بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
خێزان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی تووشی هاوەڵانی پێغەمبەر بوونﷺ
18/03/2020
بینین: 5869
ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی تووشی هاوەڵانی پێغەمبەر بوونﷺ
 
٤ــ سەعدی کوڕی ئەبی وەقاص ڕەزای خوای لێبێت:
سەعد لەلایەن دایکە بێباوەڕەکەی تووشی سزاو ئەشکەنجە بوو، دایکی بڕیاریدا هیچ خواردن و خواردنەوەیەك نەخوات تاکو کوڕەکەی لەئیسلام نەگەڕێتەوە، ( ابن كثیر) دەڵێت: ((تەبەرانی لەکتێبی ((العشرة)) لەسەعد دەگێڕێتەوە فەرموویەتی: ئەم ئایەتە بەهۆی منەوە دابەزی: {وَإِن جَاهَدَاكَ عَلَىٰ أَن تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا } (لقمان:۱٥).
هەروەها دەیفەرموو: من بۆ دایکم کوڕێکی چاکە کاربووم، کاتێك موسڵمان بووم، پێی وتم: ئەو داهێنراوە چییە کردۆتە، پێویستە پاشگەزببیتەوە لەو ئایینە، یان ئەوەیە من واز لەخواردن و خواردنەوە دەهێنم تاکو بمرم و، خەڵکی تانەو تەشەرت لێبدەن بەمردنم و پێت بڵێن: ئەی بکوژی دایکی، وتم: ئەی دایکە کاری وانەکەیت، چونکە من لەئایینی خۆم ناگەڕێمەوە بۆهیچ شتێك، شەوو ڕۆژێك دایکی هیچی نەخواردو تەواو ماندوو بوو، ئینجا ڕۆژوو شەوێکی تربەهەمان شێوە، ئینجا ماندووتر بوو، دوای ئەوە شەو ڕۆژێکی تریش هەر هیچی نەخواردو، تێنوێتی و برسێتی زۆری بۆی هێنا، کاتێك بەو شێوەیە بینیم، وتم : دایەگیان، چاك بزانە، سوێند بەخوای گەورە، ئەگەر سەد گیانت هەبێت، یەك بەدوای یەکدا دەرچن، من واز لەئایینی خۆم ناهێنم، ئیتر ئارەزووی خۆتە خواردن و خواردنەوە بخۆیت یان نا، ئیتر دایکی دەستی کرد بە خواردن دوای ئەوە.
هەروەها موسلیم ڕیوایەتی کردووە، دایکی سەعد سوێندی خوارد قسە لەگەڵ نەکات تاکو لەئیسلام پاشگەز نەبێتەوەو، نەنان ونەئاویش نەخوات، بەسەعدی دەووت: تۆ بانگەشەی ئەوە دەکەیت کەخوا ڕاسپاردەی پێ کردووی بەدایك و باوکت، منیش دایکتم، بەوە فەرمانت پێدەکەم، دەڵێت: ئیتر ئەویش سێ ڕۆژ دابڕا لەخواردن و خواردنەوە تاکو بوورایەوە، ئینجا کوڕێکی ناوی عومارە بوو ئاوی پێداو ئەویش دەستی کرد بەدوعاکردن لەسەعد، خوای گەورەش ئەم ئایەتەی دابەزاند:
{وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حُسْنًا وَإِن جَاهَدَاكَ لِتُشْرِكَ بِي} ( العنكبوت:٨). هەروەها : {وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا } (لقمان: ۱٥).
دەڵێت ئەگەر بیانویستبا خواردنی پێبدەن بەزۆر دەمیان دەکردەوە خواردنیان تێدەکرد، بۆیە دەردەسەری سەعد گەورەبوو، هەڵویستەکەشی بەڵگەیە لەسەر پەلهاوێشتنی ئیمان لەدڵیدا.
لەبەدواداچوونی قورئان دەبینین، سەرەڕای نەمانی خۆشەویستی لەنێوان موسڵمانان وکەسەکانیدا، قورئـــــان هەرگیز فەرمانی نەکردووە بەبڕینی پەیوەندییەکان، بەڵکو فەرمانی کردووە چاکەیان لەگەڵدا بکەن، بەڵام خۆشەویستی و پشتگرتن بۆ خواو پێغەمبەرو ئیسلام وباوەڕدارانە.


٥ــ موصعەبی کوڕی عومەیر ڕەزای خوای لێبێت:
موصعەبی کوڕی عومەیر خۆشگوزەرانترین و، پۆشاك جوانترین لاو بوو لەشاری مەککە، باوك و دایکی زۆریان خۆشدەویست، دایکی ئافرەتێکی دەوڵەمەند بوو، جوانترین پۆشاکی لەبەر عومەیر دەکرد، هەمیشە بۆنی خۆش بوو، نەعلی حەزرەمی لەپێدەکرد، دایکی بەڕادەیەك خۆشی دەویست کە هەندێ خۆراکی خۆشی لەلای سەری دادەنا بۆ ئەوەی لەخەو هەڵسا بیخوات، موصعەبی کاتێك کەزانی پێغەمبەری خواﷺ لەماڵی ئەرقەمدا بانگەواز بۆ ئیسلام دەکات چووە لای و موسڵمان بوو، بەڵام سەرەتا ئەوەی ئاشکرا نەکرد، تاکو ڕۆژێك عوسمانی کوڕی تەڵحەی بینی، نوێژ دەکات و دایکی و خزمەکانی ئاگادار کردەوە، ئەوانیش گرتیان و زیندانیان کرد، تا ئەو کاتەی دەرچوو بۆ حەبەشە لەکۆچکردنی یەکەمدا.
سەعدی کوڕی ئەبی وەققاص دەگێڕێتەوە: من موصعەبم بینی لەدەردی سەرییەکی زۆر ناخۆشدا بوو پاش موسڵمان بوونی، تەنانەت دەمبینی پێستی لەگیانی دەبوویەوە ، وەکو چۆن مار پێستی فڕێدەدا، بەڵکو توانای ڕێکردنی نەمابوو، بۆیە سواری وشترمان دەکرد، پێغەمبەری خواﷺ کەباسی دەکرد، دەیفەرموو: ((مارٲیت بمكه احداً احسن لمة ولاارق حلة ولا انعم نعمة من مصعب بن عمیر)) واتە: لەمەککەدا کەسم نەدەبینی لەموصعەبی کوڕی عومەیر قژجوانترو پۆشاك چاکترو خۆشگوزەرانتر بێت. لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەحەتیانەش تووشی دەبوو، هیچ کەمتەر خەمییەکی پێشان نەدا لەئەنجامدانی چاکەو جیهاد لەپێناو خوادا تائەوکاتەی خوای گەورە پلەی شەهیدی پێبەخشی لەشەڕی ئوحود.
موصعەبی کوڕی عومەیر نموونەیەکە بۆ پەروەردەکردنی ئیسلام بۆ لاوە خۆشگوزەرانەکان و کوڕە دەوڵەمەندەکان و ئەوانەی بەخۆیانەوە دەنازن چونکە لەپاش موسڵمان بوونی، هیچ لاوازی پیشان نەداو، وەکو چۆن موصعەب نەبێت کەلەو حاڵە خۆش و بەختەوەرانەدا بوو.
موصعەب ماڵئاوای کرد لەژیانی خۆشگوزەرانی، بەهەموو ئەو خۆشیانەی تیایدا بوو، لەپاش ئاوەی کە بەیعەتی دایە پێغەمبەرﷺ، سەرەڕای لەدەستدانی بۆ دەوڵەمەندی و پلەوپایەو خۆشەویستی لای خزم و کەسوکار، ئینجا سەرەڕای هەژاری و برسێتی و ئەشکەنجە لەپاش موسڵمان بوونی، دڵی هەر ئاسوودەو پڕ لەباوەڕ بوو، چەند وەستانێکی ترمان دەبێت لەگەڵی لەمەدینە بەپشتیوانی خوای گەورە.


٦ــ خەببابی کوڕی ئەرەت رضی الله عنه:
خەبباب ڕەزای خوای لێبێت ئاسنگەر بوو لەمەککەدا، خوای گەورە ویستی هەر لەکاتێکی زوەوە ڕێگای ئیسلام بدۆزێتەوە، بۆیە ئەو موسڵمان بوو پێش ئەوەی بچێتە ماڵی ئەڕقەم، یەکێکیش بوو لەو چەوساوانەی کەئەشکەنجەدران لەپێناو ئەوەی هەڵگەڕێنەوە لەئیسلام، تەنانەت بتپەرستەکان پشتیان دەبەستە سەر ئەو بەردە گەرمانەی ژێر هەتاوی مەککە بۆ ئەوەی بسوتێ.
پێغەمبەری خواﷺ خەببابی خۆشدەویست و سەردانی دەکرد پاش موسڵمان بوونی، جاکاتێك سەر گەورەکەی بەوەی زانی، ئاسنێکی گەرم کرد و خستیە سەرسەری خەبباب، کە ئەویش هاواری بردە لای پێغەمبەر ﷺ کە فەرمووی:(( اللهم انصر خباباً)) خوایە خەبباب سەربخەیت، ئیتر ئەو سەرگەورەی خەببابە سەری دەهاتە ئێش وئازارو وەکو سەگ دەوەڕی، پێیان وت سەرت داخ بکە، ئەویش هاتەلای خەبباب و خەبباب ئاسنێکی گەرم دەکردو دەیخستە سەرسەری، لەڕاستیدا ئەوەیش پەندێکە بۆ کەسێك بیەوێت پەند وەربگرێت، کاتێکیش فشاری بتپەرستەکان زیادیکرد لەسەر موسڵمانە چەوساوەکان، خەبباب هاتەلای پێغەمبەرﷺو لەکاتێکدا لەپەنای کەعبەدا سەریخستبویە سەر پۆشاکێکی خۆی، پێی وت: ئایا داوای سەرکەوتنمان بۆ ناکەیت، ئایا دوعامان بۆ ناکەیت، پێغەمبەرﷺ دانیشت وڕووی سور بوویەوەو فەرمووی: ((ماكان الرجل فیمن قبلكم یحفر له فی الارض فیجعل فیه، فیجاء بالمنشار فیوضع علی رٲسه فیشق اثنتین وما یصدّه ذلك عن دینه)) واتە: کەسانی پێش سەردەمی ئێوە چاڵیان بۆ هەڵدەکەندن لەزەوی و دەخرانە ناوی، ئینجا مشاریان دەهێناو دەیانخستە سەریان و دەکران بەدوولەتەوەو، ئەوە وایلێنەدەکردن واز لەئایینەکەیان بهێنن، بەشانەی ئاسنیش شانە دەکران تاکو سەر ئێسقانیان وپاشگەز نەدەبوونەوە، سوێن بەخوا ئیسلام سەردەکەوێت و وایلێدێت سوار لەصەنعاوە دەچێتە حەزرەمەوت، هیچ ترسێکی نابێت جگە لەترسی خواو، گورگ لەسەر مەڕەکانی، بەڵام ئێوە پەلەدەکەن.
مامۆستا ( سلمان العودة) پەراوێزێکی جوانی لەسەر ئەم فەرموودەیە نووسیوە، دەڵێت: سبحان اللە ، چی ڕوویدا تاکو پێغەمبەرﷺ بەو شێوە ڕوخساری سووربێتەوەو لەڕاکشانەکەی ڕاست بێتەوە؟ بەم شێوە توندەیش لەگەڵ هاوەڵانی قسەبکات و گلەییان لێ بکات لەسەر پەلەکردن.
ئایا بۆ ئەوە بوو کەداوای دوعایان لێ کرد؟
نەخێر، حاشا ئەو پێغەمبەرە بەسۆزو بەزەییە وابێت.
شێوازی داواکردنەکە: ئایا دوعامان بۆ ناکەیت، ئایا داوای سەرکەوتنمان بۆ ناکەیت؟ ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو قسە لەدڵێکەوە دەردەچێت ئەشکەنجەو بەڵاو کارەسات هەرەسی پێهێناوە ، بۆیە داوای رزگاربوونی بەپەلە دەکەن و، وا دەزانن سەرکەوتن دواکەوتووە، پێغەمبەری خواﷺ دەیزانی، کە مەسەلەکان بەسراون بەکات و هۆکاری خۆیانەوەو، تاقیکردنەوە دەکەوێتە پێش سەرکەوتنەوەو پێغەمبەران تاقیدەکرێنەوەو سەر ئەنجام بۆ ئەوانە.
{حَتَّىٰ إِذَا اسْتَيْأَسَ الرُّسُلُ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ قَدْ كُذِبُوا جَاءَهُمْ نَصْرُنَا فَنُجِّيَ مَن نَّشَاءُ وَلَا يُرَدُّ بَأْسُنَا عَنِ الْقَوْمِ الْمُجْرِمِينَ} ( یوسف: ۱۱۰).
پێغەمبەرﷺ هەستی بەوە دەکرد کەهاوەڵەکانی بێزاربوونە لەوەی کەتووشیان دەبێت، چونکە کوفر زاڵبوو بەسەریانداو، هەندێکیشیان لەئەشکەنجەدا دەمردن لەوانەیە ئاسانیش نەبێ کەسێك __تەنها بەخوێندنەوەی دەقەکه__ڕاستێتی ئەو حاڵە تێبگات کەبۆچی داوای دوعای سەرکەوتنیان لەپێغەمبەرﷺ، کرد هەروەها ڕاستی ئەو هەستانەی کەلەناو دەرونیاندا دەهەژا، مەگەر کەسێك بناڵێنێ بەدەست حاڵێك لەو حاڵانەی ئەوان پێوەی دەیانناڵان لەپێناو خوادا.


پێغەمبەری خواﷺ پەروەردەی دەکردن لەسەر:
ٲــ پێڕەویکردن لەپێغەمبەرە ڕابوردوەکان و شوێنکەوتوانیان، لەخۆڕاگری بەرانبەر ئازارو ئەشکەنجە لەپێناو خوادا وبەسەرهاتی لەو بارەوە بۆ باس دەکردن.
ب ـــ پەیوەست بوون بەو خۆشیانەی کەخوای گەورە ئامادەی کردووە لەبەهەشتدا بۆ بڕوادارە خۆڕاگرەکان، هەروەها هەڵنە خەڵەتان بەو شتانەی کەبەدەستی بێباوەڕانەوەیە.
ج ــ چاوتێبڕینی دواڕۆژێك کەخوای گەورە ئیسلامی تیادا سەردەخات، دوژمنانی ئیسلامی تیادا سەر شۆڕ دەکات.
مەسەلەیەکی گەورەی تریش هەیە
 ئەویش بریتی یە لەئەوەی پێغەمبەرﷺ نەخشەی دەکێشا وسوودی وەردەگرت لەهۆکارە هەستپێکراوە گشتیەکان، بۆ لابردنی ئازارو ستەم لەسەر شوێنکەوتوانی و، دامەزراندنی دەوڵەتی کۆششکار لەپێناو خوای گەورەداو، هەڵێکێش بۆ هەموو موسڵمانێك بڕەخسێنێ کەخوای گەورە بپەرستێ و کۆسپەکانی بەردەم بانگەوازی ئیسلامی لابدات.
خەبباب ڕەزای خوای لێبێت باسی هەندێکی لەو چەرمەسەریانە کردووە کەتووشیان دەبوو لەبتپەرستەکان وەکو مەمەڵەکردنی ناشرین و، پێشێل کردنی مافەکانیان تاکو بگەڕێنەوە بۆ بێباوەڕی ودەڵێت: من ئاسنگەر بووم، قەرزێکم هەبوو بەلای عاصی کوڕی وائیلەوە، چوومە لای بۆ وەرگرتنەوەی، ئەویش وتی: نەبەخوا ناتدەمەوە تالە ئایینی موحەممەد هەڵنەگەڕێیتەوە، وتم: سوێند بەخوا واز لەئیسلام ناهێنم تاکو نەمریت و زیندونەبیتەوە، وتی: ئەی ئەگەر مردم وزیندوو بوومەوەو هاتیتە لام وبینیت لەوێیش کوڕو ماڵم هەیە وقەرزەکەم بۆ گەڕاندیتەوە، خوای گەورەیش ئەم ئایەتەی دابەزاند:
  { أَفَرَأَيْتَ الَّذِي كَفَرَ بِآيَاتِنَا وَقَالَ لَأُوتَيَنَّ مَالًا وَوَلَدًا} (مریم: ۷۷). تاکو ئەم ئایەتە:{ وَيَأْتِينَا فَرْدًا} (مریم: ٨۰).
دەگێڕنەوە عومەری کوڕی خەتتاب ڕەزای خوای لێبێت پرسیاری کرد لەخەبباب دەربارەی ئەو ئەشکەنجانەی لەپێناو خوادا بەسەریدا هاتووە، ئەویش پشتی هەڵماڵی ودەرکەوت گەڕبووە، عومەر فەرمووی: هەرگیز شتی وام نەبینیوە، خەببابیش ڕەزای خوای لێبێت فەرمووی: ئەی ئەمیری بڕواداران، ئاگرێکیان بۆ کردمەوەو، خستمیانە ناوی، پیاوێکیش قاچی خستە سەرسنگم، هیچ ئەو ئاگرەی نەکوژاندەوە بەزی گیانم نەبێت.






ژیاننامەی پێغەمبەرمان لێکۆلینەوەو شیکردنەوەی ـ دکتۆر علی محمد صلابی لا۲۳٤ــ ۲٤۱
وەرگێڕان ــ احسان برهان الدین 
شوێنی چاپکردنی ــ نارین 


السيرة النبوية عرض وقائع وتحليل أحداث ـ الدكتور علي محمد الصلابی/ ص۲۳٤ــ ۲٤۱ 
ترجمة ـ احسان برهان الدین
دار النشرـ نارین

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه