بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 مەسەلەی خوا پەرستن لەسەردەمی مەککەدا چۆن بوو؟
11/10/2019
بینین: 1389

یەکەم: خاوێن کردنی نەوەی یەکەم بە جۆرەها خوا پەرستن:
پێغەمبەری خواﷺ هاوەڵانی خۆی پەروەردەکرد لەسەر خاوێنکردنەوەی دڵەکانیان و، ڕێنمونیشی کردن بۆ ڕێگای بەدیهێنانی ئەوە لەڕێگەی قورئانەوە، 
وەکو:
۱ــ بیرکردنەوە لە بوونەوەرو دروستکراوەکان و فەرمودەکانی خوای گەورە.
۲ــ تێڕامان لە زانستی خوای گەورە و دەورگرتنی بەهەموو شتێك لەگەردووندا، بەڵکو بەهەموو شتێك لەجیهانی نادیاریشدا.
۳ــ خواپەرستن لەگرنگترین هۆکارەکانی پاراوکردنەوەی دڵە، چونکە خواپەرستن ئەو پەڕی ملکەچییە بۆ خوای گەورە، کەکەسێ شایستەی نییە جگە لەخوای گەورە.
ئەو خواپەرستیانەش، کە دڵ و گیان پاراو دەکەنەوە، دووجۆرن:

ٲــ جۆری یەکەم: ئەوانەی کە فەرزکراون وەکو: دەستنوێژ و نوێژ و ڕۆژو و زەکات و حەج و شتی تر.
ب ــ جۆری دووەم: ئەوانەیە کە بەگشتی هەموو شتێك کە موسڵمانان لەخوا نزیك بکاتەوە، ئەنجامدەری پاداشت دەدرێتەوە و دڵ و گیانی پەروەردە دەکا.
پاراوکردنەوەی دڵ بە قورئان خوێندن و یادی خواو ... کارێکی گرنگە، چونکە ئەگەر دەروونی مرۆڤ خۆی ڕزگار نەکات لە پیساییەکانی و پەیوەندی نەکات بەخوای گەورەوە ناتوانێت واجیبەکانی ئیسلام ئەنجام بدات، یا بەبەردەوامی خوای گەورە بپەرستێت، نوێژ لەپێش هەموو ئەو عیبادەتانەوە دێت کە دڵی موسڵمانان خاوێن دەکاتەوە، لەوانەیە یەکێك لە دیارترین شوێنەوارەکانیشی کە لە سەر هاوەڵان دەرکەوت ئەمانەی خوارەوەبن:

۱ــ بەگوێکردنی فەرمانەکانی خوای گەورەو دەربڕینی بەندایەتی: خوای گەورە وەسفی ئەو بەندانەی خۆی کردووەو فەرموویەتی: {وَالَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِرَبِّهِمْ وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَأَمْرُهُمْ شُورَىٰ بَيْنَهُمْ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ } الشوری: ۳٨
هاوەڵان وایان دەزانی هەموو کارێك لە کارەکانی نوێژ خوا پەرستنێکی تایبەتەو، کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە لەسەر خاوێنکردنەوەی دڵ و گیان.
۲ـــ گفت و گۆکردنی بەندە لەگەڵ خوای خۆیدا: پێغەمبەرﷺ بەشێکی لەئەو گفتوگۆیە ڕوونکردۆتەوە، کە دەفەرموێت: (( قال تعالی: قسمت الصلاة بینی وبین عبدی نصفین، ولعبدی ماسٲل، فاذا قال الحمدلله رب العالمین ... )). واتە: خوای گەورە دەفەرموێت: نوێژم لەنێوان خۆم و بەندەکەم کردۆتە دووبەشەوە، ئەوەشی داواکات ئەیدەمێ، ئەگەر بڵێت {الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ } خوای گەورە دەفەرموێت: بەندەکەم سوپاسی کردم، ئەگەریش بڵێت: {مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} خوای گەورە دەفەرموێت: بەندەکەم مەزن ڕایگرتم، ستایشی کردوم، ئەو کاتەش بڵێت: {إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} دەفەرموێت: ئەمە لەنێوان خۆم و بەندەکەمدایە، ئەوەشی داوای کرد پێی دەدەم.
ئینجا کە دەڵێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (٦)صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ } دەڵێت: ئەمە بو بەندەکەمەو، داواکارییەکەشی جێبەجێ دەکەم.
۳ــ ئاسودەیی و سوکنایی دڵ: پێغەمبەری خواﷺ کارێکی گرنگ ڕووی تێکردبا نوێژی دەکرد، ڕۆشنایی چاوەکانی لەنوێژدا دەبینیەوە ئینجا هاوەڵانیشی فێردەکرد چۆن نوێژ بکەنە چەکێکی گرنگ بۆ چارەکردنی کێشەو گرفتەکانیان.
٤ــ نوێژ پەرژینێکە لەپێش تاوانەکاندا، خوای گەورە دەفەرموێت: {اتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنَ الْكِتَابِ وَأَقِمِ الصَّلَاةَ إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ وَلَذِكْرُ اللَّهِ أَكْبَرُ وَاللَّهُ يَعْلَمُ مَا تَصْنَعُونَ } ( العنكبوت: ٤٥).
هاوەڵان کە نوێژیان دەکرد دەرونیان شاد دەبوویەوە، هێزێکی بۆ ئەنجامدانی چاکەو دوورکەتنەوە لەخراپە پێیان دەبەخشێ، ئەوەش قەڵغانێکی چاك بوو لەتاوان دەیپاراستن.

دووەم: پەروەردەی بیرو هۆش.
پەروەردەکردنی پێغەمبەرﷺ بۆ هاوەڵانی گشتگیر بوو، چونکە لەقورئانەوە وەریدەگرن، کە ئاڕاستەکراوە بۆ مرۆڤ بەگشتی وەکو گیان و لەش و ئەقڵ.
پەروەردەکردنی پێغەمبەرﷺ بایەخی دەدا بەگەشە پێکردنی توانای تێڕوانین و بیرکردنەوە و تێڕامانیان، چونکە هەر ئەوەیە ئامادەیان دەکات بۆ هەڵگرتنی باری بانگەوازکردن بۆ لای خوا.
بۆیە قورئانی پیرۆز ڕێڕەوێکی داناوە بۆ پەروەردەکردنی بیرو هۆش، پێغەمبەری خواﷺ لەسەری دەڕۆیشت بۆ پەروەردەکردنی هاوەڵانی، گرنگترین خاڵەکانی ئەو ڕێڕەوە:
۱ــ پاککردنەوەی ئەقڵ لەوشتە نەگۆڕانەی، کە لەسەر گومان یان لاسایی کردنەوە بنیات نراون.
۲ــ ئەقڵ پێویستە بەدوا داگەڕان ووردبونەوەی هەبێت.
۳ــ هەروەها پێویستە تێڕوانین و بیرکردنەوەی هەبێت لە گەردوندا.
٤ــ تێڕامان لەو حوکمانەی، کە شەرع دایناون.
٥ــ سەیرکردنی سوننەتی خوای گەورە سەبارەت بەخەڵکی بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، بۆ ئەوەی ببێتە پەند و سوود بۆ ئەوکەسەی، کەسەیر دەکات.

سێ یەم : پەروەردەی لەش
پێغەمبەری خواﷺ سوور بوو لەسەر پەروەردەکردنی هاوەڵان لەڕووی جەستەییەوە، بنچینەکانی ئەو پەروەردەیەش لەقورئانی پیرۆز وە وەردەگرت، بەشێوەیەك کە لاشەکارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بەبێ زیادەڕەوی یا خود کەمتەرخەمی، یان بەفیڕۆدانی توانایەك لەسەر هەژماری توانایەکی تر.
هەربۆیە قورئانی پیرۆز تواناکانی لاشەی ئادەمیزادی بەم شێوەیە ڕێکخستووە.
۱ـ ڕێکخستنی پێداویستیەکانی بۆ خواردن و خواردنەوە.
۲ـ ڕێکخستنی پێویستیەکانی بەجل و پۆشاك، بەوەی کە ئەوەندەی عەورەتی پێ بشاردرێتەوە و لەگەرماو سەرما بیپارێزێت پێویستە، جگە لەوانەش بۆ جوانیە وەکو ڕۆیشتن بۆ مزگەوت.
۳ـ ڕێکخستنی پێویستی بەماڵ و خانوو.
٤ـ هەروەها ڕێکخستنی پێویستی بەهاوسەرگیری و خێزان پێکەوەنان بەڕەواکردنی ژن هێنان و، بەڵکو واجب بوونی لەهەندێ کاتداو، قەدەغەکردنی داوێن پیسی بەهەموو شێوازەکانی.
٥ـ ڕێکخستنی پێویستیەکانی بەدارایی و سەروەری، بەڕێگەدان بەماڵداریتی بەپێی ڕێکخەرە شەرعیەکان.
٦ـ هەروەها ئیسلام هەڵساوە بەڕێکخستنی سەرگەورەی بەقەدەغەکردنی ستەم و دوژمنایەتی.
۷ـ هەروەها پێویستی بەکاروسەرکەوتن ڕێکخستووە بەوەی ئەو کەسەی ناچارکردووە.
کارەکەی ڕەوابێت و، زیانیشی بۆ کەس نەبێت، بانگیشی لەخەڵکی کردووە کەلەم دونیایە هەڵسێ بە ئەنجامدانی ئەوکارانەی، کە یارمەتیان دەدات هەڵسن بەکارەکانی بانگەوازو ئایین.
٨ ـ خوای گەورەش وریایی داوەتە خەڵکی خۆیان بپارێزن لەزۆر خۆشحاڵی و لەخۆبایی بوون و هەڵخەڵەتان بەدەوڵەمەندی و هەبوونی.
ئەمە هەندێك بوو لەو بنەمایانەی کە پەروەردەی پێغەمبەرﷺ لەبواری لاشەکاندا جەختی لەسەر کردووە، تاکو توانای هەڵگرتنی باری جیهادو خەمی بانگەواز و گرانییەکانی ژیانی هەبێت.

چوارەم: پەروەردەکردنی هاوەڵان لەسەر ڕەوشتی جوان و خاوێنکردنەوەیان لەخراپە.
ڕەوشتی جوان بەشێکی گرنگە لەبیروباوەڕ، چونکە بیروباوەڕی ڕاست نابێت بەبێ ڕەوشت، پێغەمبەری خوایشﷺ هاوەڵانی لەسەر ڕەوشتی جوان پەروەردەکرد، لەڕێگەی چەندین شێوازی جیاجیا.
پێغەمبەرﷺ فەرموویەتی: ((ما من شيء اثقل في میزان المٶمن یوم القیامة من الخلق الحسن وان الله تعالی لیبغض الفاحش البذیء)). واتە: شتێك نییە لە تەرازووی ئیمانداران قورستر بێت لەڕۆژی دوایی دا ئەوەندەی ڕەوشت جوانی، خوای گەورەش ڕقی لەو کەسەیە قسەی پیس و نابەجێ دەکات، پرسیاریش کرا لەپێغەمبەرﷺ دەربارەی ئەو شتەی کە زیاتر دەبێتە مایەی چوونە ناو بەهەشتەوە، ئەویش فەرمووی: (( تقوی الله، وحسن الخلق))، واتە: لە خوا ترسان و ڕەوشت جوانی. هەروەها پرسیاری لێکراوە دەربارەی ئەوشتەی کە زۆرتر خەڵکی دەباتە دۆزەخەوە فەرمووی: ((الفم والفرج))، واتە: زمان و عەورەت.
ڕەوشت شتێکی لاوەکی نییە لە ئەم ئایینەدا، ئابڵوقەیش نەدراە بە بازنەیەکی دیاری کراو لە بازنەکانی ڕەفتاری ئادەمیزادانە، بەڵکو وەرگێڕانی کردەییە بۆ بیروباوەڕی ڕاستەقینە، چونکە ئیمان هەست و نەستێکی شاراوە نییە لەناو ویژداندا بەتەنها، بەڵکو کارێکی پەیوەستە بەهەڵس و کەوتەوە، بەشێوەیەك کە بۆمان هەیە ئەگەر لەکەسێکدا نەمانبینی، یان پێچەوانەکەیمان بینی پرسیاربکەین: کەواتە ئیمان لەکوێیە؟ بایەخیشی چییە ئەگەر نەبێت بەڕەفتار؟.
بۆیە دەبینین قورئان ڕەوشت دەبەستێتەوە بەبیروباوەڕ و، نموونەش لەسەر ئەوە زۆرە.
هاوەڵان ڕەزای خوایان لێبێت لەسەر ئەوە پەروەردەبوون، کە ڕەوشت جۆرێکە لە خواپەرستن، چونکە ئەمەك بۆ خواو سوپاسگوزاری و، ڕێزگرتن لەخەڵکی ڕێزدار دەگرێتەوە، بۆیە ڕەوشتی هاوەڵان هەڵقوڵاوی باوەڕیان بوو بەخواو ڕۆژی دوایی و مەبەستیش تەنها خوا بوو.
ڕەوشت لەپەروەردەکردنی پێغەمبەرﷺ کارێکی گشت گیرە، بۆ نموونە ڕەوشتی نوێژ ملکەچ کردنە، ڕەوشتی قسەکردن خۆ دوورگرتنە لەقسەی پڕو پووچ، ئارەزو بازیش ڕەوشتی دورکەوتنەوەیە لەقەدەغە کراوەکانی خوای گەورە، ڕەوشتی مامەڵەکردنیش لەگەڵ خەڵکی میانڕەوییە لەنێوان دەستگرتنەوەو زیادەڕەوی، ... بەم شێوەیەش دەردەکەوێت، کە هیچ شتێك نییە لە موسڵماندا ڕەوشتی نەبێت، یان ئاماژەیەکی ڕەوشتی لەگەڵدا نەبێت، خوای گەورە یەکتاپەرستی لەسەروی ڕێبازی ڕەوشتی داناوە، کەلە ئایەتەکانی سوڕەتی (الاسراء)دا هاتووە(۲۳ــ۳٨)، چونکە یەکتاپەرستی لایەنێکی ڕەوشتی ڕەسەنی هەیە، چونکە هەڵسان پێی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشتی دادگەریی و دادپەروەریی و ڕاستگۆیی لەخۆدا، هەروەها پشت هەڵکردن لێی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشت ناشرینی بەپلەی یەکەم، وەکو خۆ بەرلزانین و هەق وەرنەگرتن و، خۆ بەگەورەزانین شوێن نەکەوتنی پێغەمبەران، یان ئارەزووی گومان کردن و مشت و مڕی بەتاڵ بۆ خۆ دەرخستن، یان لاسایی کردنەوەو مانەوە لەسەر قسەی دێرینەکان ئەگەرچی هەڵەش بێت، ئەمانەش هەمووی ڕەوشت ناشرینیە، کە ڕێگەی لێدەگرێت بگەنە ڕاستی.
_____________________________________________
السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابي/ص ۱۷۳ـــ ۱۷۹

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه