 کۆچکردنى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ (أبو بکر) دا – خوا لێی ڕازى بێ- بەرەو (یثرب)
چۆنیەتى کۆچ کردنى پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەبو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ – بەرەو (یثرب) لە دە خاڵاندا دەخەینە ڕوو ، بەم شێوەیە :
یەکەم: (ابن اسحاق) دەڵێ : پێغەمبەرى خوا ﷺ دواى ئەوەى کە هاوەڵانى بەڕێزى کۆچیان کرد لە مەککەوە بۆ یثرب چاوەڕێی دەکرد مۆڵەت بدرێ و ئەویش کۆچ بکات ، وە هیچ کەس لە موسوڵمانان لە مەککە نەمابۆوە مەگەر ئەوەى کە حەپس کرابێ ، یان لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەدا مابێ ، یان نەخۆش و پەککەوتە بێ ، جگە لە پێغەمبەر ﷺ و ئەبو بەکر و عەلى - خوا لێیان ڕازى بێ- وە ئەبو بەکر چەند جارێک داواى مۆڵەتى لە پێغەمبەر ﷺ دەکرد، کە ڕێگاى بدا کۆچ بکات ، پێغەمبەر ﷺ ئاوا وەڵامى دەدایەوە : { لا تعجل لعل الله يجعل لك صاحباً} واتە : پەلە مەکە بەڵکو خوا هاوەڵێکت بۆ بڕەخسێنێ ، وە دەیفەرموو : {على رسلك ، فإني أرجو أن يؤذن لي} رواه البخارى، واتە : ڕاوەستە! ئومێدم وایە مۆڵەت بدرێم ، دیارە ئەبو بەکریش ئومێدى وابوو ببێتە هاوەڵى پێغەمبەرى خوا ﷺ لە هیجرەتدا .
دووەم : (ابن هشام) دەڵێ : کاتێک قوڕەیش زانییان ، کە پێغەمبەر ﷺ بنکەیەکى جەماوەریی و قەڵایەکى مەحکەمى بۆ دروست بووەو هاوەڵانى بەڕێزى کۆچیان کردووە بۆ یثرب و ئەویش هەرکات بیەوێ دەچێتە نێویان و کارى گەورەى لەدەست دێ ، وە دواى ئەوەى هەواڵیان پێ گەیشت کەوا موسوڵمانەکان لە یثرب لەلایەن ئەوس و خەزرەجەوە پێشوازییان لێ کراوەو حەوێنراونەوەو پشتیوانیی کراون قوڕەیشییەکان ترسان کە پێغەمبەریش کۆچ بکات بۆ یثرب ، وە لەوێ بڕیارى ڕووبەڕوو بونەوەیان لەگەڵ بدات و ئەو قۆناغەى لاوازى موسوڵمانان بەسەر بچێ و موسوڵمانان بچنە قۆناغێکى دیکەى ئامادەیی جەنگ و قبووڵ نەکردنى ئەشکەنجەوە ، بۆیە سەرانى قوڕەیش لە (دار الندوة ) کە خانووى (قصی بن کلاب) بوو کۆبونەوەو ڕاوێژیان کرد ، کە دەربارەى پێغەمبەر ﷺ چ بڕیارێک بدەن ! لەو کاتەدا ئیبلیس لەشێوەى پیاوێکى ڕیش سپى بەتەمەندا دێتە بەر دەرگاى (دار الندوة) و پرسیارى لێ دەکەن تۆ کێی ؟ دەڵێ: من پیاوێکى بەتەمەنم و خەڵکى (نجد)م ، بیستومە بۆ مەسەلەیەک کۆدەبنەوەو منیش ڕاو پیشنیارم هەیە لەو بارەوە بەڵکو سوودى لێ ببینن ، شایانى باسیشە ئەوانەى لەو کۆبونەوەیەدا بەشدار بوون لە زلە زلەکانى قوڕەیش بریتی بوون لە (عتبة بن ربيعة ، شيبة بن ربيعة ، أبو سفيان بن حرب ، طعيمة بن عدي ، جبير بن مطعم ، الحارث بن عامر النضر بن الحارث ، أبو البختري بن هشام ، زمعة بن الأسود ، حكيم بن حزام ، أبو جهل بن هشام ، نبيه ومنبه ابنا الحجاج ، أمية بن خلف) ئينجا (أبو البختري بن هشام) ڕاى خۆى دەردەبڕێ و دەڵێ : من ڕەئیم وایە کە موحەممەد زیندانیی بکەین ، وە بە کەلەبچەى ئاسن دەست و پێی ببەستین و چاوەڕێ بکەین تا لە ژوورێکدا دەمرێ ، وەک چۆن شاعیرانى پێشوو وەک (زهیر بن أبی سلمى) و ( نابغة الذبیانی) کە تووشى لادان بوون ، بەو شێوەیە زیندانى کراون تا مردوون ، پیرەمێردە (نجد)یەکە دەڵێ: ئەو پێشنیارە باش نیە ، چونکە ئەوانەى کە شوێنى کەوتوون دێن و هێرشتان دەکەنە سەرێ و لە زیندان دەریدێنن .
ئینجا یەکى دیکەیان دەڵێ : با دوورى بخەینەوەو لە نێوماندا نەمێنێ و بۆ خۆى دەچێتە کوێ بابچێ ، دووبارە کابراى نەجدیی دەڵێ: ئەو پێشنیارەش بەکەڵک نایەت ، چونکە بۆخۆتان دەزانن کە ئەو پیاوە ئینسانێکى چەندە قسەزان و سەرنج ڕاکێشەو کاریگەرى هەیە بۆ سەر ئەوانەى کە قسەیان لەگەڵدا دەکات ، بۆیە بچێتە هەر شوێنێک شوێنکەوتووانى زۆر بۆ خۆى پەیدا دەکاو دێت و ئیشتان لەدەست دەردێنێ و هەرچى بیەوێ پێتان دەکات .
(أبو جهل) دەڵێ: من ڕایەکم هەیە لەوانەیە تا ئێستا کەستان فکرتان پێ نەشکابێ ، گوتییان ئەو ڕایە چییە ؟ گوتى : لەهەر تیرەو هۆزێ گەنجێکى بەهێز و خاوەن نەسەب و ماقووڵ و دیار بێنن و یەکى شمشێرێکى بڕندەو تیژیان بدەینە دەست و شەو بچنە سەر موحەممەد و هەموویان پێکەوەو بەیەکجار شەبەیخوون بکەنە سەرى و بە شمشێر لێی بدەن و بیکوژن و ڕزگارمان دەبێ ، ئەگەر وایان کرد ، خوێنەکەى بەناو هەموو تیرەکانى عارەبدا بڵاو دەبێ و ئەو کاتیش (بنی هشام) بە تەنیا هیچیان پێ ناکرێت.
پیرەمێردى نەجدیی دەڵێ : قسەى چاک ئەوەیە کە ئەو پیاوە کردى ، وە من جگە لەو پێشنیارە هیچ بۆچوونێکى دیکە پەسەند ناکەم ، ئیدى سەرەنجام هەموویان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن و بڵاوەیان لێ کرد .
خواى باڵادەست باسى ئەو سێ پێشنیارەى کافرەکان دەکات و دەفەرموێ : { وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُواْ لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ (30) } الأنفال ، واتە : ئەى موحەممەد ! یادى ئەو کاتە بکەوە ، کە ئەوانەى بێ بڕوان پیلانیان دەگێڕا کە زیندانییت بکەن یان بتکوژن ، یاخود دەرت بکەن ، ئەوان پیلانیان دەگێڕاو خواش وەڵامى پیلانەکەى دانەوەو نەخشەى بۆ دەکێشاى ، خوا باشترین نەخشە دانەرە .
سێ یەم : بخارى و ابن هشام لە (عائشة) دایکى بڕوادارانەوە خوا لێی ڕازى بێ هێناویانە ، کە گوتوویەتى : پێغەمبەر ﷺ عادەتى وابوو کە ئەگەر هاتبا پێش نیوەڕۆ یان دواى نیوەڕۆ دەهات بۆ ماڵى بابم ، بەڵام ئەو ڕۆژەى کە پێغەمبەرتێیدا مۆڵەت درا کە کۆچ بکا لە مەککەوە بۆ یەثرب کاتى نیوەڕۆ ، کە قەت عادەتى وانەبوو لەو وەختانەدا بێ بۆ لامان ، هات ، کە ئەبو بەکر پێغەمبەر ﷺ ى بینى گوتى : دیارە شتێک هەیە بۆیە پێغەمبەر ﷺ لەم کاتەدا دێت بۆ لامان ، ئینجا کەهات ئەبو بەکر جێگاکەى خۆى بۆ چۆڵکردو فەرمووى لێکردو پێغەمبەر ﷺ دانیشت و فەرمووى : ئەبوو بەکر کێی لێیە بابچێتە دەرەوە چەند قسەیەکم هەن ، ئەبو بەکر گوتى : بە دایک و بابەوە بەقوربانت بم تەنیا دوو کچەکەم (عائشة و أسماء)ى لێن ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووى خوا مۆڵەتى پێدام کە کۆچ بکەم ، ئەبو بەکر گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ ئایا منیش لە خزمەتدا دەبم لەو کۆچەدا ؟! پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : بەڵێ ، (عائشة) دەڵێ : سوێند بە خوا تا ئەو کاتەش نەمدەزانى کە جارى واهەیە دەگونجێ ئینسان لە خۆشیان بگرى ، تا ئەبوبەکرم بینى کە لە خۆشیان فرمێسکى بەچاواندا هاتنە خوار ، ئینجا ئەبو بەکر گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ! دوو حوشترى سوارییم هەن ، کە بۆ ئەو مەبەستەم ئامادە کردوون ، پاشان ئەبوبەکر (عبدالله بن ارقط)ى بە کرێ گرت کە پیاوێکى زۆر شارەزا بوو ، بۆئەوەى ڕێگایان پیشان بدات ، وە هەردوو ووڵاخەکەى لەلا دانا ، تاکو ئەو ڕۆژەى کە ئاگادارى دەکەنەوە .
چوارەم : (ابن اسحاق) دەڵێ : نەمزانیوە ، کە هیچ کەس بەو کۆچ کردنەى پێغەمبەرى زانیبێ جگە لە ئەبو بەکر و عەلى و دوو کچەکەى ئەبوبەکر – خوا لە هەموویان ڕازی بێ – وە پێغەمبەر ﷺ عەلى بەجێ هێشت لە شوێنى خۆى بۆ ئەوەى ئەو ئەمانەت و ڕاسپاردانەى خەڵک کە لەلایان دانابوو ، دواى ئەوەى کە بەرەو یەثرب کۆچ دەکات ، ئەو ڕاسپاردانە بداتەوە دەست خاوەنەکانیان ، چونکە هەر کەسێک لە مەککە شتێکى گرانبەهاى هەبووبایەو لە فەوتانى ترسابایە لەلاى پێغەمبەرى دادەنا ﷺ ، دیارە پێغەمبەر ﷺ ئەوەندە ئەمیندارو جێی متمانەى خەڵک بووە ، کە هەندێک لەوانەى باوەڕیشیان پێی نەبووە ، شتى خۆیان لەلا داناوەو بە ئینسانێکى ڕاست و ساغ و ئەمیندارییان زانیوە ، بۆیە پێویستە موسوڵمان لەگەڵ کافرانیشدا لەو ئاستە بەرزەى کە ڕەوشتى ئیسلامیی دەیخوازێ نەیەتە خوار ، وە لەگەڵ هەموو کەسدا بە باشەو بەو شێوەیەى کە شەرع دەڵێ مامەڵە بکات .
پێنجەم : (ابن هشام ) دەڵێ : ئەو شەوەى کە بڕیار بوو پێغەمبەر ﷺ مەککە بەجێ بهێڵێ (جبریل) هاتە لاى و پێی گوت : ( لا تبقى هذه ليلة على فراشك الذي كنت تبيت فيه)واتە : ئەمشەو لەسەر ئەو جێگایەى کە جاران تێیدا دەخەوتى مەمێنەوە ، دواى ئەوەى کە شەو تاریک دادێ کافرەکان کۆدەبنەوەو چاوەڕێی دەرگاى ماڵی پێغەمبەر ﷺ دەکەن ، کە داخۆ کەى دەخەوێ بۆ ئەوەى شەبەیخوونى بکەنە سەرو پەلامارى بدەن ، پێغەمبەر ﷺ کە ئاوایان دەبینێ بە عەلى دەفەرموێ : {نم على فراشي و تسجّ ببردي هذا الحضرمي الأخضر فنم فيه ، فإنه لن يخلص اليك شيء تكرهه منهم} واتە : لەسەر جێی من بخەوەو ، بەو پۆشاکە حەضڕەمییە سەوزەى من خۆت داپۆشە ، وە هیچ شتێک کە پێت ناخۆش بێ لەوانەوە بە تۆ ناگات .
شەشەم : ئەو شەوە پێغەمبەر ﷺ کەلەماڵ چووە دەر ، چنگە خۆڵێکى هەڵگرت و بەسەر کافرەکانیدا کرد ، خواى زاڵ و شکۆدار چاوى کافرەکانى لە ئاست ئەودا کوێر کرد ، وە سەرەتاى سووڕەتى (یس)ى خوێند تاکو { وَجَعَلْنَا مِنْ بَيْنِ أَيْدِيهِمْ سَدًّا وَمِنْ خَلْفِهِمْ سَدًّا فَأَغْشَيْنَاهُمْ فَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ (9)} یس ، وە پێغەمبەر ﷺ کە ئەم ئایەتەى خوێند ، هیچ کام لەوانە نامێنێت کە خۆیان بۆ مەڵاس دابوو کە هەندێک خۆڵى نەکەوێتە سەرێ ، دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ دەرباز دەبێ ، یەکێک لە کافرەکان پێیان دەڵێ : ها ، ئەوە چاوەڕێی چی دەکەن ؟ ئەوانیش دەڵێن چاوەڕێی موحەممەد دەکەین ، کابرا دەڵێ : بەدبەختینە موحەممەد ڕۆیی و دەربازى بوو ، یەکێک لە کۆمەڵەکە دەچێت لە درزى دەرگاکەى ماڵى پێغەمبەرەوە تەماشا دەکات ، دەڵێ : نەخێر وانیەو ئەو هەر لەسەر جێگاکەى خۆیەتى و نەهاتۆتە دەر ، وە ئەوان تا بەیانى چاوەڕێ دەکەن ، دوایی بۆیان دەردەکەوێ کە ئەوەى لەجێگادە دێتە دەرێ (عەلی) یە – خوا لێی ڕازى بێ- .
حەوتەم : (ابن هشام) دەڵێ: دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ ئەو شەوە دەچێ بۆ ماڵی ئەبو بەکر لە دەرگاى دواوەى ماڵى ئەبوبەکرەوە دەچنە دەر نەک لە دەرگاى ئاساییەوە ، وە لەوێوە پێکەوە لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دەشن بۆ ئەشکەوتێک لە شاخى (ثور) ، کە چیایەکە لە خوار مەککەوە و پێچەوانەى ئاڕاستەى شارى (یثرب)ە ، بۆ سەر لێ شێواندنى کافرەکان ، وە لەکاتى دەرچوونیدا پێغەمبەر ﷺ لەشوێنێک بەناوى (حزورة) وەستاو فەرمووى : { والله انكِ لخير أرض الله وأحبُّ أرض الله الى الله ، و لولا اني أُخْرجْتُ مِنْكِ ما خرجت} ، واتە : سوێند بە خوا تۆ باشترین سەر زەمینى خواى و خۆشەویستترین سەرزەمینى خواى لاى خوا ، وە ئەگەر لێت دەرنەکرابام ، بۆخۆم بەجێم نەدەهێشتى .
پاشان ئەبوبەکر دواى ڕاوێژ کردنى بە پێغەمبەر ﷺ بەم شێوەیە نەخشەى کار دادەنێ :
١)فەرمان دەکات بە (عبدالله)ى کوڕى ، کە ڕۆژێ لە نێو شار بێ و هەست ڕابگرێ داخۆ دەنگ و باس چییەو کافرەکان چى دەڵێن دەربارەى پێغەمبەر ﷺ ؟! وە دوایی ئەو هەواڵانەیان بۆ بەرێ .
٢) فەرمان دەکات بە (عامر بن فهیرة) کە شوانى مەڕەکانى ئەبوبەکر بووە ، کە ئێواران مەڕەکان بەلاى ئەواندا بەرێ بۆ ئەوەى سوود لە شیرەکەیان ببینن و ئەگەر پێویستیشى کرد ، لێیان سەر ببڕن ، شوێن پیی ئەوانیش ، یان هی (عبدالله)ش بسڕنەوە .
٣) وە فەرمانیش دەکات بە (أسماء)ى کچى کە شەوانە خواردنیان بۆ بێنێت ، وە هەندێک جار بە پشتێنەکەى خۆى خواردنەکەى بەستووەو ، جارێکیان بۆ ئەو مەبەستە کەرتى کردووە ، بۆیە پییان گوتوە خاوەن دوو پشتێن (ذات النطاقین) ، وەک لە (صحیح البخاری)دا هاتوە .
هەشتەم : (ابن هشام ) دەڵێ: شەوێ کە دەچنە نێو ئەشکەوتەکەوە ، لە پێشدا ئەبو بەکر دەچێتە نێوى دەگەڕێ و دەست بە نێو هەموو کونەکاندا دەگێڕێ ، نەوەک دڕندەیەک ، مارێک ، شتێکى زیان بەخشى لێ بێت ، ئازار بە پێغەمبەر ﷺ بگەیەنێ و ئەبو بەکر خۆى کردۆتە بەڵا گێڕەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ ، چونکە هەموو جارێ کە گوتوویەتى : (دایک و بابم فیدات بن !) (فداك أمي وأبي) ئەوەە هەر بە قسە نەبووە ، بەڵکو بە کردەوە ئامادە بووە خۆى بە فیدا بکات ، ئینجا دواى ئەوەى کە دڵنیا دەبێ ئەشکەوتەکە هیچى لێ نیە ، داوا لە پێغەمبەر ﷺ دەکات کە بچێتە ژوورێ ، بەو جۆرە پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکر سێ ڕۆژان لەو ئەشکەوتەدا دەمێننەوە ، قوڕەیشییەکانیش کە دەزانن هەردووکیان لە مەککە دەرچوون (١٠٠) حوشتر دەکەنە خەڵات بۆ هەر کەسێک ، کە پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکر بە زیندویی یان مردوویی بێنێتەوە بەر دەستیان .
دیارە موشریکەکانى مەککە زۆر بەبایەخ بە دوایاندا دەگەڕێن و دەکەونە پشکنین و گەڕان و پرسیار ، وە هەندێکیان دەگەنە ئەشکەوتى (ثور) و دەوروپشتى ، لەو بارەوە ئەبو بەکر – خوا لێی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوە : ( قلت للنبي ﷺ وأنا في الغار لو أن أحدهم نظر تحت قدميه لأبصرنا ، فقال : ماظنك يا أبا بكر بإثنين الله ثالثهما )، واتە : تەماشام کرد پێیەکانیانم بینى لەکاتێکدا ئێمە لە نێو ئەشکەوتەکەدا بووین و ئەوانیش بەسەر سەرمانەوە بوون ، گوتم : ئەى پێغەمبەرى خوا ! ئەگەر یەکێکیان تەماشاى بن پێی خۆى بکات ئێمە دەبینێ! ئەویش فەرمووى : ئەى ئەبو بەکر گومانت چۆتە بەرامبەر دوو کەس ، کە سێیەمینیان خوا بێت ؟! خواى پەروەردگاریش لەو بارەوە ئەو ئایەتەى ناردە خوار ، کە دەفەرموێ : { إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا ۖ فَأَنزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُوا السُّفْلَىٰ ۗ وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِيَ الْعُلْيَا وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (٤٠)} التوبة ، واتە : ئەى موسوڵمانینە ! ئەگەر ئێوە پێغەمبەرى خوا سەرنەخەن و پشتى نەگرن ، ئەوا بێگومان خوا سەرى دەخات و پەکى ناکەوێ ، کاتێک کە ئەوانەى بێبڕوایان دەریانکرد لە شارەکەى ، دووەمى دووەکان بوو لە ئەشکەوتەکەدا ، کاتێک کە بە هاوەڵەکەى دەگوت : خەمت نەبێ خوا لەگەڵمانە ، خواش ئارامیی خۆى ناردە سەرى ، وە بە کۆمەڵێک سەرباز پشتگیرى کردو یارمەتیدا کە ئێوە نەتاندەبینین ، وە خوا ووشەى ئەوانەى بێ بڕوان سەرەو ژێر کردو فێڵ و پلانى ئەوانى وە بن خست ، وە بێگومان هەر ووشەى خواو نەخشەى خوا لەسەرەوەیەو بە تەئکید خوا باڵادەستى کار بەجێیە .
نۆیەم : (ابن هشام) دەڵێ: دواى ئەوەى کە سێ شەوەکان تێپەڕین ، خەڵک ووردە ووردە ئارام بۆوە ، ئەو کابرایەى کەبەکرێیان گرتبوو (عبدالله بن أرقط) کە تا ئەو کاتەش هەر موشریک بوو ، حوشترەکانى بۆ هێنان ، وە حوشترێکیشى بۆ خۆى هێنابوو ، ئینجا (أسماء)ى کچى ئەبوبەکر – خوا لە هەردوکیان ڕازى بێ – خواردنى بۆ دەهێنان لە تێلەکەى ناندا ( شتێک ، کە نان و پێخۆرى تێدەکەن) ، بەڵام پەتى لە بیر چوو بوو پێی ببەستێ ، لەبەر ئەوە پشتێنەکەى خۆى کردە دوو بەش، بەشێکیان دەمى سفرەکەى پێ بەست ، بەشەکەى دیکەشى کردە پشتێن .
بەو شێوەیە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەبوبەکر بەڕێکەوتن بۆ (یثرب) و دواى بەڕێکەوتنیان چەند شتێک ڕوویاندا :
١)أسماء دەڵێ : ئەبوجەهل هات بۆ ماڵمان و لێی پرسیم بابت لەکوێیە ؟ گوتم : نازانم ، کە وات گوت یەک زللەى لێدام و گوارەکەم لەگوێ پەڕى ، دیارە کابرایەکى زۆر ناجوامێر بووەو زۆربەى کافرانیش هەروان .
٢) (أبو حقافة) بابى ئەبوبەکر ، کە کوێر بووە ، بە کچەکانى ئەبوبەکر دەڵێ : باشە ئەرێ ڕۆڵە ئەبو بەکر ڕۆیشتوە ، هیچى بۆ بەجێ هێشتوون؟! (أسماء) دەڵێ گوتم : باپیرە خەمت نەبێ ، لەکاتێکدا کە هیچى بۆ بەجێ نەهێشتبووین و هەموو ماڵەکەى لەگەڵ خۆیدا بردبوو ، کە پینج هەزار یان شەش هەزار درهەم بوو ، بەڵام بۆ ئەوەى دڵی باپیرم ناڕەحەت نەبێ ، کۆمەڵێک بەرد هێناو لەو شوێنەم کرد ، کە پارەى تێدا دادەنراو پەشتەماڵێکم بەسەرداداو دەستم گرت و ، پێم گوت : ئەوتا دەستى لێ بکوتە ! ئەویش دەستى لێداو ، گوتى : ئەگەر ئەوەندەى بۆ بەجێ هێشتبن زۆر باشە .
٣) یەکێکى دى لەو ڕوداوانە ئەوەیە کە ( سراقة بن مالك) بەدواى پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکر دەکەوێ ، بۆ ئەوەى بیانگرێ ، کەلە صەحیحی بوخاریشدا هاتووە ، جا هەرچەندە بەسەر هاتەکەى درێژە بەڵام بە کورتى سوراقە دەڵێ: کە بیستم پێغەمبەر{} و ئەبوبەکر ڕۆیشتوون ، وە قوڕەیش (١٠٠) حوشتریان کردووە بە خەڵات بۆ هەر کەسێک کە بیانگرێ ، منیش زانیارییەکم پێ گەیشتبوو ، کەبەلاى دەریاى سووردا ڕۆیشتبوون ، بۆیە بەدزى قوڕەیشییەکان ڕۆیشتم ، کاتێک لێیان نزیک بوومەوە بینیم ئەبوبەکر – خوا لێی ڕازى بێ- (عامر بن فهیرة) ەشى لە پشت خۆى سوار کردووە بۆئەوەى خزمەتیان بکات ، سوراقە دەڵێ : تەماشام کرد دوو وڵاخ دیار بوون کە سێ نەفەریان بەسەرەوە بوون ، نزیکیان بووم وڵاخەکەم سەرچنگێکى بردو کەوت ، دوایی هەڵسایەوەو دیسان کە نزیکتر کەوتمەوە بۆ جارى دووەم وڵاخەکەم کەوت ، سەرم سوڕما !! دوایی هەستایەوەو کە نزیکتر کەوتمەوە بۆ جارى سێیەم وڵاخەکەم کەوت و پییەکانى ڕۆچوون ، وە دوکەڵێکیش کەوتە نێوان من و ئەوانەوە ، زانیم ئەوە شتێکى خواییە ، بۆیە ئەمانم خواست و گوتم : من سوراقەم ئەگەر بگەمە لاتان هیچ زیانێکم بۆتان نابێت ، پێغەمبەر ﷺ بە ئەبوبەکرى فەرموو : پیی بڵێ چیت لێمان دەوێ؟! ئەبوبەکریش وایگوت، منیش گوتم : دەمەوێ نامەیەکم بۆ بنوسن ، کە نیشانە بێ لە نێوانماندا ئیدى نامەکەیان لە ئێسقانێک یان لە چەرمێک یان لە قوماشێکدا بۆ نوسیم و بۆی هەڵدام ... پاشان سوراقە باس دەکات ، کە چۆن پاش ئازادکردنى مەککە چۆتە خزمەت پێغەمبەر ﷺ لە (الجعرانة) و نامەکەى پیشانداوەو موسوڵمان بووە .
دەیەم : (ابن هشام) دەڵێ: خەڵکى مەدینە گوتوویانە : ئێمە کە بیستمان پێغەمبەر ﷺ دەرچووە بەرەو مەدینە ، هەموو ڕۆژێک لەدواى نوێژى بەیانییەوە تا نیوەڕۆ چاوەڕێمان دەکرد ، کە دنیا گەرم دەبوو دەچووینەوە ماڵێ ، یان لەژێر سێبەرى دارخورمایاندا چاوەڕێمان دەکرد ، تا ڕۆژێکیان کابرایەکى جوولەکە هاوارى کرد : ئەى نەوەى قیلە (بنی قیلة) : ئەو کەسەى کە چاوەڕێی دەکەن هات ، وە ئێمەش هەموو چووینە دەرێ و پێشوازییمان لە پێغەمبەر ﷺ کرد ، کە چووین پێغەمبەر ﷺ لەسێبەرى دارخورمایەکدا دانیشتبوو ، ئەبوبەکریشى لەخزمەتدا بوو ، کە تەمەنى لەتەمەنى ئەو نزیک بوو ، زۆربەشمان پێغەمبەرى خوامان نەبینیبوو ﷺ بۆیە نەماندەزانى ، کە کامەیان پێغەمبەرە! خەڵک زۆر کۆبونەوە تا وای لێهات ئەو شوێنەى کە پێغەمبەرى لێبوو ﷺ هەتاوى هاتێ ، ئەبوبەکریش هەستاو بە کراسەکەى خۆى سێبەرى بۆ کرد ، ئەوجار ناسیمان ، ئەگەر نا پێشتر واماندەزانى ئەبوبەکر پێغەمبەرە (لەبەر ئەوەى سەرو ریشى لەهى وى سپیتر بووە – خوا لێی ڕازى بێت-) .
لەکۆتایی باس و لێکۆڵینەوەماندا دەربارەى کۆچکردنى پێغەمبەر ﷺ لە مەککەوە بۆ (یثرب) ، ئاماژەیەکى کورت بە چەند مەسەلەیەک دەکەین :
١)تێکگیرانى حەق و ناحەق شتێکى حەتمییە و نەیارانى بەرنامەى خوا هیچ کاتێک بانگەواز و پەیامى پێغەمبەرانیان قبووڵ نەبووەو لە بەرامبەریان وەستاون و دژایەتییان کردوون و توندوتیژیی و هەڕەشەیان لەبەرامبەردا بەکارهێناون .
٢) پێغەمبەر ﷺ بەرنامەیەکى تۆکمەى بۆ کۆچ کردن لە مەککەوە بۆ (یثرب) داناوەو ووردەکاریی زۆری کردووە :
أ- ئامادە کردنى وڵاخى سواریی .
ب- دیاریکردنى ئەبوبەکر وەک هاوڕێی سەفەر ، کە ئەمەش ئەوپەڕی متمانەو باوەڕى پێغەمبەرى خوا ﷺ دەگەیەنێ بە ئەبو بەکر و هەڵبەتە ژیانى ئەبوبەکریش – خوا لێی ڕازى بێ- دەریخست ، کە بەڕاستى شایانى ئەو متمانەو باوەڕ پێ بوونەى خۆشەویستەکەى بووە .
ج- دەرچوون بەشەو .
د- دانانى عەلى لە جێگاى خۆیی و پیسپاردنى چەند ئەرکێک ، وەک دانەوەى ئەو سپاردانەى کە موشریکەکانى مەککە لەلاى پێغەمبەرى خوا موحەممەدى ئەمین و ڕاستگۆ دایاننابوون، بە خاوەنەکانیان ، دیارە دیارى کردنى (عەلی)یش ڕەزاى خواى لێبێ بۆ ئەو ئەرکە گرنگ و مەترسیدارە ، کە ئەو کاتە تەمەنیشى کەم بوو ڕێزو خۆشەویستى پێگەى ناوازەى (عەلی) ڕەزاى خواى لێبێ لاى پێغەمبەر ﷺ پیشان دەدات .
هـ- دانانى (عبدالله) کوڕى ئەبوبەکر ، کە دەنگ و باسى شارى مەککەیان بۆ بەرێ ، تاکو ئاگادارى جموجۆڵى نەیاران بن .
و- دیاریکردنى کەسێکى شارەزا بەڕێگاى سەفەر ، بەناوى (عبدالله بن أرقط) ، هەرچەندە کافریش بووە ، بەڵام دیارە جێی متمانە بووە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ، کەلە ئیسلامدا دەستى موسوڵمانان کراوەیە بۆ سوود وەرگرتن لە تواناو ووزەو بەهرەى هەر کەسێک با موسوڵمانیش نەبێ ، بە مەرجێک جێی متمانەو باوەڕ بێ .
ز- ڕۆژانە نزیک کردنەوەى ڕانە مەڕى ئەبوبەکر بۆ خۆردنى شیرو بەمەبەستى سرینەوەى شوێن پێیەکانیان .
ح- هێنرانى خواردن بۆ ئەشکەوتى (ثور) لەلایەن (أسماء) ەوە .
وەک دەبینین پێغەمبەرى خوا ﷺ ڕەچاوى سەرجەم هۆکارو پیداویستییەکانى ئەو کارو سەفەرەى کردوە .
٣) کۆچ کردن و بەجێهێشتنى نیشتمان و کەس و خزم و بەرژەوەندییە دنیاییەکان ، گەورەیی ئامانج دیارى دەکاو بەڵگەى قوربانیدانە لەپیناو ڕەزامەندى خوادا .
٤) ڕوودانى چەند موعجیزەیەک بۆ پێغەمبەر ﷺ لەو سەفەرو کۆچەدا ، وەک :
أ- تەونکردنى جاڵجاڵۆکە لە دەرگاى ئەشکەوتەکەدا وەک لە (مسند الامام أحمد) دا هاتووە ، بۆ ئەوەى کافرەکان گومانیان نەبێ لەنێو ئەو ئەشکەوتەدان .
ب- کەوتن و ڕۆچوونى وڵاخى (سراقة) لە زەوى دا کاتێک بەدواى پێغەمبەر ﷺ کەوت بۆ ئازاردانى .
ج- نەبینرانى پێغەمبەر ﷺ لەلایەن کافرەکانى مەککەوە ، لەکاتى هاتنە دەرەوەى لە ماڵ و کۆچکردنیدا .
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٣٨٣-٣٩٥)
|