و... هتد ، وەک ئەوان بێ ، جا ئەوە چ پێغەمبەرى خوا بێ ﷺ کەلەپێش هەموو کەسدایە ، چ هەرکەسێکى دیکە بێ ، کەبەڕێی ئەودا بڕوا ، وەبەئەندازەى ئەوە کە دەیەوێ پەیڕەوى لە پێغەمبەر ﷺ بکات ، بەو ئەندازەیەش دەبێ بە سیفەت و ئاکارەکانى ئەو خۆى بڕازێنێتەوە .
دووەم /  حەقیقەتى دووەمیش لە ووشەى {قُمْ} دابە ، کە بەواتاى (هەڵستەپێ ) دێ ، چونکە کەسێک دەتوانێ کاریگەرى هەبێ لەسەر خەڵکى و بیانخاتە کار و هەڵیانبستێنێ ، کە بۆ خۆى ووریاو ئامادەو هەڵستاوبێ ، هەر بۆیە خواى پەروەردگار کاتێک باسى (أصحاب الکهف) دەکات ، دەفەرموێ : {... إِذْ قَامُوا فَقَالُوا رَبُّنَا رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ...(١٤)} الکهف، واتە : کاتێک هەستانە پێ و گوتیان پەروەردگارى ئێمە پەروەردگارى ئاسمانەکان و زەوییە .
بۆیە ئینسانى ئیماندار ئەگەر بیەوێ گۆڕانکارى بکات ، پێش ئەوەى قسەیەک بکات پێویستە ، بەکردەوە لە خۆیدا هێنابێتیە دى و لە مەیدانى کارو کردەوەدا قسە بکات .
سێ یەم/  حەقیقەتى سێیەم لە ووشەى { فَأَنْذِرْ } وەردەگیرێ ، ووشەى (إنذار) و (تبشیر) بەیەکەوە هاتوون ، وەک دەفەرموێ: {... بَشِيرًا وَنَذِيرًا... } یان { رُّسُلًا مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ  } ، بەڵام لێرەدا بە تەنیا (إنذار) ە ، چونکە لە قۆناغى یەکەمدا پێویستە خەڵک بێدارو هۆشیار بکرێتەوەو هەڵسێنرێتە سەر پێ ، نێوەڕۆکى ئەو (إنذار)ەش ئەم ئایەتانەو ئایەتەکانى دیکەى قورئان دەیگرنە نێو خۆیان ، کە بریتییە لەوەى : خوا بناسى و بزانى ، کە ئەو بونەوەرە بێ خاوەن نیە ، وە بزانى کە تۆ بەبێ هوودە نەخوڵقاوى و ئامانجێک بۆ ژیانى تۆ دیارى کراوەو حیکمەتێک لە پشت دروستکرانى تۆوە هەیە ، هەروەها ڕێگەیەکت بۆ دیاریکراوەو دەبێ بەو ڕێیەدا بڕۆى ، وە مەنزڵگایەک و هەوارگەیەکت هەیە ، کەبەرەو ئەوێ دەڕۆى ، ئەو(إنذار)ە دەبێ نێوەڕۆکەکەى ئەوە بێ کە ئەو ڕاستییانە بە خەڵکى ئاشنا بکات .
چوارەم / حەقیقەتى چوارەمیش لەوەدایە ، کە دەفەرموێ { وَرَبَّكَ فَكَبِّرْ } ، واتە : وە پەروەردگارت بە گەورە بگرە ، دیارە لێرەدا مەبەست تەنها لەبەگەورە کردنى زارەکیی (لفظي) نیە ، کە بەس بڵێی (الله أکبر) ، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کەبە قسە بڵێی (الله أکبر) وە بەکردەوەش بیسەلمێنى کە خوا لەهەموو شتێک گەورەترە ، وە قەناعەت و فیکرو دڵ و دەروونت واى لێ بێ کە لە خوا گەورەترى تێدا نەبێ ، ئەویش بەوە کە هەرچى خوا دەیفەرموێ هەوڵی جێ بەجێ کردنى بدەى و بەپێی فەرمانى ئەو بەڕێوە بچى ، وە هیچ شتێک لە دڵی تۆدا گەورەتر نەبێ لە ئیهتمام و گرنگى  دان بەوەى کە چۆن خوا لەخۆت ڕازى بکەى ؟ وە چۆن شەریعەت و بەرنامەى خوا لە ژیانى خۆت و خەڵکدا پیادە بکەى ؟ ، ئینجا بە هەڵوێستیش خوا بە گەورە بگریت بەجۆرێ کە هەر کەسێک تەماشاى ژیانى تۆى کرد ئەوەى تێدا ببینێ ، کەبەڕاستى خوا لەلاى تۆ لەهەموو شتێک گەورەترە ، کەواتە : پێویستە ئەوە بە کردەوە ئیسپات بکەى ، ئەگەر نا ئەگەر ئینسان هەزار جار بڵێ : خوا گەورەترە (الله أکبر) ، بەڵا ئەڕەفتارو کردەوە شتێکى دیکە پێش فەرمانى خوا بخات ، ئەوە ماناى وایە ئەوەى کەبە زار گوتوویەتى بەکردەوە هەڵیوەشاندۆتەوە !! ، جابا سەرنج بدەین داخۆ بۆچى خواى پەروەردگار فەرمان بە پێغەمبەر ﷺ دەکات و پێی دەفەرموێ : پەروەردگارت بەگەورە بگرە!! چونکە ئینسان لە ڕێی دیندایی کردن و حەق گوتن و خەڵک بانگ کردن بۆ لاى خوادا تووشى دەیان یاخود سەدان کۆسپ و لەمپەر دێ ، جائەگەر خوات لا زۆر گەورە نەبێ ، ئەوا هەڕەشە و گوڕەشەى خەڵکت لا گەورە دەبێ و ترسو تەماعت لا گەورە دەبێ و دنیاو ئەوەى کە تێیدایە لات گەورە دەبێ و ئەوانەش هەموو دەبنە کۆسپ و لەمپەر لە نزیکبوونەوەت لە خواو ئەتگێڕنەوە بەرەو دوا ، بەڵام کە خواى پەروەردگار لە دڵى تۆدا لە هەموو شت گەورەترو بەڕێزتر و خۆشەویستر بوو ، ئەو شتانەى دیکەت هەموو لەلا بچوک دەبنەوەو ناتوانن پاشەکشەت پێ بکەن و کاریگەریی خراپیان هەبێ لەسەر و ڕێگەت لێ بگرن .
پێنجەم /  پێنجەم حەقیقەت کەلەم ئایەتانە وەردەگیرێت ئەوەیە ، کە دەفەرموێ : { وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ } ووشەى (ثیاب) کۆى وشەى (ثوب)ە واتە بەرگ و پۆشاک (طَهِّرْ)یش یانى : پاکى بکەنەوە ، وە وشەى (طهر) زیاتر بۆ بارى مەعنەوى بەکار دێ و وشەى (نظافة) زیاتر بۆ بارى ماددى بەکار دێ ، کە لێرەدا وا پێ دەچێ هەردوو دیوەکەى پێ مەبەست بێ ، واتە : هەم مانا ڕواڵەتییەکەى و هەم مانا مەجازییەکەى وەک عارەب دەڵێن (فلان طاهر الذیل) ، واتە : (فڵان کەس داوێنى پاکە ، یان پەرێزى پاکە ) ، کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین : { وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ } یانى هەرچى پیس و پۆخەڵیی ماددیی و مەعنەویی هەیە لەخۆتى دوورخەرەوە ، چونکە بەرەو خوایەکى هەرە پاک و چاک بانگەواز دەکەى ، بۆیە بۆخۆشت پێویستە هەوڵ بدەى هەرچى زیاتر خۆت پاک و چاک بکەى ، چونکە کەسێک خەڵکى پێ پاک و چاک دەکرێ ، کە خۆى وابێ .
شەشەم /  حەقیقەتى شەشەم لەو ئایەتەدایە کە دەفەرموێ : { وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ } ، واتە : وە واز لە هەرچى خراپەو پیسى و گوناح هەیە  بێنەو تەرکى بکە وەک تەرکت کردووە ، چونکە تۆ پێویستە خەڵکى دوور بخەیتەوە لە هەرچى خراپەو گوناح و پیسی یە ، جا بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر دەتەوێ خەڵکى پاکسازى بکەى ، دەبێ بۆ خۆت پاک بی ، وە ئەگەر بتەوێ خەڵکى چاکسازى بکەى ، دەبێ بۆ خۆت چاک بی .
حەوتەم و هەشتەم /  حەقیقەتى حەوتەم وهەشتەمیش لەو ئایەتە وەردەگیرێن کە دەفەرموێ : { وَلَا تَمْنُن تَسْتَكْثِرُ }، واتە : وە کاتێک چاکە لەگەڵ خەڵک دەکەى چاکەکەت لەبەر چاو زۆر نەبێ ، وەک کوردەوارى خۆمان دەڵێن : (چاکە بکەو بە ئاوێی دادە) یان (چاکە بکەو لەبیرى بکە) ، جا ئەو چاکەیەش بریتیە لەوەى کە دینى خوایان پێ ڕابگەیەنى و تێبگەیەنى و شارەزایان بکەى ، جا ئەوە بەزۆر مەگرە ، چونکە لە پێناو خوادا هەموو کردەوەو چاکە و ماندووبونێک هەر کەمە .
نۆیەم / حەقیقەتى کۆتایش لەو ئایەتەدایە ،کە دەفەرموێ : { وَلِرَبِّكَ فَاصْبِرْ } واتە : وە بۆ پەروەردگارت خۆڕاگرو پشوو درێژ بە ، وشەى (صبر) یانى : خۆ حەبس کردن و خۆڕاگرتن ، جا ئەگەر سەرنجى ئایەتەکانى قورئان بدەین چەمک (مفهوم)ى وشەى (صبر)مان باشتى بۆ دەردەکەوێ ، بۆ وێنە خواى مەزن لە سووڕەتى (البقرة)دا دەفەرموێ {...وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ...(١٧٧) } البقرة ، واتە : خۆڕاگران لەکاتى نەدارى و نەخۆشى و لەکاتى جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەدا ، هەروەها لە سووڕەتى (البقرة) ئایەتى (١٥٥، ١٥٦) دا دەفەرموێ : {وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الْأَمْوَالِ وَالْأَنْفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ  (١٥٥) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ (١٥٦) }  البقرة . 
کەواتە : هەم پێغەمبەر ﷺ کە ئەرکێکى گەورەى خوایی لەسەر شانەو گۆڕانکارى لە ژیانى مرۆڤایەتیدا دەکات بەرەو ڕێى خواو سەرفرازى ، وە هەرکەسێکیش ڕێگەى ئەو بگرێ و کارى ئیسلامیی ئەنجام بدات ، بێگومان تووشى چەندین گرفت و ئازارو ناڕەحەتیی دەبێ ، بۆیە پێویستە ئارامگر بێ و لەبەرانبەر گرفتەکاندا چەسپیوبێ .
لەوەى ڕابورد ئەوەمان بۆ دەرکەوت ، کە خواى بەخشندە چۆن پێغەمبەرى ﷺ  ئاڕاستە کردووە ، کە بە چ شێوەیەک خەڵکى بانگ بکات بۆ ئیسلام و مەبەست لە بانگەوازەکەى چی بێت ؟وە هەڵسوکەوتى بە گشتى چۆن بێت ؟ کە بێگومان پێغەمبەریش ﷺ بەوپەڕی دڵسۆزى و لێزانانە هەوڵی جێ بەجێ کردنى فەرمانەکانى پەروەردگارى داوەو بەو شێوەیەى پێویستە جێبەجێ ی کردوون .
بەڵکو ژیانى پێغەمبەر ﷺ هەمووى بریتی بووە لەجێبەجێ کردنى قورئان و لە خۆدا بەرجەستە کردنى ئەو ئایەتانەى بۆى هاتونە خوار ، ئەوەش کە ئێمە ئیستا دەیڵێین : شەریعەت دوو سەرچاوەى ڕوونى هەیە : (قورئان و سوننەت) لە ڕاستیدا سوننەتیش هەر چۆنیەتى جێبەجێ کردنى قورئانە ، وشەى (سنة)یش لەقورئاندا بەماناى یاساو قانونى خوا دێ ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : {سُنَّةَ اللَّهِ فِي الَّذِينَ خَلَوْا مِن قَبْلُ...(٦٢) } الأحزاب ، پێغەمبەریش ﷺ وشەى (سنة)ى وەک زاراوەیەکى عورفى بەماناى (ڕێباز) بەکار هێناوە ، کەواتە سوننەتى پێغەمبەر ﷺ واتا شێواز و ڕێبازى پێغەمبەر لە جێبەجێکردنى فەرمانەکانى خوادا ، وە جارى وا هەبووە بۆ جێبەجێکردنى هێندێک لە ئایەتەکانى خوا ، خواى زاناو توانا (جبریل)ى ناردوە تا فێرى بکات و هێندێک جاریش خوا بە ئیلهام خستوویەتە دڵی پێغەمبەرەوە ، کە ئەو ئایەتانە چۆن جێبەجێ بکات ! هێنێک جاریش پێغەمبەر ﷺ ئیجتهادى کردووە ، کە ئەو فەرمانە ئاوا جێبەجێ دەکرێ ، جا ئەگەر لە ئیجتیهادەکەیدا پێکابێتى ئەوا خواى کاربەجێ لێی گەڕاوەو ، ئەگەر بەهەڵەشدا چووبێ ، خواى مەزن بۆى ڕاست کردۆتەوە ، جا ئەگەر لە (اجتهاد)ەکەیدا پێکابێتى ئەوا دوو پاداشتى بووە ، خواى پەروەردگاریش (إقرار)ى لەسەر کردووە ، وە ئەگەر لە (إجتهاد)ەکەیدا نەیپێکابێ ، خواى پەروەردگار بۆى ڕاست کردۆتەوە ، بەڵا ئەجرو پاداشتێکى هەر هەبووە (١)، کەواتە : ئەوەى کەلە قورئاندا وەک گوناهـ (ذنب) پاڵ دەدرێتە لاى پێغەمبەر ﷺ وەک لە سەرەتاى سووڕەتى  (الفتح) دا دەفەرموێ : {إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبِينًا(١) لِيَغْفِرَ لَكَ اللَّهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِكَ وَمَا تَأَخَّرَ...(٢) } ، واتە : ئێمە سەرکەوتنێکى ئاشکرامان بۆتۆ ڕەخساند بۆ ئەوەى ، کە خوا لە گوناهى پێشێ و دوایی خۆش بێ ، لێرەدا مەبەست لە گوناح بۆ پێغەمبەر ﷺ ، واتە : نەپێکانى لە (اجتهاد)دا ، ئەگەر نا هیچ پێغەمبەرێک هیچ گوناهێکى نەکردووە ، کە زانیبێتى ئەوە گوناهە ، بەڵکو ئەوەى کە بۆ پێغەمبەران – علیهم الصلاة والسلام- باسكراوە ، وەک هەڵەو کەم وکوڕیی و گوناهـ ، هەمووى بریتی بووە لە هەڵەى (إجتهاد)یی ، واتە : شتێک وایان زانیوە کە ئاوا چاکە ، بەڵام خواى پەروەردگار جۆرێکى دیکەى پێ چاک بووە .
__________________________
١) وەک پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى: ( إذ حكم الحاكم فاجتهد ثم أصاب فَلَهُ أجران ، وإذ فاجتهد ثم أخطأ ، فَلَهُ أجرٌ)  رواه البخاري :  ٧٣٥٢.
__________________________
سەرچاوە: 
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (١١٢ - ١٢٣)