بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 چەند ڕووداوێکى گرنگ پێش جەنگى ئەحزاب
07/03/2020
بینین: 256

 

ئەو ڕووداوانەى ئاماژەیان پێ دەکەین ، دەکەونە پێش جەنگى ئەحزاب، کە بە جەنگى (خەندەک)یش بەناوبانگە ، کە شەش ڕووداوى گرنگن ، جا هەرچەندە (ابن هشام ) غەزاى (بنو المصطلق)ى خستۆتە دواى جەنگى ئەحزاب ، بەڵام زۆر لە مێژوو نووسانى دیکە ، بۆ وێنە : ( ابن سعد ، ابن قیم ، ابن حجر ، ابن کثیر) غەزاى (بنو المصطلق)یان خستۆتە پێش جەنگى ئەحزابەوە .

یەکەم : غەزاى (ذات الرقاع) لەساڵى (٤)ى کۆچیدا :-

هۆى ناونرانى ئەو غەزایە بە (ذات الرقاع) ئەوەیە کە (أبو موسى الأشعری) باسى دەکات و (بخارى) لێی دەگێڕێتەوە دەڵێ : ئێمە لەو غەزایەدا بە پێنج شەش نەفەر لە حوشترێک بە نۆرە سوار دەبووین ، بۆیە پەڕۆمان لە پێیەکانمان دەئاڵاندو لە جیاتى پێڵاو پینەو پەڕۆمان دەکردە پێمان ، هەر لەبەر ئەوەش بە (ذات الرقاع) ناونراوە ، چونکە (رقعة) یانى پینە ، جا یان پییان پینە پینە بووە ، یان پەڕۆیان لە پێیان ئاڵاندووە لەجیاتى پێڵاو ، هەندێکیش دەڵێن ئەو شوێنەى ئەو جەنگەى لێبووە هەندێکى ڕەش و سپی بووە ، وەک پینە پینە وابووە ، بەڵام ئەو ڕایەى (أبو موسى) زیاتر ڕێی تێدەچێ .

(ابن هشام) دەڵێ : دواى ئەوەى کە پێغەمبەر (بنی النضیر)ى لە مەدینە دەرکردو هەندێک چوون بۆ خەیبەر و هەندێکیش چوون بۆ شام ، مانگى (ربیع الثانى ) و هەندێکیش لە (جمادى الأولى) لە مەدینەدا مایەوە ، لەو ماوەیەدا هەواڵى پێگەیشت کە (بنى محارب و بنی ثعلبة) لە (غطفان) سوپایەکى زۆریان کۆکردۆتەوەو خۆ ئامادە دەکەن بۆ ئەوەى شەبەیخون بکەنە سەر مەدینە ، پێغەمبەریش وەکو ئینسانێکى زۆر شارەزا کە ئەو هەواڵانەى دەبیست ، دەست پیشخەریی دەکرد لە بڵاوە پێکردن و زەبر لێدانى دوژمنانیداو پێش ئەوەى ئەوان خۆیان کۆبکەنەوە بەسەریدا دەدان .

بەو پێیە پێغەمبەر بەرەو (نجد) کەوتە ڕێ و (أبو ذر الغفاری) یان (عثمان بن عفان)ى لە مەدینەدا لە شوێنى خۆى دانا ، ئینجا بەڕێکەوتن و لە شوێنێک بەناوى (نخل) تووشى کۆمەڵێکى زۆر لە (بنی غطفان) بوون ، بەڵام کە کەوتنە بەرانبەر یەک ، شەڕو کوشتان لە نێوانیاندا ڕووى نەدا و لە سوپاى موسوڵمانان ترسان و خۆیان پەنادا ، هەر لەو غەزایەشدا بوو کە نوێژى ترس دانراوە بۆ موسوڵمانان ، وەک (جابر بن عبدالله) دەگێڕێتەوەو دەڵێ : {  فنودي بالصلاة ، فصلى بطائفة ركعتين ، قال : فكانت لرسول الله أربع ركعات ، وللقوم ركعتان} رواه البخاری و مسلم ، واتە بانگدرا بۆ نوێژ ، پێغەمبەر هاوەڵانى بەرێزى کردۆتە دوو بەش ، بەشێکیان بەرەو ڕووى دوژمن وەستان ، دوو ڕکات نوێژى بۆ بەشێکیان کرد ، ئینجا ئەوان کشانەوەو دوایی دوو ڕکات نوێژیشى بەوانەى دى کرد ، بەو شێوەیە پێغەمبەر چوار ڕکاتى کردوو هاوەڵانیش دوو ڕکات .

هەر بەو بۆنەیەوە خواى زانانو شارەزا ئەم ئایەتەى سووڕەتى (النساء)ى ناردۆتە خوار کە دەفەرموێ : { وَإِذَا كُنْتَ فِيهِمْ فَأَقَمْتَ لَهُمُ الصَّلَاةَ فَلْتَقُمْ طَائِفَةٌ مِنْهُمْ مَعَكَ وَلْيَأْخُذُوا أَسْلِحَتَهُمْ فَإِذَا سَجَدُوا فَلْيَكُونُوا مِنْ وَرَائِكُمْ وَلْتَأْتِ طَائِفَةٌ أُخْرَى لَمْ يُصَلُّوا فَلْيُصَلُّوا مَعَكَ وَلْيَأْخُذُوا حِذْرَهُمْ وَأَسْلِحَتَهُمْ وَدَّ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْ تَغْفُلُونَ عَنْ أَسْلِحَتِكُمْ وَأَمْتِعَتِكُمْ فَيَمِيلُونَ عَلَيْكُمْ مَيْلَةً وَاحِدَةً وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ إِنْ كَانَ بِكُمْ أَذًى مِنْ مَطَرٍ أَوْ كُنْتُمْ مَرْضَى أَنْ تَضَعُوا أَسْلِحَتَكُمْ وَخُذُوا حِذْرَكُمْ إِنَّ اللَّهَ أَعَدَّ لِلْكَافِرِينَ عَذَابًا مُهِينًا (١٠٢)} النساء ، کە باسى یەکێک لە جۆرو چۆنیەتییەکانى نوێژى ترس (صلاة الخوف) دەکات ، دیارە پێغەمبەر بۆ جێبەجێ کردنى نوێژى ترس (صلاة الخوف) چەند شێوەیەکى داناوە ، بۆ وێنە : ئەگەر دوژمن لە ڕووکارى قیبلە بوبێ ، نوێژى بەهەموویان دابەستووەو هەندێکیان چوونە ڕکوع و سەجدە ئەوانى دیکە بەپێوە بوون ، تا ئەوانەى کە چوونە ڕکووع و سەجدە هەڵدەستنەوەو بەو شێوەیە ، یان پێغەمبەر نوێژى بەبەشێک لە هاوەڵانى دابەستووەو ئەوانى دیکە لەبەرەو ڕووى دوژمن بوون ، ئیدى پێغەمبەر ڕکاتێکى بەوانە کردووە کەلەسەرەتاوە لەگەڵ ئەو نوێژەکەیان دابەستووە ، دوایی کە بۆ ڕکاتى دووەم هەستاوەتەوە ، تاقمى یەکەم نوێژەکەیان بۆخۆیان تەواو کردوەو پێغەمبەریش هەر بەو شێوەیە بووەو تاقمى دووەم هاتوون نوێژیان لە پشت پێغەمبەر دابەستووە و ڕکاتى دووەمیان لەگەڵى کردووە ، کە پێغەمبەر سەلامى داوەتەوە ئەوان ڕکاتى دووەمى خۆیان کردووە ، کەواتە : هەر کۆمەڵە ڕکاتێکیان بە جەماعەت لەگەڵ پێغەمبەر کردوە ، وە هەندێک جار پێغەمبەر نوێژى ترسى بە چوار ڕکات و هەندێک جاریش بە دوو ڕکات کردوە ، وەک (مسلم ) گێڕاویەتیەوە .

هەر لەو غەزایەدا (ذات الرقاع ) بەسەرهاتێکى دیکە ڕوویداوە ، کە (مسلم) دەیگێڕێتەوەو دەڵێ : پێغەمبەر لەسێبەرى درەختێک ئیسراحەتى کردووەو شمشێرەکەشى بەدارەکەدا هەڵواسیوە ، کابرایەکى کافر دەچێ و شمشێرەکەى لە کالان دەردێنێ و لیی ڕاست دەکاتەوەو دەڵێ: ئایا لێم ناترسێی ؟! پێغەمبەر دەفەرموێ : نەخێر ، کابرا دەڵێ : کێ دەتپارێزێ لە من ؟ دەفەرموێ : خوا ، ئینجا هاوەڵان هەڕەشەیان لێ کردو ئەویش شمشێرەکەى خستەوە کالان ، وە ئەم ئایەتەى سووڕەتى (المائدة) بەو بۆنەیەوە هاتە خوار ، کە دەفەرموێ :  { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اذْكُرُواْ نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ هَمَّ قَوْمٌ أَن يَبْسُطُواْ إِلَيْكُمْ أَيْدِيَهُمْ فَكَفَّ أَيْدِيَهُمْ عَنكُمْ وَاتَّقُواْ اللَّهَ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ (١١) } ، واتە : ئەى ئەوانەى کە ئیمانتان هێناوە یادر چاکەى خوا بکەن بەسەر خۆتانەوە کاتێک کەسانێک ویستیان دەست درێژى بکەنە سەرتان ، بەڵام خوا دەستى ئەوانى گێڕایەوە ، وە پارێز لە خوا بکەن و با ئیمانداران تەنیا پشت بە خوا ببەستن .

دووەم : غەزاى بەدرى دووەم لە (شعبان) ى ساڵى (٤)ى کۆچیدا :

لەکۆتایی جەنگى ئوحوددا ئەبو سوفیان داواى لە پێغەمبەر و موسوڵمانان کرد کە بۆ ساڵى ئایندە لەبەدر بەیەک بگەنەوە ، پێغەمبەریش فەرمووى باشە .

هەر بۆیە پێغەمبەر بەهەزارو پێنج سەد کەسەوە بەرەو بەدر چوو ، بۆ ئەو (موعد)ەى کەلەگەڵ ئەبوو سوفیان هەیان بوو ، ئاڵاى جەنگى دایە دەست (على بن أبی طالب) و لە جیی خۆشى لە مەدینە (عبدالله بن رواحة)ى دانا بە برا گەورە .

لەشکرى موسوڵمانان هەشت ڕۆژ لە بەدر لەو شوێنەى کەلەگەڵ ئەبو سوفیان دیاریان کردبوو مایەوەو چاوەڕێی ئەوانى کرد ، بەڵام ئەبوو سوفیان کە دوو هەزار کەسى لەگەڵ بوو ، هەرچەند هەتا (عسفان) هات ، بەڵام لەوێ بە بیانوى جۆراوجۆر گەڕایەوەو بە قوڕەیشییەکانى گوت : ئەى کۆمەڵی قوڕەیش ئەوساڵ ساڵێکى قاقڕ و بێ بەرهەمەو پێمانەوە نایەت ، بابگەڕێینەوە بۆ مەککەو ساڵێکى دیکە دەچین بۆ ئەو مەعیدەمان .

بەو شێوەیە بە بیانووى نەهاتیی ساڵەوە ئەبو سوفیان گەڕایەوەو نەیوێرا ڕووبەڕووى موسوڵمانان ببێتەوەو سوپاى ئیسلامیش بەسەرکردایەتى پێغەمبەر بە سەربەرزیی و وورەى دامەزراوەوە گەڕانەوە بۆ مەدینە ، بەو پێیە کە پێشتر دوژمنانى ئیسلام دەهاتنە سەر موسوڵمانان و زۆریان لەخۆ ڕادەبینى ، لەم بەسەرهاتەدا دەردەکەوێ ، کەلە دەرەوەو دوور لە مەدینەش کافرەکان ترساون کە ڕووبەڕووى موسوڵمانان ببنەوە .

سێ یەم : - غەزاى (دومة الجندل)   :-

دواى ئەوەى پێغەمبەر لە غەزاى بەدرى دووەم گەڕایەوە ، ماوەى شەش مانگ لە مەدینە مایەوە ، دوایی بیستى کە هۆزەکانى دەوروبەرى (دومة الجندل) ڕێگرى دەکەن و ئەوەى بەوێدا بڕوات تاڵانى دەکەن و خەڵکێکیشیان کۆکردۆتەوەو دەیانەوێ بەسەر مەدینەدا بدەن ، بۆیە پێغەمبەر بەهەزار کەسەوە لە کۆتایی مانگى (ربیع الاول) ى ساڵى پێنجەمى کۆچىدا بەرەو (دومة الجندل) بەڕێ کەوت ، کە بەرەو باکوور (١٥) ڕۆژ ڕێگا ، یان (٤٥٠) کلم لە مەدینەوە دوورە ، پێنج ڕۆژ ڕێگاى مابوو بگاتە دیمەشق ، كە ئەو کاتە پایتەختى دووەمى دەوڵەتى ڕۆمى ڕۆژهەڵات بوو ، وە لەو ماوەیەدا (سباع بن عرفطة الغفاری) وەکو بەرپرس لە مەدینە بەجێهێشتبوو .

دواى ئەوەى کە پێغەمبەر گەیشتە (دومة الجندل) و ماوەیەکیش لەوێ مایەوە ، ئەوانەى کە دوژمن و ناحەزبوون دوور کەوتبوونەوە ڕایانکردبوو ، بۆیە بەبێ ئەوەى کوشتار ڕووبدا ، پێغەمبەر گەڕایەوە بۆ مەدینە و کۆمەڵێک مەڕو ماڵاتى ئەوانى بە غەنیمەت لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە .

 

چوارەم : غەزاى ( بنو المصطلق ) لەلاى سەرچاوەى (المریسیع) :

(بنو المصطلق) لقێکن لە (خزاعة) ، هۆى ڕوودانى ئەو غەزوەیەش ئەوەبوو کە :

١/ (بنی المصطلق) لە جەنگى ئوحوددا هاوکارى قوڕەیشییەکانیان کردو یارمەتییان دان لە دژى موسوڵمانەکان و بەشدارییان کرد لە جەنگەکەدا .

٢/ ئەوان کۆنترۆڵى ڕێی مەککەیان کردبوو ، وە بووبوونە بەربەستێک لەبەرامبەر موسوڵماناندا ، کە بتوانن هاتوچۆى مەککە بکەن .

٣/ پێغەمبەر هەواڵى پێگەیشتبوو کە (بنى المصطلق) هێز کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەى بەسەر (مەدینە)دا بدەن .

بۆیە پێغەمبەر لە مانگى (شەعبان) ى ساڵى پێنجەمى کۆچیدا بە (٧٠٠) موجاهید و (٣٠) ئەسپ سوارەوە – کە ئەو کات ئەسپ کەمبووەو وڵاخێکى کاریگەر بووە لە جەنگدا – بۆیان چووەو لەسەرچاوەى (المریسیع) لەگەأ کافرەکان بەیەک گەیشتوون و دواى کوشتارێکى کەم (بنو المصطلق) تێکشکاون و پێغەمبەریش مەڕو ماڵات و ماڵ و منداڵەکانیشى بە غەنیمەت گرتوون ، لەو بارەوە (بخارى) ئەم دەقەى ئاوا هێناوە :  ( ...أن النبي على بني المصطلق و هم غارّون ، وأنعامهم تسقى على الماء ، فقتل مقاتلهم ، وسبى ذراريهم ، وأصاب يومئذ جويرية) ، واتە : پێغەمبەر هێرشى کردە سەر (بنى المصطلق) ، کە ئەوان بێ ئاگابوون ، وە مەڕو ماڵاتیان ئەو کاتە ئاو دەدرا لەسەر ئاو ، جەنگاوەرەکانى کوشتن (هەندێکیش ڕایانکرد) ، وە ژن و منداڵەکانیشیانى بە غەنیمەت گرتن ، وە لەو ڕۆژەدا (جویریة بنت الحارث) کچى سەرۆک عەشیرەتى (بنو المصطلق) بە دیل گیراو ، (مسلم)یش ئەم بەسەرهاتەى باس کردووە ، جا زانایان باسیان کردووە ، کە چۆن پێغەمبەر لە بێ ئاگایدا بەسەریدا داون ، ڕوونى دەکەنەوەو دەڵێن : هەرچەندە ئەوان بێ ئاگا بوون کە پێغەمبەر بۆیان دەچێ ، بەڵام پێشتر ئەوان هێزیان کۆکردۆتەوە کەبەسەر مەدینەدا بدەن و هێرش بکەنە سەر پێغەمبەر ، ئەگەر نا پێغەمبەر شەڕى لەگەڵ هیچ هۆزو تیرەیەکدا نەکردووە تا ئاگادارى نەکردبنەوە و بانگیان نەکا بۆ ئیسلام ، پاشان پێغەمبەر (جویریة بنت الحارث) دواى ئازاد کردنى هێناى و کردى بە هاوسەرى خۆى .

دوایی هاوەڵانى بەڕێزیش ئەو ئافرەت و منداڵانەى (بنى المصطلق) کە کەوتبوونە لایان ، هەموویان ئازاد کردن و گوتیان : مادام ئەوانە بوون بە خەزوورى پێغەمبەر بۆ ئێمە جوان نیە ئەوانە بکەینە دیل و کۆیلە .

علئیشە دایکى موسوڵمانان لەو بارەوە دەڵێ : هیچ ئافرەتێک بەقەدەر جویریە (خوا لێی ڕازى بێ) بەبەرەکەت نەبووە ، چونکە بەهۆى ئەوەوە هەموو قەومەکەى ئازاد کراون ، دوایش خەڵکێکى زۆر لە (بنی المصطلق) موسوڵمان بوون ، سەرۆکى عەشیرەتەکەش (الحارث) باوکى (جویریە ) بەهەمان شێوە موسوڵمان بوو ، کە ئەمە یەکێک بوو لەو حیکمەتانەى کە پێغەمبەر (جویریە)ى کردۆتە هاوسەرى خۆى ، کە کچى سەرۆک عەشیرەتى (بنى المصطلق) بوو .

پێنجەم :  هەوڵدانى مونافیقەکان بۆ ئاژاوە نانەوە لە نێوان کۆچکەران و پشتیواناندا لە غەزاى (بنو  المصطلق) دا :-

هەرچەندە مونافیقەکان لە غەزاکانى پێشوو خۆیان دوا دەخست ، بەڵام ئەمجارەیان کە بینیان موسوڵمانان لە سەرکەوتندان ، بەمەبەستى دەستگیر بوونى غەنیمەت ، خەڵکێکى زۆریان لەو غەزایەدا بەشدارییان کرد ، دواى ئەوەى موسوڵمانان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا لاى ئاوى (مریسیع) ، مونافیقەکان ویستیان کێشە لە نێوان کۆچکەران و پشتیواناندا دروست بکەن ، (زەیدى کوڕى ئەرقەم) دەڵێ لەو غەزایەدا گوێم لە (عبدالله بن أبی) بوو دەیگوت : هاوکارى هاوەڵانى پێغەمبەر مەکەن بۆ ئەوەى لەگەڵى نەمێنن و دەورى چۆڵ بکەن و ئەگەر گەراینەوەش بۆ مەدینە دەبێ ئێمەى بەدەسەڵات پێغەمبەر و هاوەڵەکانى کە زەلیلن لە شارەکەمان دەربکەین ، دوایی پێغەمبەر لەوە ئاگادار کرایەوە ، ئەویش عەبدوڵاو هێنێک لە مونافیقەکانى بانگ کرد لەسەر ئەو قسەیە ، بەڵام ئەوان سوێندیان خوارد کە ئەو قسەیەیان نەکردوە ، ئیدى بەو بۆنەیەوە سووڕەتى (المنافقون) هاتە خوارێ کە ئاوا دەست پێ دەکات : { إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ (١) }  ( جابر بن عبدالله الانصارى) یش سەبارەت بە ڕووداوێک لاى ئاوى (مریسیع ) دەڵێ : یەکێک لە کۆچکەران لە یەکێکى پشتیوانانیدا ، دوایی هەردولا بانگى خەڵکى خۆى کرد بۆ هاوکارى ، واتە : کۆچکەران و پشتیوانان ، کە پێغەمبەر ئەوەى بیست فەرمووى : { ما بال دعوى الجاهلیة ، ..... دعوها فأنها منتـــــنة ؟ ! }  ( بۆ بانگەشەى نەفامیی دەکەن ئەوە واز لێبێنن ، چونکە بۆگەنە – واتە : ئەو جۆرە بیروڕاو قسانە بۆگەنن - ) ، کە (عبدالله بن أبی) ئەوەى بیست گوتى : چۆن کۆچکەران ئەوە دەکەن ؟ سوێند بەخوا کە چوینەوە مەدینە ، دەبێ ئێمەى بەدەسەڵات ئەوانى زەلیل دەربکەین ، ( عومەرى کوڕى خەتتاب) یش کە ئەو قسەیەى سەرۆکى مونافیقەکانى بیست گوتى : ئەى پێغەمبەر لێم گەڕێ با لە گەردنى ئەو مونافیقە بدەم، پێغەمبەر فەرمووى : { دعه لا یتحدث الناس أن محمدا یقتل أصحابه} واتە : (لێی گەڕێ با خەڵک نەڵێ موحەممەد هاوەڵانى خۆى دەکوژێ ) .

لە ڕیوایەتێکدا هاتووە کە عومەر داوا لە پێغەمبەر دەکات فەرمان بکات بە (عبدالله بن بشر) ، کە لە خەزرەجییەکانە ، کە (عبدالله بن أبی) بکوژێ ، بەڵام پێغەمبەر دەفەرموێ : { فکیف یا عمر اذا تحدث الناس ان محمدا یقتل اصحابه ، لا ولکن ناد یا عمر بالرحیل} ، واتە : ئەى عومەر چۆن کارى وا دەکەم ! دوایی خەڵک دەڵێ : موحەممەد هاوەڵەکانى خۆى دەکوژێ ، بەڵکو ئەى عومەر جاڕ بدە با بڕۆن ، ئەوەش حیکمەتێکى دیکەى پێغەمبەرە داوا لە عومەر دەکا کە جاڕ بدا بۆ ڕۆیشتن بۆ ئەوەى ئەو قسەیەى (عبدالله بن أبی) بڵاو نەبێتەوەو تەشەنە نەکات ، کە وویستوویەتى ئاژاوەو دوو بەرەکى بنێتەوە لە نێوان کۆچکەران و پشتیواناندا ، هەرچەندە ماوەیەکى زۆر دەڕۆن ، بەڵام دوایی قسەکە هەر بڵاو دەبێتەوە ، ئینجا ئەم بەسەرهاتەش کە (عبدالله بن أبی) دەیبیستێتەوە کە (زید بن أرقم) ئەو قسەیەى بۆ پێغەمبەر گێڕاوەتەوە ، عبدالله ئەچێتە لاى پێغەمبەر و دەڵێ : سوێند بەخوا من شتى وام نەگوتوە و ...، پێغەمبەریش دەکەوێتە گومان لە قسەکەى (زید بن أرقم) ، (زید) دەڵێ : قەت بەو ئەندازەیە تووشى ناڕەحەتى نەبووم ، چونکە پێغەمبەر لێم کەوتە گومانەوەو دڵنیاش بووم کە (عبدالله بن أبی) ئەو قسەیەى کردوە ، بۆیە چوومە ماڵەوەو زۆر خەفەتم پێ خوارد ، تا خواى پەروەردگار سووڕەتى (المنافقون)ى ناردە خوارێ ، دوایی پێغەمبەر بانگى کردم فەرمووى : خواى پەروەردگار ئەتۆى بەڕاست دانا، ئینجا (عبدالله بن عبدالله بن أبی ) کە دەیبیستێتەوە بابى هەڵوێستێکى واى بووە ، بۆ خۆى دەچێتە خزمەت پێغەمبەر و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا بیستومە بابم شتێکى واى گوتوەو تۆش دەتەوێ بابم بکوژى ، دەترسێم ئەگەر تۆ موسوڵمانێک ڕاسپێرى بۆ ئەوەى بابم بکوژێ ، دوایی من بکەومە هەڵەوەو ئەو موسوڵمانە بکوژمەوە لە جیاتى کافرێک ، چونکە ناتوانم بکوژى بابم ببینم !، جا بۆیە هاتووم داوات لێدەکەم ڕێگام بدەى کە خۆم بابم بکوژم ، ئەویش دەفەرموێ : نەخێر بەڵکو چاکەى لەگەڵ دەکەین و ڕێزیشى دەگرین ، وە لەکاتى گەڕانەوەیاندا بۆ مەدینە (عبدالله)ى کوڕى (عبدالله بن أبی) دەچێتە پێش بابى و پیی دەڵێ : سوێند بەخوا تۆ ڕێگات نیە بچیتەوە مەدینە تا پێغەمبەر ڕێگات پێ نەدا ، وە سوێند بەخوا دەبێ دەرکەوێ ، کە پێغەمبەر عەزیزەو تۆش زەلیلی ، دوایی کە پێغەمبەر پرسیار دەکاو دەفەرموێ : ئەوە چییە ؟! (عبدالله) دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەوە ڕێگاى بابم نادەم بچێتەوە نێو شارى مەدینە ، مەگەر تۆ ڕێگاى بدەى ، ئەویش دەفەرموێ : قەیناکا ڕێگاى بدە ، (عبدالله)ش دواى فەرمانى پێغەمبەر ڕێگاى دەدات بچێتەوە مەدینە !! ئیمان و هەڵوێستى ئیمانداران دەبێ وابێ .

شەشەم :  کارەساتى بوختانى (الإفك) :-

کارەساتى بوختان کردن بە (عائشة) دایکى موسوڵمانان – خوا لێی ڕازى بێ- ، یەکێکە لەو ڕووداوانەى کە لە کاتى غەزاى (بنی المصطلق)دا ڕوویداوە ، کە هەر کام لە (ابن هشام) و (بخارى) و (مسلم) لەبارەیەوە دواون و باسیان کردوە ، دیارە بوختانەکە زیاتر لەلایەن (عبدالله بن أبی بن سلول) ەوە پەیدا بوو، بەڵام خەڵکێکى دیکەشى تێوە گلاندبوو .

(عائشة) –خوالێی ڕازى بێ – بەدرێژى ئەو بەسەرهاتەى گێڕاوەتەوەو ئەمە کورتەکەیەتى :

دەڵێ : دواى ئەوەى ڕۆیشتین بۆ غەزاى (بنو المصطلق) پاشان گەڕاینەوە بۆ مەدینەو نزیکى مەدینە بووینەوە ، بارگەو بنەمان خست بۆ ئەوەى ئیسراحەت بکەین ، شەو من لەگەڵ ئافرەتاندا چووم بۆ سەرئاو ، ملوانکەیەکم هەبوو لێم بچڕا ، نەشمزانیبوو تا هاتمەوە شوێنى بارکەو بنەکەم ، دوایی کە دەستم بۆ بەرۆکم برد ملوانکەکەم پێ نەمابوو ، کە خۆر هەڵات چووم بۆ ملوانکەکەم بگەڕێم ، هەتا من هاتمەوە شوێنى خۆم ئەوان ڕۆیشتبوون و کەسى لێ نەمابوو ، ئەو کاتە ئافرەتان لە کەژاوەدا هەڵگیرابوون ، کە ژوورێکى بچووکى لە چەرم دروست کراوەو پەردەشى هەبووە و لەسەر حوشتر دانراوە .

عائیشە دەڵێ : ئەو کاتەش ئافرەتان خواردنیان کەم دەخوارد ، کە پیاوەکان کەژاوەکەیان هەڵگرتووە و خستوویانەتە سەر حوشترەکە پێیان سەیر نەبووە کە سووکەو بەبەتاڵیی خستویانەتەسەر وڵاخەکەو وایانزانیوە منى تێدام و ڕۆیشتوون ، دوایی من لە شوێنى خۆم دانیشتم وامزانى بەدوامدا دێنەوەو لەوێ خەوم لێ کەوت ، ئەوەندەى پێنەچوو گوێم لە (استرجاع)ى (صفوان بن المعطل) بوو ، دەیگوت : (انا لله وانا الیه راجعون) ئەوە دایکى موسوڵمانانە لێرە بەجێماوە ، کاتى خۆى پێش ئەوەى پەردە (حجاب) بگیرێتەوە بۆ خێزانەکانى پێغەمبەر منى بینیبوو ، بۆیە دەیناسیم، منیش کە ئەوم بینی لەچکەکەم لەخۆمەوە پێچا سوێند بەخوا بەبێ ئەوەى یەک ووشەى لەگەڵ بڵێم یان یەک ووشەم لەگەڵ بڵێ ، هات و حوشترەکەى بۆ یەخ دام و دوورکەوتەوە ، تا سوارى حوشترەکە بووم ، دوایی جڵەوەکەى ڕاکێشاو ڕۆیشتین تا گەیشتینەوە سوپا ، من ئاگام لە هیچ شتێک نەبوو ، نەمزانى کە (عبدالله بن أبی) ئەو بوختانەى بۆ من بڵاو کردۆتەوە ، بەڵام پێغەمبەر بیستبووى ، بۆیە ئەو لوتف و خەلقەى جارانى لەگەڵم نەمابوو ، هەتا شەوێک لەگەڵ ئافرەتاندا چووم بۆ سەرئاو ، دایکى (مسطح بن أثاثة) لە کراسەکەى خۆى هەڵئەنگوت و قسەیەکى بە (مسطح) گوت !

منيش گوتم بۆ واى پێ دەڵێی ؟!

گوتى : بۆ نەتزانیوە بوختان بە تۆ کراوەو ئەویش یەکێکە لەوانەى ، کە لەو بوختانەدا بەشدارە ؟

کە ئەوەم لەو ئافرەتە بیست نەمتوانى بچمە سەر ئاو (تارەت بگرم) و هاتمەوە زۆر خەفەتم پێ خوارد و نەخۆش کەوتم ، دوایی پێغەمبەر هات و فەرمووى : ئەى (عائشة) من شتێکى ئاواو ئاوام بیستووە ، جا ئەگەر لەو بارەوە بێ تاوانى ئەوە خوا بێ تاوانییەکەت دەخاتە ڕوو ، وە ئەگەر گوناهێکیشت کردبێ داواى لێخۆشبوون لەخوا بکەو بگەڕێوە بۆ لاى ، بەندە کە دان بەهەڵەى خۆیدا بنێ و تۆبە بکا ، خوا تۆبەى قبووڵ دەکات ، دەڵێ : منیش بەبابمم گوت وەڵامى پێغەمبەرى خوام بۆ بدەرەوە !

ئەویش گوتى : بەخوا نازانم لەو بارەوە چى بڵێم !

دوایی بەدایکمم گوت : وەڵامى پێغەمبەرى خوام لە جیاتى بدەرەوە !

ئەویش گوتى : بەخوا نازانم چۆن وەڵامى پێغەمبەرى خوا بدەمەوە !

منیش کە ئەو کاتە ئافرەتێکى کەم تەمەن بووم و قوڕئانم زۆر نەخوێندبوو ، گوتم : بەخوا من دەزانم ئەو قسەیەتان بیستووەو لە دڵتاندایە و ئەگەر پێتان بڵێم من بێ تاوانم ، خواش دەزانێ کە بێ تاوانم ، ئەوە لەوانەیە باوەڕم پێ نەکەن ، بەڵام ئەگەر دان بنێم بە شتێکدا کە خواش دەزانێ من لێی بەرییم ئەوە لەوانەیە باوەڕم پێ بکەن ، بەهەر حاڵ هەر ئەوەندەم پێ دەگوترێ ، کە بابى (یوسف) گوتى :   ( ئەو کاتە ناوى (یعقوب)یشم لە بیر نەمابوو )  : {... فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللَّهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَى مَا تَصِفُونَ (١٨) } یوسف ، واتە : ئارامگرتنێکى جوان (دەکەم بە پیشە) وە یارمەتى لێ وەرگیراو لەسەر ئەوە کە دەیڵێن ، هەر خوایە! ئیدى ڕاکشامەوەو دەستم کرد بە گریان ، هەر لەو کاتەداو لەوێ پێغەمبەر کەوتە حاڵەتى (وەحى) بۆ هاتنەوە و یەکسەر ڕاکشاو تا (وەحى)یەکەى تەواو بوو ، ئینجا هەستایەوەو ڕووى موبارەکى دەدرەوشایەوە وەک مانگى چواردەو فەرمووى : { أبشري يا عائشة أمَّا الله فقد برَّأكِ} ، واتە : ئەى عائیشە موژدەت لێبێ ، خوا تۆى بەپاک لەقەڵەمدا ، دایک و بابیشم گوتیان : دەهەستە سوپاسى پێغەمبەر بکە ، منیش گوتم : بەخوا جگە لەخوا سوپاسى کەس ناکەم ، چونکە خوا پاکیی منى ناردۆتە خوار ، ئەو ئایەتانەى کە ئەو کاتەش هاتنە خوار ئەمانە بوون :

{ إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ (١١) لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنْفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُبِينٌ (١٢) لَوْلَا جَاءُوا عَلَيْهِ بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَإِذْ لَمْ يَأْتُوا بِالشُّهَدَاءِ فَأُولَئِكَ عِنْدَ اللَّهِ هُمُ الْكَاذِبُونَ (١٣) وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ لَمَسَّكُمْ فِي مَا أَفَضْتُمْ فِيهِ عَذَابٌ عَظِيمٌ (١٤) إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُمْ مَا لَيْسَ لَكُمْ بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ (١٥) وَلَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ قُلْتُمْ مَا يَكُونُ لَنَا أَنْ نَتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ (١٦) يَعِظُكُمُ اللَّهُ أَنْ تَعُودُوا لِمِثْلِهِ أَبَدًا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (١٧) وَيُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الْآيَاتِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (١٨) إِنَّ الَّذِينَ يُحِبُّونَ أَنْ تَشِيعَ الْفَاحِشَةُ فِي الَّذِينَ آمَنُوا لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ (١٩) وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ وَأَنَّ اللَّهَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ (٢٠) يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ وَمَنْ يَتَّبِعْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ فَإِنَّهُ يَأْمُرُ بِالْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ مَا زَكَى مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ أَبَدًا وَلَكِنَّ اللَّهَ يُزَكِّي مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (٢١) وَلَا يَأْتَلِ أُولُو الْفَضْلِ مِنْكُمْ وَالسَّعَةِ أَنْ يُؤْتُوا أُولِي الْقُرْبَى وَالْمَسَاكِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٢٢) إِنَّ الَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ الْغَافِلَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ لُعِنُوا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ (٢٣) يَوْمَ تَشْهَدُ عَلَيْهِمْ أَلْسِنَتُهُمْ وَأَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (٢٤) يَوْمَئِذٍ يُوَفِّيهِمُ اللَّهُ دِينَهُمُ الْحَقَّ وَيَعْلَمُونَ أَنَّ اللَّهَ هُوَ الْحَقُّ الْمُبِينُ (٢٥) الْخَبِيثَاتُ لِلْخَبِيثِينَ وَالْخَبِيثُونَ لِلْخَبِيثَاتِ وَالطَّيِّبَاتُ لِلطَّيِّبِينَ وَالطَّيِّبُونَ لِلطَّيِّبَاتِ أُولَئِكَ مُبَرَّءُونَ مِمَّا يَقُولُونَ لَهُمْ مَغْفِرَةٌ وَرِزْقٌ كَرِيمٌ (٢٦)} النور ، کە ئێمە بەس ئایەتى کۆتاییان تەرجەمە دەکەین ، واتە : ئافرەتانى پیس بۆ پیاوانى پیس و پیاوانى پیسیش بۆ ئافرەتانى پیسن ، وە ئافرەتانى پاک بۆ پیاوانى پاکن و پیاوانى پاکیش بۆ ئافرەتانى پاکن ، ئەوانە بەریین و دوورن لەوەى کە گوتراوە ، وە لێبووردنێکى گەورەو ڕۆزییەکى پڕ حورمەتیان هەیە ( لەلایەن خواوە ) .

هەر لە سووڕەتى (النور)یشدا سزاى بوختان کردن بە ئافرەتى داوێن پاک هاتە خوارێ ، کە هەر کەسێک بوختانى داوێن پیسى بە ئافرەتێک بکاو بەڵگەو شایەدى نەبن ، (٨٠) قەمچى لێ دەدرێ :  { وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَدًا وَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ (٤) } النور .

سەرەنجام سێ هاوەڵى بەڕێز سزا دران و یەکى (٨٠) قەمچیان لێدرا ، ئەو سێ کەسەش بریتی بوون لە (حسان بن ثابت) کە شاعیرى پێغەمبەر بوو بەڵام دیارە کەوتۆتە نێو ئەو قسەو باسانەوە ، وە (مسطح بن أثاثة) کە خزمە (أبو بکر) بوو ، هەروەها (حمنة بنت جحش) کە خوشکى (زینب بنت جحش)ى خێزانى پێغەمبەر بوو .

(عائشة) –خوا لێی ڕازى بێ – دەڵێ : هەرچەندە زەینەب هەوێشم بوو بەڵام دینداریی و پارێزکارییەکەى ڕێگاى ئەوەى لێگرت کە ناحەق بڵێ ، لە کاتێکدا کە پێغەمبەر لەبارەى ئەو مەسەلەیەى منەوە پرسیارى لێکردبوو ، گوتبووى : بەخوا من جگە لە پاکیی و چاکیی هیچى دیکەم لەو ئافرەتە نەبینیوە ، بەڵام خوشکەکەى ، واتە :  ( حمنة بنت جحش) لەبەر دەمارگیریی بۆ خوشکەکەى خۆى ، خۆى تووشى ئەو گوناحە کرد ، ئاشکراشە کە دواى ئەوەى ئەو سێ هاوەڵە دارى حەددیان لێدرا ، ئەوە سزاى خۆیان وەرگرتەوە ، لەو گوناحە پاک بوونەوە و هەر هاوەڵى بەڕێزن ، چونکە فەرمایشتى پێغەمبەر هەیە کە دەفەرموێ :   ( هەرکەسێک کە تاوانێکى کرد ئەگەر سزاى دونیایی لەسەر بدرێ ئەوە لە گوناحەکە پاک دەبێتەوەو سزاى دواڕۆژیشى لەسەر نامێنێ ) .

ئینجا (حسان بن ثابت) چەندان شیعرى لە وەسف و مەدحى (عائشة)دا – خوا لێی ڕازى بێ – گوتوون ، وە ئەوەشى دەرخستووە کە ئەو خۆى قسەى هەڵنەبەستوەو دارى حەددیشى بەس لەبەر ئەوە لێدراوە ، کە قسەکەى گێڕاوەتەوە بۆ خەڵکى ، نەک قسەکەى هەڵبەستبێ و لەوەش پەشیمانە ، ئینجا هەرچەندە دروست کردنى بوختانەکە لەلایەن (عبدالله بن أبی)یەوە بووە ، بەڵام ئەو دارى حەددى لێ نەدراوە ، ئەویش یان لەبەر ئەوەى کە خوا بەڵێنى داوە تووشى سزایەکى گەورەى بکات و حەددیش مایەى کەم کردنەوەى سزایە ، یان لەبەر هەمان ئەو بەرژەوەندییەیە کەلە نەکوشتنەکەیدا ڕەچاو کرابوو ! یان لەبەر ئەوەى بەشێوەیەکى وا قسەکەى نەکردوە کە بەبەڵگە لەسەرى ئیسپات ببێ ، (مسطح)یش کە خزمى ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – بووەو پێشتریش ئەبووبەکر هاوکاریی کردوە ، دواى ئەوەى لە بوختانەکەى عائیشەدا بەشدار دەبێ سوێند دەخوا کە ئیدى هاوکارى نەکات و دەڵێ :  ( والله لا أُنفِقُ علیه شیئاً أبداً) ، بەڵام کاتێک خوا –عزّ وجلّ- ئەم ئایەتە دەنێرێتە خوار :  { وَلَا يَأْتَلِ أُولُو الْفَضْلِ مِنْكُمْ وَالسَّعَةِ أَنْ يُؤْتُوا أُولِي الْقُرْبَى وَالْمَسَاكِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٢٢)} النور ، (أبو بکر) دەڵێ :  ( والله لأُحِبُّ أن یغفر الله لي ) بەخوا حەزدەکەم خوا لێم خۆشبێ ، ئیدى لە قسەکەى خۆى ژیوان دەبێتەوەو دەست دەکاتەوە بە هاوکاریی کردنى (مسطح) .

 

ئیستاش با سەرنجى هەڵوێستێکى دایکمان (عائشة)و هەڵوێستێکى ( أبو بکر) ى بابى – خوا لێیان ڕازى بێ – بدەین تاکو زیاتر شارەزاى ئیمانیان ببین :-

 

١/ (عائشة) دەڵێ : بەخوا من ئەو کاتە دەمزانى بەرییم و خوا پاکییم دەردەخات ، بەڵام بەخوا پێم وانەبوو خوا وەحییەکم لەبارەوە بنێرێتە خوارێ و بخوێنرێتەوە ، وە خۆمم لەلا لەوە کەمتر بوو ، کە خواى زاڵ و شکۆدار بە قورئان قسەم لەبارەوە بکات ، بەڵام ئومێدم وابوو ، کە پێغەمبەرى خوا لەخەودا خەون ببینێ و خوا پاکییمى پێ دەربخات .

هەڵبەتە ئەو خۆ لەلا کەمبوونەى دایکمان عائیشەش بووە ، کە ئاوا خواى کاربەجێ بەرزى کردۆتەوە !

٢/ (أبو بکر)یش –خوا لێی ڕازى بێ- کە (مسطح) هەرچەندە بوختان بۆ کچەکەى دەکات و نەڕەچاوى خزمایەتى و نە هاوکاریی و چاکەى ئەبووبەکر ناکات بۆى! بەڵام پاش فەرمايشتى خوا – عزّ و جلّ – لە بڕیارەکەى پەشیمان دەبێتەوەو چاوپۆشى لە هەموو شتێک دەکات بۆ ڕازیکردنى خوا !

ئەوانەى باسمان کردن کۆمەڵێک ڕووداوى گرنگ بوون لەپێش جەنگى (ئەحزاب) دا ، کە جەنگى (خەندەق) یشى پێ دەڵێن .

 

پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا /  مامۆستا عەلى باپیر

لاپەڕە  / ( ٥٥٦ - ٥٧١)

 

 

 


زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه