بەخێربێن بۆ پێگەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)
لە ژيانى پێغەمبەر (ﷺ) فيربووم : سەركردەى لێهاتوو شوێن كەوتوو بەرهەم ناهێنێت ، بەڵكو سەركردەى وەك خۆى دروست دەكات .
چه‌ند وته‌یه‌كی جوان: 1ـ ئارامی‌ عیباده‌تێكه‌ به‌بێ‌ زه‌حمه‌ت ، هه‌یبه‌تيكه‌ به‌بێ‌ قودره‌ت ، قه‌ڵایه‌كه‌ به‌بێ قه‌ڵغان ، سه‌ركه‌وتنێكه‌ به‌بێ‌ چه‌ك. 2ـ ماڵێك كه‌ هیچ كات وێران نابێت عه‌داله‌ته‌. 3ـ نه‌خۆشیه‌ك ده‌رمانی‌ نییه‌ بێ ئه‌قڵیه.‌ 4ـ شیرینیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆرێت به‌ تاڵی‌ هه‌واو ئاره‌زوویه‌. ‌5ـ تاڵیه‌ك دوایی‌ ده‌گۆريت به‌شیرینی‌ صه‌بر و ئارام گرتنه‌. 6ـ ئه‌گه‌ر پشووی‌ لاشه‌ به‌كه‌می‌ خۆراكه‌ ئه‌وا پشووی‌ دڵ و ده‌روونیش به‌كه‌می‌ گوناهه.‌
پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرمان بێت كه‌ تاوه‌كو زستان ساردو سه‌ختتر بێت ئه‌وا به‌هاری رازاوه‌ترو جوانتر دێته‌ پىش چاو.
علی كوری به‌بو تالیب (ره‌زای خوای لى بێت) ده‌فه‌رموێت: دونیا وه‌كو مار وایه‌، رواڵه‌تی بریقه‌داره‌و ناخی هه‌ڵگری ژه‌هرێكی ترسناكه‌، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ گه‌مژه‌یه‌و ناحاڵیه‌، ئه‌وه‌ی لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ خاوه‌نی ژیریه‌.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە شاری مەدینە
 بنەماکانى کۆمەڵگاو دەوڵەتى ئیسلامیی
17/11/2019
بینین: 1291


دروست کردنى مزگەوت :
پێغەمبەر ﷺ سەرەتا مزگەوتى (قباء) ى دروست کرد ، دوایی مزگەوتى خۆى لەنێو شارى مەدینەدا دروست کرد ، لەو بارەوە (ابن هشام) دەڵێ : دوایی پێغەمبەر ﷺ لەماڵى (أبو أیوب) مایەوە ،تا مزگەوتەکەى بینا کرا ، وە جێگەو ڕێگاش بۆ وى سازکرا ، ئینجا پێغەمبەر ﷺ کەلوپەلەکانى خۆى گواستەوە بۆ ئەوێ ، شایانى باس کردنە پێغەمبەر ﷺ خۆی وەک موسوڵمانانى دیکە ئیشى لە دروست کردنى مزگەوتدا دەکرد ، نەک وەکو بەرپرس و دەسەڵاتدارانى ئێستا ، کە دەیانبینین تۆزێک چیمەنتۆیان بۆ لە کاسەیەک دەکەن و ئەوانیش کەمێکى لێ ڕۆ دەکەن ،دوایش لەکاتى تەواو بوونیداو بۆ جاڕدانى تەواو بوونى بە مەقەستێک شریتى کردنەوەى بیناو پرۆژەکە دەبڕن و بێ ماندوو بوون خۆیان دەکەن بە دروست کەرى شتەکە ، بەڵکو پێغەمبەر ﷺ وەکو کرێکارێک ئیشى کردووەو بگرە جارى واش بووە لە هاوەڵانى زیاتر خۆى ماندوو کردووە ، چونکە ئەو وەکو عیبادەت ئەو کارەى کردووە ، نەک وەکو سەرنج ڕاکێشان و پێش خەڵک و دونیا ، خواو قیامەتى بینیوە .
(ابن هشام ) دەڵێ : موسوڵمانان لەکاتى ئیش کردنیاندا لە بینا کردنى مزگەوت جار جار هەندێک شیعریان پێکەوە دەگوتەوە ، بۆ وێنە یەکێک لەو شیعرانە ئەوە بوو ، کە دەیانگوت : 
لا عیش إلا عیـــــش الآخــــــرة 
اللهم ارحم الأنصار و المهاجرة 
واتە : ژیان نیە جگە لە ژیانى دواڕۆژ ( یانى ژیانى دوا ڕۆژ ڕاستەقینەیە ، ئەگەر نا ژیانى دونیا کەمێکەو دێ و دەڕوا ) خوایە بەزەییت بێتەوە بە پشتیوانان و کۆچکەراندا .
هەروەها (علی بن أبی طالب) یش خوا لێی ڕازى بێ دەیگوت : 
لا یستوی من یعمر المساجد 
یدأب فیه قائــما و قاعــــــدا 
و من یرى عن الغبار حائدا 
واتە : وەکو یەک نین ئەوانەى،  ئیش لە دروست کردنى ماڵى خوادا دەکەن بە پیوەو بە دانیشتنەوە ، لەگەڵ کەسانێک ، کە ئیشى تێدا ناکەن و خۆیان لە تۆزو خۆڵ دەپارێزن . 
جائەوەى کە دەمەوێ لێرەدا هەڵوەستەیەکى کورتى لەبەردا بکەم ئەوەیە کە ئەو مزگەوتە زۆر بە سادەیی بینا کراوە ، بەڵام بابزانین ئەو کاتە مزگەوت چ دەورێکى بینیوە ؟
مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ پێش هەموو شتێک شوێنى نوێژ و قورئان خوێندن بووە ، قورئان خوێندن بەو مانایە ، کە لێی فێر ببن و لێی تێبگەن ، هەروەها پێغەمبەر ﷺ ووتارەکانى زۆریان بریتی بوون لە قورئان ، بۆ وێنە یەکێک لە هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ دەڵێ : من سووڕەتى (ق)م لە دەمى پێغەمبەر ﷺ وەرگرتووە لەکاتى ووتارەکانیدا ، وەک لە (صحیح البخارى)دا هاتووە . 
هەروەها مزگەوت شوێنى کۆبوونەوەو یەکتر بینینى موسوڵمانان و ئاڕاستە کردنى موسوڵمانان بووە ، هەروەها لە مزگەوتدا زانستى شەرعیی و چەندان جۆرە زانیارى دی وەرگیراون ، نەک هەر لە سەردەمى پێغەمبەر ﷺ دا ، بەڵکو لەدواى ئەویش هەر وابووە ، وە مزگەوت جێگاى حەوانەوەى لێقەوماوان بوو ، شوێنێک هەبوو لە نێو مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ (صُفة) یان پێ گوتوە ، کە سەقفى هەبووەو ئەو هاوەڵە بەڕێزانەى پێغەمبەر ﷺ ، کە باڵغ و زگورتى بوون بە تایبەت لە کۆچکەران ، هەموویان لەوێ بوون ، ئەوانە بۆ کاتى جەنگ و جیهاد ئامادە بوون بەڵام دوایی بۆحەوانەوەو ئیسڕاحەت چوونە ئەوێ ، چونکە ماڵ و حاڵیان نەبووە ، لە مزگەوتدا کاروبارى جەنگیی و ئامادە کردنى سوپا ئەنجام دراوە ، هەروەها مزگەوت مەڵبەندێکى ڕووحى و فیکریی و عیلمیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ...... هەمە لایەنە بووە ، وە مزگەوت شوێنى قەزاوەت و دادگایی بووە .
مزگەوتى پێغەمبەر ﷺ بەو شێوەیە بووە ، وە بێگومان ئەوە مزگەوتى ڕاستەقینەیە ، بۆیە ئێستا کە دەگوترێ مزگەوت تەنیا جیی عیبادەتەو نابێ سیاسەتى تێدا ئەنجام بدرێ ، ئەوانە لە ماناى  عیبادەت و سیاسەت حاڵى نەبوون ، ئەگەر نا سیاسەتى ئیسلامیش و ئەو شتانەى دیکەش کە باسم کردن ، هەموویان عیبادەتن و ئیسلام دینێکى گشتگیرە و هەموو لایەنەکانى ژیان دەگرێتەوە ، کەواتە لێرەدا گرنگى مزگەوت لەدەوڵەتى ئیسلامیی و کۆمەڵگاى ئیسلامییدا دەردەکەوێ کە پێغەمبەر ﷺ ئاوا بایەخى پێ داوە.

برایەتى بەرپاکردن لە نێوان کۆچکەران و پشتیواناندا :
(ابن هشام) بۆمان باسى ئەو برایەتییە دەکات و دەڵێ :  (وآخى رسول الله ﷺ بين أصحابه من المهاجرين والأنصار ، فقال - فيما بلغنا ، ونعوذ بالله أن نقول عليه ما لم يقل - : تآخوا في الله أخوين أخوين) واتە : پێغەمبەر ﷺ برایەتى بڕیاردا لەنێوان هاوەڵانیدا لە کۆچکەران و پشتیوانان ، بەو پێیەى کە پێمان گەیشتووە ، وە پەنا دەگرین بەخوا شتێک بڵێین پێغەمبەر ﷺ نەیفەرمووبێ ، فەرمووی :  ( برایەتى بکەن لەپیناو خوادا دوو دوو ببنە براى یەکدى ) .
لێرەدا لەوانەیە پرسیار بکرێ : مەگەر خواى زانان نافەرموێ : {إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ... (١٠) } الحجرات ، بێگومان تەنیا بڕواداران براى یەکدین ، پیاوانیان براى یەکدین ، وە پیاوان و ئافرەتان خوشک و براى یەکدین ، وە ئافرەتانیش خوشکى یەکدین ، چونکە ووشەى (إخوة) هەرسێ چەمک و ماناکە لەخۆى دەگرێ ، بەبەڵگەى ئەو ئایەتەى سووڕەتى (النساء) ، کە دەفەرمووێ :  {...وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْن... (١٧٦)} واتە ، ئەگەر (إخوة) بوون پیاوان و ئافرەتان ئەوا بۆ پیاوان هەیە ، دوو ئەوەندەى کە بۆ ئافرەتان هەیە ( لە میرات).
بەڵێ هەرچەندە موسوڵمانان بەهۆى ئیمانەوە هەموویان براى یەکترن بەڵام ئەو برایەتییەى پێغەمبەر ﷺ لە نێوان (کۆچکەران و پشتیوانان)دا دروستى کرد برایەتییەکى تایبەتى بوو ، کە میراتیان لە یەکدى گرتووەو لەبەر ئەوەش ئەو کاتە پێغەمبەر ﷺ ئەو برایەتییەى بڕیاردا ، چونکە کۆچکەران هیچیان نەبووە ، هەندێک لە کۆچکەران تەنیا خێزان و منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردبوو ، بەڵکو هی وا هەبوو تەنانەت خێزانەکەشى لەگەڵیدا نەچووبوو ، بۆ وێنە : عومەر – خوا لێی ڕازى بێ- دوو خێزانى هەبوون ، هەردووکیان کافر بوون ، هیچیان لەگەڵى نەهاتوون بۆ مەدینە ، هەروەها (عبدالرحمن بن عوف) کە خێزانەکەى لەگەڵى نەهاتوەو .... هتد .
 بۆیە پێویستییان زۆر بە هاوکاریى و چاکە لەگەڵدا کردن هەبووە ، وە بۆ ماوەیەکى دیاریکراوو کورت ئەو تایبەتمەندییە لەو برایەتییەدا هەبووە ، دوایی خواى کاربەجێ ئەو برایەتییەى کە بۆ ئەو ماوە دیاریکراوە بڕیار درابوو ، هەڵدەوەشێنێتەوە ، وەک دەفەرموێ : {النَّبِيُّ أَوْلَى بِالْمُؤْمِنِينَ مِنْ أَنْفُسِهِمْ وَأَزْوَاجُهُ أُمَّهَاتُهُمْ وَأُولُو الْأَرْحَامِ بَعْضُهُمْ أَوْلَى بِبَعْضٍ فِي كِتَابِ اللَّهِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ إِلَّا أَنْ تَفْعَلُوا إِلَى أَوْلِيَائِكُمْ مَعْرُوفًا كَانَ ذَلِكَ فِي الْكِتَابِ مَسْطُورًا (٦)} الأحزاب ، واتە : پێغەمبەر ﷺ لە نەفسیان لەپێشترە بۆ ئیمانداران (یانى با لە خۆیانیان خۆشتر بوێ) ، وە هاوسەرانى پێغەمبەریش ﷺ دایکیانن (دایکى ئیماندارانن) ، وە خزکام هەندێکیان بە هەندێکیان خاوەن حەقترن ، لە ئیمانداران و لە کۆچکەران لە کتێبى خوادا مەگەر کەسێک بیەوێ لەگەڵ دۆستەکانى خۆیدا چاکە بکا ، ئائەو حوکم و بڕیارە پێشتر لە کتێبدا تۆمار کرابوو .
کەواتە : ئەو جۆرە برایەتییەى پێشێ بۆ قۆناغێکى کت و پڕ بووە ، کە هاتۆتە پێش موسوڵمانان ، بۆیە پیویستى بە چارەسەرێکى کت و پڕیش کردووە .
________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ /  مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە  / (٤٠٣ - ٤٠٧)

زیاتر

1
Copyright. All Rights Reserved.
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پارێزراوه بۆ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا،
هه‌رکه‌سێک بابه‌ته‌کان کۆپی بکات پێویسته ئاماژه به‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بکات که‌ پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایه