 موسوڵمان بوونی ضمادی ئەزدی رضی الله عنه
ضماد یەکێک بوو لە پیاوە شارەزاکانی یەمەن لەبواری چارەسەرکردنی باداری و فێداری و دەست لێوەشاندنی جنۆکە، ئەوەبوو هاتە شاری مەککە و بەرگوێی کەوت کە شێتێکی لێیە ناوی موحەمەدە چووە لای تا چارەسەری بۆ بکات و چاکی بکاتەوە.
ئیبنو عەباس خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت:(ضماد هاتە شاری مەککە و لە هۆزەکانی یەمەن بوو دەرمان و ڕوقیەی هەبوو بۆ فێداری وشێتی و باداری و گوێی لە نەفامەکانی شاری مەککە بوو دەیان وت:موحەمەد شێت بووە،ئەویش دەیوت:خۆزگە من ئەو پیاوەم دەبینی بەڵکو خوای گەورە شیفای بۆ بناردایە لەسەر دەستی مندا،ئەوەندەی پێ نەچوو گەیشت بە پێغەمبەری خواﷺ و پێی وت:ئەی محمد من دەرمانم لا هەیە بۆ شێتی و فێداری و باداری بەڵکو خوای گەورە شیفات بۆ بنێرێت لەسەر دەستی مندا ئایا بۆت بەکار بهێنم؟ پێغەمبەر ﷺ فەرموی:(ٳن الحمدلله نحمده و نستعینه من یهده الله فلامضل له ومن یضلل فلا هادي له......).
واتە:سوپاس تەنها شایستەی خوایە سوپاسی دەکەین و داوای کۆمەکی لێ دەکەین هەر کەسێک خوا ڕێنمونی بکات گومڕاکاری نییە وە هەرکەسکیش خوا گومڕای بکات ڕێنمونی کاری نییە شاهێدی دەدەم کە هیچ خوایەک نییە تەنها(اللە) نەبێت تاک و تەنهایە و هیچ هاوتایەکی نییە وە محمد بەندەی خوایە و پێغەمبەر ی خوایە)
لەپاش ئەمە ضماد وتی:ئادەی بۆم دووبارە کەرەوە ئەوەی ئێستا وتت،پێغەمبەر ﷺ سێ جار بۆی وتەوە،ئینجا وتی:گوێم لە وتەی فاڵچی و سیحربازەکان و وتەی شاعیرەکان بووە بەڵام تا ئێستا گوێم لەم وشانەی تۆ نەبووە بەڕاستی وشەکانت گەیشتوونەتە ئەوپەڕی فەرهەنگی دەریا دەستت بێنە با پەیمانت بدەمێ لەسەر ئیسلام دەفەرموێت پەیمانی دا بە پێغەمبەر ﷺ و پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:(دەبێ پەیمانیش بدەی لە جیاتی کەسەکانت کە هەوڵ بدەیت لەگەڵیاندا تاموسوڵمان ببن)
ضماد پەیمانی لەسەر ئەوەش دا.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم-چاپی دووەم
ص:۱٤٥
|