ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

  • 27/08/2019
  • 1096

مردنی دایکی پێغەمبەری خوا ﷺ و گرتنە ئەستۆی لەلایەن باپیرەیەوە



ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:عەبدوڵڵاێ کوڕی ئەبوبەکر رضی الله عنه بۆی گێڕامەوە (کە پێغەمبەری خوا ﷺ دایکی بردوویەتی بۆ لای خاڵوانی لە بەنی نەجاڕ بۆ سەردانی شاری مەدینە لە کاتی گەڕانەوەیان دا بۆ شاری مەککە لە (ئیبواء)کە ناوچەیەکە لە نێوان مەککە و مەدینە، لەوێدا دایکی پێغەمبەرﷺ مرد لەوکاتەدا تەمەنی شەش ساڵان بوو دوای ئەوەی دایکیان لەوێ ناشت). پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئوم ئەیمەن وە لەگەڵ خزمەتکارەکەیدا گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەککە).

بەڵگەش لەسەر ئەمە فەرمودەکەی بورەیدەیە رضی اللە عنە کە دەفەرموێت: پێغەمبەر ﷺ لە ساڵی(ڕزگارکردنی شاری مەککەدا) سەردانی گۆڕی دایکی لەو  جێگەیەدا کرد، وەک ئەبو هوڕەیرە رضی اللە عنە دەفەرمووێ: پێغەمبەر ﷺ گەڕایەوەو گەیشتە(ئیبواء) لەوێ وشترەکەی ڕاوەستاند،پاشان چووە لای گۆڕێکی کۆن و زۆر گریا و وەک ڕێز کەس نەچوو تا بزانێت بۆ دەگری تەنها ئیمامی عومەر نەبێت نزیک بووە وە لێی و پێی وت:بۆچی دەگریت ئەی پێغەمبەری خواﷺ تا ئێمەش بگرین؟ فەرمووی :[(ئەمە گۆڕی ئامینەی کچی وەهابە داوام کرد لەخوای گەورە ڕێگەم بدات سەردانی گۆڕەکەی بکەم ڕێگەی  دام دوای داوام کرد کە داوای لێخۆشبوونی بۆ بکەم ڕێگەی نەدام)].

پاشان عبدالمطلب زۆر بە جوانی پێغەمبەری ﷺ گرتبووە خۆی و زۆر بەزەیی پیادە هاتەوە چونکە دایکی بەو شێوەیە ڕۆشت و باوکیشی پێشتر بەو شێوەیە ڕۆشت ئێستا بێ باوک و دایکە و هەرخۆی تەنهایە نەبرای هەیەو نەخوشک. عبدالمطلب زۆر ڕێزی لێ دەگرت و بە جوانی سەرپەرشتی دەکرد.  ئیبنو ئیسحاق رحمە اللە دەفەرموێت:(عبدالمطلب گەورەی قورەیش فەڕشێکی تایبەتی هەبوو لە ژێر  سێبەری دیواری کەعبەدا وە کوڕانی هەمووی بە چوار دەوریدا لەسەر زەوی یەکە دادەنیشتن، پێغەمبەری خواﷺ بەمنداڵی دەهات لەسەر فەڕشەکە دادەنیشت بەڵام کوڕانی عبدالمطلب دوریان دەخستەوە، عبدالمطلب ئەگەر ئاگای لێ بووایە دەیوت: واز لە کوڕەکەم بهێنن وەڵاهی ئەم کوڕەم دەبێتە کەسێکی زۆر گەورە،پاشان دەیهێناو لە پەنا خۆیدا لەسەر فەڕشەکە دای دەناو ڕێزی لێ دەگرت و بەزەیی پیا دەهاتەوە و دەستی دەهێنا بە پشتیدا و زۆر خۆشحاڵ دەبوو بە بینینی ڕوخساری  پێغەمبەر ﷺ).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەبمەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
لەنووسنی: محمد ملا فائق شارەزووری 
بەرگی یەکەم
ص:۲٦