بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 مۆڵەتدانى پێغەمبەر ﷺ و فەرمانکردنى بە کۆچ کردنى هاوەڵان بەرەو (یثرب)
30/09/2019
بینین: 1736


فەرمان کردنى پێغەمبەر ﷺ و مۆڵەتدانى بە هاوەڵانى ، کە لە مەککەوە کۆچ بکەن بۆ (یثرب) ، یان لە دوادواى ساڵی سێزدەهەمینى پێغەمبەرایەتیدا بووە ، یاخود لە سەرەتاى ساڵى چواردەیەمینى پێغەمبەرایەتییەوە بووە ، کە دوایی بە پێی فەرمانى (عمر) – خوا لێی ڕازى بێ – لە سەردەمى خیلافەتى خۆیدا ، دواى ڕاوێژ کردنى بە موسوڵمانان ، ساڵى کۆچ کردنى پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانى بەڕێزى بۆ یثرب کراوە بە سەرەتاى مێژووى ئیسلام ، وە (١)ى (محرم) یش بە سەرى ساڵى کۆچى دیارى کراوە .
چۆنیەتى کۆچ کردنى هاوەڵان لە مەککەوە بۆ (یثرب):
زەمینە ساز کردن بۆ کۆچ کردن :
دوو زەمینە سازى کراون بۆ کۆچى موسوڵمانان ، وە پاشان پێغەمبەرى خوا ﷺ لە شارى مەککەوە بۆ شارى (یثرب) کە دوایی ناوى لێنراوە (مەدینە ) .
١)پەیماننامەى یەکەم و دووەمى عەقەبە :
دیارە لە سەرەتاوە پێغەمبەر ﷺ ڕێگەى بە هاوەڵانى بەڕێزى نەدا کە کۆچ بکەن بۆ یثرب ، بەڵام دواى ئەوەى نوێنەرانى شارى (یثرب) لە هەردوو هۆزى ئەوس و خەزرەج هاتن و لە پەیمانى یەکەم و دووەمى عەقەبەدا پەیمانیان بە پێغەمبەر ﷺ داو ، گەڕانەوە بۆ (یثرب) و خەڵکێکى موسوڵمانى ئامادەو دانستە لەوێ پەیدا بوون ، ئینجا فەرمانى کرد بە کۆچ کردن بەرەو (یثرب)، کە مێژوونوسان ناویان لە پەیمانى عەقەبەى یەکەم ناوە (بیعة النساء) ئەمەش ماناى ئەوە نیە بەکەم سەیر کرابێ ، بەڵکو زانایان وەکو زاراوەیەک بەکاریان هێناوەو ئەوەشیان لە ئایەتى پێش کۆتایی سووڕەتى (الممتحنة) وەرگرتووە ، کە دەفەرموێ {يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا جَاءَكَ الْمُؤْمِنَاتُ يُبَايِعْنَكَ عَلَى أَنْ لَا يُشْرِكْنَ بِاللَّهِ شَيْئًا وَلَا يَسْرِقْنَ وَلَا يَزْنِينَ وَلَا يَقْتُلْنَ أَوْلَادَهُنَّ وَلَا يَأْتِينَ بِبُهْتَانٍ يَفْتَرِينَهُ بَيْنَ أَيْدِيهِنَّ وَأَرْجُلِهِنَّ وَلَا يَعْصِينَكَ فِي مَعْرُوفٍ فَبَايِعْهُنَّ وَاسْتَغْفِرْ لَهُنَّ اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (١٢)} الممتحنة ، جا لەبەرئەوەى بڕگەکانى پەیماننامەى یەکەمى عەقەبە هەمان ئەم فەرمانانەن کە لەم ئایەتانەدا هاتوون ، بۆیە زانایان ناویان لێناوە (بیعة النساء) ، خواى زاڵ و کاربەجێ لەم ئایەتەدا بۆ پێغەمبەرى ﷺ دیارى کردووە کە کاتێک پەیمان لە ئافرەتان وەردەگرێ ، پێیان ڕابگەیەنێ کە بەو شێوەیە ڕەفتار بکەن و خۆ لەو شتانە بپارێزن ، کەواتە : زانایان لەبەر ئەوەیە، کە ناویان لە پەیمانى یەکەمى عەقەبە ناوە ، پەیمانى ئافرەتان ( بیعة النساء) ، پەیمانى دووەمى عەقەبەشیان بۆیە ناوناوە پەیمانى جەنگ (بیعة الحرب) لەبەر ئەوەى کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ : ( کە هاتم بۆ نێوتان من بپارێزن وەکو چۆن نەفس و نامووس و ماڵ و خێزانى خۆتان دەپارێزن ).
بەڵێ وەرگرتنى ئەم دوو پەیمانە بریتی بوون لە زەمینە سازى یەکەم ، پێشتریش باسمان کرد کە بناغەى پێکهێنانى کۆمەڵگەى ئیسلامیی و بنیاتنانى کیان و دەوڵەتى ئیسلامییش  بریتییە لە دروست کردنى بنکەى جەماوەریی و پەیدا بوونى خەڵکێکى موسوڵمان کە باوەش بۆ ئەو بانگەوازە بگرنەوەو پێشوازى لێ بکەن و ئامادەبن بەسەرو ماڵ بیپارێزن و پشتگیریی لێ بکەن ، جا دواى ئەوە کە پێغەمبەر ﷺ ئەو بنکە جەماوەرییەى لە یثرب دروست کردووەو زانیویەتى بەو ئەندازەیە گەشەى کردووە کە بە کەڵکى ئەوە بێت بیکاتە بناغەى دەوڵەت و کیانى ئیسلامیی ، ئەو کاتە مۆڵەتى داوە بە هاوەڵانى بەڕێزى ، کە کۆچ بکەن بۆ ئەوێ .
٢) چەند ئایەتێکى قورئان لەبارەى کۆچ کردنەوە :
زەمینە سازى دووەم ئەوەیە کە خواى پەروەردگار چەند ئایەتێکى ناردە خوار ، کە باسى کۆچ کردن و پاداشتى گەورەى ئەوانە دەکەن کە لە پێناوى خوادا ماڵ و حاڵ و نیشتیمانى خۆیان بەجێ دێڵن ، وە دڵی خۆش کردوون بەوە کە خواى بەخشەر دەرووى خێریان لێ دەکاتەوە ، وە پاداشتێکى گەورەیان دەبێت ، کە بێگومان ئەوەش زەمینە سازییەکى قوڕئانیی بوو بۆ کۆچ کردن ، دواى ئەوەى کە پێغەمبەر ﷺ زەمینە سازییەکى سیاسی و کۆمەڵایەتى بۆ کردووە ، کە دیارە ئەویش هەر بە وەحى ئاراستە کردنى خواى زاناو شارەزا بووە ، ئەمەش چەند ئایەتێک لەو بارەیەوە :
أ‌) خواى بەبەزەیی دەفەرموێ : { قُلْ يَا عِبَادِ الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا رَبَّكُمْ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا فِي هَذِهِ الدُّنْيَا حَسَنَةٌ وَأَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةٌ إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ (١٠)} الزمر ، واتە : ( ئەى موحەممەد ! تۆ بەناوى منەوە بانگى بەندەکانم بکە) و بڵێ : ئەى ئەو بەندانەم کە ئیمانتان هێناوە ! پارێز لە پەروەردگارتان بکەن ، بۆ کەسانێک لە ئێوە ، کە چاکە دەکەن لە دونیادا ، چاکە هەیە لە دواڕۆژدا ، وە سەرزەمینى خواش فراوانە ( واتە : ئەگەر لە شوێنێک دنیاتان لێ وەتەنگ هات ، وە ڕێگاى دینداریی و خواپەرستییان لێ گرتن ، ئەو شوێنە  بەجێ بێڵن و بچن بۆ شوێنێکى دى کە خواى پەروەردگاى تێدا لە خۆتان ڕازى بکەن ، وە شەریعەتى خوا لە ژیانى خۆتاندا جێبەجێ بکەن ) ، بێگومان خۆڕاگران بێ حیساب پاداشتیان دەدرێتەوە .
ب‌) وە خواى بێ هاوتا دەفەرموێ : {وَالَّذِينَ هَاجَرُوا فِي اللَّهِ مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا لَنُبَوِّئَنَّهُمْ فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَلَأَجْرُ الْآخِرَةِ أَكْبَرُ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ (٤١) الَّذِينَ صَبَرُوا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ (٤٢)} النحل ، واتە : ئەوانەى کە لە پێناو خوادا کۆچیان کردووە دواى ئەوەى زوڵمیان لێ کراوەو چەوسێنراونەوە ، ئێمە هەر لە دونیا لە جێگایەکى باشدا نیشتەجێیان دەکەین ، وە پاداشتى دوا ڕۆژیش گەورەترە( لە دەروولێکرانەوەى دونیا) ئەگەر بزانن، ئەوانەى کە خۆڕاگرن ، وە پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن .
ئەم ئایەتە ئەوەى لێ دەفامرێتەوە ، کە بێگومان ئینسان بەبێ سەبر و خۆڕاگریی ، وە بەبێ پشت بەستن بەخوا ، ناتوانێ ماڵ و حاڵ و نیشتیمانى خۆى بەجێ بێڵێ و ڕوو لە غەریبییان بکات و بەرگەى نەبونیی ونەداریی و خەم و پەژارەو ئازارو ناڕەحەتیی و دووریی لە نیشتمان و کەس وکارى بگرێ .
     ج) خواى تاک و پاک دەفەرموێ : { يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ أَرْضِي وَاسِعَةٌ فَإِيَّايَ فَاعْبُدُونِ (٥٦) كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ثُمَّ إِلَيْنَا تُرْجَعُونَ (٥٧) وَالَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَنُبَوِّئَنَّهُمْ مِنَ الْجَنَّةِ غُرَفًا تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا نِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ (٥٨) الَّذِينَ صَبَرُوا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ (٥٩) وَكَأَيِّنْ مِنْ دَابَّةٍ لَا تَحْمِلُ رِزْقَهَا اللَّهُ يَرْزُقُهَا وَإِيَّاكُمْ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (٦٠)} العنکبوت ، واتە : ئەى ئەو بەندانەم کە ئیمانتان هێناوە ! بێگومان سەرزەمینى من فراوانە ، هەر من بپەرستن ( واتە : لەهەر شوێنێک ڕێگاى بەندایەتى کردنتان بۆمن لێگیرا ، ئەو شوێنە بەجێ بێڵن ، چونکە ئینسان دەبێ بەندەى خوا بێ ، نە بەندەى خاکەو نە بەندەى خەڵکە ) هەموو نەفسێک دەبێ مردنێک بچێژێ ( جا ئەو مردنە لە ژیانى ژێر دەستەییدا بیچێژێ یان لە ژیانى مەردایەتیی و بەرەنگار بونەوەى زۆرداران و ستەمکاراندا، بۆیە لە مردنیش مەترسن) ، ئینجا دەفەرموێ : دوایی بۆ لاى ئێمە دەگەڕێنرێنەوە ، ( کەواتە : ووریابن بزانن چۆن دەگەڕێنەوە بۆ لامان ، بە دەستى پڕى بەندایەتى یان بەدەستى خاڵی ! بۆیە دەبێ ئینسان هەوڵ بدات بە توێشووى بەندایەتییەوە بگەڕێتەوە ) ، ئینجا دەفەرموێ : وە ئەوانەى ئیمانیان هێناوەو کردەوە باشەکان دەکەن لە بەهەشتێدا لە کۆشکە بەرزەکاندا نیشتەجێیان دەکەین ، کە ڕووباریان بەژێردا دەڕۆن ، وە باشترین پاداشت پاداشتى ئەوانەیە ، کە بۆ خوا کاردەکەن ، ئەوانەى کە خۆ ڕاگرن وە پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن ، ئینجا باسى ڕۆزییان بۆ دەکات و دەفەرموێ : زۆر زیندەوەر هەیە ڕۆزییەکەى خۆى هەڵناگرێ ، بەڵام خوا ڕۆزى هەموویان دەدا ، وە هی ئێوەش دەدا ، وە خوا بیسەرەو زانایە .
فەرماندان بە کۆچ کردن :
پێغەمبەر ﷺ فەرمانى کرد بە هاوەڵە بەڕێزەکانى – خوا لێیان ڕازى بێ – کە خۆچ بکەن بۆ (یثرب) ، لەو بارەوە دایکمان (عائیشة) – خوا لێی ڕازى بێ – دەڵێ : ( کاتێک ئەو حەفتا کەسەى ، کە پەیماننامەى دووەمى عەقەبەیان لەگەڵ پێغەمبەر بەست) گەڕانەوە بۆ شارى (یثرب) ، پێغەمبەر ﷺ بەوە دڵى زۆر خۆش بوو ، چونکە خواى بەرزو شکۆدار قەڵایەکى بۆ دروست کرد ، وە کەسانێک بوونە پشتیوان و پشتگیرى کە جەنگاوەرو پیاوى جوامێر بوون ، ئینجا دواى ئەوەى موشریکەکان کە نوێنەرانى شارى یثرب لە ئەوس و خەزرەج پەیمانیان بە پێغەمبەر ﷺ داوە و موسوڵمان بوون ، ئازارو ئەشکەنجەیان لەسەر بڕواداران زیاتر کردو بە شێوەیەک کەوتنە ئازاردانیان کە پێشتر ئازارى وایان نەدابوون ، ئیدى لە ئەنجامدا هاوەڵانى بەڕێزى پێغەمبەر ﷺ بەبێ مۆڵەت ئامادە نەبوون کارێکى وا گرنگ بکەن و نێو شارەکە بەجێ بێڵن ، ئەگەر زیاتریش لەوە ئازار درابان ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ لەوەڵامى ئەوەدا فەرمووى : {إني أُريت دار هجرتكم ذات نخل  بين لابتين ، و هما الحرتان ...}رواه البخاري ،  واتە : (ئەو شوێنەى ، کە کۆچى بۆ دەکەن پێشانم دراوە ، شوێنێکە دار خورماى لێن و لە نێوان دوو بەرزایدایە ، کە بەردەکانى ڕەشن ....).
عائیشە دەڵێ : ڕۆژێکیان پێغەمبەر ﷺ بە ڕوویەکى گەشەوە بە هاوەڵانى بەڕێزى فەرموو : {لقد أخبرت ُ بدار هجرتكم و هي يثرب، فمن أراد الخروج فَلْيَخرُجْ اليها } واتە : هەواڵم پێدرا دەربارەى ئەو شوێنەى کە کۆچى بۆ دەکەن ، ئەویش (یثرب)ە ، کێ دەیەوێ دەربچێ بۆی بچێ .
ئینجا موسوڵمانان دەستیان کرد بە کۆچ کردن و هاوکارى یەکدییان دەکرد ، دوو دوو سێ سێ ،ئەوانەى کە خزمى یەکدى بوون بە پەنهانى دەچوون بۆ یثرب ، وە لەوێ پشتیوانەکان (الأنصار) هاوکاریان بوون لە ماڵ و حاڵی خۆیاندا حەواندیاننەوە ، تا واى لێهات موسوڵمانان هەموویان لە شارى مەککە دەرچوون و دواى دوو مانگ و چەند ڕۆژێک لە (بیعة العقبة الکبری ) کەس نەمایەوە لە مەککەدا جگە لە پێغەمبەر ﷺ و أبو بکرو عەلى – خوا لێیان ڕازى بێ - ، وە چەند کەسێک ، کە موشریکەکان بەزۆر هێشتبویانەوە ، یان یەکێک کە نەخۆش و پیرو پەککەوتە بوو و نەیدەتوانى بە ڕێدا بڕوا ، واتە : بەس ئەوانەى کەلەبەر هەر هۆیەک بێ نەیانتوانیوە کۆچ بکەن ، ئەوانە لە مەککەدا مانەوە .
وە یەکەم کەس لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ کە ساڵێک پێش پەیمانى عەقەبەى گەورە کۆچى کردبوو بۆ مەدینە ، (أبو سلمة بن عبدالأسد) بوو ، وە دواى ئەو ( عامر بن ربیعة) و خێزانەکەى (لیلی بنت أبی حثمة) ، دووەم و سێیەم کەس بوون کۆچیان کرد .
_____________________________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٣٧٠-٣٧٦)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه