 هەڵوێستى کافران و ڕێگرییان لە کۆچ کردنى موسوڵمانان بۆ (یثرب)
لەبەر ئەوەى کەسانى دەم ڕاست و زلەزلەکانى مەککە زانیویانە ئەو کۆچ کردنەى موسوڵمانان بۆ شاری (یثرب) بەبەرنامەیەکى تۆکمەو داڕێژراو بووە و تەنیا بریتى نەبووە لە ڕاکردن و خۆ دەربازکردن ، وە زانیویانە کە ئەو کارە نەخشەیەکى سیاسى لەپشتەوەیەو شتى لەسەر بینا دەکرێ و ، سەرەنجام ئەوەى لە مەککە بۆیان نەکراوە لە (یثرب) دەیکەن و هێز و پێز بنیات دەنێن ، بۆیە بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە کە ڕێ لەو کۆچ کردنە بگرن و نەهێڵن خەڵکە موسوڵمانەکە مەککە بەجێ بێڵن ، بۆ ئەو مەبەستەش چەند شێوازێکیان بەکار هێناوە ، لەوانە :
یەکەم: ڕێ لێگرتن :
وەکو لە بەسەرهاتى (أم سلمة) و (أبو سلمة) دا دەبینرێ ، کە ژن و مێردێک بوون – خوا لێیان ڕازى بێ – وەک (أم سلمة) بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێ : کاتێک (أبو سلمة) ویستى کۆچ بکا ، حوشترەکەى هێناو منى خستە سەرى و ڕێشمەى حوشترەکەى گرت و وبیستى بکەوێتە ڕێ بەرەو (یثرب) ، کاتێک کە خزمەکانم (بنی مخزوم) هەستیان پێ کرد ، هاتنە سەر ڕێگاى و پێیان گوت : ئەگەر خۆت دەڕۆى ئەوە دەسەڵاتى تۆمان نیە ، بەڵام ئەو ئافرەتە هی ئێمەیەو قبوڵ ناکەین لەگەڵت بێت ، منیان بردەوە لاى خۆیان ، (بنو عبدالأسد) یش ، کە خزمانى (أبو سلمة) بوون ، گوتیان : مادام ئێوە ئافرەتەکەى لەگەڵ ئیزن نادەن و لێی دەستێننەوە ، ئێمەش ناهێڵین کوڕەکەمان لەلاى ئەو ئافرەتە بێ و ئەوانیش کوڕەکەیان ڕاکێشا ، بەجۆرێک خزمەکانى من و خزمەکانى (أبو سلمة) هەر یەک لەلایەکەوە سەلەمەیان ڕادەکێشا تاکو قۆڵى (سلمة) لەجێ چوو ، وە لەکۆتاییدا من لەلاى خزمەکانم حەپس کرام ، سەلەمەى کوڕیشم لەلاى خزمەکانى (أبو سلمة) مایەوە ، وە (أبو سلمة)ش کۆچی کرد بۆ (یثرب)، وە نزیکەى ساڵێک من بەو شێوەیە مامەوەو زۆر دەگریام ، ( کە ئاوا بێ کوڕو مێرد ماوەتەوەو هەریەکەیان لە شوێنێکەو ئاگای لێیان نیەو خۆشى وەک دیل هێڵراوەتەوەو ناهێڵن کۆچ بکات ) تاکو خزمەکانى خۆم بەزەییان پێدا هاتمەوەو گوتیان : با واز لەو ئافرەتە بێنین ، کەلە کوڕو مێردمان کردووە ، ئینجا وازیان لێ هێنام و ڕێگایاندا کە بڕۆم و لە ئەنجامى ئەوەدا خزمەکانى (أبو سلمة)ش کوڕەکەیان دامەوە ، دوایی خزمەکانم وڵاخێکیان دامێ و منیش لەگەڵ کوڕەکەم ملى ڕێم گرت بەرەو (یثرب) تاکو (تنعیم) چووم ، لەوێ (عثمان بن طلعة) م بینى ، کە تا ئەو کاتەش موسوڵمان نەبوو بوو .
گوتى : ئەوە بۆ کوێ دەچى ؟
گوتم : دەچم بۆ (یثرب) .
گوتى : کەست لەگەڵە ؟!
گوتم : نەخێر کەسم لەگەڵ نیە .
گوتى : ئەوە ناجوامێرییە ، کە تۆ بە تەنیا بچى ، بۆیە لەگەڵم هات هەتا گەیاندمیە ئەوێ (یثرب) ، وە لەنێو عارەباندا پیاوى هێندە بەشەرم و بە ئەدەب و جوامێرم نەدیبوو ، لە پێشمەوە دەڕۆیشت ، دواى ئەوەى کە دەیزانى ماندوو بووم یان پێویستم بە دابەزین هەیە ، وڵاخەکەى بۆ یەخ دەدام و دادەبەزیم بۆخۆشى دەچوو بۆ شوێنێکى دوور، وە دەیگوت ئەگەر ئیشت تەواو بوو یان ئیسراحەتت کردو حەسایەوە بانگم بکە ، دوایی دەهاتەوەو سوارى وڵاخەکە دەبوومەوەو دەکەوتەوە پێشم ، بەو شێوەیە تا گەیشتینە نزیک شارى (یثرب) گوتى : ئەوە (یثرب)ەو ئەو لەوێوە گەڕایەوە بۆ مەککە و منیش چوومە نێو شار .
دووەم : ڕفاندن :
یەکێکى دیکە لەشێوازەکانى موشریکەکان بۆ ڕێگرتن لە کۆچ کردنى موسوڵمانەکان ، بریتی بوو لە ڕفاندن ، واتە : دواى ئەوەى کە کابرا کۆچى کردووە بۆ یثرب و گەیشتۆتە ئەوێ لەوێڕا بیهێننەوە ، بۆ وێنە : بەسەرهاتى (عیاش بن أبی ربیعة) ، کە کوڕە مامى (أبو جهل) و (الحارث بن هشام) بووەو براى دایکیشیان بووە ، (ابن هشام) دەگێڕێتەوە ، کە (عمر بن خطاب) – خوالێی ڕازى بێ- گوتوویەتى : من و (عیاش بن أبی ربیعة) لەگەڵ (هشام بن العاص) هەرسێکمان بڕیارماندا ، کەبەیەکەوە کۆچ بکەین ، شوێنێکمان دیارى کرد ، کەلەوێ یەکدى ببینینەوە ، من و (عیاش) گەیشتینە ئەوێ زۆر چاوەڕێی هشاممان کرد بەڵام نەهات ، زانیمان کە گیراوە ، بۆیە ئێمە ڕۆیشتین ، دواى ئەوەى چووینە یثرب و چەند ڕۆژێکى پێ چوو ، (أبو جهل) و (الحارث بن هشام) هاتن و بە (عیاش)یان گوت لەبەر ئەوەى کە تۆ دایکت بەجێ هێشتووە سوێندى خواردووە ، کە نەسەرى دابێنێ و نەخۆى بشواو ، نە بچێتە بەر سێبەریش ، تا نەتبینێتەوە ، (عیاش)یش بەزەیی پێدا هاتەوە.
(عمر) دەڵێ: منیش گوتم : (عیاش) ئاگات لە خۆت بێ! ئەوە قەومەکەت دەیانەوێ لە دین هەڵت بگێڕنەوە ، بەخوا ئەگەر دایکت سەرى بخورێ و ئەسپێی تێ بکەوێ ، گوێ ناداتێ ، سەریشى دەشواو شانەشى دەکات و ئەگەر گەرماى مەککەش تینى بۆ بێنێ ، دەچێتە بەر سێبەریش .
ئەویش گوتى : ئاخر هەر دەبێ بچم ، چونکە هەندێک ماڵ و سامانم لەوێیە نەم هێناوە ...
منیش پێم گوت : (عیاش) ! من یەکێکم لە دەوڵەمەندەکانى قوڕەیش ، نیوەى ماڵەکەم بۆتۆ ! بەڵام لەگەڵیان مەچۆوە .
گوتى: هەر ئەبێ بچم .
گوتم : مادام هەر دەچى ، با ئەو حوشترەت وێ بدەم ، حوشترێکە زۆر بەغارو چاکە ، ئەگەر زانیت فێڵەو لێیان کەوتیە گومان ، سوارى بەو خۆت دەرباز بکە .
ئیدى (عیاش) لەگەڵیان دەچێ و بەر لەوەى بگەنە مەککە ، (أبو جهل) پێی دەڵێ : ئەى برازا ! ئەو حوشترەى من سوار بوونى زۆر ناخۆشە تۆزێک لەو حوشترەى تۆ لەدواى خۆتەوە سوارم ناکەى ؟
(عیاش) دەڵێ : بەڵێ و (أبو جهل) لە پشتیەوە سوار دەبێ ، دوایی بەهەردوکیان (عیاش) دەگرن و دەیهێننە خوارێ و دەست و پێی دەبەستن و دەیبەن لە مەککە حەپسى دەکەن .
عومەریش – خوا لێی ڕازى بێ- حوشترەکەشى لە قیس چوو ، بەڵام دوایی (الولید بن الولید بن المغیرة) بەفەرمانى پێغەمبەر ﷺ دواى ئەوەى دەفەرموێ : { من لي بِعياش بن أبي ربيعة ، و هشام بن العاص} ؟! وە وەلیدیش دەڵێ: من ، لە (یثرب)ەوە دەچێت بۆ مەککە ، بۆئەوەى (عیاش) و (هشام بن العاص) دەرباز بکات و بەنهێنى دەچێ شوێنەکەیان دەبینێتەوە ، کە تەماشا دەکات بە زنجیر بەستویاننەوە ، بەڵام بە شمشێرەکەى زنجیرەکە دەپسێنێو دەربازیان دەکات .
کەواتە یەکى دى لە شێوازەکانى موشریکەکان بۆ ڕێگرتن لە کۆچى هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ بریتى بوو لە ڕفاندن (إختطاف) .
سێ یەم : بەند کردن :
یەکێکى دیکە لەشێوازەکانى ڕێگریی کردن لە کۆچى موسوڵمانەکان بۆ (یثرب) بریتى بووە لە (حەپس ) کردن ، واتە هەر لەمەککە زیندانییان دەکردن و نەیاندەهێشت کۆچ بکەن ، بۆ وێنە : بەسەرهاتى (هشام بن العاص بن وائل السهمی) – خوا لێی ڕازى بێ- کە یەکێک بووە لەو سێیانەى بڕیاریاندا کە بەیەکەوە کۆچ بکەن .
(هشام) هەر لە مەککەدا حەپس دەکرێ و ناتوانێ کۆچ بکات ، هەواڵ بە عومەر – خوا لێی ڕازى بێ – دەگات ، کە هشام زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدرێ و گوایە هەڵگەڕابێتەوە ، بۆیە چەند ئایەتێکى لە سووڕەتى (الزمر) بۆ دەنێرێ ، دیارە ئەو ئایەتانەش زۆر ئومێد بەخشن و لە ئوێد بەخشترین ئایەتەکانى خواى پەروەردگارن بۆ تاوانباران ، وەک فەرموویەتى : { قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ (٥٣) وَأَنِيبُوا إِلَى رَبِّكُمْ وَأَسْلِمُوا لَهُ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ الْعَذَابُ ثُمَّ لَا تُنْصَرُونَ (٥٤) وَاتَّبِعُوا أَحْسَنَ مَا أُنْزِلَ إِلَيْكُمْ مِنْ رَبِّكُمْ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ الْعَذَابُ بَغْتَةً وَأَنْتُمْ لَا تَشْعُرُونَ (٥٥) } الزمر ، واتە : ( ئەى موحەممەد بانگى بەندەکانم بکە ) بڵێ : ئەى بەندەکانم ، کە دەرحەق بە خۆتان زیادە ڕەویتان کردووە ، لە ڕەحمەت و بەزەیی خوا نائومێد مەبن ، خوا لەهەموو گوناهەکان دەبوورێ ، وە بگەڕێنەوە لاى پەروەردگارتان و بۆى ملکەچ بن بەر لەوەى سزاتان بۆ بێ و پشتتان نەگیرێ ، وە بکەونە شوێن چاکترین شتێک ، کە لە پەروەردگارتانەوە بۆتان نێرراوەتە خوار ، بەر لەوەى کت و پڕ و بێ ئەوەى هەست بکەن سزا (ئازار)تان بۆ بێ .
عومەر دەڵێ: ئەو سێ ئایەتەم لەسەر چەرمێک بەدەستى خۆم نووسى و ناردم بۆ (هشام بن العاص) ، (هشام)یش دەڵێ: کە ئەو نامەیەم بەدەست گەیشت ، هەرچەندە دەمخوێندەوە تێیان نەدەگەیشتم ، دوایی چوومە شوێنێک و گوتم خوایە ئەو ئایەتانەم لێ حاڵی بکە ، دوایی خواى بەبەزەیی دڵی ڕۆشن کردمەوەو حاڵى بووم ، کە ئەوە ڕێگا کردنەوەیە بۆ من ، کە ئەگەر تووشى هەڵەو کەم و کوڕییەکیش بووبم ، خوا دەرگاى تەوبەى کراوەیە ، بۆیە سوارى وڵاخەکەم بووم و بەڕێکەوتم بۆ (یثرب) .
چوارەم : ماڵ لێ زەوت کردن :
یەکێکى دیکە لەشێوازەکانى بێ بڕوایان بۆ ڕێگا گرتن لە کۆچى هاوەڵانى بەڕێز لە مەککەوە بۆ یثرب ، بریتى بوو لە ماڵ لێ زەوت کردن .
بۆ وێنە : ( ابن هشام) دەڵێ: لە (أبی عثمان النهدی) یەوە بۆم گێڕدراوەتەوە ، کە گوتوویەتى لە (صهیب بن سنان) ەوە پێم گەیشتوە کە کاتێک ویستوویەتى هیجرەت بکات بۆ (یثرب) کافرەکانى مەککە پێیان گوتووە تۆ کە هاتیتە نێومان کابرایەکى نەدارو هەژار بووى و هیچت نەبوو ، ئێستاش دەتەوێ خۆت و ماڵ و سامانەکەت دەرباز بکەى ؟ سوێند بە خوا قبوڵ ناکەین بڕۆی ، (صهیب)یش پێی گوتوون: ئایا کە ماڵەکەمتان بدەمێ ڕێم پێ دەدەن بڕۆم ؟ گوتوویانە : بەڵێ ، ئەویش ماڵەکەیان دەداتێ و کۆچ دەکات بۆ (یثرب) .
پێغەمبەر ﷺ لە مەدینەوە دەفەرموێ : { ربح صهیب ، ربح صهیب} ، واتە : صوهەیب قازانجى کرد ، صوهەیب قازانجى کرد .
وە (عکرمة) دەگێڕێتەوە ، کە کاتێک (صهیب) ویستوویەتى کۆچ بکات خەڵکى مەککە دواى کەوتوون و گرفتیان بۆ دروست کردووە ، ئەویش بۆیان دامەزراوەو چل تیرى لە تیردان دەرهێناوەو پێی گوتوون : ئەگەر بتانەوێ زیانم پێ بگەیەنن ناتوانن و هەر بە تیرەى یەکێکتان دەکوژم ، دوایی هەتا دەستم شمشێر بگرێ شەڕتان لەگەڵدا دەکەم ، خۆتان دەزانن من مەردم و لێتان قبوڵ ناکەم ، ڕێم بەر بدەن ، ئەو ماڵەى لە مەککە بەجێم هێشتووە با بۆ ئێوە بێ .
(عکرمة) دەڵێ: ئەم ئایەتە بەم بۆنەیەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ هات { وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْرِي نَفْسَهُ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ وَاللَّهُ رَءُوفٌ بِالْعِبَادِ ﴿٢٠٧﴾ } البقرة ، دوایی کە پێغەمبەر ﷺ بینی پێی فەرموو : { یا أبا یحیى ربح البیع} ، واتە : ئەى ئەبو یەحیا بازرگانییەکە قازانجى کرد ، ئایەتەکەشى بۆ خوێندەوە ، ماناى ئایەتەکەش ئاوایە : لە خەڵکى هەیە ، کە خۆى دەکڕێتەوە لە پێناو ڕەزامەندى خوادا (پارەکەى دەدات و خۆى دەکڕێ) ، بێگومان خوا بەرامبەر بە بەندەکانى زۆر بەبەزەیی و میهرەبانە .
بەو شێوەیە کافرەکان هەرچى هۆکارە بەکاریان هێناوە بۆ ڕێگا گرتن لە کۆچ و کۆچبارى هاوەڵان – خوا لێیان ڕازى بێ- بەڵام ئەوان ئامادە بوون دەستبەردارى هەموو شتێک بن ، لە پێناو بەجێ هێنانى فەرمانى خواو پێغەمبەر ﷺ دا .
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئیمانى هاوەڵانى پێغەمبەر ﷺ چەندە دامەزراوو نەلەخشاو بووەو ، چەندە ژیانى خۆیان بەقوربانى دینى خوا کردووەو ڕەزامەندى پەروەردگاریان مەبەست بووە ، کە ماڵ و سامان و خۆشی ماددیی و مەعنەوییان لەو پێناوەدا وەلاناوەو ، ژیانى دنیا چەندە لاى کافرەکان مەبەست بووە ، ئەوەندەو زیاتر لە پێناو خوادا لاى هاوەڵان کەم نرخ و بێ بایەخ بووە .
لە هەموو کات و شوێنێکیشدا هەر بەو جۆرە نەیارانى ئیسلام بە چەندین شێواز هەڕەشە دەکەن و چاو لە ئیمانداران سوور دەکەنەوە لە پێناو هەڵگەڕانەوەو ساردکردنەوەیان و شێوازى جۆراوجۆر بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێنن ، بەڵام بە ئاواتیان ناگەن ، چونکە موسوڵمانانى ڕاستەقینە ، هەموو شتێک و تەنانەت گیانیشیان دەکەنە قوربانى ئاینەکەیان و مەبەستى هەرە بەرزیان ڕەزامەندیی خوایە .
______________________________
پوختەى ژیاننامەى پێغەمبەرى خوا ﷺ / مامۆستا عەلى باپیر
لاپەڕە / (٣٧٦-٣٨٢)
|