بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 جەنگى ئەحزاب (خەندەق)
13/04/2020
بینین: 212

خوا پشتیوان بێت لە چەند خاڵێکى کورت و گوشراودا ، باسى جەنگى ئەحزاب دەکەین :-

یەکەم : ناو وکاتى ڕوودانى جەنگى ئەحزاب :-

یەک / ئەم جەنگە دوو ناوى هەن :-

١)غزوة الأحزاب :-  چونکە کۆمەڵێک حیزب و خەڵکى جیاجیاى مەککەو دەوروبەرى یەکیان گرت لە دژى پێغەمبەر و موسوڵمانان و هێرشیان کردە سەر مەدینە ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { وَلَمَّا رَأَى الْمُؤْمِنُونَ الْأَحْزَابَ قَالُوا هَذَا مَا وَعَدَنَا اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَصَدَقَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَمَا زَادَهُمْ إِلَّا إِيمَانًا وَتَسْلِيمًا (٢٢)} الأحزاب .

٢) غزوة الخندق : چونکە موسوڵمانان لەو جەنگەدا ، بەفەرمانى پێغەمبەر و لەسەر پێشنیارى (سلمان الفارسی) خەندەقیان لە چەند شوێنێکى دەورى شارى مەدینەدا لێدا ، لە نێوان خۆیان و سوپاى دوژمندا بۆ ئەوەى دوژمن زەفەریان پێ نەبا ، کە ئەو کارە یەکەمین جار بووە موسوڵمانان بیکەن ، بگرە لە نێو گەلى عەرەبدا شتێکى تازەو داهێنراو بووە .

دوو/ ڕوودانى جەنگى (الأحزاب) لە مانگى شەووالى ساڵى پێنجەمى کۆچیدا بووە .

 

دووەم :- هۆى ڕوودانى جەنگى ئەحزاب :-

(ابن هشام) لەبارەى هۆى ڕوودانى جەنگى ئەحزابەوە گوتویەتى : چەند کەسێک لە جولەکەکانى (بنى النضیر) کە بەهۆى پەیمان شکاندنیانەوە پێغەمبەر لە مەدینە دەریکردن و بەشێکیان چوونە خەیبەر و لەوێ نیشتەجێ بوون و چەند کەسێکى دیکە لەسەرانى جوولەکەى تیرەى (بنی وائل) لەوانە :  ( سلام بن أبي الحقيق  النضري، حُيي بن أخطب النضري ، كنانة بن ابي الحقيق النضري، هوذة بن قيس الوائلي ، أبو عمار الوائلي) خەڵکیان هاندا ، وە حزبەکانیان کۆکردەوە لە دژى پێغەمبەر و موسوڵمانان ، نوێنەریان نارد بۆ لاى قوڕەیشییەکان لە مەککە و زۆر هانیاندان بۆ دژایەتى پێغەمبەر و موسوڵمانان، کەبەیەکەوە بەسەر مەدینەدا بدەن و موحەممەد و کۆمەڵەکەى ڕیشەکێش بکەن و تەڕو ووشکیان بەیەکەوە بسوتێنن ، وە لەو ڕووداوەدا ڕوو کە قوڕەیشییەکان لە جوولەکەکانیان پرسی : ئێوە ئەهلى کیتابن و زانیاریی وەحیی ئاسمانتان لایە کە ئێمە لامان نیە ، ئایا دینى ئێمە چاکترە یان دینى موحەممەد ؟ ئەوانیش گوتیان : بێگومان دینى ئێوە باشترە !

ئینجا خواى پەروەردگار لەو بارەوە ئەم ئایەتانەى ناردە خوارێ ، کە دەفەرموێ : { أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ أُوتُوا نَصِيبًا مِنَ الْكِتَابِ يُؤْمِنُونَ بِالْجِبْتِ وَالطَّاغُوتِ وَيَقُولُونَ لِلَّذِينَ كَفَرُوا هَؤُلَاءِ أَهْدَى مِنَ الَّذِينَ آمَنُوا سَبِيلًا (٥١) أُولَئِكَ الَّذِينَ لَعَنَهُمُ اللَّهُ وَمَنْ يَلْعَنِ اللَّهُ فَلَنْ تَجِدَ لَهُ نَصِيرًا (٥٢)} النساء ، واتە : ئایا سەرنجى ئەوانە نادەى ، کە شتێک لە کتێبی خوایان پێ دراوە ، ئیمان دێنن بە جیبت (صەنەم) و طاغووت ، وە بە ئەوانەى ، کە کافرن دەڵێن : ئێوە دینەکەتان چاکترە لە هى ئەهلى ئیمان !...

کەواتە : هۆى ڕوودانى جەنگى ئەحزاب و هەڵگیرسێنەرى ئاگرەکەى جوولەکەکان بوون ، کە چوون موشریکەکانى مەککەیان هانداو هەڵیاننان و بەڵێنیشیان پێدان کە پشتگیرییان بکەن دژى موسوڵمانان .

سێیەم : بەشداربووانى جەنگى ئەحزاب لە ئەهلى کوفر ، ئەمانە بوون :

١/ لە باشوورەوە قووڕەیش و کینانە و هاوپەیمانانیان لە خەڵکى تیهامە ، بەسەرکردایەتى (أبو سفیان) بە چوار هەزار کەسەوە .

٢/ هۆزى (غطفان)

٣/ أ- تیرەى (فزارة) بەسەرکردایەتى (عیینة بن حصن) .

    ب- تیرەى (مرَّة) بەسەرکردایەتى (الحارث بن عوف ).

    ج- تیرەى (أشجع) بەسەرکردایەتى (مسعر بن رخیلة) .

کەواتە : وێڕای قوڕەیش و هاوپەیمانەکانیان چوار هێزى دیکەى موشریک لەو جەنگەدا بەشدار بوون ، جگە لە جوولەکەکانى خەیبەر و (بني القريظة)کە لە نێو مەدینەدا بون ، بەڵێنیان دابوو کە بە هەموو شێوەیەک هاوکارى موشریکەکان بکەن ، هەرچەندە لەگەڵ پێغەمبەر هاوپەیمان بوون ، ئەوانە هەموویان کۆبوونەوەو یەکیان گرت لە دژى موسوڵمانان و ئەوانە ناویان لێنراوە (الأحزاب) واتە : حزبەکان ژمارەیان وەک (ابن هشام باس دەکات ) ، (دە هەزار) کەس بووەو موسوڵمانانیش (سێ هەزار) کەس بوون .

چوارەم : خەندەق لێدان بە پێشنیارى سەلمانى فارسی :

بۆ یەکەمین جار تاکتیکێک بەکارهێنرا لە جەنگى ئەحزابدا ، کەلە مێژووى عەرەبدا وێنەى نەبووە ، ئەویش بریتی بوو لە هەڵکەندنى خەندەق لەو شوێنەى کە پێ دەشتەو دوژمن دەتوانێ لێیەوە بێتە نێو شار ، وە ئەو خەندەقەى کە پێغەمبەر لێیداوە بە دەورى هەموو شارى مەدینەدا نەبووە ، بەڵکو تەنها لەو شوێنانە بووە کە دەشتایی بووەو دوژمن توانیویەتى بە سوارو پیادە لێیەوە بێتە نێو شار ، وە لە شوێنەکانى دیکەى وەک چیاو گردەکاندا ، هاوەڵانى بەڕێز سەنگەریان دروست کردوون و تیرهاوێژیان لێ داناون ، خەندەق لێدانیش لە جەنگى خەندەقدا بە پێشنیارى سەلمان بووە –خوا لێی ڕازى بێ- کە هەر یەک لە (الواقدى) و (ابن سعد) و (ابن هشام) هێناویانە دەڵێن : سەلمان گوتى : (یا رسول الله انا اذا کنا بأرض فارس و تخوفنا الخیل ، خندقنا علینا فهل لک یا رسول الله ان نخندق؟ فأعجب رأي سلمان المسلمین ) واتە : ئەى پێغەمبەرى خوا ئێمە لە ووڵاتى فارس کاتێک ، کە لە سوارەى دوژمن دەترساین ، لەو شوێنەوە کە دوژمن دەتوانێ لێیەوە بێ خەندەقمان لێدەدا ، ئایا فەرمانمان پێ ناکەى خەندەقێک لێبدەین ؟! موسوڵمانان ئەو پێشنیارەى سەلمانیان پێ چاک بوو ، پێغەمبەر پێشنیارەکەى سەلمانى کرد بە کردارو هەڵسان بە لێدانى ئەو خەندەقە ، دواى ئەو پێشنیارە باشەى سەلمان بە لێدانى خەندەق (ابن) هشام دەڵێ : کۆچکەران گوتیان :  (سلمانُ مِنّا)، واتە سەلمان لەئێمەیە ، پشتیوانانیش گوتیان :  (سلمانُ مِنّا) سەلمان لە ئێمەیە ، دوایی پێغەمبەر فەرمووى: (سلمان منا أهل البیت) ، واتە : سەلمان لە بنەماڵەى ئێمەیە ، جاوەک لە سەرچاوەکانى سیرەدا ئاماژەى پێکراوە ، ئەو خەندەقە بەئەندازەیەک قوڵ بووە ، کە نەگونجێ پڕ بکرێتەوە وە بە ئەندازەیەکیش بەرین بووە ، کە نەگونجێ لێیەوە باز بدرێ ، وە باسى قوڵى و پانییەکەیان کردووە ، کە چەند گەزێک بوون ، وە لەو غەزایەدا پێغەمبەر (عبدالله بن ام مکتوم ) ى لە شارى مەدینە بەجێهێشت بە برا گەورەو مشوورخۆر .

پێنجەم : ئەو ئایەتانەى لەبارەى خەندەق لێدانەوە هاتنە خوارێ :-

ئەو خەندەقانەى کە لەو شەڕەدا هەڵکەنراون ، هەموو هەر بە پاچ و بێڵ و بە ئارەقەى نێوچەوان و قووەتى شان و هێزوبازووى هاوەڵان بووە ، کە بە تەئکید کارێکى زۆر بە زەحمەت و پڕۆژەیەکى زۆر گەورە بووە ، کە پێغەمبەر خۆشى لەگەڵ هاوڵانى بەشدارى لە هەڵکەندنى ئەو خەندەقانەدا کردووە ، وە بە باسک (ذراع) پێواویانە و بەش بەشیان کردووەو هەر بەشەیان داوەتە تیرەو کۆمەڵێک کە هەر کەسە بەشى خۆى هەڵکەنێ ، هەندێک لە دڵ نەخۆش و ئیمان لاوازەکان و مونافیقەکانیش لە هەڵکەندنى خەندەقەکەدا خۆیان دزیوەتەوەو لەو کارە خۆیان بواردوە، خواى پەروەردگاریش لەبارەى هەڵوێستى موسوڵمانانى خاوەن ئیمانى ڕاستەقینەو موسوڵمانە دڵ نەخۆشەکان و ئەو مونافیقانەوە کە بە ڕواڵەت خۆیان بە موسوڵمان پیشان دەدا ، دەفەرموێ : { إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَإِذَا كَانُوا مَعَهُ عَلَى أَمْرٍ جَامِعٍ لَمْ يَذْهَبُوا حَتَّى يَسْتَأْذِنُوهُ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَأْذِنُونَكَ أُولَئِكَ الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ فَإِذَا اسْتَأْذَنُوكَ لِبَعْضِ شَأْنِهِمْ فَأْذَنْ لِمَنْ شِئْتَ مِنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمُ اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٦٢) لَا تَجْعَلُوا دُعَاءَ الرَّسُولِ بَيْنَكُمْ كَدُعَاءِ بَعْضِكُمْ بَعْضًا قَدْ يَعْلَمُ اللَّهُ الَّذِينَ يَتَسَلَّلُونَ مِنْكُمْ لِوَاذًا فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَنْ تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (٦٣)} النور ، واتە : بێگومان ئیمانداران (موسوڵمانانى ڕاستەقینە ) ئەوانەن ، کە ئیمانیان بەخواو پێغەمبەرى خوا هەیە وە هەر کاتێک لە خزمەت پێغەمبەردا بن بۆ ئیشێک کە موسوڵمانانى لەسەر کۆببنەوە ناڕۆن (ئەو ئیشە بەجێ ناهێڵن) هەتاکو مۆڵەت لە پێغەمبەر وەردەگرن ، ( ئینجا بە پێغەمبەر دەفەرموێ ) ئەوانەى کە مۆڵەتت لێ وە ردەگرن ئینجا دەڕۆن وە ئیش و کارێکیان هەیە جێبەجێی دەکەن ، ئائەوانە بڕوایان بەخواو بە پێغەمبەرى خوا هەیە ، وە هەر کامێکیان مۆڵەتى لێ وەرگرتى بۆ هەندێک لە ئیش و کارەکانى مۆڵەتى بدە ، بانگکردنى پێغەمبەر بۆ یەکێکتان وەک بانگکردنى هەندێکتان بۆ هەندێکتان تەماشا مەکەن (-دعاء- لێرەدا بەماناى بانگ کردن دێ نەک پاڕانەوە ) خوا ئەوانەتان دەزانێ (دەناسێ) کە خۆ دەشارنەوەو خۆ لەیەک دەگرن یان خۆیان لەشت دەگرن بۆ ئەوەى دیار نەبن لە پێغەمبەر و موسوڵمانان .

پاشان دەفەموێ : با ئەوانەى کە بێ فەمانى پێغەمبەر دەکەن ، بترسن ك فیتنەو بەڵایەکیان لە دونیادا تووش بێ ، یاخود لە دواڕۆژدا تووشى عەزاب و ئەشکەنجە ببن ، (دیارە مەبەستى ئەوانە بووە ، کە ئیمانێکیان هەبووە ، بەڵام ئیمانەکەیان لاواز بووە ، ئەگەر نا مونافیقەکان پێش ئەوەى لەسەر ئەو شتە گچکەو کەمانە عەزاب بدرێن ، لەسەر ئەسڵى نیفاق و کوفەکەیان عەزاب دەدرێن ).

شەشەم :- چەند موعجیزەیەک لەکاتى خەندەق لێداندا :

بێگومان خواى پەروەردگار چاکەو بەزەیی بێ سنوورى هەیە و کاتێک کە موسوڵمانان دەکەونە ناڕەحەتییانەوەو تووشى گرفتاریی دێن ، هێندێک کار ئاسانییان بۆ دەکات ، جا چ لەڕێی هەندێک هۆکارەوە بێ ،کە دەیانسازێنێ، چ بەبێ هۆکارێکى زانراو بێ ، وەک دەستەوستانکەر (معجزة)ێک بۆ پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و  کە یاسادڕ (خارق العادة)یەو بەشێوەى ئاسایی بۆ خەڵکى دیکە نیە ، وە بۆ ئەهلى ئیمانیش بە کەڕامەت لەقەڵەم دەدرێت ، موعجیزەش ئەوەیە ، کە خەڵکى لەبەرامبەریدا دەستەوستانە و تایبەتیشە بە رانەوەو کەڕامەتیش تایبەتە بە ئەهلى تەقواو دۆستانى خواوە .

(جابر بن عبدالله) یەکێ لەو موعجیزانەمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێ : لەو شوێنەى کە ئێمە هەڵماندەکەند گەیشتینە شوێنێکى ڕەق کە زۆر سەخت و زەحمەت بوو و بۆمان نەدەشکا ، چووینە لاى پێغەمبەر و گوتمان ئەى پێغەمبەرى خوا : ئەوە شوێنێکى زۆر ڕەق و سەختە نازانین چۆن هەڵیکەنین و ناشکرێ لێی بگوازینەوە ! پێغەمبەر فەرمووى : هەندێک ئاوم بۆ بێنن ، ئاوەکەمان بۆ هێناو دووعاى بەسەردا خوێن\و بەسەر ئەو شوێنە ڕەقەیدا کرد ، دوایی دەستمان کردەوە بە هەڵکەندن سوێند بەو کەسەى کردوویەتى بە پێغەمبەرئەو شوێنە زۆر بە ئاسانى هەڵکەنراو وەکو لمێکى لێکهەڵوەشاوەى لێهات .

موعجیزەیەکى دیکە (ابن هشام) بۆمان دەگێڕێتەوە ئەوەیە کە کچى (بشیر بن سعد) کە خوشکى (نعمان بن بشیر )ە دەڵێ : یەکێ لە ڕۆژەکانى خەندەق هەڵکەندن دایکم هەندێک خورماى لە کۆشى کردم و پێی گوتم : ڕۆڵە ئەوانە بەرە بۆ بابت و خاڵت (عبدالله بن رواحة) با ژەمى نیوەڕۆى پێ بکەن ، منیش ڕۆشتم و بەلاى پێغەمبەردا ڕەت بوون ، بانگى کردم و لێی پرسیم : ڕۆڵە ئەوە چییە پێتە ؟! گوتم : خورمایە ، دایکم پێیدا ناردووم بۆ  بابم و خاڵم بۆ ئەوەى نیوەڕۆیەى پێ بکەن ! فەرمووى : بۆم بێنە .

منیش بۆم بردو لە دەستى موبارەکیم کردن ، دوایی ئەو لەسەر پەڕۆیەکى ڕۆ کردن و دووعاى بەسەردا خوێندو فەرمووى : موسوڵمانینە ! هەموو وەرن لێی بخۆن ، ئەوەى کەلەسەر خەندەق بوون خەندەقیان لێدەدا هەموو هاتن ، هەرکەسە بە ئەندازەى خۆى لێي خوارد ، دوايی خورماکان هەروەکو خۆیان مابوونەوەو هیچ کەمیان نەکردبوو .

(ابن هشام) باس دەکات کە (جابر بن عبدالله) موعجیزەیەکى دیکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ : ئێمە بەرخۆلەیەکى گچکەمان هەبوو کە قەڵەویش نەبوو، بە هاوسەریشمم گوت : هەندێک جۆر بۆ هاڕین و کردى بەنان و بەرخەکەشم سەربڕى و بۆ پێغەمبەرمان برژاند ، کاتى ئێوارە کە پێغەمبەر خەندەقى بەجێهێشت تا ئیسراحەت بکا ، پێم گوت کە خواردنێکم بۆ ئامادە کردوەو داوام لێکرد کە بێتەوە ماڵمان ، بەڵام دەمویست بە تەنیا بێتەوە بۆ ئەوەى خواردنەکە بەش بکات ، کە پێم گوت ، گوتى : باشە ، یەکسەر بەیەکێکى گوت کە بانگ بکا هاوەڵان هەموویان بێن بۆ ماڵی جابر ، ئەو هات و خەڵکەکەشى لەگەڵ هات ، دانیشت و خواردنەکەمان هێنا ، پێغەمبەر بسم اللهى کردو داواى بەرەکەت و پێزى لە خوا کرد ، ئینجا دەستى کرد بە خواردن و ئەوەى لەگەڵیشى بوون دەستیان بە خواردن کرد ، دواى ئەوانیش خەڵکێکى دیکە کە خەریکى هەڵکەندنى خەندەقەکە بوون هاتن و لێیان خوارد ، ببەو شێوەیە ئەو خواردنە کەمە دواى دووعاى پێغەمبەر بەشى هەموو خەڵکەکە بوو ، کۆمەڵ کۆمەڵ نانیان دەخوارد و دەڕۆشتن .

سەلمانى فارسیش شتێکى دیکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ : لەکاتێکدا کە خەندەقمان لێدەدا تووشى تاشە بەردێکى زۆر گەورە بووین ، هەرچەند پاچمان لێدەدا لێی هەڵدەبەزیەوەو هیچمان بۆ لەگەڵ نەدەکرا ، بۆیە سکاڵامان بردە لاى پێغەمبەر ئەویش تەشریفى هێناو پاچەکەى لێ وەرگرتم و چووە خوارەوە ، سێ جاران دایوەشاندو سێ بڵێسەى لێ بەرز بوەوە ، لەگەڵ هەر بڵێسەیەکدا دەیگوت (الله اکبر) دوایی پرسیارم لێکرد لەبارەى ئەو بڵێسانەوە ، ئەویش فەرمووى : بۆچى سەلمان تۆش بینیت ؟ گوتم بەڵێ : ئەویش فەرمووى : بڵێسەى یەکەم (یەمەن)م لێ دەرکەوت ، ئوممەتى من ئەوێ دەگرن ، لە بڵێسەى دووەمدا شام و لاى ڕۆژئاوام لێ دەرکەوت (ناوچەى ڕۆم) ، کە ئوێش دەگرن ، لە بڵێسەى سێیەمدا لاى ڕۆژهەڵات و ناوچەى فارسم لێ دەرکەوت ، کە ئوممەتى من ئەو سێ شوێنە ئازاد دەکات ، دوایی هەندێک لە دڵ نەخۆش و مونافیقەکان دەیانگوت : موحەممەد وەعدو بەڵێنى کۆشکەکانى ڕۆم و فارسمان پێ دەدا ، کەچى ئێمە ناوێرین بچین دەست بە ئاو بگەیەنین!

 بەڵام بێگومان بەڵێنەکانى پێغەمبەر هەموویان هاتنە دى ، بە پێچەوانەى ویست و بۆچونى ناحەزانى ئیسلامەوە .

حەوتەم : سروود گوتنى هاوەڵان لەکاتى خەندەق لێداندا :-

هاوەڵان لەکاتى لێدانى خەندەقدا سروودیان دەگوت ، هەروەک چۆن لەکاتى دروست کردنى مزگەوتى پێغەمبەردا شیعرو سروودیان گوتووە ، یەکێک لەو سروودانەى کە لەکاتى خەندەق لێدان گوتویانە ، وەک (بخارى) هێناویەتى ئەوە بوو ، کە دەیانگوت :

اللهم لو ما أنت ما اهتدينا        ولا تصدقنا ولا صلينا

فأنزلن سكـــينة علينا             وثبت الأقدام ان لاقينا

ان الاُلى قد بغوا علينا            وان ارادوا فتنة ابينا

واتە : ئەى خوایە ئەگەر تۆ نەباى ڕێی ڕاستمان نەدەگرت ، وەخێرو چاکەو نوێژمان نەدەکرد ، ئارامیی بڕژێنە سەر دڵ و دەرونمان ، وە پێیەکانمان بچەسپێنە ئەگەر بەرەنگارى دوژمن بووینەوە ، وە ئەوانە (ئەحزاب) دەیانەوێ دەست درێژى بکەنە سەرمان ، ئەگەر بیانەوێ لە دینمان هەڵگێڕنەوە ئێمە ڕازى نابین و بەرگرى لە دینى خۆمان دەکەین .

جا لە کاتێکدا کە هاوەڵان بە کۆرس ئەو سروودەیان دەگوتەوە ، پێغەمبەریش کۆتایی نیوە دێڕەکانى لەگەڵدا دەگوتنەوە (اهتدینا ، صلینا ...) .

(أنس بن مالک ) ڕەزاى خواى لێ بێ ، دەڵێ : پێغەمبەر لە هەڵکەندنى خەندەقدا کە بینى هاوەڵانى ماندوو و برسی بووبوون ، فەرمووى :{ اللهم ان العیش عیش الآخرة ، فاغفر للأنصار واللمهاجرة} ، واتە : ئەى خوایە ژیان هەر ژیانى ڕۆژى دواییە ، دەسا لە پشتیوانان و کۆچکەران ببورە .

ئەنەس دەڵێ : کە پێغەمبەر وای فەرموو ، ئارانیشى کە خەریکى خەندەق هەڵکەندن بوون ، گوتیان :

نحن و الذين بايعوا محمداً           عل الجهاد ما بقينا أبداً

واتە : ئێمەین کە پەیمانمان بە موحەممەد داوە لەسەر جەنگ و جیهاد هەتاکو مابین .

وە (بخارى و مسلم ) هێناویانە لە ٠براء بن عازب)ەوە ، کە پێغەمبەر خۆشى بەشدارى لە هەڵکەندنى خەندەقدا کردووە :  ( كان رسول الله يوم الاحزاب ينقل معنا التراب ولقد واى الترابُ بياض بطنه)، واتە : پێغەمبەرى خوا لەڕۆژى ئەحزابدا گڵ لەگەڵ دەگواستینەوەو خۆڵ سپێتى سکى داپۆشیبوو .

هەشتەم : شکاندنى پەیمان لەلایەن (بني القريظة) ەوە :-

(حُيَي بن أخطب) کە یەکێک بوو لە جوولەکەکانى خەیبەر ، دەچێ بۆ مەدینە بۆلاى (کعب بن الأسد القرظي) ، کە سەرۆک تیرەى (بني القريظة) بوو ، داواى لێ دەکات کە پەیمان لەگەڵ  بشکێنێ ، کەعبیش دەڵێ : من تا ئێستا بێ پەیمانییم لە موحەممەد نەبینیوە ، (حُيَي بن أخطب) واز ناهێنێ و زۆر داکۆکى لێ دەکاو دەڵێ هێزێکى زۆرمان کۆکردۆتەوەو ئەگەر تۆ لەگەڵمان بى ، بەیەکجارى تەڕوو ووشکیان بەیەکەوە دەسوتێنین و بنەبڕیان دەکەین ، لەکۆتایدا قەناعەت بە (کعب بن الأسد) دێنێ ، کە پەیمانەکەى بشکێنێ و هەڵیبوەشێنێتەوە ، دیارە دواى ئەوەى کەعب پەیمانەکەى لەگەڵ  دا شکاند ، موسوڵمانان زۆریان پێ ناخۆش بوو ، چونکە تا ئەو کاتەش (بني قريظة) هەر بەرەو ڕووى دوژمن بوون ، ئیدى ئەو هەڵوێستەى کەعب وایکرد کە موسوڵمانان دواى ئەمە لە پشتەوەى خۆشیان ئەمین نەبن ، چونکە (بني قريظة) لە پشتەوەى مەدینە بوون ، لەو کاتەدا بوو ، کە خواى پەروەردگار ئەم ئایەتانەى ناردە خوارێ ، کە دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا (٩) إِذْ جَاءُوكُمْ مِنْ فَوْقِكُمْ وَمِنْ أَسْفَلَ مِنْكُمْ وَإِذْ زَاغَتِ الْأَبْصَارُ وَبَلَغَتِ الْقُلُوبُ الْحَنَاجِرَ وَتَظُنُّونَ بِاللَّهِ الظُّنُونَا (١٠) هُنَالِكَ ابْتُلِيَ الْمُؤْمِنُونَ وَزُلْزِلُوا زِلْزَالًا شَدِيدًا (١١) } الأحزاب ، بەڵام موسوڵمانان باوەڕى تەواویان بەخواى باڵادەستیان هەبوو ، وەک خواى بەرزو مەزن دەفەرموێ : { وَلَمَّا رَأَى الْمُؤْمِنُونَ الْأَحْزَابَ قَالُوا هَذَا مَا وَعَدَنَا اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَصَدَقَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَمَا زَادَهُمْ إِلَّا إِيمَانًا وَتَسْلِيمًا (٢٢)} الأحزاب ، واتە : وەکاتێک بڕواداران حیزبەکانیان ببینن گوتیان : ئەمە ئەوەیە ، کە خواو پێغەمبەرەکەى بەڵێنیان پێ دابووین ، وە خواو پێغەمبەرەکەى  ڕاستیان کرد ، وە ئەم مەسەلەیە بەس ئیمان و گەردنکەچیی تیایاندا زیاد کرد .

نۆیەم : قسە کردن لەگەڵ (بني القريظة) دا :-

پێغەمبەر لە بیستویەتى (بني قريظة) پەیمانیان شکاندوە ، (سعد بن معاذ) سەرۆکى تیرەى ئەوس و (سعد بن عبادة) کە سەرۆکى تیرەى خەزرەج بووە هەردووکیانى ناردووە بۆ لاى (بني قريظة)سەبارەت بەو پەیمانەیان کەلە بەینیاندا هەبووە ، بەڵام کە چوونە لایان ، بینیان هەڵوێستیان زۆر خراپەو (بني قريظة)پێیان گوتن : پێغەمبەرى خوا (رسول الله) کێیە ؟! ئێمە هیچ پەیمانێکمان لەگەڵ موحەممەددا نیەو چیتان لەدەست دێ بیکەن !! ئێمەش چیمان لەدەست بێ دەیکەین ، ئەوانیش ئەچنەوەو هەواڵەکە ەبەنەوە بۆ پێغەمبەر و بە ڕەمز پێی دەڵێن : دەڵێن (عضل والقارة) ، چونکە پێغەمبەر پێشتر پێیان دەڵێ : ئەگەر پەیمانیان نەشکاندبوو بەدەنگى بەرز پێم بڵێن بە ئاشکرا ، بەڵام ئەگەر پەیمانیان شکاندبوو بە هێما (رمز) پێم بڵێن ، ئەم قسەیەش واتە چۆن تیرەى (عضل و القارة) پەیمانیان شکاندو هاوەڵانیان شەهید کرد ، ئەوانیش ئاوا پەیمانیان شکاندوە ، ئینجا کە ئەوەیان بە پێغەمبەر گوت ، فەرمووى :  ( الله اکبر أبشروا یامعشر المسلمین) ، واتە : خوا گەورەترە لە هەموو شتێک موژدەتان لێبێ ئەى کۆمەڵى موسوڵمانان .

 

دەیەم : هەوڵى پێغەمبەر بۆ پێکهاتن (صلح) لەگەڵ (غطفان) دا :-

پێغەمبەر هەوڵیدا کە هۆزى غطفان لە شەڕەکەدا بێ لایەن بکات ، چونکە جگە لە قوڕەیش ، ئەوان گەورەترین بەشى ئەو سوپایەیان پێک دەهێنا کە هاتبوونە سەر مەدینە ، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرکردەکانى غطفاندا کەوتە دانوستان و گفتوگۆکردن ، ئەوان مەرجیان ئەوە بوو ، کەلەبەرامبەر جەنگ نەکردن لەگەڵ موسوڵمانانداو جیابونەوەیان لە قوڕەیش ، نیوەى بەروبومى مەدینەیان بدرێتێ بۆ ماوەى ساڵێک ، بەڵام پێغەمبەر ئامادەبوو سێیەکى بەربومى مەدینەیان بداتێ نەک نیوە ، بەم شێوەیە پەیمانەکەیان نوسیبوو ، بەڵام پێش ئەوەى پێغەمبەر ئیمزاى بکا ، هەردوو (سعد)ى بانگ کردن ، کە گەورەى ئەوس و خەزرەج بوون ، ئەوانیش گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئایا خوا فەرمانى پێ کردووى ؟ کە هەر دەبێ جێ بەجێی بکەى ، یان مەبەستت بەرژەوەندى ئێمەیە ؟! ئەویش فەرمووى : مەبەستم تەنیا بەرژەوەندى ئێوەیە ، چونکە هەموو عەرەب لێتان کۆبونەوەو لەیەک کەوانەوە تیرتان تێ ئەگرن ، پێم باش بوو هەندێکیانتان لەکۆڵ بکەمەوە ، ئەوانیش گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئێمە کاتى خۆى کەلەسەر کوفرو شیرک بووین ، ئەوان تەماعیان لە بەروبوم و خورماى ئێمە نەکردووە ، بەپارە یان بە میوانداریی نەبێ ، بۆیە سوێند بەخوا جگە لە شمشێر هیچیان نادەینێ ، دواى ئەوەى کە خواى پەروەردگار ئێمەى بەهۆى تۆو ئیسلامەوە عەزیز کردووە ، پێغەمبەریش فەرمووى : من لەبەر بەرژەوەندى ئێوەم بوو ، مادام لەخۆتان ڕادەبینن لێی گەڕێن ، بەو شێوەیە ئەو دانوستانە سەرى نەگرت .

لەو ڕووداوەشەوە ئەوە دەردەکەوێ ، کە دروستە لەگەڵ دوژمندا پێکهاتن (صلح) بکەى و بڕێک ماڵیشى بدەیتێ لەپێناو بەرژەوەندییەکى گەورەتردا کە لە دوورخستنەوەى زیانێکى گەورەتردا ، یان هێنانەدى سوودێکى چاکتردا خۆى دەنوێنێ ، بەپێی بنچینەى شەرعیی :  ( دفع أعظم المفسدین ، و جلب أعظم المنفعین) ، واتە : دوور خستنەوەى خراپەى گەورەترو ، وەدەست هێنانى بەرژەوەندى گەورەتر .

یازدەیەم : کوشتنى (عمرو بن عبد ود) پاش پەڕینەوەى لە خەندەق :-

کۆمەڵێک لە کافران لە شوێنێکى تەسک لە خەندەقەکە پەڕینەوە ، کە (عمرو بن عبد ود) یشیان لەنێودابوو ، (علی بن أبی طالب) –خوا لێی ڕازى بێ – بۆى چوو بۆ لێکدانى بەتەنیا ، کە ئەو جۆرە شێوازێکى شەڕ کردنى ئەوسەردەمە بووە ، نەفەر بەنەفەر ، پێکەوە شەڕیان کردوەو هەردوکیشیان هەر قوڕەیشى بوون ، سەرەنجام عەلى –خوا لێی ڕازى بێ ، (عمرو بن عبد ود) ى کوشت ، هەرچەندە لە نێو قوڕەیشیەکاندا (عمرو) ئینسانێکى ئازاو لێهاتوو و ناسراو بوو .

دوازدەیەم : موسوڵمان بوونى (نعیم بن مسعود بن عامر الغطفانی) :-

یەکێکى دیکە لەو هۆکارانەى کە کاریگەرى هەبووە لەوەدا کە خواى پەروەردگار دەرووێک بکاتەوە لە موسوڵمانان لە جەنگى خەندەقدا ، بریتی بووە لە موسوڵمان بوونى (نعیم بن مسعود بن عامر الغطفانی) کە یەکێک بووە لە قسە بەدەستانى تیرەى (غطفان) کە دێتە لاى پێغەمبەر و پێی دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ! من موسوڵمان بووم و قەومەکەشم بە موسوڵمان بوونى منیان نەزانیوە ، فەرمانم پێ بکە ، چ فەرمانێکم پێدەکەى ئاوا دەکەم ، پێغەمبەریش دەفەرموێ : { انما أنت فینا رجل واحد فخذل عنا ان استطعت ، فأن الحرب خدعة } ، واتە : بێگومان تۆ یەک کەسی ، ئەگەر شەڕ بکەى و بێیە سەنگەرى ئێمەوە ، بەڵام ئەگەر دەتوانى ڕیزى دوژمن و ناحەزەکانمان لێک بترازێنە ، چونکە (جەنگ بریتیە لەفێڵ) ، ئینجا (نعیم بن مسعود) کارێکى ئەنجامدا ، کە سوپاى ئیسلام سوودى لێ بینى و دڵەراوکێ و دووبەرەکێی خستە نێو لەشکرى قوڕەیش و غەطەفان و جوولەکەکانەوە .

سەرەتا دەچێتە لاى (بني قريظة) و پێیان دەڵێ : ئێوە چاک دەزانن کە من دڵسۆزتانم ، بۆیە شتێکتان پێ دەڵێم بەڵام بیشارنەوە و مەیدرکێنن ، دەڵێن : باشە نایدرکێنین .

(نعیم) دەڵێ : قوڕەیشییەکان و غەطەفانیەکان وەک ئێوە نین ، ئێوە خەڵکى ئێرەن و ماڵ و منداڵتان لێرەیە ، ئەوان بۆ جەنگ و دوژمنایەتى موحەممەد هاتوون و دوایی دەڕۆنەوەو هەر ئێوە بەجێ دەمێنن و بە تەنها دەمێننەوە ، دوایی موحەممەد و هاوەڵانى تۆڵەتان لێ دەستێنن ، بۆیە پێشنیار دەکەم ، کە داوایان لێ بکەن کۆمەڵێک لە سەرکردەکانیان بە بارمتە (رهن) لاى ئێوە بن بۆ ئەوەى نەتوانن ڕابکەن و ئێوە بەتەنها بهێڵنەوە !

ئەوانیش پێشنیارەکەى (نعیم) پەسەند دەکەن و دەڵێن : قسەکەت زۆر جوانە !

دوایی دەچێ بۆ لاى هەرکام لە قوڕەیش و غەطەفانییەکان و پێیان دەڵێ : وەکو بیستوومە (بني قريظة) پەشیمانبوونەوە لە دژایەتى موحەممەد و ناردوویانە بۆ لاى و بەڵێنیان پێداوە خەڵکێک لە ئێوە بگرن و تەسلیمى ئەوى بکەن و بیانکوژن ، جا ئەگەر داوایان لێ کردن ، کە هەندێک لەسەرانى ئێوە بارمتە بن لاى ئەوان ، مەیاندەنێ ، چونکە تەسلیمى موحەممەدیان دەکەن و دەکوژرێن ، بۆ ئەوەى لە پاداشتى ئەو کارەدا موحەممەد لێیان خۆش بێ ، ئەو قسەیەشم با نهێنی بێ و بیشارنەوە کەسى دى نەیزانێ ، دیارە هەرکام لە قوڕەیش و غەطەفان و زۆر سوپاسی (نعیم) دەکەن و دەڵێن بەڕاستى تۆ پیاوێکى دڵسۆزى !

ئینجا ڕۆژى هێرش کردنەکەیان شەممە دەبێ ، بۆیە قوڕەیشییەکان و غەطەفانییەکان هەواڵ بۆ (بني قريظة) دەنێرن و دەڵێن : دەبێ ڕۆژى شەممە هێرش بکەین!

ئەوانیش دەڵێن : ئێمە شەممە ناشکێنین (چونکە جوولەکەکان لە ڕۆژانى شەممەدا هیچ ناکەن ) وە هەتاکو هەندێ کەسى بارمتەمان نەدەنێ ، ئێمە شەڕ ناکەین ، چونکە لەوانەیە ئێوە بەجێمان بهێڵن و ئێمە بە تەنیا بمێنینەوە .

قوڕەیشییەکان و غەطەفانییەکان لەنێو خۆیاندا دەڵێن : دیارە بۆچوونەکەى (نعیم بن مسعود) ڕاست دەرچوو ، بەوشێوەیە لەیەکدى دەکەونە بێ متمانەیی و دوو دڵییەوە و قوڕەیشییەکان و غەطەفانییەکان بارمتە نادەنە (بني قريظة) و ئەوانیش پشتیان بەردەدەن و لە جەنگەکە دەکێشنەوە .

ئاوا (نعیم) توانى پەیوەندى نێوان جوولەکەکان و قوڕەیشییەکان تێکبداو ئەمەش بوو بە هۆیەکى سەرەکى تێکشکانى سوپاى قوڕەیشییەکان و غەطەفانییەکان .

سێزدەیەم : هەڵکردنى بایەکى توندو دابەزینى فریشتەکان بۆ یارمەتى موسوڵمانان :-

هۆیەکى دی تێکشکانى دوژمن ئەوەبوو کە بایەکى توند بەفەرمانى خوا هەڵیکرد ، هەموو بارگەو بنەى تێکوەردان و چادرو خێوەتەکانى تێکدان وە فریشتەکانیش بەفەرمانى خوا (جل شأنه) ترسیان خستە نێو دڵی دوژمن ، وەک خواى زاڵ و توانا لەو بارەوە دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا (٩)} الأحزاب ، واتە : ئەى بڕوادارینە ! چاکەى خوا بەسەر خۆتانەوە یاد بکەنەوە ، کە سوپایەک هێرشى کردە سەرتان ، ئێمەش بایەکى توندو سەربازانێک کە نەتاندەبینین ناردمانە سەریان ، وە خوا بەوەى کە دەیکەن بینایە .

شایانى باسیشە ، کەوەک کتێبەکانى سیرە باس دەکەن ئەو (با)یە بە ئەندازەیەک توند دەبێ ، کە ناتوانن ئاگر بکەنەوەو چادر هەڵبدەن ، سەرەڕاى هێزى فریشتەکان ، کە ترسێکى زۆر دەخەنە دڵی دوژمنانەوەو کاروباریان هەموو تێک دەچێ و وورەیان دەڕووخێ .

چواردەیەم : هەوڵدانى پێغەمبەر بۆ زانینى بارودۆخى دوژمن :-

وردە وردە ڕیزەکانى (أحزاب) لێک هەڵوەشان و هێزوپێزیان نەماو ورەیان ڕووخا ، ئەوەش بەهۆى حیکمەت و دانایی پێغەمبەر و ئارامیی و خۆڕاگریی موسوڵمانان و هەڵکەنرانى خەندەقەکەو هەوڵ و تاکتیکى (نعیم) و هەڵکردنى ئەو بایە توندەو دابەزینى فریشتەو ترس و بیم خرانە نێو دڵی سوپاى دوژمنەوە ، ئەوانە هەموویان هۆکار بوون بۆ شکاندنى ئەو ئابڵووقەیە ، دوایی هێزى دوژمن شیرازەى دەپچڕێ و (احزاب) دەکەونە بیرکردنەوەو مشوور خواردن بۆ بەجێهیشتن و هەڵاتن ، لەو کاتەدا پێغەمبەر سێ جار بە هاوەڵانى دەفەرموێ کە یەکێکیان بچێ و هەواڵى دوژمنى بۆ بێنێ ، بۆ ئەوەى بزانێ چى دەکەن و حاڵیان چۆنە ؟ بەڵام لەبەرئەوەى بایەکە زۆر ساردو بەهێز دەبێ و شەوەکە تاریک و سامناک بووە ، کەس ئامادەیی چوونى نابێ و سەرەنجام پێغەمبەر بە (حذیفة بن الیمان ) دەفەرموێ : (حذیفة) تۆ بچۆ ، (حذیفة) دەڵێ : کە چووم دوژمن وەزعێکى زۆر خراپ و شپرزیان هەبوو و بە دەست متمانە بەیەکدى نەبوون و باو سەرماو ترسەوە گیریان خواردبوو ، من لەوێ بووم کەوتنە تەگبیر و گوتیان بەیانى دەڕۆین ! دوایی (أبو سفیان) داکۆکیی کرد لەسەر ڕۆیشتن .

بەو شێوەیە بارگەو بنەیان پێچایەوەو هەڵاتن ، خواى باڵادەستیش لەو بارەوە دەفەرموێ : { وَرَدَّ اللَّهُ الَّذِينَ كَفَرُوا بِغَيْظِهِمْ لَمْ يَنَالُوا خَيْرًا وَكَفَى اللَّهُ الْمُؤْمِنِينَ الْقِتَالَ وَكَانَ اللَّهُ قَوِيًّا عَزِيزًا (٢٥)} الأحزاب ، واتە : خوا ئەوانەى کە بێ بڕوان بە ڕق و قینى خۆیانەوە گێڕانەوەو هیچ شتێکى باشیان دەست نەکەوت و زەرەریان بۆ لە ئەهلى ئیمان نەدراو خواش شەڕى لە کۆڵ موسوڵمانان کردەوە ، وە خوا بەهێزو زاڵە .

دواى ئەو جەنگە پێغەمبەر فەرمووى : { الآن نغزوهم ولا يغزوننا و نحن نسير اليهم} رواه البخاری ، واتە : لەمەودوا ئێمە هێرش دەکەینە سەر ئەوان و جارێکى دی ئەوان ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئێمەو ئێمە بۆیان دەچین .

 

پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا /  مامۆستا عەلى باپیر

لاپەڕە  / (٥٧٣– ٥٩٠)


زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه