 حیکمەت و دەرس و پەندەکانى جەنگى ئوحود :-
خواى زاناو توانا لە سووڕەتى (آل عمران)دا (٦٠) ئایەتى بۆ باس کردنى ئەو جەنگە تەرخان کردووە ، لە ئایەتى (١٢١ تا ئایەتى ١٨٠) ، خوا (جل شأنه) لەم ئایەتانەدا چۆنیەتى ڕوودانى ئەو جەنگەو ڕووداوو کارەساتەکانى باس دەکات ، کە چەندین پەندو حیکمەتیان لێ وەردەگیرێن ، ئێمە لێرەدا بیست و یەک حیکمەت و پەند باس دەکەین : -
١) ڕووبەڕووبونەوەى حەق و ناحەق شتێکى مسۆگەرە :-
خواى کاربەجێ دەفەرموێ : { قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِكُمْ سُنَنٌ فَسِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانْظُرُوا كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُكَذِّبِينَ (١٣٧) هَذَا بَيَانٌ لِلنَّاسِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةٌ لِلْمُتَّقِينَ (١٣٨) } آل عمران ، لێرەدا خواى پەروەردگار یاساو سوننەتەکانى خۆى لە ژیانى بەشەردا دەخاتە ڕوو ، کە بریتییە لە ڕوو بەڕووبوونەوەو بەرەنگار بوونەوەى حەقێک کە لە پەیام و ڕێبازى پێغەمبەران و شوێنکەوتووانى راندا بەرجەستە دەبێت ، وە باطڵێک کە لە ڕێچکەکانى ئەواندا کە ناحەزو نەیارانى پێغەمبەرانن (علیه الصلاة و السلام ) بەجەستە دەبێ ، ئەوە یاسایەکى خواییە ، ئایەتەکە دەفەرموێ : لەپێش ئێوەدا زۆر یاسا تێپەڕیون ، دەجا بە زەوییدا بڕۆن (تەماشاى مێژوو یان شوێنەوارى پێشینان بکەن) ، سەنج بدەن سەرەنجامى ئەوانەى کە خواو پێغەمبەرانیان بەدرۆ زانیوە چۆن بووە !! ئەم یاسا خواییە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ خەڵک و ڕێنماییکەرو ئامۆژگاریشە بۆ پارێزکاران ، کە ئەمە یەکەمین دەرس و پەندە کە لە جەنگى ئوحود وەردەگیرێ ، وە ئەوە شتێکى زۆر گرنگە کە ئێمە بزانین ، بەرەنگار بوونەوەو بەگژدا چوونى (باطل) بۆ (حق) ياسايەکى خوایە لە ژیانى بەشەردا ، هەر لەو ڕۆژەوە ، کە ئادەم (علیه الصلاة والسلام ) پەیام و بەرنامەى خوارى پەروەردگارى هێناوە تا پێغەمبەرى خاتەم (علیه الصلاة والسلام)وە تا دوا ئیماندارو کافر لەسەر ئەم زەوییە دەژین ، ئەوە هەر بەردەوامە ، لە هەر کات و سەردەم و قۆناغێکدا بەشێوەیەک .
٢) سەرکەوتن بۆ ئەهلى ئیمانە :-
سەرکەوتن و زاڵ بوون و بردنەوە بۆ ئەوانەیە ، کە خاوەنى ئیمانى ڕاستەقینەن ، وەکو خواى پەنهانزان دەفەرموێ : { وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنْتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (١٣٩) } آڵ عمران ، لێرەدا خواى زاناو شارەزا بە ئیمانداران دەفەرموێ ، دیارە سەرەتا بە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ کە لەو جەنگەدا (٦٥)یانى لێ شەهید بوون ، وە کۆمەڵێکیشیان لێ بریندار بوون ، پێغەمبەر ﷺ یەکێکیان بوو ، پێیان دەفەرموێ : { وَلَا تَهِنُوا } ، واتە:- مەترسێن ، بێهێز مەبن ، چونکە (وهن) هەم بەماناى ترسان (جبن) وە هەم بەمانای بێهێزیی (ضعف) دێ { وَلَا تَحْزَنُوا } وە غەم و پەژارەش دامەگرن ، { وَأَنْتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ } وە دڵنیا بن هەر ئێوە لەسەرەوە دەبن (براوە دەبن) ئەگەر خاوەن ئیمان بن ، دیارە ئیمانى ڕاستەقینە مەبەستە ، دەشگونجێ مەبەست ئەوەبێ کە ئەگەر لە دنیاشدا بەڕوواڵەت ژێر بکەون ، لە قیامەتدا هەر سەرکەوتوو و سەرفرازن .
هەروەها لە شوێنێکى دیکەدا دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ (٧) } محمد ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ئەگەر خوا سەربخەن (واتە : پێغەمبەرى خوا ، دین و پەیام و بەنامەى خوا ) بە تەئکید خوا سەرتان دەخات و پێیەکانیشتان لە مەیداندا دەچەسپێنێ .
٣و٤) کافرانیش ئازار دەبینن و سەرکەوتنیش بەنۆرەیە :-
بێگومان ئەلى کوفریش وەکو ئەهلى ئیمان ئازاریان پێ دەگات ، وە سەرکەوتن و تێکشکانیش بەنۆرەیە ،، کەواتە مەرج نیە ئەگەر کۆمەڵێک ئیماندار بوون ، هەمیشە لە جەنگەکانیاندا هەر سەرکەوتوو بن ، بەڵکو هێندێک جار بەهۆى کەموکوڕیی خۆیانەوە شکست دێنن و لە جەنگدا دەدۆڕێن ، ، کە پێویستە پەندى لێ وەربگرن ، بەڵام سەرەنجام هەر بۆ ئەهلى ئیمانە ، وەک خواى پەروەردگار دەفەرموێ { ... إِنَّ الْعَاقِبَةَ لِلْمُتَّقِينَ (٤٩)} هود ، واتە : ئارام بگرە بێگومان سەرەنجام بۆ پارێزکارانە، جا خوا – عز وجل- ئەو دوو ڕاستییە دەخاتە ڕوو و دەفەرموێ: { إِنْ يَمْسَسْكُمْ قَرْحٌ فَقَدْ مَسَّ الْقَوْمَ قَرْحٌ مِثْلُهُ وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ... (١٤٠) } ئەگەر ئێوە ئازارێکتان پێ گەیشتووەو برینێکتان تێ بووە ، ئەوانیش وەکو ئێوە ئازاریان پێ گەیشتووەو برینیان تێ بووەو ، ئەو ڕۆژانەش ( کە سەرکەوتنیان تێدا وە دەست دێ ) دەستاو دەستیان پێ دەکەین لە نێو خەڵکیدا ، واتە : جار جار ئەهلى ئیمان سەردەکەون و ، جارجاریش ئەهلى کوفر، بەڵام سەرەنجام و بردنەوە و سەرکەوتنى یەکجارەکیی هەر بۆ ئەهلى ئیمانە .
هەروەها خواى پەروەردگار لەو بارەوە لە جێیەکى دیکەدا دەفەرموێ : {... إِنْ تَكُونُوا تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمُونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللَّهِ مَا لَا يَرْجُونَ وَكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا (١٠٤)} النساء ، واتە: ئەگەر ئێوە ئازارتان پێ دەگات ( لەکاتێکدا ، کە لەگەڵ ئەهلى کوفردا رووبەڕوو دەبنەوە ) بێگومان ئەوانیش وەکو ئێوە ئازاریان پێ دەگات ، بەڵام ئێوە چاوەڕوانییەک لەخوا دەکەن کە ئەوان ئەو چاوەڕوانییەیان نیە ، بێگومان خوا زاناى کاربەجێیە .
٥و٦) کاتە سەختەکان ئەهلى ئیمان دەردەخەن و خواى زاناو شارەزا شەهیدان هەڵدەبژێرێ :-
ئەهلى ئیمان لە ڕووبەڕووبونەوەدا دەناسرێن ، وە لە سەختییەکاندا لە مەحەک دەدرێن ، کەسانێکیش کە خواى پەروەردگار پێیان ڕەوا ببینێ بە شەهید هەڵیان دەبژێرێ ، وەک خوا – عز وجل- دەفەرموێ :{ وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَيَتَّخِذَ مِنْكُمْ شُهَدَاءَ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ (١٤٠) } آل عمران ، واتە : ئەم جەنگە هاتە پێش ، تاکو ئەوانەى ئەهلى ئیمانن خوا بيانزانێ و بیانناسێ و کۆمەڵێک شەهیدیشتان تێدا هەڵبژێرێ ، { (اتخاذ) یانى : هەڵبژاردن و گوڵبژێر کردن ، چونکە هەموو کەس شایستەى ئەوە نیە ، کە خوا لە پێناوى دینى خۆیدا پلەى شەهیدى پێ ببەخشێ } ، { وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ } ، وە بێگومان خوا ستەمکارانى خۆش ناوێ .
لەم ئایەتەدا کە خواى باڵا دەست دەفەرموێ : { وَلِيَعْلَمَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا } مەبەستى ئەوەیە خوا ئیمانداران بەکردەوەى خۆیان و لە مەیدانى واقعدا بناسێ ، ئەگەر نا خواى پەنهانزان بە زانیارى بێ سنوورى خۆى هەموو شتێک دەزانێ ، بەڵام بۆ ئەوەى موسوڵمانان لە مەیدانى واقعیدا بەرجەستە ببن و بناسرێن ، پێویستییان بە مەیدانێک هەیە کە تێیدا ڕووبەڕوو ببنەوە ، بۆ ئەوەى ئیمان و عەزم و ئازایەتیی و دڵسۆزییان لەو مەیدانى جەنگ و جیهاد و خوێن و فرمێسک و ترسەدا دەرکەوێ .
٧و٨ ) موسوڵمانان دەپاڵێورێن و کافران خەفە دەبن :-
خواى پەروەردگار ئەو دوو ڕاستیەى بەمجۆرە خستونە ڕوو ، وەک دەفەرموێ : {وَلِيُمَحِّصَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَيَمْحَقَ الْكَافِرِينَ (١٤١)} آل عمران ، واتە : تاکو خوا ئەوانەى ئیمانیان هێناوە بیانپاڵێوێ و لە بێژنگییان بدا ، وە ئەوانەش کە بێ بڕواو کافرن بێهێز بکا ، (محق) بریتیە لە خەفە بوون و کز بوون و لاواز بوونى شتێک ، یانى خواى تاک و پاک نایەوێ کافران لەنێو بەرێ ، چونکە ئەو دونیایەى وا هەڵخستووە ، کە کافریش و موسوڵمانیشى تێدا هەبن ، وە بوونى جەنگ و جیهادیش حیکمەتەکەى ئەوەیە ، کە موسوڵمانان بەهێز بن و کافرو بێ بڕوایانیش بێهێز بن بۆ ئەوەى کافران نەتوانن کوفرى خۆیان بەسەر موسوڵماناندا بسەپێنن و ستەمیان لێ بکەن ، چونکە موسوڵمانان ئەگەر بەهێزیش بن دینەکەیان ڕێیان لێ دەگرێ کە خۆیان بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن و دینى هەق بەزۆر بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن ، وە ڕێگاى دینداریی بەتاڵ لە ئەهلى کوفر بگرن ، بەڵام ئەگەر ئەهلى کوفر دەسەڵاتیان هەبێ ، دینە بەتاڵەکەى خۆیان بەسەر ئەهلى حەقدا دەسەپێنن ، وە ڕێگاى دیندارییان لێ دەگرن ، بۆیە لە حیکمەتەکانى جەنگ و جیهاد ئەوەیە کە موسوڵمانان بتوانن ڕێگە لە ئەهلى کوفر بگرن کە دینى خۆیان بەزۆر بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن ، تاکو دنیا ببێتە شوێنى تێدا تاقیکرانەوەو دواڕۆژیش شوێنى ئەنجام وەرگرتنەوەیە .
هەروەها لەو بارەوە خواى پەروەردگار دەفەرموێ {.... وَلِيَبْتَلِيَ اللَّهُ مَا فِي صُدُورِكُمْ وَلِيُمَحِّصَ مَا فِي قُلُوبِكُمْ...(١٥٤)} آل عمران ، واتە : بۆ ئەوەى خوا ئەوەى لە سینەکانتاندا هەیە دەریبخات ، وە ئەوەى کە لە دڵەکانتاندا هەیە ، بیپاڵێوێ .
ئاشکراشە ئینسان کە دەکەوێتە نێو سەختیی و ناڕەحەتییانەوە لە خۆى تێدەگاو غیرەت و ئازایەتیی دەردەکەوێ و خۆیشى و خەڵکیش دەناسێ و هەڵدەسەنگێنێ ، لەوانەیە کەسى وا هەبێ بڵێ من شەهیدییم زۆر خۆش دەوێ و هەر کات لەگەڵى ڕووبەڕوو بوومەوە زۆر بە سینە فراوانییەوە باوەشى بۆ دەگرمەوەو لە مردنێ ناترسم ، بەڵام کە تووشى گرفت و شوێنى ترسناک بوو ، ئینجا لەخۆى حاڵى دەبێ ، کە ئایا ئەو بۆچوونەى ڕاستە ییان نا ؟!
بۆ وێنە من جارێک لەگڵ برایەک کەوتینە حاڵەتێکى ناخۆشەوە ، گرتیانین و هەڕەشەى کوشتنیان لێ کردین ، ئەو برایە حاڵەتى دەروونیی تێک چوو بوو ، دواى ئەوەى کە نەجاتمان بوو پێی گوتم : فڵان کەس ، وەڵڵاهى من وامزانى ، ئەگەر لەگەڵ مردنێ ڕووبەڕوو بومەوە زۆرم پێ خۆشە شەهید بم ! ، بەڵام ئێستا دەترسم ئیمانەکەم تەواو نەبێ ، چونکە ئەوەى ڕاستى بێ ئەو کاتەى هەڕەشەیان لێ کردین پێم ناخۆش بوو شەهید بم ، منیش گوتم : ئینسان بەشێوەیەکى سروشتى مردنى پێ خۆش نیە ، بەڵام بە تەئکید تا ئیمانیشى بەهێزتر بێ کەمتر لە مردنێ دەترسێ .
٩) بێ جیهاد بەهەشت بەدەست نایەت :-
بەبێ جیهاد و خۆڕاگریی لە مەیدان و چەسپین لەبەرانبەر ناخۆشییەکاندا ، نابێ ئینسان بەهیواى چوونە بەهەشت بێ ، چونکە هەر کەسێ خۆڕاگریی و تێکۆشانى نەبێ لەڕێی خواداو لە کاتێکدا ، کە ئیسلام پێویستى پێیەتى و واجبى کردووەو ، بەتەماى بەهەشتیش بێ ، وە خەیاڵ پڵاوى کردوە، خوا تبارک و تعالى ئاوا ئەم حەقیقەتە دەردەخات و دەفەروێ : {أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَعْلَمِ اللَّهُ الَّذِينَ جَاهَدُوا مِنْكُمْ وَيَعْلَمَ الصَّابِرِينَ(١٤٢) } آل عمران ، واتە : ئایا بەتەمان بچنە بەهەشتێ بەر لەوەى خوا بزانێ کامانەتانن ئەوانەى تێدەکۆشن و ئەوانەتان کە خۆڕاگرن لە مەیدانى ڕووبەڕووبوونەوەدا ؟! یانى : تا نەکەونە مەیدانى جەنگ و جیهاد و خۆڕاگرییەوە لەبەرانبەر گرفتاریی و ناڕەحەتییەکاندا ، وە هەتا ئەو بڕوانامەیەتان پێ نەبێ ، بەتەماى چوونە بەهەشتێ مەبن ، چونکە لەم ئایەتەدا خواى بەرزو مەزن شێوازى پرسیار کردنى نکوڵیی کردن (الأستفهام الأنکاری) بەکار هێناوەو دەفەرموێ : من ئینکاریی دەکەم لەوەى بچنە بەهەشتێ ، بێ ئەوەى ببنە موجاهیدو تێکۆشەر و جەنگاوەر لە ڕێی خواداو خۆڕاگربن لە مەیدانى ڕووبەڕوو بونەوەدا .
١٠) پەیوەست بوون بەخواوە ، نەک بە هیچ کەسێک :-
حیکمەت و پەندى دەیەم بریتیە لە پەیوەست بوون بە خواو دینى خواوە ، نەک بە (شخص)ەوە ، وەک خواى پەروەردگار ڕوو لە هاوەڵانى بەڕێزى پێغەمبەر ﷺ دەکات و لەگەڵ هەموو موسوڵمانانیشیەتى و دەفەرموێ : {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا وَسَيَجْزِي اللَّهُ الشَّاكِرِينَ(١٤٤)} آل عمران ، واتە : موحەممەد ﷺ پێغەمبەرێکە ، کە لەپێش ئەویشدا پێغەمبەرانى دیکەش تێپەڕیون جا ئایا کاتێک ، کە ئەو وەفاتى کرد یان کوژرا دەبێ هەڵگەڕێنەوەو پاشگەز ببنەوەو لەسەر پاژنە پێتان بەرەو دواوە بچنەوە ؟! هەر کەسێک لەسەر دوو پاژنە پێیانى بگەڕێتەوەو پاشگەز ببێتەوە ، هیچ زیانێک بەخوا ناگەیەنێ ، وە خوا پاداشتى شوکرانە بژێران دەداتەوە .
لێرەدا خواى کاربەجێ ئەو دەرس و پەندە دەدا بە ئەهلى ئیمان ، کە ئەگەر ڕۆژێک پێغەمبەرى خوا ﷺ وەفاتى فەرموو ، یان کوژرا ، نابێ هەڵگەڕێنەوەو پەیوەست بن بە خودى پێغەمبەرەوە ﷺ و بەهیچ کەسێکى دیکەشەوە ، بەو مانایە کە ئەگەر ئەو کەسە نەما ، یان شتێکى بەسەر هات ، ئەوان سارد ببنەوە ، وە ئەو ڕاستییەش موسوڵمانان زۆر سوودیان لێ بینى ، چونکە کاتێ ، کە پێغەمبەر ﷺ کۆچی دوایی کرد ، موسوڵمانان زۆر پەشۆکان و هەژان بەڵام (أبو بکر) – خوا لێی ڕازى بێ- هەڵوێستەکەى ڕاست کردەوەو گوتى : { من کان یعبد محمدا فان محمد قد مات و من کان یعبد الله فان الله حى لا یموت } رواه البخاری ، واتە : هەر کەسێک موحەممەدى دەپەرست ، ئەوە موحەممەد مردو وەفاتى کرد ، بەڵام هەرکەسێک کە خواى دەپەرست ، ئەوە خوا زیندووەو نامرێ ، وە ئەم ئایەتەشى خوێندەوە کە دەفەرموێ : { وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا وَسَيَجْزِي اللَّهُ الشَّاكِرِينَ(١٤٤)} کەواتە : دەبێ ئێمەش پەیوەست بین بە خواى پەروەردگارو پەیامن و بەنامەکەیەوە ، چونکە ئێمە بەندەى خواین ، وە ئەو کەسەش کە لە نێوانماندایەو سەرپەرشتیتان دەکاو دینى خوامان لێ حاڵى دەکاو پێشمان دەکەوێ ، ئەوە بەڕێی خوادا پێشمان دەکەوێ و ئەگەر ئەویش نەما ڕێگاکە هەر دەمێنێ ، وە خواى پەروەردگاریش هەر هەیەو نامرێ .
١١) ئەجەل دیایکراوەو ئازایەتیی و ترسنۆکیی پێش و پاشى ناخات :-
پێویستە هەموو کەسێک ئەو ڕاستییە بزانێ ، کە نە مردن بەهۆى ئازایەتییەوە دێتە پێش و نە لە ئەنجامى ترسنۆکیشدا ئینسان سەلامەت دەبێ و تەمەنى درێژ دەبێ، چونکە ئینسانى وا هەیە زۆر ئازاو جەربەزەیە و تەمەنێکى زۆریش بەڕێ دەکا ، ئینسانى واش هەیە زۆر ترسنۆکە ، بەڵام بەیەکێک لە هۆیەکان کە دێتە پێش دەمرێ و دونیا بەجێ دێڵێ ، خواى تاک و پاک ئەم ڕاستییەى ئاوا ڕوون کردۆتەوە کە دەفەرموێ : { وَمَا كَانَ لِنَفْسٍ أَنْ تَمُوتَ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ كِتَابًا مُؤَجَّلً ...(١٤٥)} آل عمران، واتە : هیچ نەفسێک بۆى نیە بمرێ (ئەگەر بشیەوێ بمرێ ) مەگەر بەفەرمانى خوا ، وە نووسراوێکى دیاریکراویشى هەیە ، (واتە : مردن کاتێکى دیاریکراوە ) ، کەواتە : نە ترسنۆکى ئینسان لە مردنێ دوور دەخاتەوەو نە ئازایەتیش مردنێ وە پێش دەخات ، بەڵام ئینسان لەسەر ئازایەتى پاداشتى هەیە ، وەلەسەر ترسنۆکیش سزاى هەیە ، دیارە ئازایەتییەک کە لە شوێنى خۆیدا بێ و هەڵەشەیی (تهور) نەبێ ، چونکە خۆپێدادانێک کە پێویست نەبێ ، ناپەسەندە ، کەواتە : نە ترسنۆکیی و نەهەڵەشەیی ، وە ئەوەى لە نێوەڕاستى ئەو دووەدایە ، بریتییە لە ئازایەتیی .
١٢) ئەنجام بەپێی کارو تێکۆشانە :-
بێگومان ئەهلى ئیمان و ئەهلى کوفر هەر کاتێک بە ئەندازەى ئەوە کە ڕەنج دەدەن و تێکۆشان دەکەن و بۆ مەبەستێک هەوڵ دەدەن ، ئەنجامیان دەستگیر دەبێ ، ئەوەش یاسایەکى خوایەو ڕاستییەکەو لەو بارەوە خواى پەروەردگار دەفەرموێ : { ... وَمَنْ يُرِدْ ثَوَابَ الدُّنْيَا نُؤْتِهِ مِنْهَا وَمَنْ يُرِدْ ثَوَابَ الْآخِرَةِ نُؤْتِهِ مِنْهَا وَسَنَجْزِي الشَّاكِرِينَ(١٤٥) } آل عمران، واتە : وە هەر کەسێک پاداشتى دونیاى بوێ ، لێی دەیدەینێ ، وە هەر کەسێکیش بەرهەمى دوا ڕۆژى بوێ ، لێی دەدەینێ ، وە پاداشتى شوکرانە بژێران دەدەینەوە .
کەواتە : ئێمە کە ئەهلى کوفر دەبینین دەسەڵات و توانایان هەیەو بەرەو پێش دەچن ، ئەوە سوننەت و یاساى خوایە ، چونکە خوا دەفەرموێ : { وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى (٣٩)} النجم ، واتە : بۆ ئینسان نیە مەگەر ئەو ئەندازەیەى کە هەوڵ دەداو تێدەکۆشێ ، کەواتە : هەر ئینسانێک تێبکۆشێت ، بەئەندازەى تێکۆشانەکەى بەرهەمى دەست دەکەوێ ، چ کافر بێ چ موسوڵمان .
١٣و ١٤) ئەهلى ئیمان ئازاو چەسپیون و سەرکەوتنیان مسۆگەرە :-
ئەوانەى بۆ خوا یەکلا بونەوەو موسوڵمانانى ڕەببانین :-
١- ترس و بەزین و تەسلیم بوون نازانن و ئازاو بە وورەو چەسپیون .
٢- سەرکەوتنى دونیاو دوا ڕۆژیان مسۆگەرە .
ئەو دوو ڕاستییەشمان لەم دوو ئایەتانەدا بۆ دەردەکەوێ ، کە خواى زانان تیایاندا فەرموویەتى : { وَكَأَيِّنْ مِنْ نَبِيٍّ قَاتَلَ مَعَهُ رِبِّيُّونَ كَثِيرٌ فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ(١٤٦) } آل عمران ، واتە : زۆر لە پێغەمبەران کەسانى ڕەببانى زۆر لەگەڵیاندا جەنگییان کرد ، { (ربیون ) واتە (ربانیون) کەسانێک کە سەر بە پەروەردگار بن ، وە خۆیان بۆ خواى پەروەردگار ساغ و یەکلا کردبێتەوە } ، { فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا } واتە : بەهۆى ئەو شتەى کە دەهاتە ڕێیان لەبەڵاو ناڕەحەتیی لە ڕێگاى خوادا ترسیان تووش نەهات و ، وە بێهێز نەبوون و لاڵانەوەو پاڕانەوەشیان نەبوو لەبەرانبەر ئەهلى کوفردا ، { وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ } وە خوا خۆڕاگرانیی خۆش دەوێ ، ئینجا دەفەرموێ : { وَمَا كَانَ قَوْلَهُمْ إِلَّا أَنْ قَالُوا رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَإِسْرَافَنَا فِي أَمْرِنَا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَانْصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ(١٤٧) } آل عمران ، واتە : تەنها قسەشیان لەکاتى ڕووبەڕووبوونەوەدا ئەوە بوو ، کە دەیانگوت : پەروەردگارمان ! لە گوناحەکانمان و زیادەڕۆیی کردنمان ببورە ، وە پێیەکانمان بچەسپێنەو بەسەر کافراندا سەرمانخە ، لەسەرەتاوە داوایان لەخوا کردووە ، کەلە گوناحەکانیان ببورێ ، چونکە بەهۆى گوناحەکانیانەوە شکست دەخۆن ، عومەرى کوڕى خەتتاب – خوا لێی ڕازى بێ – لەکاتێکدا ، کە سوپایەکى دەنارد بۆ شوێنێک پیی دەگوتن : ئاگاتان لە گوناحەکانتان بێ ، سوێند بە خوا من لە گوناحەکانتان زیاتر دەترسێم ، کە بەهۆیانەوە تووشى زیان بن وەک لە دوژمن ، چونکە دوژمنەکەشتان بەهۆى گوناحەکانى خۆتانەوە پێتان دەوێرێ!
دیارە سوپاى ئەهلى ئیمان هیچ کاتێک بە ژمارەو پێداویستى جەنگیی ، لەگەڵ ئەهلى کوفردا هاو تەرازوو نەبوون و هەمیشە ئەهلى کوفر ژمارەیان زیاتر بووەو پێداویستیی جەنگیشیان زۆرترو چاکتر بووە ، بەڵام ئەهلى ئیمان بەهۆى ئیمان و فەرمانبەرییان بۆ خواو بەهۆى پارێزکارییانەوە ، تاتەرازووى جەنگیان بەلاى خۆیاندا شکاندۆتەوە و بەسەر دوژمنانى ئیسلامدا زاڵ بوون ، بۆیە ئەو ڕەببانییانە سەرەتا داواو لە خواى پەروەردگار دەکەن ، کە لە گوناح و زیادە ڕەوییان ببورێ ، ئینجا دەڵێن : خوایە پێیەکانمان بچەسپێنەو سەرمانخە بەسەر کافراندا ، دوایی دەفەرموێ : { فَآتَاهُمُ اللَّهُ ثَوَابَ الدُّنْيَا وَحُسْنَ ثَوَابِ الْآخِرَةِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ(١٤٨) } آل عمران ، واتە : خوا پاداشتى دونیاى دانەوەو ، پاداشتى باشى دوا ڕۆژیش ، خوا چاکەکارانى خۆش دەوێت .
١٥) تێکشکان و دۆڕان پەیوەندى بەناخ و نێوەوەى مرۆڤەوە هەیە :-
هۆکارەکانى شکست هێنان زیاتر پەیوەندییان بە خودى ئینسان و دڵ و دەروونیەوە هەیە ، نەک بەلایەنى دەرەکیی ، لەبارەى ئەو حەقیقەتەشەوە خواى بێ وێنە فەرموویەتى : { وَلَقَدْ صَدَقَكُمُ اللَّهُ وَعْدَهُ إِذْ تَحُسُّونَهُمْ بِإِذْنِهِ حَتَّى إِذَا فَشِلْتُمْ وَتَنَازَعْتُمْ فِي الْأَمْرِ وَعَصَيْتُمْ مِنْ بَعْدِ مَا أَرَاكُمْ مَا تُحِبُّونَ مِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الْآخِرَةَ ...(١٥٢)} آل عمران ، واتە : وە خوا بەڵێنى خۆى لەگەڵ ئێوەدا ڕاست بردە سەر ، کە کافرەکانتان دەکوشت بە ئیزن و فەرمانى خوا ، هەتا کاتێک کە تووشى فەشەل و تێکشکان بوون ، وە لەنێو خۆتاندجا ناکۆکیتان هەبوو و سەرپێچیتان کرد ، دواى ئەوەى شتێکى پێشاندان کە خۆشتان دەوێ ( واتە : دەستکەوت ) هەتانبوو دونیاى دەویست ، وە هەتانبوو دواڕۆژى دەویست ، کەواتە : ئەو هۆکارە خودی (ذاتی)یانە بوونە هۆى شکستى ئێوە ، هەروەها هەر لەو بارەوە فەرموویەتى : { أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُمْ مُصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُمْ مِثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّى هَذَا قُلْ هُوَ مِنْ عِنْدِ أَنْفُسِكُمْ...(١٦٥) } آل عمران ، واتە : ئایا کە بەڵایەکتان تووش بوو (لە غەزاى ئوحوددا) کە پێشتر دوو قاتى ئەوەتان تووشى دوژمن کردبوو (لە غەزاى بەدردا) گوتتان ئەوە لە کوێوە بوو ؟! بڵێ: ئەوە لە خۆتانەوە بوو ، بەهۆى خۆتانەوە دوژمن زەفەرى پێ بردن ، نەک بەهۆى ئازایەتیی خۆیەوە .
١٦) سۆزو نەرم و نیانى پێغەمبەرﷺلەگەڵ هاوەڵانیدا : -
وەک لەم جەنگەدا دەردەکەوێ پێویستە برا گەورە لەگەڵ شوێنکەوتووانى خۆیدا نەرم و نیان و بەسۆز بێت و چاوپۆشی لە کەم وکوڕییەکانیان بکات و هەڵوێستێکى وایان لەگەڵ بەکار بێنێ ، کە ببێتە مایەى بەخۆدا چوونەوەو پەند وەرگرتن لە هەڵەکان ، نەک بە سەرزەنشت و تووڕەبوون شوێنکەوتووانى یەکجاریی بڕوخێنێ ، کەواتە : نەم و نیانیی و لێبووردەیی پێغەمبەر ﷺ لەبەرانبەر تیر هاوێژەکان و ....هتدا ، مایەى پەندو دەرسن .
خواى بەبەزەیی دەفەرموێ : { فَبِمَا رَحْمَةٍ مِنَ اللَّهِ لِنْتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنْتَ فَظًّا غَلِيظَ الْقَلْبِ لَانْفَضُّوا مِنْ حَوْلِكَ فَاعْفُ عَنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ (١٥٩)} آل عمران ، واتە : تۆ (ئەى موحەممەد) بەهۆى بەزەیی خواوە لەگەڵیان نەرم بووى ، وە ئەگەر قسە ڕەق و دڵ ڕەق بووباى (ئەو هاوەڵە بەڕێزانەت) لە دەورت دەپڕژان ، چاو پۆشییان لێ بکەو داواوى لێبوردنیان بۆ بکە لە خوا ، وە ڕاوێژیشیان پێ بکە لە کاروباردا ، ئەگەر بڕیاریشتدا وە دڵت چەسپى لەسەر شتێک ، پشت بەخوا ببەستەو جێ بەجێی بکە ، بێگومان خوا ئەوانەى خۆش دەوێ ، کە پشتى پێ دەبەستن .
١٧) سەرکەوتن و ژێر کەوتن هەردووکییان بەدەست خوان :-
خواى زانا و توانا لەو بارەوە دەفەرموێ : { إِنْ يَنْصُرْكُمُ اللَّهُ فَلَا غَالِبَ لَكُمْ وَإِنْ يَخْذُلْكُمْ فَمَنْ ذَا الَّذِي يَنْصُرُكُمْ مِنْ بَعْدِهِ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ(١٦٠) } آل عمران ، واتە : ئەگەر خوا سەرتان بخات هیچ کەس ناتوانێ بەسەرتاندا زاڵ ببێت ، وە ئەگەر ئەو پشتتان بەربدا ، کێ ئەتوانێ جگە لەو سەرتان بخا ! دەبا بڕواداران پشت هەر بەخوا ببەستن ، کەواتە : سەرکەوتن و ژێر کەوتن هەر لە خوا بزانن و خواى پەروەردگاریش بەهۆى ئەوە سەرتان دەخا کە پابەند بن بەبەرنامەکەیەوەو هۆکارە ماددیی و مەعنەوییەکان کە خوا دیارى کردوون ڕەچاو بکەن ، بەهۆى ئەوەشەوە ژێر دەکەون ، کەلە بەرنامەکەى لابدەن و ناڕێکیی لە کارەکانتاندا هەبێ .
١٨) کوژراوانى ڕێی خوا نەمردوون و زیندوون :-
ڕاستییەکى دیکە ئەوەیە کە کوژراوانى ڕێی خوا زیندوون ، وە لەلایەن خواوە ڕۆژیی تایبەتییان دەدرێتێ ، خواى پەروەردگار لەو بارەوە دەفەرموێ : { وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ (١٦٩) فَرِحِينَ بِمَا آتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ وَيَسْتَبْشِرُونَ بِالَّذِينَ لَمْ يَلْحَقُوا بِهِمْ مِنْ خَلْفِهِمْ أَلَّا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ (١٧٠) يَسْتَبْشِرُونَ بِنِعْمَةٍ مِنَ اللَّهِ وَفَضْلٍ وَأَنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُؤْمِنِينَ (١٧١)} آل عمران ، واتە : پێتان وانەبێ ، کە ئەوانەى لەڕێی خوادا کوژراون ، مردوون ، بەڵکو ئەوانە زیندوون وە لەلایەن خواوە ڕۆزى تایبەتییان دەدرێتێ ، دڵخۆشت بەوەى کە خوا لە بەخششی خۆى پییداون وە مژدەش دەدەن بەوانەى کە لە دواى ئەوانەوە دێن و جارێ پێیان نەگەیشتوون ، کە ترس و غەم و پەژارەیان نابێ و ، دڵخۆشن بە چاکەو بەخششى خوا وە بێگومان خوا پاداشتى ئیمانداران زایە ناکات .
لەو بارەوە (ابن هشام) هێناویەتى کە (ابن اسحاق ) لە (ابن عباس)وە گێڕاویەتیەوە ، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى { لَـمَّا أُصِيبَ إخْوَانُكُمْ بِـأُحُدٍ، جَعَلَ اللَّهُ أرْوَاحَهُمْ فِـي أجْوَافِ طَيْرٍ خُضْرٍ، تَرِدُ أنْهارَ الـجَنَّةِ، وَتأكُلُ مِنِ ثِمَارِها، وَتأْوِي إلـى قَنادِيـلَ مِنْ ذَهَبٍ فِـي ظِلِّ العَرْشِ فَلَـمَّا وَجَدُوا طِيبَ مَشْرَبِهِمْ وَمأْكَلِهِمْ وَحُسْنِ مَقِـيِـلهِمْ، قالوا: يا لَـيْتَ إخْوَانَنا يَعْلَـمونَ ما صَنَعَ اللَّهُ بِنا! لِئَلاَّ يَزْهَدُوا فِـي الـجِهادِ وَلا يَنْكَأوا عَنِ الـحَرْبِ، فَقالَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ: فأني أُبَلِّغُهمْ عَنْكمْ، فأنزل الله على رسوله ﷺ الآيات - وَلَا تَحْسَبَنَّ... } واتە : دواى ئەوەى برایەکانتان لە جەنگى ئوحوددا کوژران ، خوا ڕووحەکانییانى خستە نێو لەشى باڵندە سەوزەکانەوە ، کە دەچنە سەر ڕووبارەکانى بەهەشت و لە میوەکەى دەخۆن و دەچنەوە نێو چەند تاقێکى زێڕین لە سێبەرى عەرشدا ، جا کاتێک ئەو خواردن و خواردنەوە خۆش و جێگاو ڕێگا پەسەندەیان بینى ، گوتیان : خۆزگە برایەکانمان زانیبایان خوا چى بۆ کردوین ، تاکو جیهاد کردن و جەنگ بەکەم نەگرن و پشتیان لێی سارد نەبێتەوە ، خواش فەرمووى : من لە جیاتى ئێوە پێیان ڕادەگەیەنم ، ئیدى ئەو ئایەتانەى ناردە سەر پێغەمبەرەکەى ﷺ: { وَلَا تَحْسَبَنَّ اللهَ ...} .
لێرەدا باس لە شەهیدانى ئوحود دەکات ، کە لە نازو نیعمەتى خوادان لە بەهەشت و بەئاوات دەخوازن برایانیان ئەو حاڵە خۆشەى ئەوان بزانن ، بۆ ئەوەى تەمبەڵیی نەکەن لە جیهاددا .
١٩) لە کاتیی سەختیدا پاک و پیس لە یەک جیادەبنەوە :-
بێگومان لەکاتی سەختیی و جەنگ و دژواریاندا، پاک و پیسى موسوڵمانان لێک جیادەبنەوەو ، ئەگەر ئەو جەنگەى ئوحود نەهاتبایە پێش ( عبدالله بن أبی سلول) و ئەو هەموو خەڵکەى کە لەگەڵیاندا بوون ، چۆن لە موسوڵمانان جیادەکرانەوەو ، چۆن ئەو پاک و پیسە لەیەک هەڵدەوێردران ، بۆیە خواى کاربەجێ دەفەرموێ : { مَا كَانَ اللَّهُ لِيَذَرَ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى مَا أَنْتُمْ عَلَيْهِ حَتَّى يَمِيزَ الْخَبِيثَ مِنَ الطَّيِّبِ وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُطْلِعَكُمْ عَلَى الْغَيْبِ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَجْتَبِي مِنْ رُسُلِهِ مَنْ يَشَاءُ فَآمِنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ وَإِنْ تُؤْمِنُوا وَتَتَّقُوا فَلَكُمْ أَجْرٌ عَظِيمٌ (١٧٩)} آل عمران ، واتە: خوا لە ئیمانداران ناگەڕێ وەکو ئەو حاڵەتەى ئێستایان (بەڵکو تاقییان دەکاتەوە ) هەتا پاک و پیسیان لەیەک جیا دەکاتەوە ( پاک وپیسى موسوڵمانانیش لەکاتى ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ کوفردا دەردەکەوێ ، کە کێ ئیماندارەو بەڕاستى خۆى بەخوا فرۆشتوە ، وە کێش بە پێچەوانەوەیەو هەر بەڕواڵەت موسوڵمانە ) ، وە خوا ئیوە لە پەنهانى خۆى ئاگادار ناکاتەوە ، بەڵکو هەر کەسێک کە بیەوێ لە پێغەمبەرانى خۆى هەڵیدەبژێرێ ، دەجا بڕوا بەخواو پێغەمبەرەکەى بێنن ، وە ئەگەر بڕوا بێنن و پارێز بکەن ئەوە پاداشتێکى مەزنتان هەیە .
کەواتە : لەکاتى سەختیی و دژواریانداو لەمەیدانى ئەزموون و تاقیکردنەوەدا لێک حاڵیی دەبن و لە خۆتان تێ دەگەن ، کە کێتان پاکەو ئەهلى ئیمانەو کێشتان پیسەو ئەهلى نیفاقە ؟! خواى پەروەردگار ئێمە لەو کەسانە بگێڕێ ، کە ئیمانەکەیان ئەوەندە بەهێزە لەکاتى تاقیکردنەوەدا دەردەچن و نەفس و ماڵیان بە خوا فرۆشتووەو بەس ڕەزامەندیی خوایان مەبەستە .
٢٠و٢١) شکاندنى فەرمانى براگەورەو ، هەڵبژاردنى دنیا بەسەر دواڕۆژدا مایەى تێکشکان و دۆڕانن : -
بەڵێ شکاندنى فەرمانى برا گەورە مایەى تێکشکان و دۆڕانەو پەشیمانى لەدوایە ، وەک لە هاتنە خوارەوەى زۆربەى تیر هاوێژەکانى سەر بەرزایی ئوحوددا دەردەکەوێ ، کە فەرمانى پێغەمبەریان ﷺ شکاندو سەرەنجام ئەو هەڵوێستەیان بوو بەمایەى تێکشکان و زەرەرمەندی موسوڵمانان ، وە خۆش وویستنى دونیاش بەشێوەیەک ، کەبەسەر فەرمانى خواو ردا ﷺ هەڵبژێردرێ ، بەهەمان شێوە مایەى تێکشکانە ، کە لەو تیرهاوێژانە دیاریدا ، کە بۆ کۆکردنەوەى دەستکەوتى جەنگ و شتى مادیی شوێنى خۆیان چۆڵ کرد ، ئەو دووانەش پەندو عیبرەتن بۆ موسوڵمانان و جی بەجێ کردنى فەرمانى برا گەورە و هەڵبژاردنى دواڕۆژ بەسەر دونیادا ، دوو هۆى سەرەکین بۆ سەرکەوتن ، بە پێچەوانەشەوە سەرپێچیی لە فەرمانى خواو پێغەمبەر ﷺ و هەڵبژاردنى دونیا دوو هۆى سەرەکیین بۆ ژێر کەوتن .
______________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٥١٠- ٥٢٥)
|