بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 بنەماکانى کۆمەڵگاو دەوڵەتى ئیسلامیی
18/11/2019
بینین: 955

دروشمى موسوڵمانان (بانگ) :
پێغەمبەر ﷺ بڕیاریدا موسوڵمانان دروشمێکیان هەبێت بۆ بانگ کردنیان بۆ نوێژو کۆبونەوەى هەفتانەیان ، کە ئەویش بریتی بوو لە بانگ (أذان) ، (ابن هشام) لەو بارەوە دەڵێ : موسوڵمانان پێش ئەوەى بانگ بکرێتە دروشمیان ، کە دەچوون بۆ نوێژ یەکترییان بانگ دەکرد ، دوایی بۆیان دەرکەوت کە ئەوە ڕێگایەکى گونجاو نییە ، بۆیە بیریان کردەوە کە وەسیلەیەکى گونجاو بەکار بێنن ، هیندێکیان پێشنیاریان کرد کە (بوق)ى جولەکەکان بەکار بێنن ،  هەندێکى دیکەیان گوتیان باشتر وایە (ناقوس)ى نەصڕانییەکان بەکار بێنن ، پێغەمبەر ﷺ (بوق)ى جولەکەکانى پێ ناخۆش بوو ، خەریک بوو (ناقوس)ى نەصڕانییەکان هەڵبژێرێ ، بە وەسیلەیەک بۆ کۆکردنەوەو بانگکردنى موسوڵمانان ، لەو کاتەدا (عبدالله بن زید) کە یەکێک بوو لە خەزرەجییەکان هاتە لاى پێغەمبەر ﷺ و گوتى : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ من من ئەمشەو خەونێکم بینیوە ، لەو خەونەمدا پیاوێک هات بۆ لام بەرگێکى سەوزى لەبەردا بوو (ناقوس)ێکى پێ بوو ، منیش گوتم : ئەى بەندەى خوا ئەو (ناقوس)ەى نافرۆشى ؟ ئەویش گوتى : چى لێ دەکەى ؟ گوتم : موسوڵمانانى پێ بانگ دەکەین بۆ نوێژ : ئەویش گوتى : شتێکت پێ بڵێم لەوە چاکتر بێ ؟ گوتم : بەڵێ ، چییە ؟ گوتى : ئاوا بڵێ :
 { لله أكبر، الله أكبر، الله أكبر، الله أكبر، أشهد أن لا إله إلا الله، أشهد أن لا إله إلا الله، أشهد أن محمدا رسول الله، أشهد أن محمدا رسول الله، حي على الصلاة،   
  حي على الصلاة، حي على الفلاح، حي على الفلاح ، الله أكبر، الله أكبر، لا إله إلا الله}
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : { إنها لرؤیا حق إن شاء الله فقم مع بلال فألقها علیه فلیؤذن بها فأنه ألدى صوتا منك} ، واتە : ئەوە خەونێکى ڕاست و حەقە ئەگەر خوا بیەوێ ، هەڵسەو ئەو ووشانە فێرى بیلال بکە با پێیان بانگ بدات ، چونکە ئەو دەنگى لەتۆ خۆشترەو تیژترە ، جا کاتێک بیلال بەو ووشە گەورەو موبارەکانە بانگى دا ، (عمر بن الخطاب) لەو کاتەدا کەلەماڵەوە بوو گوێی لێبوو ، ئەوەندە بەپەلە هات بۆ خزمەتە  پێغەمبەر ﷺ فەرمووى ( فللّه الحمد على ذلك)، واتە : ستایش بۆ خوا لەسەر ئەوە ، ماناى وایە ئەوە فەرمانى خوایە ، چونکە  پێغەمبەر ﷺ لە فەرمایشتێکدا کە (بخارى) گێڕاویەتیەوە دەفەرموێ : ({ الرؤیا الصالحة من الله و الحلم من الشیطان ...} رواه البخاری ، واتە : خەونى چاک لە خواوەیەو خەونى خراپیش لە شەیتانەوەیە .
ئینجا ئەگەر تەماشاى ووشەکانى بانگ بکەین،  دەبینین كورتن وهەوێنى ئیسلامەتییان تێدایە ، سەرەتا چوار جار لەسەر یەک (ألله أکبر) دەگوترێ ، واتە : (خوا گەورەترە) گەورەترە لە هەموو شتێک ، گەورەترە بەو واتایەى ، کە بۆ خۆى شایستەیە ، کەواتە دەبێ گەورەیی خواى پەروەردگار (جل شأنه) لەمێشک و دڵى موسوڵماناندا لەسەرووى هەموو شتێکەوە بێ ، جا هەر کاتێک کە خوا ئاوا بە گەورە زانرا ، وە کە موسوڵمانان بە کردەوە دەریانخست کە خوایان پێ لە هەموو شت گەورەترە ، ئەو کاتە بێ فەرمانى خوا ناکەن ، وە جگە لەبەرنامەى خوا ڕوو لە هیچ بەرنامەیەکى دیکە ناکەن ، وە هیچ کاتێک فەرمانى هیچ کەسێکى دیکە بەسەر فەرمانى خوادا زاڵ ناکەن و هەڵنابژێرن ، وە هیچ بەرژەوەندییەکى خۆیان بەسەر فەرمانى خوادا هەڵنابژێرن ، ئینجا دوو جار (أشهد أن لا إله إلا الله) واتە : شایەتیی دەدەم کە هیچ پەرستراوێک نیە جگە لە خوا ، کە ئەوەش بناغەو کاکڵەو جەوهەرى موسوڵمانەتیی و دیندارییە ، پاشان دوو جار (أشهد أن محمدا رسول الله) ، واتە: شایەتیی دەدەم، کە موحەممەد ڕەوانەکراوى خوایە ، کەواتە : دەبێ هەرچى ئەو فەرموویەتى گوێڕایەڵى بکەین ، وەک پەروەردگار دەفەرموێ : { ... وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ (7)} الحشر ، واتە : وە هەر شتێک  پێغەمبەر پێتان دەدا لیی وەربگرن و پارێز لە خودا بکەن، بێگومان خوا تۆڵەى توندە .
کەواتە شایەتمان هێنان بە پەرستراوێتى خوا ، کە تەنیا ئەو دەبێ پەرستراو بێ ، یانى دەبێ خوا (جل شأنه) لەدڵى تۆدا چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵ ، لە هەموو شتێک بەرزترو خۆشەویستتر و گەورەتر بێ ، وەبەسەر هەموو شتێکدا هەڵیبژێرى ، وە هەموو شتێکى فیدا بکەى ، هەروەها شایەتمان هێنانیش بە نێرراوێتى  موحەمەد (عليه الصلاة والسلام) يانى دەبێ  پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکى دى بەراورد نەکرێ ، چونکە هەموو کەسێ قسەى لێ وەردەگیرێ و بەسەریدا دەدرێتەوە ، بەڵام  پێغەمبەر ﷺ هەرچى دەیفەرموێ دەبێ لێی وەربگیرێ بەبێ چەندو چوون، چونکە بەناوى خواوە قسە دەکات ، وەک خواى تاک و پاک لەو بارەوە دەفەرموێ : {وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى (3) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى (4)} النجم .
کەواتە : ئەگەر کەسێک شایەتمانى بە پەرستراوێتى خواو ڕەوانەکراوێتى موحەممەد (عليه الصلاة والسلام) هینا ، بەڵام دوایی لە ژیانى ڕۆژانەیدا دەرکەوێ ، کە شتى دیکەى لەخوا پێ گەورەترە ، وە فەرمانى کەسێکى دیکە بەسەر فەرمایشتى  پێغەمبەردا ﷺ هەڵدەبژێرێ ، ئەوا بێگومان شایەتمانەکەى هەر قسەیەکە کردوویەتى و هیچى دیکە نیە .
ئینجا دوو جار دەگوترێ : ( حيَّ على الصلاة) ، واتە : وەرن بۆ نوێژ ، (حيَّ) یانى (أقبل) وەرە ، دوایی دووجاریش دەگوترێ : (حيَّ على الفلاح) ، واتە : وەرن بۆ سەرفرازى ، سەرفرازى موسوڵمانانیش لەوەدایە ، کە بەندایەتى بۆ خوا بکەن ، کە نوێژەکەیان کۆڵەکەى بەندایەتى کردنیانە بۆ خوا (جل شأنه) وەک پێغەمبەر ﷺ لەفەرمایشتێکدا فەرموویەتى : (الصلاة عمود الدین) رواه الترمذى، واتە : نوێژ کۆڵەکەى دیندارییە ، واتە دینداریی تاکیی ، ئینجا لە کۆتاییشدا دەگوترێ ( ألله أکبر ألله أکبر ، لا إله إلا الله ) ، واتە : خوا گەورەترە ، خوا گەورەترە ، جگە لەخوا هیچ پەرستراو نین .

وتارى  جومعەو کۆبونەوەى هەفتانە :
پێغەمبەر ﷺ بە فەرمانى خوا هەفتانە وتارى جومعەى دانا ، وە فەرمانى بە موسوڵمانان کرد کە پێویستە هەر حەوت ڕۆژ جارێک لە مزگەوت کۆببنەوە ، لەو بارەوە (ابن إسحاق) دەڵێ : یەکەمین وتارێک ، کە پێغەمبەر ﷺ داى ، ئەوەبوو کە داکۆکى کرد لەسەر ماڵ بەخشین ، چونکە ئەو کاتە موسوڵمانان لەهەموو شتێک زیاتر پیویستیان بە هاوکارى و دەستگیرۆیی یەکتر بووە ، دیارە وتارى جومعەش هەم عیبادەتێکى ڕووحیی و هەم عیبادەتێکى سیاسیی و کۆمەڵایەتیشە ، وە وتارخوێن دەبێ لە وتارەکەیدا بابەتێک باس بکات ، کە موسوڵمانان پێویستیان پێیەتى ، وە دەبێ بابەتى وتارەکە بابەتێکى سەردەمیى بێ ، واتە : لەو کات و سەردەمەدا چ شتێک باوەو پێویستە موسوڵمانانى لێ ئاگادار بکرێتەوە ، ئەوە باس بکرێ .
وە بێگومان وتارەکانى پێغەمبەر ﷺ چ ئەوانەى لە ڕۆژانى جومعە داونى ، چ ئەوانەى لەکاتى خۆر گیران و جەژنەکاندا داونى و ...هتد ، دەورى زۆریان بینیوە ، کە موسوڵمانان لە دینەکەیان تێبگەن و لە قوڕئان و سوننەتدا شارەزابن ، وە پاشانیش ئاگایان لە یەکتر بێ ، بۆ وێنە جارى وا هەبووە پێغەمبەر ﷺ لەکاتى جومعەدا یان دواى نوێژە فەرزەکان فەرموویەتى : فڵان کەس بۆ دیار نیە؟ هاوەڵانى گوتویانە نەخۆشە یان گرفتێکى هەیە و دوایی بەدەمییەوە چوون ، بۆیە ئەگەر موسوڵمانانى هەر گەڕەکێک و کۆڵانێک یان هەر گوندێک ، شەوو ڕۆژ پێنج جار کۆببنەوە بۆ نوێژى جەماعەت و هەفتەى جارێک کۆببنەوە بۆ نوێژو وتارى جومعە ، وە پاشان لەسەر ئاستى هەموو عالەمی ئیسلامیی ساڵى جارێک کۆببنەوە لەکاتى جێ بەجێ کردنى حەجدا ، ئەوە موسوڵمان هەمیشە ئاگایان لە یەکدى دەبێ ، وە بە کردەوە دەبنە ئەو ئوممەتە ئەک ڕیزەى کە خوا دەیەوێت .
نووسینى دەستوور (الصحیفة ، الوثیقة) :
ئەو دەستوورەش لە هەندێک سەرچاوەکانى مێژوودا بە ناوى (الوثیقة) هاتوە ، بەڵام لە خودى ئەو نوسخەیەدا ، کەبەسەر زارى موبارەکى پێغەمبەردا ﷺ هاتوە (الصحیفة)یە .
لەو بارەوە (ابن اسحاق ) دەڵێ : { وكتب رسول الله صلى الله عليه وسلم كتابا بين المهاجرين والأنصار ، وادع فيه يهود وعاهدهم ، وأقرهم على دينهم وأموالهم ، وشرط لهم ، واشترط عليهم  } واتە : پێغەمبەر ﷺ نووسراوێکى نووسى ، لە نێوان پشتیوانان و کۆچکەراندا لەلایەکەوە چۆن بەیەکەوە مامەڵە بکەن ، لەلایەکى دیکەوە چۆن ئەو کۆمەڵگا ئیسلامییە لەگەل پێکهاتەکانى دیکەى خۆى ، کە جوولەکەکانن مامەڵە بکات ، وە باسى جوولەکەکانیشى کرد ، کە پەیمانى لەگەڵدا بەستن ، وە دانى بۆ پێدا هێنان  ، کەلەسەر دینى خۆیان بمێننەوە ، وە ماڵى خۆیان هی خۆیان بێ ، وە هەندێک مەرجى پێدان ، وە هەندێک شتیشى لێ بەمەرج گرتن ، کەواتە بەکورتى پێغەمبەر ﷺ دەستوورێکى دانا ، ئەوەى کە ئێستا پیی دەگوترێ : یاساى بنەڕەتیی (القانون الأساسي) یان دەستوور .
وە پێغەمبەر ﷺ لەو دەستوورەدا هێڵە گشتییەکانى چۆنیەتى مامەڵەکردنى کۆمەڵگاو دەوڵەتى ئیسلامیی لەنێو خۆیداو لەگەڵ غەیرى خۆشیدا هەموو باس کردووە .
ئەو دەستوورەش ئاوا دەست پێ دەکات :
(بسم الله الرحمن الرحيم ، هذا كتاب من محمد النبي (رسول الله) بين المؤمنين والمسلمين من قريش وأهل يثرب ومن اتبعهم فلحق بهم وجاهد معهم،
إنهم أمة واحدة من دون الناس...) واتە :  (بەناوى خواى بەبەزەیی بەخشندە ، ئەمە نووسراوێکە لە موحەممەد پێغەمبەرەوە لە نێو ئیمانداران و موسوڵماناندا لە قوڕەیش و لە(یثرب) ، ئەوانەى کە پێیان دەگەن و جیهادیان لەگەڵدا دەکەن ، کە ئەوان ئوممەتێکن جێ لە خەڵک ...)
واتە : کۆچکەران و پشتیوانان ، وە ئەوانەش کەلە دواییدا پێیانەوە پەیوەست دەبن ، ئوممەتێکى سەربەخۆن ، وەک خواى پەروەردگار فەرموویەتى : { إِنَّ هَٰذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَأَنَا رَبُّكُمْ فَاعْبُدُونِ (٩٢)} الأنبیاء.
چەند سەرنجێک دەربارەى (الصحیفة) :
یەک :  لە ڕووى (سند)ەوە  (دكتور الضياء العمري) لەکتێبی (السیرة النبویة الصحیحة) دا گوتوویەتى : ئەو سەنەدەى ، کە ئەو (صحیفە)یەى پێ گێڕدراوەتەوە ، لە ڕیزى (سند)ى فەرمایشتە ڕاستەکانى پێغەمبەردایە ﷺ: (ترقی بمجموعها الى مرتبة الأحادیث الصحیحة) .
دوو:  لە ڕووی پانتایی و دابەشکردنى ماددەکانییەوە (٤٦) ماددەیە .
سێ :  لەڕووى نێوەڕۆکییەوە  دەگونجێ زۆر شت باس بکرێ ، بەڵام من پێم وایە لە پێنج تەوەرەدا بەرجەستە دەبێت :
١)پێناسەى موسوڵمانان :  پێغەمبەر ﷺ دیارى کردووە ، کە موسوڵمانان ئوممەتێکن ، وەک لەماددەى (دوو)دا هاتوە کە دەفەرموێ : { إنهم أمة واحدة من دون الناس) ، واتە : موسوڵمانان ( کۆچکەران و پشتیوانان و ئەوانەى کە پێیانەوە پەیوەست دەبن ) ئوممەتێکن جیا لە خەڵک .
٢) دیاریکردنى سەرچاوەى بڕیار (مرجعیة) بۆ موسوڵمانان : واتە: لایەنێک ، کە لەکاتى گرفت و کێشەکانیاندا ، بۆ لاى بگەڕێنەوەو بۆیان چارەسەر بکات ، وەک لە ماددەى (٢٣) دا هاتوە ، کە دەفەرموێ : ( وانه مهما اختلفتهم فیه شیء فان مردة الى الله و الى محمد) ، واتە : ئێوە لە هەر شتێکدا کە کێشەو مشت و مڕێکتان بۆ پەیدا بوو ، دەبێ بگێڕدرێتەوە بۆ لاى خوا (جل شأنه) وە بۆ لاى موحەممەد (عليه الصلاة والسلام) کەواتە : سەرچاوەى بریار (مرجعیة)ى باڵا بۆ موسوڵمانان : (قوڕئان و سوننەتە) .
٣) پاراستنى ئاسایش و هێمنیی دەوڵەت :  وەک لە ماددەى (٣٩)دا هاتوە ، کە دەفەرموێ : (و ان یثرب حرام جوفها لأهل هذه الصحیفة ) ، واتە: وە خەڵکى ئەم نووسراوە ( کەئیمزاى دەکەن ) نابێ هیچ شتێک بکەن ، کە پێچەوانەى بەرژەوەندیی ئاسایشى شارى (یثرب) بێ . 
دیارە ئەو کاتە تەنها (یثرب)یان بەدەستەوە بووە ، ئەگەر نا دوایی کە فراوانتر بووە ، ئەو دەقە هەموو دەوڵەتى ئیسلامیی گرتۆتەوە .
٤) مافەکان و ئازادییەکان :  پێغەمبەر ﷺ لە چەندان ماددەدا بەیانى کردووە کە خەڵک چۆن ماف و ئازادییەکانیان بۆ دابین دەکرێت ، بۆ وێنە لە ماددە (٢٥)دا دەفەرموێ : { وان یهود بني العوف امة مع المؤمنين} ، واتە: وە جوولەکەکانى (بنى عوف) ئوممەتێکى سەربەخۆن لەگەڵ ئیمانداران .
وە لەماددەى (٢٥) دا دەفەرموێ : { للیهود ینهم وللمسلمین دینهم موالیهم وأنفسهم} ، واتە: جوولەکەکان دینى خۆیان هەیەو موسوڵمانانیش دینى خۆیان هەیە ، هەم خۆیان هەم ئەوانەى کەلەگەلیاندا هاوپەیمانن .
وە لەماددەى (٤٥)دا دەفەرموێ : ( لایکسب کاسب الا على نفسه} ، واتە : هەرکەسێک شتێک بکات ، تەنیا زیانى بۆ خۆى هەیە ، یانى کەس بەتاوانى کەسەوە سزا نادرێ .
وە لە ماددەى (٣٨) یشدا دەفەرموێ : { انه لا یأثم امرؤ بحلیفه} ، واتە : ئەگەر کەسێک هاوپەیمانەکەى شتێکى کرد ، ئەو بەهۆى ئەوەوە گوناهبار نابێ ، وە هەر لەو ماددەیەدا لەسەر بارى پشتگیرییکردنى باباى زوڵم لێکراوەوە دەفەرموێ (وان النصر للمظلوم) ، واتە : وە باباى زوڵم لێکراو پێویستە یارمەتى بدرێ ، ( دیارە هەر جۆرە زوڵمێک بێ ئابووریی ، سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، .......هتد) .
وەلە ماددەى (١٢)دا دەفەرموێ :  { و ان المؤمنین لا یترکون مفرحا بینهم ان یعطوه بالمعروف } ، واتە : موسوڵمانان نابێ لێبگەڕێن کەسێک لەنێو ئەواندا پەکى بکەوێ لە ڕووی ئابوورییەوە ، بەڵکو دەبێ هاوکارى و دەستگیرۆیی بکەن .
هەروەها لە ماددەى (١٣)دا دەفەرموێ : { ان المؤمنین المتقین أیدیهم على کل من بغى منهم أو ابتغى دسیعة ظلم ...} ، واتە : ئیماندارانى پارێزکار یەک دەستن لە بەرانبەر هەر کەسێکدا ستەمى کردبێ یان بیەوێ ستەم بکات ، هەروەها چەندان بڕگەى دی لەو شێوەیەى تێدان .
٥) بەرگریکردنیی هاوبەش : وە لەو (صحیفة)یەدا هاتوە ، کە دەبێ بە هەموو لایەک بەرگرى بکەن لە مەدینە ، وەک لە ماددەى (٣٧)دا دەفەرموێ : {و ان على اليهود نفقتهم و على المسلمين نفقتهم و ان بينهم النصر على من حارب أهل هّه الصحيف’ و ان بينهم النصح و النصيحة والبِرُّ دون الإثم} واتە : جوولەکە نەفەقەى خۆیان دەکێشن ، وە موسوڵمانانیش نەفەقەى خۆیان دەکێشن ، وە دەبێ هاوکارى یەکتر بکەن لە دژى هەر کەسێک ، کە دژایەتیی ئەهلی ئەم (صحیفە)یە دەکات ، وە پێویستە پێکەوە دڵسۆز و ساغ بن و چاکەکار بن نەک خراپەکار .
هەروەها لە ماددەى (٤٣)دا دەفەرموێ : { و ان بینهم النصر على من دهم یثرب} ، وە دەبێ هەموویان پشتگیرى یەکتر بکەن لەبەرامبەر هەر کەسێکدا ، کە هێرش دەکاتە سەر (یثرب) دیارە هەر لەبەر ئەمەش بوو، کە پێغەمبەر ﷺ لە دواییدا سزاى جوولەکەکانیدا ، چونکە پێچەوانەى ئەو پەیمانەى خۆیان جووڵانەوە ، کە ئیمزایان کردبوو ، وە بەڵێنیان دابوو ، کە بەرگرى لە مەدینە بکەن ، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک دوژمن هێرشى دەکردە سەر مەدینە ، ئەوان دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ دەکرد و لە پشتەوە خەنجەریان دەوەشاند !


ئامادە سازیی  بۆ جەنگ و جیهاد و بەرگرییکردن لە دەوڵەت : 
پێغەمبەر ﷺ هەر لەسەرەتاى قۆناغى مەککەوە موسوڵمانانى لەسەر گیانى فیداکاریی و بەرەنگار بونەوەو زوڵم قبوڵ نەکردن بار هێناوە ، نەک لەسەر گیانى مل نەوى کردن و قبوڵ کردنى ژیانى زەلیلى .
بەڵام بۆیە پێغەمبەر ﷺ هەمیشە پێی دەفەرموون : (صبراً) و هیچ مەکەن ، وە دەستى دەگرتن ، چونکە فەرمانى خوا وابووە ، وەک خواى زاڵ دەفەرموێ : { أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ قِيلَ لَهُمْ كُفُّوا أَيْدِيَكُمْ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ... (٧٧)  } النساء ، واتە : تەماشاى ئەوانە ناکەى ، کە پێیان دەگوترا : دەست بگرنەوەو نوێژ بەرپا بکەن ! دیارە ئەو کاتە هاوەڵان پێویستیان بەوە بووە پێیان بگوترێ دەست بگرنەوە ، هەر بۆیەش کاتێک کە خواى دادگەر مۆڵەتى دان کە جەنگ بکەن هەریەکەیان شێرێک بوون لە بێشەیەک هاتبوونە دەر .
(احمد وحاکم الترمذی) لە (إبن عباس) دەگێڕنەوە ، کە گووتوویەتى :  خرج النبي من مکة ، فقال أبوبکر : أُخرَجوا نَبیَّهم ، لِيَهْلِكُنَّ ، فأنزل الله : { ذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ (٣٩) } الحج ، واتە : پێغەمبەر ﷺ لەمەککە چووە دەر ، ئەبووبەکریش گوتى : کافرەکانى قوڕەیش پێغەمبەریان ﷺ لە مەککە دەرکرد ، لەبەین دەچن ، یەکسەر خوا ئەم ئایەتەى ناردە خوار لەگەڵ کۆچ کردنى پێغەمبەردا ﷺ ، واتە: بەڕێوە بووە ، کە ئەم ئایەتەى بۆ هاتە خوار ، واتە : مۆڵەت درا بەوانەى ، کە جەنگیان لەگەڵدا دەکرێ و زوڵمیشیان لێ دەکرێ ، وە بێگومان خوا لە سەرخستنى ئەوان بەتوانایە ، هەروەها (ابن هشام) یش ئەوەى هێناوە ، کە ئەم ئایەتە ، وە سێ ئلیەتەکەى دواشی هەموویان بەو بۆنەیەوە هاتنە خوار ، کە پێغەمبەر ﷺ لە مەککە دەرکرا ، کەواتە : لەسەرەتاوە تەنیا مۆڵەتیان پێ درا کە جەنگ بکەن ، بەڵام دوایی لەسەریان فەرز کرا .
وە بیرهێنانەوەیەک :
بنەماکانى دەوڵەتى ئیسلامیی بریتین لە :
١)کۆچکەران و پشتیوانانى ، تێگەیەنراوو پیگەیەنراو .
٢) دروست کردنى مزگەوت .
٣) برایەتى بەرپا کردن لە نێوان کۆچکەران و پشتیواناندا .
٤) دروشمى موسولمانان (بانگ) .
٥) وتارى جومعەو کۆبونەوەى هەفتانە .
٦) نووسینى دەستوور (الصحیفة ، الوثیقة) .
٧) ئامادە سازیی بۆ جەنگ و جیهاد و بەرگرییکردن لە دەوڵەت .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٠٨- ٤١٧)
 

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه