بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 بەندەکانى پەیمانى دووەمى (عقبة)
24/09/2019
بینین: 1174

(جابر بن عبدالله) ، کە یەکێکە لەوانەى کە لەو پەیمانەدا بەشدار بووە ، دەڵێ : گوتمان ئێمە هەتا کەى بهێڵین پێغەمبەرى خوا ﷺ لە شاخەکانى مەککە دەربکرێت ، وە بترسێنرێت ، دەبێ بچین بیهێنین و لە شارى خۆمان لە خزمەتیدا بین .
(جابر) دەڵێت : بۆیە لەمەوسمى حەجدا حەفتا کەس ڕۆیشتین بۆ مەککە بەڵێنمان پێداو شوێنمان دیاری کرد ، لە شیوەکانى (عقبة) یەک یەک و دوو دوو چووین بۆ ئەوێ هەتا هەموومان کۆ بووینەوە ، وە بە پێغەمبەرمان ﷺ گوت : ئەى پێغەمبەرى خوا ﷺ لەسەر چى پەیمانت پێ بدەین ؟! 
ئەویش فەرمووى : { تبايعوني على السمع والطاعة في النشاط والكسل، وعلى النفقة في العسر واليسر ، وعلى الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر ، و أن تقولوا في الله لا ن في الله لومة لائم ، وعلى أن تنصروني فتمنعوني إذا قَدِمْتُ مما تمنعون منه أنفسكم وأزواجكم وأبناءكم، ولكم الجنة } ، کەواتە : بەندەکانى پەیماننامەى دووەمى (عقبة) ، بەم شێوەیە بوون : 
پێغەمبەر ﷺ پێی فەرموون :
١)گوێم بۆ بگرن و فەرمان بەرییم بۆ بکەن ، لەکاتى پێ خۆش بوون و پێ ناخۆش بووندا ، یان لە کاتێکدا ، کە لە قەلبتان خۆشەو لەکاتێکدا ، کە لە سەر شانتان قورسە .
٢) ماڵی خۆتان ببەخشن لە کاتى سەخڵەتیی و ئاساییدا ( لەکاتى گرانى و هەرزانیدا) .
٣) فەرمان بە چاکە بکەن و ڕێ لە خراپە بگرن .
٤) قسەى حەق بکەن لەبەر خاترى خوا ، وە لە حەق گوتن نەسڵەمێنەوەو گوێ نەدەنە لۆمەى لۆمەکاران .
٥) پشتم بگرن و بەرگرییم لێ بکەن و سەرم بخەن ، دواى ئەوەى کە دێمە لاتان بۆ شارى (یثرب) وە بمپارێزن لە شتێک ، کە خۆتان و ماڵ و خێزان و منداڵەکانتانى لێ دەپارێزن ، لە بەرامبەریشدا بەهەشتتان هەیە .
(جابر) دەڵێ : دواى تەواو بوونى فەرمایشتەکانى ئێمەش هەڵساین و پەیمانمان پێدا ، وە پەیمانى لە ئافرەتەکانیش وەرگرت ، بەڵام پێغەمبەر ﷺ دەستى نەخستە نێو دەستى ئافرەتەکانەوە ، بەڵکو پاش ئەوەى پەیمانمان پێدا فەرمووى { إذهَبْنَ فقد بايَعْتكُنَّ } ، واتە : بڕۆن ئەوە پەیمانم لێتان وە رگرت .
بەڵێ بەڕێزان !
بەم شێوەیە پێغەمبەر ﷺ بەوەى ، کە لە توانایدا هەبووە ، بە ئەرکى خۆى هەڵساوە ، وە خواى پەروەردگاریش بەڵێنى خۆى بۆ هێناوەتە دى ، کە دەفەرموێ :  { وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ (٦٩)}العنكبوت  ، واتە : وە ئەوانەى لەڕێی ئێمەدا خۆیان ماندوو دەکەن و تێدەکۆشن ، ئێمە ڕێیەکانى خۆمانیان پیشان دەدەین ، وە بێگومان خوا لەگەڵ چاکەکاراندایە ، لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین خواى بەبەزەیی نەیفەرمووە : ( سبیلنا ) بەڵکو بە کۆ هێناویەتى : (سُبُلَنا ) ڕێگەکانمان ، چونکە ئینسان کاتێک کار  بۆ ئیسلام دەکات ، بۆ هەر جۆرە ئیشێک پێویستى بەجۆرە ڕێیەکى ڕاست هەیەو دەبێ خواى کاربەجێ هەموو ڕێیەکانى پیشان بدات ، چونکە هەر قسەو ڕەفتاو هەڵوێستێک پێویستى بە ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەى نیشانەى تێدا بپێکێ و ئامانجى تێدا وەدەست بێنێ، ئاشکراشە مەبەستى پێغەمبەر ﷺ لە بینینى نوێنەرانى شارىى (یثرب) و قسە بۆ کردنیان و ناردنەوەیان بۆ ئەوێ ، دوایی موسوڵمان بوونیان ، ئەوە بوو کە ویستوویەتى پیگەو جێگەیەک فەڕاهەم بێنێ ، کە بگونجێت و ببێتە بناغە وە دروست بوونى کیان و قەوارەى ئیسلامى و (یثرب)ى بەشوێنێکى گونجاو زانیوە ، بەڵام دواى ئەوەى کە نوێنەرانى ئەوێ ئیمانیان پێ هێناوەو پەیمانیان پێداوە .
کەواتە : لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ ، کە بناغەى دروست بوونى دەوڵەت و کیان و قەوارەى ئیسلامى بریتیە لە تێگەیاندنى خەڵک و پێگەیاندنیان و دروست بوونى ئیمانى ڕاستەقینە لە دڵ و دەروونى خەڵکدا و قەناعەت هێنانیان و پەیمان لێ وەرگرتنیان ، نەک بە هێز و زەبرو زۆر و توندو تیژى بویسترێ ئیسلام بسەپێنرێ بەسەر خەڵکیدا ، وە ئەوانەى وا بیر دەکەنەوە کە دەگونجێ دەوڵەتى ئیسلامى بە فەڕز کردن و بە زەبرو زۆر بنیات بنرێ ، ئەوە لە ئیسلام حاڵی نەبوون ، وە پێغەمبەر ﷺ دەوڵەتى ئیسلامى دامەزراندووە بێ ئەوەى یەک دڵۆپە خوێن بڕژێنێ ، بەڵکو خەڵکى تێگەیاندووەو پێگەیاندووەو ئیسلامى بۆ ڕوون کردوونەوەو ئیمانیان پی هێناوە ، دوایی لەسەر شانى ئەو خەڵک و بنکە جەماوەرییە ، کیان و دەوڵەتى ئیسلامى بنیات ناوە . 
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٣٦٧-٣٦٩)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه