 گەڕان و هەوڵدانى پێغەمبەر ﷺ بۆ دۆزینەوەى پێگەیەک :
دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ لە شیوەکانى (أبی طالب) هاتە دەرەوە ئەو دەنگ دابڕینەى ، (قریش) لەگەڵ ( بنی هاشم) دا کردبووبان کۆتایی پێ هات ، پاش ماوەیەکى کەم هەرکام لە پشتیوانە دەرەکیی و ناوەکییەکەى پێغەمبەر ﷺ ، واتە : (أبو طالب) ى مامى و (خدیجة)ى خێزانى – خوا لێى ڕازى بێ- وەفاتیان کرد ، دوای نەمانى (أبو طالب) ، کە ڕیش سپى و کەسایەتییەکى گەورەى (بنی هاشم ) بوو ، ئازارو ئەشکەنجەى پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵەکانى بە گشتى لەلایەن قوڕەیشییەکانەوە زیادى کرد .
بۆیە پێغەمبەر ﷺ لەو کاتەوە کەوتە خولیاو بیرى ئەوەى ، کە پێگەیەکى دیکە بۆ بانگەوازەکەى بدۆزێتەوە ، وە ئەو بارودۆخ و کەش و هەوایەى مەککە کە زۆر خنکێنەر بوو ، بگۆڕێ ، وە پێغەمبەر ﷺ ویستى ئەو بانگەوازو پەیامەى کە لە مەککە تەنگى پێ هەڵچنراوەو ئێچکى لێ وێک هێنراوەتەوە ، بگوازێتەوە بۆ شوێنێکى ئازاد ، بۆ ئەو مەبەستەش دەستى کرد بە گەڕان ، کە ئەمەش لە ساڵى (١١)یەمى پێغەمبەرایەتیدا بووە ، وەک (ابن إسحاق) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ دەستى کرد بەخۆڕانواندن لەسەر تیرەکانى عارەب و خۆى پێ دەناساندن و مەبەست و بامنگەوازەکەى خۆى تێ دەگەیاندن ، بە تایبەتى لەو کاتانەدا کە خەڵکەکە دەهات و ئەو عیبادەت و خواپەرستیانەى خۆیان لە مەککەو دەوروبەرى مەککە ئەنجام دەدا ، پێغەمبەر ﷺ بانگى دەکردن بۆ لاى خواو تێی دەگەیاندن ، کە پێغەمبەرێکى ڕەوانە کراوە لەلایەن خواوە ، وە داواى لێ دەکردن کە بەڕاستى بزانن وە بەرگرى لێ بکەن ، وە (إبن إسحاق) دەڵێ : ( حسین بن عبدالله بن عبید الله بن عباس ) پێی گوتم : گوێم لە (ربیعة بن عباد) بوو ، کە بابى بۆى گێڕابۆوە ، گوتویەتى : {يا بني فلان إني رسول الله إليكم يأمركم أن تعبدوا الله ولا تشركوا به شيئا ، وأن تخلعوا ما تعبدون من دونه من هذه الأنداد وأن تؤمنوا بي ، وتصدقوا بي ، وتمنعوني ، حتى أبين عن الله ما بعثني به}، واتە : بابى (ربیعة) دەڵێ : من گەنجێک بوو، کە تازە دەگەیشتمێ لەگەڵ بابم بووم لە (مینا) پێغەمبەر ﷺ لەسەر مەنزڵگاى تیرەکانى عارەب دەوەستاو دەیگوت : ئەى (بنی فلان) ، واتە : ئەى (فڵان عەشیرەت) من پێغەمبەرى خوام بۆ ئێوە ، خوا – جل شأنه- فەرمانتان پێ دەکا بیپەرستن ، وە هیچ شتێک نەکەن بە هاوبەشى ، وە ئەوانەى کە دەیانکەن بە هاوبەش بۆ خوا فڕێیان بدەن ، وە ئیمانم پێ بێنن و بەڕاستم بزانن ، وە پشتگیریم بکەن و بەرگریم لێ بکەن ، تاکو ئەوەى کە خوا منى پێ ڕەوانە کردووە ڕایبگەیەنم .
دەڵێ : وە هەمیشە پیاوێک لە دوایەوە دەڕۆیشت ، کە ئینسانێکى دەم وچاو درەوشاوەو جوان بوو ، دوو کەزى هەبوون ، بەرگێکى عەدەنیی لەبەردا بوو ، دواى ئەوەى ، کە پێغەمبەر ﷺ لە قسەکانى خۆى دەبۆوە ئەو کابرایە دەیگوت : {يا بني فلان إن هذا إنما يدعوكم أن تسلخوا اللات والعزى من أعناقكم وحلفاءكم من الجن من بني مالك بن أقيش إلى ما جاء به من البدعة والضلالة فلا تطيعوه ولا تسمعوا منه } واتە : ئەى هۆزى فڵان، ئەم کابرایە (محمد) بانگتان دەکات ، کە ( لات و عوززا) لەگەردنى خۆتان دابڕنن ، هەروەها پەیوەندى بپچڕێنن لەگەڵ هاوپەیمانەکانتان لە (جن) لە (بني مالك بن أقيش ) (ئەوە تیرەیەکى ناسراوى - جن- بووە )، وە بانگتان دەکات بۆ ئەوەى ، کە خۆى هێناویەتى لە شتى داهێنراوو گومڕایی ، بەقسەى مەکەن ، وە گوێی بۆ مەگرن ، دەڵێ : منیش بە بابم گوت : ئەو کابرایە کێیە ، کە بەدواى پێغەمبەر ﷺ دەکەوێت و بەرپەرچى دەداتەوە ؟
گوتى : ئەوە مامیەتى (عبدالعزی بن عبدالمطلب) کە (أبو لهب) ە .
هەروەها (ابن هشام) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ قسەى لەگەڵ چەند تیرەیەک کردووە ، کە باسى چوار لەو تیرانەمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێ: سەرەتا پێغەمبەر ﷺ چۆتە لاى عەشیرەتى (کندة) لە مەنزڵگاو هەوارگەى خۆیان ، کە گەورەو سەرۆک هۆزەکەیان ناوى (ملیح ) بووە ، پێغەمبەر ﷺ بانگى کردوون بۆ لاى خواى زاڵ و شکۆدار ، وە خۆى پێناساندوون و ئیسلامى بۆ باس کردوون ، بەڵا لێیان وەرنەگرتووە .
دوایی پێغەمبەر ﷺ چۆتە لاى تیرەى (بنی عبدالله) لە هۆزى (کلب) لە مەنزڵگاى خۆیان و خۆى پێ ناساندوون و باسى ئیسلامى بۆ کردوون وە پێی گوتون : (یا بنی عبدالله إن الله – عز وجل- قد أحسن اسم أبیکم) ، واتە : ئەى وەچەى (عبدالله) خواى بەرزو مەزن ناوى بابتانى کردووە بە ناوێکى چاک ! دوایی بانگى کردوون بۆ خوا پەرستیی و بەڕاست دانانى پێغەمبەرایەتى خۆیی و ئیسلامى بۆ باس کردوون ، بەڵام ئەوانیش ئەو بانگەوازەیان لێ وەرنەگرتووەو بەرپەرچیان داوەتەوە .
هەروەها چووە بۆ لاى (بنی حنیفة) ئەوانیش لەسەر مەنزڵگاى خۆیان بانگى کردوون بۆ تەنیا پەرستنى خواو خۆى پێناساندوون ، بەڵام لە عارەباندا هیچ کەس وەکو ئەوان وەڵامى توندو خراپ و ناقۆڵای نەبووەو زۆر بەشێوەیەکى ناشیرین وەڵامى پێغەمبەریان {ص داوەتەوە .
ئینجا چووە بۆ لاى (بنو عامر بن صعصعة) ئەوانیشى بانگ کردووە بۆ لاى خواو خۆى پێ ناساندوون ، وە پیاوێک لەو هۆزە بەناوى (بیحرة بن فراس) گوتى : بەخوا ئەگەر ئەو گەنجەى قوڕەیش بگرم عەرەبى پێ دەگرم ! ( هەڵبەتە ئەو کابرایە بۆیە واى گوتوە چونکە پێغەمبەر ﷺ پیاوێکى بەشان و شەوکەت بووە و لە ڕووى قەدو قیافەو لە ڕووى عەقڵ و تێگەیشتن و قسە زانیی و زمان پاراویی و ڕەوشت بەرزیی و هتد ەوە ، کامڵ بووە ) دوایی ( بحیرة ) بە پێغەمبەرى گوت : ( أرأيت أن نحن بايعناك على أمرك ثم أظهرك الله على من خالفك ، أيكون لنا الأمر من بعدك ؟)، واتە : ئایا ئەگەر ئێمە پەیمانمان بەتۆدا پاشان خوا تۆى سەرخست بەسەر ئەوانەدا کە نەیارتن ، ئایا لەدواى ئەوەى کە تۆ دەمری ، سەرۆکایەتى ئەو دینە بۆ ئێمە دەبێ ؟!
پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : { الأمر الى الله یضعه حیث یشاء} ، واتە : پەیوەندى بەخواوە هەیە بەقسمەت کێی کرد بۆ وى دەبێ .
ئەویش گووتى : ( أفنهدف نحورنا للعرب دونك فإذا أظهرك الله كان الأمر لغيرنا ؟! لا حاجة لنا بأمرك) ،واتە : ئێمە سینگى خۆمان بکەینە قەڵغان لەبەرامبەر عەرەبداو دواى ئەوەى ، کە خوا تۆى سەرخست ، ئەو زەعامەت و گەورەییە بۆ غەیرى ئێمە بێت ؟! بڕۆ ئیشمان بەکارى تۆ نییە ، واتە : ئەوانیش وەڵامیان نەدانەوە .
بەڵێ پێغەمبەر ﷺ کە هەر کەس و تیرەو هۆزێکى بانگ کردبێ بۆ خوا پەرستیی و ئیمان هێنان بە پێغەمبەرو ئیسلام ، بەمەرجى پێدانى بەرپرسیارێتى و پارەو پوڵ و تەماع بانگى نەکردوون و وویستویەتى خەڵک بە قەناعەت و لەبەر خوا ، دواى ئیسلام بکەون و فەرموویەتى : بەندایەتى بەس بۆ خوا بکەن و ئەگەر بەندەى چاک بن ، خوا –جل شأنه- دەتانخاتە بەهەشت و لە دۆزەخ دەتانپارێزێ ، بێگومان کارى ئیسلامى تەنیا بە کەسانێک دێتە بەرهەم و بەرگرى و پشتگرى و پشتیوانى لێ دەکرێ ، کە قەناعەتیان پێی بێ ، نەک بەهۆى تەماعى دونیاوە دوای کەوتبن ، چونکە هەر کاتێک ئەو تەماعە نەما پشتى دین بەردەدەن .
ئینجا (إبن إسحاق) ئاوا کۆتایی بەباسەکەى خۆى دێنێ : {فكان رسول الله صلى الله عليه وسلم على ذلك من أمره، كلما اجتمع له الناس بالموسم أتاهم يدعو القبائل إلى الله وإلى الإسلام، ويعرض عليهم نفسه، وما جاء به من الله من الهدى والرحمة، وهو لا يسمع بقادم يقدم مكة من العرب له اسم وشرف إلا تصدى له، فدعاه إلى الله، وعرض عليه ما عنده} ، واتە : ئینجا پێغەمبەر ﷺ لەسەر کارى خۆى بەردەوام بوو هەرکاتێک خەڵک لەکاتى حەجدا کۆ دەبونەوە ، دەچوو بۆ لایان و هۆزەکانى بانگ دەکرد بۆ لاى خواو خۆى پێ دەناساندن ، ئەو هیدایەت و ڕەحمەتەى کە پێی نێررابوو دەیخستە ڕوو ، وە هیچ کەسێک نەبوو لەوانەى ، کە پلەو پایەو شەڕەفێکیان هەبوو لەنێو عارەبدا ، کە دەهاتن بۆ مەککە ، نەچێ بۆ لایان و بانگیان نەکات بۆ لاى خوا ، وە ئەوەى کە پێی بوو بۆى باس دەکردن .
بەڵام لە هەموو ئەو هەوڵانەدا پێغەمبەر ﷺ بە نائومێدى گەڕاوەتەوەو باوەڕیان پێ نەهێناوە .
وە لەو بارەوە (إبن کثیر) لە مێژووەکەى (البدایة والنهایة)دا ، بەسەرهاتێکمان لە (عەلى کوڕى ئەبی طالب)ەوە بۆ دەگێڕێتەوە ، عەلى – خوا لێی ڕازى بێ- دەڵێ : دواى ئەوەى خواى بەرزو بڵند فەرمانى بە پێغەمبەرى خۆى کرد ، کە خۆى ڕانوێنێ لەسەر تیرەکانى عەرەب ، جارێک من و (أبو بکر)ى لەگەڵدا بووین چووینە یەکێک لە مەجلیسەکان ، کە ئارامیی و ویقارو ڕێز و حورمەتى تێدا دیار بوو (أبو بکر) پێشکەوت و سەلامى کردوو لێی پرسین ئێوە کێن ؟
گوتیان : ئێمە ( شیبان بن ثعلبة) ین ، ( أبو بکر پیاوێکى ڕەچەڵک ناس بووە ) ئەویش ئاوڕى لە پێغەمبەر ﷺ دایەوەو گووتى : باب و دایکم بەڵاگێڕت بن ئەوانە خەڵکى زۆر بەڕێز و ناسراون .
عەلى دەڵێ : یەکێک لە نێویاندا هەبوو ناوى (مفروق) هەم قسەزان بوو ، هەم جوان و بەشان و شەوکەت بوو دوو پرچى بەسەر سنگیدا هاتبوونە خوارێ ، وە شوێنەکەشى لەو شوێنەوە نزیک بوو کە (أبو بکر ) لێی دانیشتبوو .
(أبو بکر) لێی پرسى : ژمارەتان چەندە ؟
(مفروق) گووتى : شەڕکەرمان لە (١٠٠٠) کەس زیاترەو (١٠٠٠)یش لەبەر کەمییان قەت تێک ناشکێن .
(أبو بکر) لێی پرسی : ئایا خۆڕاگرى و ئامرازو هۆیەکانى جەنگتان چۆنە ؟
(مفروق) گوتى : ئێمە ، کەبە دوژمن دەگەین لە هەموو کاتان توڕەترین ، وەکاتێکیش ، کە توڕە دەبین لە هەموو کاتان توند ترین ، وە ئێمە (ئەسپ) مان پێ لە کوڕان چاکترە ، وە (سیلاح)یشمان لەلا لە حوشترو مەڕوماڵات چاکترە ، وە یارمەتى هەر لەلایەن خواوەیە ، جارى وایە سەرماندەخات و ، وە جارى واش هەیە تێک دەشکێین ، ئینجا ( مفروق) لێی پرسى : ڕەنگە تۆ ئەو برایەى قوڕەیشیان بی ؟!
(أبو بکر ) گوتى : ئەگەر هەواڵتان پێ گەیشتووە ، کە پێغەمبەرى خوا پەیدا بووە ، ئەمە هەوە ، ئیشارەى بە پێغەمبەر ﷺ کرد .
ئینجا (مفروق) ڕووى لە پێغەمبەر ﷺ کردوو گووتى : ئەى براى قوڕەیشیان بۆچ شتێکمان بانگ دەکەى ؟! پێغەمبەر ﷺ فەرمووى {أدعوكم إلى شهادة أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأني عبد الله ورسوله، وإلى أن تُئووني وتنصروني، فإن قريشًا قد تظاهرت على الله، وكذّبت رسوله، واستغنت بالباطل عن الحق، والله هو الغني الحميد} واتە : بانگتان دەکەم کە شایەتمان بێنن بێجگە لە خوا پەرستراوى دیکە نین ، تاکەو هیچ هاوبەش نین ، وەکەمنیش بەندەى خوام و ڕەوانەکراوى خوام ، وە داواتان لێ دەکەم کە پەنام بدەن و پشتم بگرن ، چونکە قوڕەیش ( واتە : زۆربەیان) دژایەتى خوا دەکەن ، وە پێغەمبەرى خوا بەدرۆزن دەزانن ، وە (باطل)یان پێ لە حەق چاکترە ، وە خواش بێ نیازەو شایستەى هەموو ستایشێکە .
(مفروق) گوتى : ئەى براى قوڕەیشى بۆچى دێکەمان بانگ دەکەى ؟ بەخوا تائێستا قسەى باشتر لەوەى تۆم نەبیستووە !!
ئینجا پێغەمبەر ﷺ ئەو ئایەتەى بۆ خوێندەوە : {قُلْ تَعَالَوْا أَتْلُ مَا حَرَّمَ رَبُّكُمْ عَلَيْكُمْ أَلَّا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَلَا تَقْتُلُوا أَوْلَادَكُمْ مِنْ إِمْلَاقٍ نَحْنُ نَرْزُقُكُمْ وَإِيَّاهُمْ وَلَا تَقْرَبُوا الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَلَا تَقْتُلُوا النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ (151)} الأنعام ، واتە : ئەى موحەممەد تۆ بڵێ : وەرن ئەوەتان بەسەردا بخوێنمەوە کە پەروەردگارتان لێی قەدەغە کردوون : هیچ شتێک مەکەنە هاوبەش بۆ خوا ، وە لەگەڵ باب و دایکیشتان چاک بن ، وە منداڵەکانتان لەبەر نەدارى مەکوژن و ئێمە ڕۆزى ئێوەش و ئەوانیش دەدەین ، وە توخنى کردەوە دزێوو ناشیرینەکان مەکەون ، چ ئەوەى ئاشکرایەو چ ئەوەى پەنهانە ، وە ئەو نەفسەى کە خوا قەدەغەى کردووە بە حەق نەبێ مەیکوژن ، ئائەوەتان خوا ئێوەى پێ ئامۆژگارى کردووە ، بەشکم عەقڵتان هەبێ (یان : ئەگەر بفامن دەزانن کە ئامۆژگاری خوا چاکترین ئامۆژگارییە) .
(مفروق) گووتى : بەخوا بەڕەوشتى زۆر بەرزو کردەوەى زۆر چاک بانگى خەڵکى دەکەى ، وە کەسانێک کە تۆیان بەدرۆزن لەقەڵم داوە درۆیان کردووە ، کەسانێک کە دژایەتییان کردووى خراپەیان کردووە .
دوایی (مفروق) بۆ خۆى قسەى کۆتایی نەکرد، بەڵکو شتەکەى گەڕاندەوە بۆ (هانىء بن قبيصة)، وە گووتى : ئەو (هانىء) ە شێخمانەو پسپۆڕى دیندارییمانە با ئەو قسەى لێ بکا .
(هانیء)یش گوتى : ئەى براى قوڕەیشى قسەکەتم بیست ، بەڵام من پێم وایە ئەگەر دینى خۆمان واز لێ بێنین و بەدواى دینى تۆ بکەوین ، بەیەک دانیشتن کەلەگەڵ تۆدا کردوومانەو نەپێشتر کۆبونەوەى دیکەمان کردووەو نە لەدواى وى کۆبونەوەى دیکە بکەین ، ئەوا کەم عەقڵى ئێمە دەگەیەنێ ، وە ماناى وایە ئێمە کورت بین بووین ، کە ئە تەئکید هەڵەش لە پەلەپەلێدایە ، بۆیە ئێمە پێمان باش نیە لێرە کۆتایی بە شتەکە بێنین و پەیمانت لەگەڵ ببەستین ، بەڵکو تۆ بگەڕێوە بۆ شوێنى خۆت و ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆلاى تیرەو هۆزى خۆمان و مەشوورەتیان پێ دەکەین ، ئینجا (هانىء) پێی خۆش بوو (مُثنَّـــــى)ش بەشدارى لە قسەکاندا بکات ، بۆیە گوتى : ئەوەش (مثنى)یە پیاوى جەنگاوەرمانە ( واتە : بەرپرسی سەربازى) .
(مثنى)ش گووتى گوێم لە قسەکەت بوو ئەى براى قوڕەیشى و هەمان وەڵامى (هانىء)ى دایەوە ، بەڵام شتێکى دیکەى بۆ زیاد کرد ( چونکە عەسکەرییانە بیرى لێ کردۆتەوە )گوتى : ئێمە لە نێوان دوو ئاوەدانییان داین ، یەکیان (الیمامة) یە ئەوەى دى ( السماوة) یە ، پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : ئەو دووانە چیین ؟!
(مثنى) گوتى : یەکیان سەرزەمینى عەرەبەو ئەوى دیکەشیان ووڵاتى فارس و ڕووبارەکانى (کیسرا) ن ، جا بە نیسبەت سەرزەمینى لاى کیسراوە ئێمە ناتوانین یارمەتیدان بدەین ! چونکە پەیمانمان هەیە لەگەڵ کیسرادا هیچ کەسێک پەنا نەدەین کە دۆست نەبێ ، بەڵام بە نیسبەت سەر زەمینى لاى عارەبانەوە ، بێ منەتین ، ئینجا گوتى : ئەى براى قوڕەیشى ! ئەو دینەى کەتۆ ئێمەى بۆ بانگ دەکەى من پێم وایە پادشاو دەسەڵاتدارەکان ڕقیان لێی هەڵدەستێ ، جا ئەگەر حەز دەکەى ئەوە بەنیسبەت لاى عارەبەوە پشتگیریت دەکەین !
پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : {ما أسأتم في الرد إذ أفصحتم بالصدق! وإن دين الله عز وجل لن ينصره إلا من حاطه من جميع جوانبه. أرأيتم إن لم تلبثوا إلا قليلاً حتى يورثكم الله تعالى أرضهم وديارهم ويفرشكم نساءهم، أتسبحون الله وتقدسونه؟!} واتە : وەڵامێکى خراپتان نەدایەوە چونکە ڕاستگۆیانە دووان ، بەڵام بەرنامەى خواى زاڵ و شکۆدار بەس کەسێک دەتوانێ سەری بخاو پشتگیرى لێ بکا کە لە هەموو لایەکانەوە بۆى ئامادە بێت ،( نەک لایەکى بگرێ و لایەکەى دی چۆڵ بکات ) ئینجا فەرمووى : ئایا ئەگەر پاش ماوەیەکى کەمى دیکە بینیتان ، کە خواى بەرز سەر زەمین و خانوو بەرەو ئافرەتەکانیانى کردە میراتى ئێوە ، ئایا لەو کاتەدا خوا بە پاک دەگرن و بەندایەتى بۆ خوا دەکەن. ؟!
لە کۆتاییدا (نعمان بن شریك) گوتى : بەڵێ سوێند بە خوا ئەگەر وابوو ئەو کاتە تەنیا خوا دەپەرستین و بۆمان دەردەکەوێ کە تۆ پێغەمبەرى خواى .
وەلە (إمتاع الأسماع) ى (المقریزي)دا هاتووە : لەو چەند مانگەى ساڵى (١١)یەمى پێغەمبەرایەتیدا ، پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ (١٥) تیرەو هۆزدا قسەى کردووەو باسى ئیسلامى بۆ کردوون ، بۆیە پێویستە ئێمەش لە پێناو دینى خوادا خۆمان ماندوو بکەین و بچینە نێو خەڵک و بەزۆر شێواز ڕاستییەکانیان بۆ ڕوون بکەینەوەو پێیان ڕابگەیەنین و تانەو تەشەرو ناخۆشییەکانیش لەو پێناوەدا لە خۆمان بگرین .
(المقريزي ) دەڵێ : ثم عرض ﷺ نفسه على القبائل أيام الموسم ودعاهم الى الإسلام وهم :
( بنو عامر ، غسان ، بنو غرارة ، بنو حرة ، بنو سليم ، بنو نضر ، بنو عبس ، ثعلبة بن عكابة ، كندة ، كلب ، بنو الحارث بن كعب ، بنو حنيفة ، بنو عذرة ، قيس بن خطم ، أبو أنس بن أبي )
پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هەر کامێکیان کە قسەى دەکرد دەیفەرموو : { مَن رجلٌ يَحْمِلُني الة قومه ، فإن قريشاً قد منعونى أن أُبلِّغ كلام ربي؟!} ، واتە : چ پیاوێک هەیە ڕێگەم پێبداو لەگەڵ خۆیم بەرێ بۆ نێو تیرەو هۆزەکەى خۆیی و پشتگیریم لێ بکات ، بۆ ئەوەى پەیامى پەروەردگارم ڕابگەیەنم ، چونکە قوڕەیشییەکان ڕێگەم لێ دەگرن ، کە پەیامى پەروەردگارم ڕابگەیەنم ؟!
(أبو لهب) یش کە لە دواى دەڕۆیشت دەیگوت : ( لاتسمعوا منه فأنه کذاب) واتە : گوێی لێ ڕامەگرن ئەوە درۆزنە .
ئینجا (أحمد) لە (مسند)ەکەیدا ، وە (الطبراني) لە ( المعجم الکبیر)ى خۆیدا ( البیهقي ) لە (الدلائل)دا ، لە (مدرك بن منيب) ەوە دەگێڕنەوە کە ئەویش لە بابییەوە و ئەویش لە باپیرییەوە گێڕاویەتەوە ، کە گوتویەتى : پێغەمبەرى خوام ﷺ بینى لەسەر دەمى نەفامیدا دەیفەرموو ( یاأیها الناس قولوا لااله الا الله تفلحوا ) ، واتە : ئەى خەڵکینە بڵێن جگە لە خوا هیچ پەستراوێک نین سەرفراز دەبن ، جا کە پێغەمبەر ﷺ ئاوا بانگى دەکردن ، خەڵکێک تفى لە دەموچاوى پێغەمبەر ﷺ دەکرد ، هێندێکیش خۆڵیان پێدا دەکرد ، هێندێکیش قسەى ناشیرینیان پێ دەگووت ، تا نیوەڕۆ پێغەمبەر ﷺ بەردەوام دەبوو ، بەڵام ئەوان هەر بەرپەرچیان دەدایەوە تا کچێک هات قاپە ئاوێکى پێبوو پێغەمبەر ﷺ بە کچەکەى فەرموو : (یا بنیة لا تخشى على أبیك غلبة ولا ذلة) واتە : ئەى کچم ذ لە بابت مەترسێ کە ژێر بکەوێ یاخود زەبون بێ ، منیش گوتم : ئەوە کێیە ؟! گوتیان : ئەوە زەینەبى کچى پێغەمبەرە ﷺ.
لە کۆتایی ئەم باسەشدا ئاماژەیەکى خێرا بەچەند مەسەلەیەک و گەورەترین دەرس و پەندى گەڕانى پێغەمبەر ﷺ بەدواى پێگەى جەماوەریدا دەکەین :
١)پێغەمبەر ﷺ بەزۆرى بەشەو لەگەڵ ئەو تیرانەدا دادەنیشت ، بۆ ئەوەى قۆڕەیشییەکان پێی نەزانن و لێی تێک نەدەن .
٢) خۆى دەچوو بۆ هەوارگەو مەنزڵگایان و قسەى بۆ دەکردن ، نەک چاوەڕێ بێ ئەوان بێن بۆ لاى !چونکە ئەوە وەک فریاد ڕەسێک خەڵکى ڕزگار دەکرد لە شەوە زەنگى گومڕایی .
٣) بە تەنها نەدەچوو ، بەڵکو کەسێک یان دوو لە هاوەڵانى لەگەڵ خۆیدا دەبرد ، بە تایبەتى (أبو بکر ) کە زۆر ڕەچەڵەک ناس بوو .
٤) هەمیشە داکۆکى لەسەر تواناو هێزى تیرەکان دەکرد ، کە لەسەرەتاوە پێویستى بەهێزى زیاتر بوو تاکو بتوانێ بەرگرى لێ بکەن .
ئەو دەرس و پەندە گەورەیەش کەلەم مەسەلەیە وەردەگیرێ ئەوەیە ، کە بەبێ دروست کردنى بنکەى جەماوەرى و هێزو تواناى پێویست قەوارەو کیانى ئیسلامى دروست نابێ و پێویستە دروست کردنى بنکەى جەماوەرى گرنگى تەواوى پێ بدرێ و زۆر بەجددى کارى بۆ بکرێ ، دیارە هەر واقیع و هەل و مەرجەش شێوازى خۆى دەوێ .
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٣٤٦-٣٥٧)
|