بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 باشی شەشەم: بازرگانی کردنی و هاوسەرێتی لەگەڵ خەدیجە و، گرنگترین ڕووداوەکان تاکاتی پێغەمبەرایەتی.
03/09/2019
بینین: 2239
یەکەم: بازرگانی کردنی لەگەڵ خەدیجە و ئینجا هاوسەرگیریان.
خەدیجەی کچی خوەیلید بێوەژن بوو، خاوەن پلەو پایەو سامان بوو، کاتێك هەواڵی پێغەمبەریﷺ پێگەیشت چەند ڕاستگۆ و دەست پاك و ڕەوشت جوانە، داوای لێکرد دەربچێت بۆ شام و بازرگانی بۆ بکات، کرێ ی باشتریشی بۆ تەرخان دەکات لە کەسانی تر، ئەویش ڕازی بوو، ئینجا لەگەڵ مەیسەرەی خوڵامی خەدیجە دەرچوون بۆ شام، موحەممەدﷺ کاڵاکانی خۆی فرۆشت، کە لە مەککەوە هێنابووی، ئەو شتومەکانەش کە دەیویست لەوێ کڕی و گەڕایەوە بۆ مەککە، ئیتر خەدیجە ئەوەندە قازانجی کرد تا پارەکەی دووبەرامبەر بوویەوە.
پێغەمبەری خواﷺ لەم گەشتەیدا دەستکەوتی مەزنی دەست کەوت، جگە لە قازانجی ئەو بەشەی کە بەرێکەوت لە بازرگانیەکە، لەوانە تێپەڕبوونی بەناو مەدینەدا، کە دواتر بووە مەڵبەندی بانگەوازەکەی، بە ئەو وڵاتانەیش کە دواتر فەتح کراو ئایینی ئیسلامی تیادا بڵاوبوویەوە، هەروەها گەشتەکەی هۆکارێك بوو بۆ هاوسەرێتی لەگەڵ خەدیجەدا، دوای ئەوەی کە مەیسەرە باسی لێبووردەیی و ڕاستگۆیی و ڕەوشت جوانی پێغەمبەرﷺ بۆکرد، ئینجا خەدیجە قازانجێکی چاکی کرد لەوبازرگانیەدا، کە لەجارەکانی تردا نەیکردبوو، دوای ئەوەی ئەو خەسڵەتانەی بە دیکرد لە پێغەمبەرﷺ، خەدیجە چووە لای نەفیسەی کچی مونەببیهی هاوڕێی و باسی بۆ کرد، کە لەدڵیدا هەستی پێدەکات بەرامبەر محمدﷺ، نەفیسەش چووە لای پێغەمبەرﷺ باسی ئەوەی لەگەڵ کردەوە کە خەدیجە مارەبکات، ئەویش ڕازی بوو و مەسەلەکەی لای مامەکانی باسکرد، ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕازی بوون، ئینجا حەمزەی مامی لەگەڵی چوو بۆ خوازبێنی خەدیجە، ئیتر پێغەمبەرﷺ بە مارەییەك، کە بریتی بوو لە بیست ووشتر خەدیجەی مارەکرد، کە یەکەمین ئافرەتێك بوو بوو بە هاوسەری پێغەمبەرﷺ، ژنی تریشی نەهێناوە سەری تا ئەو کاتەی کۆچی دوای کرد.
دوو کوڕو چوار کچیشی بوو لە لای پێغەمبەری خواﷺ، کوڕەکانیشی ناویان (القاسم) کە پێغەمبەرﷺ بە ئەو ناسرا، لەگەڵ (عبدالله), کە بە (الطاهر)و (الطیب) دەناسرا (القاسم) کۆچی دوای کرد کاتێك گەیشتە تەمەنێك دەیتوانی سواری وڵاغ بێت، (عبدالله)ش هەر لەمناڵی کۆچی دوایی کرد، پێش پێغەمبەرایەتی، سەبارەت بە کچەکانیشی بریتی بوون لە: زەینەب و، روقیەو، ئوممو کەلسوم و ، قاتیمە، هەمووشیان مسوڵمان بوون و کۆچیان کرد بۆ مەدینە و شویانیش کرد، ئەمەو تەمەنی پێغەمبەرﷺ بیست و پێنج ساڵ بوو کاتێك خەدیجەی مارەکرد، بەڵام  خەدیجە تەمەنی چل ساڵ بوو.

پەندو وانەکان:
۱– دەست پاکی و ڕاستگۆی سیفەتی بازرگانی سەرکەوتووە، هەر ئەم دوو سیفەتەش بوو، کە وایکرد خەدیجە هەڵسێت بە سپاردنی بازرگانی یەکەی بە پێغەمبەرﷺ و سەفەرکردنی بۆ شام.
بازرگانی سەرچاوەیەکە لە سەرچاوەکانی ڕۆزی، کە خوای گەورە هەمواری کرد بۆ پێغەمبەرەکەی ﷺ پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر، ئینجا ڕاهێنانی باشیشی کرد لەسەر هونەرەکانی، پێغەمبەری خواﷺ ڕوونیکردۆتەوە، کە بازرگانی ڕاستگۆ و دەست پاك لە ئاینی ئیسلام لەگەڵ ڕاستگۆیان و شەهیدان و پێغەمبەران حەشر دەکرێت، ئەم کارەش گرنگە بۆ موسڵمانان، ئەنجامدەریشی ناکەوێتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی کەسانی دیکەوە، چونکە بێ نیازە لێیان، بەڵکو ئەوان پێویستیان پێیەتی.

۲– هاوسەرێتی پێغەمبەرﷺ لەگەڵ خەدیجە، بە قەدەری خوای گەورەبوو، چونکە خوای گەورە هاوسەرێکی شایستەی بۆ پێغەمبەرەکەی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی پشتگیری لێبکات و باری سووك بکات و هاوکاری بکات لە سەر هەڵگرتنی ئەرکەکانی پەیام و بژێت لەگەڵ خەم ئازارەکانی.
شێخ موحەممەدی غەزالی دەفەرموێت: خەدیجە نمونەیەکی زۆر چاکە بۆ ئەو ئافرەتەی تەواو کەری ژیانی مێردێکی مەزنە، خاوەن پەیامەکان خاوەن دڵانێکی یەکجار هەستیارن، تووشی چەرمەسەری زۆریش دەبن لە ئەو دەوروبەری دەیانەوێت بیگۆڕن، ناخۆشی زۆریش دێتە ڕێگەیان لە پێناو بڵاوکردنەوەی ئەو خێرو ڕۆشناییەی کە پێیانە، لە ڕاستیدا ئەوان پێویستیان هەیە بە کەسانێك کە خۆشی بخەنە دەرونیانەوە، خەدیجەش خاوەنی ئەو خەسڵەتەنە بوو، بۆیە لە ژیانی پێغەمبەرﷺ کاریگەری زۆری هەبوو.

۳–بینیمان، کە پێغەمبەرﷺ تاڵی مناڵی چەشت، پێشتریش تاڵی باوك و دایك مردنی چەشتبوو، ویستی خوای گەورەش لە سەر ئەوەبوو، کە کوڕی نەمێنێ، بۆ ئەوەی نەبنە هۆکارێك بۆ ئارامگرتن بۆ ئەوانەی تر، کە خوای گەورە مناڵی پێنەبەخشیون، یان مناڵیان دەبێت، بەڵام دەمرن، هەروەها شێوەیەکیشە لە شێوەکانی بەڵاو ناخۆشی، پێغەمبەرانیش لە هەموو کەسێك بەڵایان سەختترە، وەکو چۆن خوای گەورە ویستبێتی ناسکی هەست بەشێك بێت لە ژیانی، چونکە ئەو پیاوانەی گەلان بەرێوە دەبەن حەز لە جەورو ستەم ناکەن، ئەگەر دڵەکان لە سەر توندو تیژی مۆر کرابێت، یان هەمیشە لە خۆشگوزەرانییەکدا بووبێتن هیچ ناخۆشیەك لێڵی نەکردبێت، بەڵام ئەوانەی ئازارو ناڕەحەتیان چەشتووە، خێراترین کەسانێکن بۆ دڵنەوایی غەمباران و سارێژکردنی برینی برینداران.

٤– لە بەسەرهاتی پێغەمبەر ﷺ و خاتوو خەدیجە ئەوە دەردەکەوێت بۆ موسڵمانان، کە پێغەمبەرﷺ بایەخی نەدەدا بە هۆکارەکانی ڕابواردنی لاشەی و تەواو کەرەکانی، ئەگەر وابوایە وەکو لاوانی تر، دیارە تەماعی کچێکی دەکرد لە خۆی مناڵتر، یان کەسێك، کە هیچ نەبێت لە خۆی گەورەتر نەبێت، بەڵام پێغەمبەری خوا ﷺ لەپێناو پلەوپایەو ڕێزی لە ناو خزمەکانی مارەی کرد، چونکە خەدیجە لە سەردەمی نەفامیدا بە داوێنپاکی پاراو دەناسرا.

٥–هاوسەرێتی پێغەمبەرﷺ و خاتوو خەدیجە، بەڵگەیەکی بێ چەندو چۆنە لە سەر ناڕاستی زمان و پێنووسی ئەوانەی دڵیان پڕ لە کینەیە بەرامبەر ئیسلام، لە ڕۆژهەڵاتناس و کۆیلە عەلمانی یەکان، کە گومانیان دەبرد کەلێنێك بدۆزنەوە لە مەسەلەی ژیانی پێغەمبەرﷺ، چونکە ئەوان پێغەمبەریان وا دەرخستبوو، کە پیاوێکی وابەستەیە بە حەزو ئارەزووەکانیەوە، بەڵام ئێمە دەبینین، کە پێغەمبەری خواﷺ تاکو تەمەنی گەیشتە تەمەنی بیست و پێنج ساڵ ژنی نەهێنابوو، بێ ئەوەی ئەو هەموو دیاردە نەفامانەی دەوروبەری کاریگەرییان هەبێت لە سەری،
ئینجا کاتێکیش ژنی هێنا ئافرەتێکی نزیکەی دوو بەرامبەری تەمەنی خۆی هێنا، لە گەڵیشی ژیا بێ ئەوەی ئاوڕبداتەوە لە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری، ڕێگاشی زۆربوو تاکو گەیشتە تەمەنی گەنجی و کامڵ بوون و چوە ناو پیریشەوە، ئەم هاوسەرێتیی یە بەردەوام بوو تاکو خەدیجە کۆچی دوای کرد لە تەمەنی شەست و پێنج ساڵیدا، کە لەو کاتە تەمەنی پێغەمبەر ﷺ گەیشتبووە پەنجا ساڵ، بێ ئەوەی لەو ماوە بیر بکاتەوە لەوەی ژنێکی تر بهێنێت، مرۆڤیش ئارەزووی و حەزی پیاوەتی زیاتر لە نێوان بیست تا پەنجا ساڵیدا دەبزوێت. بەڵام پێغەمبەری خواﷺ لەو ماوە درێژە بیری نەکردەوە ژنێکی تر بهێنێتە پاڵ خەدیجە وەکو خێزان، یان کەنیزەك، ئەگەر بشیویستایە بە ئاسانی دەستی دەکەوت، سەبارەت بە هاوسەرێتی پێغەمبەریشﷺ لەگەڵ خاتوو خەدیجە و دایکانی تری موسڵمانان، هەریەکێك لەوانە بەسەر هات و حیکمەت و هۆکاری خۆی بووە، هۆکارێکیشە بۆ پتەوبوونی باوەڕی موسڵمانان بە مەزنی پێغەمبەرەکەیﷺ.

دووەم بەشداریکردنی پێغەمبەرﷺ لەدروستکردنی کەعبە.

کاتێك پێغەمبەرﷺ تەمەنی گەیشتە سی و پێنج ساڵی، قوڕەیش کۆبونەوە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی کەعبە، دوای ئەوەی کە توشی سوتان و لافاوێکی بەهێزبوو، تاکو ئەو کاتە هەر بەو شێوەیە بوو، کە ئیبراهیم دروستی کردبوو، بەرد لەسەر بەردبوو بێ ئەوەی قوڕی لە نێواندا هەبێت، لە باڵای پیاوێك بەرزترببوو، بۆیە ویستیان بیڕوخێنن و ئینجا بەرزیبکەنەوەو سابیتەی بۆ دروست بکەن، بەڵام دەترسان بیڕوخێنن و، زاتیان نەکرد، وەلیدی کوڕی موغیرە وتی: من دەست ئەکەم بە ڕوخاندنی، پاچێکی هەڵگرت و دەستی بە لێدانی کردوو دەیوت: خوایە لە ڕێگا لامان نەداوە، چاکە نەبێت هیچمان ناوێت.
لەلای هەردوو سوچەکەوە دەستکرا بە ڕوخان، ئینجا ئەو شەو چاوەڕوانیان کرد، وتیان: تەماشا دەکەین، ئەگەر ئەمشەو شتێکی بەسەرهات، وەکو خۆی دەیگەڕێنینەوە، ئەگەریش هیچی بەسەر نەیەت مانای وایە خوا ڕازی بووە لە هەموو کردارەکەمان، ئیتر وەلید دەستی کردە ڕوخاندن، خەڵکیش بە دوایدا، تا گەیشتنە هەندێ بەرد وەکو کۆپارە ووشتر یەکیان گرتووە.
ئەوان کارەکەیان دابەش کردبوو، هەر گۆشەیەك سپێردرابوو بە هۆزێك، سەران و ڕیش سپیانی قوڕەیش بەشداریان کرد لە هەڵگرتنی بەرددا، پێغەمبەری خواﷺ و عەباسی مامیشی بەشدارییان کرد لە تازەکردنەوەی کەعبەدا، هەردووکیان خەریکی بەرد گواستەوە بوون، عەبباس بە پێغەمبەرﷺی وت: پۆشاکەکەت بخەرە سەر گەردنت با لە بەردەکان بتپارێزێت، ئەویش وایکرد و کەوتە سەر زەوی و چاوەکانی ڕوو لە ئاسمان بوون، کە ئاگای بوویەوە وتی: پۆشاکەکەم پۆشاکەکەم ئینجا خۆی داپۆشی.
کاتێك گەیشتنە بەردە ڕەشەکە ناکۆکی دروست بوو لە نێوانیاندا، هەموو هۆزێك دەیان ویست خۆیان بیخەنە جێگاکەی خۆی، خەریکیش بوو شەڕ دروست بێت لە نێوانیاندا، ئەوە نەبێت، کە ئەبو ئومەییەی کوڕی موغیرە وتی: ئەی کۆمەڵی قوڕەیش لە نێوان خۆتاندا ڕێککەون، کە یەکەمین کەس لە دەرگای مزگەوتەکەوە هاتە ژورێ دادوەری لە نێوانتان بکات، کاتێك لەسەر ئەوە پێکهاتن، یەکەم کەس لە دەرگاکەوە هاتە ژوورەوە موحەممەد بووﷺ، کاتێك کە بینیان وتیان: ئەمە ئەمینە، ئێمە پێی ڕازین، کاتێك ئاگاداریان کردەوە، فەرمووی: پۆشاکێکم بۆ بهێنن، ئەوانیش هێنایان، ئینجا فەرمووی: با هەر هۆزێك گۆشەیەك لەم پۆشاکە بگرێت، ئینجا هەمووتان بەرزیبکەنەوە، ئەوانیش بەرزیان کردەوە، تاکو گەیشتە جێگاکەی خۆی و بەدەستی خۆی بەردەکەی خستە جێگایی خۆی، دوای ئەوە بەرزیی کەعبە گەیشتە هەژدە باڵ، دەرگاکەشی لە زەوی ئەوەندە بەرزکرایەوە، کە پێویستی دەکرد بە پەیژە بۆی سەرکەوی، بۆ ئەوەی هەموو کەسێك نەتوانێت سەرکەوێت و بچێتە ژوورەوە، هەروەها بۆ بەر بەستکردنی چوونە ژوورەوەی ئاو بۆ ناوەوەی کەعبە، ساپیتەکەشیان لەسەر شەش کۆڵەگە دروستکرد، بەڵام ئەو پارەپاکەی قوڕەیش تەرخانیان کردبوو بەشی نەکرد، کە تەواوبێت لە سەر بنچینەی ئیسماعیل، بۆیە حیجریان لێ دەرکرد و دیوارێکی نزمیان بە دەوریدا دروست کرد، وەکو ئاماژەیەك، کە ئەمە پاشکۆی ماڵەکەیە، چونکە ئەوان مەرجیان لە سەر خۆیان کردبوو، کە خەرجی پاك نەبێت بەکار نەیەت لە دروستکردنەوەکە، نەك لە دەست کەوتی ئافرەتی داوێن پیس و فرۆشتنی سوو، یان هەرکارێکی ناڕەوای تر.

پەندو وانەکان:
ماڵی خوا بەدرێژایی مێژوو چوار جار دروست کراوە:
یەکەم: جا ئەوەبوو کە ئیبراهیم علیەسلام هەڵسا بە دروستکردنی، بە یارمەتی ئیسماعیلی کوڕی علیەسلام.

دووەم جار: قوڕەیش پێش پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرﷺ دروستیان کرد، خودی پێغەمبەریش بەشداربوو لە تازەکردنەوەی.
سێ یەم جار: لەو کاتە بوو، کە ماڵی خوا سووتا بە کاریگەری تێهاوێشتنی مەنجەنیق لە سەردەمی یەزیدی کوڕی موعاویە لە کاتی گەمارۆکەدا، حوصەینی سکونی خستبویە سەر عبداللە کوڕی زوبەیر بۆ ئەوەی خۆی بدات بە دەستەوە، بۆیە عبداللە کوڕی زوبەیر جارێکی تر دروستی کردەوە.
چوارەم جار: لە سەردەمی عبدالملیکی کوڕی مەروان بوو لە پاش کوژرانی عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر، بیناکەی وەکو سەردەمی پێغەمبەرﷺ دروستیکردەوە، چونکە عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر دروستی کردبویەوەو ئەویش ئەو شەش باڵەشی زیاد کربوو کە لێی دەرکرابوو، دەباڵیشی خستبویە سەر بەرزایەکەی، دوو دەرگاشی بۆ دروست کردبوو، یەکێکیان بۆ چونە ژوورەوەو ئەویتریشیان بۆ دەرچوون، ئەوەشی کە بوێری ئەوەی پێدا هەڵسێ بەو کارە، ئەو فەرموودەی عائیشە بوو لە پێغەمبەرﷺ، کە فەرموویەتی: ((یا عائشة، لولا ٲن قومك حدیث عهد بالجاهلیة لٲمرت بالبین، فهدم فٲدخلت فیه ما ٲخرج منه، والزقته بالٲرض، وجعلت له بابین، باباً شرقیاً، و باباً شرقیاً، و باباً غربیاً فبلغت به ٲساس ٳبراهیم)) واتە: ئەی عائیشە لە ترسی ئەوە نەبێت کەسوکارەکەت تازە لە سەردەمی نەفامی دەرچونە، فەرمانم دەکرد، کە ماڵی خوا جارێکی تر بڕوخێنرێت، ئینجا ئەوەی لێی دەرکرابوو، دەمخستەوە سەری و دەملکاند بەزەوییەوە، دوو دەرگاشم بۆ دەکرد، دەرگایەکی لە ڕۆژهەڵاتەوە یەکێکیش لە ڕۆژئاواوە دەشمگەیاندە هەمان بنچینەی ئیبراهیم.
۲–دەسپاکی پێغەمبەرﷺ ئەو ڕەوشتە بوو، کە قوڕەیشی پاراست لە کارەساتی شەڕ لەناو حەرەمدا، چونکە هەموانی ڕازیکرد، لەبەر ئەوەی ئەو کەسە ئەمین بوو، کە ستەم ناکات، لایەنگیری ناکات، خراپە ناکات، دەستپاك بوو لە سەر ماڵی خواو گیانی خەڵکی.

۳–ڕووداوی نۆژەنکردنەوەی کەعبە، کەسایەتی و پلەو پایەی پێغەمبەریﷺ دەرخست، لەم ڕووداوەدا دوو پایەداری بنەبڕکردنی ناکۆکی و ڕاگرتنی شەڕی چاوەڕوانکراو لە نێوان تیرەکانی قورەیش، هەروەها پایەداری کێبرکێیەك، کە لە نێوان تیرەکاندا دروست بوو، بەڵام خوا بەخشی بە پێغەمبەرەکەی، ئەویش ئەوەبوو، کە بەدەستی پیرۆزی خۆی بەردەکەی خستە جێگایی خۆی.

٤– موسڵمان لە تازەکردنەوەی ماڵی خوا پارێزگاری تەواوی خوا دەبینێ بۆ پێغەمبەرەکەی، هەروەها تێبینی ئەوە دەکات، کە چۆن خوای گەورە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی بەخشیوە بە پێغەمبەرﷺ، بە ئاسانترین ڕێگا، ئەوەش ڕاستیەکە لە هەموو ژیاندا تێبینی دەکرێت، یەکێکیشە لە مەشخەڵانی پەیامەکەی، کە بریتی یە لە گەیاندنی ڕاستیەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاسانترین شێواز.

سێ یەم: ئامادەکردنی خەڵکی بۆ پێشوازیکردنی پێغەمبەرایەتی موحەممەدﷺ
 
۱– مژدەدانی پێغەمبەران بەهاتنی پێغەمبەرﷺ:
ویستی خوای گەورە هاتە سەر ئەوەی، کە ئامادە بکرێن بۆ پێشوازیکردن لە پێغەمبەرایەتی موحەممەدﷺ، بە چەند مەسەلەیەك، لەوانە:
ئیبراهیم علیەسلام لە خوا پاڕایەوە، کە پێغەمبەرێك لە خودی عەرەبەکانەوە بنێرێت بۆیان، خوای پەروەردگاریش پارانەوەکەی وەرگرت و موحەممەدﷺ ڕەوانەکرد، خوای گەورە دەفەرموێت: {رَبَّنَا وَٱبْعَثْ فِيهِمْ رَسُولًا مِّنْهُمْ يَتْلُواْ عَلَيْهِمْ ءَايَٰتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلْكِتَٰبَ وَٱلْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ ۚ إِنَّكَ أَنتَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْحَكِيمُ } (البقرة: ١٢٩)
لە قورئانی پیرۆزیشدا، کە خوای گەورە مژدەی دابەزاندوە بە ناردنی پێغەمبەرﷺ، لە کتێبە ئاسمانیەکان، کە دایبەزاندۆتە سەر پێغەمبەراندا، خوای باڵادەست دەفەرموێت:  {{ٱلَّذِينَ يَتَّبِعُونَ ٱلرَّسُولَ ٱلنَّبِىَّ ٱلْأُمِّىَّ ٱلَّذِى يَجِدُونَهُۥ مَكْتُوبًا عِندَهُمْ فِى ٱلتَّوْرَىٰةِ وَٱلْإِنجِيلِ يَأْمُرُهُم بِٱلْمَعْرُوفِ وَيَنْهَىٰهُمْ عَنِ ٱلْمُنكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ ٱلْخَبَٰٓئِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَٱلْأَغْلَٰلَ ٱلَّتِى كَانَتْ عَلَيْهِمْ ۚ } (الأعراف: ١٥٧)
عیساعلیەسلام بەهەمان شێوەی مژدەی داوە بەهاتنی، خوای گەورە دەفەرموێت: {{وَإِذْ قَالَ عِيسَى ٱبْنُ مَرْيَمَ يَٰبَنِ إِسْرَٰٓءِيلَ إِنِّى رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَىَّ مِنَ ٱلتَّوْرَىٰةِ وَمُبَشِّرًۢا بِرَسُولٍ يَأْتِى مِنۢ بَعْدِى ٱسْمُهُۥٓ أَحْمَدُ ۖ } (الصف: ٦)
خوای گەورە هەموو پێغەمبەرانیشی بەهاتنی ئاگادار کردووەتەوە، فەرمانیشی پێکردوە نەتەوەکانیان ئاگادار بکەنەوە، کە پێویستە باوەڕی پێبهێنن، ئەگەر فریای هاتنی کەوتن، {وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ النَّبِيِّينَ لَمَا آتَيْتُكُم مِّن كِتَابٍ وَحِكْمَةٍ ثُمَّ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مُّصَدِّقٌ لِّمَا مَعَكُمْ لَتُؤْمِنُنَّ بِهِ وَلَتَنصُرُنَّهُ قَالَ أَأَقْرَرْتُمْ وَأَخَذْتُمْ عَلَىٰ ذَٰلِكُمْ إِصْرِي قَالُوا أَقْرَرْنَا قَالَ فَاشْهَدُوا وَأَنَا مَعَكُم مِّنَ الشَّاهِدِينَ}( آل عمران: ٨۱).
شێواندنیش لە نوسخەکانی تەورات و ئینجیلدا ڕویدا، ئەو ئاماژانەی لێ لابراوە، کە بەڕاشکاوی باسی پێغەمبەرﷺ دەکات، تەنها تەوراتی سامیرەو ئینجیلی بەرنابا نەبێت، کە لە پێش ئیسلامیشدا بونیان هەبووە، کلێساش قەدەغەی کردبوو دەستاو دەستی پێکرد، لە کۆتایی سەدەی پێنجەمی زاینی، ئەو دەست نوسانەش، کە دۆزرانەتەوە لە ناوچەی دەریای مردوو لەم دواییەدا پشتگیری لەوە دەکەن لە ئینجیلی بەڕنابا هەندێ ڕستە هاتووە بەڕاشکاوی ناوی پێغەمبەرﷺ دەهێنێ، وەکو ئەوەی لە ئیصحاحی چڵ و یەکدا هاتووە، دەقی ڕستەکەش ئەمەیە: (۲۹ فاحتجب الله وطردهما الملاك میخائیل من الفردوس ۳۰ فلما التفت آدم رٲی مكتوباً فوق الباب لا ٳله ٳلا الله محمد رسول الله) واتە: خوا خۆی لێ شاردنەوەو میخائیلی فریشتە دەریانیکرد لەبەهەشت، کاتێك کە ئادەم ئاوڕی دایەوە بینی لە سەر دەرگاکە نوسراوە( لا ٳله ٳلا الله محمد رسول الله)
ئیبنو تەیمییە دەڵێت: ئەو هەواڵانەی باس لە ئاگاداربوونی ئەهلی کتاب دەکەن لە سیفەتی پێغەمبەرﷺ لە کتێبەکاندا گەیشتونەتە(تواتر) هەروەها وتویەتی: زانینی ئەوەی، کە پێغەمبەرانی پێش موحەممەدﷺ موژدەیان داوە بە هاتنی لە چەند ڕێگەیەکەوە دەزانین:
یەکەم: ئەوەی، کە ئیمڕۆ لە کتێبەکان ماوەتەوە، کە لە بەردەستاندایە.
 
دووەم: باسکردنی ئەوانەی، کە ئەو کتێبانەیان خوێندووەتەوە، لەوانەی کە موسڵمان بوونە، یان ئەوانەی کە هێشتا گاورن، وەکو ئەوەی لە ئەنصارەکانەوە هاتووە بەڕێگەی (تواتر)، کە دراوسێکانیان لە ئەهلی کتاب باسی هاتنی پێغەمبەریانﷺ دەکرد، کە خوای گەورە ڕەوانەی دەکات، ئەوان خۆشیان هەر چاوەڕوان بوون، ئەوەش یەکێك بوو لە هۆکارەکانی موسڵمان بوونی ئەنصارەکان و بەیعەتدان بە پێغەمبەرﷺ .
فەرموودەیەکمان پێگەیشتووە لە سەلەمەی کوڕی وەقەش رضي الله عنه، کە یەکێك بوو لە بەشدار بوانی بەدر دەفەرموێت: دراوسێیەکمان هەبوو لە جولەکەکانی عەبدولئەشهەل، دەڵێت: ڕۆژێکیان لە ماڵەکەی خۆی دەرچوو، پێش ئەوەی موحەممەدﷺ ببێتە پێغەمبەرﷺ بەماوەیەکی کەم، ئینجا هاتە ناو کۆڕی عەبدولئەشهەل، سەلەمە دەڵێت: من لەو ڕۆژەدا لە هەموویان منداڵتربووم، پۆشاکێکم لەسەر شان بوو، ڕاکشابووم لەناو حەوشی ماڵەکەماندا، ئیتر ئەوانیش باسی زیندووبوونەوەو قیامەت و حیساب و ترازوو بەهەشت و دۆزەخی دەکرد، ئەو قسانەی بۆ کەسانێك دەکرد، کە بتپەرست بوون، باوەڕیشیان نەبوو بە زیندوبونەوەی پاش مردن، پێیان وت: بەڵات لێکەوێت ئەی فلانەکەس، پێت وایە، کە خەڵکی زیندوو دەکرێنەوەو دەبرێنە جێگایەك لە پاش مردنیان، یان بەهەشتە، یان دۆزەخ، پاداشتیش دەدرێنەوە بە کردەوەکانیان، وتی: بەڵێ، سوێند بەو کەسەی سوێندی پێ دەخورێت، ئاواتیش دەخوازێت لە جیاتی ئەو دۆزەخەی لەدوا ڕۆژدا تەنورێکی هەرە گەورەی، کە دونیا بۆ گەرم بکرایە و بخرایەتە ناوییەوەو دەمەکەی لە سەر بگیرایە، بەڵام سبەینێ قوتاری بوایە لەدۆزەخ، وتیان: بەڵگەی ئەوە چی یە؟ وتی: پێغەمبەرێك لەو لاوە دێت.
وتیان: جا کەی ئەوە دەبینین؟ وتی: ئەویش تەمەشای منی کرد — منیش لە هەموویان مناڵتربووم – وتی: لەوانەیە ئەم مناڵە، ئەگەر بژێت فریای بکەوێت.
سەلەمە دەڵێت: سوێند بەخوا زۆری نەبرد، تاکو خوای گەورە پێغەمبەرەکەی خۆی نارد، کە ئەو کابرا هێشتا هەر زیندوو بووە، ئێمە باوەڕمان پێهێنا، بەڵام ئەو باوەڕی پێنەهێنا، وتمان: ئەی قوڕبەسەر، تۆ نەبووی دەربارەی ئەو قسەت بۆ دەکردین؟ وتی: بەڵێ.
ئیبنو تەیمییە رحمەاللە: باس دەکات و دەڵێت: من بۆ خۆم چەند نوسخەیەکی تەوراتم بینیوە بەڕاشکاوی ناوی محەممەدﷺی تیادایەو ئاماژەی بۆ دەکات وەکو پێغەمبەرﷺ نوسخەی ترم بینی لەزەبوور ئەوەم تیا نەبینی، لەو حاڵەتیشە لە وانەیە سیفەتی پێغەمبەرﷺ لە هەندێکیانا هەبێت و لەوانی تر نەبێت.
عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس رضي الله عنه باسی سیفەتی پێغەمبەرﷺ کردووە لە تەورات وتویەتی: سوێند بەخوا لە تەورات وەسف کراوە بە هەندێ لەو وەسفانەی لە قورئاندا هاتووە: {يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِىُّ إِنَّآ أَرْسَلْنَٰكَ شَٰهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا }(الأحزاب: ٤٥)
تۆ پارێزەری بۆ نەخوێندەوارەکان، تۆ بەندەو نێرراوی منی، ناوتم ناوە بە پشت ئەستوور بە خوای خۆت، نە گرژی نەتوندی نە دەنگ بەرز دەکەیتەوە لە بازاڕەکاندا، خراپە بە خراپە وەڵام ناداتەوە، بەڵکو دەبۆرێ و خۆش دەبێت، خوای گەورەش تا بیباتەوە بۆ لای خۆی تا نەتەوەی لارەی پێ ڕاست نەکاتەوە، بەوەی بڵێن: ( لا الله الا الله) چاوانێکی نابینا، گوێیانێکی کەڕ، دڵانێکی داخراوی پێ دەکاتەوە.
لە فەرمودەیەکی کەعبی ئەحباریشدا هاتووە، کە وتویەتی:
من لە تەوراتدا دەبینم نوسراوە: (محمد رسول اللە) نە تووڕەیەو نەتوندە، نە دەنگیش بەرز دەکاتەوە لە بازاڕەکاندا، خراپەش بە خراپ وەڵام ناداتەوە، بەڵکو دەبورێت و خۆشدەبێت، نەتەوەکەی سوپاس گوزارن، سوپاسی خوا دەکەن لە هەموو جێگایەکدا، (اللە اکبر) دەکەن لەسەر هەموو بەرزاییەك، جل و بەرگیان تاکو نیوەی قاچیانە، دەستنوێژ بە ئەندامەکانیان دەگرن، ڕیزەکانی نوێژو شەڕیان وەکو یەکە.
بانگکدەریان بانگ دەکات لە کەشتی ئاسماندا، لە ناو جەرگەی شەودا دەنگیان دێ، وەکو دەنگی مێشەنگ، لە مەککە لە دایك دەبێت و بەرەوە تابە کۆچ دەکات و موڵکی لە شامە.

۲➖ مژدەی زانایانی کیتاب بە هاتنی پێغەمبەرﷺ:

لەسەلمانی فارسی لە بەسەرهاتی بەناوبانگی موسڵمان بوونی دەگێڕێتەوە لە قەشەی عەمورییە کاتێك هاتۆتە سەرەمەرگ بە سەلمانی وتووە: سەردەمی پێغەمبەرێك نزیك بۆتەوە، دەنێردرێت بە ئاینی ئیبراهیم لە خاکی عەرەب سەرهەڵدەدا، کۆچیش دەکات بۆ خاکێك لە نێوان هەردوو حەڕڕەدا دارخورمایان لەنێواندایە، هەندێ نیشانەی تیادایە شاراوە نییە، لەدیاری دەخوات، بەڵام صەدەقەش ناخوات، لە نێوان هەردووشانی مۆری پێغەمبەرایەتی هەیە، ئەگەر پێت کرا خۆتی پێ بگەینیت لەو وڵاتە دوا مەکەوە.
دوایی سەلمان باسی هاتنی خۆی بۆ کردووە بۆ مەدینە چۆن کرا بە کۆیلە، ئینجا چاوی کەوت بە پێغەمبەرﷺ لە کاتی هیجرەتدا، خواردنەکەشی داوە بە پێغەمبەرﷺ لەکاتی هیجرەتدا، خواردنەکەشی داوە بە پێغەمبەرﷺ گوایە صەدەقەیە نەیخواردووە، دوای ئەوە خواردنێکی پێداوە وەکو دیاری خواردووییەتی، ئەنجا تەمەشای مۆری پێغەمبەرایەتی کردووە لە نێو شانی پێغەمبەرﷺ، دوای ڕاگەیاندنی موسڵمان بوونی.
هەروەها قەشەو پیاوانی جولەکە شایەتی نزیك بوونەوەی ڕەوانەکردنی ئەو پێغەمبەرەیان داوە بۆ نمونە بەسەرهاتی ئەبو تەیهان، کە لە وڵاتی شامەوە دەرچوو، لە لای بەنو قورەیزە لە مەدینە جێگیر بو، پێش پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرﷺ بە دوو ساڵ کۆچی دوای کردووە، ئەو پیاوە لەکاتی سەرەمەرگا بە بەنی قورەیزەی وتووە: ئەی کۆمەڵانی جولەکە، وا دەزانن بۆچی لە خاکی مەدینەو خۆراکی خۆش دەرچووم بۆ خاکی بەدبەختی و برسیێتی(حیجاز)؟ وتیان: خۆت ئەزانیت، وتی: من هاتم بۆ ئەو شارە چاوەڕووانی سەر هەڵدانی پێغەمبەرێك دەکەم، کە کاتی هاتنی نزیکبۆتەوە، ئومێدەواریش بووم، کە ڕەوانە بکراباو من شوێنی بکەوتبام.
ئەم باسەش بڵاوەی کرد لە ناو جولەکەکان و خەڵکی دیکەش، خودی جولەکەکانیش بە خەڵکی مەدینەیان دەووت: سەردەمی هاتنی پێغەمبەرێك نزیك بووەتەوە، ئەوو ئێوەش دەکوژێ وەکو کوشتنی عاد و ئیرەم، ئەم باسە بوو بە هۆکارێك بۆ موسڵمان بوونی زۆرێك لەپیاوانی ئەنصار، دەشیان وت: ئەوەی، کە وای لێکردین موسڵمان بین، پاش بەزەیی خواو ڕێنیشاندانی ئەو قسانە بوو، کە دەمان بیست لە زاری پیاوانی جوولەکە،
دەڵێت: ئێمە ئەهلی هاوبەش بۆ خوا بڕیاردان، بتپەرستی، ئەوانیش هەندێ شتیان لابوو، کە لای ئێمە نەبوو، هێشتا شەڕوشۆڕمان هەر لە نێوان مابوو، هەر کاتێکیش قسەیان بکردایە ئەوان دەیان وت: کاتی هاتنی پێغەمبەرێك هاتووە لەگەڵ ئەو پێکەوە دەتانکوژین.
پادشای ڕۆمیش هیرەقل کاتێ نامەکەی پێغەمبەرﷺ ی وەرگرت، وتی: من دەمزانی لەناو ئێوە دەردەچێت، بەڵام نەمدەزانی هەر لە خۆتانە.


۲➖ حاڵەتی خەڵکی بەگشتی لەو سەردەمەدا:
مامۆستا ئەبو حەسەنی نەدەوی حاڵەتی عەرەب و خەڵکی بەگشتی پوختە دەکاتەوەو دەڵێت: بارودۆخەکان ئەوەندە خراپ بوون لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی زایینیدا، کەلە توانای چاکسازو مامۆستایان گەورەتر بوون، مەسەلەکە ئەوەنەبوو بیروباوەڕێك چاکبکرێت، یان عادەتێك لاببرێت، یان خواپەرستیەك ئەنجام بدرێت، یان چاکسازی لە کۆمەڵگایەکدا بکرێت، ئەگەر هەر ئەوەندە بووایە لەوانەیە مامۆستاو چاکخوازان، کە هەمیشە هەر بونیان هەبووە، هەڵسان پێی، بەڵام مەسەلەکە بریتی بوو لە لابردنی پاش ماوەی نەفامی و بتپەرستی و وێرانکاری، کەڵەکەی کردبوو بەدرێژای چەندین سەدەو نەوە، ڕێنمایی پێغەمبەرانیش شارابوویەوە لە ژێر ئەو هەموو نەتەوەکانی تیادا بێتەوە، ئەو مەسەلەی دروستکردنی مرۆڤێکی تازەبوو، جیاکار لە مرۆڤەکەی تر لە هەموو شتێکدا، وەکو چۆن تازە لە دایك بوبێت، یان تازە زیندو بووبێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: {ٲَوَمَن كَانَ مَيْتًا فَأَحْيَيْنَاهُ وَجَعَلْنَا لَهُ نُورًا يَمْشِي بِهِ فِي النَّاسِ كَمَن مَّثَلُهُ فِي الظُّلُمَاتِ لَيْسَ بِخَارِجٍ مِّنْهَا كَذَٰلِكَ زُيِّنَ لِلْكَافِرِينَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ }(الٲنعام:۱۲۲).
مەسەلەی بنەبڕکردنی میکرۆبی گەندەڵی و لە ڕەگەوەو دەرکردنی بتپەرستی بە یەکجاری و جێگیرکردنی بیروباوەڕی یەکتاپەرستی لە ناخی دەرونی مرۆڤایەتیدا بەچاکترین شێوە، ئینجا  ئاراستەکردنی حەزەکانی بەرەو لای ڕەزامەندی خواو و خزمەتی مرۆڤ و پشتگیری کردنی ڕاستی، بە کورتی بەربەستبوون لە پێش ئەو مرۆڤایەتیەی، کە دەیویست خۆی بهاوێتە نێو دۆزەخەوە، چاکترین باسکردنیش لەم ڕاستیە قسەی خوای گەورەیە، کە دەفەرموێت:  {وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُم بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا وَكُنتُمْ عَلَىٰ شَفَا حُفْرَةٍ مِّنَ النَّارِ فَأَنقَذَكُم مِّنْهَا كَذَٰلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ}( آل عمران: ۱۰۲)
٤➖ سەرەتاو دەست نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی:
یەکێك لەوانە ئەوەبوو، بەردەکان سەلامیان لە پێغەمبەری خواﷺ دەکرد، پێش ڕەوانەکردنی لە لایەن خوای گەورەوە، لە فەرموودەی جابیری کوڕی سەمورەدا هاتووە رضی الله عنه، پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی: ((ٳني لٲعرف بمكة حجراً كانه یسلم علي قبل ٲن ٲبعث، ٲني لا ٲعرفه الان)) واتە: من لە مەککە شارەزای بەردێکم سڵاوی لێ دەکردم پێش ئەوەی ببم بە پێغەمبەر، ئێستا دەیناسمەوە.
یەکێکی تریش لەو پێشەکی و نیشانانە خەونی ڕاست بوو، یەکەمین جاریش سروشتی خوایەوە دەستی پێکرد، هیچ خەونێکی نەدەبینی تاکو وەکو گزنگی بەرەبەیان بەدینەهاتایە، ئینجا تەنهایی بەلای پێغەمبەرﷺ خۆشەویست بوویەوە، بۆیە بە تەنیا خەریکی خوا پەرستی بوو لە ئەشکەوتی حیرا، کە دەکەوێتە چیاکەوە لەلای باکوری مەککەوە، چەندین شەو لەوێ دەمایەوە، جاری وابوو دەشەو، جاری بوو زیاتر، تا دەگەیشتە یەك مانگ، ئینجا دەگەڕایەوە ماڵی خۆیان لە مەککەو کەمێك دەمایەوەو دیسان خواردنی لەگەڵ خۆی دەبردو دەگەڕایەوە خەڵوەتگەکەی خۆی لە نێو ئەشکەوتەکە، بەم شێوەیە هەر بەردەوام بوو تاکو خوای گەورە وەحی بۆ نارد لە یەکێ لەو خەڵوەتانەیدا.
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص:۱۰۱-۱۱٦

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه