 بەردەوام بوون لەسەر بنیاتنانى کۆمەڵگا و دەوڵەتى ئیسلامیی و گەشەپێدانى لە ڕووى فيكريی و ڕووحیی و کۆمەڵایەتیی و ... هتد
لە ساڵى دووەمى کۆچیدا ، واتە : دووەمین ساڵى نیشتەجێ بوونى پێغەمبەر ﷺ لە مەدینەدا ، چەند شتێک ڕوویان داوە ، کە بە ڕووداوى گەورە دادەنرێن لە مێژووى ئیسلامدا ، کە بریتین لە :
یەکەم : گۆڕدرانى قیبلە لە (بیت المقدس)ەوە بۆ (کعبة) :
دەربارەى ڕوو پێوەرسووڕانى پێغەمبەر ﷺ و موسوڵمانان لە ڕووگەى (بیت المقدس)ەوە بۆ ڕووگەى (کعبة) ، وێڕاى چەند ئایەتێکى سووڕەتى (البقرة) چەند فەرموودەیەکیش هەن ، لەوانە :
(مسلم) لە (البراء بن عاذب) – خوالێی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوەو دەڵێ : موسوڵمانان لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەى (١٦ یان ١٧) مانگ ڕووەو (بیت المقدس) نوێژیان دەکرد ، دوایی ڕوویان پێوەڕسوڕێنرا بەرەو (کعبة) .
هەروەها (ابن عمر ) – خوا لیی ڕازى بێ- دەگێڕێتەوەو دەڵێ : ( بينا الناس بقباء في صلاة الصبح اذ جاءهم آتٍ فقال ان رسول الله ﷺ قد أنزل عليه الليلة قرآن ، و قد أُمِرَ أن يستقبل الكعبة فاستقبلوها وكانت وجوههم الى الشام فاستداروا الى الكعبة) رواه البخاري و مسلم ، واتە : موسولمانان لە مزگەوتى قوبا لە نوێژى بەیانیدا بوون یەکێک هات و گوتى : ئەمشەو پێغەمبەرى خوا ﷺ قورئانى بۆ دابەزیوەو فەرمانى پێکراوە ، کە ڕوو بکاتە (کەعبە) ئێوەش ڕوو لەوێ بکەن ، ئەو کات ڕوویان لە (شام) بوو ، ئەوانیش ڕوویان لە کەعبە کرد .
دیارە جوولەکەکانى مەدینە تا ئەو کاتەش پییان خۆش بوو کە موسوڵمانان ڕوو بە (بیت المقدس) نوێژیان دەکرد ، بەڵام دواى ئەوەى ڕوویان پی وەرسووڕێنرا بەرەو (کعبة) پییان ناخۆش بوو ، بۆیە دەستیان کرد بە ڕەخنە گرتن و یەکێک لە قسەکانیان ئەوە بوو کە دەیانگوت : موحەممەد وردە وردە دەگەڕێتەوە سەر دینى باب و باپیرانى (کە هاوبەش بۆ خوا پەیدا کردنە) ئەمڕۆ قیبلەو سبەى شتێکى دیکە ، وەک خواى پەروەردگار لەو بارەوە دەفەرموێ : {سَيَقُولُ السُّفَهَاءُ مِنَ النَّاسِ مَا وَلَّاهُمْ عَن قِبْلَتِهِمُ الَّتِي كَانُوا عَلَيْهَا قُل لِّلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ (١٤٢) } البقرة ،
واتە : نەفامەکان لە خەڵکى (مەبەست لە جوولەکەکانە ) دەڵێن : چ شتێک ڕووى پێوەڕسووڕاندن لەو قبلەیەى ، کەلەسەرى بوون ، پێیان بڵێ : ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەر هی خوان ، واتە : ( خوا خاوەنى هەردووک قیبلانە) وە خوا هەرکەسێک ، کە بپیەوێ بۆ ڕێگاى ڕاست ڕێنمونیی دەکات .
لەم ڕووداوە چەند شتێکى گرنگ دەخوێندرێتەوە :
١) موسوڵمانان دەبێ( ڕووگە) قیبلەیەکیان هەبێ ، کە ڕووی تێبکەن ، وەک خواى پاک و تاک دەفەرموێ : {وَلِكُلٍّ وِجْهَةٌ هُوَ مُوَلِّيهَا... (١٤٨)} البقرة ، واتە : وە هەرکەسە ڕوویەک (ڕووگەیەک) ى هەیە ، کە ڕووى تێدەکا ، کەواتە : بۆ ئەهلى ئیمانیش دەبێ ڕووگەو جەمسەرێکیان هەبێ کە هەموویان ڕووى تێبکەن .
٢) پێغەمبەر ﷺ ئەو (١٦ یان ١٧) مانگە ، کە ڕووى لە (بیت المقدس) کردەوە حیکمەتێکى سەرنج ڕاکێشانى خاوەن کتێبەکان بووەو دواى ئەوەى کە ئەوان هەر لەسەر کەللە ڕەقیی خۆیان بەردەوام بوون ، بە فەرمانى خوا ئەو قیبلەیە گۆڕدراو هیچى دیکە لە نوێژدا ڕووەو (بیت المقدس) نوێژ نەکرا .
٣) ئەو ڕوو وەرسووڕێنرانە تاقیکردنەوەیەک بووە بۆ موسوڵمانان وەک خواى شارەزا دەفەرموێ : {...وَإِن كَانَتْ لَكَبِيرَةً إِلَّا عَلَى الَّذِينَ هَدَى اللَّهُ ... (١٤٣) } البقرة ، واتە : ئەوەیش قورس بوو ، مەگەر لەسەر ئەوانەى ، کە خوا هیدایەتى دابوون ، واتە : ئەهلى ئیمان بوون .
ئینجا لەو ڕووگە گۆڕانەشدا گومان بۆ هەندێک لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ دروست بوو ، گوتیان : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەوانەمان کە نوێژو طاعەتیان کردوەو مردوون ، لە کاتێکدا کە هەر ڕوویان لە (بیت المقدس) کردوە ! ، ئێستا حیسابیان چۆن دەبێ ؟! خواى بەبەزەیی هەر لە هەمان ئایەتدا ئەو ئیشکالە حەل دەکات و دەفەرموێ : {... وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُضِيعَ إِيمَانَكُمْ إِنَّ اللَّهَ بِالنَّاسِ لَرَءُوفٌ رَّحِيمٌ (١٤٣)} البقرة ، کە زۆربەى زانایان و توێژەرەوانى قوڕئان دەڵێن : لێرەدا مەبەست لە (إیمانکم) (صلاتکم) ە ، واتە : وە ناگونجێ خوا نوێژەکانتان بە زایە بدات ، بێگومان خوا بەرانبەر خەڵکى بەبەزەیی و میهرەبانە .
چونکە پێشتر ، کە خواى پەروەردگار فەرموویەتى : ڕوو لە (بیت المقدس) بکەن ، دیارە ئەو نوێژانەى وە بەر ئەوێ کەوتوون دروست بوون ، بەڵام لەمەودوا دروست نیە ، چونکە ئەو فەرمانەى کە ئێستا هاتووە ئەوەى پیشێی هەڵوەشاندۆتەوە .
دووەم : فەڕز کرانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان :
فەڕز کرانى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان لە ساڵى دووەمى کۆچیدا بوو بەر لە جەنگى بەدر ، وە خواى بەخشندە لەبارەى مانگى ڕەمەزان و ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان و چەند حوکمێکى کە بەو مانگەوە پەیوەستن ، دەفەرموێ : { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (١٨٣) أَيَّامًا مَّعْدُودَاتٍ... (١٨٤) } البقرة ، واتە : ئەى ئەوانەى ئیمانتان هێناوە ! ڕۆژوو گرتنتان لەسەر پێویست کراوە، وەکو چۆن لەسەر ئەوانەى پێش ئێوەش پێویست کرابوو ، بۆ ئەوەى پارێزکار بن ، چەند ڕۆژێکن ...
کەواتە : لە ئەنجامى ڕۆژوو گرتنەوە ئینسان پارێز کردن (تقوى) ى پەیدا دەبێ ، هەروەها ڕۆژوو یەکێکە لە پێنج پایەکانى موسوڵمانێتى تاکیی ، چونکە ئێمە بەهۆى ئەو پێنج پایانەوە ، کە بریتین لە : { شایەتمان و نوێژو ڕۆژوو و زەکات و حەج }دەتوانین بزانین کە ئەو ئینسانانە موسوڵمانە یان نا ، چونکە ئیمان و عەقیدە لە ( شایەتمان )دا دەردەکەوێ .
بۆیە پێویستە بزانرێ کە زانانیان دەڵێن ئیسلام پینج پایەى هەن : ( شایەتمان و نوێژو ڕۆژوو و زەکات و حەج ) ، واتە : ئەرکە تاکیی (شخصی)یەکان لە ئیسلامدا ئەو پینجەن ، ئەگەر نا ئەو پێنج ئەرکە ئیسلامییە پێنج پایەو بنەڕەتى هەموو ئیسلامەتیی نین ، بەڵکو پێنج پایەى بنەڕەتى موسوڵمانێتى تاکیی (شخصی)ين .
سێیەم : فەڕزکرانى زەکاتى سەرفترە( فطر) و زەکاتى ڕوکن :
لەماوەى ئەم ساڵەدا ( ساڵى دووەمى کۆچى) زەکاتى (فطر) و زەکاتى (رکن ) فەڕز کران ، جا ئەگەر سەرنجى قوڕئان بدەین دەبینین لە زۆر شوێندا نوێژو زەکات پێکەوە باس کراون ، هەروەها لەچەند فەرمایشتێکى پێغەمبەردا ﷺ هاتووە کە نوێژو زەکاتى بەدوو پایەى بنەڕەتى موسوڵمانەتى شەخصیی داناون .
چونکە ئینسان وەک چۆن لە ڕووح و جەستە پێک دێ ، بە هەمان شێوەش دیندارییەکەى دوو ڕووى هەن ، ڕوویەکى ڕووحیی و ڕوویەکى ماددیی ، هەروەها ئینسان پەیوەندى هەیە بە خواوەو پەیوەندیشى هەیە بە خەڵکەوە ، پەیوەندى ئینسان بەخوا لە نوێژدا دەردەکەوێ و ، پەیوەندى لەگەڵ خەڵکدا لە زەکات و بەخشینى بەشێک لە ماڵى خۆیدا دەردەکەوێ .
(عبدالله بن عمر) لەو بارەوە ئەم فەرمایشتەى پێغەمبەر ﷺ دەگێڕێتەوەو دەڵێ : { أن النبي ﷺ أمر بزكاة الفطر قبل خروج الناس الى الصلاة} رواه البخاري ، واتە : پێغەمبەر ﷺ فەرمانى کرد بە زەکاتى ( فطر) پێش چوونى موسوڵمانان بۆ نوێژى جەژن ، هەروەها ( قیس بن سعد بن عبادة)ش – خوا لێی ڕازى بێ- لەو بارەوە دەڵێ : { أمرنا رسول الله ﷺ بصدقة الفطر قبل ان تنزل الزكاة ثم نزلت الزكاة فلم يأمرنا و لم ينهنا و نحن و نفعله } رواه ابو داود ، واتە : پێغەمبەر ﷺ فەرمانى پێ کردین بە زەکاتى (فطر) پیش ئەوەى زەکاتى ڕوکن پێویست بێ ، بەڵام دواى ئەوەى زەکات پێویست کرا ، پێغەمبەر ﷺ نە فەرمانى پێکردین بە زەکاتى (فطر)و نەڕێگریشى لێکردین، وە ئێمە زەکاتى (فطر)یشمان هەر دەدا .
هەروەها زۆربەى زانایان ڕایان وایە ، کە ساڵى دووەمى کۆچى لە مەدینە زەکات فەڕز کراوە ، کەواتە تا ساڵى دووەمى کۆچى هەریەک لە : ( شایەتمان و نوێژوو ڕۆژوو و زەکات ) پیویست کراون و تەنیا حەج ماوەتەوە ، لەسەر ڕاى زۆربەى زانایان حەجیش لە ساڵى دەیەمى کۆچیدا پێویست کراوە ، چونکە پێغەمبەر ﷺ ئەو کاتە بۆى لواوە کە حەج بکات ، وە خواى پەروەردگار کە زۆر حەکیم و کاربەجێ یە ئەرکێک ناخاتە سەر موسوڵمانان و لەسەریان پێویست ناکا ، کە تواناى جێ بەجێ کردنییان نەبێ و هەلومەرجى جێ بەجێ کردنى نەڕەخسابێ ، هەر بۆیەش حەجى لەسەر پێویست نەکردوون ، لە کاتێکدا کە شارى مەککە لەبەر دەستى کافرو موشریکەکاندا بووەو نەگونجاوە پیی بگەن .
چوارەم : نوێژى جەژنەکان :
هەر لە ساڵى دووەمى کۆچیدا نوێژى جەژنەکان بۆ موسوڵمانان دانراون و زۆر لە زانایان نوێژى جەژنەکانى قوربان و ڕەمەزان بە پێویست دەزانن ، جا هەندێکیان بە پێویستی خودیی (فرض العین) ، وە زۆریشیان بە پێویستى بریکارى( فرض الکفایة) یان دەزانن ، وە بەشێکیش بە سوننەتیان دادەنێن ، بۆیە کە دەگوترێ : نوێژى جەژنەکان سوننەتن ، وەنەبێ قسەى هەموو زانایان بێ ، بەڵکو زۆربەیان بەپێویست (فرض)یان دەزانن ، بەلاى کەمەوە (فرض الکفایة) .
(جابر بن عبدالله) لەم بارەوە دەڵێ : { شهدت مع النبي صلى الله عليه وسلم يوم العيد . فبدأ بالصلاة قبل الخطبة ، بلا أذان ولا إقامة . ثم قام متوكئا على بلال ، فأمر بلال ، فأمر بتقوى الله وحث على طاعته ، ووعظ الناس وذكرهم ثم مضى، حتى أتى النساء فوعظهن وذكرهن } رواه مسلم ،
واتە : من لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا ﷺ نوێژى جەژنم کرد ، سەرەتا نوێژى کرد پێش ئەوەى کە ووتار بدات ، بەبێ بانگ و قامەت خوێندن ، دوایی هەستاو شانى خستە سەر بیلال و وتاریدا ، فەرمانى کرد بە پارێز کردن لە خواو هانى موسوڵمانانیدا ، کە فەرمانبەریی خوا بکەن ، وە ئامۆژگارى خەڵکیی کردو ڕاستییەکانى بیر خستنەوە ، ئینجا دوایی چوو بۆ لاى ئافرەتەکان و ئامۆژگاریی کردن و ڕاستییەکانى ئیسلامی بیر ئەوانیش هێنایەوە ...
شایانى باسیشە پێغەمبەر ﷺ نوێژەکانى جەژنى لە مزگەوتدا نەکردون ، بەڵکو لە نوێژگە (مُصَلَّى ) و دەشت و بیابان و دەرەوەى مەدینە کردوونى ، وە فەرمانى کردوە کە ئافرەتانیش بێن و تەنانەت ئافرەتانى بێ نوێژیش ، بەڵام ئەوان نوێژ نەکەن و کەنار بگرن و تەنها گوێ لە قسەى خێرو ئامۆژگارییەکان بگرن ، چونکە بێ نوێژیی ڕێگا لە نوێژ کردن دەگرێ ، جا باباى بێ نوێژ چ پیاو بێ ، چ ئافرەت .
پێنجەم : بوونى عائیشە بە هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ:
لە مانگى شەووالى ساڵى یەکەمى کۆچیدا (عائیشة)ى کچى (أبو بکر) خوا لێیان ڕازى بێت ، بوو بە هاوسەرى پێغەمبەر ﷺ ، کە ئەو کات (عائشة) کچێکى تازە پیگەیشتوو بوو و پێغەمبەریش ﷺ تەمەنى (٥٤) ساڵ بوو .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٤٤٩-٤٥٥)
|