بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
غەزوەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 چەند ڕووداوێکى گرنگى دواى جەنگى ئوحود
04/02/2020
بینین: 1266

 

 

لەدواى جەنگى ئوحود کۆمەڵێک ڕووداوى گرنگ ڕوویانداوە لە ژیانى پێغەمبەردا ، کە هەشتیان لێ دەخەینە ڕوو :-

یەکەم : غەزاى (حمراء الأسد ) :-

(حمراء الأسد) شوێنێکە هەشت میل لە مەدینەوە دوورە ، (طبرانی) بە سەنەدێکى (صحیح) لە (عبدالله بن عباس)ەوە دەگێڕێتەوە ، دەڵێ : (لما رجع المشرکون من أُحُد، قالو لا محمداً قتلتم و لاكواعب أردفتم ، بئس ما صنعتم ارجعوا ...) واتە : کافرەکان بەسەرکردایەتى (أبو سفیان) دواى جەنگى ئوحود، کە گەڕانەوە بەرەو مەککە ، لە بەینى خۆیاندا گوتیان ، نە موحەممەدتان کوشت ، وە نە کچانى تازە مەمک کردووتان بە دیل گرتن ، خراپترین شتتان کرد ، بابگەڕێینەوە سەریان ...، لە ڕیوایەتێکى دیکەدا هاتوە ، کە گوتویانە : بابگەڕێینەوە سەریان و بەیەکجاریی بنبڕیان بکەین .

جەنگى ئوحود لە ڕۆژى شەممەى (١٥)ى شەوالى ساڵى سێ یەمى کۆچیدا ڕوویداوە ، ئەو ڕۆژە کە شەڕەکە کۆتایی پێهات قوڕەیشییەکان گەڕانەوە بەرەو مەککە ، دواتر پێغەمبەر بیستى (أبو سفیان) و سوپاکەى بەتەمان بگەڕێنەوە و هێرش بکەنەوە سەر مەدینە ، بۆیە هەر ڕۆژى دواتر واتە ڕۆژى یەکشەممە (١٦)ى شەوال ، پێغەمبەر بڕیاریدا بەدواى دوژمن بکەوێ ، بەڵام ڕایگەیاند : با هیچ کەس بۆ ڕاوەدوونانى دوژمن لەگەڵمان نەیەت ، مەگەر کەسێک کەلە جەنگى دوێنێدا بەشدارى کردوە ، ئینجا پێغەمبەر کە بۆ خۆى بە چەند شوێن بریندار بوو ، وە هاوەڵانى بەڕێزیشى زۆربەیان بریندار بوون و هی وایان هەبوو بەو ئەندازەیە برینەکەى سەخت بوو کە دەبووایە یەکێکى دیکە هاوکارى بکات بۆ ئەوەى سوارى ووڵاخ بێت یان بڕوا ، بەڵام وویستیان فەرمانى پێغەمبەر جێ بەجێ بکەن ، خۆیان ئامادە کرد بۆ ئەو شوێنەى کە پێغەمبەر مەبەستیەتى ، بۆیە دوایی خواى پەروەردگار چەند ئایەتێکى ناردە خوار لە مەدحى ئەو کەسانەدا کەبە برینداریش ئامادەبوون فەرمانى پێغەمبەرى خوا جێبەجێ بکەن ، بەو شێوەیەپێغەمبەر و هاوەڵانى ڕۆیشتن تا گەیشتنە  (حمراء الأسد) ، و (عبدالله بن أم كلثوم)ى بە سەرپەرشتیارى مەدینەى دانا ، پێغەمبەر ڕۆژانى دوو شەممەو سێ شەممەو چوارشەممە لەوێ مایەوە .

لەو کاتەدا کە پێغەمبەر لە ڕێدابوو بەرەو (حمراء الأسد) گەیشتە  (معبد بن أبي معبد الخزاعي) کە ئەو کاتە کافر بوو ، بەڵام لەدواییدا ئیمانى هێناوە ، سەرەخۆشى لە پێغەمبەر کردو گوتى : بەڕاستى زۆرمان پێ ناخۆش بوو کە ئەو بەڵایەتان بەسەر هات ، دوایی (معبد) کەلە پێغەمبەر جیابۆوەو بەرەو لاى مەککە ڕۆیشت ، گەیشتە (أبو سفیان ) و سوپاکەى لە شوێنێک بەناوى (الروحاء) کەبەرەو مەدینە دەهاتن ، (أبو سفیان) لێی پرسی ئەى (معبد ) دەنگ و باس چییە ؟!

ئەویش گوتى : گەیشتمە موحەممەد و هاوەڵانى کەبەرەو ئێرە دێن بە سوپایەکەوە کەلە چەکدا خۆیان بزر کردووە ، وەکو شێرى بریندار ، زۆر بە تووڕەیی بەرەو ڕووتان دێن ! (أبو سفیان ) گوتى : بەڕاستتە ؟

(معبد)یش گوتى : بەڵێ بەڕاستمەو ئەگەر پەلە نەکەى لە دەستیان دەربازتان نابێ ، لەو کاتەدا کاروانێکى (عبدالقیس) بەلایاندا تێپەڕی ، ئەو سوفیان لێی پرسین : بۆ کوێ دەچن ؟!

گوتیان : دەچین بۆ مەدینە ، بۆ ئەوەى زەخیرە بێنین .

ئەو سوفیان گوتى : من نامەیەکتان پێدا دەنێرم بۆ موحەممەد هەندێک قسەیە بیگەیەنن ، دوایی کە هاتن بۆ مەککە بارى ووڵاخێک مێوژتان دەدەمێ لەبازاڕى (عکاظ) لە پاداشتى ئەوەدا کە ئەو چەند قسەیەم بۆ بگەیەنن ، ئەوانیش گوتیان : باشە قسەکان چیین ؟!

ئەبو سوفیان گوتى : بە موحەممەد بڵێن : ئەوە سوپاى قوڕەیش بەرەو ڕووتان دێن بۆئەوەى بەیەکجاریی بنبڕتان بکەن ، ئینجا کاتێک کە ئەو کاروانە کاروانى (عبدالقیس) گەیشتە پێغەمبەر و هاوەڵانى بەڕێزى و ئەو ڕاسپاردەیەى ئەبو سوفیانى پێ ڕاگەیاندن ، پێغەمبەر و هاوەڵانى لەوەڵامدا ئەم ڕستەیەیان فەرموو : { حسبنا الله و نعم الوکیل} ، واتە : ( خوا بەسمانەو چاکترین کەسیش کە خۆمانى پێ بسپێرین خوایە ) کە ئەمە پێش ئەوەبووە بگاتە (حمراء الأسد) دوایی دەگەنە ئەوێ و بۆ ماوەى سێ ڕۆژان لەوێ دەمێنێتەوە ، بەڵام ئەبو سوفیان ترساو نەیتوانى بۆیان بێت ، بۆیە پێغەمبەر و هاوەڵانى دواى ئەو چەند ڕۆژە دەگەڕێنەوە ، لەسەرى گەڕانەوەیاندا بۆ مەدینە دەگەنە  (أبو عزة الجمحی) کە کابرایەکى شاعیرو لە جەنگى بەدردا لەلایەن موسوڵمانانەوە بەدیل گیرابوو ، پێغەمبەر بەبێ بەرامبەر ئازادى کردبوو ، بەڵام دووبارە هاتبۆوە بۆ دژایەتى کردن و جەنگ کردن لەگەڵ موسوڵمانان ، بۆیە هاوەڵان گرتیان و هێنایان بۆ خزمەت پێغەمبەر ئەەویش پاڕایەوەو گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەم جارەش ئازادم بکە جارێکى دیکە نایەمەوە بۆ دژایەتى تۆ ، پێغەمبەر ئاوا وەڵامى دایەوە ، فەرمووى : { والله لا تمسح عارضیك بمكة بعدها وتقول خدعت محمداً مرتين ، اضرب عنقه يا زبير} واتە : سوێند بەخوا بەرت نادەم ، بچییەوە مەککەو دەست بە سمێڵاندا بێنى و بڵێی دوو جاران موحەممەدم هەڵخەڵەتاندووە ، زوبێر لە ملى بدە ! دوایی ئەم ڕستەیەى فەرموو ، کە ئێستا بۆتە پەند ( لا یلدغ المؤمن من حجر مرتین ) ، واتە : (بڕوادار نابێ دوو جاران لە کونێکەوە بگەزرێ ) .

دواى ئەوەى کە پێغەمبەر چۆوە مەدینە ئەم ئایەتانەى بەبۆنەى (حمراء الأسد)ەوە بۆ هاتنە خوارێ ، کە مەدحێکى زۆرى لەلایەن خواى پەروەردگارەوە تێدایە بۆ ئەو هاوەڵە بەڕێزانەى کە لەو کات و سەغڵەت و ناڕەحەتییەدا بە بریندارییەوە بەدەم بانگەوازى پێغەمبەرەوە چوون ، دەفەرموێ : { الَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِلَّهِ وَالرَّسُولِ مِنْ بَعْدِ مَا أَصَابَهُمُ الْقَرْحُ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا مِنْهُمْ وَاتَّقَوْا أَجْرٌ عَظِيمٌ (١٧٢) الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ (١٧٣) فَانْقَلَبُوا بِنِعْمَةٍ مِنَ اللَّهِ وَفَضْلٍ لَمْ يَمْسَسْهُمْ سُوءٌ وَاتَّبَعُوا رِضْوَانَ اللَّهِ وَاللَّهُ ذُو فَضْلٍ عَظِيمٍ (١٧٤) إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ(١٧٥)  } آل عمران ، واتە : ئەوانەى کە بەدەم بانگى خواوپێغەمبەرى خواوە چوون دواى ئەوەى کە برینیان تێبوو ، بۆ ئەوانەیان کە چاکەکارن و ئەهلى پارێزن پاداشتێکى گەورە هەیە ، ئەوانەى کە خەڵک پێیان گوتن (کاروانەکەى –عبدالقیس-) خەڵکى بۆتان کۆبوونەوە (ئەو سوفیان و سوپاکەى) لێیان بترسێن ، بەڵام ئەو هەڕەشەیە ئیمانى زیاد کردن ، (ئینسانى ئیماندار لە سەختیی و ناڕەحەتییاندا ئیمانەکەى زیاتر ساغ دەبێتەوە ، تیغى ڕەسەنیش هەتا زیاتر شتى پێ ببڕرێ تیژتر ئەبێ) ، وە گوتیان (حسبنا الله و نعم الوکیل) خوا بەسمانەو ئەو چاکترین کار پێ سپێردراوە ، وە سەرەنجام بە نیعمەت و بەخششێکى زۆرى خواوە گەڕانەوە ، ( چونکە لەوێ بازاڕى لێبوو ، کڕین و فرۆشتنیان کرد بەقازانجیشەوە گەڕانەوە ) هیچ ئازارێکییان تووش نەبوو ، بەدواى ڕەزامەندى خوا کەوتن ( کە لەو کاتەدا ڕەزامەندى خوا لەوەدا بووە کەبە برینداریی بڕۆن بەدەم بانگەوازى خواوە ، چونکە هەمیشە ڕەزامەندیی خوا لەجێبەجێ کردنى فەرمانى خواو پێغەمبەرى خوادایە ) وە بێگومان خوا خاوەنى بەخششی گەورەیە ، دوایی دەفەرموێ : { إِنَّمَا ذَلِكُمُ الشَّيْطَانُ يُخَوِّفُ أَوْلِيَاءَهُ فَلَا تَخَافُوهُمْ وَخَافُونِ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ } واتە : ئەوە شەیتانە کەلە دۆستەکانى خۆى دەتانترسێنێ ، لەوان مەترسێن و لەمن بترسێن ئەگەر ئیماندارن ( واتە : ئەوەى ئیماندار بێ دەبێ ترسى هەرە زۆرى تەنیا لەخوا بێ نەک لە غەیرى خوا ) .

وەک باسمان کرد هەرچەندە موسوڵمانان لە جەنگى ئوحوددا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا ، بەڵام چەسپین و ئازایەتى پێغەمبەر و هاوەڵانى لە مەیداندا و گۆێڕایەڵیی و فەرمانبەریی هاوەڵانیشى پاش ڕۆژێک لە جەنگەکە کە پێغەمبەر فەرمانى کرد بەو هاوەڵانەى کەلە جەنگەکەدا بەشدار بووبوون ، بۆ ڕۆیشتن بەرەو (حمراء الأسد) و بەمەبەستى ڕووبەڕوو بوونەوەى سوپاى کافرەکان ، ئەم هەڵوێستە ئەو پەڕى ئازایەتیی و ئیمانى پتەوو دامەزراویی بۆ موسوڵمانان دەگەیەنێ ، هەڵاتن و پاشەکشە کردنى سوپاى کافرەکانیش بەسەرپەرشتى (أبو سفیان) بێهێزو پێزیی خۆى و سوپاکەى دەسەلمێنێ.

دووەم : سەرییەى (أبو سلمە المخزومی) :-

یەکێکى دى لەو ڕووداوانەى کە لە دواى جەنگى ئوحود ڕوویان داوە لە مانگى (محرم)ى ساڵى چوارەمى کۆچیدا ، ئەوە بوو کە پێغەمبەرى خوا دواى ئەوەى هەواڵى پێگەیشت کە (بنى أسد) بە فەرماندەیی (طلحة و سلمة ابنی خویلد) دەیانەوێ بەسەر مەدینەدا بدەن ، هێزێکى بەفەرماندەیی (أبو سلمة المخزومی) ئامادە کرد ، کە (١٥٠) جەنگاوەر بوو لە کۆچکەران و پشتیوانان ، وە پیی فەرموو : ( سِرْ حتَّى تنزل أرض بني سعد ، فأَغِرْ عليهم قبل أن تتلاقى عليك جموعهم ) ، واتە بڕۆ هەتا دەگەیە سەر زەمینى بەنى سعد دوایی شەبەیخوون بکە سەریان پێش ئەوەى لەسەرت کۆببنەوە ، ئینجا (أبو سلمة) خۆیی و جەنگاوەرەکان ڕۆیشتن و بەسەریدادان و مەڕو ماڵاتێکى زۆرى بە غەنیمەت گرتن و بە دەستکەوتەوە گەڕایەوە بۆ مەدینە ، دیارە ئەو چالاکییەش دواى جەنگى ئوحود ، نەبەزین و ئازایەتى هاوەڵان دەسەلمێنێ و پەرۆشییان بۆ دینى خوا دەردەخات .

سێ یەم : کوشتنى (خالد بن سفیان الهذلي) لەلایەن (عبدالله بن أنیس) ەوە :-

(عبدالله بن أنیس) کە هاوەڵێکى زؤر ئازاو چالاک بوو ، پێغەمبەر پێی فەرموو : بیستوومە (خالد بن سفیان الهذلی) ئەیەوێ سوپا کۆبکاتەوەو بەسەر مەدینەدا بدا ، ئێستا لە (عرنة) یە بچۆ بیکوژە ، واتە : ئەو سەرى مارەکەیە ئەگەر ئەوت کوشت ، هەموو سوپاکەى پەرتەوازە دەبێ و هیچیان بۆ ناکرێ .

عبداللە دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا هەندێ باسم بۆ بکە بۆ ئەوەى بیناسم ، چونکە تا ئێستا نەمبینیوە ، پێغەمبەریش چەند نیشانەیەکى پێ دەڵێ و دەفەرموێ : ئەگەر بینیشت موچوڕکێکت پێدا دێ و دەلەرزى ، عبداللە دەڵێ : دواى ئەوەى کە پێغەمبەر نیشانەکانى پێ گوتم چووم بۆ (عرنة) لەوێ ئەو کابرایەم بینى بە نیشانەکانى ناسیمەوە ، بەڵام ئەو منى نەناسی ، لێی نزیک کەوتمەوە ، گوتى : تۆ کێی ؟

منیش گوتم : بیستوومە ئەتەوێ سوپا کۆبکەیەوەو بەسەر موحەممەد و هاوەڵانیدا بدەى ، منیش هاتووم بۆ لات ئەگەر هاوکارییەکم پێ بکرێ !!

ئەویش گوتى : بەڵێ ، دەى زۆر چاکە ، بەخێربێی !!

منیش تۆزێک لەگەڵیدا ڕۆیشتم و دوایی بە شمشێر لێمداو کوشتم ، کۆمەڵە ئافرەتێکى لە دەوروپشت بوون ، بەجێمهێشت ، کە بەسەریدا بگرین ، بۆ خۆشم هاتمەوە .

بەو شێوەیە پێغەمبەر کە بیستوویەتى دوژمن دەیەوێ هێزى بۆ کۆبکاتەوە ، پێش ئەوەى دوژمن بەسەریدا بدات لێی نەگەڕاوەو خۆى دەستپێشخەریی کردوەو بەرنامەى ئەوانى تێکداوەو نیازى خراپەکارانەیانى پووچەڵ کردۆتەوە ، هەر بۆیەش گوتراوە : ( هێرش بردن هۆکارى بەرگرییە) .

چوارەم : کارەساتى (الرجیع) لەسەر دەستى (عضل و القارة) :-

یەکێک لە ڕووداوە دڵ تەزێنەکان کە لە مانگى (صفر)ى ساڵى چوارەمى کۆچیدا ڕوویدا ، کارەساتى (الرجیع) بوو ، لەسەر دەستى هەردوو عەشیرەت بەناوى (عضل و القارة) ، کە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر و گوتیان ئەى موحەممەد هەندێک لە هاوەڵانى بەڕێزت بنێرە بۆ نێو ئێمە ، چونکە خەڵکەکەمان پێیان خۆشە لە ئیسلام شارەزا بن !

پێغەمبەریش (١٠) دە کەس لە هاوەڵانى بەڕێزى لەگەڵدا ناردن ، فەرماندەیان (عاصم بن ثابت بن الأفلح) بوو ، لەگەڵیان چوون تا گەیشتنە شوێنێک بەناوى (عسفان) ، لەوێ عەشیرەتێک بەناوى (بنو لحیان) لە هۆزى (هذیل) بە (١٠٠) جەنگاوەرەوە هەڵیان کوتایە سەریان و لە ئەنجامدا (٨)یان لێ شەهید کردن و دوو کەسیشیان لێ بە دیل گرتن و لەگەڵ خۆیان بردیانن بۆ مەککە لەوێ فرۆشتیانن بە قوڕەیشییەکان ، بۆ ئەوەى ئەوانەى کە جەرگ سووتاو بوون لە تۆڵەى کەسوکارى خۆیاندا بیانکوژنەوە ، ئەو دوو هاوەڵە بەڕێزەش (خبیب) و (زید بن الدثنة) بوون ، بەسەرهاتى جەنازەکەى (عاصم)یش بم شێوەیە بووە : دواى شەهید بوونى ، قوڕەیشییەکان وویستیان پارچەیەک لەلاشەى (عاصم) بەرنەوە بۆ ئەوەى بیناسنەوەو لێیان مەعلووم بێ کە عاصم کوژراوە ، بەڵام بەفەرمانى خوا کۆمەڵە

(خبیب)یش ماوەیەک لە سجندا هێشتیانەوە ، دوایی بڕیاریاندا بیکوژن ، پێش ئەوەى بیکوژن داواى لێ کردن مۆڵەتى بدەن دوو ڕکات نوێژ بکات ، کە نوێژەکەى کردو سەلامى دایەوە گوتى : بەخوا ئەگەر لەبەر ئەوە نەبووایە بڵێن لە مردنێ دەترسێ ، نوێژەکەم زیاتر درێژ دەکردەوە ، دوایی گوتى { اللهم احصهم عدداً ، و اقتلهم بدداً ، و لا تُبقِ منهم أحداً } ئینجا کوشتیان (عقبة بن الحارث) کوشتى ، دوایی (أبو سفیان) بە (زید)ى گوت : پێت خۆش نیە موحەممەدمان دەست بکەێ و بیکوژین و تۆش لە نێو ماڵو خێزانت بی ؟!

گوتى : نەخێر سوێند بەخوا نامەوێ من لەنێو خێزانم دا بەخۆشى بژیم و پێغەمبەریش دڕکێک بە پێیدا بچێ .

ئەبو سوفیان گوتى: ( ما رأيتُ في الناس أحداً يُحبُّ أحداً كحب أصحاب محمدٍ محمداً) واتە : هیچ کەسم لە نێو خەڵکدا نەدیوە کەسیان هێندەى هاوەڵانى موحەممەد موحەممەدیان خۆش دەوێ ، خۆشبوێ ، (زید بن الدثنة) ش (صفوان بن أمیة) کڕى و لە تۆڵەى بابیدا کوشتى .

پێنجەم : کارەساتى (بئر المعونة) :-

ئەم کارەساتەش لە مانگى (صفر)ى ساڵى چوارەمى کۆچیدا بوو ، وەک کارەساتى (الرجیع) دڵ تەزێن بوو ، کە بێگومان ئەو هاوەڵە بەڕێزانەى لەو دوو کارەساتەدا شەهید بوون ، لەڕێی بانگەوازدا بوو ، چونکە ئەوانە لەشەڕدا نەکوژران ، بەڵکو دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ناردوونى بانگەواز بکەن و خەڵکێک بۆ ئیسلام بانگ بکەن و شەریعەتى خوایان لێ حاڵیی بکەن ، شەهیدیان کردوون .

کورتەى ڕووداوەکە بەم شێوەیەیە : کابرایەک بەناوى  (أبو براء عامر بن مالك) ، کە بە (ملاعب الأسنة) ناسرابوو ، هاتە خزمەت پێغەمبەر پێغەمبەریش داواى لێ کرد کە موسوڵمان بێ ، بەڵام موسوڵمان نەبوو ، دواتر داواى لە پێغەمبەر کردو گوتى : ئەگەر هێندێک لە هاوەڵانى خۆتم لەگەڵدا بنێرى بۆ لاى خەڵکى (نجد) و بانگیان بکەن بۆ ئیسلام ، من پێم وایە بەدەم بانگەوازەکەتەوە دێن ، پێغەمبەریش فەرمووى : مەترسیم هەیە خەلکى (نجد) غەدریان لێ بکەن ، ئەویش گوتى : من پەنایان دەدەم ، ئینجا پێغەمبەر (المنذر بن عمرو) و (٧٠) لە هاوەڵانى لەگەڵدا نارد ، لەوێ لە (بئر المعونة) یەکێک لە هاوەڵان کەناوى (حرام بن ملحان) بوو ، نامەى پێغەمبەرى برد بۆ ( عامر بن الطفیل) کە یەکێک بوو لە سەرانیان ، بەڵام ئەو کابرایە پێش ئەوەى نامەکەى پێغەمبەر بخوێنێتەوە ، فەرمانى کردو (حرام بن ملحان)ى شەهید کرد ، (حرام) کە خوێنى خۆى بینى پێش مردنى گوتى : (الله أکبر فزت و رب الکعبة) ، دوایی (عامر) داواى لە (بنی عامر )کرد ، كە بچن و ئەو حەفتا هاوەڵەى پێغەمبەر بکوژن ، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەدایەوەو ڕازى نەبوون پەیمانى (أبو براء) بشکێنن ، بەڵام لە (بنی سلیم) سێ تیرە بەناوى (عصیة، رعل ، ذکوان) بە دەنگیەوە هاتن و لەو هاوەڵە بەڕێزانەیان داو شەڕیان لەگەڵ کردن تا هەموویان شەهید کردن جگە لە (کعب بن زید) ، کە بە برینداریی دەربازى بوو و دواتر لە جەنگى (خندق)دا شەهید بوو ، ، دوایی (عمرو بن أمیة الضمرى)  و ٠المنذر بن عقبة بن عامر) کە لە دوورى سەربازگەى هاوەڵانیان بوون ، تەماشایان کرد باڵندەو قەل و داڵ لەو ناوچەیە بەئاسمانەوەن کە چوون بینیان هاوەڵەکانیان هەموو لەوێ شەهید کراون ، (المنذر) دەست دەکات بەشەڕ لەگەڵیان تا شەهید دەبێ و (عمرو بن أمیة)ش بە دیل دەگیرێ ، ئینجا کە عامر زانى (عمرو) لە (مضر)ە ، ئازادى کرد ، دوایی (عمرو) بەڕێ دەکەوێ بۆ مەدینە لە ڕێگا دەگاتە دوو نەفەر لە عەشیرەتى (بنى عامر) و هەردووکیان دەکوژێ ، نازانێ کە هۆزى بەنى عامر پەیمانیان هەیە لەگەڵ پێغەمبەر ، کە دەگاتە مەدینەو هەواڵەکە بە پێغەمبەر دەگەیەنێ ، کە هاوەڵان هەموو شەهید کراون پێغەمبەر زۆر دڵتەنگ دەبێ ، دوایی (عمرو بن أمیة ) بە پێغەمبەر ڕادەگەیەنێ ، کە لە گەڕانەوە لەڕێگادا دوو کەسى کوشتوون ، کە هەردوکیان لە بەەنى عامر بوون ، پێغەمبەریش دەفەرموێ (لقد قتلت قتیلین لأدینهما) ، واتە : دوو کەست کوشتوون ، کە دەبێ خوێنەکانیان بدەم ! وە خوێنەکانیان دەدات .

شەشەم : (زینب) و (أم سلمة) بوون بە هاوسەرى پێغەمبەر:-

یەکێکى دیکە لەو ڕووداوانەى کە لەدواى جەنگى ئوحود ڕوویانداوە ، ئەوەیە کە پێغەمبەر دوو لە هاوسەرانى بەڕێزى هێناوە :

١-(زینب بن خزیمة)   :- كە بە (أم المساکین) ناسراوەو پێشتر خێزانى (عبدالله بن جحش) بوو کەلە جەنگى ئوحوددا شەهید کراوە ، پێغەمبەر لەمانگى ڕەمەزاندا مارەى کردۆتەوە ، هەشت مانگ لەلاى بووەو پاشان کۆچى دوایی کردوە .

٢- (أم سلمة)  :- کە پێشتر خێزانى (أبو سلمة) بووەو لە ئەنجامى چەند برینێکدا کە لە جەنگدا تێی بوون ، کۆچى دوایی کردوە ، پاشان پێغەمبەر (أم سلمة)ى مارە کردۆتەوە .

کاتێک کە پێغەمبەر ناردیە لاى (أم سلمة) کە مارەى بکاتەوە ، گوتى : بە پێغەمبەرى خوا بڵێن کە تەمەنم زۆرەو منداڵم هەن ، وە ئافرەتێکم زۆر (غَيْرة)م هەیە ، یانى زۆر بە هەوێداریی ناڕەحەت دەبم ، هەروەها هیچ کام لە خزمەکانیشم لێرە نین ، پێغەمبەر کەسێک ڕادەسپێرێ و وەڵامى بۆ دەنێرێ : کە لەڕووى تەمەنەوە لەو بەتەمەنترە ، وە دەربارەى منداڵەکانیشى بالەگەڵ خۆیدا بیانهێنێ ئەو ئاگاى لێیان دەبێ ، لەبارەى هەوێداریشەوە دووعا دەکات ئەو ناڕەحەتییەى نەمێنێ ، وە خزمەکانیشى هیچ کامیان پێیان ناخۆش نیە کە ببێ بە هاوسەرى ئەو ، بەو جۆرە مارەى کردەوە ، بێگومان پێغەمبەر بێ حیکمەت نەبوو کە خێزانى هێندێ لە شەهیدانى هێناوە ، بۆ ئەوەى منداڵى ئەو شەهیدانەو خێزانەکانیان بێ سەرپەرشت نەبن ، وە بۆ ئەوەى هاوەڵانى بەڕێزى چاو لەو بکەن ، ئەوانیش خێزانى شەهیدان مارە بکەنەوە ، وە بۆ ئەوەش کە هاوەڵان لە شەهید بوون نەترسێن و بیر لە منداڵەکانیان نەکەنەوە و بڵێن : دواى شەهید بوونمان خێزان و منداڵەکانمان بێ سەرپەرشت دەمێننەوە ، وە لەمارە کردنەوەو هێنانى هەر کام لە خێزانەکانیدا گەلێک حیکمەتى سیاسى و کۆمەڵایەتیی هەن.

 

حەوتەم : دەرکردنى تیرەى (بني النضير) لە ساڵى چوارەمدا :-

جوولەکەکان بەردەوام و هەر لە سەرەتاوە کەوتبونە دژایەتى ئیسلام و موسوڵمانان و فڕوفێڵ ئازاردانیان ، دیارە بەبێ جەنگ و کوشتار کردن ، بەڵکو هەر پیلان نانەوە لە دژیان ، هەرچەندە پەیمانیشیان لەگەڵ موسوڵماناندا هەبوو !

هەڵبەتە دواى ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ (بنی قینقاع) داو کوژرانى (کعب بن الأشرف) ترسان و تۆزێک لە دژایەتیکردنیان گرتەوە ، بەڵام دواى جەنگى ئوحود کەمێک وورەیان هاتەوە بەرو دەستیان کردەوە بە غەدرو فێڵ لە دژى موسوڵمانان و پەیوەندیی بەستن لەگەڵ مونافیقەکانى (مەدینە )و موشریکەکانى مەککە دا بە نهێنى .

(ابن هشام) لەو بارەوە دەڵێ : دواى ئەوەى (عمرو بن أمیة الضمری) دوو کەسى (بنی عامر) ى کوشت ، کە پێغەمبەر پەیمانى لەگەڵ هەبوون و بڕیاریدا خوێنى هەردووکیان بدات ، بۆ ئەو مەبەستە پێغەمبەر چوو بۆ لاى (بنى النضیر) كە هاوکارى بکەن بۆ دانى خوێنى ئەو دوو کەسە ،  چونکە (بنى النضیر) لەگەڵ (بنى عامر)دا هاوپەیمان بوون و بە پێی ئەو پەیمانەش کە لەگەڵ پێغەمبەر هەیانبوو پێویست بوو یارمەتى بدەن ، ئەوانیش گوتیان : باشە هاوکاریتان دەکەین ئەى (أبا القاسم) ! دوایی کەوتنە هەوڵی فێڵ و تەڵە نانەوە لە دژى پێغەمبەر و لەنێو خۆیاندا گوتیان : قەت موحەممەدمان بەو شێوەیە دەست نەکەوتووە ، کێ ئەتوانێ سەرکەوێتە  سەر ئەو بانەو تاشە بەردێک بەسەر ردا بەرداتەوەو بیکوژێ و نەجاتمان بێ لە دەستى ، (عمرو بن جحاش بن کعب) ئامادەیی خۆى بۆ ئەو کارە دەردەبڕێ ، لەو کاتەدا پێغەمبەر چەند هاوەڵێکى بەڕێزى لەگەڵدا بوون ، لەوانە :   ( أبو بکر و عمر و على ...) – ڕەزاى خوایان لێ بێ – خواى پەروەردگار پێغەمبەرى لە فێڵ و داوى جوولەکەکان ئاگادار دەکاتەوە ، بۆیە یەکسەر هەڵدەستێ و دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە ، هاوەڵانیش لێی دەپرسن : ئەى پێغەمبەرى خوا چى بوو ؟ ئەویش دەفەرموێ : پیلانێکى ئاوایان بەدەستەوە بوو ، دوایی پێغەمبەر (١٠)ڕۆژ مۆڵەتى دایە (بنی النضیر) خۆیان کۆکردەوە کە بڕۆن ، بەڵام (عبدالله بن أبی بن سلول) سەرۆکى مونافیقەکانى مەدینە وەڵامیان بۆ دەنێرێ : ئێمە لەسەرتان دەکەینەوەو شەڕتان لەسەر دەکەین و شوێنى خۆتان بەجێ مەهێڵن و پەشیمانیان دەکاتەوە لە ڕۆیشتن ، دواى ئەوەى ئەو ماوەى کە پێغەمبەر بۆى دانابوون تەواو بوو وە چۆڵیان نەکرد لە مانگى (ربیع الأول) ى ساڵى چوارەمى کۆچیدا پێغەمبەر هێرش دەکاتە سەریان و بۆ ماوەى (٦) ڕۆژ ئابڵوقەیان دەدا بۆ ئەوەى وورەیان بڕوخێ و شوێنەکەیان بەبێ شەڕ بەجێ بهێڵن .

وە پێغەمبەر فەرمان بە هاوەڵان دەکات کە هەندێک لەو دار خورمایانەیان ببڕن کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو دژایەتى کردنى موسوڵمانان بەکاریان دەهێنان ، دواى ئەوەى (بنی النضیر) نائومێد بوون لەوەى دەستیان پێ بکرێتەوە ، داوا لە پێغەمبەر دەکەن کە ڕێیان پێ بدات لە مەدینە بڕۆن ، ئینجا پێغەمبەر ڕێیان پێ دەدا ، بەمەرجێ هەر کامێکیان بۆى هەیە بارى حوشترێک لەگەڵ خۆى بەرێ و بڕوا جگە لە چەک ، ئەوانیش پێش ڕۆیشتنیان بەدەستى خۆیان زۆر لە خانووەکانیان ڕووخاندن و ڕۆیشتن بۆ (خیبر)  و هەندێکیش بۆ (شام) وە کەسیان موسوڵمان نەبوو ، جگە لە (یامین بن عمیر و أبو سعد بن وهب) ، کە ماڵ و سامانیشیان وەک خۆى مایەوە .

جا دەربارەى ئەو ڕووداوەى دەرکردنى (بنی النضیر) خواى پەروەردگار چەند ئایەتێکى لە سەرەتاى سووڕەتى (الحشر) ناردە خوارێ ، وەک دەفەرموێ : { هُوَ الَّذِي أَخْرَجَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِنْ دِيَارِهِمْ لِأَوَّلِ الْحَشْرِ مَا ظَنَنْتُمْ أَنْ يَخْرُجُوا وَظَنُّوا أَنَّهُمْ مَانِعَتُهُمْ حُصُونُهُمْ مِنَ اللَّهِ فَأَتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ حَيْثُ لَمْ يَحْتَسِبُوا وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ يُخْرِبُونَ بُيُوتَهُمْ بِأَيْدِيهِمْ وَأَيْدِي الْمُؤْمِنِينَ فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ(٢) ... (٥)  } الحشر ، هەروەها دەربارەى مونافیقەکانیش (عبدالله بن أبی بن سلول) و پێڕەکەى ، خواى کاربەجێ ئایەتەکانى (١١-١٧) لە سووڕەتى (الحشر) ناردە خوار وەک دەفەرموێ : {  أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ نَافَقُوا يَقُولُونَ لِإِخْوَانِهِمُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَئِنْ أُخْرِجْتُمْ لَنَخْرُجَنَّ مَعَكُمْ وَلَا نُطِيعُ فِيكُمْ أَحَدًا أَبَدًا وَإِنْ قُوتِلْتُمْ لَنَنْصُرَنَّكُمْ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (١١) لَئِنْ أُخْرِجُوا لَا يَخْرُجُونَ مَعَهُمْ وَلَئِنْ قُوتِلُوا لَا يَنْصُرُونَهُمْ وَلَئِنْ نَصَرُوهُمْ لَيُوَلُّنَّ الْأَدْبَارَ ثُمَّ لَا يُنْصَرُونَ(١٢) ... (١٧) } الحشر ، واتە : تەماشاى ئەوانە ناکەى ، کە مونافیقن بە برایەکى خۆیانیان لە خاوەن کتێبەکان (جوولەکەکان ، چونکە لە کوفردا برا بوون ) ، دەڵێن : ئەگەر وەدەرێ بنرێن ئێمەش لەگەڵتان دێینە دەرێ ، وە هەرگیز فەرمانبەریی کەس ناکەین لە دژى ئێوە ، وە ئەگەر جەنگیشتان لەگەڵدا بکرێ سەرتان دەخەین ، بەڵام خوا شایەدیی دەدا ، کە ئەوان درۆ دەکەن ...، وە لەڕاستیدا درۆیان کردو ئەوە بوو کە جوولەکەکانى (بنی النضیر) بەهۆى خیانەتى خۆیانەوە دەرکران و مونافیقەکانیش شەڕیان لەسەر نەکردن و یارمەتییان نەدان و لەگەڵ ئەوان مەدینەیان بەجێ نەهێشت و لەماڵ و حاڵى خۆشیاندا مانەوەو درۆیان لەگەڵدا کردن !

هەشتەم : قەدەغە کردنى شەڕاب (مەى) :-

شەڕاب (مەى ) بە چوار قۆناغ قەدەغە کراوە :-

قۆناغى یەکەم : خواى پەروەردگار تەنها ئاماژە بە بەروبومى خورماو ترێ دەکات ، وەک لە سووڕەتى (النحل) دا دەفەرموێ : { وَمِنْ ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالْأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ سَكَرًا وَرِزْقًا حَسَنًا... (٦٧) } النحل ، واتە : ئێوە لە خورماو ترێ ماددەیەکى سەرخۆشکەرو ڕۆزییەکى باش دروست دەکەن ، کەواتە : ئەو ماددە سەرخۆشکەرە ڕزقێکى باش نیە ، ئەوەش ئاماژەیە کە شەڕاب (ماددەى سەرخۆشکەرە) و خواردنەوەیەکى باش نیە .

قۆناغى دووەم :  خواى بێ وێنە دەفەرموێ : { يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَا أَكْبَرُ مِن نَّفْعِهِمَا ... (٢١٩)} البقرة ، واتە : ئەى موحەممەد ! دەربارەى شەڕاب و قومار پرسیارت لێ دەکەن ، بڵێ : گوناحێکى گەورەیان تێدایەو هەندێ سوودیشیان تێدایە بۆ خەڵکى ، بەڵام گوناحەکەیان گەورەترو زیاترە لە قازانجیان ، ئەوەش ئاماژەیەکى دیکەیە بۆ خراپیی شەڕاب و لێ دوورکەوتنەوەى .

قۆناغى سێیەم : خواى کاربەجێ لە سووڕەتى (النساء) دا دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى ... (٤٣)} واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە بەسەرخۆشى نزیکى نوێژ مەکەون ، دواى هاتنە خوارەوەى ئەم ئایەتە بۆیان نەبوو لەنێوان نوێژەکانى نیوەڕۆو عەسرو شێوان و خەوتناندا ... بخۆنەوە ، دەبوایە یان لە دواى نوێژى خەوتنان یان لەدواى نوێژى بەیانى ، بۆ ئەوەى بۆ نوێژى بەیانى ، یان نیوەڕۆ سەرخۆشى بەریاندا ، کەواتە : لەم قۆناغەدا ماوەى خواردنەوە کەم کرایەوە .

قۆناغى چوارەم : دواجار خواى زاناو شارەزا لە ئایەتى (٩٠و٩١)ى سووڕەتى (المائدة)دا فەرمووى : {  يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (٩٠) إِنَّمَا يُرِيدُ الشَّيْطَانُ أَنْ يُوقِعَ بَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ فِي الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ وَيَصُدَّكُمْ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَعَنِ الصَّلَاةِ فَهَلْ أَنْتُمْ مُنْتَهُونَ (٩١)} واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ! بێگومان شەڕاب و قومارو صەنەمەکان و زەلەمەکان { (أزلام) کۆى (زلم)ە ، کە (قدح)یشى پێ دەگوترێ و بۆ جۆرە قومارێک بەکاریان هێناون } ئەوانە هەموو لە کردەوەى شەیطانن خۆتانى لێ دوور بگرن بۆ ئەوەى سەرفراز بن ، بێگومان شەیتان دەیەوێ دوژمنایەتى و ڕق و قینەتان لەنێودا بڵاو بکاتەوە بەهۆى شەڕاب و قومارەوە ، وەلە زیکرى خوا لاتان بداو لە نوێژ دوورتان بخاتەوە ، جا ئایا هەر دەست هەڵناگرن ؟! ، ئەو ڕۆژەى کە ئەم ئایەتە هاتە خوار ، موسوڵمانان ئەو دەفرو کوپەو گۆزانەى کەتا ئەو کاتە شەڕابیان تێدا دەخواردنەوە و تێیاندا هەڵدەگرت ، هەموویان شکاندن .

دیارە بۆیەش ئاوا بە ئاسانى دەستیان لێ هەڵگرت ، چونکە پێشتر ئیمان لە دڵ و دەرونیاندا ڕەگ و ڕیشەى داکوتابوو ، هەر کەس و کۆمەڵ و میللەتێکیش ئیمان لە دڵ و دەروونیاندا بچەسپێ و جێگیر بێ ، ئەوە هەر فەرمانێک لە خواوە دەرچێ ، یەکسەر جێ بەجێ ى دەکەن .

پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا /  مامۆستا عەلى باپیر

لاپەڕە  / ( ٥٤٠- ٥٥٥)

 


زیاتر

Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه