 شێوەو ڕوخسارو دیمەنى پێغەمبەر ﷺ
خوێنەرى بەڕێز و سەنگین !
ئەم تەوەرەیە تایبەتە بە خستنەڕووى وەسفە جەستەیی و ڕواڵەتییەکانى پێغەمبەرى خوا ﷺ ، قەدو قیافەى ڕێک و پێک و میانجیی و هاوسەنگى ، ئەندامە ڕێک و تێرو تەواوەکانى ، ڕەنگ و ڕوخسارى گەش و درەوشاوەى ، گفت و لفتى شیرین و بەڕێ و جێی ، بۆن و بەرامەى خۆشى ... هتد .
شایانى باسیشە هەندێک لە دەقەکان باسى وەسف و حاڵەتێکى جەستەیی تایبەتى پێغەمبەر ﷺ دەکەن ، بۆ وێنە : قژى سەرى ، یان بۆنى خۆشى ، وە هەندێک باسى زیاتر لە وەسفێکى دەکەن :
یەکەم : قەد و قیافەو باڵاى :-
١/ (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ رَجُلًا مَرْبُوعًا بَعِيدَ مَا بَيْنَ الْمَنْكِبَيْنِ عَظِيمَ الْجُمَّةِ إِلَى شَحْمَةِ أُذُنَيْهِ عَلَيْهِ حُلَّةٌ حَمْرَاءُ مَا رَأَيْتُ شَيْئًا قَطُّ أَحْسَنَ مِنْهُ ) أخْرَجَهُ البخاري برقم : (٣٥٥١) عَنِ البَرَاءِ - رضي الله عنه- .
واتە : پێغەمبەرى خوا ﷺ پیاوێکى دەستە (باڵا ناوەنجى) بوو ، نێو شانى پان بوو ، قژى پێشە سەرى گەورە بوو ، قژى هەتا نەرمە گوێکانى دەهات ، پۆشاکێکى سوورى لەبەردا بوو ، هەرگیز شتى وا جوانم نەبینیوە .
٢/ (كانَ رَسولُ اللَّهِ ﷺ أحْسَنَ النَّاسِ وجْهًا وأَحْسَنَهُ خَلْقًا، ليسَ بالطَّوِيلِ البَائِنِ، ولَا بالقَصِيرِ) أخرَجَهُ البخاري برقم : (٣٥٤٩) ، و مسلم برقم : (٢٣٣٧) عَنِ البَرَاءِ رضي الله عنه .
واتە : پێغەمبەرى خوا ﷺ ڕووى لە هەموو کەس جوانتر بوو ، وەلەهەموویان ڕەوشت و ئاکارى پەسەندتر بوو ، نەزۆر درێژ و نە کورتە باڵا بوو .
دووەم : دەم و چاوو ڕووى :-
١/ ( عن أبي الطُّفيل رضي الله عنه قال : رَأَيْتُ رَسولَ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وَسَلَّمَ وَما علَى وَجْهِ الأرْضِ رَجُلٌ رَآهُ غيرِي، قالَ: فَقُلتُ له: فَكيفَ رَأَيْتَهُ؟ قالَ: كانَ أَبْيَضَ مَلِيحًا مُقَصَّدًا) أخْرَجَهُ مسلم برقم : ( ٢٣٤٠) .
واتە : پێغەمبەرى خوام ﷺ بینیوە و ئیستاکە هیچ پیاوێک لەسەر ڕووى زەوى نیە بینیبێتى جگە لە من ، دەڵێ : پێم گوت : چۆنت بینى ؟ گوتى : سپى و دڵگیر بوو ، وە دەستە پیاو بوو .
٢/ (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ إِذَا سُرَّ اسْتَنَارَ وَجْهُهُ ، حَتَّى كَأَنَّهُ قِطْعَةُ قَمَرٍ) أخْرَجَهُ البخاري برقم : (٤٤١٨) ، و مسلم برقم : (٢٧٦٩) عَن كَعْبِ بن مالك رضي الله عنه .
واتە : وە پێغەمبەرى خوا ﷺ ، کە دڵخۆش دەبوو ڕووى دەدرەوشایەوە تەنانەت دەتگوت پارچە مانگە .
٣/ (... فَكَشَفَ النَّبِيُّ ﷺ سِتْرَ الحُجْرَةِ يَنْظُرُ إِلَيْنَا وَهُوَ قَائِمٌ كَأَنَّ وَجْهَهُ وَرَقَةُ مُصْحَفٍ ) أخْرَجَهُ البخاري برقم (٦٨٠) ،و مسلم برقم (٤١٩) عن أنس رضي الله عنه.
واتە : ئینجا پێغەمبەرى خوا ﷺ پەردەى ژوورەکەى لاداو بەڕاوەستاوى تەماشاى کردین، ڕووى دەتگوت پەڕەى موصحەفە .
٤/ (عن جابر بن سمرة رضي الله عنه ان رجلا قال له : أكان رسول ﷺ وجهه مثل السيف؟ قال جابر: لا، بل مثل الشمس والقمر مستديرًا(أخْرَجَهُ مسلم برقم (٣٢٤٤).
واتە : پیاوێک لە (جابر بن سمرە) ى پرسى : ئایا ڕووى پێغەمبەرى خوا ﷺ وەک شمشێر بوو ؟ گوتى : نا بەڵکو وەک خۆرو مانگ بوو ، وە بازنەیی بوو .
سێ یەم : زارو ددانى :-
(و كان من أحسن الناس ثغرا ) أخْرَجَهُ مسلم برقم (٣٢٤٤) عن عمر بن الخطاب رضي الله عنه.
واتە : پێغەمبەرى خوا ﷺ دەم و ددانى لە هەموو کەس جوانتر بوو .
چوارەم : دەنگ و سەداى :-
(وعن البَراءِ بنِ عازِبٍ قَالَ: سَمِعْتُ النبيَّ ﷺ قَرَأَ فِي الْعِشَاءِ بالتِّينِ وَالزَّيْتُونِ، فَمَا سَمِعْتُ أحَدًا أحْسَنَ صَوْتًا مِنْهُ) أخْرَجَهُ البخاري برقم (٧٦٩) ، و مسلم برقم (٤٦٤).
واتە : بەڕائى کوڕى عازیب خوا لێی ڕازى بێ دەڵێ : گوێم لە پێغەمبەرى خوا ﷺ بوو لە نوێژى خەوتناندا سووڕەتى (التین والزیتون)ى خوێند ، دەنگى هیچ کەسم نەبیستووە هێندە خۆش بووبێ .
پێنجەم : هێزى جەستەى :-
(وعن جابر رضي الله عنه قَالَ: إِنَّا كُنَّا يَوْم الخَنْدَقِ نَحْفِرُ، فَعَرضَتْ كُدْيَةٌ شَديدَةٌ، فجاءُوا إِلى النبيِّ ﷺ فقالوا: هَذِهِ كُدْيَةٌ عَرَضتْ في الخَنْدَقِ، فَقَالَ: أَنَا نَازِلٌ، ثُمَّ قَامَ وبَطْنُهُ مَعْصوبٌ بِحَجَرٍ، وَلَبِثْنَا ثَلاثَةَ أَيَّامٍ لا نَذُوقُ ذَوَاقًا، فَأَخَذَ النَّبِيُّ ﷺ المِعْوَل، فَضرَب؛ فَعَادَ كَثيبًا أَهْيَلَ أَوْ أَهْيَمَ ..) أخْرَجَهُ البخاري برقم(٤١٠١).
واتە : ئێمە لە ڕۆژى خەندەقدا هەڵمان دەکەند پارچە زەوییەکى پتەومان هاتە پێش ، ئینجا هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ گوتیان : ئەوە گرێیەکە لە خەندەکدا ڕێی گرتووە (هەڵناکەنرێ) ئەویش فەرمووى : خۆم دەچمە خوارێ ، ئینجا هەڵساو سکیشى بەردێکى لێ بەسترابوو ، وە سێ ڕۆژ مابووینەوە ، هیچمان نەخواردبوو ، ئیدى پێغەمبەر ﷺ پاچەکەى وەرگرت و لێیدا ، یەکسەر وەک تەپۆلکەى لم هەڵوەرى ...
شەشەم : بۆنى خۆشى ئارەقەی و جەستەى :-
(قال كان رسول الله ﷺ أزهر اللون كأن عرقه اللؤلؤ إذا مشى تكفأ ولا مسست ديباجة ولا حريرة ألين من كف رسول الله ﷺ ولا شممت مسكة ولا عنبرة أطيب من رائحة رسول الله ﷺ) أخْرَجَهُ مسلم برقم (٢٣٣٠) عن أنس رضي الله عنه .
واتە : پێغەمبەرى خوا ﷺ ڕەنگى گەش و ڕوون و درەوشاوە بوو ، ئارەقەکەى دەتگوت گەوهەرە ، ئەگەر دەڕۆیى بەلاى پێشەوەدا دەچوو ، هیچ قوماشێکى لە ئاوریشم چنراوو ئاوریشمم دەست لێنەداوە لەلەپە دەستى پێغەمبەرى خوا ﷺ نەرمتر بووبێ ، وە هیچ میسک و عەنبەرێکم بۆن نەکردووە ، لەبۆنى پێغەمبەرى خوا ﷺ خۆشتر بووبێ .
حەوتەم : مۆرى پێغەمبەرایەتى (خاتم النبوة) بەنێو شانییەوە :-
١/ (عن جابر بن سمرة رضي الله عنه قال : "رأيت الخاتما في ظهر رسول الله ﷺ كأنه بيضة حمام) أخْرَجَهُ مسلم برقم(٣٤٥) .
واتە : مۆرێکم لە پشتى پێغەمبەرى خوادا ﷺ بینى ، وەک هێلکەى کۆتر بوو .
٢/ (عن السائب بن يزيد رضي الله عنه يقول ، ذهبت بي خالتي إلى النبي ﷺ فقالت : يا رسول الله ! إن ابن أختي وجِع ، فمسح رأسي ودعا لي بالبركة ، ثم توضأ فشربت من وَضوئه ، ثم قمت خلف ظهره فنظرت إلى الخاتم بين كتفيه مثل زر الحجلة) أخْرَجَهُ البخاري برقم (١٩٠)، ومسلم برقم (٢٣٤٥/ ١١١).
واتە : سائیبى کوڕی یەزید ، دەڵێ : پورم (خوشکى دایکم) بردمى بۆلاى پێغەمبەرى خوا ﷺ گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئەم خوشکەزایەم نەخۆشە ، ئەویش دەستى بەسەرمدا هێناو دووعاى بەرەکەتى بۆ کردم ، پاشان دەستنوێژى گرت و منیش لە ئاوى دەست نوێژەکەیم خواردەوە ، پاشان لە پاش پشتى ڕاوەستام و سەرنجى مۆرەکەیمدا کە لە نێو دوو شانەکانیدا بوو ، وەک دوگمەى قایم کردنى پەردە وابوو .
تێبینى :-
دیارە ئەم مۆرەى نێو شانى پێغەمبەر ﷺ ، کە لە دەقەکەى پێشتردا هێنامان لە (جابر بن سمرة)وە ، کە گوتوویەتى : هێندەى هێلکەى کۆتر دەبوو ، لەگەڵ ئەوەى کە لێرەدا دەڵێ : هێندەى دوگمە (قۆپچە)ى پەردە پێ قایم کردن دەبوو ، لە نێوەڕۆکدا هەر یەکن و ، وا دیارە ئەو قۆپچەو دوگمەیەى مۆرى سەر پشتى پێغەمبەرى خوا ﷺ ى پێ چوێنراوە ، هێندەى هێلکەى کۆتر بووە .
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / ( ٧٤١- ٧٤٥)
|