بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
خێزان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ئازارو ئەشکەنجە درانى هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ
16/09/2019
بینین: 59
سێ یەم : بنەماڵەى یاسر : 
(یاسر) کە هاوسەرەکەى ناوى (سومەییە ) بوو ، کوڕێکیان هەبوو ناوى (عەممار) بوو ، کە لە ئەسڵدا قوڕەیشى نەبوون بەڵکو لە یەمەنەوە هاتبوون ، هاوپەیمان بوون لەگەڵ (بنو مخزوم ) دا ، بەڵام دواى ئەوەى کە هەرسێکیان موسوڵمان بوون (بنو مخزوم) ، زۆر ئەشکەنجەو ئازاریان دان ، کە (ابن هشام) ئاوا بۆمان باس دەکات : {وكانت بنو مخزوم يخرجون بِعَمّار بن ياسر وبأبيه و أمه وكانوا أهل بيت إسلام ، إذا حميت الظهيرة يعذبوهم برمضاء مكة ، فيمر بهم رسول الله ﷺ فيقول فيما بلغني : ( صبراً آل ياس فإن موعدكم الجنّة ) أما أمه فقتلوها و هي تأبى إلآّ الإسلام } ، واتە : (بنو مخزوم) عەممیارو باب و دایکیان دەبرد بۆ بیابانى مەککە ، لەسەر لم و چەوى گەرم ڕایان دەخستن و بەردیشیان دەخستە سەر سنگیان ، جا پێغەمبەرى خوا ﷺ کە بەلایاندا تێپەڕ دەبوو دەیفەرموو : ئەى بنەماڵەى یاسر! خۆڕاگربن لە بەهەشت پێک دەگەینەوە ، جا هەرچى سومەییە بوو لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان ، دواى ئەوەى جگە لە ئیسلام هیچ شتێکى قبووڵ نەکرد . 
دیارە دوایی یاسریش لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەدا گیانى سپارد و شەهید وو ، عەمماریش – خوا لێی ڕازى بێ- زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدرێت ، هەتا دێتە  حاڵی سەرەمەرگ ، ڕۆژێکیان دواى ئەوەى کە زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدرێت ، دەچێت بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ ئەویش لێی دەپرسێ دەنگ وباس چییە ؟! عەممار لە وەڵامدا دەڵێ :
{ شر والله، ما تركني المشركون حتى نلت منك وذكرت آلهتهم بخير. قال: فكيف تجد قلبك ؟ قال: مطمئنا بالإيمان، قال النبي ﷺ: إن عادوا، فعد ، وفي ذلك أنزل الله     { مَنْ كَفَرَ بِاللَّهِ مِنْ بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ وَلَكِنْ مَنْ شَرَحَ بِالْكُفْرِ صَدْرًا فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌ مِنَ اللَّهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ (١٠٦) ذَلِكَ بِأَنَّهُمُ اسْتَحَبُّوا الْحَيَاةَ الدُّنْيَا عَلَى الْآخِرَةِ وَأَنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْكَافِرِينَ (١٠٧) } النحل ، واتە : بەخوا دەنگوباسم زۆر خراپە ، موشریکەکان وازیان لێ نەهێنام ، هەر ئازارو ئەشکەنجەیان دام ، هەتا ناچاریان کردم کە قسە بەتۆ بڵێم ، هەتاکو پەرستراوەکانى ئەوانیشم بەچاکە باس کردن ، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : دڵت چۆنە ؟! ئەویش گوتى : دڵم بە ئیمان ئارام گرتویە، ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : ئەگەر ئەوان دووبارە ئەشکەنجەیان دایەوە ، تۆش دووبارە ئەو قسانە بکەوە ( بۆ ئەوەى لەکۆڵ خۆتیان بکەیەوە ) دوایی خواى کاربەجێ ئەو ئایەتانەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { مَنْ كَفَرَ بِاللَّهِ مِنْ بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ } ، واتە : هەر کەسێک کوفر بکا بەخوا دواى ئەوەى ئیمانى هێناوە مەگەر زۆرى لێ بکرێ و دڵیشى بە ئیمان ئارام گرتوو بێ ، { وَلَكِنْ مَنْ شَرَحَ بِالْكُفْرِ صَدْرًا } ، واتە : بەڵام کەسێ کە دڵی گوشاد بێ بە کوفرو بە دڵخۆشییەوە کوفر بکات ، { فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌ مِنَ اللَّهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ } واتە : ئەوە ئەوانە توڕە بوونى خوایان لەسەرە وە عەزاب و ئەشکەنجەیەکى مەزنیشیان بۆ هەیە ، { ذَلِكَ بِأَنَّهُمُ اسْتَحَبُّوا الْحَيَاةَ الدُّنْيَا عَلَى الْآخِرَةِ } ، واتە : ئەوەش چونکە ژیانى دونیایان هەڵبژاردووە بەسەر دواڕۆژدا بەدڵ ، { وَأَنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْكَافِرِينَ} ، واتە : چونکە خوا ڕێنمایی کافران ناکات .
کەواتە : پێویستە بزانین کە لە ئیسلامدا وەک چۆن ئیش کردن بە عەزیمەت هەیە ، کە ئامادە بی ، هەر هەق بڵێی و دان بە ناهەقیدا نەهێنى هەتا لەژێر ئازارو ئەشکەنجەدا گیان دەسپێرى ، وەک ئەوەى کە سومەییەو یاسر کردیان ، ئیشکردن بە مۆڵەت (رخصة)یش هەیە ، وەک عەممار کردى ، وە پێغەمبەریش ﷺ نەک لۆمەى نەکرد ، بەڵکو فەرمانیشى پێکردووە لە کاتى پێویستدا ، کەواتە : ڕوخسەت هەیە ، بەڵام لە شوێنى خۆیداو بەمەرجى خۆی ، نەک هەر خۆت لێ تووڕە بکەن ، یەکسەر شتێک بڵێی کە ئەهلى کوفر پێیان خۆش بێت ، بەڵکو دەبێ وەکو عەممار بی – خوا لێی ڕازى بێ- ، وە بەرپرس و برا گەورەش پێویستە زیاتر بە (عزیمة) ئیش بکات .
چوارەم : سەعدى کوڕى ئەبی وەققاص :
یەکێکى دیکە لەوانەى تووشى جۆرێکى دیکەى سەختیی و ناڕەحەتیی بوون ، (سعد بن أبی وقاص) بووە – خوا لێی ڕازى بێ- وەک (مسلم) لە (صحیح)ى خۆیدا ئاوامان بۆ دەگێڕێتەوە : ( ان  أُمُّ سَعْدٍ حَلَفَتْ أَنْ لا تُكَلِّمَهُ أَبَدًا حتَّى يَكْفُرَ بدِينِهِ، وَلَا تَأْكُلَ وَلَا تَشْرَبَ، قالَتْ: زَعَمْتَ أنَّ اللَّهَ وَصَّاكَ بوَالِدَيْكَ، وَأَنَا أُمُّكَ، وَأَنَا آمُرُكَ بهذا، قالَ: فمَكَثَتْ ثَلَاثًا حتَّى غُشِيَ عَلَيْهَا مِنَ الجَهْدِ، فَقَامَ ابْنٌ لَهَا يُقَالُ له عُمَارَةُ، فَسَقَاهَا، فَجَعَلَتْ تَدْعُو علَى سَعْدٍ)، فأنْزَلَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ في القُرْآنِ الكريم هذِه الآيَاتَ  {وَوَصَّيْنَا الْإِنْسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَى وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ (١٤) وَإِنْ جَاهَدَاكَ عَلَى أَنْ تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا وَاتَّبِعْ سَبِيلَ مَنْ أَنَابَ إِلَيَّ ثُمَّ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (١٥) } لقمان ، واتە : دایکى سەعد (کە زۆر سەعدى خۆش ویستوەو بەهەمان شێوە ئەویش دایکى زۆر خۆش ویستووە ) سوێندى خوارد گوتى : قسەت لەگەڵ ناکەم ، وە ناخۆم و ناخۆمەوە تاکو دەمرم ، یان دەبێ کوفر بەخوا بکەى ! وە دایکى پێی گوت : ئەتۆ دەڵێی خوا تۆى ئامۆژگارى کردووە ، کە لەگەڵ باب و دایکت باش بیت ، وە منیش دایکتم و فەرمانت پێ دەکەم بەوە ، ئیدى دایکى سێ ڕۆژان بەبێ خواردن و خواردنەوە مایەوە ، هەتا لەهۆش خۆى چوو ، یەکێک لە کوڕەکانى کە ناوى (عَمّارة) بوو ، ئاوى بە گەروویدا کرد تا بەهۆش خۆى هاتەوە ، دواى ئەوەى کە هاتەوە هۆش خۆى دووعاى لە سەعد دەکرد ، خواى کاربەجێش ئەم ئایەتانەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : ئێمە ئامۆژگارى ئینسانمان کردووە ، کەلەگەڵ دایک و بابى چاک بێ ، دایکى لە سکى خۆیدا هەڵیگرتووە ، ئازار لەسەر ئازارى پێوە بینیوە ، ئینجا دوایی دوو ساڵان شیرى پێداوە ، بۆیە ئینسانمان ئامۆژگارى کردووە ، کە سوپاسى من بکاو سوپاسى باوک و دایکیشى بکا ، گەڕانەوەش بۆ لاى منە ، بەڵام ئەگەر هەوڵیاندا هاوبەشێکم بۆ پەیدا بکەى ، کە زانیاریت پێی نیە ، (چونکە خوا هیچ هاوببەشى نین ، تاکو ئینسان  زانیارى دەربارەیان هەبێ ) ئەوە بەقسەیان مەکە ، بەڵام لە دنیادا بەچاکە لەگەڵیاندا مامەڵە بکە ، بەدواى ڕێبازى ئەوانە بکەوە ، کە بۆ لاى من گەڕاونەوە ، بۆ لاى من دەگەڕێنەوەو دواییش هەواڵتان پێ دەدەم بەوەى ، کە دەیکەن .
کەواتە ئیمان لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە و لەبەر خاترى هیچ کەس نابێ دەستبەردارى بین ، بەڵام دایک و باب ئەگەر کافریش بن ، پێویستە لە دنیادا ڕەفتارمان لەگەڵیاندا هەر باش بێ وەک لە هەندێک سەرچاوەکاندا هاتووە ، کە سەعد بە دایکى گوت : دایە هیچ خۆت ماندوو مەکە ، بەخوا ئەگەر سەد ڕووحت هەبن و هەموویان یەک لە دواى یەک دەرچن بۆ ئەوەى کافر ببمەوە ، ئەوە کافر نابمەوە ، جا گەر حەز دەکەى نان بخۆى ، بخۆ ، گەر حەزیش ناکەى ، مەیخۆ ، دوایی ، کە دایکى لێی نائومێد بوو ، دەستى کردەوە بە خواردن و خواردنەوە .
پێنجەم : موصعەبى کوڕی عومەیر :
یەکێکى دیکە لەوانەى کە ئەشکەنجە دراون (مصعب بن عمیر) بۆۆ – خوا لێی ڕازى بێ- کە بەناز پەروەردەترین گەنجى مەککە بووە ، وەک پێغەمبەر ﷺ لەو بارەیەوە  دەفەرموویەتى : {ما رأيت بمكة أحداً أحسن لمة ولا أدق حلة ولا أنعم نعمة من مصعب بن عمير} ، واتە : لە مەککە هیچ کەسم لە موصعەبى کوڕی عومەیر قژ جوانترو ، پۆشاک ناسکترو ناز پەروەرتر نەبینیوە ، بەڵام دوایی لەسەر ئیسلام دایک و بابى لەماڵ دەریانکرد ، جا (سعد بن أبی وقاص) دەڵێ : { لقد رأیته في الإسلام جهد جهداً شديداً حتى لقد رأيت جلده يتحشف تحشف جلد الحية عنها ....} ، واتە : دوایی ئەو گەنجە قۆزو ناز پەروەرەم دیت لە ئیسلامدا ، لەبەر ئەوەى کە بێ ناز کەوتبوو ، وە ئەوەندە تووشى ناڕەحەتى دەبوو ، پێستى لێ هەڵدەبوو ، وەک چۆن مار کیف لە بەدەنى فڕێ دەدا .
شەشەم : خەببابى کەوڕى ئەڕەت :
یەکى دى لەوانەى کە لە پێناو خوادا ئەشکەنجەو ئازاریان چیشتووە (خباب بن أرت) ە ، کە دەڵێ : ڕۆژێک چووم بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ کەلە سێبەرى کەعبە پاڵی دابۆوە و پێم گوت : ئەى پێغەمبەرى خوا ! بۆچى بۆمان ناپاڕێیەوە و داواى یارمەتیمان بۆ لەخوا ناکەى ؟ کە قسەکەم تەواو کرد ، پێغەمبەر ﷺ دانیشت و دەموچاوى موبارەکى سوور بۆوەو تووڕە بوو ، دوایی فەرمووى : لەپێش ئێوەدا پیاویان هێناوە چاڵیان بۆ هەڵکەندووەو خستویانە نێوى ، پاشان مشاریان هێناوە لەسەر سەریان داناوەو کردوویانە بەدوو لەتەوە و لە دینەکەى خۆى هەڵنەگەڕاوەتەوە ، وە ئینسانیان هێناوە بە مشارى ئاسن دەمارو گۆشت و ئێسکیان لێک جیا کردۆتەوە و لە دینەکەى خۆى هەڵنەگەڕاوەتەوە ، دوایی فەرمووی : بەخوا خوا ئەو دینە دەچەسپینێ هەتا واى لێدێ لە (صنعاء) ەوە خەڵک دەچێ بۆ (حضر موت) جگە لە خوا لەکەس ناترسێ ، مەگەر مەترسى گورگى هەبێ لە مەڕەکەى ، بەڵام ئێوە پەلە دەکەن ، ئەگەر نا خوا ئەم دینە تەواو دەکاو دەیچەسپینێ (رواه البخارى) .
ئێستاش بابزانین ئەشکەنجە درانى (خەبباب) چۆن بووە ؟ 
(عومەر) – خوا لێی ڕازى بێ- لەسەردەمى حوکمڕانیی خۆیدا لە خەبباب دەپرسێ ، کە چۆن ئەشکەنجەیان داوە ؟ ئەویش دەلێ : کافرەکان لەسەر ئاگریان دادەنام و بەگەرمى ئاگرەکە دەیانبرژاندم ، جارى واش هەبوو دەیانخستمە سەر ئاگرو پییان دەخستە سەر سینگم ، تا ئاگرەکە بە بەزى پشتم دەکوژایەوە !.
حەوتەم : عەبدوڵڵاى کوڕى مەسعود : 
یەکەمین کەس ، کە لەمەککەدا دواى پێغەمبەر ﷺ قورئانى خوێندووە (عبدالله بن مسعود) بووە ، کە ڕۆژێکیان هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ کۆ دەبنەوەو دەڵێن : تا ئێستا قوڕەیش قورئانیان بە دەنگى بەرز بەگوێدا نەدراوە ، خۆزگە کەسێک هەبووایەو سوڕەتێکى قورئانیان بەدەنگى بەرز بۆ بخوێنێت .
عەبدوڵڵاى کوڕى مەسعود ، لە نێویاندا بوو گوتى : من دەچم !
ئەوانیش پێی دەڵێن : تۆ کەست نیە ، ئێمە بەکەسێک دەڵێین کە خزم و عەشیرەتى هەبێت ، ئەگەر تۆ بچى شەرمت لێ ناکەن و ئەوەى پێیان بکرێ لەدژت دەیکەن و زۆرت لێ دەدەن ، ئەویش دەڵێ: من دەچم وە خواى باڵا دەستیش دەمپارێزێ ،ئیدى لە کاتى چێشتەنگاوێکدا دەچێتە لاى مەقامى (ابراهیم) ئەو کاتانەى کە قوڕەیشییەکان تێیدا لە مەجلیسى خۆیان (دار الندوة) دا دادەنیشتن ، لەوێ دەوەستێ و دەست دەکات بە قورئان خوێندن بە دەنگى بەرزو سووڕەتى (الرحمن) بەدەنگى بەرز دەخوێنێت : { بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ  الرَّحْمَنُ (١) عَلَّمَ الْقُرْآنَ (٢) } موشریکەکانى مەککە دەڵێن ، ئەوە (ابن أم عبد) ( کە کونیەى عەدوڵڵا بووە ) دەڵێ چى ؟ کە لێی وورد دەبنەوەو سەرنج دەدەن ، دەڵێن ئەوە هەندێک لەو قسانە دەکات کە موحەممەد دەیانکات و دەڵێ لەلایەن خواوە بۆم هاتووە ، ئیدى بۆى دەچن و زۆرى لێ دەدەن ، بەڵام ئەو قورئانەکەى نابڕێت و هەر بەردەوام دەبێت لە خوێندنى ، هەتا ئەو شوێنەى کە خوا ویستوویەتى ، بەڵام کافرەکان زۆریان  لە دەموچاوى دابوو ، پاشان گەڕایەوە نێو هاوەڵانى – خوا لێیان ڕازى بێ- هاوەڵان گوتیان : ئەوە بوو کە ئێمە لێی دەترساین ، ئەویش گوتى : بەخوا ئیستا دوژمنانى خوام زۆر لا سوکترە لەکاتى پێش لێدانەکەم ، ئەگەر دەڵێن سبەینێش دەچم بۆیان دەخوێنم ! گوتیان : نا بەسە تۆ بە ئاشکرا بانگى خوات بە گوێدادان . 
__________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٢٥١-٢٥٧)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه