 ئەبو بەکری سددیق (رضي اللە عنە) لە چەند دێڕێکدا
ناوی:
ناوی عبداللەی کوڕی عوثمانی کوڕی عەمڕی کوڕی کەعب کوڕی تەمیمی کوڕی موڕڕەی کوڕی کەعبی کوڕی لوئەی کوڕی غالبی کوڕی فەهرە، فەهریش قوڕەیشە.
عەلی کوڕی ئەبوطالب (رضي اللە عنە) دەڵێ: (إن اللە أنزل أسم أبی بکر من سماء الصدیق) واتا: خوای گەورە ناوی ئەبو بەکری لە ئاسمانەوە بە ڕاستگۆ (سددیق) دابەزاندووە.
موسڵمان بوونی:
لە ئەبی دەردائەوە دەڵێ: (لە لای پەیامبەری خوا ﷺ دانیشتبووم، ئەبو بەکر بەرەو ڕوومان هات و لایەکی کراسەکەی هەڵکردبوو هەتا هەردوو ئەژنۆکانی دەرکەوت، پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: ( بێگومان ئەم برایەتان دەمەقاڵێیەکی کردووە)، ئەوە بوو هات و سەلامی کرد و گوتی: (ئەی پەیامبەری خوا ﷺ شتێک لەنێوان من و کوڕی خەطابدا ڕوویدابوو، من ئەوم توڕە کرد، بەڵام دواجار پەشیمان بوومەوە داوای لێبووردنم لێی کرد، ڕازی نەبوو، ئەوەتا هاتوومەتە خزمەتی ئێوە، پەیامبەر ﷺ فەمووی: (خوا لێت خۆشبێ ئەی ئەبو بەکر (سێ جار))، دوایی عومەر پەشیمان بووەوە و ڕۆیشتبوو بۆ ماڵی ئەبو بەکر و پرسیاری کردبوو، ئەبو بەکر لەوێیە؟ گوتبوویان: نەخێر، ئینجا هاتبوو بۆ لای پێغەمبەری خوا ﷺ، کە هات پەیامبەری خوا ﷺ توڕەبوو و دەموچاوی موبارەکی لە توڕەییدا گۆڕا، کە ئەبو بەکر پێغەمبەری بەو شێوەیە بینی، دڵی بۆ عومەر سووتا و گوتی: (ئەی پەیامبەری خوا ﷺ بەخوا خەتای من بوو (دوو جار)).
ئینجا پەیامبەر ﷺ فەرمووی: (من خوا ڕەوانەی کردم، گوتتان درۆ دەکات، بەڵام ئەبو بەکر گوتی ڕاست دەکات، بە خۆی و ماڵییەوە یارمەتی و هاوکاری کردم، ئیتر واز لە هاوڕێکەم دێنن بۆم). (دووجار ئەمەی فەرموو)، ئیتر دوای ئەوە کەس ئازاری نەدەدا. هەروەها لە عەمماری کوڕی یاسرەوە دەڵێ: (من پەیامبەری خوا ﷺ بینیووە، کەسی لەگەڵدا نەبووە، جگە لە پێنج بەندە و دوو ئافرەت و ئەبو بەکر).
کۆچکردنی:
لە ئەبو بەکرەوە (رضي اللە عنە) دەڵێ: لەگەڵ پەیامبەری خوا بووم ﷺ لەناو ئەشکەوتەکەدا، سەرم بەرز کردەوە، بینیم ئەوە پێی قوڕەیشییەکانە، گوتم ئەی پەیامبەری خوا ﷺ هەندێک سەیری خوارەوە بکەن دەمانبینن، فەرمووی: بێدەنگ بە ئەی ئەبو بەکر، دووان، خوا سێیەمیان بێت؟
خێزانەکانی و منداڵەکانی:
- قەتیلەی کچی عەبدولعوززا، کە عبداللە و ئەسمای لێ بووە.
- ئوم ڕومانی کینانییە، کە عائیشە و عبدالرحمانی لێ بووە.
- ئەسمائی کچی عومەیسی خەسعەمی، کە محمدی لێ بووە.
- حەبیبەی کچی خاریجە، ئەمیش ئوم کەلسوومی لێ بووە.
لە فەزڵەکانی:
ئەبو هوڕەیڕە (رضي اللە عنە) دەڵێ: گوێم لە پەیامبەری خوا بوو ﷺ دەیفەرموو: ((هەرکەسێک جوتێک لە هەرشتێک لە شتەکان لەپێناوی خوا ببەخشێ، ئەوە لە دەرگاکانی بەهەشتەوە بانگ دەکرێ: ئەی بەندەی خوا ئەمە خێرە!! جا ئەگەر لە نوێژکەران بێ، ئەوا لە دەرگای نوێژەوە بانگ دەکرێ، ئەگەر لە سەدەقە خوازان (زەکات) بێ، ئەوە لە دەرگای سەدەقەوە بانگ دەکرێ و کەسانی ڕۆژووەوانیش، لە دەرگای ڕەییانەوە بانگ دەکرێن)).
ئەبو بەکر گوتی: (ئەوەی بانگ دەکرێت لەو دەرگایەوە چ پێویستی بەوەیە. پاشان گوتی: (ئەی پەیامبەری خوا ﷺ هەیە لە هەموو دەرگاکانییەوە بانگ بکرێت؟)، فەرمووی:( بەڵێ ئەی ئەبو بەکر، هیوام وایە تۆ یەکێک بی لەو کەسانە)).
لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە (رضي اللە عنە) دەفەرمووێ: (پەیامبەری خوا ﷺ لەگەڵ ئەبو بەکر و عومەر و عوثمان، سەرکەوتە سەر کێوی ئوحود، کێوەکە هاتە لەرزین، ئەوە بوو پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: (ڕاوەستە.. جێگیربە ئەی ئوحود، تۆ تەنها پەیامبەرێک و سددیقێک و دوو شەهیدت لەسەرە).
لە عەمری کوڕی عاسەوە، دوای ئەوەی کە پەیامبەری خوا ﷺ کردبووی بە فەرماندەی سەر سوپای (ذات السلاسل). دەڵێ: هاتم بۆلای پێغەمبەری خوا ﷺ و عەرزم کرد: ( قوربان خۆشەویستترین کەس لای تۆ کێیە؟)، فەرمووی: (عائیشە)، گوتم: (لە پیاوان؟)، فەرمووی: (باوکی)، گوتم: (پاشان کێ؟)، فەرمووی: (عومەری کوڕی خەطاب) و پاشان ناوی چەندین پیاوی تری هێنا.
زانستی:
لە ئەبو سەعدی خودرییەوە (رضي اللە عنە) دەڵێ: (پەیامبەری خوا ﷺ وتارێکی بۆ خەڵکی خوێندەوەو) پاشان فەرمووی: (لەڕاستیدا خوا بەندەیەکی سەرپشک (مخیر) کردووە لە نێوان دونیا و ئەوەی لای خۆیەتی، جا ئەو بەندەیە ئەوەی لەلای خوای هەڵبژارد).
دەڵێ: (ئەبو بەکر دەستی کرد بە گریان)، ئێمەش سەیرمان لە گریانەکەی هات، پێغەمبەری خوا ﷺ باس لە بەندەیەک دەکات موخەیەر کراوە! [دوایی زانیمان] ئەو بەندەیەی سەرپشک کرابوو، خودی پێغەمبەری خوا بوو ﷺ، چونکە ئەبو بەکر پێی گوتین، دوای ئەوەی پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: (بەڕاستی تاکە کەسێک کە زۆر بەخشندە و چاک بووبێ لەگەڵمدا، لە هاوڕێیەتی و ماڵیدا ئەبو بەکرە، و ئەگەر جگە لە پەروەردگارم هەڵبژاردبایە بە (خلیل)ی خۆم، ئەوە ئەبو بەکرم هەڵدەبژارد، بەڵام برا و دۆستی دینییە و با هیچ دەرگایەک لە مزگەوتدا بە کراوەیی نەمێنێتەوە و ببەسترێ، تەنها دەرگاکەی ئەبو بەکر نەبێ).
پەیوەستی بە پەیامبەرەوە ﷺ:
لە عبداللە ی کوڕی زوبەیرەوە دەڵێ: (پرسیارم کرد لە عبداللە ی کوڕی عەمری کوڕی عاس لەبارەی سەختترین ئەشکەنجەدانێک کە موشریکەکان بەسەر پەیامبەری خوایان ﷺ هێنابێ؟ ئەویش فەرمووی: ( پێغەمبەری خوا ﷺ نوێژی دەکرد، عوقبەی کوڕی ئەبی موعیتم بینی ڕۆیشت بۆلای، کراسێکی خستە ملی زۆر بە توندی جەڕاندی هەتا خەریک بوو بخنکێ، ئەوە بوو ئەبو بەکر هات و پاڵی پێوەنا و پەیامبەری ﷺ لێ دوورخستەوە، گوتی: (أتقوا رجلا أن یقول ربي اللە وقد جأکم بالبینات من ربکم)، واتا: (پیاوێک دەکوژن کە هەموو تاوانێکی ئەوەیە دەڵێ (اللە) پەروەردگارمە و بەڵگە و نیشانەی تەواوی لە پەروەردگارتانەوە بۆ هێناون).
ئاماژەکانی پەیامبەر ﷺ بۆ جێنشینکرنی:
١- لە ئەبی موسای ئەشعەرییەوە (رضي اللە عنە) دەڵێ: (پەیامبەری خوا ﷺ نەخۆش کەوت، کە حاڵی خراپ بوو، فەرمووی: (مروا أبا بكر فلْيُصَلِّ بالناس)، واتا: (بە ئەبو بەکر بڵێن با ئەو نوێژ بە خەڵکی بکات)، عائیشە گوتی: (ئەی پەیامبەری خوا ﷺ ئەو پیاوێکی دڵ نەرمە، کە بڕواتە شوێنەکەی تۆ، ئیتر ناتوانێ نوێژ بە خەڵکی بکات)، پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: ( بە ئەبو بەکر بڵێن نوێژ بە خەڵکی بکات)، عائیشەش هەمان قسەی دووبارە کردەوە، ئەویش فەرمووی: (بە ئەبو بەکر بڵێن نوێژ بە خەڵکی بکات، بەڕاستی ئێوە هاوەڵەکانی یوسفن)، بۆیە کەسێک چوو بۆلای و هەواڵی پێدا، ئەوە بوو تا وەفاتی پێغەمبەری ﷺ ئەبو بەکر نوێژی بە خەڵکی دەکرد).
٢- لە جوبەیری کوڕی موتعیمەوە دەڵێ: (ئافرەتێک هاتە خزمەتی پەیامبەری خوا ﷺ، ئەویش فەرمانی پێکرد کە سەردانی بکاتەوە)، ئافرەتەکەش گوتی: (ئەی ئەگەر هاتم و تۆ نەبووی – مەبەستی مردن بوو- فەرمووی: (ان لم تجدني فأتي أبابکر)، ئەگەر من نەبووم بڕۆ بۆلای ئەبو بەکر.
٣- لە عائیشەوە ﷺ دەڵێ: (پەیامبەری خوا ﷺ لە نەخۆشییەکەیدا پێی گوتم: (بانگی ئەبو بەکری باوکت و براکەتم بۆ بکە، تا نوسراوێکی بۆ بنووسم: من دەترسم خوازیاران ئاوات بخوازن و هەندێک بڵێن: من شایستەترم. خوا و باوەڕدارانیش بە ئەبو بەکر نەبێت، ڕازی نابن).
وەفاتی ئەبو بەکر (رضي اللە عنە):
لە مانگی جەمادی دووەمی ساڵی سێزدەی کۆچی، ئەبو بەکر نەخۆش کەوت، نەخۆشی مردن، پاشان ناڕەحەتییەکانی مردن ڕووی تێکرد، جا (دایکی ئیمانداران) عائیشەی کچی لابوو، گوتی:
لعمرك ما یغنی الثراء عن الفتی
اذا حشرجت یوما وضاق بها الصدر
پارەو ماڵ قازانج بە کەس ناگەیەنێ
کە هەناسە سوار دەبێ و سنگی تەسك دەبێ
ئەویش سەری بەرز کردەوە و گوتی: ئەی بۆ ناڵێی:
{ وَجَاءَتْ سَكْرَةُ الْمَوْتِ بِالْحَقِّ ۖ ذَٰلِكَ مَا كُنتَ مِنْهُ تَحِيدُ(١٩)}[ق:١٩]
پێیان گوت: (ئەی نەڕۆین پزیشک بێنین؟)، گوتی: (پزیشکەکە بینیمی، پێی گوتم: (اني فعال لما أرید)، ویستم لە هەرچییەک بێ ئەنجامی دەدەم، (مەبەست لە پزیشک: خوایە -سبحانە وتعال-).
پاشان ڕۆحی تەسلیمی پەروەردگاری کرد، دونیای بەرەو بەهەشتێک بەجێهێشت، کە پانتاییەکەی پانتایی زەوی و ئاسمانەکانە، هەروەک پەیامبەری خوا ﷺ مژدەی پێدابوو، دواییش هەر لە تەنیشت ئەوەوە ﷺ ناشتیان.
_________________________________________
سەرچاوە:
کتێبی: حقبة من التاریخ مابین وفاة الرسول ﷺ الی مقتل الحسین (رضی اللە عنە) سنة ٦١ هـ.
نوسینی:
عثمان محمد الخمیس
|