بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 هاتنى وەفدەکان لە ساڵى نۆیەمدا کە بە (عام الوفود) ناسراوە :
31/12/2019
بینین: 1239

دواى فەتحى مەککەو گەڕانەوەى پێغەمبەر ﷺ لە تەبووک و موسوڵمان بوونى هۆزى (ثقیف) دیارى کرانى چوار مانگ بۆ هۆزە عەرەبە هاوبەش پەیدا کەرەکان ، کە هەڵوێستى خۆیان دیارى بکەن پێش ئەوەى دەوڵەتی ئیسلامیی هەڵوێستێکى تایبەت وەرگرێ لە بەرانبەریان ، دواى ئەوانەو لە ساڵى نۆیەمى کۆچیدا ژمارەیەکى زۆر لە نوێنەرو وەفدى تیرەو هۆزەکان هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانێتى خۆیان ڕاگەیاند ، هةر بۆیەش ساڵى نۆیەم بە ساڵی وەفدەکان (عام الوفود) ناونراوە ، جا هەرچەندە ژمارەى ئەو وەفدانە زۆرن ، بەڵام لێرەدا تەنیا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین :-
١) وەفدى (بني تمیم) ڕیش سپییان (عطارد بن حاجب ) بوو ، وە چەند ناودارێکى دیکەشى لەگەڵ بوون ، وەک : (الأقرع بن حابس ) و (الزبرقان بن بدر) و (عمرو بن الأهتم) و (الحبحاب بن یزید) ، وە هاتن بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ و سەرەتاى سووڕەتى (الحجرات)یش بەبۆنەى ئەوانەوە هاتۆتە خوار ، وەک (إبن هشام) هێناویەتى دەڵێ : کە هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ لە دەرێ ڕا بانگیان کردو گوتیان : یا (محمد أخرج إلینا) ئەى موحەممەد وەرە دەرێ ئیشمان پێتە !! پێغەمبەر ﷺ کەمێک پێی ناخۆش بوو ، کە بەو شێوەیە بانگ کرا ، بۆیە خواى پەروەردگار فەرمووى : { إِنَّ الَّذِينَ يُنَادُونَكَ مِنْ وَرَاءِ الْحُجُرَاتِ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ (٤) وَلَوْ أَنَّهُمْ صَبَرُوا حَتَّى تَخْرُجَ إِلَيْهِمْ لَكَانَ خَيْرًا لَهُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٤)} الحجرات ، واتە : { ئەوانەى لە پشت ژوورەکانەوە (ژوورى خێزانەکانى ) بانگت دەکەن ، زۆربەیان نەفامن ، ئەگەر ئارامیان گرتبا تا دەچووى بۆ لایان باشتر بوو ، وە خواش لێبووردەو بەبەزەییە } دیارە دواتر ئیسلامیان وەرگرت و موسوڵمان بوون . 
٢) وەفدى (بني عامر) کە (عامر بن الطفیل) و (أربد بن قیس ) ى لەگەڵدا بوو ، وە (عامر بن الطفیل) ئەو کەسەیە کەلە (بئر المعونة) خیانەتى لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ کردو شەهیدى کردن ، ئەو دوو کەسە ، چەند کەسێکى دیکەشیان لەگەڵدا بوو ، هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ پێش ئەوەى بگەنە لاى ڕاوێژیان کردبوو کە هەوڵی کوشتنى پێغەمبەر ﷺ بدەن ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و پێغەمبەریش ﷺ کە زانى نیازیان خراپە دووعاى لێکردن ، ئیدى (أربد) بەهەورە تریشقە مردو (عامر)یش بە طاعوون لەنێو چوو .
٣) وەفدى هۆزى (بني سعد بن بکر) ، کە (ضمام بن ثعلبة) بە نوێنەرى خۆیان دەنێرن بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ و چەند پرسیارێک لە پێغەمبەر ﷺ دەکات دەربارەى خوا پەرستیی و نوێژو زەکات و ڕۆژوو و حەج و ...هتد ، دوایی ئیمان دێنێ و بڕیار دەدا هەموویان جێ بەجێ بکات ، دوایی کە (ضمام) دەگەڕێتەوە نێو هۆزەکەى ، هەر یەکەم قسەى دەڵێ : { بئست اللات والعزى } واتە : خراپترین شت لات و عوززان ! هۆزەکەشى زۆر بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن : ئەى (ضمام) ئەوە چۆن وادەڵێی ؟! لە بەڵەکى بترسە ! لە شێتى بترسە ! ئەویش پێیان دەڵێ: ئەو دووە ناتوانن هیچ زەرەرو قازانجێک بەکەس بگەیەنن ، خوا پێغەمبەرێکى ناردووەو کتێبێکى پێدا ناردووە ڕزگارتان دەکا لە نەهامەتییەکان ، من ئیمانم هێناوەو ئێوەش ئیمان بێنن ، ئەو ڕۆژە بۆ ئێوارێ کەس نەما لە ژن و پیاویان موسوڵمان نەبووبێ و هەموو ئیمانیان هێنا ، (ابن عباس) دەڵێ : نەمانبیستوە وەفدى هیچ قەومێک باشتر بووبێ لە (ضمام) .
٤) وەفدى (عبدالقیس ) ، کە (الجارود) و دەستەیەک بە نوێنەرى خۆیان دەنێرن بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ ، کە دیارە نەصڕانى بووەو لەوێ موسوڵمان دەبێ و کاریگەریشى دەبێ لەسەر قەومەکەى هەم بۆ موسوڵمان بوونییان و هەم بۆ دامەزراوییان لە کاتى هەڵگەڕانەوە (الردَّة ) دا ، پاش مردنى پێغەمبەرى خوا .
٥) وەفدى (بني حنیفة) ، کە لە (یمامة)وە هاتوون و (مسیلمة الکذاب) یشیان لەگەڵدا بووە ، کە ناوى (مسیلمة بن ثمامة) بووە ، بەڵام ئەوانە موسوڵمان نەبوون و (مسيلمة)ش داواى پێغەمبەرایەتى دەکرد ، هەر بۆیە بە (کذاب) ناوزەند کرا ، وە لەسەردەمى (أبو بکر) دا لە شەڕى (یمامة) لە ساڵى (١٢)ى کۆچیدا کوژرا .
٦) وەفدى (طيء) ، کە سەرۆک هۆزەکەیان ناوى (زید الخیل) بوو بەنوێنەرى هۆزەکەى هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوو ، وە هەر لەو سەروحەدەشدا (عدی بن حاتم الطائي) هاتووەو موسوڵمان بووە .
٧) (فروة بن مسیک المرادی) کەلە پادشاکانى _کندة) جیابووبۆوە ، هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوو .
٨) وەفدى (بني زبید) ، کە نوێنەرەکەیان (عمرو بن معد یکرب) کەلە سەرەتاوە موسوڵمان بووە ، بەڵام کە پێغەمبەر ﷺ وەفاتى کرد ، لە دین هەڵگەڕایەوە .
٩) وەفدى (کندة) ، کە نوێنەرەکەیان (الأشعث بن قیس ) بوو هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوون .
١٠) وەفدى (أزد) نوێنەریان کە (صرد بن عبدالله) بوو ، هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمان بوو ، پێغەمبەریش کردیە براگەورەى ئەوانەى لەقەومەکەى موسوڵمان بووبوون .
١١) وەفدى کۆمەڵێک لە پادشاو پادشا زادەکانى (حمیر) ، کەبە نوێنەرەکانیاندا نامەیان بۆ پێغەمبەر نووسى و موسوڵمان بوون و پێغەمبەریش ﷺ نامەیەکى بۆ نووسینەوەو سوپاسى خواى کرد لەسەر موسوڵمان بوونیان .
١٢) وەفدى (فروة بن عمرو الجذامي) ، کە  کار بەدەستى ڕۆمەکان بووە بەسەر خێڵە عەرەبەکانەوە ، یەکێکى بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ ناردوەو ئیسلامەتى خۆى پێ ڕاگەیاندوەو ئێسترێکى سپیشى بە دیارى بۆ پێغەمبەر ناردوە .
١٢) وەفدى (همدان) ، کە بە سەرۆکایەتى (مالك بن النمط) چوونە مەدینەو موسوڵمان بوون و پێغەمبەریش مالکى کردە گەورەى ئەوانە کە موسوڵمان بوون ، دواتر خەڵکى ( همدان) تێکڕا موسوڵمان بوون . 
شایانى باسیشە کە زۆربەى هەرەزۆرى ئەو وەفدانەى هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ موسوڵمان بوون ، تەنیا وەفدى (مسیلمة الکذاب) موسوڵمان نەبوون ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەو وەفدانە هیچ فشارو زۆرێکیان لەسەر نەبووە لە وەرگرتنى دینداو ئەوانەى موسوڵمان بوون بەڕەزامەندیی و ویستى خۆیان موسوڵمان بوون و ئەوى نەشیویستبێ موسوڵمان ببێ ، ئازادانە گەڕاوەتەوە شوێنى خۆى .

ناردنى چەند نوێنەرێک بۆ تێگەیاندنى خەڵکى :-
دواى ئەوەى وەفدى هۆزو ناوچەکان پەیتا پەیتا هاتنە لاى پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە بۆ موسوڵمان بوون و شارەزا بوون لە ئیسلام و دەوڵەتى ئیسلامى فراوان بوو ، وە پەیام و بانگەوازى ئیسلام پەرەى سەند ، پێغەمبەر ﷺ چەند کەسێکى شارەزاى لە هاوەڵانى نارد بۆ چەند ناوچەیەک بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنیان لەوانە :-
١)ناردنى (خالد بن الولید) بۆ لاى (بني الحارث بن کعب) کە لە (نجران) دادەنیشت ، کە لەمانگى (ربیع الثاني ) ساڵى دەیەمى کۆچیدا بوو ، تاکو بانگیان بکات بۆ ئیسلام ، پێش ئەوەى جەنگیان لەگەڵدا بکات ، وە دواى ئەوەى بانگهێشتى کردن موسوڵمان بوون و ماوەیەک (خالد) لە نێویاندا مایەوەو ئیسلامى تێگەیاندن ، دوایی پێغەمبەر ﷺ ى ئاگادار کردەوە بە موسوڵمان بوونیان ، وە دواى گەڕانەوەى (خالد) پێغەمبەر ﷺ (عمرو بن حزم)ى بۆ ناردن بۆ ئەوەى شارەزایان بکات لە ئیسلام .

٢) ناردنى (معاذ بن جبل) بۆ یەمەن ، وەک ئەمیرو قازى و تێگەیەنەریان لە دین و کۆکەرەوەى زەکات لەوێ ، کە هاوەڵێکى بەڕێز و زانانو تێگەیشتوو بوو بە حەڕام و حەڵاڵ ، وە لەکاتى بەڕێکردنیدا پێغەمبەر ﷺ چەند ئامۆژگاریی و ڕێنمونییەکى کرد ، کە چۆن تەعامول بکات لەگەڵ خەڵکى یەمەن و چۆن بانگەواز بۆ ئیسلام بکات ، وە تێی گەیاند کە پێشەکى عەقیدەیان تێبگەیەنێ ، پاشان عیبادەت ، وە پلەپلەیی لە موسوڵمان بوونیاندا ڕەچاو بکات ، وەک ( بخاری) گێڕاویەتەوە .

٣)  ناردنى ( أبو موسى الاشعري) بۆ یەمەن ، پێغەمبەر ﷺ ئەویشى هەر نارد بۆ لایەکەى دیکەى یەمەن و ئامۆژگارى ئەویشى کرد ، بۆ ئەوەى لەگەڵ (معاذ) دا بتوانن ئەرکى بانگەواز کردنەکەیان بەباشى ئەنجام بدەن و بەرهەمى هەبێ ، پێی گوتن { يَسِّرَا ولَا تُعَسِّرَا، وبَشِّرَا ولَا تُنَفِّرَا ، و تطاوعا } رواه البخاري ، واتە : دینداریی ئاسان بکەن و زەحمەتى مەکەن ، وە دڵی خەڵک خۆش بکەن و مەیانسڵەمێننەوە ، وە پێکەوە هاوکار بن . 
__________________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / ( ٧٠٢– ٧٠٦)و( ٧٠٨و ٧٠٩)

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه