بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
ژیانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 شێوازى پێغەمبەر ﷺ لە فێرکردن و پەروەردە کردنى موسوڵماناندا
25/11/2019
بینین: 1619

 پێغەمبەر ﷺ بەهۆى قوڕئانەوە موسوڵمانانى تێدەگەیاندن و پیی دەگەیاندن ، جا ئێمە لە چەند بڕگەیەکداو لەبەر تیشکى چەند فەرموودەیەکدا باسى چۆنیەتى و شێوازى ئەو فێر کردن و پەروەردە کردنە لەلایەن پێغەمبەرەوە ﷺ بۆ موسوڵمانان دەکەین .
دیارە ئەو فەرمایشتانەش کە لێرەدا بە نمونە دەیانهێنمەوە چەند وێنەیەک لە شێوازى پێغەمبەر ﷺ دەردەخەن ، لە تێگەیاندن و پێگەیاندندا ، کە ئێمەش ئەگەر بمانەوێ خەڵک لە دین تێبگەیەنین دەبێ بەو شێوازەى پێغەمبەر ﷺ کار بکەین :
یەک :  
پێغەمبەر ﷺ زۆر بە ڕوون و ڕەوانى قسەى بۆ هاوەڵانى کردوە ، وە جارى واش هەبووە قسەیەکى سێ جار دوبارە کردۆتەوە ، بۆ ئەوەى چاکتر لێی وەربگیرێ و فام بکرێ ، (أنس بن مالك) - خوا لێی ڕازى بێ- لەو بارەوە دەڵێ :  ( أنه كان ﷺ اذا تكلم بكلمة أعادها ثلاثاً حتى تُفْهَم عنه ...) رواه البخاري ، واتە : پێغەمبەر ﷺ کە قسەیەکى دەفەرموو سێ جار دووبارەى دەکردەوە (ئەگەر پێویستى کردبایە) بۆئەوەى باشتر لێی فام بکرێ ، هەروەها (عائشة)ش – خوا لێی ڕازى بێ -  لەو بارەوە دەڵێ :  ( ... ان رسول الله ﷺ لم یکن یسرد الدیث کسردکم ) رواه البخارى ، واتە : پێغەمبەر ﷺ وەکو ئێوە خێرا حێراو بەپەلە قسەى نەدەکرد ، شایانى باسیشە (بخاری) ئەم فەرمایشتەى (عائشة)ى لەوەوە هێناوە کە دەڵێ : عائیشە – خوا لێی ڕازى بێ- لە ژوورەکەى خۆیدا نوێژى دەکرد ، یەکێک لە (تابیعین) هاتو هەندێک فەرمایشتى زۆر بە خێرایی لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕانەوە ،  دوایی کە عائیشە نوێژەکەى تەواو کردو سەلامى دایەوە ، بانگى یەکێک لە خوشکەزایەکانى خۆى کرد ، کە (عروة بن زبیر) بوو ، گوتى : ئەرێ ڕۆڵە تۆ فڵان کەست نەبینى چۆن قسەکانى ڕیز کردن و بەخێرایی کردنى ! ئینجا گوتى : پێغەمبەر ﷺ کە فەرمایشتى دەفەرموو ، وەکو ئێوە قسەى ڕیز نەدەکردن بە خێرایی ، بەڵکو دانە دانە فەرمایشتى دەفەرموو ، لە ڕیوایەتێکى دیکەدا هاتووە : ئەگەر کەسێک ویستباى دەیتوانى قسەکانى بژمیرێ ، ئەوەندە بە ڕوونیی و ڕەوانیی فەرمایشتەکانى دەفەرموو .
دوو :
پێغەمبەر ﷺ عادەتى وابوو لە کاتى قسە کردندا وێنەى هێناوەتەوەو مەبەستێکى مەعنەوى لە دیمەنێکى بەرجەستەدا وێنە کێشاوە ، بۆ ئەوەى خەڵک لێی تێبگاو لەو مەبەستە مەعنەوییە حاڵی بێ ، بۆ وێنە : با سەرنج بدەینە ئەم فەرمایشتەى پێغەمبەر ﷺ ، کە (أبو هریرة) لێی دەگێڕیتەوە :{                   } رواه البخاری و مسلم ، واتە پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : ئایا دەبینن ، ئەگەر یەکێک لە ئێوە ڕووبارێک بەبەر دەرگاى ماڵیدا بڕواو هەموو ڕۆژێک پێنج جاران خۆی لێ بشوا ، ئایا هیچ چڵکێکی پێوە دەمێنێ ؟ گوتیان : هیچ چڵکى پێوە نامێنێ ، فەرمووى : ئەوە وێنەى پێنج نوێژە فەڕزەکانە ، کە بەهۆیانە خوا گوناح و تاوانەکان دەسڕێتەوە .


سێ :
پێغەمبەر ﷺ کات و شوێنى گونجاوى هەڵبژاردووە بۆ قسە کردن و واینەکردوە کە خەڵک بێتاقەت و ماندوو بێ ، لەو بارەوە (عبدالله بن مسعود) دەڵی :  (کان  النبيُّ يتخوَّلُنا بالموعظة في الأيام كراهة السَّآمة علينا ) رواه البخاری ، واتە : پێغەمبەر ﷺ بەین بەین ئامۆژگارى دەکردین بۆ ئەوەى ماندوومان نەکاو وەڕەزو بێ تاقەت نەبین .
چوار :
هەندێک جار پرسیارى لە هاوەڵانى بەڕێزى کردووە ، بۆ ئەوەى ئەوان وەڵام بدەنەوەو شتەکە باشتر لە مێشکیاندا بچەسپێ .
لەو بارەوە (أبو هریرة) ئەم فەرموودەیە دەگێڕیتەوە ، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى { أَتَدْرُونَ مَا الْمُفْلِسُ قَالُوا : الْمُفْلِسُ فِينَا مَنْ لا دِرْهَمَ لَهُ وَلا مَتَاعَ ، فَقَالَ : إِنَّ الْمُفْلِسَ مِنْ أُمَّتِي يَأْتِي يَوْمَ الْقِيَامَةِ بِصَلاةٍ وَصِيَامٍ وَزَكَاةٍ وَيَأْتِي قَدْ شَتَمَ هَذَا وَقَذَفَ هَذَا وَأَكَلَ مَالَ هَذَا وَسَفَكَ دَمَ هَذَا وَضَرَبَ هَذَا فَيُعْطَى هَذَا مِنْ حَسَنَاتِهِ وَهَذَا مِنْ حَسَنَاتِهِ فَإِنْ فَنِيَتْ حَسَنَاتُهُ قَبْلَ أَنْ يُقْضَى مَا عَلَيْهِ أُخِذَ مِنْ خَطَايَاهُمْ فَطُرِحَتْ عَلَيْهِ ثُمَّ طُرِحَ فِي النَّارِ  } رواه مسلم ، لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر ﷺ پرسیارێک ئاڕاستەى هاوەڵانى بەڕێزى دەکات وە دەفەرموێ : ئایا دەزانن باباى مایە پوچ و دەست بەتاڵ کێیە ؟ ئەوانیش دەڵێن : باباى دەست بەتاڵو مایە پووچ لاى ئێمە کەسێکە کە پارەو کەلوپەلى نەبێ ، ئەویش دەفەرموێ : مایە پووچ لە ئوممەتى من کەسێکە لە قیامەتێ بە نوێژو ڕۆژوو زەکاتەوە دێت ، بەڵام جنێوى بەم داوەو ، بوختانى داوێن پیسى بەم کردووەو ، پارەى ئەوى خواردووەو خوێنى ئەوى ڕشتووەو ، لەوى داوە ، ئیدى چاکەکانى بەملاو ئەولادا دەدرێ بەو خاوەن حەقانە تا کاتێک چاکەکانى تەواو دەبن و پیش ئەوەى حەقى خاوەن حەقەکان تەواو بێ ، ئینجا لە گوناحى خاوەن حەقەکان وەردەگیرێ و دەخرێتە سەرى و دوایی بەگوناحى ئەوانەوە دەخرێتە نێو ئاگر .
دیارە هەر کەسێک سەرنجى ئەم فەرموودەیە بدات زۆر خۆى دەپارێزێ لەوەى کە حەقى خەڵکى بکەوێتە سەر ، چونکە بەهۆى قەرزداریی و گوناهبارییەوە ئەو نوێژو طاعەتەى کە ئومێدى پیی هەیە ئەوەشى لەدەست دەچێ .
پێنج :
پێغەمبەر ﷺ وەسیلەى ڕونکەرەوەى بۆ مەبەستەکانى بەکار دەهێنا ، لەو بارەوە (جابر بن عبدالله) دەگێڕێتەوە ، دەڵێ: پێغەمبەرۆژێک پێغەمبەر ﷺ هەندێک لە هاوەڵانى لەگەڵدا بوون و بەبازارێکدا ڕەت بوون ، کە کاریلەیەکى مردارەوە بووى گوێ بڕاوى لێ کەوتبوو ، پێغەمبەر ﷺ چوو بۆ لاى کاریلەکەو دەستى دایە گوێ بڕاوەکەى و بە هاوەڵانى فەرموو ، کامتان ئەم کاریلەیەى بە درهەمێک دەوێ ؟! 
ئەوانیش گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ کەسمان بەبەلاشیش نامانەوێ جا چى لێ بکەین ! 
پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : ناتانەوێ ؟ 
ئەوانیش گوتیان  : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ نەک هەر بە مردوویی ، بەڵکو ئەگەر زیندووش بایە لەبەر ئەوەى کە گوێیەکانى بڕاون نەماندەویست .
پێغەمبەریش ﷺ فەرمووى : { ... فوالله للدنیا أهون على الله علیکم } رواه مسلم ، سوێند بە خوا دنیا لاى خوا لەم کاریلە مردارەوەبووەش کەمترە ! لێرەدا پێغەمبەر ﷺ نرخ و بەهاى ژیانى ماددیی دونیاى زۆر چاک ڕوونکردۆتەوە و لەبەر چاوى هاوەڵانى خستوە .
هەروەها (أبو موسى الأشعري) دەڵێ : ڕۆژێک پێغەمبەر ﷺ باسى برایەتى موسوڵمانانى کرد ، دوایی فەرمووى : { المؤمن للمؤمن کالبنیان یشد بعضه بعضاً ، وَ شبَّك بين أصابعهِ } واتە : ئیماندار بۆ ئیماندار وەکو دیوار وایە هەندێکى هەندێکى مەحکەم دەکات ، وە پەنجەى هەردوو دەستەکانیشى خستە ناو یەک .
لیرەشدا پێغەمبەر ﷺ وەسیلەیەکى بەکار هێناوە ، کە ئەو مانایەیان باشتر بخاتە مێشکەوە .
هەروەها (عبدالله بن مسعود) دەڵێ : ڕۆژێک پێغەمبەر ﷺ هێلێکى ڕاستى کێشاو فەرمووى : ئەوە ڕێبازى خوایە ، ئینجا چەند هێلێکى پچڕ پچڕ و خوارو خێچى لەملاو ئەولاى ئەو هێڵە ڕاستەوە کێشان و فەرمووى ، ئەوانەش ڕێچکەکان (سبل)ن ، وەلەسەر هەر ڕێچکەیەک لەو ڕێچکانەش شەیتانێکى لەسەرەو خەڵکى بۆ بانگ دەکات ، دوایی ئەم ئایەتەى خوێندەوە :  { وَأَنَّ هَٰذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ  وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ  ذَٰلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (١٥٣)} الأنعام ، واتە : وە ئەمە ڕاستە شەقامى منەو شوێنى بکەون ، وە بەدواى ڕێچکەکان مەکەون ، ئەگەر نا پەرتەوازە دەبن و سەرتان لێ دەشێوێ .


شەش : 
یەکێکى دیکە لە شێوازەکانى پێغەمبەر ﷺ ئەوە بووە ، کە هانى ئینسانى چاکەکارى داوەو مەدحى کردووە ، وەکو (أبو موسى الأشعري) دەگێڕێتەوە ، کە پێغەمبەر ﷺ ڕۆژێک پێی فەرمووە : { لو رأيتني وأنا استمع لقراءتك البارحة ! لقد أوتيت مزماراً من مزامير آل داود} رواه مسلم، واتە : ئەگەر دەتبینین ، کە دوێنی شەوێ گوێم هەڵخستبوو بۆ قوڕئان خوێندنەکەت ! تۆ ئاوازێک لە ئاوازەکانى بنەماڵەى داوودت پێ دراوە ، لێرەدا پێغەمبەر ﷺ (أبو موسى)ى هانداوە بۆ زیاتر و چاکتر قوڕئان خوێندن .
حەوت:
یەکێکى دی لە شێوازەکانى پەروەردەو فێرکردنى پێغەمبەر ﷺ ئەوە بووە ، کە ئەگەر پێویستى بووبێ تووڕە بووەو سەرزەنشتى ئەو کەسەشى کردوە کە هەڵەکەى کردوە ، بۆ وێنە (جابر بن عبدالله) دەگێڕێتەوەو دەڵێ: ڕۆژێک (عمر) –خوا لێی ڕازى بێ- هات بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ ، کە نوسخەیەک لە تەوڕاتى پێ بوو ، گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئەوە نوسخەیەکە لە تەوڕات ، پێغەمبەریش ﷺ بێ دەنگ بوو ، (عمر)یش ووردە ووردە بۆى خوێندەوە ، پێغەمبەریش ڕەنگى دەموچاوى گۆڕاو سوور بۆوە لە توڕەییان ، (أبو بکر)یش کەلە خزمەت پێغەمبەردا بوو بە (عمر)ى گوت : سینکوتەر سینگت بۆ بکوتن ( واتە بمرى و بفەوتێی ) ، مەگەر نابینى پێغەمبەر ﷺ تووڕبووە ! عومەر تەماشاى دەموچاوى موبارەکى پێغەمبەرى کرد ﷺ و گوتى : ( أعوذ بالله من غضب الله و غضب رسوله ) ، واتە : پەنا دەگرم بەخوا لە تووڕەیی خواو لە تووڕەیی پێغەمبەرەکەى ﷺ ، ئینجا گوتى : { رضينا بالله رباً ، وبالأسسلام ديناً ، وبمحمد ﷺ رسولاً} ، واتە: ڕازیین بە پەروەردگارێتى خوا ، وە بەبەرنامێتى ئیسلام ، وە بە ڕەوانکراوێتى موحەممەد ﷺ ، دوایی پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : { والذي نفسه (محمد) بيده لو بدا لكم موسى فاتبعتموه و تركتموني لضللتم عن سواء السبيل ولو كان حياً وأدرك نبوتي لاتَّبعني } واتە : سوێند بەوەى کە گیانى موحەممەدى بەدەستە ، ئەگەر مووساتان بۆ دەرکەوێ و شوێنى بکەون و واز لە من بێنن ، لە ڕاستە شەقام دەترازێن و گومڕا دەبن ، ئەگەر مووسا زیندوو بووایەو فریاى من کەوتبایە  ، بەدواى من دەکەوت و ئیمانى بە پێغەمبەرایەتى من دێنا .
هەشت : 
یەکێکى دیکە لە شێوازەکانى پێغەمبەر ﷺ لەپەروەردەو فێرکردندا ، ئەوەیە کە زۆر هێدیی و مەندو لەسەرەخۆ بووە ، وە لە (صحیح مسلم) دا هاتووە : پێغەمبەرۆژێک کابرایەکى دەشتەکى دێتە  مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ ، لە نێو مزگەوتدا میز دەکات، هاوەڵان دەیانەوێ دەنگى بدەن ، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : { لا تُزْرِموه دَعُوهَ ...} واتە :  ( میزەکەى لێ مەپچڕن ، لیی گەڕێن ...) دواى ئەوەى کابراى دەشتەکى میزەکەى تەواو کرد ، پێغەمبەر ﷺ بانگى کردوو ئامۆژگاریی کردو پیی فەرموو : ئێرە شوێنى میز لێکردنى نیە ، دوایی فەرمان بە هاوەڵان دەکات ، کە دۆڵچەیەک ئاو بە شوێنى میزەکەیدا بکەن ، ( چونکە ئەرزى مزگەوتەکە چەوو لم بووەو ئاوەکە پییدا چۆتە خوارێ و ، بەوە پاک بۆتەوە ) .
نۆ :
پێغەمبەر ﷺ هاوەڵانى بەڕێزى فێر دەکرد کە دیندارییەکى هاوسەنگ بکەن ، وە بە هاوسەنگیی بەندایەتى بۆ خوا بکەن و دیندارییەکەیان بەملاو لادا لاسەنگ نەکەن .
وەک (عبدالله بن عمرو بن العاص ) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ لەدواى ناردم و فەرمووى : من بیستوومە ، کە تۆ ڕۆژانە بێ پسانەوە بەڕۆژوو دەبیت و شەوانیش هەموو شەوێ قوڕئان دەخوێنى و ناخەوی ؟
گوتم : بەڵێ وایە ! بەڵام هەر مەبەستم پێ خێرو چاکە بووە ، پێغەمبەریش ﷺ پێی فەرمووم : ئەوەندەت بەسە ، کە مانگێ سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بیت ، دوایی من داوام لێکرد ، کە بۆم زیاد بکات ، تا فەرمووى : هەموو ڕۆژێک نا ڕؤژێک بەڕۆژوو بە ، وە ئەوەندە شەونوێژ بکە،  دوایی پێغەمبەر ﷺ پیی فەرمووم : {فإِن لزوجك عليك حقاً ، وولزَوْرِك عليك حقاً ، و لجسدك عليك حقاً ...} رواه مسلم ، واتە : هاوسەرەکەت مافى لەسەرتە ، میوانت مافى لەسەرتە  ، بەدەنیشت مافى لەسەرتە ، واتە : هەر خاوەن مافە مافى خۆى پێ بدە و دیندارییەکى هاوسەنگانە بکە .
بەڕێزان !
ئەوانەى ڕابردن چەند نموونەیەک بوون لە شیواز و چۆنیەتى تێگەیاندن و پەروەردە کردن و پێگەیاندنى پێغەمبەر ﷺ بۆ هاوەڵانى بەڕێزى و بێگومان ئەو بەڕێزانەش بەم جۆرە پەروەردە کرابوون بۆیە پەرێز و بەرهەمێکیان هەیە کە هەموو مرۆڤایەتى پیی بەختەوەرەو شانازیی پێوە دەکات . 
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٥٦-٤٦٣)

زیاتر

12
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه