بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
موعجیزە و ئیعجازی زانستی
 ئیعجازی قورئان لەسەر بونیادی مرۆڤ
25/08/2015
بینین: 4579

ئیعجازی قورئان لەسەر بونیادی مرۆڤ

ماکوان کەریم

لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر قورئان کە چۆن دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا گۆڕانکاری لە ناخ و ڕۆحی مرۆڤدا بکات، سەرلەنوێ دایبرێژێتەوە بە ئاراستەیەکی نوێ، پاشان نهێنی موعجیزەکانی قورئانمان بۆ دەردەکەوێت لەم باسەدا کە دەشێت هەندێکمان پەی مان پێ نەبردبێت..

زۆرم بەلاوە گرنگە کە خوێنەر بتوانیت لەگەڵ ئەم باسەدا ئاوێتە بێت، چونکە سەراپا هەموو هەڵسوکەوت و رەفتاور کرداری دەگۆرێت بۆ مرۆڤێکی تر..
ئەم باسەم لەسەر گرنگی دەقەکانی ناو قورئانە کە قورئان بۆ خۆی پێكهاتووە لە چوار بەشی سەرەکی ئەو چوار تەوەریە کار لەسەر بونیادی تاك و کۆمەڵگاو دەسەڵاتیش دەکات..
یەکەم : بیروباوەڕ (العقیدة)
دووەم: رەوشت و دادپەروەری (الاخلاق، العدالة)
سێیەم: مێژوو (التاریخ)
چوارەم: یاسا یاخود شەریعەت (القانون)
ئیعجازی قورئان لەوەدایە هەموو سورەتێك لە قورئاندا پێكهاوتوە لەم چواربەشە، زیادەرۆیم نەکردوە ئەگەر بڵێم:- هەموو ئایەتێکی قورئانی پێکهاتوە لەو چوار بەشە؛ ئەم چوار بنەمایە بۆ بونیادی تاك وکۆمەڵگاو دەسەڵاتیش پێکهاتەی سەرەکین.

قورئان خەڵکی خاوەن هەست و ژیری دەتوانێت لێ تێبگات، تێگەیشتن لە قورئان ئینسافی دەوێت و بە رقەوە هەر کەس تەماشای بکات خۆی بچوك دەکاتەوە سوکیش دەبێت، هەر کەس قورئان گەورە ڕابگرێت خۆی لەناو خەڵکیدا گەورە دەبێت و پلەشی لای خوا گەورە بەرز دەبێتەوە..
نمونەی ئەبولەهەب دێنمەوە بەر چاو.. مامی پێغەمبەر بوو  (ﷺ)  ، چونکە بەڕقەوە تەماشای قورئانی دەکرد لە ئاست قورئاندا کوێر بوو، لە دوایشدائەوەندە سوك بوو ماڵ و منداڵەکەی خۆی چاڵێکیان بۆ هەڵکەندو فرێیان دایە ناوی، لە سەرەتای بانگەوازی مەککەدا ئایەت لەسەر ئەبولەهەب هاتە خوارەوەو زەمی خۆی خێزانەکەی دەکرد باسی ئەوەی دەکرد کە ئەم خانەوادەیە لە جەهەنمدا دەسوتێن!..
گرنگی قورئان نهێنی قورئان ئا لێرەدایە کە رۆژێك لە رۆژان ئەبولەهەب توانای ئەوەی نەبوو بڵێت: من قورئان دەخەمەوە بە درۆدا ئەوا موسڵمان بووم ١٣ ساڵ توانای ئەم ووشەیەی نەبوو، خۆ ئەگەر ئەبولەهەب یان خێزانی موسڵمان بوونایە ئەوە قورئان بە درۆ دەکەوتەوە..!، بەڵام- چونکە- ئەمە کەلامی خوای موتەعالە هەموو کەس دەستەوسانە لە بەردەمیدا.. دەقی ئەو سورەتەی لەسەر ئەبولەهەب هاتەوە..

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

به‌ناوی خوای به‌خشندی میهره‌بان

تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ ﴿1﴾

ده‌سته‌کانی بشکێت ئه‌بوله‌هه‌ب و ڕیسوا ببێت، ئاشکرایه‌ که‌ هه‌ر ڕیسواش
ده‌بێت و (له‌ ناو ده‌چێت).

مَا أَغْنَى عَنْهُ مَالُهُ وَمَا كَسَبَ ﴿2﴾

ماڵ و دارایی و ئه‌و شتانه‌ی که‌ به‌ ده‌ستی هێناوه‌، فریای ناکه‌وێت.

سَيَصْلَى نَارًا ذَاتَ لَهَبٍ ﴿3﴾

چونکه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ناو ئاگرێکی بڵێسه‌داره‌وه‌ (ده‌خرێته‌ ناوی).

وَامْرَأَتُهُ حَمَّالَةَ الْحَطَبِ ﴿4﴾

هه‌روه‌ها ژنه‌که‌شی که‌ هه‌میشه‌ کۆڵه‌داری به‌ کۆڵه‌وه‌یه‌ (ئازاری پێغه‌مبه‌ر ‘ (ﷺ)   ده‌دات).

فِي جِيدِهَا حَبْلٌ مِّن مَّسَدٍ ﴿5﴾

هه‌میشه‌ گوریسێکی چنراو له‌ پوشی خورما له‌ گه‌ردنیایه‌تی (له‌ قیامه‌تیشدا زنجیری ئاسن ده‌کرێته‌ گه‌ردنی). (کاتێك پێغه‌مبه‌ر  (ﷺ)  
تیرو تایه‌فه‌کانی کۆکرده‌وه‌و په‌یامی خوای پێ ڕاگه‌یاندن ئه‌بو له‌هه‌ب وتی: ‘تبا لك ألهذا دعوتنا’ ئیتر ئه‌م سوره‌ته‌ هاته‌ خواره‌وه‌، که‌ هێرشێکی به‌رده‌وامه‌ بۆ سه‌ر ئه‌بو له‌هه‌ب و هاوسه‌ره‌که‌ی و ئه‌وانه‌ی له‌و ده‌چن.

نمونەگەلێکی زۆر هەن لەو بارەیەوە هەرچۆنێك بووە لەناو بابەتەکەدا ئاماژەی پێدەکەم، کە هەموو ئیعجازی مێژووی و بەلاغی و زانستیی و بنەماکانی قەواعیدی(نحو)ە ..وەهەروەها..
لەهەموویشی گرنگتر قورئان بنەمایەکانی قواعیدی(نحو) بەسەرداد ناسەپێت، بەڵکو قورئان دەیسپەنێت بەسەر زانستەکانی تردا تەنانەت هەموو زانستەکانی تر شوێنکەوتی قورئانن، کە ئەمە گەورەترین معجیزەی قورئانە، پێناچێت ئەم ووشانە هەروا بە ئاسانی بۆ خەڵکانێکی دوور لە ئیسلام و قورئان کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام گاریگەری تەواوەتی دروست دەکات لەسەر دڵ و دەرونی مرۆڤی موسڵمان.

لەسەرەتای بانگەوازی مەککەدا خوای موتەعال ئایەتی دابەزاند لە سورەتی "هودا" فەرمووی ئەگەر راست دەکەن ١٠ سورەت وەك ئەم قورئانە بێنن، رۆژێك لە رۆژان قوریش کە بازاڕو دوکانی ووشەیان هەبوو بیریان لەوە نەکردوە کە وەك قورئان بێنن، چونکە هەموویان دەستەوسان بوون لەبەردەمیدا تەنانەت بازاری "عوکاز" شاعیرەکانی خۆیان بە دەقەکانی قورئان سەرسام بووبوون.. دەقی ئایەتەکە دەفەرموێت..
أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ فَأْتُواْ بِعَشْرِ سُوَرٍ مِّثْلِهِ مُفْتَرَيَاتٍ وَادْعُواْ مَنِ اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ﴿13﴾

(بێ باوه‌ڕان) ده‌ڵێن: (ئه‌م قورئانه‌) خۆی هه‌ڵێ به‌ستووه‌، پێیان بڵێ: ده‌ ئێوه‌ش ده‌ سوره‌ت وێنه‌ی ئه‌م قورئانه‌ بێنن وه‌ هه‌رکه‌س له‌ خوای گه‌وره‌ به‌ده‌ر، ده‌توانن بانگی بکه‌ن (بۆ هاوکاریتان په‌نای بۆ به‌رن) ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن.
رۆژێك لە رۆژان خەڵکی شاری مەککە نەیانتوانی کۆببنەوە هاوشێوەی قورئان شتێك بنوسن..
هەروەها لەسەرەتایی چوونی بۆ شاری مەدینە پێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم) لەوێشدا ئایەتێکی هاوشێوەی ئەو ئایەتە لەسەرەتای سورەتی "البقرة" دابەزی، بەڵام لە مەدینە تەحەداکە بەهێز تربوو داوای لێکردن کە تەنها یەك سوڕەت بنوسن. دەقی ئایەتکە دەفەرموێت..
وَإِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُواْ بِسُورَةٍ مِّن مِّثْلِهِ وَادْعُواْ شُهَدَاءكُم مِّن دُونِ اللّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ ﴿٢٣﴾

ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ دوو دڵیدان و گومانتان له‌م (قورئانه‌ پیرۆزه‌) هه‌یه‌ كه‌ دامان به‌زاندووه‌ بۆ به‌نده‌ی خۆمان محمد  (ﷺ)   ئه‌گه‌ر بۆتان ده‌كرێت ئێوه‌ش هه‌وڵ بده‌ن سووره‌تێكی وه‌ك ئه‌و بهێنن، هاوپه‌یمان و هاوكاره‌كاره‌كانیشتان جگه‌ له‌ خوا (بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌) بانگ بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕاست ده‌كه‌ن.

موعجیزەکە لێرەدایە هیچ کاتێك بیریان لەوە نەکردوە بڵێن وەرە محمد ئێمەش لەو ووشەو بەلاغەت و نحو و ڕێکخستن و تانەنەت ماناو تێگەیشتنەوە هاوشێوەی قورئانمان لایە، بەڵکو سەرسام بوون، واقیعەکەش ئەوندەی تر هەموو لاکانی سەرسام کردبوو، چونکە هەموو چیرۆک و مێژووی بەنی ئیسرائیل بۆ نمونە لە مەککە هاتووە، بێجگە ئەحکام ئەهلی کیتاب زیاتر لە مەدینە دابەزیوە، بەڵام ئەوەی مێژووی بەنی ئیسرائیل و تەنانەت مێژووی گەلانی ترە زۆربەی لە مەککە دابەزیوە، معجیزەکە لێرەدایە، لە ناوشاری مەککەدا یەك تاکە ماڵ مەسیحی و یەهودی تێدا نەژیاوە، بۆیە جولەکەکانی خەیبەرو و ناوچەکانی تر سەرسام بوون.. هەروەها مەسیحیەکانی نەجرانیش هەر سەرسام بوون بە باس و زانیاریەکانی ناو قورئان، ئەو زانیارانەیشی قورئان ئەیدا بە خەڵکی بە گشتی... تەنها زاناو راهیب و کەسە دیارەکانی ئەو گەل و هۆزانە دەیانزانی، کەواتە قورئان بە هەموو پێوەرێک معجیزە بوو، بۆیە نەیانتوانی رووبەروی بوەستنەوە..
قورئانیش هاتەناو ئەو گەلە دواکەوتووە بە خێرای هەموویانی گۆڕی بۆ باشترین خەڵك ئەویش معجیزەیەکی تر بوو، چونکە ئەو ناوچەیە لە جەهالەتدا دەژیان ، بەڵام دوای کە قورئان بووە مەنهەجو دینیان ئیتر ووڵات لە دوای ووڵات فەتحیان دەکرد.. ئیتر ئەمان رەوشت و دادپەروەری و بیروباوەڕیان بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکرد، ئەمە نهێنیەکی گەورەیە کە دەمەوێت ئەو نهێنیە بۆ ئێوەی خوێنەر ئاشکرا بکەم..

خوای گەورە لە سورەتی رەحماندا کە باسی سۆزو میهرەبانی کانگای رەحمەتی خۆی دەکات بەو سیفاتە جوانە دەستپێدەکات پاشان دەفەرموێت..(عَلَّمَ الْقُرْآنَ) قورئان فێر ده‌کات (فێربوون و زانینی قورئان و تێگه‌یشتن له‌ فه‌رمووده‌ی خوای میهره‌بان پیرۆزترین نازو نیعمه‌ته‌ که‌ ئیماندار لێی به‌هره‌وه‌ر ببێت له‌م ته‌مه‌نه‌ کورته‌ی ژیانی دنیایدا(.
ئینجا باسی دروستکردنی مرۆڤ دەکات و دوای ئەوە باسی ئەوەدەکات کە ئاخافتنو ووتوێژی فێرکردوە، ئەگەر لەسەر بنەمای قورئان دابمەزرێت، دڵنیابن کە ئەو نهێنیەی بۆ ئاشکرا دەبێت، بەتەواوەتی بینای کەسایەتی خۆی دەکات، هەروەك چون عەرەب لە ساڵانی جاهیلی خۆیانەوە گەیشتنە ئەوپەڕی شارستانیەت و دەسەڵات و هەموو دوونیا..
ئەگەر تەماشایەکی ڕەوشی ئەو سەردەمە بکەین دەزانین قورئان بەمعجیزەکەی خۆی چ گۆڕانکاریەکی گەورەی کردوە.
نمونەی ئەبو رەجائی عەطاردی- ڕەحمەتی خوای لێبێت- دێنمەوە کە یەکێکە لە شوێنکەوتوانی هەوەڵانی سەروەمان و خۆی پێغەمبەری(صلی اللە علیە وسلم) بینیوە، بەڵام دوای وەفاتی موسڵمان بووە، بە شوێنکەوتووی هەوەڵان هەژمارد دەکرێت..
دەڵێت: لە سەردەمی جەهەلەتماندا کە دەچوینە سەفەر بەردێکمان دەدۆزیەوە دەمانپەرست، ئەگەر بەردێکی باشترمان دەست بکەوتایە ئەومان فرێئەداو دەستمان دەکرد بە پەرستنی بەردە نوێ کەی کە دۆزیومانەتەوە...
ئەگەر بەردنەبوایە چیان دەکرد؟ وازیان لە خواپەرستییەکەیان دەهێنا؟
بێگومان - نەخێر-
- بەڵکو- بەردەوام بۆ ماندەگێڕێتەوە دەفەرموێت: خۆڵمان دەهێناو بەشیری حەیوان دەمانکردە سیرامیك.. یاخود بتێكمان لێدروست دەکرد دەمان پەرست.
ئەوە بارو گوزەرانی ئەو سەردەمە بوو قورئان هات چۆن ئەو خەڵکەی گۆڕی ئینجا ئەمان یەکتاپەرستیان بڵاو دەکردەوە بەناو هەموو جیهاندا..

جعفەری کوڕی ئەبوتالیب - رەزامەندی خوای لێبێت- کە دەچێتە لای نەجاشی پاشای حەبەشە چۆن ووێنای جاهیلیەتمان بۆ دەکات، پاشان چۆن بە زووترین کات گۆڕانکاری بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدێت، کە بە هەموو پێوەرێکی دوونیایی لەو ماوە کەمەدا ناتوانرێت ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیە گەورەیە لە ناو عەرەب و تەنانەت دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەدا بکات، ئەگەر قورئان معجیزەنەبێت..
نەجاشی- رەحەمەتی خوای لێبێت- پرسیار لە جعفەر دەکات دەڵێت: ئەمە چجۆرە ئاینێکە بۆتان هاتوە نە لەسەر ئاینی منن ونە لەسەر ئاینی گەلەکەی خۆتانن؟..
لەوەڵامدا جعفەر دەفەرموێت: ئەی پاشا؛ "ئێمە گەلێکی زۆر دواکەوتو جاهیل بووین.. بەردو بتمان دەپرست، تەنانەت گۆشتی مردارەوەبوشمان دەخوار، هەموو کارێکی فەسادی و خراپەکاریمان ئەنجام ئەدا، خۆشەویستی و سیلەی رەحەم لەناوماندا نەمابوو، رێزی یەکترمان دەگرت و هەمیشە لە گۆڵمەزنانەوەدا بووین، ئەوەی بەهێز بوایە لە ناو ئێمەدا لاوەزەکانی دەچەوساندوە.." تا کۆتای ووتەکانی کە زۆرە لێرەدا ئەوەندە بەسە کە ئاماژەی پێبکەم ئەوە رەوشی ناو عەرەب بوو بەو شێوەیە رەفتاریان دەکرد لەگەڵ یەکدا، بەڵام قورئان هات هەموویانی گۆڕی .

تەنانەت خاتو عایشە دایکی ئیماندارن - رەزامەندی خوای لێبێت- باسی چوار جۆر هاوسەرگیر دەکات یەکێکیان ئەوەی خۆمانە کە ئێستا دەکرێت، ئەو سێ هاوسەرگیریەی تر لەو پەڕی بەد رەوشتیدا بوو..
یەکێکیان زەواجی ئیستیبزاعی پێدەوترێت، کەسێك خێزانەکەی خۆی دەنێرێت لەگەڵ پیاوێکدا جوت بێت تا منداڵێکی لێبیت بۆ ئەوەی منداڵەکەی خاوەن نەسب و شەرف دەربچێت، تەنانەت لە رووی فیترەتەوە روخابوون غیرەو پیاوەتی زۆر کەم بووبوە لە نێوانیداشەرف ئەرزشی نەبوو لە ناویاندا..
هاوسەرگیریەکی تر ئافرتێك چەند پیاوێك دەچونە لای دوای ئەگەر منداڵی بویە ئافرەتەکە دەستنیشانی دەکرد کامە باوکی منداڵەکەیە، جۆرێکی تر لە هاوسەرگیر ئاڵاسورەکان بوون.. لاشەیان دەفرۆشت دوای ئەوەی ١٠٠ پیاو بوچوایەتەلایان ئەوا منداڵێکی بوایە کەسێك دەهات بەناوی نەسەب ناس واتا اهل قافە پێ دەوترێت دەیوت ئەومنداڵە بە دەموچاو لە فڵانیان دەچێت دەبوو بە باوکی دەبوو بەخێوی بکات.
ئەوە گوزرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو سەردەمە بوو..
قورئان هات و هەموو ئەمانەی گۆڕی رەوشت جوانی فێری ئەو خەڵکە کرد
تەنانەت پێغەمبەری خوا (ﷺ)   باسی ئەو سەردمە دەکات دەفەرمۆێت: )إِنَّ اللَّهَ نَظَرَ إِلَى أَهْلِ الأَرْضِ، فَمَقَتَهُمْ عَرَبَهُمْ وَعَجَمَهُمْ إِلا بَقَايَا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ.(..

خوای گەورە سەیری ئەم زەویەی کرد... ئەگەر سەیر بکەین شتێكی زۆر سەرسوڕماوی تێدایە! کەباس لە "مقت" دەکات لەوپەڕی ناڕەحەتی و ناهەمواری چۆنیەتی بێزاربوون لەسەر زەویدا نیشان دەدات، خوای گەورە کەسەیری زەوی کرد بینی لەعەرەب و عەجەمەکان زۆر و خراپەکارییە دەکەن بێزارییەک و ڕقیکی زۆری لەو سەردەمە بوو، پاشان دەفەرموێت؛ (بقایا) لەزمانی عەرەبیدا بۆ شتی کەم دێ؛ واتە خەڵکی لە خاوەن پەرتوکەئاسمانیەکان کەم کەمابونەوە خەڵکی زۆر کەم مابونەوە لەسەر زەویدا کەباشە کاربێت پیاو چاك بێتت.
خوێنەری ئازیز..
رابمێنەو هەڵوێستەیەك بکە پێش ئیسلام دوونیا چۆن بوو، بەڵام کە ئیسلام هات جیهان چۆن گۆڕانکاری بەسەرداهات..
دەپرسین چی گۆڕانکاری کرد؟
وەڵامەکە خۆی دەسەپێنێت بە قورئان ئەم گۆڕانکاریە بنەڕەتیانە کرا، چونکە مرۆڤەکان باش لە ماناو چەمکەکانی قورئان دەگەیشتن بۆیە جاری وا هەبوومرۆڤەکان بە چرکە سات دەگۆڕان و وازیان لەسەروەت و سامان و دەسەڵاتیان دەهێنا، چونکە لە ناو تاریکیدا ژیاون کە ئیسلام هات جیهانی رووناك کردوە بۆیە چێژیان لەو روونکیە وەرگرت ودەیانزانی پێشینیان چەندە لە تەنگەژەوە جاهیلیدا ژیاون..
نمونەی دوو سەرکردەی "ئەوسیی" تان بۆ دێنمەوە ئوسێیدی کوڕی حوزێر و سەعدی کوڕی موعاز - رەزامەندی خوا لە هەردووکیان بێت- کە چۆن قورئان لە چرکەساتدا ژیانی ئەوە خەڵکەی گۆڕی، ئەو دوو هاوەڵابەرێزە موسڵمان نەبوون.. پێغەمبەری خوا  (ﷺ)  "موصعەبی کوڕی عومەیری" ناردبوو بۆ مەدینە تاکو دینداری بڵاو بکاتەوە، ئیسلامەکە وەك بزاڤ وگۆڕانکاری بە خەڵکی بناسێنن.. لەگەڵ کەسێکی خەزرەجی بە ناوی "سەعدی کوڕی زورارە" چووبونە باغێکی ئەوسیەکان، لای خوێنەریش روونەکە ئەوس و خەزرەج ماوەیەکی دووردرێژ شەری ناوخۆیان بوو..
سەعدی کوڕی موعاز- ئوسێیدی کوڕی حوزێر دەنێرت بۆ ئەوەی لە باغەکەدا دەریان بکات و شەرییان پێبفرۆشیت ئەگەر نەرۆشتن لەو جێگایەدا بە زووترین کات دەریان بکات..
کاتێك ئوسێید دەروات بە تورەیەوە و بە قسەی ناشرین دەریان بکات دەڵێت: ئەگەر دەتانەوێت ژیانتان پارێزراوبێت برۆنە دەروە لەم باغەدا، .. موصعب قوریشیە نایەڵێت کە سعدی کوڕی زورارە قسە بکات بۆ ئەوەی رەوشەکە هێور بکاتەوە، خۆی دەست بەجێ قسە دەکات و دەڵێت، دانیشە لامان ئەگەر قسەکانمانت بە دڵ بوو، ئەوە باشەو ئەگەر بەدڵیشت نەبوو ئێرە بە جێدەهێڵین..
لەوەڵامدا ئوسێید ووتی: بەراستی قسەکەت جێگای ڕاستیەو ئینسافی پێوە دیارە..
موصعب هەندێك ئایەتی بۆ خوێندوە..
پاشان دەست بەجێ ووتی : بەڕاستی ئەم ووتانە شیرنن و ئەمە چجۆرە ئاینێکە چی دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بێتە ناوی؟
موصعب ووتی خۆت پاك دەکەیتەوە، جلەکانت پاك دەکەیتەوە، پاشان شایەتومان دێنیت و دوو رکعەت نوێژ دەکەیت.
دەست بەجێ هەڵسا ئەوە کارەی ئەنجامداو موسڵمان بوو ئەمە نهێنی قورئانە کە چۆن لەجەنگەوە گۆڕی بۆ برایەتی لە سەربازگەی کوفرو بێباوەڕیەوە گواستیەوە بۆ سەربازگەی ئیمان و باوەڕ..
لەدوایدا چووە بۆلای سعدی کوڕی موعاز، لە دوورە سعد ووتی دەموچاوی ئوسێید گۆڕاوە لای ئێمە شێوەو شکڵێکی هەبوو کەهاتۆتەوە شێوەی گۆڕاوە..!
لەڕاستیشدا وایە سیماو روخساری مرۆڤی ئیماندار جیاوازە لە سیماو روخساری بێباوەڕ..( سيماهم في وجوههم من أثر السجود)..
ئوسێید کە گەڕاوە نەیوێرا خۆی باس و خواستەکە بۆ سەعدی کوڕی موعاز باس بکات، بەڵکو ووتی : دەتوانی خۆت بڕۆی بۆ لایان، پاشان ئوسێید وا نیشانی دا کە خۆی ناتوانێت، بۆ ئەوەی ئەویش بنێرێت گوێ لە قورئان بگرێت..
بە تووڕەیەوە دەرچو بۆلای موصعەبی کوڕی عومیر و لەگەڵ سعدی کوڕی زورارە، بە توندی و هەرەشەوە ووتی دەرچن لەم جێگایەدا، پاشان هەرەشەی کوشتنی کردو زۆر بە توندو زبری قسەی ئاراستەی ئەو دووهاوەڵە بەرێزە کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارەکەیان بانگەواز بوو دیسانەوە موصعەب نەیهێشت بە هیچ شێوەیەك سعدی کوڕی زورارە قسە بکات خۆی بە هێمنی و ئاسپای پێووت، بۆ دانانیشی لەگەڵماندا هەندێك قورئان لە دینەکەمان بۆ بخوێنمەوە؟
لەوەڵامدا ئەویش هەمان قسەی ئوسیدی کردوە ووتی: بەڕاستی بە ئینسافەوە قسەت کردو گوێت بۆ دەگرم..
موصعەب دەستی کرد بە خوێندنی قورئان بووی و چەند ئایەتێکی بۆ خوێند دەست بەجێ ووتی : بەڕاستی ئەم دینە جوانە چۆن موسڵمان دەبن تا منیش موسڵمان ببم!
موصعەب هەمان ووتەی بۆ دووبارە کردوە ئەویش دەستبەجێ کردی و موسڵمان بوو بەوشێوەیە گۆڕانکاری خێرا هات بەسەر ئەو گەل و هۆزەدا..
لە هەمووی سەرسامتر ئەوە بوو سعدی کوری موعاز گەورە ئەوس بوو، هەموو ئەوسیەکان گوێیان بۆ دەگرت..!
چوو ناو گەلەی ئەوسو هاواری کرد ئەی گەل هۆزەکەم ئەوا من موسڵمان بووم ئەگەر ئێوە موسڵمان دەبن باشە ، ئەگەر نا ئەوا من نە قسەتان لەگەڵ دەکەم نە نان دەخۆم .. هەتاکو ئێوەش هەموو موسڵمان نەبن..!
نەترسا لەوەی کە ئەگەر بەقسەیان نەکرد ئەوا هەموو دەسەڵات و نفوزو توانایەی لە کیس دەچێت، چونکە بە هەیبەتی قورئان و بۆ خوا کاری کرد، بۆیە گەلەکەشی دەست بەجێ وەڵامیان دایەوە ئەوانەی لە گەلی ئەوس لە نەوەی (بني عبد الأشهل) بوون هەموو موسڵمان بوون..!
لەڕاستیدا قورئان ئەو معجیزیە کە دەبێت هەموو کەس تێڕابمێنێت بۆ بینا کردنی مرۆڤ و گۆڕانکاری لە ناخ و دەرون و رۆحدا ئەوە ئەو بزاڤەیە کە باسی دەکەینەوە قورئان معجیزەکەیەتی و داینەمۆی ووزەکەیەتی.
هەندێك لەو باس وچیرۆکە دەقەکەی دەگوازمەوە کە چۆن لە سیرەدا هاتوە
وكان سعد بن معاذ وأسيد بن حضير سيدي قومهما من بني عبد الأشهل، وهما مشركان، فأخذ أسيد بن حضير حربته ثم أقبل إلى مصعب وأسعد وهما جالسان في الحائط، فلما رآه أسعد بن زرارة قال لمصعب : هذا سيِّد قومه، قد جاءك فاصدق الله فيه. قال مصعب : إنْ يجلس أكلمه. قال: فوقف عليهما متشتمًا، فقال: ما جاء بكما إلينا تسفهان ضعفاءنا؟! اعتزلانا إن كانت لكما في أنفسكما حاجة. فقال له مصعب : أوَ تجلس فتسمع؟ فإن رضيت أمرًا قبلته، وإن كرهته كُفَّ عنك ما تكره. قال: أنصفت. ثم رَكَز حربته وجلس إليهما، فكلمه مصعب بالإسلام وقرأ عليه القرآن، فقالا: والله لقد عرفنا في وجهه الإسلام قبل أن يتكلم به في إشراقه وتسهله، ثم قال: ما أحسن هذا الكلام وأجمله! كيف تصنعون إذا أردتم أن تدخلوا في هذا الدين؟ قالا له: تغتسل فتطهر وتطهر ثوبيك، ثم تشهد شهادة الحق ثم تصلي. فقام فاغتسل وطهر ثوبيه وتشهد شهادة الحق، ثم قام فركع ركعتين.

نمونەی .. طوفەیلی کوڕی عەمری دەوسی..
بەرەو مەککە کەوتەڕی بۆ حەج یاخود عەمەرە، لە ڕیگادا خەڵکانێك ووتیان: ئاگاداری خۆت پیاوێك هەیە لەمەککە جادوو لەخەڵکی دەکات و گوی بۆ مەگرە، ئەویش هەردوو گویی خۆی بە لۆکە خنی.. بە دەوری کەعبەدا دەسوڕایەوە، لە پڕ گوێ لەپێغەمبەری خوا بوو (صلی اللە علیە وسلم) قورئانی دەخوێند، ئەمیش سەرسام بوو، پاشان بەخزمەتی سەروەرمان گەیشت ئەویش فەرمووی هەندێك قورئانت بۆ بخوێنمەوە، طوفەیلیش ووتی: ئەی برای قووریش بۆچی بانگم دەکەیت ؟
پێغەمبەرمان فەرمووی بۆ ئیسلام ، هەندێك قورئانی بۆخوێندوە دەست بە جی طوفەیل موسڵمان بوو، لە پاشاندا گەڕایەوە ناو گەل و هۆزەکەی هەموو گەلەکەی چەتە بوون زنینا کار بوون لە دوایدا خوای گەورە رێنموی کردن بەم قورئانە ٧٠ ماڵی "دەوسی" هاتنە ناو ئیسلامەوە یەکێك لەو کەسانە کە هاتە ناو ئیسلام ئەبو هوریرە بوو رەزامەندی خوا لە هەموو هەوەڵان بێت.
ئەو نمونەی قورئانە کە بەو شێوەیە گەل و هۆزەکانی لە سفرەوە گۆڕی بۆ پلەی سەد.
تەنانەت نەیارەکانی ئیسلام و پێغەمبەر (ﷺ)   لە ئاستی قورئاندا دەستەو سان بوون..
وەلیدی کوڕی موغیرە، کە دووژمنی سەرسەختی ئیسلام بوو.. بزانن چۆن باسی قورئان دەکات وەك ئەوە وایە کە بانگخوازێکی ئیسلامی بانگەواز بۆ ئیسلام بکات دەڵێت: سوێند بەخوا قسەکانی محمد شیرینە و خۆشی تێدایە و ڕاستی و دروستی تیدایەو کەس ناتوانێت لێیلابدات، ئەم قورئانە خاوەنی بەرهەمو پێگەیاندانە، ئەوەی دەیوێت بەسەریدا سەرکەوێت دەخاتە ژێر، رۆژ بە رۆژ لەبەرزیداو هەر بەرز دەبێتەوە، ئەویشی دەکەوێت ژێری و دوژمنایەتی دەکات دەیشکێنێت..
والله إن لقوله الذي يقول حلاوة وإن عليه لطلاوة وإنه لمثمر أعلاه مغدق أسفله وإنه ليعلو وما يعلى، وإنه ليحطم ما تحته
هەڵەبەت قسەکانی زۆرەر وەلید کوڕی موغیرە هەرئەوەندە بەسە لێرەدا، کە چۆن پێناسەی قورئان دەکات..
بەهەمانشێوە عوتبەی کوڕی رەبیعە دەنێرنە لای بۆ ئەوەی مفاوەزات و سوڵحی و لەگەڵ پێغەمبەردا بکات (ﷺ)  کۆمەڵێك لە پلەو پایەوە سەروەت و سامان دەخەتە بەردەم پێغەمبەر خوا  (ﷺ)  ، بەڵام سەروەرمان هەر گوێ بۆ دەگرێت، لە دوای ئەوەی کە لێبویەوە لە قسەکانی..
پێغەمبەر  (ﷺ)  فەرمووی: گوێ بگرە بە هەندێك قورئانت بۆ بخوێنمەوە.. لە سەرەتای سورەتی فصلت بۆ خوێندوە تا ئایەتی ١٣ ..
فَإِنْ أَعْرَضُوا فَقُلْ أَنذَرْتُكُمْ صَاعِقَةً مِّثْلَ صَاعِقَةِ عَادٍ وَثَمُودَ ﴿13﴾

(جا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو باسی ده‌سه‌ڵات و توانایی و زانایی خوای گه‌وره‌دا) پشتیان هه‌ڵکردو گوێیان نه‌گرت، پێیان بڵێ: من ئاگادارتان ده‌که‌م له‌وه‌ی که‌ شریخه‌و بروسکه‌و کاره‌ساتێکتان به‌سه‌ر بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ به‌سه‌ر (عاد و ثه‌مود) هات.

ئیتر دەستی گرت بە دەمی سەروەرمانەوە (ﷺ)   تکایی لێکرد کە ئیتر با بەسبێت قورئان نەخوێنیتەوە، چونکە ترساو بە پەلە گەڕایەوە بۆ لای سەرانی قورەیش و دەم چاوی تێك چوو بوو، ئەوانەی لە دارولندوەکەدا بوون ووتیان ئەبو وەلید ماندوو دیارە، کونیەکەی ئەبا وەلید بوو..
دانیشت و هەموو لەدەوری کۆبونەوە ووتیان چی بووە بۆمان باسکە..
ئەویش لەوەڵامدا ئەم ووتانەی پێ ووتن: بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە بۆیگێرانەوە..
هەروەك ئەوەی کە ئەو بانگەوازچی ئیسلامەو بانگیان دەکات بۆ ئەم دینە..
ووتی: سوێند بەخوا ئەوەی لە دەمی ئەوم بیستوە تا ئێستا لەکەسم نەبیستوە، سوێند بەخوا محمد نە شاعیرە و نا جادوبازیشە، پاشان نە کاهینە، ئەی گەل و هۆزەکەم قوریش؛ وازی لێبێنن و بیسپێرن بە من، واز لەم پیاوە بێنن ئەوەی کە دەیکات و دەیڵێت با ئازادبێت، سوێند بەخوا ئەو ووتەنەی کە باسی کرد هەواڵی زۆر گەورەی تێدایە، ئەگەر عەرەب پێبزانێت وئەقڵی پێبشکێت سەربەرز دەبێت پێی، دەوازی لێبێنن با بانگەواز بکات، سەرکەوتنەکەشی بۆ ئێوەیە سەر دەکەوێت بەسەر عەرەب دا بەڵام خۆ موڵکەکەی هەر بۆ ئێوەیە، ئەگەر هاوکاری بن ئێوە دڵ خۆشترین و بەختەوەر ترین کەس دەبن لەگەڵیدا..
زۆر بە بێ ئابڕوانە ووتیان بەخوا ئەبا وەلید جادویشی لە تۆ کردوە..!
لە ڕاستیدا جادو نەبوو بەڵکو خۆشی وشادی قورئانەکە بوو چووە ناو دڵی بەڵام دەسەڵات و سەروەت و سامان و عەشیرەتگەرایی نەهێشت عوتبەی کوڕی رەبیعە موسڵمان بێت، هەروەك مامی پێغەمبەرمان ئەوە هەموو هاوکاریەی کرد، کەچی موسڵمان نەبوو..
بەشێك لە ووتەکانی عوتبەی کوڕی رەبیعە..
أني سمعتُ قولاً والله ما سمعت مثله قَطُّ، والله ما هو بالشعر ولا بالسحر، ولا بالكهانة. يا معشر قريش، أطيعوني واجعلوها بي، وخلوا بين هذا الرجل وبين ما هو فيه، فاعتزلوه، فوالله ليكونَنَّ لقوله الذي سمعت منه نبأٌ عظيمٌ، فإن تصبه العرب فقد كفيتموه بغيركم، وإن يظهر على العرب فملكه ملككم وعزه عزكم، وكنتم أسعد الناس به.
وفي ذهول تام ردوا عليه وقالوا: سحرك والله يا أبا الوليد بلسانه.

نمونەی ئەبی دەحداح..
ئەم هاوەڵە بەرێزەی پێغەمبەرمان (ﷺ)   کەسێکی دەوڵەمەندی شاری مەدینە بوو، گویێ لەو ئایەتەوە بوو کە سەروەرمان خوێندیەوە دەفەرموێت: مَّن ذَا الَّذِي يُقْرِضُ اللّهَ قَرْضًا حَسَنًا فَيُضَاعِفَهُ لَهُ أَضْعَافًا كَثِيرَةً وَاللّهُ يَقْبِضُ وَيَبْسُطُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ ﴿245﴾البقرة

کێ هه‌یه‌ که‌ قه‌رز بدات به‌ خوا (به‌ مه‌رجێك) قه‌رزێكی چاك بێت (له‌ ماڵی حه‌ڵاڵ و بێ منه‌ت بێت، وه‌ به‌خشراوه‌که‌ نازدار بێت)، خواش چه‌نده‌ها زۆر بۆی به‌رانبه‌ر ده‌کات و (پاداشتی بێ سنوری پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڕاستی خوایه‌کی به‌ڕێزو ئازیزمان هه‌یه‌، جێگه‌ی سه‌ڕسوڕمان و سه‌رنجه‌ ئه‌و شێوازه‌ی که‌ هانی ئیماندارانی پێ ده‌دات، بۆ به‌خشین به‌یه‌کترو بۆ به‌خشین بۆ ڕزگاریی گرۆی ئاده‌میزاد)، وه‌ خوا ڕزق و ڕۆژیی و ده‌رامه‌ت که‌م ده‌کاته‌وه‌ یا ده‌یبه‌خشێت (به‌ حیکمه‌ت و ویستی خۆی) وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌شتان بۆلای ئه‌ زاته‌یه‌.
ئەبا دەحداح دەست بەجێ کە گوێی لەم ئایتە بوو فەرموو: ئەی پێغەمبەری خوا (ﷺ)  دەستم بدەرێ.. ئەویش دەستی موبارەکی خستەناو دەستی، بە سەروەرمانی فەرموو من باغێکم هەیە ٦٠٠ داری تێدایە ئەوە بەخشیم بە قەرز بە خوای گەورە.. پاشان هەڵساو چوەلای خێزانی لە ناو باغەکەدا بوو بە دایکی دەحداحی فەرموو، وەرە دەرەوە لەو باغە بە خشیومە بە خوا، دەست بەجێ هاتەدەرەوە نەی پرسی بۆ، یاخود بۆ وات کردوە..
قورئان بەو شێوە کۆمەڵگای پەروەردەکردبوو کە ئامادەیان هەبوو سەروەت و سامانی خۆیان ببەخشن، بۆیە بەزووترین کات فێر بوون گیانی خۆشیان بەم ئیسلامە ببەخشن.. قورئان وای فێرکردون معجیزەکەی ئەوەیە کە بە زووترین کات بینای مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگا دەکات.
لەڕاستیدا خەڵکی بە گشتی بەو شێوە بیر ناکاتەوە ماڵ و سەروەت و سامانی خۆی خۆش دەوێت کەس نیە ماڵی خۆی خۆش نەوێت، بەڵام قورئانە وادەکات کە خۆشەویسترین شتی خۆی ببەخشێت لە سەروەت و سامان و لە گیانی خۆشی..
نمونەی ئەبو طڵحەی ئەنساری کە ئەویش کەسێکی دەوڵەمەندی شاری مەدینەوە بوو باغ و زەویەکی فراوانی هەبوو، لە نزیك مزگەوتی پێغەمبەرمان (ﷺ)   زۆر هەوڵیدا کە لێبکرێت، بەڵام نەدەفرۆشت، کاتێك گوێی لەو ئایەتە بوو کە دەفەرموێت: لَن تَنَالُواْ الْبِرَّ حَتَّى تُنفِقُواْ مِمَّا تُحِبُّونَ وَمَا تُنفِقُواْ مِن شَيْءٍ فَإِنَّ اللّهَ بِهِ عَلِيمٌ ﴿92﴾ ال عمران

ئێوه‌ هه‌رگیز ناگه‌نه‌ پله‌ی چاکی و چاکه‌کاری هه‌تا له‌و شتانه‌ی که‌ خۆشتان ده‌وێن نه‌به‌خشن، هه‌ر شتێکیش ببه‌خشن خوا ئاگاو زانایه‌ پێی، (لێی وون نابێت و بێ پاداشت نابێت).
ئەبو طڵحەی ئەنساری دەست بەجێ هاتە خزمەتی پێغەمبەر (ﷺ)   و فەرمووی ئەوە من ئەو باغەم بەخشیم بە خوا و خۆشەویسترین سەروەت بوو لای من تۆ ئازادی لەوەی چی لێدەکەیت.
ئەم قورئانە بە زووترین کات گۆڕانکاری لە رۆح وناخی خەڵکیدا دەکات و وای لێدەکات شۆرشێك لە ژیان و هەڵسوکەوتو هەموو بونیادیدا بکات.
نمونەی عومیری کوڕی حومام..
لە جەنگی بەدردا سەروەرمان (ﷺ)  فەرمووی: هەڵسن بۆ ئەو بەهەشتەی کە پانتای و فراونییەکەی ئەوندەی زەوی وئاسمانەکانە (قوموا إلى جنة عرضها السموات والأرض)..
عومیر هاتە خزمەتی پێغەمبەر (ﷺ)  فەرمووی: بە سەرسوڕمانەوە دوو جار ووتی(بخ، بخ)! واتا جێگایی تێڕامانی بوو فەرمووی ئەوەندەی زەوی وئاسمانەکانە بەهەشت، سەرەرمان (ﷺ)   فەرمووی: بەڵێ.. ترسا لەوەی بڕوا نەکات، دیسانەوە فەرمووی بۆ بڕوا ناکەیت..؟
عومەیر ووتی: نەخێر پێغەمبەری خوا  (ﷺ)   - بەڵکو من دەمەوێت لە خەڵکی ئەو بەهەشتە بم و بڕوای تەواوەتیم پێی هەیە..!
سەروەری مرۆڤایەتی  (ﷺ)   فەرمووی : تۆ لە خەڵکی ئەو بەهەشتەی، چەند دەنكە خورمایەکی لە دەستدا بوو بیری لەوەکردوە کە ئەو خورمایانە بخوات درەنگ دەکەوێت بۆ بەهەشت، بۆیە خێرا فرێیداو دەستی کرد بە جەنگ تا شەهید بوو.
قورئان وای کرد کە گیانی خۆی ببەخشێت بۆ ئیسلام ، ئەو دیوارەی لە نێوانی عومەیرو بەهەشتدا هەبوو تەنها مردن بوو، بەمردنی چووە ناو بەهەشت.
ئەوە بزاڤی رۆحە کە مرۆڤ بتوانێت لە گەڵ قورئان بژی، کەسایەتی بینا بکات لەسەر قورئان.

زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه