بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
خێزان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب (رضي اللە عنە) لە چەند دێڕێکدا
11/08/2019
بینین: 145


ناو و ڕەچەڵەکی: 
ناوی عەلی کوڕی ئەبوطالیبی کوڕی عبدالموتەڵیبی کوڕی هاشمی کوڕی عبدالمەنافە، ئامۆزای پەیامبەرە ﷺ و مێردی گەورەی ئافرەتانی دونیایە (فاتیمەی کچی پەیامبەرە ﷺ، باوکی هەردوو کچەزایەکەی پەیامبەرە ﷺ حەسەن و حوسەین (رضي اللە عنهما).
دایکی ناوی: فاتیمەی کچی ئەسەدی کچی هاشمی کچی عبدالمەنافە، کە یەکەمین کەسێکە لە بنەماڵەی هاشمی لە ئافرەتێکی هاشمی بووبێت.
کونیەکەی: ئەبولحەسەنە، پەیامبەر ﷺ کونییەی (ئەبو توڕاب)یشی لێناوە. هەر لە منداڵی موسڵمان بووە و لەسەر ڕای مەشهورە، هەشت ساڵان بووە کە موسڵمان بووە.

خێزانەکانی:
١- فاتیمەی کچی پەیامبەری خوا ﷺ.
٢- ئومامەی کچی ئەبولعاس، کە دایکی دەکاتە زەینەبی کچی پەیامبەری خوا ﷺ، دوای وەفاتی فاتیمەی پووری، عەلی خواستی.
٣- خەولەی کچی جەعفەری کوڕی قەیس.
٤- لەیلای کچی مەسعود.
٥- ئوم ئەلبەنینی کچی حیزام.
٦- ئەسمائی کچی عومەیس.
٧- سەهبانی کچی ڕەبیعە.
٨- ئوم سەعیدی کچی عوروە.

منداڵەکانی:
کوڕەکان: حەسەن – حوسەین – محمدی گەورە – عوبەیدواللە – ئەبوبەکر – عەباسی گەورە – عوسمان – جەعفەری گەورە – عبداللە – یەحیا – عەون – عومەری گەورە – محمدی ناوەراست – محمدی بچووک.
کچەکان: زەینەبی گەورە – ئوم کەلسومی گەورە – ڕوقییە – دایکی حەسەن – ڕەملەی گەورە – ئوم هانی – مەیموونە – زەینەبی بچووک – ڕەملەی بچووک – ئوم کەلسومی بچووک – فاتیمە – ئومامە – خەدیجە – ئومولکیڕام – ئوم سەلەمە – ئوم جەعفە – جومانە – نەفیسە.

فەزڵەکانی:
دەتوانین فەزڵەکانی عەلی (رضي اللە عنە)  بکەینە سێ بەشەوە:
١- هەندێکی تایبەتە بە خۆیەوە.
٢- هەندێکی لەگەڵ ئەهلوبەیتدایە.
٣- هەندێکی لەگەڵ کۆمەڵی هاوەڵاندایە.

یەکەمیان: ئەو فەزڵانەی کە تایبەتن بە خۆیەوە:
لەوانە: لە ئەبو هوڕەیڕەوە (رضي اللە عنە)  دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ لە ڕۆژی خەیبەردا فەرمووی: (ئاڵاکە دەدەمە دەستی پیاوێکەوە، خواو پەیامبەرەکەی خۆشیان دەوێت و ئەویش خوا و پەیامبەرەکەی خۆشدەوێت).
لەوانە: لە عەلیەوە دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ پێی گوتم: (کەس خۆشتی ناوێ مەگەر موسڵمان، کەسیش ڕقی لێت نابێ مەگەر مونافیق).
لەوانە: لە سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسەوە (رضي اللە عنە) دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ بە عەلی فەرموو: (تۆ بۆ من وەکو هاڕوونی بۆ موسا، بەڵام ئەوەندە هەیە پەیامبەر دوای من نییە).
لەوانە: لە زەیدی کوڕی ئەرقەمەوە دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: (هەرکەس من دۆستیم، ئەوا عەلیش دۆستێتی).

دووەمیان: فەزڵەکانی ئەهلوبەیت – کە ئەمیش یەکێکە لە ئەهلوبەیت:
لەوانە: لە زەیدی کوڕی ئەرقەمەوە دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ لە نێوان مەککە و مەدینەدا لەلای جۆگەلەیەک وتارێکی بۆ خوێندینەوە کە پێی گوترا خوم، فەرمووی: (ئەی خەڵکینە.. من دوو شتی سەنگینم لەنێوانتاندا بەجێ هێشتووە، یەکێکیان لەوەکەی تریان گەورەترە) ئەوەبوو باسی قورئانی کرد و جەختی لەسەر کردەوە و پاشان فەرمووی: (هەروەها خانەوادەکەم، خواتان بەیاد دێنمەوە لە ئاست ئەهلوبەیتەکەم، خواتان بەیاد دێنمەوە لە ئاست ئەهلوبەیتەکەم، خواتان بەیاد دێنمەوە لە ئاست ئەهلوبەیتەکەم). بە زەید گوترا: ئەی ئەهلوبەیتەکەی کێن؟ ئەویش گوتی: ئەوانەن وا خێر و سەدەقەیان لەسەر قەدەغە کرابوو، کە ئالی عەلی و ئالی عەقیل و ئالی جەعفەر و ئالی عەباسن. بە زەید گوترا: هەموو ئەمانە ئەمانە لە ئەهلوبەیتی ئەون؟ گوتی: بەڵێ.
لەوانە: لە عائیشەوە دەڵێ: (بەرەبەیانێک پەیامبەری خوا ﷺ دەرچوو و بوردەیەکی سوفی لەسەر شان بوو، پاشان عەلی و فاتیمە و حەسەن و حوسەینی خستە ژێر کراسەکەوە و ئینجا فەرمووی: { وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ وَلَا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَىٰ ۖ وَأَقِمْنَ الصَّلَاةَ وَآتِينَ الزَّكَاةَ وَأَطِعْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ إِنَّمَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيُذْهِبَ عَنكُمُ الرِّجْسَ أَهْلَ الْبَيْتِ وَيُطَهِّرَكُمْ تَطْهِيرًا(٣٣)}[الأحزاب:٣٣]
واتا: (بەڕاستی ئەی ئەهلوبەیتی پەیامبەر ﷺ خوا دەیەوێ ئێوە لە هەر جۆرە پیسی و گوناهێک دوور بخاتەوە و پاک و خاوێنتان بکاتەوە بەتەواوەتی).

سێیەمیان: فەزڵە گشتییەکانی: 
لەوانە: پەیامبەری خوا ﷺ دەفەرمووێ: (ڕاوەستە ئەی حیڕاء تۆ تەنها پەیامبەر، یا سددیق، یا شەهیدت لەسەرە). لەوکاتەش کێوی ئوحود پەیامبەری خوا ﷺ و ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی و تەڵحە و زەبەیر و سەعدی لەسەر بوو (رضي اللە عنهم).
لەوانە: لە سەعیدی کوڕی زەیدەوە دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: (دە کەس لە بەهەشتن: ئەبوبەکر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوسمان لە بەهەشتە، عەلی لە بەهەشتە، تەڵحە لە بەهەشتە، زوبەیر لە بەهەشتە، ئەبوعوبەیدە لە بەهەشتە، عبدالرحمانی کوڕی عەوف لە بەهەشتە، سەعد لە بەهەشتە، هاوڕێکەتان لە بەهەشتە).
لەوانە: لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە (رضي اللە عنە) دەڵێ: پەیامبەری خوا ﷺ فەرمووی: (باشترین خەڵک خەڵکانی سەردەمی منن، ئینجا ئەوانەی دوای ئەوان، ئینجا ئەوانەی دوای ئەوان).

کوشتنی ئەمیری ئیمانداران عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب (رضي اللە عنە) ساڵی ٤٠ ك:
لەدوای جەنگی نەهرەوان. کاتێک بارودۆخەکە هەندێک سەقامگیر بوو و کەش و هەواکە بۆ ماوەی دوو ساڵێک ئارامییەکی بەخۆیەوە بینی، سێ کەس لە خەواریجەکان لە مەککە کۆ بوونەوەو پەیمانیاندا کە دەبێت عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب و موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان و عەمری کوڕی عاس بکوژن، گوتیان: خۆمان لە خودا نزیک دەکەینەوە، بە کوشتنی ئەم سێ کەسە (ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵک قوتاریان بێ لە دەستیان – بە گومانی خۆیان -)، عبدالرحمانی کوڕی مولجیمی ئەلموراد گوتی: من بۆ عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب، بەڕکی تەمیم گوتی: من بۆ موعاویە، عەمڕی کوڕی بەکری تەمیمیش گوتی: منیش بۆ عەمری کوڕی عاس. لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە لەدوای حەڤدەی ڕەمەزانەوە دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی.
عەمڕ لە میسڕ بوو، موعاویەش لە شام بوو و عەلی لە کوفە، ئیبن مولجیم دەستی خۆی وەشاند، کاتێک کە عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب دەرچوو بۆ نوێژی بەیانی، بە شمشێرێک کە هەفتەیەک ژەهری پێوە کردبوو لێیدا، کاتێک کە لێیدرا گوتی: ئەگەر باش بوومەوە، ئەوە خۆم ڕووبەڕووی دەبمەوە، ئەگەریش مردم لەبەرانبەر کوشتنی من بیکوژنەوە، قسەی لەگەڵ حەسەن و حوسەیندا دەکرد، بۆیە ئیبن مولجیم گوتی: نە بەخوا شتی وا نابێ، من یەک هەفتە ژەهرم پێوە کردووە. کە وەفاتی کرد، هاتن بۆ ئیبن مولجیم و هەردوو دەستیان بڕی و هەردوو چاویان دەرهێنا، بەڵام هەر خۆڕاگر بوو و ناڕەحەتی نەدەکرد، کاتێک ویستیان زمانی ببڕن، ترسا، گوتیان: ئێستا[دەتەوێ تەوبە بکەی]؟! ئەویش گوتی: نا، دەترسم ماوەیەک بژیم و زیکری خوای تێدا نەکەم! [بەڵام ئەم بەسەرهاتە سەنەدەکەی سەحیح نییە].
سبحان اللە!! ئا ئەمەیە گومڕایی و سەرلێشێواوی ئاشکرا، پەنا بە خوا، خوێنی وەلییەک لە والیەکانی خوا حەڵاڵ دەکا و پاشان دەترسێ ماوەیەک بژی و یادی خودای تێدا نەکات!
_______________________________________________
سەرچاوە:
کتێبی: حقبة من التاریخ مابین وفاة الرسول ﷺ الی مقتل الحسین (رضي اللە عنە) سنة ٦١ هـ.
نوسینی:
عثمان محمد الخمیس.
 

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه