بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 کۆچکردنی دووەم بۆ وڵاتی حەبەشە
24/11/2019
بینین: 2479

ئیبنو ئیسحاق رەحمەتی خوای لێبێ لە ئوم سلمەوە خوای لێ ڕازیبێ دەگێڕێتەوە دەفەرموێت :(کاتێ پێغەمبەر ﷺ بینی هاوەڵانی تووشی چۆن بەڵایەک بوون وە خۆیشی خوای گەورە پەنای داوەو مامیشی بەرگری لێ دەکات،و کەس ناتوانێت هیچی بەرامبەر بکات و زانیشی کە هیچی پێ ناکرێت بەرامبەر ئەو موسوڵمانانە ئینجا پێی فەرموون: ئەگەر بچوونایە بۆ خاکی حەبەشە چونکە پاشایەکی لێ یە کەس ستەمی لێ ناکرێت لای ئەو وە وڵاتی کەسانی ڕاستگۆیە،بڕۆن تاکو خوای گەورە درووی خێرتان لێ دەکاتەوە لەم بارەی کە ئێوه تیایدان ، دەفەرموێت: ئیتر لەوکاتەوە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ بەڕێکەوتن بەرەو خاکی حەبەشە لە ترسی هەڵگەڕانەوە و پاشگەزبوونەوە و دوور خستنەوە لە ئاینی ئیسلام).
ئینجا بەڕێکەوتن بەرەوە خاکی حەبەشە،وە ئەو مسوڵمانانەی کە کۆچیان کردبوو جگە لەو کوڕو مناڵانەی پێیان بوو کە لەوێ لەدایک بوون، ژمارەیان تەنها هەشتاو سێ موسڵمان بوو، گومان هەیە لەوەی عەمماری تیابووبێت، وەیەکێک لە کۆچکردوان لە ڕێگەی وەفاتی کرد. وەک زوبەیری کوڕی عەوام خوای لێ ڕازیبێ دەفەرموێت:( خالیدی کوڕی حزام کۆچی کرد بۆ خاکی حەبەشە لە ڕێگەدا مارێک گەستی و وەفاتی کرد  خوای گەورەش سەبارەت بەو ئەم ئایەتەی دابەزاند:(وَمَن يُهَاجِرْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ يَجِدْ فِي الْأَرْضِ مُرَاغَمًا كَثِيرًا وَسَعَةً وَمَن يَخْرُجْ مِن بَيْتِهِ مُهَاجِرًا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ ثُمَّ يُدْرِكْهُ الْمَوْتُ فَقَدْ وَقَعَ أَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا ( ۱۰۰) النساء).
بەدەرچوونی هەواڵی کۆمەڵێک کە گەشتونەتە حەبەشە دەست بەجێ و بە پەلە قوڕەیش نوێنەری خۆیان ئاراستەی نەجاشی پادشای حەبەشە کرد.
ئیبنو عەباس خوا لێی ڕازیبێ دەفەرموێت(کاتێ پێغەمبەر ﷺ لە شاری مەککە بوو ترسا لە هاوەڵەکانی کە هاوبەش پەیداکەران ئازاریان  بدەن، لەبەرئەوە جەعفەری کوڕی ئەبوطالب و ئیبنو مەسعود لەگەڵ چەندین هاوەڵی خۆیدا ناردنی بۆ لای نەجاشی پاشای حەبەشە،کاتێ ئەم هەواڵە گەیشت بە هاوبەش پەیداکەران ئەوانیش نوێنەری خۆیان کە عەمری کوڕی عاص بوو لەگەڵ تاقمێک لە قوڕەیشیەکان ناردیان و پێش موسڵمانەکان خۆیان گەیاندە لای نەجاشی وە پێییان ڕاگەیاند و وتیان:پیاوێک لە قوڕەیش پەیدا بووە کە قوڕەیشیەکان بەبێ عەقڵ دەزانێت و ڕەخنە لە ئاینەکەیان دەگرێت و پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە پێغەمبەرە، تاقمێکی لە هاوەڵانی خۆی ناردووە کە خەڵکانی لای ئێوەش تووشی ئەو ئاژاوەیە بکەن ئێمە پێمان خۆش بوو کە پێشوەخت بێینە لای تۆ و ئەم هەواڵەت پێ بگەیەنین بۆ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت، ئینجا نەجاشی وی:ئەگەر ئەوان هاتن منیش گوێ دەگرم بۆ قسەکانیان تا بزانم چییەو چی نییە و چی دەڵێن. گومان وایە کە قوڕەیش دووجار عەمری کوڕی عاصی ناردبێت بۆ حەبەشە، جارێکیان لەگەڵ عەمماری کوڕی وەلید، وەجارێکیان لەگەڵ عەبدوڵای کوڕی ڕەبیعە.
(دوای گەشتنی هاوەڵە کۆچکارە بەڕێزەکانی پێغەمبەری خوا ﷺ بۆلای نەجاشی،ئینجا قوڕەیش بۆ دواجار دەست بەجێ عەمری کوڕی عاص و عەمماری کوڕی وەلید لەگەڵ چەندین خەڵات و دیاری گران بەهایان ئامادە کرد بۆ ئەوەی نەجاشی و وەزیرەکانی پێ قایلکەن تا ئەو کۆمەڵەیان پێ بسپێرنەوە).
ئوم سەلەمە رەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:(کاتێ دابەزین لە خاکی حەبەشە چوینەلای چاکترین دراوسێ کە ئەویش نەجاشی بوو لای ئەو ئەمین بووین لە ئایین و باوەڕی خۆمان، وە خوای خۆمان دەپەرست و تووشی ئازار نەدەبووین،وە کەس ئازاری نە دەداین و گوێمان لە هیچ شتێک نە دەبوو کە پێمان ناخۆش بێت،کاتێ ئەم هەواڵە گەیشت بە وڕەیش کۆبوونەوە لەناو خۆیاندا پیلانی ئەوەیان کێشا کە نوێنەرێ بنێرن بۆ لای نەجاشی ئینجا دوو پیاوی پایە بەرز و زمان زانیان نارد لەگەڵ چەند خەڵاتێکی گران بەها کە ئامادەیان کرد بوو بۆ نەجاشی لەو شتانەی کە زۆر لای خۆشەویست بوو لە شاری مەککە ، وە چاکترین دیاری لای نەجاشی پێستەی نایاب بوو، بۆیە پێستەیەکی یەکجار زۆری نایابیان بۆ کۆکردەوە وە بۆ هەموو بەتریکێک (واتە:زانا گاورەکان)لە بەتریکەکانی چوار دەوری نەجاشی خەڵاتی باشیان بۆ ئامادەکردن ئینجا ئەم خەڵاتانەیان لەگەڵ عەبدوڵای کوڕی ئەبو ڕەبیعە کوڕی مەخرەمەی مەخزومی و عەمری کوڕی عاصی کوڕی وائلی سەهمی دا نارد، وە فەرمانیان پێ کردن وە پێ یان وتن:ئەگەر چوون لە پێش دا بچن بۆلای بەتریقەکان و هەر بەتریقێک خەڵاتی گرانی خۆی پێشکەش بکەن پێش ئەوەی قسە لەگەڵ نەجاشی دا بکەن، ئینجا کە خەڵاتەکانیان  پێ دان دوایی قسە لەگەڵ نەجاشی دا بکەن وە داوای لێ بکەن کە ئەو کۆمەڵەتان پێ بسپێرنەوە تا بیگێڕنەوە بۆ ئێمە.....
ئوم سەلەمە رەزای خوای لێبێ دەفەرمووێت: بەڕێکەوتین تا گەیشتینە لای نەجاشی ئێمە لەوێ لە چاکترین جێگەو لای چاکترین دراوسێ بووین وە (دەفەرمووێت) هیچ بەتریکێک لە بەتریکەکان نەمان کە خەڵاتی خۆی وەرنەگرێت پێش ئەوەی قسە لەگەڵ نەجاشیدا بکەن، ئینجا هەردووکیان بە بەتریکەکانیان وت:کەسانێک لە ئێمە هاتوون بۆ وڵاتی پاشای ئێوە کە هەرزەو نەفامن و لە ئایینی قەوم و هۆزی خۆیان لایان داوە وەنەش هاتونەتە ناو ئایینی ئێوەوە، بە ئاینێکی داهێنراو هاتوون کە ئێمە نازانین چییە؟ وە ئێوەش ئەو ئاینە ناناسن، وە ئێمەش بۆلای پاشای بەڕێزی ئێوه نێرراوین لەلایەن سەرکردایەتی خەڵکی خۆمان کە ئێمەیان ناردووە بۆ ئەوەی پێمان بسپێرنەوە تابیانگێرینەوە، چونکە خزم و عەشرەتی خۆیان باشیان دەناسن و دەزانن عەقڵیان چۆنە و تاچ ڕادەیەک نەزان و هەرزەن، ئەمانە ئاین و ئاوەڕی ڕاستیان نیە،بەتریکەکان هەموویان بەم قسانە ڕازی بوون و پاشان خەڵاتەکانی خۆیانیان نزیک بە نەجاشی کردوەو نەجاشی لێی وەرگرتن و چوونە ژوورەوە وەسجدەیان بۆ نەجاشی برد...یەکێکیان لای دەستی ڕاستی نەجاشییەوە دانیشت ئەویش عەمری کوڕی عاص بوو وە ئەوی تریشیان لای دەستی چەپی یەوە دانیشت،ئینجا قسەیان لەگەڵ نەجاشی دا کرد و پێ یان وت:ئەی پاشا کەسانێک لە ئێمە هاتوون ۆ وڵاتی ئێوە،منداڵانێکی هەرزەو نەفامن لەئاینی کەسانی خۆیان لایان داوە و نەهاتونەتە ناو ئایینی ئێوەش، ئاینێکی دروستکراوی تازەیان داهێناوە کە ئێمە نایناسین و نایزانین و ئێمەش پیاو ماقوڵان و سەرکردەکانی خەڵکی خۆمان ئێمەیان ناردووە بۆ لای جەنابتان بۆ ئەوەی پێمان بسپێرنەوە چونکە ئێمە شارەزاترین کە ئەوانەچین و چ کارەن و ئاینیان چییە و چی نییە، پێمان بسپێرەوە با بیانگێڕینەوە بۆ وڵات و ناو خزمانی خۆیان و لێتان دووربخەینەوە.
نەجاشی توڕە بوو وتی:وەڵاهی کاری واناکەم بانگیان دەکەم و پرسیاریان لێ دەکەم تا بزانم ئەوی ئێوە دەیڵێن ئەوان وڵامیان چییە؟ ئەگەر وەکو ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاست بێت ئەوا پێتان دەسپێرمەوە و بیانگێڕنەوە بۆ ناو قەومی خۆیان، بەڵام ئەگەر وانەبوو بە هیچ جۆرێک ئەوانتان پێ نادەمەوەو پشتگیریشیان لێ دەکەم و بەچاکترین شێوە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەم تا لە لای من بمێننەوە. ئینجا نوێنەر نێردرا بۆلای هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ وە بانگکران کاتێک نوێنەرەکان هاتن، هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ کۆبوونەوە لە ناو خۆیاندا هەندێکیان بە هەندێکیان وت:باشە چی بڵێین بەم پاشایە؟ وتیان:وەڵاهی ئەوەی دەیزانین پێی دەڵێین ئیتر چی دەبێت با ببێت.
لە ڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(کە نەجاشی نوێنەری نارد بۆ لامان جەعفەری کوڕی ئەبوطالب پێی وتین:کەس قسە نەکات من ئەڕۆم وتار بێژی ئێوە دەبم، (دەفەرموێت)ئێمەی هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ چووین تا گەیشتینە دەرگای نەجاشی لەوێ وتمان:ئایا ڕێگە دەدەن بەپیاوانی خوا بێنە ژوورەوە؟ نەجاشی وتی:ڕێگەیان پێبدەن پێشوازی و مەرحەبا لە پیاوانی خوا،دەفەرموێت:کاتێ هاوەڵان هاتنە ژوورەوە سەلامیان کرد(واتە:سوجدەیان نەبرد)و ڕۆیشتنە ژوورەوە چوونە بەردەم نەجاشی لە جێگەی دانیشتنەکەیدا بوو عەمری کوڕی عاص لای ڕاستی یەوە بوو،وە عەمماریش لای چەپیەوە بوو،وە(قەسیس و ڕاهیبەکان)بە دوو ڕیز دانیشتبوون وە عەمروو عەمماریش پێیان وتبوون:ئەمانە سوجدە نابەن بۆ پاشا، تەنها بۆ خوای خۆیان نەبێت، ئینجا عەمرو عەمماریش وتیان:نابینن ئەی پاشا ئێمە ڕاستمان کرد لەگەڵتدا بەو سڵاوەی کە پێویستە ڕێزت لێ بگیرێت ئەوان ئەنجامیان نەدا. نەجاشی وتی:بۆ ئەو سڵاوەی کە شایستەی منە نەتان کرد لەگەڵ مندا؟(واتە:سوجدە بردن)؟
موسوڵمانەکانیش وتیان:ئێمە سڵاومان لێ کردیت بە سڵاوی ئەهلی بەهەشت بەسڵاوی فریشتەکان. ئینجا نەجاشی ، ئوسقوفەکانی خۆی بانگ کرد و ئینجیلەکانیان کردەوە، پاشان پرسیاری لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ کرد وتی:ئەم ئاینە چیە کە ئێوە لە سەری جیابوونەتەوە لە کەسانی خۆتان و نەهاتوونەتە ناو ئاینەکەی من و نەچونەتە ناو ئاینی هیچ کەسێک لە گەلانی سەر زەوی؟
جەعفەر لەوڵامدا فەرمووی:(ئەی پاشا ئێمە کەسانێکی نەفام بووین،بتمان دەپەرست و مردارەوە بوومان دەخواردو ئیشی خراپەمان دەکردو و پیوەندی خزمایەتیمان دەپچراندو لەگەڵ دراوسێدا خراپ بووین، بەهێزمان لاوازی دەچەوساندەوە، تا خوای گەورە، پێغەمبەرێکی ﷺ لە ناوماندا نارد ئەو پێغەمبەرەی کە عیسا علیە السلام مژدەی پێداوە دێت وە ناوی ئەحمەدە بە باشی نەژادو خوڕەوشت و داوێن پاکیمان ناسیوە بانگی کردین بۆ لای خوا کە بەتەنها بیپەرستین و واز لە ئاینی ئەفسانە بهێنین کە باوک و باپیرانمان لە سەری بوون کە بت و دار پەرستن بووە، وە فرمانی پێکردین کە ڕاستگۆ بین و دەست پاک بین و خزمایەتی ئەنجام بدەین و لەگەڵ دراوسێدا چاک بین و دوور بکەوینەوە لە خوێن ڕشتن و دووبەرەکایەتی وقسەی درۆ و ئاژاوە نانەوەو بوختان کردن بۆ ئافرەتی داوێن پاک و خواردنی ماڵی هەتیوو وە فرمانی پێکردین کە خوای گەورە بە تەنها بپەرستین و هاوبەشی بۆ بڕیار نەدەین وە فەرمانی پێکردین کە نوێژ بکەین و ڕۆژوو بگرین.
نەجاشی زۆر سەری سوڕما بەم قسانە، وە جەعفەریش بەردەوام بوو لە قسەکانیداو کارە گرنگەکانی ئیسلامی بۆ ڕوون کردەوە، پاشان فەرمووی:ٚئێمە  ئەو پێەمبەرەمان بەڕاست زانی وباوەڕمان پێ هێناو شوێنی کەوتین بەم جۆرە خوای گەورەمان پەرست و هاوتامان بۆ بڕیار نەدا و ئەوەی لێی حەرام کردبووین بە حەراممان زانی وە ئەوەی بۆی حەڵاڵ کردبووین بە حەڵاڵمان زانی، بەڵام خزمانمان هەڵیان کوتایە سەرمان و ئازار و ئەشکەنجەیان داین و وایان لێ کردین کە لە دین وەرگەڕێین و ویستیان لە خواپەرستی یەوە بمان گەڕێننەوە بۆ بتپەرستی، وە ئەوەی ئێمە بە خراپمان دەزانی دەبوو بە چاکی بزانین لەمەودوا، کاتێ زاڵبوون بەسەرماندا و ڕێگەیان لە چوونە ناو ئەو ئاینە لێگرتین،ئێمەش بەرەو وڵاتی تۆ کەوتینە ڕێ و لەناو هەموو وڵاتاندا تەنها تۆمان هەڵبژارد و پێمان خۆش بوو کە ببینە دراوسێی تۆ و هیوامان وابوو کە بەهیچ جۆرێک ستەممان لێ نەکرێت لەلای تۆ ئەی پاشا.
پاشان نەجاشی بە جەعفەری وت:ئایا لەو ئاینەی خوا ناردوویەتی لە وتەی خوا هیچت پێیە بۆمان بخوێنیتەوە؟ جەعفەر خوا لێی ڕازیبێ فەرمووی:بەڵێ :نەجاشی وتی:هەندێک لەو قورئانەم بەسەردا بخوێنەرەوە، جەعفەریش دەستی کرد بە خوێندنەوەی سەرەتای سورەتی مریم (کهیعص)کە سورەتێ بوو لەسەرەتاوە باسی پێغەمبەرە بەڕێزەکانی بەنی ئیسرائیل دەکات بەتایبەتی شێوەی لەدایک بوونی عیسای کوڕی مەریەم علیه السلام (دەفەرموێت): کە خوێندی وەڵاهی نەجاشی گریا فرمێسک له چاوی ڕژا هەتا ڕیشی تەواو تەڕکرد هەروەها ئوسقوفەکانیش ئەوەندە گریان تا کتێبەکانی بەردەمیان تەڕکرد دوای ئەوە نەجاشی وتی:وەڵاهی ئائەمە و ئەوەی عیسا علیە السلام پێی هاتووە هەردووکیان لەیەک جێگاوە دەرچوون،بڕۆن وەڵاهی بەهیچ جۆرێک تەسلیمی هیچ کەسێکتان ناکەم....
ئوم سەلەمە رەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:کاتێک عەمرو عەممار لەوێ دەرچوون و ئەو کۆڕە کۆتایی پێ هات،عەمر وتی:وەڵاهی دەبێ بەیانی بێمەوە و هەواڵێکی دڵتەزێن بەدڵی نەجاشی بگەیەنم کە ئەمان بە پێغەمبەرەکەی ئەوان دەڵێن چی؟ وای لێ دەکەم کەلە ناویان بەرێت (دەفەرموێت):عەبدوڵڵای کوڕی ئەبو ڕەبیعە کە ئەو زیاتر خزم ونزیک تر بوو وتی:واز بێنە خۆئەوانە خزمانمانن هەرچەندە جیاوازیش بن لە ئێمە.
عەمری کوڕی عاص وتی:نەخێر وەڵاهی دەبێ پێی ڕابگەیەنم کە پێغەمبەر عیسا علیە السلام بە ئادەمیزاد دەزانن، کە بەیانی بەسەردا هات خۆی گەیاندە نەجاشی وتی:(ئەی پاشا سەبارەت بە عیسای کوڕی مریم قسەیەکی یەکجار مەترسیدارو گران دەڵێن بنێرە بۆلایان ئەوان وەک تۆ نین لە باوەڕبوون بە عیسا بنێرە با بێن بۆلات و پرسیاریان لێ بکەن، دەفەرموێت:ناردی بە دواماندا ئێمەش چووین و تا ئەو کات شتی وا نارەحەت نەهاتبووە ڕێمان کۆبووینەوە هەندێکمان بە هەندێکمان وت:چی بڵێین سەبارەت بە عیسا علیە السلام ئەگەر پرسیارمان لێ بکات؟ هەندێکی ترمان وتمان:وەڵاهی ئەوەی خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەکەی ڕوونی کردۆتەوە و پێی ڕاگەیاندووە هەر ئەوەی پێ دەڵێین چی دەبێت با ببێت،دەفەرموێت:کاتێ چووینە ژوورەوە نەجاشی پێی وتین:چی دەڵێن سەبارەت بە عیسای کوڕی مەریەم و دایکی؟
جەعفەریش خوا لێی ڕازیبێ وتی :ئەوەی لە بارەوە دەڵێین کە پێغەمبەری خوا ﷺ پێی ڕاگەیاندووین، عیسا عەبدی خوایە و پێغەمبەری خوایە، بە وشەی فەرمانی خوای گەورە بووە کە ناردویەتی بۆلای مەریەمی داوێن پاک کە هیچ کەسێک دەستی پێ نەگەیاندووە و مناڵیشی نەبووە لەوەو پێشتر،ئینجا نەجاشی دانەویەوە و چیلکەیەکی هەڵگرت و وتی:وەڵاهی ئەو قسەیەی تۆکردت سەبارەت بە عیسا هەرئەوەندەیە).
لەڕیوایەتێکی تردا دەفەرموێت:(نەجاشی فەرمووی:ئەی کۆمەڵانی زانایان و خواناسان،وەڵاهی ئەوەی کە ئێمە دەیڵێین سەبارەت بە عیسا ئەوانیش هەرئەوە دەڵێن،پێشوازی بێت لەئێوە و لەوکەسەی ئێوەی ناردووە بۆ ئێرە، وەمنیش شایەتی دەدەم کە پێغەمبەرەکەتان پێغەمبەری خوایە ئەو پێغەمبەرەیە کەئێمە دۆزیومانەتەوە لە ئینجیلدا ئەو پێغەمبەرەی کە عیسای کوڕی مریەم مژدەی هاتنی داوە، لەبەر ئەوە نەبێت کە من سەرقاڵی پاشایەتی و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەم ئەگینا دەچووم هەردوو نەعلەکەیم ماچ دەکرد وە هەردوو نەعلەکەیم بۆ هەڵ دەگرت و ئاوی دەست نوێژم بۆ دەهێنایە بەردەست.ئێوەش بمێننەوە لەلام هەتا پێتان خۆشە.
دەفەرموێت:بەتریک و وەزیرەکان کەوتنە دەنگە دەنگ وە ورتەورت نەجاشیش وتی :وەڵاهی ئەگەر دەنگەدەنگیش بکەن هەروایە، ئینجا بە جەعفەرو هاوەڵانی وت :ئێوە ئازادن لەخاکی مندا هەرکەس جوێنتان پێ بدات غەرامە دەکرێت پێم خۆش نییە وەڵاهی کێوێک ئاڵتونم بدەنێ بەرامبەر بەوەی کە ئازاری یەکێ لە ئێوە بدەم .
ئوم سەلەمەش دەفەرموێت:دوای ئەوە فەرمانی کرد هەردوو نوێنەرەکەی قوڕەیش عەمرو هاوەڵەکانی دیارییەکانیان پێ بدرێتەوە و بگەڕێنەوە، لەپاشاندا نەجاشی وتی:وەڵاهی خوای گەورە ڕەوشتی لەمن وەرنەگرتەوە کاتێ پاشایەتی بۆ من گێڕاوەتەوە تا منیش ڕیشوەت وەرگرم، وە خوای گەورە خەڵکی بۆ من ملکەچ کردوە تا منیش مل کەچی ئەو بم.
ئوم سەلەمەش رەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:دوای ئەوە هەندێ خواردن و دیاری پێ بەخشین.
سەبارەت بەڕوونکردنەوەی ڕیشوەت وەرنەگرتن کەنەجاشی باسی دەکات عائیشە رەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:( مانای ئەوەیە پاشای حەبەشەی کۆن واتە باوکی نەجاشی تەنها هەر ئەوەی هەبوو واتە:(ئەصحەمە)بەڵام نەجاشی مامێکی هەبوو کە دوانزە کوڕی هەبوو حەبەشییەکان لەناو خۆیاندا وتیان:ئێمە ئەگەر ئەم سەرۆکەی خۆمان نەکوژین کە تەنها کوڕێکی هەیە کوڕەکەی ناتوانێت هەموو حەبەشە ببات بەڕێوە ئەو جار حەبەشە نامێنێتەوە لەڕوی وڵاتانی تردا بەڵام با ئێمە هەستین ئەوەیان بکوژین کە تەنها کوڕێکی هەیە وە ئەوەی تریان بکەینە بە پاشا کە دوانزە کوڕەکەی هەیە خۆ ئەگەی بشمرێت دوابەدوای خۆی دوانزە کوڕەکەی دەیبەن بەڕێوە وە موڵکی حەبەشە هەربەردەوام دەبێت،ئینجا حەبەشیەکان پەیوەندیان کرد بە براکەیەوە کە ناوی (مینجا)بوو بەهەردوو لایان باوکی (ئەصحەمە)ی نجاشی یان کوشت و براکەیان خستە جێگەی وە کردیان بە پاشای حەبەشە نەجاشیش واتە:ئەصحەمە کوڕێکی دانا و وریا بوو هەموو کاری دەوڵەت ئەو دەیبرد بەڕێوە، وەپایەیەکی بەرزی هەبوو لای مامی.
حەبەشیەکان لەناو خۆیاندا مقۆ مقۆیان تێکەوت و وتیان: ئەگەر ئەم کوڕە دوای مامی خۆی ببێت بە سەرۆکی حەبەشە و بزانێت کە باوکی ئەو حەبەشییەکان کوشتویانە بێگومان لەتۆڵەیدا دەیان کوژێتەوە بۆیە هاتنەلای مامی وتیان :خۆت باش دەزانیت کە باوکیمان چۆن کوشتووە ئەگەر ئەم گەنجە بەم شێوەیە ئاوا گەورە بێت زاڵ دەبێت بەسەر موڵکی حەبەشەدا وە سپەی ڕۆژ تۆڵەمان لێ دەکاتەوە وەیان ئەوەتا دەبێت ئەم کوڕە بکوژین یان لەم وڵاتە دووری بخەینەوە؟ مامەکەشی وتی:ماڵتان وێران بێت هەردوێنێ بوو براکەی منتان کە باوکی ئەوە بەدەستی خۆم کوشت دەتانەوێت ئەمڕۆش ئەو بکوژنەوە نەخێر هەرگیز واناکەم بەڵام دووری دەخەمەوە لە وڵات، ئەوە بوو مامی ئەصحەمەی فرۆشت بە کابرایەکی بازرگان بەشەش سەد درهەم وە کابرای بازرگان خستیە ناوکەشتی و بردی بۆ شوێنێک هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە  کە نەجاشی تیافرۆشرا پەڵە هەورێک لە هەورەکانی پایز هەڵهات وەمامی نەجاشی کە پاشای حەبەشە بوو چوو بۆ ئەوەی کە خۆی بداتە بەرباران وە تکەی بارانی بەرکەوێت لەناکاو بروسکەیەکی بەرکەوت و مرد حەبەشییەکان مقۆ مقۆی ئەوەیان بوو کە کێ ببێت بە سەرۆکی حەبەشە ئەوە بوو چوون بۆلای کوڕەکانی سەیریان کرد هیچ کام لە دوانزە کوڕەکەی عەقڵیان تەواو نییە، ئینجا ترسان لەوەی کێ ببێت بە پاشای حەبەشە وتیان :تەنها ئەو کوڕەی کە فرۆشتمان ئەتوانێت حەبەشە ببات بەڕێوە ئەگەر دەتانەوێت ئەم وڵاتە بە ئارامی بژی و موڵکی پایەدار بێت دەبێت بچین ئەو کوڕە بدۆزینەوە و بیکەین بە پاشای حەبەشە: لەدوایدا ڕۆشتن تا کابرای بازرگانیان دۆزیەوە و نەجاشیان لەدەست سەندەوە و کردیانەوە بە پاشا و تەخت و تاجیان بۆ داناو کردیان بە سەروەری هەموویان وەمل کەچی فەرمانی بوون.
پاشان کابرای بازرگان هات و کەوتە سکاڵا کردنەوە و وتی: ئێوە کوڕەکەتان لێ سەندمەوە و پارەکەشتان لێ زەوت کردم وەڵاهی دەچم بۆلای سەرۆکەکەتان یان ئەوەتا پارەکەم دەداتەوە یان ئەوەتا کوڕەکەم پێ دەداتەوەو وتیان: بڕۆ ئێمە پارەکەت نادەینەوە بچۆ بۆ لاێ پاشا، ئەویش چوو بۆ لای نەجاشی (واتە :ئەصحەمە) وتی :ئەی پاشا من چەند ڕۆژێک لەمەو پێش کوڕێکم لێ کڕین بەڵام هەر کوڕەکەم برد دوام کەوتن و کوڕەکەیان لێ سەندمەوە و کوڕەکەشیان نەدامەوە نەجاشی بە حەبەشییەکانی وت:وەڵاهی یان ئەوەتا شەش سەد درهەمەکەی بۆ دەگەڕێننەوە یان ئەوەتا کوڕەکەی کە کڕیویەتی دەست دەخاتە ناو دەستی و لەگەڵ خاوەنەکەیدا دەڕوات بۆ هەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت، ئەوکاتە حەبەشییەکان ڕازی بوون پارەکە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی.
ئابەو شێوەیە بووە نەجاشی دەڵێت:خوای گەورە پاشایەتێکی کە ئەوان لە منیان سەندبوو هێنایەوە ژێر دەستم وە خوای گەورە ڕیشوەتی لێ وەرنەگرتم کاتێ منی کرد بە سەرۆکی حەبەشە وە دوژمنانی منی کرد بەدۆست وە ملکەچی من، ئەوەش شایستەی ئەوەیە کەمن لە پێناوی خودا ملکەچی فەرمانیبم وەڕیشوەتی ئەو دوو بەرتیلچیە وەرنەگرم بەوەی خراپە بکەم بەرمبەر بەم مسوڵمانانە.
ئوم سەلەمە رەزای خوای لێبێ لەدرێژەی باسەکەیدا دەگێڕێتەوە و دەیگەیەنێتە ئەم شوێنەو دەفەرموێت:( ئینجا بە ڕیسوای هەردوکیان گەڕانەوە بە بەرتیلەکانیانەوە کە هێنابویان لەگەڵ خۆیاندا بۆ نەجاشی و بەتریقەکان، ئێمەش لەوێ ماینەوە لە چاکترین و جێگە و لای چاکترین دراوسێ وەڵاهی ئێمە لە خۆشیدا بووین ئەوەندەی نەبرد کابرایەک لەنەجاشی پەیدا بوو ململانێی دەکرد وەچەکی لێ هەڵگرتبوو  و کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ دابوو وەڵاهی ئێمە هیج غەمباریەک و دڵ تەنگیەک ڕووی تێ نەکردبووین لەوکاتەدا کە لەوە گەورەتر بووبێت، دەترساین لەوەی کەنەجاشی لەوکاتەدا تیا بچێت و سەرۆکێکی تربێت بۆ حەبەشە و ئێمە نەناسێ و پلە و پایەمان نەزانێت...
لەڕیوایەتێکدا لەزوبەیری کوڕی عەوام ڕەزای خوای لێبێ دەفەرمووێت:(کاتێ ئەو کابرایە هەڵی کوتایە سەر نەجاشی بەخۆی و سوپایەکەیەوە کۆمەڵێ لەکۆچ کاران(واتە:جەعفەرو هاوەڵانی)چوونە بەردەم نەجاشی و پێیان وت:ئێمە پێمان خۆشە لەم شەڕەدا بەشداری بکەین دژ بە دووژمنەکەت و وە لەڕیزی تۆدا بجەنگێن تابزانێت ئازایەتی ئێمە تا  چ ڕادەیەکە وە بۆ ئەوەی پاداشتی هەندێ لەو چاکەیەت بدەینەوە کە لەگەڵ ئێمەدا کردوتە؟ نەجاشیش وتی :سەرکەوتنی خوای گەورە گەلێ چاکترە لەسەرکەوتنی خەڵکی، زوبەیر ڕەزای خوای لێبێ دەفەرموێت:سەبارەت بەمە بوو خوای گەورە ئەو ئایەتەی هێنایە خوارەوە کە دەفەرموێت:(وَإِنَّ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَمَن يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْكُمْ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْهِمْ خَاشِعِينَ لِلَّهِ.......)۱۹۹-ال عمران).
ئوم سەلەمە رەزای خوای لێبێت دەفەرموێت:ئەوەندەی پێ نەچوو نەجاشی بەخۆی و سوپاکەیەوە بەڕێکەوتن بەرەو شوێنی دوژمن وە ڕووباری نیلیان لەنێواندا بوو، هاوەڵانیش ڕەزای خوایان لێبێ لەنێوان خۆیاندا وتیان:ئایا پیاوێک دەتوانێ بڕوات نزیک بێتەوە لە شوێنی شەرەکە تا هەواڵی شەڕەکەمان پێ بگەیەنێت؟ زوبەیر رەزای خوای لێبێ وتی: من ئەڕۆم (زوبەیر منداڵتربو لە تەمەندا) ئێمەش مشکەیەکمان بۆ هێناو پڕمان کرد لە هەواو بەستمان بەسەر سنگی یەوە بۆ ئەوەی مەلەی لەسەر بکات لە ناو ڕوبارەکەدا ئەویش بەمەلە ڕۆیش هەتا گەیشتە قەراغی نیل و گەیشتە جێی شەڕەکە دەفەرموێت:ئێمەش لەو کاتدا دوعامان دەکرد کە خوای گەورە نەجاشی سەربخات ئەوەندەی پێ نەچوو ، خوای گەورە نەجاشی لەو شەڕەدا سەرخست و سەربەرز و شکۆمەندی کرد وە دوژمنەکەی تێکشکاند و سەر تاسەری موڵکی حەبەشە جارێکی تر گەڕایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی نەجاشی، ئێمەش لەوێ بووین لە چاکترین جێگادا تا گەڕاینەوە بۆ لای پێغەمبەر ﷺ .سەبارەت بە کۆچ بەرانی ئەشعەری یەمەن کاتێک بەرگوێمان کەوتبوو کە خوای گەورە پێغەمبەری ﷺ ناردووە لە شاری مەککە یە ، ئەوان بەکەشتی  ڕێکەوتبوون تا بگەنە لای پێغەمبەر ﷺ بەڵام خوای گەورە ڕێگای بەرەو لای حەبەشە بردبوون لەگەڵ کۆچکارانی تردا لەدوای ڕزگارکردنی شاری خەیبەر هەموو پێکەوە گەڕانەوە لای پێغەمبەر ﷺ، ئەبو موسای ئەشعەری خوا لێی ڕازیبێ دەگێڕێتەوەو دەفەرموێت:(هەواڵەکەمان پێ گەیشت کە خوای گەورە پێغەمبەرێکی ناردووە ﷺ لە شاری مەککە ، وە ئێمەش لە یەمەن بووین ویستی کۆچکردنمان هەبوو بۆ لای پێغەمبەر ﷺ وە دووبرای بچوکم لەگەڵدا بوو یەکێکیان ناوی ئەبو بوردە بوو ئەوی تریان ناوی ئەبو ڕەهم بوو لەگەڵ پەنجاو دوو یان پەنجا و سێ لە ئەشعەریەکانی یەمەن ( لەڕیوایەتێکی تردا فەرمویەتی: (پەنجا کەس لە ئەشعەریەکان بووین لەگەڵ شەش کەس لە هۆزی عوکی یەمەن).
(دەفەرمووێت:سواری کەشتیەکە بووین بەڵام بەرەو نەجاشی حەبەشە گەیاندینی لەوێ چووین پەیوەندیمان بە جەعفەرو هاوەڵەکانیەوە کرد، جەعفەر پێی ڕاگەیاندین و وتی:پێغەمبەر ﷺ خۆی ئێمەی ناردووە بۆ ئەم جێگەیە وە فەرمانی پێکردوین لێرە بمێنینەوە. ئێوەش لەگەڵماندا بمێننەوە تا ئەو کاتەی پێغەمبەر ﷺ ئیزنماندا  دەدات. ئێمەش لەگەڵیاندا ماینەوە تا هەموان سەرجەم وەکو دوا کۆمەڵەی کۆچکاران گەڕاینەوە خزمەت پێغەمبەر ﷺ لە شاری مەدینە کاتێ قەڵای خەیبەر ڕزگار کرابوو.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی پێغەمبەری خوا ﷺ لە قورئان و فەرموودەکاندا
نوسینی:محمد ملا فائق شارەزووری
بەرگی یەکەم-چاپی دووەم
ص:۱۱٥-۱۲٥

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه