 سڵاو ئه‌ی په‌یامبه‌ره خه‌مبه‌ره‌كه‌م!
له‌م زه‌مه‌نی بێخه‌لافه‌تییه‌دا، له‌م زه‌مه‌نی غوربه‌ت و بێكه‌سییه‌دا، له‌م زه‌مه‌نی عه‌وله‌مه‌دا، له‌م زه‌مه‌نی هێرش و داگیركردنی وڵاتانی ئیسلامییه‌دا، هه‌موو ساڵێك و ته‌نانه‌ت هه‌موو مانگ و ڕۆژ و چركه‌یه‌كیش كه ده‌كه‌ومه یادی جه‌نابتان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر، ئیتر خه‌م و غوربه‌تییه‌كه‌ی خۆمم تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌بیر ده‌چێته‌وه و ده‌كه‌ومه یادی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه به‌ڕێزتانیان تیا ئه‌شكه‌نجه و ئازار ده‌دا و ئه‌وه‌ی ئه‌هلی كوفر و شیركی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا به ئه‌هلی ئیسلام و موسوڵمانانی ده‌كه‌ن، هه‌مان شێوه‌ش به ئێوه‌ی به‌ڕێزیشیان ده‌كرد و بێ هیچ شه‌رم و حیسابكردن بۆ كه‌سایەتی و بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ت، ئه‌وه‌ی ویستیان به‌رامبه‌رت ئه‌نجامیان دا!
هه‌رگیز له‌یادمان ناچێت ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه هه‌رجاره و جه‌نابتانیان به درۆزن و شێت و ساحیر و جادووگه‌ر ناوزه‌د ده‌كرد! هه‌رگیز له‌یادمان ناچێت ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه جه‌نابتان له‌ده‌وری كه‌عبه‌ی پیرۆز نوێژتان ده‌خوێند و سوجده‌تان بۆ خوای تاقانه ده‌برد، ئه‌وان هاتن پیسایی و ناوسكی وشتریان به‌سه‌ردا ده‌كردی! هه‌رگیزاوهه‌رگیز له‌یادمان ناچێت كه سه‌رانی شیرك و بتپه‌رستی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له شیوی ئه‌بووتالیب جه‌نابتان و ماڵومناڵ و خزم و كه‌سوكار و یاوه‌رانت له هه‌موو جۆره جموجۆڵێك ته‌نانه‌تی له كڕین و فرۆشتن و خواردن گه‌مارۆیان دابوون و گریان و زاریی مناڵان له‌چوارده‌وری مه‌ككه ده‌بیسرا. وه خه‌ریك بوو زۆرێك له كه‌سوكار و یاوه‌رانت له‌برسا ده‌مردن!!! هه‌رگیز له‌یادمان ناچێت كه چ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی یاوه‌رانتانیان ده‌دا و ئه‌وه‌ی ویژدانی مرۆڤایه‌تی قبووڵی نه‌ده‌كرد، ئه‌وان به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامیان ده‌دا. وه هه‌رگیز ده‌ربه‌ده‌ری و غه‌ریبییه‌كه‌تم له‌یاد ناچێت كه ئه‌هلی تائیف چی‌یان به‌رامبه‌ر كردی و ده‌ستوپێی موباره‌كتیان خوێناوی كرد و دواتر به چ شێوه‌یه‌ك و به چ حه‌سره‌ت و بێتاقه‌تییه‌كه‌وه به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بوو توانیت بگه‌ڕێیته‌وه شاری مه‌ككه. هه‌رگیز له‌یادمان ناچێت ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌ییی به‌ڕێزتان كه به‌و پێیه موباره‌كانه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كه‌تدا زیاتر له ٤٥٠ كیلۆمه‌ترت له مه‌ككه‌وه بۆ مه‌دینه بڕی و وڵات و ماڵومناڵی خۆتت به‌جێ هێڵا.
پێغه‌مبه‌ره‌كه‌م، نووری چاوه‌كانم، ئێستاش ئوممه‌تت له زه‌مه‌نی غوربه‌تدا ده‌ژی و له‌ماوه‌ی ئه‌م ١٠٠ ساڵه‌ی ڕابوردوودا هه‌رگیز به‌قه‌ده‌ر ئێستا ئوممه‌تی ئیسلام وای به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و بێ‌ناز نه‌بووه! ته‌نانه‌ت له زه‌مه‌نی هۆلاكۆشدا كه زیاتر له ٢ ملیۆن مرۆڤ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له به‌غداد كوژرا، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده ئوممه‌تی ئیسلام لاواز و بێده‌سه‌ڵات نه‌بووه!! بۆیه دڵه‌كانمان پڕه و چاوه‌كانمان پڕله‌فرمێسكه بۆ ئه‌و غوربه‌ته‌ی كه تێیكه‌وتووین.
سه‌ركرده‌كه‌م، ئه‌وه‌نده خۆت به‌ئازار و به‌خه‌م بووی، دڵم نایه هه‌واڵی بێنازیی ئه‌م ئوممه‌ته بێسه‌ره بێخاوه‌نه‌ت، بۆ باس بكه‌م. نازانم چۆن و له‌كوێوه ده‌ست پێبكه‌م؟! نازانم هه‌واڵی فه‌له‌ستین یان عێراق و سووریا و لیبیا، یان هه‌واڵی میسر و توونس و پاكستان و ئه‌فغانستانت بۆ بگێڕمه‌وه؟!
نازداره‌كه‌م، ئه‌وه‌ی ئه‌هلی كوفر و شیرك به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و هاوكارانی به‌م وڵاته ئیسلامییانه‌یان كردووه، مه‌گه‌ر ته‌نها سه‌رانی قوره‌یشی بێ‌ویژدان به‌رامبه‌ر به جه‌نابت و یاوه‌رانتانیان كردبێت!! بۆیه نامه‌وێ له‌وه زیاتر خه‌مبارتر و بێتاقه‌تترت بكه‌م. ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه ده‌ڵێین: (انما أشكو بثي وحزني الی الله).
سه‌روه‌ره‌كه‌م، به له‌دایكبوونت مرۆڤایه‌تی له تاریكی و گومڕایی و خۆخۆری ڕزگاری بوو. مافی گه‌وره و بچووك و پیر و گه‌نج و ئافره‌تت دیاری كرد و هه‌مووی به‌پێی مافی خۆیان تاجی زێڕینت نایه سه‌ریان. بێ له‌وانه سو‌و و ڕیباخۆریت له‌ڕیشه ده‌رهێنا و مافی قه‌رزدار و هه‌ژارانت گه‌ڕانده‌وه. له هه‌موو گرنگتر به‌نده‌كانت له به‌ندایه‌تیی به‌نده‌وه لادا بۆ به‌ندایه‌تیی خوای تاك و ته‌نها، كه ته‌نها ئه‌وه‌ش بوو كه ئه‌وكات و به ئێستاشه‌وه ئه‌هلی كوفر و شیرك لێیده‌ترسێن. بێگومانیشم كه هێڵی سووری نێوان ئیمان و كوفر ته‌نها ئه‌وه بووه، كه خۆی له وشه‌ی تەوحیددا ده‌بینێته‌وه: (لااله الا الله). ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ی یه‌كتاپه‌رستییه گرنگ نه‌بوایه، پێغه‌مبه‌ری نازدار هه‌رگیز خۆی و ماڵومناڵ و یاوه‌رانی نه‌ده‌خسته ناو گه‌مارۆی سێ ساڵی ڕه‌به‌قی برسییه‌تی و بێخانه‌ولانه‌یییه‌وه، كه برسییه‌تی وای كردبوو گریان و زاریی ژن و منداڵ له شیوی ئه‌بووتالیب ده‌گه‌یشته سنوور و چوارده‌وری مه‌ككه! بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگ و جێی باسوخواست بێت ته‌نها ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئێمه‌ی شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره سه‌روه‌ره زۆر گرنگی به‌و بابه‌ته هه‌ستیاره بده‌ین و خۆمان بۆ مه‌سه‌له‌ی یه‌كتاپه‌رستی یه‌كلا بكه‌ینه‌وه! به‌تایبه‌ت زانایان و بانگه‌وازكاران ده‌بێت له په‌ره‌وه‌رده و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی داهاتوو زۆر گرنگی به بابه‌تی ته‌وحید و بیروباوه‌ڕی ئیسلامی بده‌ن، پێش باسكردنی هه‌ر باسێكی تری به‌رنامه‌ی ئیسلام، بۆئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی یه‌كتاپه‌رستی دامه‌زراو دروست بكه‌ین.
دڵخۆش و دڵگه‌شین به له‌دایكبوونت سه‌روه‌ر و سه‌ركرده‌كه‌م. خوای گه‌وره له‌بری ئه‌و هه‌موو ئه‌زیه‌ت و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی كه له‌پێناوی یه‌كتاپه‌رستیدا قبووڵت كرد پاداشتت بداته‌وه و ئێمه‌ی شوێنكه‌وتووانیشت شانازی به سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك جه‌نابت ده‌كه‌ین.
١٢ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌می ١٤٣٣ی كۆچی
|