 جــــــــەنگى خـــــــــــــەیبــــــەر

جەنگى خەیبەر لە مانگى (محرم)ى ساڵى (٧)ى کۆچیدا ڕوویداوە ، دواى ئەوەى جولەکەکانى (بنى النضیر) لە مەدینە دەرکران و چوون بۆ خەیبەرو ئەوانیشیان زیاتر لە پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان هاندا ، دواتر بەیەکەوە بە تایبەت (بنی النضیر) لەشەڕى ئەحزابدا دەورى زۆریان هەبوو بۆ کۆبوونەوەى ئەحزابلە دژى پێغەمبەر و هاندانى (بنی قریظة) لە مەدینەو کەین و بەین دروست کردن لەگەڵ مونافیقەکاندا ، کە هەموویان لەو شەڕەدا لە دژى موسوڵمانان بوەستنەوە ، بەو پێیە غەدرو خیانەت و دوژمنایەتییان بەرامبەر موسوڵمانان درێژەى خایاندو (خەیبەر ) بوو بە شوێنێکى خەتەر بۆ سەر کیان و ئاسایشى موسوڵمانان ، هەر بۆیە دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ گەڕایەوە مەدینەو نزیکەى مانگێک مایەوە ، سوپاى کۆکردەوەو بە ئیمان و ڕۆحییەتێکى بەرزەوە ، بەشەو بەڕێکەوت بەرەو خەیبەر ، کە پێغەمبەر{ص سوپاکەى گەیشتە نزیک خەیبەر ئیسڕاحەتیان کردو هێندێک نووستن ، وە چادر و خێوەتیان لە شیوى (الرجیع) لە نێوان خەیبەر و (غطفان)دا هەڵدا ، تا (غطفان) نەتوانن یارمەتى خەڵکى خەیبەر بدەن ، کە هەتاو هەڵات و خەڵکى بۆ سەر زەوى و مەزراى خۆیان ڕۆیشتن ، سوپاى ئیسلامیان بینى و هاواریان کرد ئەوە موحەممەد و جەیشەکەیەتى ، پێغەمبەریش فەرمووی : { الله أکبر الله أکبر خربت خیبر ، أنا اذا نزلنا بساخة قوم : ( فساء صباح المنذرین) } رواه البخاری ، واتە : خوا گەورەترە ، خوا گەورەترە ، خەیبەر ڕووخا ، ئێمە هەرکات دابەزینە مەیدان بۆ کۆمەڵێک (لە دوژمنان) ئەوە ئاگادارکراوان خراپترین بەیانیان دەبێ .
ئینجا شەو کە گەیشتنە نزیک خەیبەر ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : { لأعطین هذه الرابة غداً رجلاً يفتح الله على يديه يحبُ الله ورسولَهُ و يحبُهُ الله و رسولُهُ ...} ، واتە : سبەینێ ئەو ئاڵایە دەدەمە دەستى پیاوێک خوا لەسەر دەستى ئەو سەرکەوتن بەدەست دێنێ و خواو پێغەمبەرەکەى خۆش دەوێن و خواو پێغەمبەریش ئەویان خۆش دەوێ ، خەڵکەکە چاوەڕوان بوون شەو بڕواو ڕۆژ دابێ بۆ ئەوەى بزانن ئاڵاگە دەدرێتە کێ ؟ کە ڕۆژ داهات پێغەمبەر فەرمووى : کوا (عەلى کوڕى ئەبی طالب) ، گوتیان : ناساغەو چاوى دێشن ، فەرمووى : بەدوایدا بنێرن بابێت ، هێنایان و پێغەمبەریش ﷺ تفى لە چاوەکانى داو دووعاى بۆ کردو چاک بۆوە وەک ئەوەى قەت چاوى نەئێشابن ، وە ئاڵاکەى دایە دەستى ئەو ... .
ئەویش سەرپەرشتى جەنگ دەکات و قەڵاکان دەگرن ، سەرەتا قەڵاى (ناعم) گیرا ، کە زۆر بە زەحمەت بوو ، کە چەند ڕۆژان پییەوە خەریک بوون .
دوایی موسوڵمانان بە فەرماندەیی (الحباب بن المنذر) ڕوویان کردە قەڵاى (الصعب) و دواى سێ ڕۆژان ئەویش گیرا ، دواتر قەڵاى (الزبیر) ، دوایی قەڵاکانى (أبيّ) و (النزار) هەموو گیران ، دوایی هەریەک لە قەڵاکانى (القموص) و (الوطیح) و (السلالم) بۆ ماوەى (١٤) چواردە ڕۆژان لەلایەن موسوڵمانانەوە دەورەدران و دواتر جوولەکەکان داواى صوڵحیان کرد ، بەو شێوەیە هەموو خەیبەر کەوتە ژێر ڕکێفى موسوڵمانەکانەوە ، ئینجا خەڵکى (فدك) لە باکوورى خەیبەر ئەوانیش داواى ئاشتییان کرد ، وە لەو جەنگەدا موسوڵمانان ، غەنیمەتێکى زۆریان گرت و ئەوانەشیان کە داواى مانەوەیان کرد لەسەر زەوى و زارى خۆیان ، پێغەمبەر ﷺ ڕێگاى پێدان ، بە مەرجێک بەروبومى زەوییەکەیان نیوەى بۆ خۆیان و نیوەشى بۆ بیت المال بێت ، وەک بوخارى هێناویەتى : ( إن رسول الله ﷺ أعطى خیبر الیهود على أن یعملوها و یزرعوها ولم شگر ما خرج منها ) ، وە هەر کاتێکیش بیەوێ دەریان دەکات ، وە بە پیی ئەو مەرجەش (عمر بن الخطاب) لەسەردەمى خۆیدا دواى ئەوەى خیانەتى لێ بینین ، لە خەیبەر دەرى کردن .
(ابن هشام) دەڵێ : لە کاتى گرتنى خەیبەردا (جعفر بن أبی طالب) و هاوەڵەکانى لە حەبەشەوە گەیشتنە لاى پێغەمبەر ﷺ و ئەویش جەعفەرى بە خۆیەوە گوشى و نێو چاوانى ماچ کردو فەرمووى : { ما ادري بأیهما انا أسر : بفتح خیبر أم بقدوم جعفر} ، واتە : نازانم بە کامیان دڵخۆش بم : بە فەتحى خەیبەر یان بە هاتنى جەعفەر !
(صفیة) دەبێتە هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ:
دواى ئەوەى موسوڵمانان قەڵاى (القموص) یان گرت (صفية بنت حيي بن أخطب) لەوێدا دەبێ و دەکەوێتە دەستى موسوڵمانان ، کە کچى سەرۆکى بەشێک لە جوولەکەکان بوو ، دوایی هاوەڵان بە پێغەمبەر ﷺ دەڵێن ، کە ئەو کچى سەرۆک هۆزەکەیەو بۆ تۆ بێ باشە ، ئەویش ئەو پیشنیارە قبوڵ دەکات ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ ئازادى دەکات و دواى ئەوەى کە موسوڵمان دەبێت دەیکاتە هاوسەرى خۆى ، کە ئەمە کاریگەرى زۆر باشى هەبوو لەسەر هەموو هۆزەکە ، (أنس) لە بارەى چۆنییەتى بە هاوسەر گرتنى پێغەمبەربۆ(صفیة) دەڵێ : ( سبى النبی ﷺ صفیة فأعتقها و تتزوجها) رواه البخارى ، واتە پێغەمبەر ﷺ صەفییەى بە دیل گرت ، پاشان ئازادى کردو کردیە هاوسەرى خۆى .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / عەلى باپیر
لاپەڕە / (٦٢٣ - ٦٢٥)
|