 هەوڵی ژەهر خوارد کردنى پێغەمبەر ﷺ.
ژنێکى جوولەکە بە ناوى (زینب بنت الحارث) پرسیارى کرد ، ئایا پێغەمبەر ﷺ لە گۆشتى مەڕ کوێی زۆر حەز لێیە ؟ گوتیان : دەستى پێشەوەى ، ئەویش مەڕێکى ژەهراوى کردو ژەهرى زیاترى لەو شوێنە کردو بە دیارى و برژێنراوى بۆ پێغەمبەر ﷺ ى نارد .
هاوەڵێکى بەناوى (بشر بن البراء) لەگەڵى خوارد ، پێغەمبەر ﷺ ، کە پاروویەکى خستە نێو زارى، لەلایەن خواوە ئاگادار کرایەوە کە ژەهراوییەو نەیخوارد، بەڵام (بشر) خواردبووی و بەوە وەفاتى کرد ، دوایی پێغەمبەر ﷺ لە خوێنى (بشر) دا ئەو ژنەى کوشتەوە .
پێش ئەوەى ژنەکە بکوژنەوە ، پێغەمبەر ﷺ لێی پرسی : بۆچى ئەوەت کرد !
گوتى : ( أردنا ان كنت كاذباً نستريح ، وان كنت نبياً لم يضرك) رواه البخاری ، واتە : ویستمان ئەگەر تۆ درۆزن بیت ڕزگارمان دەبێ لە دەستت ، ئەگەر پێغەمبەریش بێ ، ئەو شتە زەرەرت لێ نادات .
لە جەنگى خەیبەر دا دەورى (٢٠) کەس لە موسوڵمانان شەهید بوون، کە زۆربەیان لە پشتیوانان بوون ، وە لە جوولەکەکانیش دەورى (٩٣) کەس کوژران .
دیارە هەرکەسێکیش بە ویژدانەوە سەرنج بدات ، دڵنیا دەبێ کە هیچ جەنگاوەرێک هێندەى سوپاى ئیسلام دادپەروەرو ڕەوشت بەرزو جوان ڕەفتار نەبووەو ، هیچ کەسیش هێندەى پێغەمبەرى خوا ﷺ ، دادگەرو سینە فراوان و لێبووردەو بەبەزەیی نەبووە .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / عەلى باپیر
لاپەڕە / (٦٢٦)
|