بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 جەنگى ئوحود
28/12/2019
بینین: 2259

جەنگى ئوحود کە لە نێوان موسوڵمانان بەسەرکردایەتى پێغەمبەر ﷺ و کافرەکانى قوڕەیش بەسەرکردایەتى (أبو سفیان)دا ڕوویداوە ، دووەمین جەنگى گەورەى نێوان کافرو موسوڵمانانە .
بەڕێزان  ! خوا پشتوان بێ لە حەڤدە خاڵاندا بە پوختیی و گوشراویی بۆتان باسى جەنگى ئوحود دەکەم :
یەکەم :-  جەنگى ئوحود لە مانگى (شوال)ى ساڵى سێیەمى کۆچیدا ڕوویداوە ، بۆیە ئەو ناوەشى لێنراوە چونکە لە شەڕگەیەکدا ڕویدا کە دەکەوێتە دامێنى چیاى (ئوحود)ەوە ، کە چیایەکى بەرزەو دەکەوێتە پشت شارى مەدینەوە .

دووەم :- هۆکارو سەرەتاى دەست پێکردنى جەنگى ئوحود بەم شێوەیە بووە : پاش ئەوەى کافرەکانى مەککە لە جەنگى بەدر بە تێکشکاوى گەڕانەوەو حەفتا کەسیان لێ کوژراو حەفتایان لێ بەدیل گیرا ، وە ئەبو سوفیانیش کاروانەکەى بۆ دەرباز بوو و گەڕایەوە ، کۆمەڵێک لەوانەى کە بابیان یان خزمیان لە جەنگى بەدردا کوژرابوو ، لەوانە : ( عبدالله بن أبی ربیعة و عکرمة بن أبی جهل و صفوان بن أمیة) و کۆمەڵێک خەڵکى دیکە ، چوون بۆ لاى ئەبو سوفیان و هەندێ خەڵکى دیکە کە بەشیان لەو کاروانەدا هەبووەو گوتیان : ( یا معشر قریش ! إن محمداً قد وَتِرَكُم و قَتَل خياركم فاعينونا بهذا المال على حربة )، واتە: ئەى کۆمەڵى قوڕەیش محمد زەبرێکى گورچک بڕى لێداون و پیاوە چاکەکانتانى کوشتوون ، بۆیە بەماڵى ئەم کاروانە یارمەتیمان بدەن با جەنگ بکەین لە دژى .
بەو بۆنەوە خواى زاناو توانا ئایەتى (٣٦)ى سووڕەتى (الأنفال)ى ناردە خوار کە دەفەرموێ : { إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ لِيَصُدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ فَسَيُنْفِقُونَهَا ثُمَّ تَكُونُ عَلَيْهِمْ حَسْرَةً ثُمَّ يُغْلَبُونَ وَالَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى جَهَنَّمَ يُحْشَرُونَ(٣٦) } ، واتە : بێگومان ئەوانەى بێ بڕوان ماڵى خۆیان خەرج دەکەن بۆئەوەى خەڵکى لەڕێی خوا لابدەن ، ماڵەکەیان خەرج دەکەن ، بەڵام دوایی بۆیان دەبێتە مایەى خەم و پەژارەو سەرەنجام تێک دەشکێن ، وە ئەوانەى بێ بڕوان بەرەو دۆزەخ خڕ دەکرێنەوە .

سێ یەم : -   ژمارەى سوپاى کافرانى قوڕەیش سێ هەزار کەس بووەو دووسەد سواریان لەگەڵدا بووە ، ئەوەى کە سەرکردەى لاى ڕاستى (میمنة)ى سوپاى سوارە بووە (خالد بن الولید) و سەرکردەى لاى چەپ (میسرة)یش (عکرمة بن أبی جهل) بووە ، وە کافرەکانى قوڕەیش ئافرەتیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردوون ، کە لەدواى پیاوەکانەوە دەفیان لێداوەو هانى پیاوەکانیان داوە بەرەو شەڕو تۆڵە سەندنەوە ، یەکێک لەوانە کە بە شعر هانى پیاوانى دەدا (هند)ى کچى (عتبة) بووە کە خێزانى ئەبو سوفیان بوو .

چوارەم :- چەند هۆکارێکى ڕوودانى جەنگى ئوحود کە قوڕەیشییەکان دەست پێشخەر بوون بۆى : - 
١)هۆکاری فیکری :-  قوڕەیشییەکان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بوون ، کە کۆسپ و تەگەرە لەڕێی بڵاو بوونەوەى ئیسلام و گەشە کردنیدا دروست بکەن ، وەک ئایەتى (٣٦)ى سووڕەتى (الأنفال) باس دەکات .
٢) هۆکارى ئابوورى :-  ئەو مەفرەزەو سەرییانەى  دەوڵەتى ئیسلامیی (مەدینە) دەیناردە دەرەوەو جەنگى بەدریش کە ڕوویدابوو ، کاریگەرى خراپیان خستبوە سەر ئابوورى قوڕەیشییەکانى مەککەو هاتووچوونى کاروانى بازرگانییان بۆ شام ، بۆیە قوڕەیشییەکان وویستیان بەو شەڕە ڕێگاى بازرگانییان بکەنەوە ، تاکو بتوانن بەبێ باکیی کاروانى بازرگانییان بێت و بچێ .
٣) هۆکارى کۆمەڵایەتى :-  تێکشکانى قوڕەیشییەکان لەبەدرو کوژرانى زلەزلەکانیان ، کاریگەرییەکى نەفسیی و کۆمەڵایەتیی کردبووە سەر ئەوان و خۆیان بەبێ دەسەڵات و زەبوون دەهاتە بەرچاو ، بۆیە لەپێناو هەستانەوەو هاتنەوە مەیدان و لابردنى تێکشکانەکەیان ، وویستیان جارێکى دیکە شەڕ بە موسوڵمانان بفرۆشن و تۆڵەى خۆیان بکەنەوەو ، بۆ نێو خۆیان و دەوروبەریش دەسەڵاتى خۆیان پیشان بدەن و ڕابنوێنن . 
٤) هۆکاریی سیاسیی :- یەکێکى  دیکە لە هۆکارەکان ئە بوو کە قوڕەیش پایەو شوێنى سیاسییان بەهۆى دۆڕانیان لە جەنگى بەدردا ، لەدەست دابوو ، بۆیە بۆ گێڕانەوەى ئەو پلەو پایە سیاسییە ، هەوڵی هەڵگیرساندنى جەنگێکى دیکەیان دا . 

پێنجەم :-  (جبیر بن مطعم) لە جەنگى بەدردا مامێکى بەناوى (طعیمة بن عدی) دەکوژرێ ، بۆیە بۆ تۆڵە سەندنەوەى مامى خۆى غوڵامێکى خۆى بەکرێ گرت کە ناوى (وحشی) بوو ، وە پیی گوت (حمزة)ى مامى موحەممەدم بۆ بکوژە لە تۆڵەى مامى خۆم ، ئەگەر کوشتت ئازادت دەکەم و لە کۆیلایەتى ڕزگارت دەبێ، (وحشى ) نێزە هاوێژیکى زۆر کارامە بووەو کەم وابووە نێزە بهاوێژێ و بەو ئامانجە نەکەوێ کە ئەیەوێ ، بەو جۆرە لەو جەنگەدا وەحشى حەمزەى مامى پێغەمبەر ﷺ ى شەهید کرد ، کە پێغەمبەر ﷺ زۆر پەرۆشى بوو .

شەشەم :-  پێغەمبەر ﷺ کە دەبیستێ سوپاى قوڕەیشییەکان بەڕێ کەوتووە بە سێ هەزار کەسەوە دەیانەوێ بەسەر مەدینەدا بدەن ، وەکو عادەتى هەمیشەیی خۆى هاوەڵانى کۆدەکاتەوەو ڕاوێژییان پێ دەکات بۆ هەڵوێست وەرگرتن ، دیارە پێغەمبەر ﷺ بۆخۆى ڕاى وابووە لە مەدینە نەچێتە دەرێ و لەوێ بەرگرى بکەن ، هەروەها (عبدالله بن أبی بن سلول) یش هەمان ڕاى پێغەمبەرى هەبووە لەو هەڵوێستەدا ، بەڵام ئەوانەى کە لە جەنگى بەدردا بەشدارییان نەکردبوو وە هەندێکیش لەگەنجەکان کە خوێن گەرم بوون ، گوتیان : چۆن ئەبێ ئەوان بێن بۆ سەر شارەکەمان و ئێمە بۆیان نەچینە دەرێ ، دوایی ئەوان بە ترسان و بێ هێزى بۆمان لێک دەدەنەوە ، وە ئەوانەى کە بڕیاریان وابووە کە بچنە دەر ژمارەیان زیاتر بووە لەوانەى کە دەیانگوت لەنێو شار بمێنینەوە ، پێغەمبەریش ﷺ لە شتێکدا کە وەحی لەسەر نەبووبێ ، ڕێزى ڕاى زۆرینەى گرتووە ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ بڕیاریدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەى کافرەکان بچنە دەرەوەى شار ، وە کاتێک كة پێغەمبەر ﷺ دەڕوا هێندێک لە هاوەڵان ڕاوێژ دەکەن و دەڵێن : پێغەمبەر ﷺ ڕاى جیاواز بوو لەوەى ئێمە با لە قسەى خۆمان پاشگەز ببینەوەو بچینە سەر قسەى ئەو ، بۆیە دەچنە خزمەتى و پێی دەڵێن : (يا رسول الله استكرهناك و لم لنا ذلك فأن شئت فاقعد صلى الله عليك !) واتە : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئێمە فشارمان بۆتۆ هێناو ناچارمان کردى ، ئەوەشمان بۆ نیە ، بۆیە ئەگەر پێت خۆشە هەر لەنێو شاردا دەمێنینەوەو سەڵات و سەلامى خوات لەسەر بێ .
پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : { ما ینبغي لنبي اذا لبس لأمته أن یضعها حتى یقاتل} واتە : هیچ پێغەمبەرێک بۆى نیە ، کە بەرگى جەنگى پۆشى دایبنێ ، هەتاکو جەنگ نەکات ، واتە : تازە خۆم پێچاوەتەوەو دەبێ بۆیان بچینە دەرێ ، وەک چۆن لە هەڵوێستى یەکەمى (ڕاوێژ پێکردنیان)دا دەرس و وانەیەکى فێر کردن ، بەهەمان شێوە بە هەڵوێستى دووەمیشى ئەوەى فێر کردن ، کە قیادە نابێ هەر ڕۆژە ڕایەک بڵێ ، وەک خواى کاربەجێ دەفەرموێ :{... وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ...(١٥٩) } آل عمران ، واتە : ڕاوێژییان پێ بکە ( دواى ئەوەى کە ئەنجامى ڕاوێژەکەت وەرگرت) هەر کات بڕیارتدا پشت بەخوا ببەستەو جێبەجێی بکە .

حەوتەم :- سوپاى ئیسلام لەسەرەتادا کە بەرەو شەڕگە کە لە دامێنى چیاى ئوحودە ، بەرێ کەوتووە ژمارەیان هەزار جەنگاوەر بووە ، بەڵام لە نیوەى ڕێگا (عبدالله بن أبی بن سلول) بە خۆیی و سێ یەکى سوپایەکەوە پاشەکشە دەکاو پشتى پێغەمبەر ﷺ بەردەداو دەگەڕێتەوە مەدینە ، بە بیانووى ئەوە  کە دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ بە قسەى ئەو خوێن گەرمانە دەکات و قسەى من دەشکێنێت ، نازانم لەسەر چى خۆمان بە کوشت دەدەین ؟ دەى خەڵکینە با بگەڕێینەوە ! ئەوانەى کە دڵ نەخۆش و ئیمان لاواز بوون لە قەومەکەى لەگەڵی دەگەڕێنەوە .
خواى پەروەردگار لەبارەى ئەو هەڵوێستەى (عبدالله بن أبی سلول) ئەو ئایەتانەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { وَلِيَعْلَمَ الَّذِينَ نَافَقُوا وَقِيلَ لَهُمْ تَعَالَوْا قَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَوِ ادْفَعُوا قَالُوا لَوْ نَعْلَمُ قِتَالًا لَاتَّبَعْنَاكُمْ هُمْ لِلْكُفْرِ يَوْمَئِذٍ أَقْرَبُ مِنْهُمْ لِلْإِيمَانِ يَقُولُونَ بِأَفْوَاهِهِمْ مَا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا يَكْتُمُونَ (١٦٧) الَّذِينَ قَالُوا لِإِخْوَانِهِمْ وَقَعَدُوا لَوْ أَطَاعُونَا مَا قُتِلُوا قُلْ فَادْرَءُوا عَنْ أَنْفُسِكُمُ الْمَوْتَ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ(١٦٨) } آل عمران ، باسى یەکێک لە حیکمەتەکانى جەنگى ئوحود دەکات و دەفەرموێ ( خواى زاناو شارەزا جەنگى ئوحودى بۆیە هێنایە پێشێ ) بۆ ئەوەى ئەوانەى کە دەغەڵن بناسرێن ، کاتێک کە پێیان گوترا : وەرن لەڕێی خوادا بجەنگن ، یان بەرگرى لە مەدینە بکەن ، گوتیان : ئەگەر زانیبامان جەنگ دەکەن لەگەڵتان دەهاتین ...
لێرەدا هەڵوێستى دزێوو خراپى سەرۆکى مونافیقەکانى مەدینە (عبدالله بن أبی بن سلول) دەردەکەوێ کە لەو کاتە ناسکەدا خۆى و خەڵکێکى زۆر گەڕانەوە و پشتى پێغەمبەر ﷺ یان چۆڵ کردو پاشەکشەیان کرد ، بەڵام ئیمان و قەناعەتى تەواوى پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانى ڕاستەقینەى بەڕێزى بە ئەندازەیەک چەسپاوو نەگۆڕ بوو ، کەبە پاشەکشەى ئەوان وورەیان دانەبەزى و لە هەموو حاڵەتەکاندا مەبەستیان ڕەزامەندیی خوا بووەو لەو پێناوەشدا هەموو شتێکییان لە خۆیان گرتووە . 

هەشتەم :- (ابن هشام) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ هێزەکانى خۆى لە شیوەکانى چیای ئوحود دامەزراندو پشتى دایە چیاکەو ڕووى لە مەدینە کردوە ، واتە : سوپاى دوژمنى خستە نێوان خۆیان و مەدینەوە ، وە پێغەمبەر ﷺ فەرمانى کرد بە (عبدالله بن جبیر ) و لەگەڵ پەنجا کەس لە هاوەڵانى بەڕێزى لە پشت خۆیانەوەو لەسەر چیاکە داینان ، وە بەم شێوەیە ئامۆژگارى کردن و فەرمووى : { انضح الخيل عنا بالنَّبل لا يأتونا من خلفنا إن كانت لنا أو علينا فانْبُت مكانك لا نؤتَينَّ من قِبَلك} ، واتە: ئەگەر ئەسپ سوارەکان هاتن ئێوە بەتیر لێیان بدەن با پشتمان لێ نەستێننەوەو ، ئەگەر ئێمە لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بووین ، یان شکست خواردوو ، تۆ شوێنى خۆت چۆڵ مەکە ، وەلەشوێنى خۆت بمێنەوە با دوژمن لەلاى تۆوە زەفەرمان پێ نەبات .

نۆیەم :- پێغەمبەر ﷺ سوپایەکەى ڕێک دەخات و ئاڵاى گەورە (لواء) دەداتە دەست (مصعب بن عمیر) – خوا لێی ڕازى بێ- کە لەهۆزى (بنی عبدالدار) بووە ، وە پێغەمبەر ﷺ لەم جەنگەدا وەک ئامادەییەک بۆ جەنگ و کوشتار دوو (زرێ) لەسەر یەک لەبەر دەکات ، چونکە پیشبینى ئەوەى کردووە ، کە جەنگەکە سەخت دەبێ و کوشتارى تێدا ڕوودەداو تووشى برینداریی و ئازارى زۆر دەبێ .

دەیەم :- یەکێک لەو هەڵوێستانەى پێغەمبەر ﷺ لە جەنگى ئوحوددا، کە شایانى باسە ، ئەوەیە شمشێرێک دەردەهێنێ و دەفەرموێ کێ ئەم شمشێرەم لێ وەردەگرێ بەڵام حەقى خۆى بداتێ ؟! کۆمەڵێک لە هاوەڵان دەچن دەڵێن : ئەى پێغەمبەرى خوا بیدە بە ئێمە ، نایانداتێ ، دوایی (أبو دجانة) کە ناوى (سماك بن خرشة) یە دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەو شمشێرە حەقەر چییە؟! دەفەرموێ : حەقەى ئەوەیە پیی لە دوژمن بدەى تا دەچەمێتەوە ، ئەویش دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ من بە حەقى خۆى وەریدەگرم ، لە ئەنجامدا پێغەمبەر ﷺ دەیداتێ .
جا (أبو دجانة) کە شمشێرەکەى وەرگرت بە فیزو کەشخەوە ڕۆیشت و ئەم شیعرەى خوێندەوە :  
أنا الذي عاهدني خليلي
و نحن بالسفح لدى النخيل
ان لا أقوم الدهر في الكيول 
اضرب بسيف الله ووالرسول
واتە : من کە خۆشەویستەکەم پەیمانى لەگەڵ بەستم ، کە ئێمە لە خوارێ بووین لاى دارخورمایەکان ، کە قەت لە ڕیزەکانى پشتەوەى جەنگ نەبم ، بە شمشێرى خواو پێغەمبەرى خوا ﷺلە کافرەکان بدەم .
(ابن هشام ) دەڵێ : دوایی کە پێغەمبەرى خوا ﷺ بینى (أبو دجانة) بە فیز دەڕوا ، فەرمووى : { إنها لمشیة یبغضها الله الا فی مثل هذا الموطن} ، واتە : ئەمە جۆرە ڕۆشتنێکە کە خوا ڕقى لێیەتى ، مەگەر لە حاڵەتێکى ئاوادا نەبێ ، واتە : لەکاتێکدا کەلە بەرامبەر دوژمندا دەوەستى ، ئاساییە ئەگەر فیز و کەشخە بکەى ، وەک جەنگی دەروونیی بەرامبەریان .

یازدەیەم :-  کۆمەڵێک گەنجى هەرزەکار ، کە باڵغ نەبووبوون هاتن بۆ ئەوەى بەشداریی بکەن لە جەنگدا ، لەوانە : ( عبدالله بن عمر ، زید بن ثابت ، أسامة بن زید ، عمرو بن حزم ، البراء بن عازب ، و أسید بن ظهير) ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ نەیبردوون بۆ جەنگ و گێڕانیەوە لەبەر ئەوەى کە باڵغ نەبوون جگە لە (رافع بن خدیج) ، چونکە تیر هاوێژێکى زۆر دەست ڕاست بوو ، ئینجا گوتیان (سمرة بن جندب) یش بە زۆرانبازیی بە (رافع) دەوێرێ ، دوایی پێغەمبەر ﷺ ڕێگاى بەویشدا کە بەشدارى بکات لە جەنگى ئوحوددا .

دوازدەیەم :- سەرەنجام جەنگ دەست پێ دەکاو پێغەمبەر ﷺ تەوجیهات دەنێرێ و هەر کەسەى لە شوێنى خۆى دادەنێ ، وە حەمزەى مامى پێغەمبەر ﷺ هەر لە سەرەتاى جەنگدا دەورێکى گرنگ دەبینێ و ژمارەیەک لە سەرانى کوفر بەدەستى ئەو دەکوژرێن ، وەحشى دەگێڕێتەوەو دەڵێ : من تەنها لەبەر یەک شت بەشدارى ئەو جەنگەم کرد ، ئەویش کوشتنى حەمزە بوو ، چونکە بەڵێنم پێ درابوو ئەگەر ئەو بکوژم لە کۆیلایەتى ڕزگارم بێ و ئازادم بکەن ، کە جەنگ دەستى پێکرد ، من تەنها بەدواى حەمزەدا دەگەڕام ، چونکە هەر ئەوم مەبەست بوو ، بەڵام کە تەماشام کرد ئەو بەڕاست و چەپدا بە شمشێرەکەى خەڵک دەدڕێ و ڕووى لەهەر کەسێک کردبایە خۆى بۆ نەدەگرت ، منیش خۆم لێ مەڵاس داو کەمینم لێ گرت ، هەتا خۆم لەگەڵ ڕاست کرد ، ئیدى حەربەکەمم بۆ هاویشت ، لە پشتم داو لەلاى زگیەوە دەرچوو ، حەمزە ئاوڕى لێ دامەوەو منى بینى بۆم هات ، بەڵام دەرفەتى نەبوو ، لەئەسپەکەى کەوتە خوارێ و تەواو بوو .

سێزدەیەم :-  (مصعب بن عمیر) یش ، کە ئاڵاى گەورە (لواء)ى جەنگەکەى هەڵگرتبوو ، کاتێک کە شەهید بوو ، پێغەمبەر ﷺ ئاڵاکەى دایە دەستى عەلى کوڕى ئەبوو طالب – ڕەزاى خواى لێبێ - .
دیارە سەرەتا سوپاى دوژمن تێک شکان و شپرزە بوون و خەریکى هەڵاتن بوون ، بەڵام زۆربەى ئەو تیر هاوێژانەى پێغەمبەر ﷺ لەسەر بەرزاییەکە داینابوون ، کاتێک سەرکەوتنى موسوڵمانانیان بینى و چاویان بە غەنیمەت و تێکشکانى کافرەکان کەوت ، سەر پێچییان لە فەرمانى پێغەمبەر ﷺ کرد ، هەرچەندە برا گەورەکەیان (عبدالله بن جبیر) پیی گوتن ، کە نەچنە خوارێ ، بەڵام ڕۆیشتن و ژمارەیەکى کەم لەگەڵ عبدالله لەسەر بەرزاییەکە مانەوە ، کە کافرەکان بەوەیان زانى ، خالیدى کوڕى وەلید ، کە ئەوکات موسوڵمان نەبووبوو ، بە هێزەکەیەوە بە هەلى زانى و پشتى لەو چەند کەسە کەمەى کەبەسەر بەرزاییەکەوە مابوون گرت و هێرشى کردە سەرییان و بەشەڕ کوشتنى ، بەو شێوەیە کاتێک کافرەکان ئەو سەرکەوتنەى خۆیان بینى ، وەخۆ هاتنەوەو خۆیان گورج کردەوەو بەرەنگارى موسوڵمانان بوونەوەو لەسەر بەرزاییەکەشەوە هێرشى خەستیان کردە سەر موسوڵمانان و زەرەرێکى زۆریان بە سوپاى ئیسلام گەیاند ، وەک خواى گەورە لەو بارەوە دەفەرموێ : { وَلَقَدْ صَدَقَكُمُ اللَّهُ وَعْدَهُ إِذْ تَحُسُّونَهُمْ بِإِذْنِهِ حَتَّى إِذَا فَشِلْتُمْ وَتَنَازَعْتُمْ فِي الْأَمْرِ وَعَصَيْتُمْ مِنْ بَعْدِ مَا أَرَاكُمْ مَا تُحِبُّونَ مِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الْآخِرَةَ ثُمَّ صَرَفَكُمْ عَنْهُمْ لِيَبْتَلِيَكُمْ وَلَقَدْ عَفَا عَنْكُمْ وَاللَّهُ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ (١٥٢) إِذْ تُصْعِدُونَ وَلَا تَلْوُونَ عَلَى أَحَدٍ وَالرَّسُولُ يَدْعُوكُمْ فِي أُخْرَاكُمْ فَأَثَابَكُمْ غَمًّا بِغَمٍّ لِكَيْلَا تَحْزَنُوا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا مَا أَصَابَكُمْ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ (١٥٣)  } آل عمران ، واتە : خوا بەڵێنى خۆى بۆ بردنە سەر ، کە دەتانکوشتن بەفەرمانى وى هەتا کاتێک کە بێهێز بوون چونکە ناکۆکیتان کەوتە نێوان و سەرپێچیتان (لەفەرمانى پێغەمبەر ﷺ)کرد ، (بێگومان ئەگەر بەقسەى پێغەمبەریان کردبایە ناکۆکییان نەدەکەوتە نێوان و بێهێز نەدەبوون و دوژمنیش زەفەرى پێ نەدەبردن ) ، ئینجا ئاماژە بە ڕیشەى ئەو سەرپیچى کردنە دەکات و دەفەرموێ : { مِنْ بَعْدِ مَا أَرَاكُمْ مَا تُحِبُّونَ } دواى ئەوەى کە شتێکى پیشان دان کە حەزتان لێ دەکرد ( کەمەبەست دەستکەوتە) {مِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنْكُمْ مَنْ يُرِيدُ الْآخِرَةَ } هێندێکتان حەزى لە دونیایەو هەشتانە دوا ڕۆژى دەوێ ، ( یەکێک لە هاوەڵان دەڵێ : تا ئەو کاتەش نەمزانى ، کە لە نێو هاوەڵانى پێغەمبەردا کەسێک هەیە ، کە دونیاى خۆش دەوێ ) ، کەواتە : کارى بەکۆمەڵ تاکە کەسێکیش دەتوانێ زەرەرى لێ بدات ، مادام لە شوێنێکى گرنگ و هەستیار دانرابێ ، ئینجا خواى پەروەردگار شکستى موسوڵمانان وەک دیمەنێک دەخاتە بەر چاوو  دەفەرموێ : { إِذْ تُصْعِدُونَ وَلَا تَلْوُونَ عَلَى أَحَدٍ } کاتێک هەر دەڕۆیشتن و ئاوڕتان لەکەس نەدەدایەوەو هەڵدەهاتن { وَالرَّسُولُ يَدْعُوكُمْ فِي أُخْرَاكُم } پێغەمبەریش لە دواوە بانگى دەکردن ، کە بگەڕێنەوە مەیدان ...
لەو بارەوە (عبدالله بن الزبیر) لە (زبیر بن عوام)ى بابیەوە دەگێڕێتەوە ، دەڵێ: من تەماشام دەکرد خڕخاڵەکانى پێی (هند)ى خێزانى ئەوو سوفیان و ئافرەتەکانى دیکەى قوڕەیشم دەبینى کە خۆیان هەڵکردبوو ، بۆ هەڵاتن ، زۆر بە ئاسانى دەمانتوانى بانگرین ، بەڵام زۆرى نەخایاند تیر هاوێژەکانى ئێمە هاتنە خوارو پشتیان چۆڵ کردین و سوارى کافرەکان پشتیان لێ گرتینەوە ، لەو کاتەدا یەکێک هاوارى کردو گوتى : ئاگادار بن موحەممەد کوژرا ! کە موسوڵمانان ئەوەیان گوێ لێبوو ، زۆر دڵگران و ناڕەحەت بوون ، وە هەندێک لە ئیمان لاوازەکان گوتیان : مادام پێغەمبەر کوژراوە ، ئێمە چى بکەین لێرەو پاشەکشەیان کرد، بەڵام (أنس بن النضر) گوتى : ئەدى ئێمە دواى پێغەمبەر  ﷺ ژیانمان بۆ چییە ؟ گوتى : خوا ئەوەى ئەو ئیمان لاوازانە دەیڵێن من لێی بەریم ، ئینجا خۆى پێچایەوەو دەستى کرد بە جەنگ تا شەهید بوو .
زوبەیر دەڵێ : دواى ئەوەى کە کافرەکان پشتیان لێ گرتین شیرازەمان تێک چوو لە ئەنجامدا ئەو شکستەمان بەسەرهات ، کە هات .

چواردەیەم :- لەو جەنگەدا پێغەمبەر ﷺ بریندار بووەو ددانى موبارەکى شکاوەو خودەکەى لە هەردوولاوە چۆتە نێو ڕوومەتى و لێوى موبارەکى بە خوێندا هاتووە ، وە لەو بارەوە فەرموویەتى : { اشتد غضب الله على قوم فعلوا هذه بنبیه ، یشیر الى رباعیته } رواه البخارى ، واتە : خوا زۆر توڕەیە لە کۆمەڵێک ئاوا لە پێغەمبەرى خوا دەکەن و ئاماژەى بۆ ددانى کرد ، خواى پەروەردگاریش لەو بارەوە ئەو ئایەتەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : {لَيْسَ لَكَ مِنَ الْأَمْرِ شَيْءٌ أَوْ يَتُوبَ عَلَيْهِمْ أَوْ يُعَذِّبَهُمْ فَإِنَّهُمْ ظَالِمُونَ(١٢٨) } آل عمران ، واتە : هیچ شتێک عایدى تۆ نیە (ئەى موحەممەد) – خوا لێیان خۆش بێ- یان عەزابیان بدا ، ئەوانە ستەمکارن ، دیارە کاتێک سوپاى ئیسلام شپرزە بوو ، پێغەمبەریش ﷺ زۆر مەترسى کەوتە سەر بەڵام خۆى لە مەیدان وورەى دەدایە هاوەڵانى و چەند کەسێکى کەمیش لەدەورى بوون ودیفاعیان لێ دەکرد ، ئەوەى بە پلەى یەکەم لەو ڕووەوە دەورى هەبوو (طلحة بن عبید الله ) بوو .
(ابن هشام ) هێناویەتى لە (أبی سعید الخدرى ) یەوە کە (عتبة بن أبی وقاص) ددانى خوارەوەى لاى ڕاستى پێغەمبەر ﷺ ى شکاندوەو ڕوومەت و لێوى موبارەکى بە خوێندا هێناوە ، ئەویش بەهۆى بەرد پێدادانەوە .

پازدەیەم :-  دواى ئەوەى کە موسوڵمانان دەستیان کردە جەنازە کۆکردنەوە ، پێغەمبەر ﷺ لە حەمزەى مامى دەگەڕا ، کە تەماشاى کرد جەنازەکەى کەوتبوو ، وورگیان دڕیبوو ، جەرگیان دەرهێنابوو وە هەردوو گوێ و لووتیشیان بڕیبوو ، کە هندى خێزانى ئەبوو سوفیان دواى ئەوەى حەمزە شەهید بووبوو ، بەو کارە خراپە هەستابوو ، پێغەمبەر ﷺ لەبەرامبەر ئەو دیمەنەدا زۆر ناڕەحەت بوو ، بۆیە فەرمووى : سوێند بەخوا ئەگەر خوا بەسەر قوڕەیشدا سەرم بخات ، سێ کەسیان لێ وا لێدەکەمەوە ، واتە : وورگیان دەدڕم و لووت و گوێیان دەبڕم ! خواى بەرزیش لەو بارەوە ئەم ئایەتەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { وَإِنْ عَاقَبْتُمْ فَعَاقِبُوا بِمِثْلِ مَا عُوقِبْتُمْ بِهِ وَلَئِنْ صَبَرْتُمْ لَهُوَ خَيْرٌ لِلصَّابِرِينَ (١٢٦) وَاصْبِرْ وَمَا صَبْرُكَ إِلَّا بِاللَّهِ وَلَا تَحْزَنْ عَلَيْهِمْ وَلَا تَكُ فِي ضَيْقٍ مِمَّا يَمْكُرُونَ (١٢٧) } النحل ، واتە : ئەگەر دوژمنانتان سزا دان وەکو سزادانیان بۆ ئێوە سزایان بدەن ، وە ئەگەر ئارام بگرن ئەوا بێگومان بۆ خۆڕاگران باشترە ، وە ئارام بگرەو ئارام گرتنیشت تەنیا بە خوایە ، وە خەفەتیان لێ مەخۆ ، وە بەهۆى پلان گێڕانیانەوە دڵتەنگ مەبە .
(حنظلة بن أبی عامر) یش کاتێک لە مەیدانى جەنگدا ڕووبەڕووى (أبو سفیان) بۆوە و لە ئەرزێی داو خستى و چووە سەر سینگى ، لەو کاتەدا (شداد بن الأسود) کە بینى (حنظلة)  ئەوو سوفیانى بە زەویدا خستوە، لە پشتەوەڕا لێیداو (حنظلة) ى  شەهید کرد ، دوایی پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : فریشتەکان  (حنظلة)  دەشۆن ، کە لە خێزانەکەیان پرسى ، گوتى  (حنظلة)  خۆ شۆردنى جەنابەتى لەسەر بووەو لەبەر پەلەکردنى بۆ بەشدارى لەو جەنگەدا نەیتوانى خۆى بشوات .
(ابن هشام ) دەربارەى ناشتنى شەهیدەکان دەڵێ : 
دوایی هەندێک لە خەڵکەکە ویستیان جەنازەى کوژراوەکان بەرنەوە بۆ مەدینە ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : { ادفنوهم حیث صرعوا} واتە : کوژراوەکان لەو شوێنە بنێژن کە لێی کوژراون ، ئینجا دوو دوو سێ سێ لە قەبرێکدا ناشتیانن و ئەوەى زیاتر قورئانى لەبەر بووایە لەپێش ئەوانى دیکەدا دەیانخستنە گۆڕەوە ، وە لەنێو کوژراوەکانى سوپاى ئیسلامدا هەر یەک لە ( حمزة بن عبدالمطلب و مصعب بن عمير و حنظلة بن أبي عامر و سعد بن الربيع )هەبوون ، کە پیاوانى بەرجەستە بوون ، وە پێغەمبەر ﷺ لەبارەى شەهیدانى ئوحودەوە فەرموویەتى : { أنا شهید على هؤلاء یوم القیامة } رواه البخارى ، واتە : من لە ڕۆژى دواییدا شایەدیی بۆ ئەوانە دەدەم ! دوایی فەرمانى کرد ، کە بەخوێنى خۆیانەوە بنێژرێن و نوێژى مردووشى لەسەر نەکەن .

شازدەیەم :-  کە جەنگ تەواو بوو ئەبوو سوفیان بانگى کرد گوتى : ( أنعمت فعال ، أن الحرب سجال ، یوم بیوم ، أعل هبل) ، واتە : کارى باشمان کرد ، شەڕیش بەنۆرەیە ، ڕۆژێک بەڕۆژێک (بەدر بە ئوحوود) ، هوبەل بەرز بکەنەوە ، پێغەمبەر ﷺ بە عومەرى فەرموو : هەڵسە جوابى بدەوەو بڵێ { الله أعلى وأجل ، لاسواء قتلانا فی الجنة و قتلاکم فی النار } ، واتە : خوا بەرزترەو بە شکۆترە ، وەکو یەک نین ، کوژراوەکانمان لە بەهەشتن و کوژراوەکانتان لە دۆزەخدان ، ئەبوو سوفیان دەڵێ : ( أنا العزَّى ولا عُزَّى لكم) واتە : ئێمە عوززامان هەیەو ئێوە عوززاتان نیە ، پێغەمبەریش ﷺ دەفەرموێ بڵێن : { الله مولانا و لا مولا لکم } واتە : خوا پشتیوانى ئێمەیەو ئێوە پشتیوانتان نیە ، ئینجا ئەبوو سوفیان لە عومەر دەپرسێ : ڕاسستم پێ بڵێ موحەممەد کوژراوە یان نا ؟! ئەویش دەڵێ : نەخێر نەکوژراوەو زیندووەو گوێشى لە قسەکانتە ، دوایی ئەبوو سوفیان دەڵێ : ساڵێکى دی لەبەدر بەیەک دەگەینەوە ، پێغەمبەر ﷺ بەیەکێک لە هاوەڵانى دەفەرموێ :   (بڵێ : باشە لەوێ بەیەک دەگەینەوە ) .
سەرەنجامى شەڕەکەش (٢٢) کوژراو لە کافرەکان و ، (٦٥) شەهید لە موسوڵمانان دەبێ ، کە زۆربەیان موسوڵمانانى پشتیوانان بوون خوا لە هەموویان ڕازى بێ . 

حەڤدەیەم :- بۆ دەرس و پەند وەرگرتن لە جەنگى ئوحود خوا – عز وجل- لە سووڕەتى (آل عمران) لە ئایەتى (٢١)ەوە تاکو ئایەتى (٨٠) لە چەند شوێنێکدا باسى ڕووداوەکانى ئەم جەنگە دەکات ، بۆ وێنە دەفەرموێ : {أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُمْ مُصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُمْ مِثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّى هَذَا قُلْ هُوَ مِنْ عِنْدِ أَنْفُسِكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ(١٦٥)} آل عمران ، واتە : ئایا کاتێک بەڵایەکتان تووش بوو لە جەنگى ئوحود ، کە ئێوە دوو قاتى ئەوەتان تووشى دوژمن کردبوو { لە جەنگى بەدردا (٧٠) کەستان لێ کوشتن و (٧٠)شتان لێ بەدیل گرتن } گوتتان ئەوەى تووشمان بوو لەکوێوە هات ؟ ، بڵێ : ئەوە خەتاى خۆتان بوو ( واتە : دوژمن بەهۆى شکاندنى فەرمانى پێغەمبەر ﷺ ەوە پێتان وێرا ) بێگومان خوا بەسەر هەموو شتێکدا باڵادەستە .
هەروەها خواى باڵا دەست دەفەرموێ : {إِنَّ الَّذِينَ تَوَلَّوْا مِنْكُمْ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ إِنَّمَا اسْتَزَلَّهُمُ الشَّيْطَانُ بِبَعْضِ مَا كَسَبُوا... (١٥٥) } آل عمران ، واتە : ئەوانەتان کە پشتتان لە دوژمن کرد لە ڕۆژى پیکگەیشتنى دوو کۆمەڵەکەدا ، ئەوانە شەیتان هەڵیخەڵەتاندن بەهۆى هەندێک لە گوناحەکانیانەوە ، کەواتە : ئەو گوناحە و کەم وکوڕییانەى، کە ئینسان هەیەتى ، لەکاتى دژواردا دەبنە هۆى شکستى ، هەروەکو چۆن پارێزکاریی و دینداریی و خوا پەرستیش دەبێتە هۆى خۆڕاگریی و سەرکەوتنى ئینسان . 
جا هەرچەندە موسوڵمانان لە جەنگى ئوحوددا شکستیان خوارد ، بەڵام ئەو دەرس و پەندانەى لەجەنگى ئوحود وەردەگیرێن ، زۆر گەورەترن لەوەندە زیان و زەرەرەى کە کردوویانە ، هەرچەندە ئەویش هەر بردنەوەو قازانجە ! 
شایانى باسە لە جەنگى ئوحوددا ئافرەتان بەشدارییان کردوە ، بە ئاو هێنان و ئامادە کردنى خواردن و تەداوى کردنى بریندارەکان و گواستنەوەى جەنازەکان بۆ مەدینە ، کە عائیشە – خوا لێی ڕازى بێ- یەکێک بووە لەوانە ، وەک (ربیع بنت معوذ) دەڵێ : ( كنّا مع النبِيّ ﷺ نسقي و نُداوي الجرحى وَنَرُدُّ القتلى ) لە ڕیوایەتێکى دیکەدا :  ( كنّا نغزو مع النبي ﷺ فَنَسقى القوم وَ نَخْدُمهم وَنردُّ الجَرحى والقتلى الى المدينة ) ، وە لە ڕیوایەتێکى دیکەدا :  ( كنّا نغزو مع الرسول الله ﷺ نَسْقي القوم وَ نَخْدُمهم وَنردُّ القتلى والجَرحى الى المدينة) رواه البخاري . 
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٩٤-٥١٠)
 

زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه