بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 قسە کردنى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ نوێنەرانى شارى (یثرب) و ئیمان هێنان و بەیعەت کردنیان
24/09/2019
بینین: 283

قسە کردنى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ نوێنەرانى شارى (یثرب) –ئەوس و خەزرەج- دا بەسێ قۆناغددا تێپەڕیوە :
قۆناغى یەکەم : سەرەتاى دیدار :
سەرەتاى دیدارەکە لە کۆتایی ساڵی (١١)یەمى پێغەمبەرایەتیدا بووە ، وە (ابن هشام) بۆمان دەگێڕێتەوەو دەڵێ : { فلما أراد الله عز وجل إظهار دينه ، وإعزاز نبيه صلى الله عليه وسلم ، وإنجاز موعده له ، خرج رسول الله صلى الله عليه وسلم في الموسم الذي لقيه فيه النفر من الأنصار ، فعرض نفسه على قبائل العرب ، كما كان يصنع في كل موسم . فبينما هو عند العقبة لقي رهطا من الخزرج أراد الله بهم خيرا... لما لقيهم رسول الله صلى الله عليه وسلم ، قال لهم : من أنتم ؟ قالوا : نفر منالخزرج ، قال : أمن موالي يهود ؟ قالوا : نعم ، قال : أفلا تجلسون أكلمكم ؟ قالوا : بلى . فجلسوا معه ، فدعاهم إلى الله عز وجل ، وعرض عليهم الإسلام ، وتلا عليهم القرآن  } ، واتە : کاتێک ، کە خواى زاڵ و شکۆدار ویستى دینەکەى خۆى ئاشکرا بکاو پێغەمبەرى خۆى ﷺ بە عیززەت بکات ، وە ئەو بەڵێنەى کە پێی داوە بۆى بێنێتە دى ، پێغەمبەر ﷺ لەکاتى مەوسمى حەجدا ، وەکو جاران دەستى کردەوە بەخۆ ڕانواندن لەسەر هۆزو تیرەکانى عارەب ، لەلاى (عقبة) گەیشتۆتە کۆمەڵێک لە تیرەى (خزرج) کە خوا ویستى خێریان بێنێتە ڕێ ( هەرکەسێک لە خزمەتى دینى خوادا بێ، بێگومان خوا خێرى هێناوەتە ڕێ و دەێ مەمنونى خوا بێت ) .
کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ پێیان گەیشت فەرمووى : ئێوە کێن ؟! گوتیان : ئێمە کۆمەڵێکین لە (خزرج) فەرمووى : لە هاوپەیمانەکانى جوولەکەن ؟! گوتیان : بەڵێ ، فەرمووى : دانانیشن هەندێک قسەتان بۆ بکەم ؟ گوتیان : با ، ئینجا لەگەڵی دانیشتن و ، بانگى کردن بۆ لاى خواو ئیسلامى لەسەر ڕانواندن و قوڕئانى بۆ خوێندنەوە .
(ابن هشام) دەڵێ : شتێک کە خوا بۆ پێغەمبەرى ﷺ کردبوو ئەوەبوو ، کە جوولەکەکان لەگەڵ ئەوس و خەزرەج بوون لە ووڵاتى خۆیان (یثرب) ، جوولەکەکان خاوەنى کتێب و زانیارى (وحى) بوون ، بەڵام ( ئەوس و خەزرەج) هاوبەش بۆ خوا دانەرو بت پەرست بوون ، (ئەوس و خەزرەج ) بەسەر جوولەکەکاندا زاڵ بوون و دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەبوو ، جا کاتێک کە دەمەقاڵێ و ناکۆکیەکیان دەبوو ، لەبەر ئەوەى جوولەکەکان بە (ئەوس و خەزرەج ) نەدەوێران هەڕەشەیان دەکرد بە پێغەمبەرى کۆتایی و ﷺ دەیانگوت : ( أن نبيّاً مبعوث الآن قد أظلَّ زمانُهُ نَتَّبِعهُ فنقتلكم معه قتل  عادٍ و إرمٍ ) ، واتە : پێغەمبەرێک دێت ، کە ڕۆژگارى هاتنى نزیک بۆتەوە ، شوێنى دەکەوین و لەگەڵ ئەودا لە دژى ئێوە دەجەنگین ، وەکو چۆن (عاد) و (إرم) لەبەین چوون ، ئاوا لەبەینتان دەبەین ، ئینجا کاتێک کە پێغەمبەر ﷺ قسەى لەگەڵ ئەو کۆمەڵە پیاوەدا کرد ، کە شەش کەس بوون لە خەزرەجییەکان ، لە نێو خۆیاندا هەندێکیان گوتیان : ( ياقوم! تعلموا والله إنه لَلْنَبِيُّ الذي تَوعَّدكم به يهود فلا تسبقنكم إليه) ، واتە : ئەى خەڵکینە ! بزانن سوێند بەخوا ئەوە ئەو پێغەمبەرەیە کە جوولەکەکان هەڕەشەى پێ دەکەن لە ئێوە، کەواتە ئازابن با ئەوان پێشتان نەکەون !
ئینجا دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ بەدرێژى باسى ئیسلامى بۆ کردن ، ئەو شەش کەسە ئیمانیان پێ هێناو بە ڕاستیان زانى ، ئەو پەیام و بانگەوازەى کە بۆى خستبوونە ڕوو ، لێیان وەرگرت و موسوڵمان بوون ، وە پێیان گوت : ( ئێمە کە هاتووین بۆ حەج ئەو خزم و تیرانەى خۆمانمان بەجێ هێشتوون ، شەڕو دوژمنایەتییەکیان لە نێواندا هەیە هەر خوا دەزانێ چۆنە ! جا بەڵکو خواى بەرزو مەزن بەهۆى تۆوە کۆیان بکاتەوە، ئێمە دەچینەوەو بانگیان دەکەین بۆ ئەو دینەى تۆ ، وە باسى ئیسلامیان بۆ دەکەین ، ئەگەر خوا ئەوان لەسەر دەستى تۆ کۆبکاتەوە ، هیچ کەس لەتۆ بە عیززەتتر نابێ ، ئینجا دوایی ئەو شەش کەسە گەڕانەوە بۆ ووڵاتى خۆیان دواى ئەوەى ئیمانیان هێناو پێغەمبەرى خوایان بە ڕاست دانا ) ، ئەو شەش کەسەش بریتی بوون لە :
١)أسعد بن زرارة ، له (بني النجار).
٢) عوف بن الحارث ، له (بني النجار) .
٣) رافع بن مالك بن العجلان ، له (بني زريق) .
٤) قطبة بن عامر بن حديدة ، له (بني سلمة) .
٥) عقبة بن عامر بن نابي ، له (بني حرام بن كعبة) .
٦) جابر بن عبدالله ، له (بني عبيد بن غنم) .
- خوا لە هەموویان ڕازى بێ - ، وە دواى ئەوەى کە چوونەوە بۆ (یثرب) باسى پێغەمبەرى خوایان ﷺ بۆ خەڵکەکە کردو ، خەڵکەکەى خۆیان بانگ کرد بۆ ئیسلام ، بەشێوەیەک ئیسلامیان لە نێودا بڵاو بۆوە ، کە هیچ ماڵێک لە ماڵەکانى (یثرب) نەما کە باسى پێغەمبەرى ﷺ تێدا  نەکرێ و باسى ئیسلامەتى نەچوبێتە نێو .
شایانى باسیشە نوێنەرانى (یثرب) لە قۆناغى یەکەمى دیدارى پێغەمبەردا ﷺ هەموویان گەنج بوون و تەنیا (خەزرەجییەکان) بوون .
قۆناغى دووەم : پەیمانى یەکەمى (عقبة) :
(ابن إسحاق) وەک (ابن هشام) لێی دەگێڕێتەوە ، دەڵێ : ساڵى ئایندە ، - واتە: ساڵى دوانزەیەمینى پێغەمبەرایەتى – لەکاتى – موسم-ى حەجدا  (دوازدە) پیاو هاتن ، وە لاى (عقبة) بە پێغەمبەر ﷺ گەیشتن و لەوێ ئیمانیان پێ هێناو پەیمانیان پێدا ، وە بەو پەیمانە گەگوترێ : ( بیعة النساء) ، واتە : ( پەیمانداریی ئافرەتان ) ، بۆیەش ئەو ناوەى لێنرا ، چونکە پێش ئەوەى جەنگیان لەسەر پێویست بێ ، ئەو پەیمانەیان لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا ﷺ بەست .
ئەو دوازدە کەسەش دەیان لە (خەزرەج) بوون و دووشیان لە (ئەوس) بوون ، کە (خەزرەجییەکان) پێنجیان پێشتریش لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ کۆبووبوونەوە، کە هەموویان بریتی بوون لەمانە : 
١)أسعد بن زرارة 
٢) عوف بن الحارث 
٣) رافع بن مالك 
٤) قطبة بن عامر 
٥) عقبة بن عامر 
٦) معاذ بن الحارث 
٧) ذكوان بن عبدالقيس 
٨) عبادة بن الصامت
٩) يزيد بن ثعلبة 
١٠) العباس بن عبادة بن نضلة 
١١) أبو الهيثم بن التيهان 
١٢) عويم بن ساعدة 
تەنها ئەو دووەى کۆتایی لە ئەوس بوون ، ئەو دوازدە کەسە بە نوێنەرایەتى موسوڵمانانى مەدینە یەکەم پەیمانیان بە ) عقبة بن عامر بن نابي ﷺ دا لە (عقبة) ، دەقى پەیماننامەى یەکەمى (عقبة) کە (عبادة بن الصامت) یەکێک بووە لەوانەى ئەو پەیمانەى بە ) عقبة بن عامر بن نابي ﷺ داوە بۆمان دە گێڕێتەوە ، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى : { بايعُونِي علَى أن لا تُشْرِكُوا باللهِ شيئًا ، ولا تَسْرِقُوا ، ولا تَزْنُوا ، ولا تقتُلُوا أولادَكُم ، ولا تأتوا ببهتانٍ تفتَرُونَهُ بينَ أيدِيكُم وأرجلِكُم ، ولا تعْصُوا فِي معروفٍ ، فمَنْ وَفَّى منكُم فأَجْرُهُ على اللهِ ، ومَنْ أَصَابَ مِن ذلِكَ شيئًا فعُوقِبَ بهِ في الدُّنْيَا فهو كَفَّارَةٌ ، ومن أصابَ مِن ذلكَ شيئًا ثم ستَرَهُ اللهُ فهو إلى اللهِ ، إن شاءَ عفا عنهُ ، وإن شاءَ عاقَبَهُ ، فبايعنَاهُ على ذلكَ} رواه البخارى ، واتە : وەرن پەیمانم پێ بدەن ، کە خوا بپەرستن و هیچ هاوبەشێکى بۆ بڕیار نەدەن و دزى نەکەن و زینا نەکەن و منداڵەکانى خۆتان نەکوژن و هیچ بوختانێک نەکەن لە نێوانى دەست و پێتاندا (واتە : کوڕ یان کچى خەڵکى دیکە نەکەن بە هی خۆتان) وەلە هیچ شتێکى چاکدا سەرپێچى لە فەرمانى پێغەمبەر ﷺ نەکەن ، جا ئەگەر یەکێکتان وەفاى بەو پەیمانە کرد ، ئەوە پاداشتى لەسەر خوایە ، وە لە ەدنیادا لەسەرى سزا درا ، ئەوە بۆى دەبێتە سڕانەوە ، وە هەر کەسێک گوناهێکى لەوانە کردو ، خوا پۆشى، وە ئەگەر یەکێک لەو گوناهانەتان کرد ، کە پەیمانتان داوە نەیکەن ، ئەوە کارتان دەگەڕێتەوە بۆ لاى خوا ئەگەر ویستى سزاتان دەدات ، یاخود لێتان دەبوورێ .
(إبن إسحاق) دەڵێ :  ( دواى ئەوەى ئەو دوازدە کەسە گەڕانەوە بۆ (یثرب) پێغەمبەر ﷺ (مصعب بن عمیر) ى لەگەڵ ناردن وە فەرمانى پێ کرد ، کە قوڕئانیان بەسەردا بخوێنێ و ئیسلامیان تێ بگەیەنێ و لە دین شارەزایان بکات ، بۆیە لە (یثرب) دا پێیان دەگوت (المقريء) یانى: (قورئان خوێن) ، واتە : ئەو کەسەى کە قورئان بە خەڵکى دەخوێنێ و فێریان دەکات ، مەنزڵگاکەشى لەلاى (أسعد بن زرارة بن عدس) بوو کە (کنیة٩ى (أبی أمامة) بووە ، (ابن اسحاق) دەڵێ:  (مصعب بن عمیر) پێش نوێژیی بۆ دەکردن ، چونکە (ئەوس و خەزرەج) هیچ کامیان ئامادە نەبوون ، کە نوێژ لەدواى یەکترەوە بکەن .
قۆناغى سێ یەم : پەیمانى دووەمى (عقبة) :
قۆناغى سێ یەمى دیدارى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ نوێنەرانى شارى (یثرب) لە ساڵى (١٣)یەمى پێغەمبەرایەتى دا بوو ، (ابن هشام ) لەو بترەوە دەڵێ : دواى ئەوەى کە (مصعب بن عمیر ) بۆ ماوەى یەک ساڵ لە (یثرب) دەمێنێتەوە ، لە ساڵى داهاتوودا لەکاتى مەوسمى حەجدا دەگەڕێتەوە بۆ مەککە لەگەڵ ئەو موسوڵمانانەى کەلەسەر دەستى ئەو موسوڵمان بوو بوون، بەڵام کە لە (یثرب)ەوە بەڕێ دەکەون خۆیان لە کافرەکانى ئەوێ جیا ناکەنەوەو بەیەکەوە دێن ، بۆ ئەوەى ئاشکرا نەبن و زیانیان پێ نەگەیەنن ، کە دەگەنە مەککە کات و شوێنێک لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دادەنێن بۆ یەکتر بینین لەلاى (عقبة) لە ناوەڕاستى ڕۆژەکانى تەشریق (أیام التشریق) دا ، { واتە : ١١- ١٢- ١٣/ى (ذی الحجة) } ، (کعب بن مالك) کە یەکێکە لەوانەى ئامادەى ئەو پەیمانە بووە ، دەڵێ : دواى ئەوەى کە لە حەج بووینەوە ، ئەو شەوەى کە قەرار بوو پێغەمبەرى 
 ﷺ تێدا ببینین سەرەتاى شەوێ لەگەڵ موشریکەکان لەلاى مەنزڵگاو بارەگاکانى خۆمان خەوتین هەتا سێ یەکى شەو ڕۆیشت ، دوایی ئێمە بە پەنهانى هەستاین و لە مەنزڵگاکەى خۆمان هاتینە دەرو بە پەنهانى ڕۆیشتین تا شیوەکانى عەقەبە ، لەوێ هەموومان کۆبووینەوە کە (٧٣) پیاوو (٢) ئافرەت بووین ، دوو ئافرەتەکەش یەکێکیان ( نسیبة بن کعب ) کە (کنیة)ەکەى (أم عمارة) بوو ، دەوەى دیکەیان (أسماء بنت عمرو) کە (کنیة)ەکەى (أم منیع)بوو ، (کعب بن مالك) دەڵێ : لەوێ پێغەمبەر ﷺ قسەى بۆ کردین و قورئانى بۆ خوێندینەوەو بانگى کردین بۆ ئیسلام ، پاشان فەرمووى : { أبايعكم على أن تمنعوني ممّا تمنعون مِنهُ نسائكم وأبنائكم} ، واتە : پەیمانتان لەگەڵ دەبەستم ، کە بەرگریم لێ بکەن و پشتگیرم بن وەکو چۆن پشنگیریی و بەرگریی دەکەن لە هاوسەرو منداڵەکانى خۆتان ، (کعب) دەڵێ: (براء بن مالك) لە پێش هەمووماندا دەستى پێغەمبەر ﷺ ى گرت وە گوتى : بەڵێ سوێند بەو زاتەى کە تۆى بەحەق ناردووە ، تۆ دەپارێزین لە هەموو شتێک ، کە ناموس و ماڵ و منداڵى خۆمانى لێ دەپارێزین .
(کعب) دەڵێ : گوتمان ئەى پێغەمبەر ﷺ پەیمانمان لەگەڵ ببەستە سوێند بەخوا ئێمە کوڕى شەڕو ئامرازى جەنگین ، لە باب و باپیرانەوە بە میراتمان  گرتووە ( وە نەبێ تازە فێرى شەڕ بووبین ) .
(کعب) دەڵێ : کاتێک کە (براء بن مالك) قسەى لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دا دەکرد (أبو الهیثم بن التیهان) قسەکەى پێ بڕی و ، گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ لە نێوانى ئێمەو جوولەکەکاندا پەیمان و بەڵێن هەیە ، ئێمە کە دواى تۆ بکەوین دەبێ ئەو پەیمانە هەڵوەشێنینەوە ، جا ئایا کاتێک ئێمە وامان کردو خواش تۆى سەرخست ، تۆ دەگەڕێییتەوە بۆ نێو قەومەکەت (قوڕەیش) و ئێمە بەجێ دێڵی و ( پشتمان بەردەدەى لە بەرانبەر نا حەزانماندا ) .
(کعب) دەڵێ : پێغەمبەرى خوا ﷺ زەردەخەنەیەکى هاتێ و فەرمووى : {  بل الدم الدم والهدم الهدم ، أنا  منكم وأنتم مني ، أحارب من حاربتم و أسالِمُ  من سالَمتم}  ، واتە : بە ڵکو خوێنم لەگەڵ خوێنتانەو ، ماڵ لێ تێکچونیشم لەگەڵ ماڵ لێ تێکچوونتانە ، وە من لە ئێوەم و ئێوەش لەمنن ، لەگەڵ کێ شەڕ بکەن شەڕى لەگەڵ دەکەم ، وە ئلشتیش لەگەڵ کێ بکەن ئاشتى لەگەڵدا دەکەم .
(کعب) دەڵێ : ینجا پێغەمبەرى خوا  ﷺ پێی فەرمووین {  وأخرجوا اليَّ منکم اثني عشر نقيباَ ليكونوا على قومهم بما فيهم } ، واتە : دوازدە مشوورخۆر (نقیب)م لە نێو خۆتاندا بۆ هەڵبژێرن ، بۆ ئەوەى هەر کامێکیان بەسەر تیرەکەى خۆیەوە برا گەورە بێ ، چونکە ناکرێ پێغەمبەر ﷺ لەو کاتەدا لەگەڵ یەک یەکى موسوڵماناندا قسە بکات ، بۆیە پێویست بووە یەکێک ببێتە نوێنەرى کۆمەڵێک ، (کعب) دەڵێ : ئینجا ئێمەش (١٢) نەقیبمان لە نێو خۆماندا هەڵبژاردن ، بە پێغەمبەرمان ناساندن ، کە (٩) کەسیان لە (خەزرەج) بوون و (٣) شیان لە (ئەوس ) بوون ، بەم شێوەیە :
١)أسعد بن الزرارة .
٢) سعد بن الربيع .
٣) عبدالله بن رواحة .
٤) رافع بن مالك بن العجلان .
٥) البراء بن معرور بن صخر .
٦)عبدالله بن عمرو بن حرام .
٧) عبادة بن الصامت .
٨) سعد بن عبادة .
٩) المنذر بن عمرو بن خنيس .
١٠) أسيد بن حضير .
١١) سعد بن حثيمة بن الحارث .
١٢) رفاعة بن عبدالمنذر بن زبير.
(ابن اسحاق) دەڵێ : ئينجا پێغەمبەر ﷺ بە نەقیبەکانى فەرموو : { أنتم على قومكم بما فيهم كفلاء ككفالة الحواريين لعيسى بن مريم رضي الله عنه و أنا كفيل على قومي ، يعني المسلمين ؟ قالوا : نعم } ، واتە : ئێوە هەر کامێکتان لەسەر قەوم و خزمانى خۆى سەرپەرشتیار دەبێ ، وەکو چۆن حەوارییەکان کەفیل و وەکیلى عیساى کوڕى مەریەم بوون ( علیه الصلاة والسلام) ن وە منیش مشوورخۆرم بەسەر هەموو قەومەکەمەوە ، یانى : موسوڵمانان ، ئەوانیش گوتیان : بەڵێ .
(کعب) دەڵێ : پێغەمبەر ﷺ فەرمووى { إرفضّوا إلى رحالكم} ، واتە : ئێستا بڵاو بنەوەو بچنەوە بۆ لاى بنەو بارگەکانتان ( بۆ ئەوەى موشریکەکان هەستیان پێ نەکەن ) ، (کعب) دەڵێ :  (عباس بن عبادة) بە پێغەمبەر ﷺى گوت : سوێند بەو خوایەى بەحەق ڕەوانەى کردووى ، ئەگەر حەز دەکەى و پێت چاکە بەیانى بە شمشێرەکانمان لە موشریکەکان دەدەین ! 
پێغەمبەر ﷺ لە وەڵامدا فەرمووى : {لَمْ نُؤْمَرْ بذلك و لكن إرجعوا الى رحالكم } ، واتە : جارێ فەرمانمان بەوە پێ نەکراوە ، بەڵکو بگەڕێنەوە بۆ ناو بارگەکانى خۆتان ، ئێمەش گەڕاینەوە بۆ لاى بنکەو بارەگاکانى خۆمان و خەوتین هەتا بەیانى .
_____________________________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٣٥٨-٣٦٦)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه