 جەنگى بەدرى گەورە
لەم باسەدا و لە (٢١) خاڵی کورتدا باسى جەنگى بەدر دەکەین :
یەکەم :- وشەى (بدر) ناوى بیرێکە پیاوێک لە عەشیرەتى (غفار) لە تیرەى بنی النار هەڵى کەندووە .
ئەم جەنگەش لە نێوان سوپاى ئیسلام بە سەرکردایەتى پێغەمبەر ﷺ و کافرەکانى قوڕەیش بە سەرکردایەتى ( أبو جهل) لە دەوروبەرى ئەو بیرەدا ڕوویداوە ، بۆیە ئەو جەنگە ناونراوە (جەنگى بەدر ).
دووەم :- (ابن هشام) لە (ابن اسحاق) دەگێڕێتەوە ، دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ بیستى لە شامەوە کاروانێکى گەورە کە سەروەت و سامانێکى زۆرى قوڕەیشییەکانى تێدایە دەگەڕێتەوە بۆ مەککە ، سەر قافڵەى کاروانەکەش (أبو سفیان بن حرب)ەو سى یاخود چل پیاو سەرپەرشتى ئەو کاروانە دەکەن ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ هانى موسوڵمانانیدا وە فەرمووى : { هذه عیر قریش فیها أموالهم فأخرجوا الیها لعل الله یُنْفِلْكموها} ، واتە : ئەوە کاروانى قوڕەیشییەکانەو ماڵ و سامانى ئەوانى تێدایە ، بۆى بچن بەڵکو خوا بیکاتە دەستکەوت (غنیمة)ى ئێوە .
ئینجا بێگومان لە سەرەتاوە پێغەمبەر ﷺ و سوپاکەى لە مەدینە وەدەرکەوتن مەبەستیان جەنگ نەبوو ، بەڵکو مەبەستیان گرتنى کاروانى قوڕەیشییەکان بوو ، ئەمەش چونکە کافرانى قوڕەیش ماڵ و سەروەت و سامانى زۆرى موسوڵمانانیان لە مەککە داگیر کردبوو ، هەر بۆیەش وەک تۆڵەیەک ڕەوا بوو دەست بگرن بە سەریدا .
پێش دەرچوونى سوپاى ئیسلام پێغەمبەر ﷺ دوو کەسى لە هاوەڵانى نارد بۆ (بدر) تا هەواڵى دروستى کاروانەکە بزانن و هەواڵەکەیان بۆ هێنایەوە .
سێیەم :- (أبو سفیان) کاتێک کە دەبیستێ پێغەمبەر ﷺ بە خۆی و کۆمەڵێک لە هاوەڵانى بەڕێزى هاتوون ڕێ بە کاروانەکەى بگرن ، بە پەلە (عمرو بن ضمضم) دەنێرێ کە هاوار بەرێ بۆ مەککە ، خۆيشى ڕێڕەوى کاروانەکە دەگۆڕێ ، کە (عمرو بن ضمضم) نزیکى مەککە دەبێ ، یەخەى خۆى دادەدڕێ و ئەو حوشترەش کە سوارى بووە لووتى دەبڕێ ، ئینجا بە دەنگى بڵندهاوار دەکاو دەڵێ: ئەى خەڵکى قوڕەیش ! بگەنە کاروانى سەروەت و سامانتان کە لەگەڵ (أبو سفیان)ەو موحەممەد و هاوەڵەکانى ڕێی پێ دەگرن ، ئەگەر زۆر بە خێرایی نەڕۆن پێم وانیە فریاى بکەون .
چوارەم :- پێغەمبەر ﷺ ڕۆژى دووشەممە کە هەشت ڕۆژ تێپەڕیبوون لە مانگى ڕەمەزان لە ساڵى دووەمى کۆچیدا لەگەڵ (٣١٩) لە هاوەڵانى بەڕێى دەڕۆن بەرەو ئەو شوێنە کە بە بۆچونى ئەوان کاروانەکەى پیدا دێت ، وە (عمر بن أم مکتوم) هیندێک دەڵێن (عبدالله بن أم مکتوم) دەکا بە ئیمام کە پێش نوێژیی بۆ موسوڵمانان بکا، دوایی (أبو لبابة)ش کەلەشوێنێک بوو بەناوى (الروحاء) دەگێڕێتەوەو دەیکاتە سەرپەرشتیارى مەدینە .
پێنجەم :- پێغەمبەر ﷺ ئاڵایەکى گەورەى سپى ، کە ئەوان بە ئاڵا گەورەکەیان گوتوە (لواء) دەکاتە دروشمى ئەو غەزاو جەنگەو ئاڵایەکە دەداتە دەست (مصعب بن عمیر) – خوا لێی ڕازى بێ- هەروەها دوو ئاڵاى ڕەشیش لەپێش خۆیەوە دادەنێ ، کە یەکێکیان بەدەستى (على بن أبی طالب) ەوە دەبێ بەناوى (عقاب)وە ئەوەى دیکەش بەدەست کۆمەڵێک لە پشتتیوانانەوە دەبێت .
شەشەم:- پێغەمبەر ﷺ خۆی و هەموو هاوەڵە بەڕێزەکانى (٧٠) حوشتریان پێ بووە کە سواریان بن ، وە بەنۆرە سواریان دەبوون ، بۆ وێنە : پێغەمبەر ﷺ خۆی و (على بن أبی طالب و مرثد بن أبی مرثد الغنوى) بەهەرسێکیان نۆرەیان لە حوشترێکى کردوە بۆ سواربوونى ، (على و مرثد) گوتیان ئەى پێغەمبەرى خوا ئێمە بە پییان دەڕۆین و هەر تۆ سواربە ، پێغەمبەر ﷺ یش فەرمووى : نەخێر نە ئێوە لە من بەهێزترن ، وە نەمنیش کەمتر لە ئێوە پێویستم بە پاداشت هەیە : { ما أنتما بأقوى منی ، ولا أنا بأغنى عن الأجر منکما}، هەروەها (أبو بکر و عمر و عبدالرحمن بن عوف) یش بە نۆرە سوارى حوشترێک دەبوون ، جاری واش بووە چواریان بە نۆرە سوارى حوشترێک بوون و ، ئەوە تاکە وەسیلەى سوارییان بووە .
حەوتەم : - کاتێک کە موشریکەکانى مەککە ئەو هەواڵەیان پێ دەگات زۆر توڕەو ناڕەحەت دەبن و لەشکرێک ساز دەکەن کە ژمارەیان دەورى (١٠٠٠) کەس دەبێ ، بە هەموو پێداویستییەکانى جەنگەوە ، هەرچەندە (أبو سفیان) نەجاتى دەبێ و هەواڵ دەنێرێ بۆ قوڕەیش لە مەککە ، کە نەیەن و بگەڕێنەوە ، بەلام وەک وەڵامدانەوەیەکى کورت بۆ سوپاى ئیسلام و خۆڕانواندن لە بەرانبەر هۆزەکانى عەرەبدا ، بەمەبەستى کۆنترۆڵ کردنى ڕێگاى بازرگانییان ، زۆربەى لەشکرەکە سوور بوو لەسەر بەرەنگاربوونەوەى سوپاى ئیسلام ، بۆیە قوڕەیشییەکان بەسەرکردایەتى (أبو جهل – عمرو بن هشام-) لە مەککە بەرێدەکەون بۆ ئەو شوێنەى کە پییان وایە پێغەمبەر ﷺ لەوێ ڕێ لە کاروانەکە دەگرێ ، وە کاتێ کەپێغەمبەر ﷺ ئەوە دەبیستێ ، ڕاوێژ دەکا بە موسوڵمانان وە دەفەرموێ : ئەوە قوڕەیش بەمەبەستى شەڕ هاتوون ، هەرچەندە ئێمە مەبەستمان شەڕ نەبووە ، بۆ گرتنى کاروانێک هاتبوین ، جا ڕاو پێشنیارتان چییە؟ سەرەتا أبو بکر – خوا لێی ڕازى بێ- کۆمەڵێ قسەى باش دەکات ، ئینجا (المقداد بن عمرو) قسە دەکات و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ بڕۆ بەرەو ئەوەى کە خوا فەرمانى پێ کردووى ، سوێند بەخوا ئێمە ئەو قسەیەی بەنى ئیسرائیل بە تۆ ناڵێین کە بە مووسایان گوت : {...فَاذْهَبْ أَنْتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ (٢٤) } المائدة ، واتە : بڕۆ خۆت و پەروەردگارت بجەنگن ئێمە لێرە دانیشتووین ، بەڵکە ئێمە بەتۆ دەڵێین : (إذهب أنت و ربك فقاتلا انا معكما مقاتلون ...) تۆو پەروەردگات برۆن بجەنگن ئێمەش لە خزمەتتاندا دەجەنگین ... ، دوایی پێغەمبەر ﷺ دووبارە دەفەرموێ { اشیرو عليَّ أيّها الناس} ، واتە : خەلکینە پێشنیازى خۆتانم پێ بڵێن ! کە لێرەدا مەبەستى پشتیوانەکان بووە ، چونکە ئەوانەى لەسەرەتاوە قسەیان کرد ، هەموویان کۆچکەران بوون ، مەبەستى بووە خەڵکى مەدینەش قسە بکەن ، چونکە ئەوان زۆربەى سوپاکەیان پێک دەهێناو مەبەستى بووە لە دەمى خۆیانەوە لەوان حاڵی بێ ، هەروەها لەبەر ئەوەى لە پەیماننامەى دووەمى عەقەبەدا پەیمانیان دابوو ، کەلەنێو مەدینەدا پێغەمبەر ﷺ بپارێزن ، وە باس لە دەرەوەى مەدینە نەکرابوو ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ ڕاوێژى پی کردن بۆ ئەوەى بزانێ ئایا ئامادەن لەدەرەوەى مەدینەشدا لەگەڵیدا بن و لە دژى کافرەکان بجەنگن یان نا ؟! جا کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ ئەوەى فەرموو (سعد بن معاذ) گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ دەڵێی مەبەستت ئێمەیە ؟! دیارە لەسەرەتاوە پشتیوانەکان ڕێزو ئەدەبیان نواندووەو گوتویانە ، تا ئەو بەکرو عومەر کە ڕیش سپى موسوڵمانانن و لەپیش ئەواندا دەورییان بینیوە ، قسەنەکەن ئێمە قسە ناکەین ، بەڵام کە پێغەمبەر ﷺ فەرمایشتەکەى دووبارە کردۆتەوە ، ئینجا قسەیان کردووە ، پێغەمبەریش ﷺ دەفەرموێ : بەڵێ مەبەستم پێ ئێوەیە ، ئینجا (سعد بن معاذ) بە ناوى هەموو پشتیوانانەوە کۆمەڵێ قسەى زۆر جوان و مەردانەى بەم شێوەیە کردووە : {فقد آمنا بك وصدَّقناك، وشهدنا أن ما جئت به هو الحق، وأعطيناك مواثيقنا على السمع والطاعة؛ فامض يا رسول الله لما أردت، فنحن معك، فوالذي بعثك بالحق لو استعرضت بنا هذا البحر لخضناه معك ما تخلَّف منا رجل واحد، وما نكره أن تلقى بنا عدوَّنا غدًا، إنا لصُبرٌ عند الحرب، صُدقٌ عند اللقاء، لعل الله يريك فينا ما تقَر به عينك، فسِرْ بنا على بركة الله ، فسُرَّ رسول الله ﷺ بقول سعدٍ ونَشَّطهُ ذلك ... }
واتە : ئێمە ئیمانمان پێ هێناوی و بەڕاستمان زانیوی و شایەدیمان داوە ئەو پەیامەى کە تۆ هێناوتە حەقە، هەروەها لەسەر ئەوەش پەیمانى پتەومان پێداوى ، کە گوێت بۆ بگرین و بەقسەت بکەین ، ئەى پێغەمبەرى خوا ئێستاش بڕۆ بۆ هەر شتێک کە دەتەوێ ، ئێمەش لە خزمەتتدا دەبین ، سوێند بەو کەسەى کە تۆى بەحەق ڕەوانە کردووە ، ئەگەر بچیە نێو دەریا ، ئێمەش لەگەڵ تۆدا دەچینە نێوى و یەک نەفەرمان لێ دوا ناکەوێت ، وە پێشمان ناخۆش نیە کە سبەینێ لەگەڵ دوژمندا ڕووبەڕوومان بکەیەوە ، چونکە لە شەڕێدا خۆڕاگرین و کەبەرەنگارى دوژمن دەبینەوە پیاوى ڕاستین ، بەڵکو خوا لەئێمە شتێکت پێشان بدات کە تۆ پێی دڵخۆش بیت ، پێشمان بکەوە لەسەر بەرەکەتى خوا ، پێغەمبەریش ﷺ بەو قسانەى سەعد زۆر دڵخۆش بوو ، وە ووزەو تینێکى دیکەى خستە بەر ، ئینجا فەرمووى : { سیروا و ابشروا فأن الله تعالى قد وعدني احدى الطائفتین والله لكأني الآن أنظر الى مصارع القوم }، واتە : ( بڕۆن و موژدەتان لێبێ خوا بەڵێنى یەکێک لە دوو کۆمەڵەکەى پێدام – یان کاروانیان لێ دەگرین یان سوپاکەیان دەشکێنین- سوێند بەخوا وەکو ئەوە وایە ، کە تەماشاى شوێنى کوژرانى هەریەک لە زلە زلەکانیان بکەم ).
هەشتەم :- هەندێک لە هاوەڵان یان زۆربەیان حەزیان لە بەرەنگاربونەوەى (أبو جهل) و سوپا (٩٠٠-١٠٠٠) کەسە سەربازییەکەى نەدەکرد و پییان خۆش بوو لەبرى جەنگ ، کاروانەکەى ئەبو سوفیان بگرن ، خواى کاربەجێش لەو بارەوە ئەو ئایەتانەى سووڕەتى (الأنفال)ى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : {كَمَا أَخْرَجَكَ رَبُّكَ مِنْ بَيْتِكَ بِالْحَقِّ وَإِنَّ فَرِيقًا مِنَ الْمُؤْمِنِينَ لَكَارِهُونَ (٥) يُجَادِلُونَكَ فِي الْحَقِّ بَعْدَمَا تَبَيَّنَ كَأَنَّمَا يُسَاقُونَ إِلَى الْمَوْتِ وَهُمْ يَنْظُرُونَ (٦) وَإِذْ يَعِدُكُمُ اللَّهُ إِحْدَى الطَّائِفَتَيْنِ أَنَّهَا لَكُمْ وَتَوَدُّونَ أَنَّ غَيْرَ ذَاتِ الشَّوْكَةِ تَكُونُ لَكُمْ وَيُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُحِقَّ الْحَقَّ بِكَلِمَاتِهِ وَيَقْطَعَ دَابِرَ الْكَافِرِينَ (٧) لِيُحِقَّ الْحَقَّ وَيُبْطِلَ الْبَاطِلَ وَلَوْ كَرِهَ الْمُجْرِمُونَ (٨) } واتە : وەک چۆن پەروەردگارت لە ماڵى خۆت بەهەق بردیە دەرێ لە حالێکدا ، کە دەستەیەک لە بڕواداران حەزیان نەدەکرد ، لەو بارەیەوە موجادەلەیان لەگەڵ دەکرد وەک ئەوەى لە کاتێک لە هۆکارەکانى مەرگ دەبینن بەرەو مەرگ ببرێن . کاتێک خوا بەڵێنى پێدان یەکێک لەدوو کۆمەڵەکان بۆ ئێوە بێت (یان کاروانەکەیان دەگرن یان سوپاکەیان دەشکێنن ) وە ئێوە حەزتان دەکرد ئەوەى کە دڕکى پێوە نیە بۆ ئێوە بێت (کاروانەکە) بەڵام خوا دەیەوێ بە ووشەکانى هەق بچەسپێنێ و کافران دوابڕاو بکات ، تاکو حەق بچەسپینێ و باطیڵ بپوچێنێتەوە ، هەرچەندە تاوانباران پییان ناخۆش بێت .
نۆیەم :- ئەو سوفیان کە دەبیستێ پێغەمبەر ﷺ بە سوپاکەیەوە هاتۆتە سەر ڕێی کاروانەکەى بەرەو کەنارى دەریاى سوور تاو دەدات و لەوێوە دەرباز دەبێ ، وە خەبەر بۆ ئەو جەهل دەنێرێ ، کە ئەوە کاروانەکە دەرباز بووەو بگەڕێنەوە ، ئەو جەهلیش دەڵێ : وادیارە ئەو سوفیان سیپەلاکى ئاوساوە لە ترسى موحەممەد کە هەندێک خەڵکى ڕەش و ڕووتى کۆکردۆتەوە ، چۆن دەبێ موحەممەد هەڕەشە لە ئێمە بکات ، دەبێ بچین بۆ سەر ئاوى بەدر سێ ڕۆژانى لێ بمێنینەوە و ئاهەنگ بگێرین و حەیوان سەربڕین و ئافرەتان گۆرانیمان بۆ بڵێن و شەراب بخۆینەوە ، بۆ ئەوەى هەموو عەرەب سوپاو هێزمان ببینێ و سام و شەرممان لێ بکەن .
دەیەم :- پێغەمبەر ﷺ عەلى و سەعد و زوبێر و هەندێک لە هاوەڵانى ناردن بۆ سەر ئاوى بەدر ، بۆئەوەى بزانن لەوێ چ باسە ، لەوێ دوو غوڵامى موشریکەکانیان گرتن بەناوى (اسلم وعریض أبو یسار) و هێنایانن ، ئەو کاتە پێغەمبەر ﷺ نوێژى دەکرد ، لێیان پرسین ئێوە کێن ؟ گوتیان : ئێمە سەربە ئەو سوفیانین ، پاشان پێغەمبەر ﷺ لە نوێژى بۆوەو فەرمووى: کە لەگەلتان ڕاستیان کرد ، لێتاندان ، کاتێک لەگەڵتان درۆیان کرد وازتان لێ هێنان ! وە فەرمووى : ئەوانە سەر بە قوڕەیش و سوپاکەیانن نەک سەر بەکاروانەکەى ئەو سوفیان ، ئینجا ر ﷺ لە دوو غوڵامەکەى پرسى سوپاى قوڕەیشیەکان چەندن ؟! گوتیان : زۆرن ، فەرمووى : ژمارەیان چەند دەبێ ؟ وتیان نازانین ، فەرمووى ڕۆژێ چەند حوشتران سەردەبڕن ؟ گوتیان : ڕۆژێک (نۆ) و ڕۆژێک (دە) ، فەرمووى : کەواتە ژمارەیان ( ٩٠٠-١٠٠٠) کەسە .
یانزەیەم :- ئینجا پێغەمبەر ﷺ لیی پرسین لەنێو سوپاى قوڕەیشدا کێ و کێ هەن لە زلە زلەکان ؟ ئەوانیش گوتیان : ( عتبة بن ربيعة و شيبة بن ربيعة ، و أبو البختري و حكيم بن حزام و نوفل بن خويلد والحارث بن عامر بن نوفل و طعيمة بن عدى بن نوفل و النضر بن الحارث و زمعة بن الأسود و ابو جهل بن هشام و امية بن خلف و نبيه و منبه ابنا الحجاج و سهيل بن عمرو و عمرو بن عبد ود ) .
پاشان پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : { هذه مكة قد أَلقَت إليكم افلادَ كَيدها} واتە : ( ئەوە مەککەیە جگەر گۆشەکانى خۆى هەموو فڕێداوەتە مەیدانێ بۆ ئێوە ) واتە : هانى هاوەڵانیدا ، کە کافرانى قوڕەیش لەوانە گەورەتریان نیەو ئەگەر بەسەر ئەواندا سەکەون ، ئەوە کوفر لووتى دەشکێ .
دوانزەیەم :- شوێن و مەنزڵگەى موسوڵمانان و کافرەکان بەو شێوەیە بوو کەخواى کاربەجێ وێناى کردووە : { إِذْ أَنْتُمْ بِالْعُدْوَةِ الدُّنْيَا وَهُمْ بِالْعُدْوَةِ الْقُصْوَى وَالرَّكْبُ أَسْفَلَ مِنْكُمْ وَلَوْ تَوَاعَدْتُمْ لَاخْتَلَفْتُمْ فِي الْمِيعَادِ... (٤٢) } الأنفال، پێغەمبەر ﷺ و سوپاى موسوڵمانان لەو قەدپاڵە بوون کەلە مەدینەوە نزیک بووە ، وە ئەبو جەهل و سوپاکەشى لەو قەدپاڵە بوون کە لە مەدينەوە دوورو لە مەککەوە نزیک بووە ، کاروانەکەش کەوتۆتە دامێنیانەوە .
سێزدەیەم :- دواى ئەوەى پێغەمبەر ﷺ مەنزڵ دەگرێ ، (الحباب بن المنذر) دەچێ بۆ خزمەتى و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئایا ئەو مەنزڵگایەى گرتووتە ، خوا فەرمانى پێ کردووى ، کە لێرە بی و بۆمان نیە لێی لابدەین ، یاخود پێشنیارو بۆچونى خۆتەو تاکتیکى جەنگییە؟! پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : بەڵکو بار لێ دیتنەوەو تاکتیکى جەنگە ، ئینجا (حباب) دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ئێرە باش نیەو وا باشترە ئێرە بەجێ بهێڵین و بچینە سەرێ و گۆلاوێک دروست بکەین و ئەو گۆلاوانەى دیکە هەموو پڕ دەکەینەوە ، ئیدى ئێمە ئاومان دەبێ و ئەوانیش ئاویان نابێ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووى { لقد اشرت بالرأي} واتە : ( بەڕاستى ئاماژەت بەڕاو سەرنجێکى باش کرد ) ، کەواتە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەو هەموو دانایی و زانایی و گەورەییەى خۆشیدا گوێی گرتوە بۆ پێشنیازى هاوەڵانى و کە بۆى دەرکەوتووە ڕاو پێشنیازى چاک و باشیان هەیە ، لێی وەرگرتون و سوودى لێ بینیون و بە قسەى کردون .
چواردەیەم :- لەو کاتەدا (سعد بن معاذ) پێشنیازێک دەکات بۆ پێغەمبەر ﷺ و دەڵێ: ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ با کەپرێکت بۆ دروست بکەین و ووڵاخێکیشت بە زینکراوى بۆ ببەستینەوە ، ئێمە جەنگ دەکەین ، ئەگەر سەرکەوتین ئەوە شتێکە کە هەموومان پێمان خۆشە ، وە ئەگەر شکستمان خوارد ، تۆ ئەتوانى بگەڕێیتەوە بۆ مەدینە ، چونکە لەوێش خەڵکێکى زۆرى لێیە ، لەبەر ئەوەى بەپەلە هاتووین فریا نەکەوتوون بێن ، وە وایانزانیوە ، کە هەر کاروانەو پێویست ناکات ، پێغەمبەر ﷺ پێشنیازەکەى پەسەند دەکات و دووعاى خێرى بۆ دەکات ، وە لەو کەپرە تەنیا ئەبوبەکر لە خزمەتیدا دەبێ و فەرمان بە ئەوانى دیکە دەکات ، بڕۆن .
پازدەیەم :- پێغەمبەر ﷺ ڕیزەکانى سوپاکەى ڕێک دەخات و هەر کۆمەڵەو کارى خۆیان پێ دەسپێرێ ، دوایی دەگەڕێتەوە نێو کەپرەکەى ، کە وەک گوتمان ئەبو بەکریشى لە خزمەتدا دەبێ ، ئینجا لە خوا دەپاڕێتەوەو دەفەرموێ :{ اللهم ان تهلك هذة العصابة اليو لا تعبد} ، واتە : ( ئەى خوایە ئەگەر ئەم کۆمەڵە بەدەستى ئەو کافرانە بفەوتێن ، تۆ جارێکى دیکە ناپەرسترێی ) ، خواى پەروەردگار بەو بۆنەوە دەفەرموێ : {إِ ذْ تَسْتَغِيثُونَ رَبَّكُمْ فَاسْتَجَابَ لَكُمْ أَنِّي مُمِدُّكُمْ بِأَلْفٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُرْدِفِينَ (٩) وَمَا جَعَلَهُ اللَّهُ إِلَّا بُشْرَى وَلِتَطْمَئِنَّ بِهِ قُلُوبُكُمْ وَمَا النَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (١٠)} الأنفال ، واتە : وە یادى ئەو کاتە بکەنەوە ، کەلە پەروەردگارتان دەپاڕانەوە و هاوارتان تێ دەبەست ، ( لە ڕیوایەتێکدا هاتووە ، کە پێغەمبەر ﷺ ئەوەندە دەستى بەرز کردۆتەوە لە کاتى دووعا کردن و پاڕانەوەکەیدا ، هەتا عەباکەى لەسەرشان کەوتۆتە خوار و ئەبوبەکر عەباکەى بەسەر شانیدا داوەتەوەو پێی گوتووە : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەوەندە خۆت ئەزیەت مەدە خوا بەڵێنێکى بە تۆى داوە جێ بەجێی دەکات) پەروەردگارتان وەڵامى دانەوە کەمن بە هەزار فریشتەى یەک لە دواى یەک یارمەتیتان دەدەم ، خوا هەر بۆ دڵخۆشیی ئێوە ناردنى ، بۆ ئەوەى دڵتان ئارام بگرێ ، ئەگەر نا سەرکەوتن هەر لە لایەن خواوەیە ، بێگومان خوا باڵادەستى کاربەجێیە .
شازدەیەم :- کاتێک کە بەرەنگارى یەک بوونەوە ( أبو جهل) دووعاى کرد ، دیارە ئەبو جەهلى سەردەمى پێغەمبەر ﷺ خواى ناسیوە ، بەڵام بە قسەى نەکردووە ، بەڵام لەم سەردەمەى خۆماندا ئەبو جەهلى وا هەن خواش ناناسن ! بەڵێ ئەبو جەهل لە خوا پاڕایەوە و گوتى : { اللهم أقطعنا للرحم وآتانا بما لا يعرف فأحِنهُ الغداة) ، واتە : خوایە کامەمان زیاتر پەیوەندى خزمایەتى پچراندوەو ، کامەمان زیاتر شتى خراپى پەیدا کردوە ، ئەمڕۆ لە بەینى بەرەو بیفەوتێنە ، وە بەو بۆنەوە خواى کاربەجێ ئەم ئایەتەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { إِنْ تَسْتَفْتِحُوا فَقَدْ جَاءَكُمُ الْفَتْحُ وَإِنْ تَنْتَهُوا فَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَإِنْ تَعُودُوا نَعُدْ وَلَنْ تُغْنِيَ عَنْكُمْ فِئَتُكُمْ شَيْئًا وَلَوْ كَثُرَتْ وَأَنَّ اللَّهَ مَعَ الْمُؤْمِنِينَ (١٩)} الأنفال ، واتە : ئەگەر داواى دادوەرى دەکەن (کامتان خراپە خوا بیفەوتێنێ) ئەوە دادوەرییتان بۆ هات ، ئەگەر دەستیش هەڵبگرن باشترە بۆ ئێوە ، وە ئەگەر جارێکى دیکەش بگەڕێنەوە بۆ دژایەتى کردنى ئیسلام ، ئێمەش دەگەڕێینەوەو کۆمەڵى زۆر و زەوەندى ئێوەش سوودتان پی ناگەیەنێ هەرچەندە زۆر بێ ، وە بێگومان خوا لەگەڵ ئیمانداراندایە .
حەڤدەیەم :- کافرەکان لە مەککەوە بەتەپڵ و دەف کوتان و گۆرانى وتنەوە هاتنەدەر ، ئافرەتانیشیان لەگەڵ بوون کە گۆرانییان دەگوت ، یەکێک لەو گۆرانییانەیان ئەوە بوو کە دەیانگوت : { ان تُقْبِلوا نُعانق و نَفْرش النَّمارق أو تثدْبِروا نفارق فراق غير وامق) ، واتە : ئەگەر بەرەنگارى دوژمن ببنەوە ، ئەوا ئێمەش دەستان لە ملى دەکەین و ، فەرش و ڕایەخ ڕادەخەین ( غەریزەى جنسییان دەجوڵاندن ) ، بەڵام ئەگەر پشت لە دوژمن بکەن وازتان لێ دەهێنین ، وازهێنانێک ، کە قەت گەڕانەوەى بۆ نەبێ .
لەو بارەوە خواى پەروەردگار ئەم ئایەتانە لە سووڕەتى( الأنفال )دەنێرێتە خوارێ ، کە دەفەرموێ : {وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ خَرَجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بَطَرًا وَرِئَاءَ النَّاسِ وَيَصُدُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ وَاللَّهُ بِمَا يَعْمَلُونَ مُحِيطٌ (٤٧)} ، واتە : ئەى ئیماندارینە ! ئێوە وەکو ئەوانە مەبن (أبو جهل و سوپاکەى) ، کە بە فیزو کەشخەو ڕیابازییەوە هاتنەدەر لەماڵ و حاڵیان ، ئامانجیشیان ئەوە بوو ، کە خەڵک لە ڕێی خوا لابدەن ،وە خوا بەو شتانەى شتانەى ئەوان دەیکەن دەورەدەرە ، کەواتە : هەرکام لە خۆ بەزلگریى و فیزو کەشخەو ، ڕیابازیی و ، هەوڵی لادانى خەڵکى لە ڕێی خوا ، چەند سیفەتى خراپ و دزێوى ئەبوجەهل و سوپاى کافرانى قوڕەیش بوون ، کەلە مەککەوە بەڕێکەوتن بەمەبەستى شەڕ کردن لەگەڵ سوپاى ئیسلامدا ، بەسەرپەرشتى پێغەمبەر ﷺ.
هەژدەیەم :- پێش ئەوەى ڕووبەڕووبونەوە ڕووبدات ، ڕووبەڕووبوونەوەى تاکەکەسى لە نێوانیاندا بەرپا بوو ، سێ کەس لە کافرەکان ، کە بریتی بوون لە : (عتبة بن ربیعة) و ( شیبة بن ربیعة) و ( الولید بن شیبة) ، پێغەمبەریش ﷺ هەریەک لە : ( علی بن أبی طالب) و ( حمزة بن عبدالمطلب) و ( عبیدة بن الحارث) ى بۆ دیاریکردن و سەرنجام (علی بن ابی طالب) (ولید) ى کوشت و (حمزة)ش (شيبة)ى كوشت و دوايى (حمزة) و (علي) (عتبة)ش دەکوژن ، بەڵام لەم موبارەزەیەدا (عبیدة بن الحارث) بەخەستى بریندار دەبێ و بەو برینانەى شەهید دەبێ، ئینجا شەڕى دەستەویەخەى گشتى دەست پێ دەکاو سەرەنجام حەفتا لە کافرەکان دەکوژرێ ، کە زۆربەیان زلە زلەکانیان دەبن ، وەک : ( أبو جهل و عتبة و شیبة و نضر بن الحارث و أمیة بن خلف و أبو البخترى و ... هتد) ، وە حەفتاشیان لێ بە دیل دەگیرێ ، چواردە کەسیش لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ شەهید دەبن ، هەشتیان لە پشتیوانەکان و شەشیان لە کۆچکەران .
خواى باڵادەست لەو بارەوە ئەو دوو ئایەتەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { فَلَمْ تَقْتُلُوهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ قَتَلَهُمْ وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ رَمَى وَلِيُبْلِيَ الْمُؤْمِنِينَ مِنْهُ بَلَاءً حَسَنًا إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (١٧) ذَلِكُمْ وَأَنَّ اللَّهَ مُوهِنُ كَيْدِ الْكَافِرِينَ (١٨) } الأنفال ، واتە : ئێوە نەتانکوشتن بەڵکو خوا کوشتنى ( چونکە خوا دڵی ئێوەى بەهێز کردو ئەوانى ترساند) وە تۆ نەتهاویشت بەڵکو خوا هاویشتى ( کاتێک کە تێکڕژان دەستى پێکرد ، پێغەمبەر ﷺ چنگە خۆڵێکى هەڵگرت و بە کافرەکانیدا کردو فەرمووى : ( شاهت الوجوه) کەمیان هەبوو ، کەلەو خۆڵەیان بەرنەکەوێ و نەچێتە چاویانەوە ) وە بۆ ئەوەى خوا نیعمەتێکى چاک بدات بە ئەهلى ئیمان و بەهۆیەوە تاقییان بکاتەوە ، بێگومان خوا بیسەرەو زانایە ، وە بێگومان خوا پیلانى کافرەکان هەڵدەوەشێنێتەوە .
لەو جەنگەدا دروشمى موسوڵمانان (أحد ، أحد) بوو ، وە لەو شتانەى زیاتر بوو بە هۆى بەرز بوونەوەى وورەى موسوڵمانان و دڵخۆشییان بەسەرکەوتن ئەوە بوو کە گوێیان لە پێغەمبەر ﷺ بوو دەیفەرموو : { سَيُهْزَمُ الْجَمْعُ وَيُوَلُّونَ الدُّبُرَ (٤٥) } القمر ، واتە : ئەو کۆمەڵە تیک دەشکێنرێ و پشت هەڵدەکەن و دەڵدێن .
نۆزدەیەم :- کە جەنگ تەواو بوو ، موسوڵمانان سەرکەوتن و کافرەکان مەیدانى شەڕیان چۆڵ کرد و بە شپرزەیی هەڵاتن ، کێشە لەسەر دابەش کردنى دەستکەوتەکان لە نێو موسولماناندا پەیدا بوو ، کە گەنجەکان داواى پشک و بەشى زیاتریان دەکرد ، بەوەى لە نێو جەرگەى جەنگەکەدا بوون ، ئەوانى دیکەش کەلە دواوەى جەنگەکە بوون ، بەهەمان شێوە داوایان دەکرد و کێشەیان لە نێواندا دروست بوو ، ئیدى خواى بەبەزەیی بەو بۆنەوە ئایەتى سەرەتاى سووڕەتى (الأنفال)ى ناردە خوارەوە ، کەدەفەرموێ : { يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَنْفَالِ قُلِ الْأَنْفَالُ لِلَّهِ وَالرَّسُولِ فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ(١)} ، واتە : دەربارەى دەستکەوتەکان پرسیار دەکەن ؟ بڵێ : دەستکەوتەکان هی خواو رن ( واتە : ئەوان دەبێ دابەشى بکەن ) پارێز لە خوا بکەن و پەیوەندى نێوانتان چاک بکەن ، وە فەرمانبەریی خواو پێغەمبەرى خوا بکەن ، ئەگەر ئیماندارن .
بەم شێوەیە خواى پەروەردگار حوکمى دابەش کردنى دەستکەوتەکان دەنێرێتە خوارو فەرمانیان بەسێ شت پێ دەکات :
أ)پارێز کردن لە بێ فەرمانیی خوا .
ب) چاککردنى پەیوەندى نێوانیان .
ج) فەرمانبەریی خواو پێغەمبەرى خوا .
چونکە جیهاد لەڕێی خوادا پێویستى بە پارێز لە خوا هەیەو ، پەیوەندى باش و چاککردنى نیوان موسوڵمانانیش نیشانەى تۆکمەیی و هێزەو ، فەرمانبەریی خواو پێغەمبەریش چارەسەرو یەکلاکەرەوەى کێشەکانە ، دواتر خواى زاناو شارەزا باسى چۆنیەتى دابەش کردنى دەستکەوت دەکاو دەفەرموێ : { وَاعْلَمُوا أَنَّمَا غَنِمْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَأَنَّ لِلَّهِ خُمُسَهُ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ إِنْ كُنْتُمْ آمَنْتُمْ بِاللَّهِ وَمَا أَنْزَلْنَا عَلَى عَبْدِنَا يَوْمَ الْفُرْقَانِ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (٤١)} الأنفال ، واتە : وە بزانن کە ئەوەى لە (جەنگدا بەدەستان دەکەوێت )و بە (غنیمة ) دەیگرن ئەوە پێنج یەکى بۆ خوایەو بۆ رو خزمان و هەتیوان و هەژاران و ڕێبوارانە، ئەگەر ئیمانتان بەخوا هەیەو بەوەى دامانبەزاندۆتە سەر بەندەى خۆمان لەرۆژى لێک جیاکردنەوەى حەق و باطیڵدا ، ڕۆژى بەیەک گەیشتنى هەردوو کۆمەڵەکە ( موسوڵمانان و کافران) وە خوا لەسەر هەموو شتێک بەتوانایە .
بیستەم :- کاتێک پێغەمبەر ﷺ گەیشتەوە مەدینە دەربارەى دیلەکان ڕاوێژى بە هاوەڵە بەرێزەکانى کرد ، ئەبو بەکر پێشنیازى کرد کە دیلەکان فدیەیان لێ وەر بگیرێ و ئازاد بکرێن ، بەڵام عومەر ڕاى وابوو کە بکوژرێن ، بەڵگەشى ئەوەبوو گوتى : ئەوانە گەورەو زلە زلەکانى ئەهلى کوفرن ، وە ئێمەش کەم دەسەڵاتین ، با بیانکوژین بۆئەوەى جارێکى دی تەماعمان تێ نەکەن ، پێغەمبەر ﷺ پێشنیازەکەى ئەوبەکرى پەسەند کردو فیدیەى لێ وەرگرتن ، خواى پەروەردگاریش ئەم ئایەتانەى ناردە خوارو تەئکیدى ئەو ڕایەى کرد ، کە دەبووایە بکوژرێن ، وەک دەفەرموێ : { مَا كَانَ لِنَبِيٍّ أَنْ يَكُونَ لَهُ أَسْرَى حَتَّى يُثْخِنَ فِي الْأَرْضِ تُرِيدُونَ عَرَضَ الدُّنْيَا وَاللَّهُ يُرِيدُ الْآخِرَةَ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (٦٧) لَوْلَا كِتَابٌ مِنَ اللَّهِ سَبَقَ لَمَسَّكُمْ فِيمَا أَخَذْتُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ (٦٨) فَكُلُوا مِمَّا غَنِمْتُمْ حَلَالًا طَيِّبًا وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٦٩)} الأنفال ، واتە : بۆ هیچ پێغەمبەرێک نیە دیلى هەبن ، هەتا کافرەکان تەواو زەبوون نەکا لەسەر زەوى ، ئێوە دەستکەوتێکى دنیاییتان دەوێ (لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا وەک (فدیة) دەستتان دەکەوێ ) وە خوا دوا ڕۆژى دەوێ ، وە خوا بالا دەستەو کار بەجێ یە ، ئەگەر لەبەر ئەوەى نەبا ، کە خوا پیشتر بڕیارى داوە ( کەخوا بەندەکانى لەسەر هەڵەى ئیجتیهادیی سزا نادات ) ئەوە بەهۆى ئەو (فیدیە وەرگرتن)ەوە سزایەکى گەورەتان تووش دەبوو ، وە ئەوەى کەبە غەنیمەت گرتووتانە حەڵاڵەو بیخۆن ، وە پارێز لە خوا بکەن بێگومان خوا لێبوردەى میهرەبانە ، بەو پێیە هێندێک لە دیلەکان فیدیەیان لێ وەرگیراو ئازادکران و هێندێکیشیان ، کەخوێندەوار بوون و پارەیان نەبوو ، ئەوە دانرا ، کە هەر یەکێکیان لە برى فیدیە دە منداڵی موسوڵمانان فێرى خوێندەواریی بکەن و ئازاد بن .
بیست و یەکەم :- خواى پەروەردگار نیعمەتى سەرکەوتنى موسوڵمانان لەو جەنگەدا (جەنگى بەدر) بەسەر کافرەکاندا دەخاتەوە بیرى ئیمانداران ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کەم دەرامەت و نەدارو هەژار بوون ، دەفەرموێ : { وَاذْكُرُوا إِذْ أَنْتُمْ قَلِيلٌ مُسْتَضْعَفُونَ فِي الْأَرْضِ تَخَافُونَ أَنْ يَتَخَطَّفَكُمُ النَّاسُ فَآوَاكُمْ وَأَيَّدَكُمْ بِنَصْرِهِ وَرَزَقَكُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (٢٦)} الأنفال ، واتە : وە یادى ئەو کاتە بکەنەوە کە ئێوە کەم و چەوسێنراوە بوون لە زەمیندا دەترسان خەڵک بتان ڕفێنێ ، بەڵام خوا ئێوەى پەناداو پشتى گرتن و سەرى خستن و لە رۆزیی پاک و چاک پێی بەخشین بۆ ئەوەى شوکرانە بژێر بن .
هەروەها پێش ئەو نیعمەتە ئەوەشیان بیر دەخاتەوە ، کەلە گەرمەى جەنگ و تێکڕژاندا چۆن سووکە خەوێکى بە ملدا هێناون و هێمنى کردونەوەو بارانى بۆ باراندوون ، وە بەهۆى فریشتەکانەوە سەریخستوون : { إِذْ يُغَشِّيكُمُ النُّعَاسَ أَمَنَةً مِنْهُ وَيُنَزِّلُ عَلَيْكُمْ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً لِيُطَهِّرَكُمْ بِهِ وَيُذْهِبَ عَنْكُمْ رِجْزَ الشَّيْطَانِ وَلِيَرْبِطَ عَلَى قُلُوبِكُمْ وَيُثَبِّتَ بِهِ الْأَقْدَامَ (١١) إِذْ يُوحِي رَبُّكَ إِلَى الْمَلَائِكَةِ أَنِّي مَعَكُمْ فَثَبِّتُوا الَّذِينَ آمَنُوا سَأُلْقِي فِي قُلُوبِ الَّذِينَ كَفَرُوا الرُّعْبَ فَاضْرِبُوا فَوْقَ الْأَعْنَاقِ وَاضْرِبُوا مِنْهُمْ كُلَّ بَنَانٍ (١٢) } الأنفال ، واتە : یاد بکەنەوە ، کە خوا سووکە خەوێکى بەسەردا هینان تاکو دڵتان بەهێزو ئارام بێت ، وە بارانێکى بۆ ناردنە خوار ، بۆ ئەوەى پیتان باشتر جێگییر بێ ( چونکە شوێنى موسولمانان لم و خیز بوو ، بەڵام شوێنى کافرەکان چاڵایی بوو بەهۆى بارانەوە لە قوڕی دەچەقین ) کاتێک ، کە پەروەردگارت وەحى کرد بۆ فریشتەکان : من لەگەلتانم و ئیمانداران پی چەسپیو بکەن و ، منیش ترس و بیم دەخەمە نێو دڵی ئەوانەى کافرن ، لە سەرووى گەردنیان بدەن و پەنجەکانیان بپەڕێنن .
بەرێزان !
بێگومان جەنگى بەدر وەرچەرخانێکى گرنگ بوو لە مێژووى ئیسلامدا بەهۆى ئەو سەرکەوتنى سیاسیی و مەعنەوییەى موسولمانان تێیدا بەدەستیان هێنا ، کە بوو بەهۆى ئەوەى نەیارانى ئیسلام حیسابێکى تایبەتى بۆ هەیبەت و هێزو دەوڵەتى ئیسلام بکەن و لە ناوەوەو دەرەوەى مەدینەدا چاوێک بە هەڵوێستەکانیاندا بەرامبەر موسوڵمانان بخشێننەوە ، ئەو جەنگە کە خواى زاڵ و توانا بە (یوم الفرقان) واتە : ڕۆژى جیاکردنەوەى هەق و ناهەق ، ناوى بردوە ، بەشێوەیەک کافرەکانى قوڕەیش تێیدا دۆڕان کە زۆربەى زلە زلەکانى قوڕەیش لەو جەنگەدا کوژران و ژمارەیەکى زۆریشیان لێ بەدیل گیرا ، وە ئەو جەنگە نەک هەر زیانێکى گەورە بوو بۆ ئەوان ، بەڵکو کاریگەریی لەسەر دوژمنانى دیکەى ئیسلامیش دانا ، وە بوو بەهۆى زیاتر چەسپین و فراژووبوونى کیان و دەسەلاتى ئیسلامیی و عیززەت و هەیبەتى موسولمانان .
وە بێگومان دەستکەوتەکانى جەنگەکە زۆر زیاتر و گەورەتر بوون لە دەستکەوتەکانى کاروانەکە ، چونکە سەرکەوتنەکە هەر بریتى نەبوو لە دەستکەوتى ماددیی و بەس .
کەواتە : هەر کاتێ ئەهلى ئیمان تەنیا کار بۆ خوا بکەن و ، دواى شەرعى خوا بکەون و ، لەگەڵ بەرژەوەندى دینى خوادا بن و ، بە لێزانیی و بێ ترس هەنگاو هەڵبێنن ، بێگومان خواى گەورەو زاڵ پشتیوانیانەو سەریاندەخاو خێرو چاکەى دونیاو دواڕۆژیان بە نسیب دەبێ .
_______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٤٦٤-٤٨١)
|