بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
خێزان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
 ئازارو ئەشکەنجە درانى هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ
14/09/2019
بینین: 81
ئەگەر بمانەوێ بەتێرو تەسەلى باسى ئەو ئازارو ئەشکەنجانە بکەین ، کە کافرەکان دژى هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ پێی هەستاون ، چ پیاویان و چ ئافرەتیان، بێگومان پێویستى بە پانتاییەکى زۆر دەکات ، بەڵام ئێمە لێرەدا گوڵبژێرێکیان لێ دەکەین ، بۆ ئەوەى بزانین وەک چۆن پێغەمبەر ﷺ بۆ ڕاگەیاندنى ئەم بانگەوازو پەیامە زۆر ئازار دراوەو ناڕەحەتى و ئەشکەنجەى بینیوە ، بەهەمان شێوە هاوەڵانى بەڕێزیشى زۆر ئازارییان بینیوە ، پێویستە بزانین کە ئەو ئیسلامە بە ئاسانى بڵاو نەبۆتەوە و ڕانەگوەندراوە و بە ئاسانیش نەگەیشتۆتە دەستى ئێمە .
یەکەم : أبو بکر الصدیق :
کە یەکەم کەس بووە لە دەرەوەى ماڵى پێغەمبەر ﷺ ئیمانى هێناوە ، (ابن کثیر) لە کتێبی (السیرة النبویة) دا هێناویەتى ، کە (عائیشە) – خوا لێی ڕازى بێ- ئاوا بۆمان دەگێڕێتەوەو دەڵێ : ڕۆژێک پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانى – خوا لێیان ڕازى بێ - ، کە سەرجەم ژمارەیان (٣٨) کەس بوو ، کۆببونەوە ، ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – زۆر داوا لە پێغەمبەر ﷺ دەکات ، کە بچن موسوڵمانێتى خۆیان ئاشکرا بکەن و بە ئاشکرا لە مزگەوتى حەڕام دا نوێژ بکەن، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : ئەى ئەبوو بەکر ! ئێمە ژمارەمان کەمە باوا نەکەین ، بەڵام ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – زۆر جەختى لێ دەکات ، ئینجا دەچن بۆ مزگەوت و نوێژ دەکەن و دووعا دەکەن ، ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – هەڵدەستێ ووتار دەدا، کە پێغەمبەر ﷺ لەو کاتەدا دانیشتبوو ، ( کەواتە ئەبووبەکر یەکەمیت ووتار بێژ(خطیب) بووە لە دواى پێغەمبەر ﷺ کە خەڵکى بۆ لاى خواو پێغەمبەرى خوا ﷺ بانگ کردووە ) ، کە بێبڕواکانى مەککە ئەوە دەبینن لێیان ڕادەپەڕن ، زۆریان لێ دەدەن و ئازاریان دەدەن ، بە تایبەتى ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – زۆر ئازار دەدرێ ، بە شێوەیەک کە (عتبة بن ربیعة) دەچێتە سەر سینگى و بە هەردوو نەعلەکانى لە دەموچاوى دەدات ، تاواى لێدێ چاوو لووت و برۆى بریندار دەبن ، ئەبوو بەکر لە تیرەى (بنو تیم)ە ، موشریکەکانى (بنو تیم) بەپەلە دێن و ئەبوو بەکر لەژێر دەستى (عتبة) و کافرەکانى دى دەردێنن ، بەڵام ئەبوو بەکر تواناى ڕۆیشتنى نەبوو ، بۆیە لە پێخەفێکدا بردیانەوە بۆ ماڵی خۆى و بەشێوەیەک لێی درابوو گومانیان وابوو کە دەمرێ .
بابى ئەبوو بەکر( کەناوى  - أبو قحافة- یەو،  دایکى  کەناوى – أم خیر- ە) زۆر لەگەڵی خەریک دەبن تا بە هۆش خۆى بێتەوەو قسە بکا، بەڵام بەهۆش خۆى نایەتەوە تا نزیک ئێوارێ ، دواتر کە بە هۆش خۆى دێتەوە ، لێی دەپرسن : وەزعت چۆنە ؟ ئەویش یەکەمین قسە کە دەیکا ئەوەیە کەدەڵێ : دەنگو باسى پێغەمبەرى خوا ﷺ چییە ؟!! خزمەکانیشى کە هەموویان موشریک دەبن ، کاتێک ئەوەى لێ دەبیستن ، لێی توڕە دەبن و زۆر قسەى پێ دەڵێن و بە توڕەیی بەجێی دەهێڵن ، وە بەدایکى دەڵێن خواردن و خواردنەوەى مەدەرێ با بمرێ ، دایکى زۆر لەگەڵی خەریک دەبێ ، بەڵام ئەبوو بەکر دەڵێ : وەڵڵاهى دایە نە خواردنێ دەخۆم نە ئاوێ دەخۆمەوە تا هەواڵێکى پێغەمبەر ﷺ نەزانم ، دایکى دەڵێ : ڕۆڵە من نازانم موحەممەد دەنگ و باسی چییە ، دیارە دایکیشى تا ئەو کاتە هەر کافر بووە ، ئەبوو بەکر دەڵێ : دەى باشە بچۆ بۆلاى (ام جمیل)ى خوشکى (عمر بن خطاب ) ، کە موسوڵمان بووە ، ئەو دەزانێت ، ئەویش دەچێ بۆلاى (أم جمیل) دەڵێ : دەنگوباسى موحەممەد چییە ؟!
 (أم جمیل ) لە وەڵامدا دەڵێ : بۆچى ؟
(أم خیر) دەڵێ : من ئەبوو بەکر ناردوومى .
(أم جمیل) دەڵێ : نە ئەبوو بەکر دەناسم ، نە موحەممەدیش دەناسم !!!
(أم خیر ) دەڵێ : ئەبوو بەکر منى ناردۆتە لاى تۆ تا هەواڵی موحەممەد لە تۆ وەرگرم !
(أم جمیل ) دەڵێ : بابچین کوڕەکەت ببینم بزانم کێیەو چۆنە ؟ ( دیارە هەر لەبەر لایەنى ئەمنیی (أم جمیل) واى گوتوە ، ئەگەر نا زۆر چاک ئەبوو بەکرى ناسیوە ) ، کە دەچێ بۆ لاى ئەبوو بەکر لە (أم جمیل) دەپرسێ : پێغەمبەر ﷺ چۆنە ؟
ئەویش دەڵێ : سوپاس بۆ خوا ، پێغەمبەرى خوا ﷺ سەلامەتە .
ئەبووبەکر دەپرسێ : ئێستا لە کوێیە ؟
ئەویش دەڵێ : لە ماڵی (ئەڕقەم)ە .
ئەبوو بەکر دەڵێ : من سوێندم خواردووە کە نان و ئاو نەخۆم تا نەیبینم و بزانم سەلامەتە  یان نا ؟! بۆیە کە شەو دادێ ، هەریەک لە (أم جمیل) و (أم خیر) دەچنە بن قۆڵەکانى ئەبوو بەکرو دەچن بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ لە ماڵی (ئەڕقەم) ، کە پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەبووبەکر بەو شێوەیە دەبینێ ، زۆر پەرۆشى دەبێ و ماچى دەکات ، ئەو موسوڵمانانەشى کە لەوێ دەبن زۆر بەزەییان بە ئەبووبەکردا دێ – خوا لێی ڕازى بێ –
ئەبوو بەکر دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ئەوە دایکمە ، کە لەگەڵم هاتووەو زۆریش لەگەڵم چاکە ، تۆش پێغەمبەرى خواى و موبارەکى داواى بۆ لە خواى پەروەردگار بکە کە هیدایەتى بداو لە ئاگر ڕزگارى بێت ، پێغەمبەریش ﷺ بانگى دایکى ئەبوو بەکر دەکات و دووعاى بۆ دەکات و هەر لەوێ موسوڵمان دەبێ .
دووەم : بیلالـــــى حەبەشـــــــــــى :
(عبدالله بن مسعود ) – خوا لێی ڕازى بێ –  ، وە ک (إمام أحمد) لێی دەگێڕێتەوە بەسەنەدێکى ڕأست لە موسەنەدى خۆیدا دەڵێ :
{أَوَّلَ مَنْ أَظْهَرَ إِسْلَامَهُ سَبْعَةٌ : رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَبُو بَكْرٍ وَعَمَّارٌ وَأُمُّهُ سُمَيَّةُ وَصُهَيْبٌ وَبِلَالٌ وَالْمِقْدَادُ ، فَأَمَّا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَمَنَعَهُ اللَّهُ بِعَمِّهِ أَبِي طَالِبٍ ، وَأَمَّا أَبُو بَكْرٍ فَمَنَعَهُ اللَّهُ بِقَوْمِهِ ، وَأَمَّا سَائِرُهُمْ فَأَخَذَهُمْ الْمُشْرِكُونَ وَأَلْبَسُوهُمْ أَدْرَاعَ الْحَدِيدِ وَصَهَرُوهُمْ فِي الشَّمْسِ ، فَمَا مِنْهُمْ مِنْ إنسان إِلَّا وَقَدْ وَاتَاهُمْ عَلَى مَا أَرَادُوا ، إِلَّا بِلَال فَإِنَّهُ هَانَتْ عَلَيْهِ نَفْسُهُ فِي اللَّهِ وَهَانَ عَلَى قَوْمِهِ ، فَأَعْطَوْهُ الْوِلْدَانَ وأخذوا يَطُوفُونَ بِهِ فِي شِعَابِ مَكَّةَ وَهُوَ يَقُولُ : أَحَدٌ أَحَد } ، واتە : یەکەمین کەس ، کە موسوڵمانێتى خۆیان ئاشکرا کرد ، حەوت کەس بوون :
١)پێغەمبەر ﷺ
٢) ئەبووبەکر .
٣) عەممار .
٤) سومەییە .
٥) صوهەیب .
٦) بیـــــــلال .
٧) میقدادى کوڕی ئەسوەد 
خوا (أبو طالب)ى  بۆ پێغەمبەر ﷺ کردبوو بە بەڵا گێڕەوە ، ئەبووبەکریش عەشیرەتەکەى ببونە بەڵاگێڕەوە بۆى ، بەڵام ئەوانى دى ، هاوبەش بۆ خوا دانەرەکان گرتیانن و زرێی ئاسنیان لەبەر کردن ، وە لەبەر خۆر ڕایاندەگرتن (عبدالله) دەڵێ : هیچ کامیان نەبوو ، کە شتێک نەڵێ بۆ ئەوەى موشریکەکان ئەشکەنجەى لەسەر سووک بکەن و لە کۆڵی ببنەوە ، جگە لە بیلال کە لە پێناوى خوادا خۆى لەلا کەم بوو ، بۆیە ئەوانیش ئەویان لەلا کەم بوو و دابویانە دەست منداڵ و هەرزەکارەکانى مەککە ، کە بەنێو شیوو دۆڵەکانى مەککەدا دەیانگێڕاو ئەەزیەتیان دەدا ، ئەویش دەیگوت : خوا تاکە : خوا تاکە .
بیلال کۆیلەى (ئومەییەى کوڕی خەلەف بوو ) و ڕۆژێکیان ، کە ئومەییە خەریکى ئەشکەنجەدانى بیلال بوو ، لەسەر ئەوەى ئیمانى هێنا بوو ، ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – بەلایدا تێدەپەڕێ و ئەم وتووێژە لە نێوانیاندا ڕوو دەدات .
{ ألا تتقي الله في هذا الرجل المسكين؟ 
فقال أمية: أنت الذي أفسدته  فأنقذه فيما ترى!
 فقال أبوبكر : أفعل ، عندى غلام أسود أجلد منه وأقوى على دينك أعطيكه به!
قال : قد قبلت ، فقال : هو لك ، فأعطاه أبو بكر الصديق غلامه ذلك وأخذه فأعتقه}
 واتە:  ئەبو بەکر دەڵێ : باشە لە خوا ناترسێی تاکەى وا لەو کابرا فەقیرە دەکەى ؟ ئەویش دەڵێ : تۆ تێکت داوە ، دەربازى بکە لەو حاڵەى کە تێیدایە ، ئەبووبەکریش دەڵێ : باشە ، من غوڵامێکى ڕەشم هەیە ، کەلە بیلال بەهێزترەو لەسەر دینى خۆشتە ، ئەوت دەدەمێ و تۆش بیلالم بدەیە ، ئومەییە دەڵێ : باشە قبووڵم کرد ، بەو شێوەیە ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – بیلال دەهێنێتە لاى خۆى وە پاشان ئازادى دەکات ، هەر بۆیەش عمر – خوا لێی ڕازى بێ – دەیگوت : (أبو بکر سیدنا ، وأعتق سیدنا) ، واتە : ئەبوو بەکر گەورەى ئێمەیەو گەورەى ئێمەى ئازاد کردووە ، ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – جگە لە بیلال چەند کۆیلەیەکى دیکەشى ئازاد کردوون ، (ابن هشام) لەو بارەیەوە گوتوویەتى : { ثُمَّ أَعْتَقَ أبوبكررضي الله عنه سِتَّ رِقَابٍ، بِلَالٌ سَابِعُهُمْ  ،عَامِرُ بْنُ فُهَيْرَةَ، وَأُمُّ عُبَيْسٍ وَزِنِّيرَةُ ،وَمَرَّ بِجَارِيَةِ بَنِي مُؤَمِّلٍ، حَيٌّ مِنْ بَنِي عَدِيِّ بْنِ كَعْبٍ، وَكَانَتْ مُسْلِمَةً، وَعُمَرُ بْنُ الْخَطَّابِ يُعَذِّبُهَا لِتَتْرُكَ الْإِسْلَامَ، فَابْتَاعَهَا أَبُو بَكْرٍ، فَأَعْتَقَهَا} ، واتە  : ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – شەش کۆیلەى دیکەى ئازاد کردن ، کە بیلال حەوتەمیان بوو ، کە ئەمانە بوون : عامر بن فهیرة  و أم عبیس و زنیرة و نهدیة و کچەکەى و کەنیزەکى (بنى مؤمل) ، کە لە (عمر بن خطاب)ى کڕیەوە و ئازادى کرد ، چونکە ئەشکەنجەى دەدا تاکو زاز لە ئیسلام بێنێ .
جا کە ئەبووبەکر – خوا لێی ڕازى بێ – ئەم خەڵکە ڕەش و ڕووتەى ڕزگار کرد ، (أبو قحافة) ى بابى ئامۆژگارى کردو پێی گوت : (يا بني إني أراك تعتق رقابا ضعافا فلو أنك إذ ما فعلت فعلت أعتقت رجالا جلداء يمنعونك ويقومون دونك! فقال أبو بكر رضي الله تعالى عنه: يا أبت إني أريد للهِ – عزّ وجلّ-)  فأنزل الله : { فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى (٥) وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى (٦) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى (٧)} اللیل.
) واتە : ئەى ڕۆڵەم ! من دەبینم خەڵکى کۆیلەى بێ خێر ئازاد دەکەى ، باشتر وایە پیاوى بەهێز ئازاد بکەى ، بۆ ئەوەى دوایی بەرگریت لێ بکەن ، لەوەڵامدا ئەبوو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – گوتى : بابە گیان ! ئەوەى کە من دەمەوێ ئەوە نیە ، کە ئەو خەڵکە بکەم بە دەستەو جەماعەتى خۆم ، بەڵکو دەمەوێ خواى پەروەردگار ڕازى بکەم ، کە لەوە ودوا خواى پەروەردگار ئەم ئایەتەى سووڕەتى (اللیل)ى ناردە خوار ئایەتى (٥ تا ٢١) ، کە بەم شێوەیە دەست پێ دەکەن : { فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى (٥) وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى (٦) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى (٧)} ، واتە : کەسێک ، کەماڵی خۆى ببەخشێت و پارێزگار بێت ، بڕواشى بە ووشەى هەرە چاک بێ { کە ووشەى خوا یەیەک گرتن (کلمة التوحید) ە} ئەوە ئاسانى دەکەین بۆ گرتنى ڕێی ئاسان – کە ڕێی خوا پەرستیە – لە کۆتایدا دەفەرموێ { وَمَا لِأَحَدٍ عِنْدَهُ مِنْ نِعْمَةٍ تُجْزَى (١٩) إِلَّا ابْتِغَاءَ وَجْهِ رَبِّهِ الْأَعْلَى (٢٠) وَلَسَوْفَ يَرْضَى(٢١) } ، واتە : وە چاکەى هیچ کەسێکى بەسەرەوە نیە تاکو پاداشتى بدرێتەوە ، بەڵکو تەنیا مەبەستى ڕووى ( ڕەزامەندیی) پەروەردگارى بەرزیەتى، وە لەمەو دوا ڕازى دەبێ ، کە ئەوە مەدحێکى زۆر گەورەیە بۆ (أبو بکر الصدیق) – خوا لێی ڕازى بێ – وە زانایانى توێژەرەوەى قورئان لەسەر ئەوە یەک دەنگن ، کە ئەم ئایەتانە لەبارەى ئەبووبەکرەوە هاتوونە خوارێ – خوا لێی ڕازى بێ – .  
 __________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٢٤٥- ٢٥١)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه