 بنیاتنانى کۆمەڵگاو دەوڵەتى ئیسلامیی

پاش ئەوەى پێغەمبەر ﷺ پەیماننامەى دووەمى عەقەبەى لەگەڵ (ئەوس و خەزرەج)دوو تیرەى هەرە بەهێزى شاری (یثرب) دا بەست ، وە بنکەى جەماوەرى پەیدا کرد ، مۆڵەتى بە هاوەڵانى بەڕێزیدا کە کۆچ بکەن ، بۆ ئەوەى لەگەڵ موسوڵمانانى شارى (یثرب) دا پێکەوە لەوێ کۆمەڵگاى ئیسلامیی پێک بهێنن ، دوایی خۆشی لەگەڵ ئەبو بەکردا – خوا لێی ڕازى بێ- ، کۆچیان کردوو لە ڕۆژى دوو شەممەى مانگى (ربیع الأول) ساڵى (١٤)ى پێغەمبەرایەتى ، بەرامبەر بە (٢٣)ى مانگى (ئەیلول)ى ساڵى (٦٢٢)ى زاینى ، گەیشتە نێو هۆزى (بنی عمرو بن عوف) وە لە ناوچەیەک کە پێی دەگوترێ (قباء) لە ماڵى (کلثوم بن الهدم) دامەزرا ، (ابن هشام ) دەڵێ: پێغەمبەر ﷺ لە ماڵى (کلثوم بن هدم )بووە، بەڵام کاتێک میوانى هاتووە یان کۆبونەوەى لەگەڵ موسوڵماناندا کردووە ، چۆتە ماڵی (سعد بن خیثمة) لەبەر ئەوەى ماڵەکەى لە ماڵى (کلثوم بن هدم) فراوانتر بووە ، چەند ڕۆژێک لەو دوو ماڵەدا ماوەتەوە ،(علی) یش – خوا لێی ڕازى بێ- دواى ئەوان سێ ڕۆژ لە مەککە ماوەتەوە ، دوایی لە قباء گەیوەتە پێغەمبەر ﷺ ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ لەو شوێنەى کە لێی دامەزراوە (قباء) ، فەرمان دەکات مزگەوتێک دروست بکرێ ، وەک خوا لەو بارەیەوە دەفەرموێ : {... لَّمَسْجِدٌ أُسِّسَ عَلَى التَّقْوَىٰ مِنْ أَوَّلِ يَوْمٍ أَحَقُّ أَن تَقُومَ فِيهِ ...(١٠٨)} التوبة ، دیارە ئەو کاتە (قباء) نەکەوتبوە نێو شارى (یثرب) ، بەڵکو لە لاپەڕی شار بوو ، هەر بۆیەش دوایی تەنیا بە مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ گوتراوە (مزگەوتى مەدینە) ، بەڵام لە ئەنجامى فراوان بوونى شارى مەدینەدا ، هەموو ئەو مزگەوتانەى کەلەسەردەمى پێغەمبەردا ﷺ لە دەوروبەرى شار بوون ئێستا کەوتونەتە نێو شارى مەدینەوە .
کەواتە مزگەوتى (قباء) پێش مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ بینا کراوە .
پێغەمبەرى خوا ﷺ ڕۆژانى دووشەممەو سێ شەممەو چوار شەممەو پێنج شەممە لە ناوچەى (قباء) بوو ، لەو دوو ماڵەى ئاماژەمان پێ کردن ، دوایی ڕۆژى جومعە بەرەو نێو شارى یثرب بەڕێکەوت ، کە گەیشتە ئەوێ خەڵکى هەموو چوون بۆ پێشوازیی و هەموو تیرەو هۆزەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕی و هەر یەکە داواى لە پێغەمبەر ﷺ کرد بچێتە لاى ئەو ، بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرمووى : لە وڵاخ (حوشتر)ەکەم گەڕێن ، فەرمانى پێکراوە لەکوێ بوەستێ و لابدا ، ئیدى حوشترەکەى دەڕوا تا دەگاتە شوێنێک پیی گوتراوە : ( دار بني مالك النجار) لەوێ حوشترەکەى دەوەستێ و پاڵ دەکەوێ ، ئەو شوێنەى کە حوشترەکەشى تێدا یەخ دەبێ جێخوون (مرید)ێک ( ئەو شوێنەى خورماى لەسەر کۆدەکرێتەوەو پاک دەکرێتەوە ) دەبێ و هی دوو منداڵی هەتیو دەبێ بەناوى ( سهل و سهیل) کوڕانى (رافع بن عمر) ، دواى ئەوەى کە حوشترەکە لە جێ خەرمانەکە یەخ دەبێ ، پێغەمبەر ﷺ لێی دێتە خوارێ و فەرمان بە هاوەڵانى دەکات مزگەوتى خۆى لە شوێنى ئەو جێ خەرمانە بنیات بنێن ، لەو ڕۆژەشەوە کە پێغەمبەر ﷺ دەگاتە یثرب ئەو شارە ناو دەنرێ : شارى پێغەمبەر (مدینة الرسول) و دواتر هەر بە (مەدینە) ناو دەبرێ .
ئەو ماوەیەش تا مزگەوت دروست کرا ، پێغەمبەر ﷺ لە ماڵى (أبو أیوب الأنصاری) نیشتەجێ بوو ، کە خانوویەکى دوو قاتى هەبوو ، پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لەوێ دەمێنێتەوە ، دواى ئەوەى کە مزگەوت بینا کراو چەند ژوورێکیش لە تەنیشت مزگەوتەکەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ دروست کران ، پێغەمبەر ﷺ کەل وپەلەکانى خۆى گواستەوە بۆ یەکێک لەو ژوورانە ، کە ئەو کات پێیان گوتراوە : ژوورەکان (الحجرات) و سووڕەتێکى قورئانیش بەو ناوەوە ناونراوە ، (حجرات) کۆى (حجرة)یە واتە ژوور ، چونکە پێغەمبەر ﷺ بۆ هەر یەکێک لە خێزانەکانى ژوورێکى سادەى لە تەنیشت مزگەوتەکەى خۆیەوە دروست کردبوو .
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٣٩٦-٣٩٨)
|