 مردنى (عبدالله بن أبي بن السلول)
(عبدالله بن أبي بن السلول) لە مانگى (ذي الحجة) ى ساڵی نۆیەمى کۆچیدا ، مرد .
(عبدالله بن أبی بن السلول) کە سەرۆکى مونافیقەکان بوو ، کوڕێکى بووە بە ناوى (عبدالله) و کوڕێکى زۆر صاڵح و چاک بووە، جا دواى مردنى بابى ، دێتە خزمەت پێغەمبەر ﷺ و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ! بابم مردووە ، ئەگەر بێی نوێژى لەسەر بکەى ، ئەویش دەفەرموێ : باشە دێم ، هەروەها داواشى لێ دەکات و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ! بابم زۆر لەگەڵم چاک بوو ، ئەگەر کراسەکەى خۆشتى بدەیتێ بۆ ئەوەى پیی کفن بکەین ، بەڵکو لە عەزاب و سزا چەپاڵە بدرێ ، دەفەرموێ : باشە ، کراسەکەشى دەداتێ و ئینجا لەگەڵیشى دەچێ تا سەر گۆڕستان ، لەوێش بەرامبەر جەنازەکە ڕادەوەستێ، بۆ ئەوەى نوێژى لەسەر بکات ، عومەریش خوا لێی ڕازى بێ دەچێتەپێشى و دەڵێ : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ نوێژ لەسەر ئەوە دەکەى ؟ هەر ئەوە بوو فڵان ڕۆژە وایگووت و فڵانە ڕۆژە ئاواى کرد ... هتد ، وە زۆر لە هەڵوێستە خراپەکانى باس دەکات ، دجوایی پێغەمبەر ﷺ زەردەخەنەیەکى دێتێ و دەڵێ: خۆت لادە عومەر من سەرپشک کراوم لە نوێژ لەسەر کردنى و لەسەر نەکردنى ، دوایی پێغەمبەر ﷺ نوێژى لەسەر دەکات ، و دەچێت بۆ سەر قەبرەکەشى ، دواى ئەوە زۆرى نەخایاند ئەم ئایەتە هاتە خوارێ :
{ وَلَا تُصَلِّ عَلَى أَحَدٍ مِنْهُمْ مَاتَ أَبَدًا وَلَا تَقُمْ عَلَى قَبْرِهِ إِنَّهُمْ كَفَرُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَمَاتُوا وَهُمْ فَاسِقُونَ (٨٤)} التوبة .
واتە : لەمەودوا نوێژ لەسەر هیچ کام ( لەوانەى کە دەزانى مونافیقن ) مەکە ، وە لەسەر گۆڕەکەشیان ڕامەوەستە ، چونکە ئەوان بڕوایان بە خواو پێغەمبەرەکەى نەبووە ، و بەلاریی مردوون ، واتە : لە مەڕاسیمى بەخاک سپردنیشدا ئامادە مەبە .
دیارە ئەم هەڵوێستەش یەکێکى دیکەیە لەو هەڵوێستانەى کە عومەر خوا لێی ڕازى بێ ، پێشنیارى کردووە خواى زاناو شارەزاش وەحى ناردۆتە خوارێ و موافیقى پێشنیارى ئەو بووە ، شایانى باسیشە ، دواى ئەوە ، پێغەمبەر ﷺ تا وەفاتى کرد نوێژى لەسەر هیچ مونافیقێک نەکردوەو نەچۆتە سەر گۆڕەکانیشیان لەکاتى نێژراندا .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٦٩٨، ٦٩٩)
|