 دەرکەوتنى (میسلمة الکذاب) لە (یمامة) و (الأسود العنسی) لە (صنعاء) :-
لە کۆتایی ساڵى دەیەمى کۆچیدا دوو کەس پەیدا دەبن ، کە لە نێو خەڵکدا لافى پێغەمبەرایەتى لێدەدەن و بانگەشەى پێغەمبەرایەتى دەکەن ، یەکیان لە (یمامة) کە (مسیلمة الکذاب) ە ، کە (مسیلمة بن ثمامة بن کبیر بن حبیب بن الحرث)ەو ، لە (بنی حنیفة)یە ، وە پێغەمبەر ﷺ ناوى (الکذاب)ى بەسەردا بڕیوە ، دووەمیشیان (الأسود العنسی)یى لە (صنعاء) لە یەمەن .
(ابن هشام ) هێناویەتى دەڵێ : (مسیلمة) نامەیەک بۆ پێغەمبەر ﷺ دەنووسێ کە ئەمە دەقى نامەکەیەتى : { مِنْ مُسَيْلِمَةَ رَسُولِ اللَّهِ، إلَى مُحَمَّدٍ رَسُولِ اللَّهِ: سَلَامٌ عَلَيْكَ، أَمَّا بَعْدُ، فَإِنِّي قَدْ أُشْرِكْتُ فِي الْأَمْرِ مَعَكَ، وَإِنَّ لَنَا نِصْفَ الْأَرْضِ، وَلِقُرَيْشٍ نِصْفَ الْأَرْضِ، وَلَكِنَّ قُرَيْشًا قَوْمٌ يَعْتَدُونَ} ، واتە : { لە (مسیلمة) ڕەوانەکراوى خواوە بۆ موحەممەد ڕەوانەکراوى خوا ، سەلامت لێ بێ – أما بعد- ئەوە من لەو ئیشەى تۆدا بەشدار کراوم نیوەى سەر زەوى بۆ ئێمەو نیوەشى بۆ قوڕەیش ، بەڵام قوڕەیش قەومێکە دەست درێژى دەکەن } پێغەمبەریش ﷺ بەم شێوەیە وەڵامى دەداتەوە : { بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ، مِنْ مُحَمَّدٍ رَسُولِ اللَّهِ، إلَى مُسَيْلِمَةَ الْكَذَّابِ: السَّلَامُ عَلَى مَنْ اتَّبَعَ الْهُدَى. أَمَّا بَعْدُ، فَإِنَّ الْأَرْضَ للَّه يُورَثُهَا مَنْ يُشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ، وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ} ، واتە : { بەناوى خواى بەبەزەیی بەخشندە ، لە (محمد) ڕەوانەکراوى خواوە بۆ (مسیلمة) ى درۆزن ، سەلام لەو کەسە بێ ، کە بەدواى ڕێنمایی خوا دەکەوێ –أما بعد- زەوى هی خوایە ئەیکا بە میراتى هەر کەسێک لە بەندەکانى کە بیەوێ ، سەرەنجامیش بۆ پارێزکارانە } ، دیارە ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ یش فەرمووى ئەوە هاتە دى و سەرەنجام (موحەممەدى ڕاستگۆ) سەرکەوت و (موسەیلەمەى درۆزن) و هاو وێنەکانى تێکشکان و ڕیسوا بوون .
_______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٧٠٧)
|