بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 جەنگى حونەین و ئەوطاس و طائیف
22/10/2019
بینین: 1623
یەکەم / جەنگى حونەین :
 یەکێک لەو جەنگانەى کە پێغەمبەر ﷺ پێیان هەستا جەنگى حونەین بوو ، ئەوە بوو کە لە (٥)ى (شوال) بەڕێکەوتن لە (١٠)ى (شوال) ى ساڵى (٨) ى کۆچى گەیشتنە حونەین ، کە دۆڵێکەو هۆزى (هوازن) لەوێ بوون ، چونکە هۆزى (هوازن) لەگەڵ (ثقیف) بە سەرکردایەتى (مالك بن عوف) هێزیان کۆکردبۆوەو ویستیان بە سوپایەکى زۆرەوە، کە دوایی دەرکەوت دوو ئەوەندەى سوپاى موسوڵمانان بوو، بەسەر مەککەدا بدەن ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ پێش ئەوەى ئەوان بەسەر مەککەدا بدەن ، فەرمانى دەرکرد کە موسوڵمانان ئامادە بن بۆ هێرشکردنە سەریان ، ژمارەى سوپاى موسوڵمانان دوانزە هەزار کەس بوو، دە هەزار لەوانەى کە لە مەدینەوە لە خزمەت پێغەمبەردا ﷺ هاتبوون و ، دوو هەزاریش لە خەڵکى مەککە ، کە تازە موسوڵمان بووبوون .
پێش بەڕێکەوتنى ، پێغەمبەر ﷺ داواى سێ هەزار ڕمی لە (نوفل بن الحارث بن عبدالمطلب) کردو ، داواى چەند زرێیەکیشى لە (صفوان بن أمیة) کرد بە ئەمانەت ، کە دواى شەڕەکە بیانداتەوە ، چونکە ئەو دوو کەسە تا ئەو کاتەش هەر کافر بوون ، (مالك بن عوف) کە سەرکردەى سوپاى دوژمن بوو خەڵکى خۆیانى هاندا بۆ شەڕو ، وورەى بەبەرنان و بڕیاریشیدا ژن و منداڵ لەگەڵ لەشکرەکەیان بەرن بۆ ئەوەى پیاوەکانیان لەشەڕدا شەرم بیانگرێ و هەڵنەیەن ، وە سوودیشى لە (درید بن الصمة) بینی لە دانانى بۆسەدا دژى موسوڵمانان و لەو ناوچەیەش زۆر شارەزا بوون .
سوپاى بێ بڕوایان پێش موسوڵمانان لە شیوى حونەین خۆیان مەڵاس دابوو ، کە سوپاى ئیسلام گەیشتە ئەوێ ، لە هەموو لاوە بە خەستى تیر باران کران و سەریان لێ شێواو زۆر زیانیان پێ گەیشت و زۆربەى موسوڵمانان هەڵاتن ( عباس) ى مامى پێغەمبەر ﷺ دەڵێ : کەلە سەرەتاوە موسوڵمانان ڕایانکرد من ڕێشمەى ئێسترەکەى پێغەمبەرم گرتبوو ئەو لە مەیدان مابۆوە ، پێی گوتم : { یا عباس إصرخ یا معشر الأنصار ! یا معشر أصحاب السمرة } ، واتە : ئەى عەباس ! هاوار بکە ئەى کۆمەڵى پشتیوانان ! هۆ کۆمەڵى هاوەڵانى درەختەکە ! ، منیش بە دەنگى بەهێزى خۆم بانگم کردن ، سوێند بەخوا کە گوێیان لە دەنگى من بوو وەک چۆن مانگا بۆ گوێرەکەکەى خۆى سۆزى هەیەو دەگەڕێتەوە سەرى ، ئاوا گوتیان ( لبيك ، لبيك)واتە : لە خزمەتتین ، لە خزمەتتین ! دوایی پێغەمبەر ﷺ چنگە خۆڵێکى بە کافراندا کردو فەرمووى : (انهزموا ورب محمد) رواه مسلم ، واتە : بەپەروەردگارى موحەممەد تێک دەشکێن !
ئینجا سوپاى موسوڵمانان بەرگرى مەردانە دەکەن و لە مەیداندا دەمێننەوەو خواى پەروەردگاریش بە ناردنى فریشتە بۆ یارمەتی دانیان لە جەنگەکەدا ، ئەوەندەى دیکە موسوڵمانان بەهێز و کافران تووشى ترس و دڵەڕاوکێ دەکات ، بەو جۆرە موسوڵمانان سوپاى کوفر تێک دەشکێنن و خەڵکێکى زۆریان لێ دەکوژن و خەڵکێکى زۆر بە دیل دەگرن و مەڕو ماڵات و چەکێکى زۆریش کە بە هەزاران مەزەندە دەکرا ، بە غەنیمەت دەگرن ، لەو بارەوە خواى زاڵ دەفەرموێ :  { لَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ فِي مَوَاطِنَ كَثِيرَةٍ وَيَوْمَ حُنَيْنٍ إِذْ أَعْجَبَتْكُمْ كَثْرَتُكُمْ فَلَمْ تُغْنِ عَنْكُمْ شَيْئًا وَضَاقَتْ عَلَيْكُمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ثُمَّ وَلَّيْتُمْ مُدْبِرِينَ (٢٥) ثُمَّ أَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَى رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَأَنْزَلَ جُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا وَعَذَّبَ الَّذِينَ كَفَرُوا وَذَلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ (٢٦) } التوبة ، واتە : بێگومان خوا لە زۆر شوێنان ئێوەى سەرخست ، وە ڕۆژى حونەین ، کەبە زۆرییەکەتان سەرسام بوون ، { چونکە یەکێک لە تازە موسوڵمان بووەکان گوتى : (لن نغلب الیوم من قلة) ، واتە : ئەمڕۆ بەهۆى کەمییەوە تێک ناشکێین } ، بەڵام زۆرییەکەتان هیچ دادى نەدان ...، کەواتە : ئێوە بەهۆى ئیمان پارێزکارییتانەوە خوا سەریخستوون ، نەک بە هۆى زۆریتانەوە ، ئینجا لەکۆتایی جەنگەکەدا پاشماوەى لەشکرى شکاوى بێ بڕوایان بەرەو طائیف دەچێ و هەندێکیشیان بەرەو ئەوطاس دەچن .
هۆیەکانى تێکشکانى موسوڵمانان لە سەرەتاوە :
١)شانازى کردن بە زۆرى سوپاى خۆیان و گێڕانەوەى سەرکەوتن بۆ خۆیان نەک بۆ خوا .
٢) لەنێو جەیشى پێغەمبەر ﷺ دا خەڵکێک هەبوو کە بەبێ چەک بوون و لەبەر دڵ گەرمییان چووبوون بۆ جەنگەکە .
٣) ژمارەى لەشکرى دوژمن دوو هێندە زۆرتر بوو لە سوپاى موسوڵمانان .
٤)  (مالك بن عوف) سەرکردەى کافرەکان پێش گەیشتنى سوپاى موسوڵمانان چووبووە شیوى حونەین و شوێنە گرنگەکانى گرتبوو ، وە کەمینى لە موسوڵمانان دانابوو .
٥) هێندێک لە ئیمان لاوازەکان کە تازە لە مەککە موسوڵمان بووبوون ، ڕایانکرد لە مەیدان و ئەمەش بوو بە هۆى تێکچوونى بارودۆخ و شیرازەى سوپاکە .

هۆیەکانى سەرکەوتنى موسوڵمانان لە کۆتایی جەنگەکە دا : 
١)مانەوەو وورە بەرزیی پێغەمبەر ﷺ لە مەیدانى جەنگدا ، کە بوو بەهۆى گەڕانەوەى خەڵکە هەڵاتووەکە کە بینیان سەرکردەکەیان لە مەیداندایە .
٢) ئازایەتى پێغەمبەر ﷺ کە قارەمانانە شەڕى کردو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکە دەچوو .
٣) ئازایەتى و مانەوەى ئەو کۆمەڵە هاوەڵەى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵیدا .
٤) بەخێرایی گەڕانەوەى هەڵاتووەکان .
٥) سوپاى کوفر کەوتە هەڵەیەکى سەربازییەوە کەبەدواى موسوڵماناندا هێرشەکەیان درێژە پێ نەداو موسوڵمانان خۆیان گرتەوە .
٦) دووعاو پاڕانەوەى پێغەمبەر ﷺ بۆ سەرکەوتنى سوپاى ئیسلام .
٧) فڕێدانى مستە خۆڵ بەرەو ڕووى دوژمن لە لایەن پێغەمبەر ﷺ تێکچوونى شیرازەى سوپاکەیان .
٨) دابەزینى فریشتەکان لەلایەن خواوە ، بۆ یارمەتیدانى موسوڵمانان .
دووەم / جەنگى ئەوطاس : 
پێغەمبەر ﷺ سوپایەک بە سەرکردایەتى (أبو عامر الأشعری) دەنێرێ بەرەو ئەوطاس بۆسەر پاشماوەى لەشکرى شکاوى جەنگى حونەین ، کە لەوێ هەندێکی دیکەشیان لە بێ بڕواکان ڕەگەڵ دەکەون و خۆیان کۆدەکەنەوە لە دژى سوپاى ئیسلام بە فەرماندەیەتى (درید بن  الصمة) ، کە پیاوێکى زۆر دنیا دیدەو شەڕزان بووە و تەمەنیشى زۆر بووە ، سوپاى موسوڵمانان بەرەو ئەوطاس دەڕۆن و لەوێ شەڕ ڕوودەدات ، سەرەنجام سوپاى موسوڵمانان سەردەکەوێ و سەرکردەکەى ئەوانیش دەکوژن ، کە (درید بن الصمة) یە ، بەڵام فەرماندەى سوپاى موسوڵمانان (أبو عامر) یش شەهید دەبێ .

 سێ یەم/ جەنگى طائیف :
پێغەمبەر ﷺ پاش گەڕانەوەى لە جەنگى حونەین ، بە سوپایەکەوە بەرەو طائیف دەکەوێتە ڕێ ، چونکە هۆزى (ثقیف) دواى تێک شکانیان لە حونەین گەڕابونەوە طائیف ، وە پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەى (١٧) یان (٢٥) ڕۆژ ئابڵووقەى شارەکەیدا ، وە (ابن هشام) دەڵێ : بۆیەکەم جار پێغەمبەر ﷺ سوودى لە دوو ئامێرى جەنگى وەرگرت (مەنجەنیق) و (دەببابە) .
مەنجەنیق : ئامێرێک بووە بەرد یان ئاسنى سوورکراوەیان تێخستووەو پییان فڕێداوەو ، لە جێگاى تۆپ و هاوەنى ئەم سەردەمەى خۆمان بووە .
دەببابە :  شتێک بووە لە تەختە دروستیان کردووەو ڕەوڕەوەیان بۆ کردووەو لەسەر ئەو ڕەوڕەوانە ڕۆیشتوەو جارى واش بووە لەسەر وڵاخ دایان ناوە ، بۆئەوەى ئەو تیرو شیرو بەردو ئاسنەى کە دوژمن دەیانهاوێ کارییان تێ نەکات ، دەببابەو زرێپۆش ڕۆڵى (مودەرەعە)ى ئەم سەردەمە ى ئێمەى بینیوە .
کەواتە پێغەمبەر ﷺ هەوڵیداوە سوود لە نوێترین ئامرازى جەنگى لە سەردەمى خۆیدا وەربگرێ .
لە ماوەى ئەو ئابڵووقەیەدا (١٢) کەس لە هاوەڵانى شەهید دەبن ، بە تیرى تیر هاوێژەکانى قەڵا ، ڕووداوێکى گرنگى دیکەى جەنگى طائیف ئەوە بووە ، کە کۆیلەکانى نێو قەڵاکەى شارى طائیف دادەبەزن و پەیوەندى دەکەن بە سوپاى ئیسلامەوەو موسوڵمان دەبن ، جا دواى ئەوەى هۆزى ثقیف موسوڵمان دەبن ، دێنە خزمەت پێغەمبەر ﷺ داواى کۆیلەکانیان دەکەنەوە ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : ( أولئك عتقاء الله) ، واتە : ئەوانە ئازادکراوانى خوان ، یانى ئەو کۆیلانەتان تەسلیم ناکەمەوە ، مادام لەو کاتە ناسکەدا هاتوون و پەنایان بۆ ئێمە هێناوە .
پێغەمبەر ﷺ لە جەنگى حونەیندا نزیکەى (٦٠٠٠) لە منداڵ و ئافرەت لە (هوازن) دەگرێ ، بەڵام دواتر هۆزى (هوازن) دێن و موسوڵمان دەبن ، پێغەمبەریش ﷺ سەرپشکیان دەکات لە نێوان ماڵ و سامانەکەیان و ژن و منداڵەکانیاندا ، ئەوانیش ژن و منداڵەکانیان دەوێتەوە ،  بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرمان دەکا بە هەموو سوپاکەى ، کە ژن و منداڵەکانیان تەسلیم بکەنەوە ، وە پێغەمبەر ﷺ هەوال بۆ ( مالك بن عوف) دەنێرێ کە ئەگەر بێ بۆ لامان و موسوڵمان بێ ، ئێمە ماڵ و سامان و خێزان و منداڵەکانى دەدەینەوە ، (مالك بن عوف)یش کە ئەوکات لەگەڵ هۆزى ثقیف لەنێو شارى طائیف دەبێ ، خۆیی و هەندێک خەڵک کە لەگەڵى بوون ، دێن و موسوڵمان دەبن ، پێغەمبەریش ﷺ ڕێزى لێ دەگرێ و ماڵ و خێزانەکەشى دەداتەوەو دەیکاتە برا گەورەش لەسەر ئەوانەى کەلە قەومەکەى موسوڵمان بوون .
(ابن القیم) دەڵێ : یەکێک لە هاوەڵان داوا لە پێغەمبەر ﷺ دەکات ، کە دووعا لە ثقیف بکات ، ئەو هۆزەى کە لە نێو شارى طائیف بوون ، ئەوبیش دەفەرموێ : ( اللهم اهد ثقیفا وأت بهم) ، واتە : خوایە هیدایەتى (ثقیف) بدەو بیانهێنە بۆ لام ، ئەو هاوەڵە داوا دەکات ، کە دووعایان لێ بكات خوا لەناویان بەرێ ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ دووعاى هیدایەتیان بۆ دەکات ، وە دواییش وەک باسمان کرد ، موسوڵمان بوون .
ئەوەى کە لێرە پێویستە قسەیەکى لەبارەوە بکرێ ، دوو هەڵوێستن :
یەک :  دابەش کردنى غەنیمەت لە (جەعرانە) :
پێغەمبەر ﷺ دەستکەوتەکانى جەنگى حونەین و ئەوطاس  کە بە هەزاران سەر ووشتر و مەڕو ماڵات و پارەى نەقد و زێڕو زیوو ... هتد دەبێ ، زۆربەى هەرە زۆرى ئەو دەستکەوتانەى دابەش کرد بەسەر ناودارو سەرۆک عەشیرەتەکانى قوڕەیش و غەیرى قوڕەیشدا کە تازە موسوڵمان بووبوون ، لەوانە : 
١)أبو سفيان بن الحرب .
٢) معاوية بن أبي سفيان .
٣) حكيم بن حزام .
٤) الحارث بن الحارث بن كادة .
٥) الحارث بن هشام .
٦) سهيل بن عمرو.
٧) حويطب بن عبدالعزي .
٨) العلاء بن جارية الثقفي .
٩) عيينة بن حصن بن حذيفة .
١٠) الأقرع بن حابس التميمي .
١١) مالك بن عوف النصري .
١٢)  صفوان بن أمية.

هەرکام لەوانە یەکى سەد حوشتریان دەداتێ و ، هێندێکى دیکەش لە خوار ئەو ژمارەیەیان دەداتێ ، ئەوانەش کە ئاوا پێغەمبەر ﷺ ماڵیان دەداتێ ، ناویان لێ نراوە ( المؤلفة القلوب) دڵ ڕاگیراوەکان ، دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ ئەوە دەکا ، هەست دەکات مقۆمقۆیەک لەنێو پشتیوانانى ئیسلامدا –خوا لێیان ڕازى بێ- دروست بووەو دەڵێن : ئێمە شمشێرەکانمان ئێستاش خوێنى ئەو کافرانەى لێ دەچۆڕێ ، کەچى هەرچى غەنیمەت و دەستکەوتە هەمووى درا بەوان ، پێغەمبەر ﷺ کە ئەوە وەک هەواڵێک لە (سعد بن عبادة) دەبیستێ پیی دەفەرموێ : سەرجەم خەڵکەکەتم بە تەنیا بۆ کۆبکەرەوە ، وە ڕێگا نەدرا کەسى دیکە کۆ ببێتەوە لەگەڵیان ، بێجگە لە کەسانێکى دیاریکراو لە کۆچکەران ، ئینجا دواى ئەوەى پشتیوانان هەموویان کۆ دەکاتەوە، ووتاریان بۆ دەداو دەفەرموێ : ئەى پشتیوانان ئەى کۆمەڵى پشتیوانان ! ئەوە چییە قسەیەکم لێتانەوە بیستووە ؟ ئایا ئێوە ڕێ لێ وونبوو نەبوون ، بەهۆى منەوە خوا هیدایەتیدان ؟! هەژار نەبوون خوا بەهۆى منەوە دەوڵەمەندى کردن ؟! ئەى بەیەکەوە دوژمن و ناکۆک نەبوون بەهۆى منەوە خوا کردنیە برا ؟!
دەڵێن : با ، هەر چاکەو منەتى خواو پێغەمبەرى خوا بەسەر ئێمەوەیە ، دەفەرموێ : ئەى ئێوەش جوابم بدەنەوە .
دەڵێن : چیت جواب بدەینەوە ئەى پێغەمبەرى خوا ؟ هەر چاکەى خواو پێغەمبەرى خوا بەسەر ئێمەوەیە ! .
دەفەرموێ : نەخێر ! 
بەخوا ئێوەش بۆتان هەیە وەڵام بدەنەوەو ڕاستیش دەکەن لە وەڵامەکەتاندا ، ئێوەش بڵێن : ئایا تۆش دەرکراو نەبووى ئێمە پەنامان دای ؟ ئەدى تۆش بە درۆ دانەنراى ئێمە بڕوامان پی هێناى ؟! ئەدى ئەتۆش بێ هێز نەبووى ئێمە پشتیوانیمان لێ کردى ؟! .
گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ئێمە وا ناڵێین ، بەڵکو هەر تۆ چاکەو منەتت بەسەر ئێمەوە هەیە .
دوایی دەفەرموێ : ئەى کۆمەڵى پشتیوانان ئایا شتێکتان لە دڵدا پەیدا بوو بۆ تۆزە ماڵێکى دنیایى ، کە دڵی هەندێ کەسم پێ ڕاگرت بۆ ئەوەى بێنە نێو ئیسلامەوە ، وە ئێوەم حەواڵەى ئیسلامەتیەکەتان کرد ؟! ئەى کۆمەڵى پشتیوانان ! ئایا ڕازى نابن خەڵک حوشترو مەڕو بزن لەگەڵ خۆى بەرێتەوە ، ئێوەش پێغەمبەرى خوا لەگەڵ خۆتاندا بەرنەوە بۆ هەوارگەى خۆتان ؟! سوێند بەوەى کە نەفسى موحەممەدى بەدەستە ، ئەگەر کۆچ کردن نەبووایە (منیش کۆچم کردووەو پلەیەکى گەورەشە) من خۆم بە یەکێک لە پشتیوانان لەقەڵەم دەدا ! وە سوێند بەخوا ئەگەر خەڵک بە ڕێیەکدا بڕواو پشتیوانانیش بە ڕێیەکدا بڕۆن من بەڕێی پشتیواناندا دەڕۆم ، خوایە بەزەییت بە پشتیواناندا بێ ، وە بەڕۆڵەکانى پشتیوانان ، وەبە ڕۆڵەى ڕۆڵەکانى پشتیوانانیشدا !
ئینجا کە پێغەمبەر ﷺ ئەو قسانەیان بۆ دەکات هەموویان دەگرین تا ڕیشیان لە فرمێسکدا تەڕ دەبێ ، دوایی دەڵێن : ئێمە ڕازین کە پێغەمبەرى خوا ﷺ بەش و قسمەتى ئێمە نەبێ .
لەم ڕووداوەشەوە ئەو حیکمەتە فێر دەبین ، کە پێویستە هەمیشە تەقدیرى هەست و نەستى خەڵکى بکەین و هەر کات پێویستیشى کرد بەخێرایی ئەو شتانەى دەبنە مایەى ئیشکال و دوو دڵیی ڕوونیان بکەینەوەو ، فەلسەفەو حیکمەتەکەیان دەربخەین ، بەر لەوەى ببنە مایەى دروست بوونى گرێ کوێرەو نیگەرانیی لە دڵ و دەرونیاندا .

دوو :  هەڵوێستى یەکێک لە پشتیوانان لە دابەش کردنى غەنیمەتدا :
هەڵوێستى دووەم ئەوەیە ، کە (بخارى) و (مسلم) لە (أبو وائل) ئەویش لە (عبدالله)وە دەگێڕێتەوە دەڵێ : کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ ئەو دەستکەوتانەى ئاوا دابەش کردن ، کابرایەک گوتى: سوێند بەخوا ئەم دابەش کردنە دادگەرى تێدا ڕەچاو نەکراوە و ڕەزامەندى خواشى پێ مەبەست نەبووە ، (مەبەستى ئەوە بووە کە پێغەمبەر ﷺ خزمایەتى یان بەرژەوەندییەکى دونیایی دوور لە دینى بەکار هێناوە !!) .
پێغەمبەر ﷺ دەم وچاوى موبارەکى گۆڕاو ڕووى گرژ بوو ، دوایی فەرمووی : (فمن یعدل ان لم یعدل الله و رسوله؟) ، واتە : کێ دادگەر دەبێ ، ئەگەر خواو پێغەمبەرى خوا دادگەر نەبن ؟ دوایی فەرمووى : {يرحم الله موسى قد أوذي بأكثر من هذا فصبر}  ، واتە : خوا بەزەیی بە مووسادا بێتەوە ، کەبە زیاتر لەوەش ئازار درا ، بەڵام خۆڕاگر بوو .
لەمەشەوە وەردەگیرێ ، کە هەمیشە کەسانى دڵ نەخۆش و بیر کورت و کەللە ووشک هەر دەبن و پێویستە باباى بەرپرس وێڕاى گوێ نەدان بە منگەمنگ و توانج و پلارى بێ جێ ، هەتا دەشتوانێ سینگ فراوان و لێبوردە بێت .
دوایی پێغەمبەر ﷺ کەلە (جعرانة) غەنیمەتەکەى دابەش کرد، بە نیازى (عومڕە) بەرەو مەککە بەڕێکەوت و دواى بەجێهێنانى عومڕە (عتاب بن أسید) ى کردە برا گەورە لە مەککەو (معاذ بن جبل) یشى بۆ شارەزا کردنى خەڵکى لە دین لەگەڵ ئەودا بەجێهێشت ، ئینجا عومڕەکەى لە (ذی القعدة) دا بەجێهێناو هەر لەو مانگەشدا گەڕایەوە بۆ مەدینە . 

________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٦٦٣-٦٧٢)

زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه